شەنگال لەنێوان بونیاد نانو گەرانەوە بۆ دواوە

Saturday, 09/02/2019, 17:22

2144 بینراوە


دانیشتوانی شنگال مافی خۆیانە رێگری لەو ستافە ئیدارییە به‌ زۆر سه‌پێندراوه‌ بكه‌ن کە تۆمەتبارن بە بەرگری نەکردن لە دانیشتوانی قەزاكه‌یان، لەو کاتەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێرشی کردە سەریان و بە تەنیا ‌جێیان هێشتن تا جینۆساید بكرێن له‌ 3ی ئابی 2014.
ئەو ستافە ئیدارییه‌ی 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بەھۆی کەمتەرخه‌مییان پێویستە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە لەگەڵ ئەو ھێزە پێشمەرگە هه‌ڵاتووه‌ی بەبێ بەرگریکردن شنگال-یان چۆڵ کرد، نه‌ك ئێستا به‌ ناوی رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری و بونیادنانه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ وه‌ك خه‌ڵات پێشكه‌ش به‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ بكرێنه‌وه‌.
پارتی دیموکرات و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وای حکومەتی عێراق گرنگە لەوە تێبگەن پێویسته‌ ئێزیدییەکان ئیدارەی ھەڵبژێردراوی دڵخوازی خۆیان ھەبێت نەک ئیدارەیەکی بە زۆر سەپێندراوی تۆمه‌تبار. له‌ كاتێكدا هێشتا 3500 ژن و منداڵ و پیاوی ئێزیدی چاره‌نووسیان نادیاره‌ و ده‌یان گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ و تاكه‌ كه‌سی هه‌ن به‌ فه‌رامۆشكراوی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و زیاتر له‌ 100 هه‌زار ئێزیدی بوون به‌ په‌نابه‌ری وڵاتانی تر، هێشتا به‌ڵگه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی داعش وه‌ك پێویست كۆنه‌كراونه‌ته‌وه،
به‌ڵێنه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی قه‌زای شنگال جێبه‌جێ نه‌كراون و ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ژیانێكی سه‌خت ده‌به‌نه‌ سه‌ر، بڕیاره‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی-یش له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌كانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان جیبه‌جێ نه‌كراوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و دادگاییكردنی ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌ شنگال-یان بۆ داعش چۆڵكرد، كه‌واته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خه‌ڵكی شنگال فه‌رشی سوور بۆ قایمقامی پێشوو رابخه‌ن تا به‌ شه‌رفمه‌ندی بگه‌ڕێته‌وه‌؟!
له‌ بری دۆزینه‌وه‌ی شه‌ڕی نوێ و ئازاردانی زیاتر و خۆسه‌پاندن، خه‌ڵكی شنگال پێویستیان به‌ قه‌ره‌بووی مه‌عنه‌وی و ماددییه‌، ئه‌وان شایه‌نی ئه‌وه‌ن پارێزگارییان لێبكرێت و تایبه‌تمه‌ندی ئاینی و ناوچه‌ییان به‌رگری لێبكرێت و به‌ ئاشتی بژین.

ە

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە