ئەو سەنەتۆرە ئەمەریکییەی کە لەگوێی گادا نووستوە

Tuesday, 19/02/2019, 7:43

10185 بینراوە


ڕەنگە خەڵکانێك هەبن تا ئێستا وا لە کوردستانپۆست  و نوسەرەکانیان گەیشتبن کەوا ئێمە تەنها خەریکی ڕەخنە و گلەیین و بەهیچ شتیك ڕازی نابن. بەڵام ئەم جۆرە لێکدانەوە و تێگەیشتنانە هەرگیز ڕاست نییە و تەنها ئەوە نەبێ، ئێمە زیاتر مێشک و ویژدانمان بەکاردێنین و بیر لە گیرفانمان ناکەینەوە و لەخەمی پلەو پۆست نین و چاو و دڵمان لای گەل و خاك و بەرژوەندیەکانیانە.
زۆربەی بەناو نووسەر و دۆلاربیرەکانی باشوور کاتێ گوێبیستی ئەو سەنەتۆرەی ولایەتی لویزیانا لە پارتی کۆماریەکان بوون، کاتێ پرۆژەکەی پێش کرد و داوای ئەوەی کرد کە ئەمریکا پێویستە کورد بپاریزێ لە سووریا و عێراق لەبەرئەوەی کورد شەڕی داعشی کردوە. ئیتر ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەو هەموو کۆلکە نووسەرانە بەشان وباڵی (جۆن کەنەدی) هەڵبدەن و ستایشی هەڵوێستە مرۆڤانەکەی بکەن بەبێ ئەوەی هیچ ڕەخنەیەك، یان هەڵسەنگاندێکی ووردی بۆ بکەن.
من تەنها لەسەر دوو تەوەرەی قسەکانی ئەم سەنەتۆرە هەڵوەستە ئەکەم و جا دواتر خۆتان قەزاوەت بدەن، بزانن ئەوەی ئێمە مەبەستمانە بە تەواویی ئەو مەبەستە دەپێکێ یان نا، بەتایبەتی ئەوەی کە لە پرۆژەکەدا هاتووە ؛
یەکەم: ئەمریکا پێویستە کورد بپارێزێ.
دووەم: لە باشوور(دیموکراتی، کاپیتالیزم، فرە کەلتووری) بوونی هەیە .
-------------------
یەکەم: گشت میللەتانی سەر گۆی زەمین بەشی ئەوە خەڵکیان هەیە بەرگری لەخۆیان بکەن لەکاتی پێویستداو مێژووی مرۆڤایەتی ئەم ڕاستیەی سەلماندوە. هەر میللەتێك کاتێک ئەکەوێتە بەر شاڵاوی هێرشی دوژمن و داگیرکاری، دەستەوەستان نەوەستاوە و چەندەها قوربانی داوە لەپێناو ئەوەی پارێزگاری لەخۆی و خەڵکەکە و خاکەکەی بکات. لەهەندێ کاتدا ژمارەی قوربانیان ملوێنی تێپەڕاندوە و تا ئەو کاتەی پێویستی کردبێ بەرگری کردوە و دواجار بەسەر دوژمنەکەیدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. جا ئەم دوژمنە چەندە بەهێز بوبێ و چەندە تۆپ و تەیارەی هەبوبێ لە وورە و ویستی گەلانی ژێر دەستەیان کەم نەکردۆتەوە. ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە ئەزانین میللەتانی وەك(جەزائیر) لە دژی فەرەنسیەکان ملوێنێ شەهدیان دا، پەکەکە لەدژ تورکیا و  ناتۆ تا ئێستا لەسەر پێی خۆی وەستاوە و نەکەوتۆتە سەر ئەژنۆ. ئەمە سروشتی هەموو گەلانە و کوردیش بە هەمان شێوە چ لە ڕابردوو، یان داهاتوو ، هەردەم دەستە وەستان نەبووە و بەردەوام پارێزگاری لەخۆی کردووە. جا لە هەندێ کاتدا کە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە ، ئەوە تەنها هەڵەی میللەتی کورد خۆی بووە کاتێ باوەڕی تەواویی بە سەرکردەکانی کردوە و بەبێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندنێکی دروستی بۆ کردبێت. واتە هەڵەی میللەت و خوێڕێتی و جاشایەتی  سەرکردەکانی بووە.
ئەوەی کورد پێویستی پێیەتی لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بڕیارێکی سیاسیە کە لە ( UN)دەربچێ هەروەك چۆن بۆسنە و باشووری سودانیان پێکرد بە قەوارەیەکی ناسراو خستیانە سەر نەخشەی جیهان. نەك چەك و چۆڵ و پارێزگاری ئەمریکی و سەرباز و کادری سەربازی ئەم ووڵات و ئەو ووڵات. کورد بەتایبەتی ڕۆژئاوا بەشی ئەوەندە قارەمان و جوامێری هەیە لە کچان و کوڕان نەك هەر ڕۆژئاوا بپارێزێ، بەڵکو لەتوانایاندایە هەموو کورد بپارێزێ. جا ئەگەر ئەو سەنەتۆرە ڕاستی دەکرد با داوای ئەوەی بکردایە کە کورد وەك پاداشتیك و نیاز پاکیەك دۆزەکەی بەرینە نەتەوە یەکگرتوەکان و لەوێ پاڵپشتی بۆ پەیدا بکەین. ئەمەیە پاداشت و پیاوەتی بۆ کورد، کەی شتێکی لەو جۆرە کرا، ئەوا کورد ئەتوانێ خۆی خۆی بپارێزێ.
دووەم: ئەم سەنەتۆرە تەنها لەبەرئەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە باشووری کوردستان خوێن لە لوتی نەهاتووە و لەهەولێر چەند بیناو باڵەخانەیەکی بەرزیان لێ دروست کردوە و مەسیحیەکان لەوێ ئەتوانن بچنە کڵێساکانیان و عەرەبە هەڵهاتوەکانی باشووری عێراق لێی ئەژین، ئەڵێ لە کوردستان (دیموکراتی، کاپیتاڵزم و فرە کەلتووری هەیە) . ئەرێ خەڵکینە بەڕاستی دیموکراتی لە باشوور هەیە؟ من هیچ ناڵێم و بۆ ئێوەی جێدەهێڵم!
ئایا ئەو چەتەیی و دزینی نەوت و مامەڵە لەگەڵ داعش و هەراجکردنی ژێر و سەرزەوی سامانی نیشتمانی کورد ناو دەنرێ بە کاپیتاڵزم؟ بە چەند مانگێ چارەکە مووچە و بەهەزارەها بندیوار و بەهەزارەها شەهیدی زیندوو، ئایا ئەمە کاپیتاڵزمە، یان کاپیتاڵدزیە؟ ئایا ئەوەی بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروانی ئەیکەن، بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەیە، یان دزینی سەرمایەیە؟ مەگەر هەر خۆتان نەبوون ووتتان بارزانی خاوەنی 88  ملیار دۆلاری دزراوە لە بانکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، تاڵەبانی خاوەنی 60  ملیار دۆلاری نووستو و خەواڵوە لەهەمان بانکدا و نەوشیروان خاوەنی 9  ملیارە لەهەمان بانك. جا ئەمە بە کاپیتاڵزم ناو دەبرێ، یان سەرمایەدز!
ئەم سەنەتۆرە ئەڵێ فرە کلتووری هەیە؛ کامەتا؟! دەبا یەکێک بتوانێ بچێ لەناوچەی بلە و بارزان نەك بۆ ژیان،  بەڵکو تەنها خێمەیەك بۆ چەند دەژمێرێك هەڵبدا، جا بزانە ئەوسا بنەماڵەی هەزار پیاوەکە پێت ئەڵێن فرە کەلتووری مانای چی! کاکی سەناتۆر لەو باشوورە خەڵکی لەسەر ئەوە دەکوژن تەنها لە نووسێنێکی تەنز ئامێزدا ببێتە زاوای سەرۆکی هەرێم، یان کەسێك تەنها لەخەویدا مەسعودی بینیوە کە کوژراوە و لە چایخانە باسی کردوە و دواتر خۆیان کوشتوە. یەکێکی سلێمانی گەر بچێ بۆ هەولێر و دهۆك پێوستی بە(بریکار) واتە کەفیلە بۆ ئەوەی بتوانێ سەردانی خەڵك و دۆست و ناسیاوی بکا. ئایا بەمە دەوترێ فرە کەلتووری، یان فززە کەلتووری.
بۆیە بەڕاستی ئەم سەنەتۆرە لەگوێی گادا نووستوە و ئاگای لەهیچ نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە