هە‌ڵکۆڵدراوەکان و دیارکردنی تەمەنیان

Sunday, 27/01/2019, 16:19

9153 بینراوە


هەڵکۆڵدراوەکان سەر بە زانستێکن پێی دەگوترێت، زانستی زیندە‌وە‌رە‌ دێرینە‌کان (Paleontology). زانای ناودار بوفۆن، کۆڵەگە بنەڕەتییە‌کانی ئە‌م زانستە‌ی داڕشت کە لە ژیانی دێرینی زیندە‌وە‌ران دە‌کۆڵێتە‌وە‌ لە‌ چەندان لا‌یە‌نی جیاجیای وەک، پێکهاتەیان‌، پە‌رە‌سە‌ندن و پێوە‌ندییان لە‌گە‌ڵ یە‌کدی، هەروەها لەگەڵ ئەو ژینگە‌یە‌ی کە تێدا بوونە. ئە‌م زانستە‌ زیندە‌وە‌رزانی و‌ چە‌ند زانستێکی دیکەی وەک، زە‌ویناسی، زە‌ویکۆڵزانی، شوێنە‌وارناسی و کە‌شناسیی کۆنینە، لێک گرێ دەدات.
زانستی زیندە‌وە‌رە‌ دێرینە‌کان لەڕێی ئەو هەڵکۆڵدراوانەی دەدۆزرێنەوە، پشکنین و کۆکردنە‌وە‌ی زانیاری لەبارەی ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ی لە‌ ڕابردوودا ژیاون بەئەنجام دەگەینێت، ئەمیش بە‌ وردبوونەوەی لە‌ بە‌شە‌کانی لە‌ش و ئەو شوێنە‌وارانەی کە لە پاش مردنیان بەجێ ماونەتەوە. دابەشینی هەڵکۆڵدراوی زیندەوەرەکان لە چینگەلێکانی زەویدا بە جۆرێکی وەهایە کە هەرچەند بەرەو قووڵایی بچین، پێکهاتەکانی (زۆربەی) زیندەوەرەکان بەرەو سادەیی و ئاڵۆزی کەمتر دەچن. هە‌ڵکۆڵدراوە‌کان گەنجینەی گەلێک بەهادارن، چونکە تاکە بەڵگەی بوونی ژیانن لە چاخە سەرەتایەکانی مێژوودا، بایەخێکی زۆریشیان هەیە بۆ سە‌لماندنی ڕاستییەتی پە‌رە‌سە‌ندن.
هە‌ڵکۆڵدراوە‌کان (Fossils): بە‌ پاشماوە‌ی ئە‌و ڕوە‌ک و ئاژەڵانە‌ دە‌گوترێ کە لە‌ناو بە‌رد، کانزاکان، خە‌ڵووزە‌کان، ‌یان خۆڵی چینگە‌لی زە‌وی، هەندێ جاریش پاشماوەی گڕکانەکان و سەهۆڵبەندەکاندا، پاش ڕزین، یان وشکبوونە‌وە‌یان جێگیر دەبن و دەپارێزرێن. ئە‌مانە‌ شێوە و چۆنە‌تی ژینگە و گەلێک لایەنی ژیانی زیندە‌وە‌ران لە‌ چەندان چاخی جیاجیادا نیشان دە‌دە‌ن.
پاشماوە‌ی جۆرێکیش لە‌ یە‌کێکی دیکە‌ جیاوازە‌، بۆ نموونە، کاتێک ماسییە‌کان دە‌مرن، ناکە‌ونە‌ بنە‌بانی ئاو (دەبنە خۆراکی زیندەوەرانی دیکە)، بۆیە‌ بە‌دە‌گمە‌ن بەردەنی ماسی دەبینرێن، تە‌نیا ئە‌وانە‌ نە‌بن کە لە‌ قە‌راغە‌کان بەجێ دە‌مێنن، لە‌ ئە‌نجامی هە‌ڵکشان و داکشانی ئاوی دە‌ریاکاندا. لە‌ مرۆڤ و ئاژەڵاندا زۆر جار تە‌نیا ئێسکە‌کان، ددان و کاسە‌سە‌ریان دە‌مێننە‌وە،‌ لە‌وانە‌شە‌ هەندێ ئاژەڵی دیکە، تە‌واوی لە‌شیان بە‌درێژایی ملیۆنان ساڵ بپارێزرێن، وەک ئەو مامووسەی کە لە‌ ناوچە‌یە‌کی بە‌ستە‌ڵۆک دۆزرایە‌وە‌، بە ‌شێوە‌یە‌ک بوو وەک ئە‌وە‌ی کە پێش ماوەیەکی کەم مرد بێت!
زۆربەی گیا و گە‌ڵای‌ ڕوە‌ک و لەشی ئاژەڵە‌ ئاوییە نەرمەکان (نە‌رمۆڵە‌کان)، تە‌نیا داڕێژراوی شێوە‌یان دەمێنێتەوە، لەوانەشە بە‌ر و تۆوی هەندێک ڕوە‌ک بە ‌شێوە‌ی خۆیان بمێننە‌وە.‌ لە دۆزەوەکانەوە بەدەر دەکەوێت، زۆربە‌ی ڕوە‌کە‌ بەردەنییەکان لە‌ خە‌ڵووزی بە‌ردیندا جێگر دەبن. هەرچەندە ژمارەی ئەو هەڵکۆڵدراوانە زۆرن و لە گشت لایەکانی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام هێشتا بە‌شێکی یە‌کجار کە‌من لە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ی کە لە‌سە‌ر زە‌ویدا ژیاون، چونکە زۆرینە‌ی زیندە‌وە‌ران دە‌مرن و لە‌ناو دە‌چن، ‌بەبێ ئە‌وە‌ی هیچ شوێنە‌وارێکیان لێ بە‌جێ بمێنێت.
زیندە‌وە‌رەکان کاتێک دە‌مرن، دەسبەجێ لە‌شیان بە‌ر هێرشی بە‌کتریاکان دە‌کە‌وێ کە کرداری شیکردنە‌وە‌ی شانە‌ تە‌ڕ و نە‌رمە‌کانی وەک، گە‌ڵا و گۆشتی ئە‌و زیندە‌وە‌رانە ئەنجام دەدەن. نەک هەر ئەمانە بگرە بە‌شە‌ ڕە‌قە‌کانی، وەک تە‌ختە‌ و ئێسکەکان لەبەر بە‌رئاوکە‌وتنی بە‌ردە‌وام تووشی داخوران دەبن، یان بەهۆی ئاوێتە‌ کیمیایییە‌کان دەتوێنەوە و لەناو دەچن، بەڵام کاتێک لە‌ناو نیشتە‌کاندا نوقم دەبن، لە‌وانە‌یە‌ بمێننە‌وە‌ و ببنە‌ هە‌ڵکۆڵدراو.
لە‌م چە‌ند دێڕە‌ی سە‌رە‌وە‌ بەدە‌ر دە‌کە‌وێت کە مە‌رج نییە‌، هە‌موو هە‌ڵکۆڵدراوێک بەردەنی بێت، چونکە شوێنپێیەکانی ئاژەڵە کۆنینەکان و کەلوپەل و ئامرازەکانی ڕاوکردنی مرۆڤە سەرەتایییەکانیش، هەر بە هەڵکۆڵدراو دادەنرێن. بە‌کتریاکان بە‌ کۆنترین ئە‌و هە‌ڵکۆڵدراوانە‌ هەژمار دەکرێن، هە‌تا ئێستە‌ دۆزراونەتەوە. لێرەدا دەڵێین کە دیسانەوە مە‌رج نییە‌، هە‌موو هە‌ڵکۆڵدراوێک هی ڕۆژگارێکی یەکجار کۆن بێت، لەبەرئەوەی مێژووی هەندێ دۆزەوە‌ لە چاخە ڕابردووە نێزیکەکان زێدەتر دوور ناکەونەوە. لە‌ تە‌مە‌ن و ئەو شوێنانەی هە‌ڵکۆڵدراوە‌کانی تێدا دەدۆزرێنەوە، دە‌گە‌ینە‌ ئە‌وەی کە زەوی بە‌ تێپە‌ڕبوونی ئە‌و کاتە‌ درێژە‌ی، چەندان گۆڕنکاری مە‌زنی بە‌خۆوە‌ بینیووە،‌ لەبەرئەوە‌شە‌ دەبینین ڕەنگە‌ شوێنە‌واری دە‌ریایە‌کی کۆن لە‌ ناوچە‌یە‌کی شاخاوی، یان پاشماوە‌ی ‌دارستانێکی چڕ لە‌ بیابانێکدا بدۆزرێنە‌وە.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژەپێکردنە، ئەو بەشانەی لەشی زیندەوەران کە دەدۆزرێنەوە وەک هەڵکۆڵداروێک، بایەخیان بۆ پێدانی زانیارییەکان لە پارچەیەک بۆ یەکێکی دیکە گەلێک جیاوازن، بۆ نموونە، ددانی ئاژەڵەکان گرینگییان گەلێک زۆرترە لە ئێسکەکانی دیکەی لەشیان وەک، دەست، یان پێیەکان. لەبەرئەوەشە زانای مەزنی فەڕەنسایی جۆرج کوفییە دەڵێ: “ددانی ئاژەڵێکم بدێ، ئێسکەپەیکەرێکی تەواوی ئەو ئاژەڵەت بۆ دروست دەکەم!”
کورتەی گرینگی و سوودە‌کانی هە‌ڵکۆڵدراوە‌کان:
- بە‌ڵگە‌ی بنە‌ڕە‌تیین بۆ بوونی کرداری پە‌رە‌سە‌ندن لە‌ زیندە‌وە‌راندا.
‌- پێوانەی تە‌مە‌نی ئە‌و بە‌ردانەی، هە‌ڵکۆڵدراوەکانیان تێدایە.
- ‌وەدەست هێنانی زانیاری لەبارەی ژینگە‌ و ئاوهە‌وای ئە‌و کاتە‌ی زیندە‌وە‌رە‌کە‌ی تێدا ژیاوە‌، هەروەها زانینی چۆنە‌تی و شێوە‌ی ژیانی زیندەوەران لە‌ ڕۆژگارە‌ دێرینە‌کاندا.
- یاریدانی زانا و شارەزایان لە پۆلاندنی ڕوە‌ک و ئاژەڵاندا.
- پێدانی زانیاری گرینگ لەبارەی کۆمە‌ڵە‌ زیندە‌وە‌رێکی بنە‌بڕبوو، ئەوانەی کە هاوشێوە‌یان نابینرێن لە‌ زیندە‌وە‌رانی ئە‌مڕۆکەدا.
- دە‌ستنیشانکردنی ڕووداوە‌ سروشتییە‌کان و ئە‌و گۆڕانکارییانە‌ی بە‌سە‌ر ناوچە‌کاندا هاتوون، بە بە‌راوردکردنیان لە‌گە‌ڵ ناوچە‌کانی دی لە‌ مێژووە‌ جیاجیاکاندا.‌
- یاریدە‌رن بۆ زانینی شێوە‌ی زە‌وی و دانانی نە‌خشە‌ی‌ جوگرافیایی بۆ زەوی، لە چاخە سەرەتاکانی مێژوودا.
- دیارکردنی شوێنی سامانە‌ سروشتییە‌کانی وەک، خە‌ڵووز و نە‌وت و کانزاکان.
پێوانەی مێژووی هە‌ڵکۆڵدراوە‌کان
دیارکردنی مێژوو و سەردەمی ژیانی زیندەوەران، یان ئەوەی بە پێوانەی تەمەنی هەڵکۆڵدراوەکان ناسراوە، بایەخێکی یەکجار مەزنی هەیە بۆ سەلماندنی بوونی پەرەسەندن. ڕەخنەگران، یان زۆربەی ئەوانەی کە بەچاکی لەو جۆرە زانستە ناگەن، باوەڕ بە بوونی ئەو تەمەنە درێژە ناکەن کە بۆ چەند هەڵکۆڵدراوێک دادەنرێت، پێیان وایە ئەو تەمەنانە هەڵەن و لایەنگرانی پەرەسەندن گەلێک زێدەڕۆیی تێدا دەکەن. نەبوونی شێوازێک بۆ پێوانەی تەمەن بەوردی، یەکێک بووە لە گەورەترین ئەو کێشانەی کە دووچاری داروین دەبوو لەو سەردەمەدا بۆ چەسپاندنی تیۆرەکەی.
ئاشکرایە لە‌م نووسینە‌دا زۆر جار لە مێژووی پە‌یدابوون و بنە‌بڕی زیندە‌وە‌ران و چە‌ند بابە‌تگەلێکی دیکە‌، ژمارە‌ی ساڵەکانی وەک، هە‌زار، ملیۆن، بگرە ملیاریشمان بە‌کا‌ر هێنراوە‌. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە، زاناکان چۆن ئە‌و مێژووانە‌ دیار دە‌کە‌ن؟
پێوانە و دە‌ستنیشانکردنی ئە‌و مێژووانە‌ بە چەندان کەرەستە و شێواز دەکرێن، یەکێک لەمانە ئەوەیە، زاناکان بە پشتەوانی چەند تۆژینە‌وە‌یەک دەتوانن بەگوێرەی ڕیزبوونی هەڵکۆڵدراوەکان لە چینگەلێکانی زە‌ویدا، لە لایەک چاخ و سەردەمیان، لە لایەکی دیکەوە نێزیکایەتییان لەگەڵ جۆرەکانی دی دیار بکەن، پاشانیش لەو جێیانە دایان بنێن کە لە مێژووی ژیاندا بۆیان تەرخان کراوە.
بۆ زیاتر ڕوونکردنە‌وە، ئە‌گە‌ر ئێسک و پروسکی شێوەیەکی نێزیک لە دایناسۆرەکان لە‌ چینێکی زە‌وی دۆزرایە‌وە‌، ئە‌وا لە‌وانە‌یە‌ چە‌ند جۆرێکی دیکەی جیاواز لە دایناسۆرەکان لە‌و دە‌وروبە‌رە‌دا هەبێت‌، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئە‌مانە‌ سەربە چاخێکی تایبە‌تین لە مێژوودا، مە‌بە‌ست ئە‌وە‌یە‌ هە‌رگیز دۆزینە‌وە‌ی کاسە‌سە‌ری مرۆڤێک لەو‌ چینەدا چاوە‌ڕوان ناکرێت! ئە‌م شێوە‌ دە‌ستنیشانکردنەی مێژوو تە‌نیا بۆ زانینی کامە‌ جۆر لە‌ جۆرە‌کانی دی کۆنتر، یان نوێترە‌ بەکار دەهێنرێت، چونکە ئەمەیان تە‌مە‌نی هە‌ڵکۆڵدراوە‌کە‌ بە‌ ژمارە‌ی ساڵە‌کان بەدەستەوە نادات. شارەزایان بۆ پێوانە‌ی تە‌مە‌نی هە‌ڵکۆڵدراوە‌کان، پە‌نا دە‌بە‌نە‌ بە‌ر چەند شێوازێک، ناسراوترینیان توخمە‌ تیشکدە‌رەکانن، ئەوانەی لەناو ئە‌و بە‌ردانەن کە هە‌ڵکۆڵدراوەکانیان لەخۆ گرتووە. مەبەست ئەوەیە ئێمە کاتێک تەمەنی بەردەکە دیار دەکەین، ئەو تەمەنە دەبێتە هی ئەو زیندەوەرەش کە لەناو ئەو بەردەدا پارێزاوە. بە هەمان شێوە ئەگەر هەڵکۆڵدراوی نیمچە مرۆڤێک لە چینێکی بەردیندا دۆزرایەوە و لەتەکیدا خشۆکێک هەبێ، ئەوا دەبێت بزانین کە ئەمانە هەردووکیان هەمان تەمەنیان هەیە، واتە هەردووکیان لە یەک سەردەمدا ژیاون.
بۆ پێوانە‌ی تە‌مە‌ن لەڕێی تیشکاوە‌رییە‌وە‌ چەندان شێواز و توخمی جیاجیا هە‌ن، هە‌ریە‌کێکیان لە‌ ئاستی وردی و دەستنیشان کردنی تە‌واوی ساڵەکاندا جیاوازن.
یەکێک لە ناسراوترین ئە‌و توخمانە‌ی بۆ پێوانە‌ی تە‌مە‌نە کورتەکان بە‌کار دەهێنرێت (کاربۆن١٤)یە.
کاربۆن١٤
کاربۆن توخمێکی بنچینەیی و سەرەکییە لەو ژیانەی کە لەسەر زەویدا هەیە، بەو واتایەی کە توخمێکی هاوبەشە لە پێکهاتەی سەرلەبەری زیندەوەران بە ڕوەک و ئاژەڵەکانەوە، لەبەرئەوەشە زۆربەی زاناکانی زیندەوەرزانیی ئەم ژیانە بە ژیانی کاربۆنی ناو دەنێن.
بەرگی کژەکی زەوی ڕێژەیەکی تا ڕادەیەک نەگۆڕ لە هاوتا جیاجیاکانی کاربۆن لەخۆ دەگرێت، لەمانەش سەرەکییەکەیان (کاربۆن١٢)یە کە هاوتایەکی جێگیرە، ئەوەی دیکە ناجێگیرە ناسراوە بە کاربۆن١٤. تیشکە‌ گە‌ردوونییە‌کان بەبەردەوامی خۆیان دە‌کێشن بە‌ بە‌رگی کژە‌کیی زەوی، بە‌مە‌ گە‌ردیلە‌کانی کاربۆن١٤ بەبە‌رهە‌م دێت، بە‌ کارلەیەککردنی لە‌گە‌ڵ ئۆکسیجندا، دووە‌م ئۆکسیدی کاربۆن پەیدا دە‌بێت، ئەمەیان لە بەرگی کژەکی بڵاو دەبێتەوە و لەناو ئاوی زەریاکاندا دەتوێتەوە، ڕوەکەکانیش بۆ ڕۆشنەپێکهاتن بەکاری دەهێنن، پاشان کە مرۆڤ و ئاژەڵانی دیکە ئەو ڕوەکانە دەخۆن، ئەوا کاربۆنی تیشکدەر لە گشت لایەکانی ژینگەدا دابەش دەبێت، ئەمەش پێی دەگوترێ، سووڕی کاربۆن.
ئەوەی لە لای زاناکاندا ناسراوە، ڕێژە‌ی کاربۆن١٢ بۆ کاربۆن١٤ لە‌ هە‌وا و هە‌موو بوونە‌وە‌رێکی زیندوودا هە‌مان ڕێژە‌یە‌. گە‌ردیلە‌کانی کاربۆن١٤ تیشکدە‌رن، بەبە‌ردە‌وامیش ژمارەیان کە‌م دە‌بێتە‌وە‌ لە زیندەوەراندا، بە‌ڵام بەهۆی خواردن و خواردنە‌وە‌ دیسانەوە ڕێژە‌کە‌ی‌ جێگیر دە‌بێتە‌وە.
گەر وامان دانا تیشکە گەردوونییەکان بەدرێژایی سەد هەزار ساڵ بە ڕێژەیەکی نەگۆڕ بەرەو زەوی هاتبن، ئەوا (کاربۆن١٤)ش بە هەمان ڕێژە هاتووەتە بەرهەم (هەر واش بووە)، بۆیە دەبێ بە ڕێژەیەکی نەگۆڕ شی بووبێتەوە، لەبەرئەوەشە دەبینین کە ڕێژەی کاربۆن١٤ بۆ کاربۆن١٢ چەسپاو و نەگۆڕە.
بیرۆکە‌ی پێوانە‌ی تە‌مە‌ن لە توخمی کاربۆندا، لەو کردارەی‌ لە‌دە‌ستدان و وەدەست هێنانەوەی کاربۆن١٤ سە‌رچاوە‌ دە‌گرێت، چونکە‌ لە‌ کاتی مردنی هە‌ر زیندە‌وە‌رێک، ئە‌و ڕێژە‌ نە‌گۆڕە‌ی کە لە نێوان کاربۆن١٢ و کاربۆن١٤دا هەبوو نامێنێت، لەبەرئەوەی چی دیکە جێی کاربۆن١٤ی لە‌دە‌ستدراو پڕ نابێتە‌وە. بەڵام ڕێژەی کاربۆن١٢ وەک خۆی دە‌مێنێتەوە، جا چ لە‌ پێش، یان لە‌ پاش مردندا بێت، بەمەش بە‌ بە‌راوردکردنی ڕێژە‌ی کاربۆن١٢ بۆ کاربۆن١٤، دە‌توانرێت تە‌مە‌نی هەڵکۆڵدراوی زیندە‌وە‌ران پێوانە‌ بکرێت.
ئەوەی پێویستە بگوترێ کە کاربۆن١٤ تە‌نیا بۆ هەڵکۆڵدراوی ئە‌و زیندە‌وە‌رانە‌ دە‌ست دە‌دات، تە‌مە‌نیان نێزیکەی‌ ٦٠ هەزار ساڵێک دە‌بێ (پاش چەند چاکسازییەک ئێستە بووەتە ١٠٠ هەزار ساڵ).
بۆ تەمەنە درێژ و یەکجار درێژەکانیش، چەند توخمێک بەکار دەهێندرێن. لە ڕاستییدا پێوانەی تەمەن لەڕێی تیشکاوەرییەوە بۆ چەندین زانستی جۆراوجۆر بایەخێکی گەلێک مەزنی هەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانین کە ئاماژە بە هەندێکیان بدەین.  

نیوە تەمەنی توخمەکان
لە کیمیازانیدا زانراوە کە ناوکە‌ی توخمە‌ کیمیایییە‌کان چەند گەردیلە و تەنۆلکەیەکیان تێدایە، لەمانە پڕۆتۆن و نیۆتڕۆن، هەروەها ئە‌و توخمانە‌ چە‌ند هاوتایە‌کیان هە‌یە، هاوتاش لەگەڵ توخمەکەیدا لە‌ ژمارە‌ی پڕۆتۆنە‌کانیان یە‌کسانن، لە‌ ژمارە‌ی نیۆتڕۆنە‌کانیشیان جیاوازن‌‌. هە‌ریە‌ک لە‌و هاوتایانە‌ بارستە‌ و جێگیرایە‌تی خۆی هە‌یە، ئەوانەشی کە ناجێگیرن، بەرەبەرە‌ و بە تێپەڕبوونی کاتی دیارکراو تووشی شیبوونە‌وە‌ و هەڵوەشانەوەی تیشکاوە‌ری دە‌بن، تا دەگۆڕێن بۆ توخمێکی دیکە. زاناکان لەم بوارەدا دەتوانن پێوانەی ماوەی نێوان ناجێگیرایەتی و جێگیرایەتی دیار بکەن.
هەندێک لە توخمە تیشکدەرەکان لەڕێی بەرەڵاکردنی تەنۆڵکە وزە بەرزەکان شی دەبنەوە، دەرەنجام ٢ پڕۆتۆن و ٢ نیۆتڕۆن دێنە کایەوە، ئەمەیان پێی دەگوترێت، شیبوونەوەی ئەلفا (Alpha decay). توخمیش هەیە ئەو کاتە شی دەبێتەوە کە نیۆتڕۆن لەناو ناوکەی توخمەکەیدا تێک دەشکێت و دەبێتە پڕۆتۆن و ئەلیکتڕۆن، پاشان پڕۆتۆن لەناو ناوکدا دەمێنێتەوە، ئەلیکتڕۆنیش بە هێزێکی یەکجار زۆر دەچێتە دەرەوە، ئەمەشیان ناو دەنرێت بە شیبوونەوەی بێتا (Beta decay). لە هەردوو شێوازەکەدا بڕێکی دیارکراو لەو توخمانە دەگۆڕێن بۆ توخمێکی (یان زیاتر) دیکەی نوێ کە بە توخمی نەوە (نەوەتوخم) دەناسرێن. دەشێت ئەم نەوانە جارێکی دیکە شی ببنەوە بۆ بەبەرهەم هێنانی نەوەیەکی دی (بەرەی سێیەم و...) لە توخمە تیشکدەرەکان، یاخود بۆ توخمێکی جێگیر کە چی دیکە شی نەبێتەوە.
هەریەک لەو توخمانە ڕێژەیەکی نەگۆری خۆی هەیە بۆ شیبوونەوە، پێی دەگوترێت، تەمەنی نیوە، یان نیوە - تەمەن (Half-life)، ئەویش ئەو کاتە خایەندراوەیە کە پێویستە بۆ شیبوونەوەی نیوەی ژمارەی گەردیلەکانی ئەو توخمە، بە واتایەکی دی نیوەی بڕی توخمە سەرەکییەکە بۆ توخمی نەوە. بە پشت بەستن بە نیوە تەمەن دەکارین ئەو توخمە تیشکدەرانە، وەک کاتژمێرێک بەکار بهێنین بۆ زانینی ماوە و تەمەنی گەلێک شتی جۆراوجۆر.
کاتژمێر یوڕانیۆم – قوڕقوشم: یۆڕانیۆم (235Uranium) بە شێوازی ئەلفا بۆ قوڕقوشم (207 Lead) شی دەبێتەوە، بە ماوەیەک (نیوە تەمەن) کە خۆی لە ٧٠٤ ملیۆن ساڵ دەدات. بەو واتایەی کە بڕێکی دیارکراو لە یۆڕانیۆم بە تێپەڕبوونی ٧٠٤ ملیۆن ساڵ، نیوەی دەبێتە قوڕقوشم، بەمەش ڕێژەی نێوان ئەو دوو توخمە دەبێتە ١:١، پاش ٧٠٤ ملیۆن ساڵی دیکە، نیوەی ئەو نیوە یۆڕانیۆمەی کە ماوەتەوە دیسانەوە دەبێتە قوڕقوشم، بەرەنجام ڕێژەکەیان دەبێتە ٣:١ واتە بەشێک لە یۆڕانیۆم بەرانبەر بە ٣ بەش قوڕقوشم، بەم شێوەیە بە تێپەڕبوونی ماوە لە دوای ماوە بڕی یۆڕانیۆم کەمتر و بڕی قوڕقوشم پتر دەبێت. کەواتە ئێمە کاتێک ڕێژەی یۆڕانیۆم و قوڕقوشمی هەر بەردێک بزانین، دەتوانین تەمەنی ئەو بەردە دیار بکەین. بەڵام گرفتێک دێتە بەردەممان ئەویش، ئایە ئەم بەردە کاتێک چێ بووە، هیچ قوڕقوشمێکی تێدا نەبووە؟ لە ڕاستیدا زۆر بەڵگە هەن پێمان دەڵێن، زۆربەی ئەو بەردانە لە کاتی دروستبوونیاندا ڕێژەیەک لە قوڕقوشمیان هەر تێدا هەبووە. ئەمە ئەوە دەگەینێت کە کاتژمێر یوڕانیۆم - قوڕقوشم لە سفرەوە دەست پێ ناکات، هەر تەمەنێکیش کە ئێمە دیاری دەکەین، گەورەتر دەبێت لە تەمەنی ڕاستەقینەی ئەو بەردە، بەگوێرەی بڕی ئەو قوڕقوشمەی لە سەرەتادا لەناو ئەو بەردە هەبووە. 
لەگەڵ ئەوەی شارەزایان هەوڵی زۆریان داوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەکارهێنانی ئەم توخمە، ناچارمان دەکات ڕێژەیەک بۆ هەڵەکردن هەڵبژێرین جا چ بە زێدەکردن، یان بە کەمکردنەوە بێت، مەبەست ئەوەیە ئەو کاتژمێرە ناتوانێت تەمەنێکی تەواو و پڕاوپڕمان بداتێ، بگرە هەموو کاتێک ڕێژەیەک (لە ئەوەندە ساڵەوە بۆ ئەوندە ساڵ) بۆ هەڵەکردن دەبێ لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە کە زانایان تەمەنی کۆنترین بەردی سەر زەوییان پێوا، بینیان کە ئەو تەمەنە ٣،٦ ملیار ساڵە، ڕێژەی ٠،٥ ملیار ساڵیش کەمتر، یان زیاتریان بۆ هەڵە دانا.
کاتژمێر پۆتاسیۆم – ئارگۆن: ئەمەیان کاتژمێرێکی یەکجار ورد و هەستیارە لەم بوارەدا (بۆیە زۆر جار دەبێتە هۆی بەلاوەنانی کاتژمێری یۆڕانیۆم).
پۆتاسیۆم (Potassium) بە شێوازی بێتا شی دەبێتەوە بۆ گازی ئارگۆن (Argon)، نیوە تەمەنەکەشی ١،٢ ملیار ساڵە. لایەنە چاکەکانی ئەم کاتژمێرە گەلێک زۆرن، یەکەمیان ئەوەیە کە لەمەیان کێشەی بوونی ڕێژەیەک لە توخمی نەوە لەسەرەتای دروستبووندا نییە، ئەویش لەبەرئەوەیە کە هەر نییەتی، چونکە توخمە نەوەکەی لە دۆخی گازییە. ئەو بەردانەشی کە بۆ دیارکردنی تەمەنیان هەڵدەبژێردرێن، کۆمەڵە بەردێکی گڕکانین، لەسەرەتای دروستبوونیان زۆر گەرمن تا ڕادەی شلبوونەوە، بەمە بەتەواوی پاک بوونەتەوە لە پاشماوەی هەموو ئەو ئارگۆنەی کە تێیاندا هەبووە، پێش ئەوەی سارد ببنەوە و ڕەق ببن، بۆیە ئەو زیندەوەرانەی کە دەکەونە ژێر جێماوی ئەو گڕکانانە، ئەوانیش هیچ ئارگۆنێکیان لەناودا نییە. کاتێک بەم شێوازەی پۆتاسیۆم - ئارگۆن تەمەنی ئەو بەردانەی کە پێشتر لێان دواین پێواندرا، بینرا کە تەمەنیان بۆ ٣،٨ ملیار ساڵ دەگەڕێتەوە بەبوونی هەڵەیەکی٢%. واتە ئەم جارە تەمەنێکی پێ درا کە دەکەوێتە نێوان ٣،٧٢٤ و ٣،٨٧٦ ملیار ساڵ، ئەمەش ئەو واتایە بەدەستەوە دەدات کە ڕاستە پێوانەکەی پێشوو (یۆڕانیۆم - قوڕقوشم)، وەک ئەمەیان ورد نەبووە، بەڵام بێگومان هەڵەش نەبووە. 
کاتژمێر ڕوبیدیۆم – سترۆنشیۆم: هاوتای ڕوبیدیۆم (87 Rubidium) بە شێوازی بێتا شی دەبێتەوە بۆ هاوتای سترۆنشیۆم (87 Strontium)، بە نیوە تەمەنێک کە دەکاتە ٤،٨ ملیار ساڵ. تایبەتمەنییەکەی ئەوەیە کە سترۆنشیۆم سێ هاوتای چەسپاوی (تیشکاوەری نین) هەیە، وای لێ دەکەن بۆ پێوانەی تەمەن زۆر گونجاو بێت، بەبێ گوێدان بەو ڕێژە سترۆنشیۆمەی پێشتر لەناو ئەو شتەدا هەبووە کە دەمانەوێت تەمەنی دیار بکەین. چونکە بە تێپەڕبوونی کات ئەو دەمەی ڕێژەی ستڕۆنشیۆم زێدە دەبێ بەرانبەر بە ڕوبیدیۆم، هاوکات ڕێژەی سترۆنشیۆمیش پتر دەبێت بەرانبەر بە هاوتا تیشکنەدەرکانی خۆی، کەچی لەو ئاستەدا ڕێژەی هاوتا تیشکنەدەرەکان لەگەڵ یەکدیدا بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە. ئەو دەمەی تەمەنی بەردەکانی پێشوو بەم شێوازە پێواندرا، دەرکەوت کە تەمەنیان ٣،٧ ملیار ساڵە (نە زیاد و نە کەم).
زرکۆنیۆم (Zirconium): بەلوورەی زرکۆن ئاوێتەیەکە لە هەریەک لە زرکۆنیۆم و سیلیکۆن و ئۆکسیجن بە ڕێژەیەکی تایبەتی ٤:١:١ (ZrSiO4)، پێی دەگوترێت، سیلکاتی زرکۆنیۆم (چوارینە). کاتێک ئەو ئاوێتەیە چێ دەبێت، دەتوانێت بڕێکی دیارکراو لە یۆڕانیۆم گل بداتەوە، بەڵام هەرگیز ڕێ بەهاتنی گەردیلەکانی قوڕقوشم نادات، چونکە ئەمانە لەگەڵ پێکهاتە بەلوورییەکەی زرکۆندا ناگونجێن. بەو پێیە ئەو بەلوورەی زرکۆنەی کە یۆڕانیۆم لەخۆ دەگرێت، دەبێتە کاتژمێرێکی یەکجار نایاب و بەسوود، بەوەی کە کاتەکەی لە سفرەوە دەست پێ دەکات (چونکە لە سەرەتای دروستبوونیەوە هیچ قوڕقوشمێکی تێدا نییە)، کەواتە ئەو دەمەی ڕێژەی قوڕقوشم بە تێپەڕبوونی کات بەهۆی تیشکاوەرییەوە پتر دەبێ، بەرانبەر بە یۆڕانیۆم لەناو ئەو پێکهاتەیەدا کە گەلێک بەتوندی داخراوە، ئەوا دەتوانرێ پێوانەی تەمەنی پێ ئەنجام بدرێت، بە شێوەیەکی ورد کە ئاستی هەڵەی لە ١% تێنەپەڕێت. لە ڕاستیدا ئەم وردییە لە پێوانەدا هەرگیز بە تاکە تایبەتمەندی زرکۆنیۆم ناژمێردرێت، چونکە جگە لەمە ئەم بەلوورەیە سوودێکی گرینگی هەیە، ئەویش کە ڕێژەی هەریەک لە هاوتاکانی زرکۆنیۆم بە گۆڕانی جۆر و شوێنی ئەو پێکهاتە و ئاوێتەیەی کە تێیدایە دەگۆڕێت، بەتایبەتیش پلەی گەرمی. بەبێ درێژەدان و وردەکاریی کردارە تەکنیکییەکان دەڵێین، دەکارین بەم شێوازەی پێوانەی ڕێژەی هاوتاکانی ئۆکسیجن لە بەلوورەی زرکۆنیۆم شوێن و چۆنەتی ئەو ناوەندە دەستنیشان بکرێ کە تێیدا پەیدا بوونە، پاش پەیدابوونیشیان چیان بەسەر هاتووە بە گۆڕانی ژینگەکان، ئایا لەناو ئاو، یان لەسەر زەوی، یاخۆ لە ناخی زەویدا بوونە؟ سەربارەی ئەمەش زانینی پلەی گەرمیی ئەو شوێنە لەو سەردەمەدا هەبووە دیار بکرێت.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژەپێکردنە، لەم بابەتەدا تەنیا لە چەند کاتژمێرێک دواین، بەڵام دەبێ بزانین کە کاتژمێرە تیشکاوەرییەکان گەلێک زۆرن و چەندان توخمیش هەن، بە زنجیرەیەک لە شیبوونەوە لە توخمێک بۆ یەکێکی دیکە تێ دەپەڕن بۆ پێوانەکردن لە کاتژمێرێک پتر بەدەستەوە دەدەن، بۆیە بۆ دڵنیابوون چاکترە کە لە یەک توخم زیاتر بەکار بهێنین بۆ پێوانی تەمەن. دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە ئەو کاتژمێرانە هەریەکەیان نیوە تەمەنی دیارکراو و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە بگونجێت لەگەڵ ئەو شتانەی، گەرەکمانە تەمەنیان بپێوین. بۆ نموونە، ڕوبیدیۆم نیوە تەمەنێکی لە ئەندازەبەدەر درێژی هەیە (٤،٨ ملیار ساڵ)، ئەمەش وای لێ دەکات زۆر لەبار بێت بۆ پێوانەی چینگەلە هەرە کۆنەکانی زەوی و ئەو بەردانەی کە لەسەرەتای چێبوونی زەویدا پێک هاتوون. دواجار دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەو نموونانەی بەرئەزموونن، زیاتر لە یەک شێواز و یەک ئەزموونگەدا تەمەنیان پێوانە دەکرێن، پاشانیش دەشێت ئەو کردارانە چەندجارە بکرێنەوە و لەگەڵ یەکدیدا بەراوردیان پێ بکرێت، بۆ ئەوەی دەرەنجامەکان وردتر و پتر جێی متمانە بن.
---------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە