بنەچەی ژیان

Wednesday, 30/01/2019, 2:35

11419 بینراوە


بنەچەی ژیان (origin of life)، یاخۆ لێکۆڵینەوە لە پەیدابوونی بوونەوەری زیندوو، پێوەندی بە پەرەسەندنەوە هەیە، بۆیە لێرەدا گەرەکمانە بەکورتی لێی بدوێین.
پەرەسەندن ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە یەکەم خانەی زیندوو سەری هەڵدا و زیندەوەری لێ پەیدا بوو، چونکە تیۆری پەرەسەندن لە بنەڕەتەوە بەوە دەناسرێت کە تۆژینە‌وە‌یەکە لە بارەی بنە‌چە‌ی جۆرە‌کانی زیندەوەران و پە‌رە‌سە‌ندنیان، هەروەها لە هۆکارەکان و میکانیزمەکانی ئە‌و پە‌رە‌سە‌ندنانە. بەڵام ئە‌وەی لە‌ بنە‌چە‌ی ژیان دە‌کۆڵێتە‌وە‌ تیۆرێکی دیکەیە پێی دە‌گوترێ، تیۆر‌ی پە‌یدابوونی ژیان.
پێویستە بەبەردەوامی جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە تیۆر‌ی پە‌یدابوونی ژیان و تیۆر‌ی پە‌رە‌سە‌ندن، هەرچەندە پێوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەڵام دوو بابە‌تی جیاوازن و نابێت بنەماکانیان تێکەڵ بەیەکدی بکرێن. مەبەست ئەوەیە کە ژیان چۆن و لە چییەوە هاتبێت، ڕاستەوخۆ گومان ناخاتە سەر ڕاستییەتی بوونی پەرەسەندنی زیندەوەران.
داروین خۆی لە‌ بابە‌تی پە‌یدابوونی ژیان نەداوە،‌ هۆیە‌کە‌شی بۆ ئەوە دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ کە لەو سەردەمەدا کە‌رەستە‌ سە‌رە‌کییەکانی تۆژینەوە زانستییەکان نەبوون وەک، هووردبینی بەهێز و ئە‌زموونگە‌ی پێشکە‌وتوو، بۆ لێکۆڵینە‌وە‌ لە زیندەتوخمەکان، وردە‌زیندە‌وە‌ری یە‌کخانە‌یی، پێکهاتە‌ ناوەکییەکان و چە‌ندان بابە‌تگەلی دیکە.
زانستی هاوچەرخ ئەوە دووپات دەکاتەوە کە سەرلەبەری گەردوون هەر لە سەرەتای بوونییەوە هەتا ئەمڕۆ لە گۆڕاندا (پەرەسەندن) بەردەوامە. پەیدابوونی گەردوون، بەگوێرەی تیۆری تەقینەوەی مەزن (Big Bang)، لە لای زۆربەی زاناکانی گەردوونناسی و فیزیازانی پەسند کراوە. لەسەر بنچینەی دواترین ئەو زانیارییانەی کە لەڕێی دووربینە ئاسمانییە مەزنەکانەوە پێمان گەیشتووە، تەمەنی گەردوون دەگەڕێتەوە بۆ نێزیکەی ١٣،٨٢٠ ملیار ساڵ پێش ئێستە. ئەو کاتە گەردوون تەنۆلکەیەکی ناوازەی یەکجار بچووک بوو، پاش کشان و فرەوانبوونی، گەردیلە سووکەکانی هایدرۆجن، دوای ئەو هیلیۆم و لیسیۆم، پاش ئاڵۆزبوونی زیاتر گەردیلەکانی وەک، کاربۆن و ئۆکسیجن و کانزاکانی دی بەدەر کەوتن. لەدوای ئەمانە بە پێکهاتەی ماددەکان، ئاوێتەکان سەریان هەڵدا، بە چڕبوونەوەیان ئاوێتە ئاڵۆزە کاربۆنییەکان پەیدا بوون و بوونە ڕێخۆشکەرێک بۆ هەنگاوێکی زۆر مەزن، ئەویش هاتنەکایەی یەکەمین خانەی زیندوو بوو (پێش ٣،٨ تا ٤ ملیار ساڵ). گەرەکە بزانین کە ئەمە لە ئاکامی شتگەلێک لەڕووی چۆنەتییەوە بووە، نەک چەندەتی، واتە لە ماددەوە بۆ ژیان، چونکە ئەمەیان ڕووداوێکی ڕاستەوخۆ نەبووە، بگرە کۆئەنجامی چەندان کرداری یەک لەدوای یەک و دوورودرێژ بووە.
سەرەتا ژیان لە شێوەی زیندەوەرێکی یەکخانەیی ئەوپەڕی سادە هاتووەتە کایەوە، پاشان زۆر بووە، لە دوای ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژ وەک ئەوانەی لێهاتووە کە ئێستە بە بەکتریاکان دەناسرێن. وێڕای ئەوەی ئەو بوونەوەرە زیندووانە بە قەبارە بچووک بوون کە بەچاو نەبینرێن، بەڵام لە پێکهاتەدا بەچاکی هەموو بەشەکانی وەک، چەوری، شەکر، پرۆتینەکان و تایبەتمەندییەکانی دیکەیان تێدا هەبووە کە پێکەوە بتوانن یەکەیەکی سازاو دابڕێژن. ئەم زیندەوەرانە بەدرێژایی چەند ملیار ساڵێک بە یەکخانەیی مانەوە، دەکرا ئەمانە هەر بەو شێوەیە بمێننەوە، ئەگەر زەوی دووچاری گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کەشوهەوا و زۆری دی سروشتی نەبوایە کە بوونە هۆی پەرەسەندن و گۆڕینی ڕێچکەی ژیانی بوونەوەرە زیندووەکان.
پێش نێزیکەی ١ ملیار ساڵ، لەدوای چەندان ڕووداوی سروشتی مەزن، ڕوە‌کە‌ ئاوییە‌ فرە‌خانە‌کانی وەک قە‌وزە‌کان بەدەر کەوتن. بەر لە نێزیکەی ٨٠٠ ملیۆن ساڵیش، زەوی تووشی چاخێکی سەهۆڵینی سەخت بوو کە ٢٠٠ ملیۆن ساڵی خایاند، گشت ناوچەکانیشی گرتەوە. پاشان گورجبوونی گڕکانەکان بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و بڵاوبوونەوە و زێدەبوونی ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا، بەمەش ئەم چاخە کۆتایی پێ هات. بەنەمانی ئەو بەربەستەی سەهۆڵ و بوونی بە ئاو، تەشەنەکردنی زیندەوەرانی ئەو دەمە گوڕوتینی تێ کەوت، بە ئاڵۆزانی پتری زیندەوەرە یەکخانەیییەکان، زیندەوەرە فرەخانەکان سەریان هەڵدا.
لێرەدا نابێ بۆچوونی ئەوانە فەرامۆش بکەین کە دەڵێن، سەرهەڵدانی ژیان شتێکی گەلێک دەگمەن و ناوازەیە، ئەگەری ڕوودانیشی پێویستی بە ساڵانێکی یەکجار زۆرە، بۆیە ئەمە هەرگیز لەخۆوە نەبووە و نابێت. زاناکان لە وەڵامی ئەوەدا دەبێژن، لەبەرئەوەی کاتی نێوان دروستبوونی زەوی و سەرهەڵدانی ژیان لە ٥٠٠ ملیۆن ساڵیش زیاترە، لەو ماوەیەشدا زەوی گەلێک گۆڕانی مەزنی بەخۆوە بینیووە، ئەمەش بێگومان کاتێکی هێندە درێژە کە ڕوودانی دیاردەیەکی ناوازەی تێدا، نابێت بەدوور بزانرێت. 
زاناکان وای بۆ دەچن کە گۆڕانکارییەکی ناوەکی ڕووی دابێت، لە یەکێک لەو زیندەوەرە یەکخانەیییانە کە پاش ئەوەی دەستی بە دابەشبوون کردووە و بووەتە دوو خانە، نەیتوانی بێت جیا ببێتەوە لە خانەکەی دیکە، ئەمەش وای کرد بێت زیندەوەری دووخانەیی، پاشانیش فرەخانەیی بێتە بەرهەم. بەدوای ئەمانەوە دەشێ بەیەکەوەبوون و پێکەوەنانی فرەخانەکان، بووبێتە هۆی پەیدابوونی شانە ئاڵۆزەکانی لەشی زیندەوەران و هاتنەکایەی کۆئەندامەکانی وەک، هەرسکردن، هەناسەدان، زاوزێکردن و چەندانێکی دیکە. ئیدی بەرەبەرە و یەک لەدوای یەک، ئەندامی وا چێ بووبێ کە بتوانێ ئەو کۆئەندامانە بەیەکەوە، پاشانیش هەموویان بەدەرەوە گرێ بدات. لە ئاکامی هەوڵدان بۆ پێوەندی و ئاڵوگۆڕکردنەکان بە جیهانی دەرەوەدا، کۆئەندامی هەستەکی سەری هەڵدا، دوای کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەرەو ئاڵۆزی و چڕبوونەوەی زێتر مێشک پەیدا بوو، بە گەشەکردن و پەرەسەندنی مێشکیش، سەربەخۆیی و زیرەکی بۆ ئەنجامدانی هەڵسوکەوت و چالاکییە جۆراوجۆرەکان پتر بوون.
ئەوەی جێی سەرنجە، پەرەسەندنی زیندەوەرە فرەخانە سادەکان گەلێک خێرا بوو، بەوەی کە تەنیا بە چەند ملیۆن ساڵێکی کەم، وشکانی و دەریاکان پڕ بوون لە چەندان جۆرە زیندەوەر لە شێوە و قەبارەی جیاواز. کەچی زیندەوەرە یەکخانەیییەکان، ئەوانەی بە چەندان ملیار ساڵ زەوییان داگیر کردبوو، هیچ پەرەسەندنێکی وایان بەخۆوە نەدی کە دیار بێت. بە ڕای شارەزایان لەم بوارەدا، زۆربوون لەڕێی دابەشبوونەوە، یەکێکە لە گرینگترین ئەو هۆکارانەی کە بەربەست دەخەنە بەردەم پەرەسەندنی زیندەوەرە یەکخانەیییەکان، لەبەرئەوەی هەریەکێک لەمانە دەبێتە دوو، ئەم دووانەش دەبن بە چوار و...هتد. بەمەش زیندەوەرە نوێیەکە گۆڕانی بەسەردا نایێت، بگرە بەتەواوی هەڵگری هەر هەمان تایبەتمەندییە بۆماوەیییەکانی زیندەوەرەکەی پێشوو دەبێت. کەچی زۆربوون لەڕێی زاوزێکردنەوە، وەک ئەوەی لە زیندەوەرە فرەخانەیییەکاندا ڕوو دەدات، زیندەوەرێکی نوێ دێتە بەرهەم کە خاوەنی چەندان تایبەتمەندی تێکەڵاوە بێت، لە هەریەکێک لە دوو زیندەوەرەکەی پێش خۆی. ئەو بوونەوەرەی لە زاوزێکردن دێتە بەرهەم، هیچ کاتێک وەک ئەوەی پێشوو نابێت، هەمیشە جیاوازی لەگەڵدا دەبێ، گەر زۆر کەمیش بێت، هەر ئەم جیاوازییانەشە دەبێتە هۆی هاتنەکایەی هەمەجۆری و پەیدابوونی جۆری نوێی زیندەوەران. کاتێک زەوی دووچاری گۆڕانکارییە سروشتییەکان دەبێتەوە، چەندە ژمارەی ئەو جۆرە جیاجیایانە پتر بێت، هێندە دەرفەتی مانەوەی زیندەوەران زۆرتر دەبێت.
لە ماوەی ئەو ٥٠٠ ملیۆن ساڵەی دوایییەدا، هەندێ جۆر توانیان تا ماوەیەکی دوورودرێژ دەست بەسەر زەویدا بگرن. دیناسۆرەکان زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن ساڵ زەوییان داگیر کردبوو، نەیان دەهێشت جۆرەکانی دی وشکانی، لەو ئاستەی ئەواندا پەرە بسێنن. بەڵام کاتێک بەهۆی کارەساتێکی سروشتی ئەمانە لەناو چوون، هەندێک جۆری دیکە ڕزگاریان بوو، لە ڕیزی ئەمانەشدا شیردەرە بچووکەکان بوون کە توانیان خۆیان لە کون و کەلەبەرەکانی ناو زەویدا بشێرنەوە. پاشان بە پەرەسەندنە چەندجارە و ئاڵۆزەکانی ئەمانە، شیردەرە مەزنەکان و ئاژەڵە سەرەکییەکان سەریان هەڵدا، لەدوای ئەمانەوەش مرۆڤ پەیدا بوو کە هۆشمەندترین بوونەوەری سەر ڕووی زەوییە، ئاشکراشە کە ئەم تایبەتمەندییە وای لێ دەکات لەگەڵ زۆربەی گۆڕانکارییەکان خۆی بگونجێنێت.
کرداری پەرەسەندن لە خانە سەرەتایییەکانەوە بەرەو ئەو هەمەجۆرییە بێسنوور و بەربڵاوە، هەنگاوێکی لەئاسابەدەری مەزنی وایە کە جێی نەبێتەوە بەئاسانی لە هزر و بیرماندا. داروین دەیزانی کە ئەمەیان ڕووداوێکی کتوپڕ نەبووە، بگرە بەرەبەرە و بە چەندان هەنگاوی یەک لەدوای یەکی وا بووە کە سەدان ملیۆن ساڵی گەرەک بێت، نەک ئەو تەمەنە کورتانەی کە لەو سەردەمانەدا بۆ زەوی دیار دەکران.
زانای بەناوبانگ ولیام تۆمسن، ناسراو بە لۆرد کالڤن (١٨٢٤ - ١٩٠٧) کە فیزیازانێکی ناسراوی سەدەی نۆزدەیەم بووە، یەکێک لە گرینگترین کردەوەکانی پێڕەوکردنی شیکارە ماتماتیکییەکان بووە بۆ بابەتەکانی دینامیکی گەرمیی (Thermodynamica). ئەم زانایە بە شیکارەکانی گەیشتە ئەو ڕایەی کە تەمەنی زەوی خۆی لە ٢٠ تا ٤٠٠ ملیۆن ساڵ دەدات، کەواتە ئەگەر نێوەندی ئەو دوو ژمارەیە وەربگرین، دەکاتە نێزیکەی ١٠٠ ملیۆن ساڵ. ئەمەش لەبەرئەوەیە کە کاتێک زەوی چێ بووە، پێک هاتووە لە گۆیەکی بەردینی تواوەی یەکجار گەرم، بۆ ئەوەی زەوی سارد ببێتەوە و بگاتە ئەو پلەگەرمییەی کە ئێستە هەیەتی، بە شیکاری ماتماتیکی پێویستی بەوەندە ساڵە هەیە کە دەستنیشان کرا. لەسەر بنچینەی گوتەکانی کالڤن لەو سەردەمەدا دەیان گوت، دەشێ تەمەنی زەوی بۆ سەرهەڵدانی بازدانە گەورەکان، یان پەرەسەندنە کتوپڕەکان دەست بدات، بەڵام ١٠٠ ملیۆن ساڵ زۆر کەمە بۆ ئەو پەرەسەندنە بەرەبەریییەی کە داروین دەیڵێت.
ئەمە گرفتێکی زۆر مەزن بوو بۆ داروین، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا وەک بلیمەتێک دەی گوت، هەرچەندە من فیزیازان نیم، بەڵام پێم وایە کاڵڤن هەڵەی کردووە، لەبەرئەوەی تەمەنی زەوی گەلێک لەوە زیاترە. لە ڕاستیدا دەرکەوت کە گومانەکەی داروین لەجێی خۆی بوو. چونکە بەگوێرەی زانستی هاوچەرخ بۆ دیارکردنی تەمەنی زەوی، بەتایبەتیش لەڕێی توخمە تیشکدارەکانەوە،  شارەزایان و زاناکانی ئەم بوارە، گەیشتنە ئەوەی کە تەمەنی زەوی لە ٤ ملیار ساڵیش پترە.

تیۆری پەیدابوونی ژیان
پێش ئە‌وە‌ی لە‌م بابە‌تە‌ بدوێین، پێویستە‌ بزانین مە‌بە‌ست لە‌ ژیان چییە‌ و جیاوازی لە نێوان بوونە‌وە‌ری زیندوو و نازیندوو چییە‌؟ لە‌ زیندە‌وە‌رزانیدا زیندە‌وە‌ر، ئەو بوونە‌وە‌رە‌یە کە پێکهاتە‌یە‌کی ناوە‌کی لە‌خۆ دەگرێ، جیاواز بێت لە‌گە‌ڵ ژینگە‌کەی دە‌رە‌وە‌یدا، هەروەها توانی ئە‌نجامدانی کردارگەلێکی زیندەکی وەک زۆربوون، گواستنە‌وە‌ی ئاکار و نیشانە‌ بۆماوەیییەکانی بۆ وەچەکانی هەبێت.
تیۆر‌ی پە‌یدابوونی ژیان (Abiogenesis)، یان هاتنە‌کایە‌ی پێکهاتە‌ی‌ زیندوو، تۆژینە‌وە‌یە‌کە‌ بۆ تێگە‌یشتن لە‌و کردارە‌ سروشتییانە‌ی بوو‌نە هۆی سەرهەڵدانی یە‌کە‌مین جۆری بوونە‌وە‌ری زیندوو لە‌ کە‌رەستە‌ نازیندووە‌کان.
بیرۆکە‌ی پە‌یدابوونی ژیان بۆ ڕابردووێکی دوور دە‌گە‌ڕێتە‌وە،‌ هە‌ر لە‌و ساتە‌وە‌ هەتا ئێستە‌ زۆر بیروبڕوا هە‌ن، ئە‌م پە‌یدابوونە‌ بە‌ کارێکی سروشتبە‌دە‌ر و دە‌ستکردی خواوە‌ندێکی هەمووتوان دادە‌نێن. بەڵام ئەوەی دەبێت جەختی لەسەر بکەین کە سەلماندنی ڕاستی، یان چەوتی ئەو باوەڕانە لەم ڕوانگەیەوە کاری زانست نین، لەبەرئەوەی زانست بەتایبەتیش زانستی هاوچە‌رخ، لەو بوارانەی کە پێوەندیان بەخۆیەوە هەیە، هەوڵ دەدات بە‌و کە‌رەستە‌ و ئامرازانە‌ی کە لە‌بە‌ردە‌ستیدا هەن، بۆ ڕاڤەی هەر دیاردەیەک تیۆرێکی گونجاو دابڕێژێت، چونکە‌ زانست هەمیشە لە‌و بابە‌تانە‌ دە‌کۆڵێتە‌وە کە لە‌ سروشتدا هە‌ن، واتە تەنیا ئە‌وانە‌ی بەرئەزموون و  بەرهەست و بەربینن.
زۆرینە‌ی زاناکان لە‌و باوە‌ڕە‌ن کە پاش گەلێک گۆڕانکاری مەزن لە کەشوهەوا، بوونی گڕکانەکان، بەرەڵابوونی چەندان گاز و پێکهاتنی ئاوێتە کیمیایییەکان، ژیان لە‌ پێکە‌وە‌بوون و ڕیزبوونی کە‌رەستە‌ نازیندووە‌کان پە‌یدا بووە.‌ پاشان جێگیربوون و مانە‌وە‌ی ئە‌و پێکە‌وە‌بوونە‌ی گە‌ردیلە‌ کیمیاییە زیندە‌کییەکان و کاریگە‌ری چەندان هۆکاری سروشتی دیکە، بووبێتە‌ هۆی داڕشتن و ڕۆنانی جۆرە‌ ئاوێتە‌یە‌کی کاربۆنی ئاڵۆزی وا کە بشێ خانە‌ی زیندووی لێ بێتە کایەوە.
خاڵێکی گرینگ هەیە دەبێت دووپاتی بکەینەوە، ئەویش کە هەموو ئەوانەی لە پەیدابوونی یەکەمین خانە دەدوێن، هەڵەیەکی گەورە دەکەن، کاتێک دێن یەکەمین خانەی زیندوو بەراورد دەکەن لەگەڵ ئەو خانانەی ئەمڕۆکە هەن. ئەم کارە ناشارەزایی ئەوانە بەدەر دەخات، بەرانبەر بەو تۆژینەوانەی کە لەسەر پەیدابوونی ژیان دەکرێن، چونکە زاناکان لێکۆڵینەوە تەنیا لەسەر ئەو نموونانە دەکەن کە یەکجار سادە و ساکارن و توانی پەرەسەندنیان هەیە. کەواتە ئەوەی پێی وایە، یەکەمین خانە یەکسەر لە ماددە کیمیاییەکانەوە بازی داوە بۆ خانەیەک وەک ئەو خانانەی کە ئێستە هەن، بێگومان زێدەڕۆیی دەکات و بۆچوونەکەی دوورە لە زانست.
تۆژینە‌وە‌ لە‌ تە‌واوی ئە‌و ڕووداوانە‌ی ڕێخۆشکە‌ر بوون بۆ سە‌رهە‌ڵدانی ژیان، کارێکی زۆر سە‌ختە،‌ چونکە‌ ئە‌مە‌ لە‌ ڕۆژگارێکی لە ئەندازەبەدەر کۆنینەی چە‌ند ملیار ساڵییە، بە‌ڵگە‌کان لەم بوارەدا بەردەنی و دۆزراوەکانن، بێگومان ئەمانەش هە‌موو ئە‌و زانیارییانە‌ بەدەستەوە نادەن کە زاناکان پێویستییانە.‌
ژمارەیەکی زۆر لە بیروڕا هەن لەسەر شوێن و چۆنەتی پەیدابوونی ژیان. چەندانێک پێان وایە کە یەکە بنچینەیییەکانی پێکهێنەی ژیان، لەڕێی خۆپێدادانی تەنە ئاسمانییەکانی وەک، ئەستێرە کشاوەکان، یاخۆ کلکدارەکانەوە هاتبن، چونکە گەلێک تۆژینەوەی زانستی ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە ئەم تەنە ئاسمانییانە هەڵگری چەندان جۆرە زیندەتوخمی کیمیایین. هەروەها هەندێ سە‌رە‌تای ژیان بە‌و ناوەندە‌ قوڕاوییانە‌ی دەبەستنەوە کە بە‌بوونی بارگە‌داری کارە‌بایی توانیویانە گە‌ردیلە‌ زیندە‌کییەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن. هی واش هەیە بۆ‌ لێواری دە‌ریاکانی دەبات، بەشێکیش‌ بەتایبەتی زاناکانی هاوچەرخ، ئەو سەرەتایە دەگەڕێننەوە بۆ بنە‌بانی دە‌ریاکانی پڕ لە ئاوێتە کیمیایییەکان، ئەوانەی کە لەژێر پەستانی توند و دوور لە تیشکە زیاندەرەکانی خۆرن. وێڕای ئەمانە تۆژینە‌وە‌ی‌ زانستی بە‌ردە‌وامە‌ لە کۆکردنە‌وە‌ی زانیاری پتر، لەبارەی سەرەتاکانی ژیان.
لە‌ ساڵی ١٩٥٣ دوو زانا، هاڕۆڵد یوری (١٨٩٣ - ١٩٨١) و ستانلی میلە‌ر (١٩٣٠ - ٢٠٠٧)، ئە‌زموونێکی‌ گرینگیان ئەنجام دا کە بە‌ (ئە‌زموونی میلە‌ر - یوری) بەناوبانگە. ئە‌مانە‌ لە‌ ئە‌زموونگەکەیاندا‌ ناوەندێکی تا ڕادەیەک هاوشێوە‌ لە‌گە‌ڵ‌ ژینگە‌ی ئە‌و ساتە‌ی زە‌وی (پێش ٣،٨ ملیار ساڵ) دروست کرد. ئە‌و ناوەندە‌ لەگەڵ بوونی چەند پێکهاتەیەک، کەچی ئۆکسیجنی لێ نە‌بوو، بگرە ڕێژە‌یە‌کی زۆر لە‌ هایدرۆجنی تێدا بوو، پلە‌ی گە‌رمیشی دە‌گە‌یشتە‌ ئاستی کوڵان، هەروەها بارگە‌ی کارە‌بایی تێدا هەبوو، وەک ئە‌وە‌ی لە‌ گرمە‌ی هەور و بروسکە‌دا هە‌یە.‌
وێڕای ئە‌وە‌ی وەک گوتمان کە هە‌تا ئە‌مڕۆ بە‌تە‌واوی نازانرێت، ژینگە‌ی ئە‌و کاتە‌ چۆن بووە‌ و هە‌لومە‌رجە‌کانی پە‌یدابوونی ژیان چی بوون، کەچی بەرەنجامە‌کانی ئە‌و ئە‌زموونە‌ گەلێک بایە‌خدار و سە‌رنجڕاکێش بوون. بە‌ تێپە‌ڕبوونی یە‌ک هە‌فتە‌ گازی میتان و پێکهاتە‌ کاربۆنییە‌ سادە‌کان، بوونە‌ چە‌ند پێکهاتە‌یە‌کی گە‌ورە‌تری وەک، فۆرماڵدیهاید، هایدرۆجن سیانید، پاشان بۆ پێکهاتە‌ی ئاڵۆز‌تری وەک، ترشی فۆڕمیک و یوریا، لە‌دواییشدا‌ بوونە ترشە‌ ئە‌مینییە‌کانی وەک، گلایسین و ئالانین. زانراوەیشە کە ئەو‌ ترشە‌ ئە‌مینییانە، یە‌کە‌ بنەڕەتییە‌کانی ڕۆنانی پڕۆتین و خانە‌کانن.
ئێستە‌ با‌ بێینە‌ سە‌ر ئە‌و پێکهاتە‌ گرینگەی ناو دەنرێت بە‌ فۆسفۆلیپید (Phospholipid)، ئەوی بریتییە‌ لە سە‌رکۆکە‌یە‌ک کە یارە بە ‌ئاو (هایدرۆفیلیک)، هەروەها کلکۆکە‌یە‌کی دوو لکی لە‌ چە‌وری کە نەیارە بە‌ ئاو (هایدرۆفۆبیک). ئە‌گە‌ر بڕێکی زۆر لە‌ فۆسفۆلیپید بخە‌ینە‌ ناو ئاو، لە‌بە‌ر بوونی تایبە‌تمە‌ندییە‌ کیمیایییە‌ چەورەکەی هە‌ر لە‌خۆوە‌ شێوە‌یە‌کی خڕ (گۆیین) وە‌ردە‌گرێ، ئەمانەش هەر دانەیەکیان ئە‌گە‌ر لە قە‌بارە‌ گە‌ورە‌ بێت، ئەوا دەبێتە دووان. پاشان بە چەندان هەنگاوی دورودرێژ و کاریگەریی کۆمەڵێک هۆکاری سروشتی، دەبن بەو پێکهاتانەی کە بنچینەن بۆ سەرهەڵدانی سەرەتای خانەیەکی زیندوو. مەبەست لە بایەخدانمان بەو پێکهاتەیە لەبەرئەوەیە کە ئە‌مڕۆ پە‌ردە‌ی خانە‌ی گشت زیندە‌وە‌رێک، لە‌ دوو چین فۆسفۆلیپید (فۆسفۆلیپید بایلێیە‌ر) پێک دێت. گە‌ر بێو ئە‌م فۆسفۆلیپید بایلێیە‌رانە‌ ئاوێتەیەکی وەک (ڕنا)‌ لە‌خۆ بگرن، ئە‌و کاتە‌ پێکهاتە‌یە‌کی لە شێوەی خانە‌ سە‌رە‌تایییە‌کانیان لێ پەیدا دەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەکارین ئەمەیان بە زیندەوەرێکی تەواو دابنێین، چونکە هێشتا پێویستی بە‌بوونی پڕۆتین و ئە‌نزیمی ئاڵۆزە، بۆ ئە‌نجامدانی کردارەکانی زۆربوون و گە‌شە‌کردن.
زاناکانی ئەم بوارە لە تۆژینە‌وە و لێکۆڵینەوەی بەردەوامن،‌ بۆ زانینی تە‌واوی پێکهاتە‌ و کردار و کارلە‌یە‌ککردنە‌ کیمیایییە‌ جینەکییەکان. هەندێکیان وای بۆ دە‌چن کە (ڕنا) بەشداری لە پێکەوەنانی یەکەی بۆماوەیی دەکات، دەشتوانێ وەک ئەنزیمێک کار بکات، بەمەش کاریگەرییەکی گرینگی دەبێت بۆ کردارە جینەکییەکان و زۆربوون. کەچی هەندێ دەبێژن، لەبەرئەوەی پێکە‌وە‌نانی پڕۆتین بە شێوەیەکی سروشتی،‌ گەلێک لە پێکەوەنانی (ڕنا) ئاسانترە، بۆیە کاریگەری پڕۆتین لە هی (ڕنا) لەم لایەنەوە زیاتر دەبینن. لە‌دوای ئە‌م ئە‌زموونە‌ چەندان تۆژینە‌وەی‌ دیکە‌ ئە‌نجام دراون، بۆ نموونە، زاناکان توانیان لە هەلومەرجێکی گونجاودا، ‌تە‌نیا لەڕێی هۆکار و کارلەیەکە کیمیاییە‌ سروشتییە‌کان، پتر لە‌ ٣٠ جۆرە‌ پێکهاتە‌ی پڕۆتینە‌کان، بە‌تایبە‌تیش پێکهاتە‌کانی ترشی ناوە‌کی (ڕنا) بەبەرهەم بێنن.
هەرچەندە ئەم ئەزموونانەی باسمان کردن چەند هەوڵێکی گرینگ و پڕبایەخن، کەچی ئێستە زاناکان ئەمانە بە شێوازێکی کۆن دادەنێن. ئەمڕۆکە زانست گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار بەرز لەم لایەنەدا، بە جۆرێک زۆر کەمی ماوە لەوەی بە شێوەیەکی دەستکرد زیندەوەرێکی ناوازە بێنێتە کایەوە، بەو هیوایەشە لە ئایندەیەکی نێزیک یەکەمین پێکهاتەی زیندوو دروست بکات.
لەسەروی هەموو ئەمانەوە زانای بەناوبانگی ئەم سەردەمە تۆژەرەی ئەمەریکی، کرەیگ ڤێنتەر دێت کە لە ساڵی ٢٠٠٠وە هەنگاو دەنێت بەرەو ئاراستەی ئەوەی، جۆرێکی دیکە نوێ لە ژیان بەدی بهێنێت. ئەم زانایە جینێکی لە خانەی بەکتریایەک گواستەوە بۆ خانەی بەکتریایەکی دیکەی جۆرێکی جیاواز، بۆ ئەوەی دەری بخات کە دەکرێ جۆرە تەکنیکێکی جینەکی بەکار بهێنرێت، بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە زیندەوەراندا، بەوەی کە زیندەوەرێک لە ئەزموونگەدا پەیدا ببێ، وەک هیچ بوونەوەرێکی زیندووی دیکە نەبێت.
ئەم تۆژەرە لەگەڵ هاوەڵەکانی توانیان جینێکی دەستکرد بەبەرهەم بهێنن، هەوڵیش دەدەن ئەم جینە لەناو بەکتریایەکدا بڕوێنن، لە پاشاندا هەر جارەی جینێکی دیارکراوی وای بۆ بگوێزنەوە کە دەرەنجام جۆرە زیندەوەرێک دروست ببێ، بەو شێوەیە بێت کە خۆیان ئارەزوویانە، مەبەست ئەوەیە کە کۆمەڵەیەک دروست بکەن، تا کارێکی تایبەتییان بۆ ئەنجام بدات. بۆ نموونە، جۆرە بەکتریایەکیان هەبێت بتوانێت گازێکی زیاندەر کە ژینگە پیس دەکات، وەربگێڕێ بۆ گازێکی دیکەی بێزیان. ئەمانە لەپێناو ڕاژەی مرۆڤ، بیریان بۆ زۆر لایەنی دیکەی گرینگ دەڕوات کە بکرێ بەئەنجامی بگەیێنن، بەمەرجێ لە داهێنانەکانیان وریا بن، نەوەک ئەو کارانە مەترسیان لێ بکەوێتەوە.
ئەو کار و کردەوانەی زانای ناوبراو، ئەگەر لە بنەڕەتیشدا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە تیۆری پەیدابوونی ژیانەوە نەبێت، بێگومان ناشکرێ بە بابەتێکی جیاواز دابنرێن، لە پەرەسەندن و پەیدابوونی جۆری نوێ و هاتنەکایەی ژیان.
پاش هەموو ئەوانە دێینەوە و دەڵێین کە تیۆر‌ی پە‌یدابوونی ژیان، هێشتا لە‌ هە‌نگاونانە‌ و بە‌ڵگە‌ی زۆرتری گەرەکە،‌ پێویستی بە تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەی دیکە هەیە، ئەمەش تەواو پێناسەی زانستە کە هەمیشە بەرەوپێشەوە دەچێت بۆ ڕاڤە و زانینی نهێنییە شاراوەکان.
--------------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە