میکانیزمەکانی پەرەسەندن

Monday, 04/03/2019, 23:49

11795 بینراوە


پەرەسەندن ئەو گۆڕانانەیە کە بە تێپەڕبوونی کات و سەردەم، بەبوونی چەند هۆکار و میکانیزمێک بەسەر جۆراوجۆری جینەکی زیندەوەراندا دێن، قەبارەی ئەو جۆراوجۆرییەش لە بوونی ڕێژە و سەرهەڵدانەوەی چەشنی ئەلیلەکان دیار دەکرێت. پەیدابوونی ئەلیلێکی تایبەتی لە تاکی جۆرێکدا، لەوانەیە ڕێژەی جۆراوجۆری زێدەتر، یانیش کەمتر بکاتەوە لەو ئەلیلانەی کە لە جۆرەکەدا هەن. ئەمەش واتاکەی ئەوەیە کە شێوە و نیشانەی دەرەکی هەر بوونەوەرێکی زیندوو، لە چەشنە جینەکییەکان و کاریگەری ژینگە بەسەریانەوە سەرچاوە دەگرن.
ئەوەی پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە، هەڵبژاردنی سروشتی تەنیا ئەو کاتە پەرەسەندن دێنێتە ئاراوە، ئەگەر ڕێژەیەکی باشی جۆراوجۆری جینەکی لە کۆمەڵەی جۆرەکاندا هەبێت. کەواتە بوونی جیاوازییەکانی کە لە بازدان و بڵاوبوونەوەی جینەکییەوە دێن، هەمەجۆری جینەکی دێننە کایەوە، بەوەی ئەمانە گەرچی کەمیش بن، ئەوا پاش ماوەیەک دەبنە هۆی جیاوازی ڕیشەیی لە شێوە و ڕواڵەتی دەرەوەیاندا، وەک چۆن لە جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤ و شیمپانزیدا دەبینرێن.
میکانیزمەکانی پەرەسەندن زۆرن، بەڵام لێرەدا لە چەند دانەیەکی بنەڕەتی دەدوێین. سێ میکانیزم هەن کە خستنەپاڵی یەکە جینەکییەکان (تایبەتمەندییە بۆماوەیییەکان)، بۆ کۆمەڵەی جۆرەکان بەڕێوە دەبەن، ئەمانە: بازدان، زایەند و ڕۆیینی جینەکانن. دوو میکانیزمیش هەن، لابردن، یاخۆ داماڵینی یەکە جینەکییەکان بەئەنجام دەگەینن، ئەمانەش: ڕاماڵینە جینەکییەکان و هەڵبژاردنی سروشتین. بەڵام دەشێ هەڵبژاردنی سروشتیش ببێتە هۆی زێدەبوونی جینە سووددەرەکان، ئەو کاتە پێی دەگوترێ هەڵبژاردنی ئەرێنی داروینی، ئەگەر جینە زیاندەرەکانیشی لابرد، ئەوا بە هەڵبژاردنی نەرێیی ناو دەبرێت.
هەریەک لەم میکانیزمانە بە شێواز و هۆکاری جیاجیاوە کاری خۆی دەکات، بەبێ بوونی ئەو سێ میکانیزمانەی پێشەوە، واتە بازدان، زایەند و ڕۆیینی جینەکان، میکانیزمەکانی پەرەسەندن کاریگەر نابن. پاش ئەو سێ میکانیزمە، بە ڕاماڵینی جینەکی و هەڵبژاردنی سروشتی کە هەڵبژاردنی زایەندیش بەشێکە لێی، دەرەنجامەکانی پەرەسەندن دێنە کایەوە، ئەوانیش لە سازان، هاریکاری، هەمەجۆری و بنەبڕیدا خۆیان دەنوێنن.
بازدانە جینەکییەکان

بازدان (Mutation)، یان بازدانە جینەکییەکان، بنچینەی بوون و سەرهەڵدانی گشت پەرەسەندنێکە لە جۆرەکانی زیندەوەراندا، بەو واتایەی ئەگەر بازدانی جینەکی نەبێت، ئەوا هیچ پەرەسەندنێک بوونی نابێت.
هەرچەندە داروین‌ دەیزانی کە گۆڕانەکان ناوەکین، بەڵام بەتەواوی لە‌ جینەکان و هۆکارەکانی ڕوودانی گۆڕان و پە‌رە‌سە‌ندن‌ نەدواوە، چونکە لە‌و سەردەمەدا، پێکهاتە‌ی خانە، جینە‌کان، بازدان و چەند بابە‌تێکی دیکەی لەم جۆرەدا نەناسرا بوون. ئەمەیان بۆ داروین کێشەیەکی گەلێک مەزن بوو، لەبەرئەوەی بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبووەوە کاتێک دەگوترا، ئەو گۆڕانانەی کە دەبنە هۆکاری پەرەسەندن لە لای تاکەکاندا چۆن سەرهەڵ دەدەن؟ پاشان دۆزینەوەی میکانیزمی بازدان، وای لە زاناکان کرد لە‌م‌ بوارەدا کۆمە‌ڵێک زانیاری چاک بەدەستەوە بهێنن،‌ زۆربە‌شیان بوونە بە‌ڵگەی پتر بۆ سە‌لماندنی بۆچوونە‌کانی داروین.
بازدانی جینەکی: هەڵەیەکە لە ترشی ناوەکی (دنا)، ڕوو دەدات، لە کاتی دابەشبوون و خۆلە‌بە‌رگرتنە‌وە‌یدا، ئەمەش لای گشت زیندەوەرێکدا دەبیندرێت، جا چ یەکخانەیی بێت، یان فرەخانە.
لەڕێی (دنا)وە هە‌موو تایبە‌تمە‌ندییە‌ بۆماوە‌یییە‌کان بۆ وە‌چە‌ لەدوای وە‌چە‌ دە‌گوێزرێنە‌وە کە کار دە‌کەنە‌ سە‌ر لەش و چۆنەتی ژیانی زیندە‌وە‌ران وەک، شێوە‌ی دە‌رە‌کی، پێکهاتە‌ی ناوە‌کی و هەتا ڕەفتاریشیان، بۆیە‌ گۆڕان لە‌ (دنا)ی هە‌ر زیندە‌وە‌رێک دە‌بێتە‌ هۆی گۆڕان لە هە‌موو لایە‌نە‌کانی ژیانیدا. بازدان، یان پە‌یدابوونی تایبە‌تمە‌ندییە‌کان لە‌وانە‌یە،‌ سووددە‌ر، یان زیاندە‌ر، یاخۆ بێلایە‌ن بن. هەروەها دە‌شێ تایبە‌تمە‌ندییە‌ک لە‌ڕۆژگارێکدا سوودە‌ر بووبێ، کە‌چی ئە‌مڕۆ زیاندە‌ر بێت (بەپێچە‌وانە‌وەش)،‌ دیسانەوە دەکرێ بۆ جۆرە زیندەوەرێک سووددە‌ر و بۆ یە‌کێکی دی زیاندە‌ر بێت. بازدانە‌کان زۆربەیان بە‌هە‌ڕە‌مە‌کی و‌ بە‌بێ بوونی هۆکارێکی ئاشکرا، ڕوو دە‌دە‌ن. مە‌بە‌ست لە‌ هە‌ڕە‌مە‌کی ڕوودانی بازدان ئە‌وە‌یە کە بەرەو ئاراستەیەکی دیارکراو ناڕوات، هیچ کاتێکیش بۆ ئە‌وە‌ نییە، داخوازی و پێداویستە‌کانی زیندە‌وە‌رێک لە‌ بارودۆخێکی تایبە‌تی بەجێ بگەیێنێت.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە گرینگە بۆ نموونە، لە‌کاتی بە‌کارهێنانی جۆرە‌ شامپۆیەک کە پێکهاتە‌یە‌کی کیمیایی تایبەتیی تێدا بێت‌ بۆ لە‌ناوبردنی ئە‌سپێ، دە‌بینین ڕەنگە هەموویان لەناو نەچن، بەو واتایەی چە‌ند دانە‌یە‌ک لە‌و ئە‌سپێیانە‌ دە‌رباز دە‌بن کە دەشێت دیسان زۆر ‌ببنە‌وە. لێرەدا دە‌بێت بزانین ئەو ئەسپێیانەی کە دەرباز بوون، بە‌رگرییان هە‌بووە‌ بە‌رانبە‌ر ئە‌و پێکهاتە‌یە‌، ئە‌وانە‌شی بە‌رگرییان نە‌‌بووە مردوون، نەک بەپێچەوانەوە بێت، بەوەی کە هە‌ڕە‌شە‌ی پێکهاتە‌ کیمیایییە‌کە‌ وایان لێ بکات دووچاری بازدان ببنەوە تا هەندێکیان ڕزگاریان ببێ.
هە‌موو چە‌شنە‌ بازدانە‌کان هە‌مان ئەگەری ڕوودان و چە‌ندجارەبوونە‌وە‌یان نییە، چونکە هەندێک جێ لە‌ پێکهاتە جینەکییەکاندا، ڕوودانی بازدانی پتریان لێ چاوەڕوان دەکرێت. سەرەڕای ئەوە چە‌ند هۆکارێکی دە‌رە‌کی و ناوە‌کی هە‌ن، لەوانەیە ببنە هۆی ڕوودانی بازدانەکان. دە‌رە‌کییە‌کانی وەک، کارتێکردنی تیشکاوە‌رە‌کان، پێکهاتە‌ کیمیایییە‌کان و ڤایرۆسەکان، ناوە‌کییە‌کانیش ئەوانەن لە‌کاتی دابە‌شبوونی خانە،‌ واتە‌ لە لە‌بە‌رگرتنە‌وە‌ی ترشی ناوە‌کی (دنا) ڕوو دەدەن، چونکە هەندێ جار لە‌بە‌رگرتنە‌وە‌کان هەڵەیان تێدا دەبێت و بە‌تە‌واوەتی ئە‌نجام نادرێن. گۆڕان لە ڕیزبە‌ندی نوکلیۆتیدە‌کانی (دنا) گەرچی بچووکیش بێت، هەر بە‌ بازدان دە‌ژمێردرێ، هەروەها ئە‌م بازدانە‌ ناوە‌کییانە لەو گۆڕانانەی کە بەسەر نوکلیۆتیدەکاندا دێنن، لە یەکدی جیا دەکرێنەوە. بازدانەکان وا لە نوکلیۆتیدەکان دەکەن، جێگۆڕکێ ببن، یان یە‌کێکیان لاببرێ، یاخۆ هی نوێ بێتە پاڵیان، یانیش ڕیزبە‌ندیان تێک بچێ لە‌ تیلمی (دنا)دا.
هە‌موو بازدانێک گرینگی نییە،‌ بۆ پە‌رە‌سە‌ندن،‌ چونکە‌ ئە‌و بازدانا‌نە‌ی لە‌ خانە‌کانی لە‌شی تاکێک (ئەوانەی کار ناکە‌نە‌ سە‌ر خانە‌ی زایەندییەتی) ڕوو دە‌دە‌ن، بۆ وە‌چە‌کان ناگوێزرێنەوە.‌ دە‌رکە‌وتنی پە‌ڵە‌یە‌کی زە‌رد لە‌ توێکڵی سێوێکی سوور، نموونە‌یە‌کە‌ لە‌ بازدانە لە‌شییەکان (دەرەکییەکان)، چونکە تۆوی ئە‌م سێوە‌ هە‌ڵگری بازدانەکە‌ نییە. ئە‌و بازدانانە‌ی لە‌ خانە‌ی زایەندییەتی دێنە کایەوە، پاشان لەڕێی پێکهاتە بۆماوەیییەکانەوە لە‌ وە‌چە‌کاندا سە‌رهە‌ڵ دە‌دە‌نە‌وە‌، کاریگە‌رییان هە‌یە‌ بۆ پە‌رە‌سە‌ندن، بەڵام ئە‌مانەش‌ لە‌ پلە‌ و ڕادە‌ی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر زیندەوەراندا دەهێنن، جیاوازن و دەکرێنە چەند بەشێکی وەک:

 - ئەوانەی هیچ شوێنە‌وارێکی وا بە‌جێ ناهێڵن هە‌ستیان پێ بکرێ. چونکە ئە‌و بازدانانە‌ لە‌ جێیە‌کی ناکاریگە‌ر، یان پەکخراوی (دنا) ڕوویان داوە، یاخۆ‌ لە ‌شوێنی هێماکردنی پڕۆتین ڕوویان دابێ، بە‌ڵام نەبووبنە هۆی جێگۆڕکێی ڕیزبوونی ترشە‌ ئە‌مینییە‌کانی پڕۆتین.
- ئەوانەی لە‌ بە‌شێک، یان لە ئە‌ندامێکی لەش ڕوویان داوە. ئەم بازدانانە دەبنە هۆی گۆڕانێکی ڕووکەش و سادە‌ی وا کە هیچ ڕۆڵێکی گرینگ نەگێڕێت، لە‌ ژیان و گوزە‌رانی ئە‌و زیندە‌وە‌ری بازدانە‌کە‌ی بۆ گوێزراوەتەوە.
- ئەوانەی گۆڕانێکی بنە‌ڕە‌تی دێننە‌ کایە‌وە.‌ وەک ئە‌وە‌ی لای وردە‌زیندە‌وە‌رەکان ڕوو دەدات کە لەڕێیەوە بتوانن بە‌رگری بکە‌ن لە‌پێناو مانە‌وە‌یاندا، لە‌ کاتی گۆڕانی بارودۆخی ئەو ناوەندەی تێدا دەژین. لە لای زیندە‌وە‌رە‌ یە‌کخانە‌یییە‌کان و ور‌دە‌زیندە‌وە‌رانی دیکە، ڕەنگە‌‌ یە‌ک بازدان بە‌س بێت بۆ سازانیان، کەچی لە لای هەندێکی دی وەک ئاژەڵەکان، چە‌ندان بازدانی کە‌ڵە‌کە‌بوو ماوە‌یە‌کی یە‌کجار زۆریان بوێ، بۆ ئە‌نجامدانی ئەو گۆڕان و پە‌رە‌سە‌ندنانەی کە دەبنە هۆی پە‌یدابوونی جۆرێکی نێزیک لە‌و جۆرە‌ی لێیەوە هاتوون. مە‌بە‌ست ئە‌وە‌یە‌ ژمارە‌یە‌کی گەلێک زۆر لە‌م چە‌شنە‌ بازدانە‌ بنە‌ڕە‌تییانە‌ش، ناتوانن گۆڕانکارییەکی وا بەسەر بوونەوەرێک بهێنێ کە تەواو لەگەڵ جۆرەکەی خۆیدا جیاواز بێت.
هەندێ بازدان کاریگەرییان هەتا لەسەر زیندەوەرانی یەک جۆریش لە سەردەمێک بۆ یەکێکی دی جیاوازە. بۆ نموونە، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان لە مرۆڤدا نەخۆشییەکی هاوچەرخی ترسناکە، هۆیەکانی تووشبوونیشی بۆ شێوازی نوێی ژیان و خۆراکی ئەم سەردەمە دەگەڕێنەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، کۆمەڵە کەسێکی بنەماڵەیەک هەن لە نێزیک شاری (میلانۆ) لە ئیتالیادا، تووشی ئەم نەخۆشییە نابن! ئەمەش لەبەر بوونی بازدانێکی سووددەرە کە لە دەوروبەری سەدەی هەژدەیەم ڕووی داوە و پشت بەپشت بۆیان گوێزراوەتەوە، بەمەش لە لای ئەوانەدا جۆرە پڕۆتینێک پەیدا بووە لە جێی ئەو پڕۆتینەی پێشتر هەبووە، بەوەی کە ئەم پڕۆتینە نوێیە زۆر چالاک و کارایە بۆ لابردنی کۆلیستڕۆڵ لە خوێنبەرەکانیان و نەهێشتنی ڕەقبوونیان. بێگومان ئەگەر ئەم بازدانە لە چاخە دێرینەکان ڕووی بدایە، سوودێکی ئەوتۆی نەدەبوو، هەڵبژاردنی سروشتیش لەو کاتەدا وەک تایبەتمەندییەکی چاک دەستنیشانی نەدەکرد. بەڵام ئەمڕۆ هەڵگرانی ئەم تایبەتمەندییە، سوودمەند بوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەیان بەرانبەر بەو نەخۆشییە بەربڵاوەدا. بەم جۆرە نموونانە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە مرۆڤ بەبەردەوامی توانی پەرەسەندن و وەرگرتنی تایبەتمەندی نوێی هەیە.
زانای ڕوەکزانیی هۆڵەندی، هوگۆ دی فریس (١٨٤٨ - ١٩٣٥)، یەکێکە لە ڕابەرانی زاناکانی بۆماوەزانی، هۆکاری بەناوبانگبوونی، کردەوەکانی بوون لە بواری جینەکان، گرینگترینیشیان داهێنانی چەمکی "بازدان" بوو لە زیندەوەرزانیدا.
هەرچەندە ئەو دۆزەوەیە بایەخێکی گەلێک مەزنی هەیە بۆ پەرەسەندن، کەچی دیسانەوە لە بەرژەوەندیی تیۆرەکەی داروین نەبوو لەو دەمەدا. ڕاستە دی فریس دەی گوت، جۆری نوێ لەڕێی بازدانە جینەکییەکانەوە سەرهەڵ دەدەن، بەڵام ئەو وای بۆ دەچوو کە سەرەتا بازدانێک لە تاکی زیندەوەرێک ڕوو دەدات، پاشان بە گواستنەوەی ئەو تایبەتمەندییە نوێیانەی کە بە کاریگەری ئەو بازدانە پەیدا دەبن بۆ نەوەکان، ئەوا جۆرێکی نوێ پەیدا دەبێت. کەواتە ئەمە بەهۆی بازدانە گەورەکانە، بێگومان ئەمەش دژی ئەو بنەمایەیە کە داروین هەمیشە دووپاتی دەکردەوە، بەوەی کە جۆری نوێ بەرەبەرە و بە چەندجارەبوونەوەی گەلێک بازدان و گۆران دێتە کایەوە، بە ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژ کە خۆی لە هەزاران و ملیۆنان ساڵ دەدات. خۆشبەختانە پاش دی فریس زۆر زانای دیکە هاتن، پەرەیان بە تۆژینەوەکان دا لە بواری بازدانە جینەکییەکان، هەمووشیان لە قازانجی تیۆری پەرەسەندنی دارویندا بوون.
هەنگاوێکی مەزنی زیندەوەرزانیی هاوچەرخ دۆزینەوەی جینەکانی هۆکس (Hox Genes) بوو، ئەو جینانە پێیان دەگوترێ جینی جیهانی، چونکە لە زۆربەی جۆرەکاندا هاوبەشە و هەر هەمان جینە کە پێکهاتە زیندەکییەکان دروست دەکات لە کات و شوێنی دیارکراودا، ئەم جینە بڕیار دەدات کەی و لەکوێ ئەندامێکی لەش پێویستە بڕوێت. بۆ نموونە، دەست، لە قۆناغەکانی گەشەکردنی ئاوەلەمەدا، کەی دەبێ پەیدا ببێت، لە کامە شوێنی لەشیش پێویستە دابنرێت؟ ئەم جینانە کە لە ژمارەدا کەمن، لە چەندان جۆری جیاجیای لێک دوور، هەمان کردار بەڕێوە دەبەن. ئەو جینەی لە مێشدا چاو دروست دەکات، هەمان ئەو جینەیە چاوی مرۆڤ دروست دەکات. ئەوەی جێی سەرسڕمانە، ئەمە زاناکانی بەرەو ئەو دەرەنجامە برد، ئەگەر جینێکی پەیداکەری چاو لە ئەسپکەوە وەربگرین و بیخەینە شوێنی جینی کوللەیەک، هەمان کاری دروستکردنی چاو دەکات، بەڵام چ چاوێک؟ چاوی کوللە، نەک چاوی ئەسپ! نەخۆشی نەبوونی گلێنە وا لە چاو دەکات زۆر کز ببێت، ئەمەیان لە مێشی میوە و مرۆڤدا هەمان نەخۆشییە، هۆکارەکەشی پەککەوتنی هەمان جینە، ئاشکراشە کە چاوی ئەم دووانە زۆر لێک دوورن، لەبەرئەوەی چاوی مێشی میوە چاوێکی ئاوێتەیە. ئەمەیان بابەتگەلێکی ئاڵۆزن دەربارەی زنجیرەی(دنا) و ڕیزبوونیان و هێماکردنیان لە جینۆمی زیندەوەراندا بۆیە نامانەوێت پتر لێیان بدوێین.
ئەم جینانە یەکێکن لە بەڵگە گەلێک گرینکەکانی پەرەسەندن لەم سەردەمەدا، لەبەرئەوەی کە لێکۆڵینەوە و ئەنجامدانی ئەزموونێکی لەم جۆرە، هەتا ئەم دوایییانەش کارێکی سەخت و ئەستەم بوو. پێشتر زاناکان ئەو توانایەیان نەبوو، تاکە جینێکی تایبەت لە کۆمەڵە جینێک داببڕن، بەڵام کاتێک ئەمە کرا و لەسەر مێشی میوە ئەنجام درا، بینییان کە ئەگەر جینێکی دروستکەری پێیەکان لاببرێت، ئەوا مێشوولەکان بەبێ پێ دەبن، کاتێکیش دەسکاری دەکردن، پێیەکان (زڕەپێ) لەبری ئەوەی لەسنگەوە دەربێن، بۆ نموونە لە سەر پەیدا دەبوون. ئەمە جارێکی دیکە دەسەلمێنێت کە پەرەسەندن کردارێکی بۆماوەیییە و کار لەسەر جینەکان دەکات، نەک لەسەر شێوەی دەرەوەی ئەندامەکانی لەش، واتە جینۆتایپە(Genotype) نەک فینۆتایپ (Phenotype). 
ڤایسمان سەلماندی کە بازدانە لەشییەکان هیچ گرینگییەکیان بۆ پەرەسەندن نییە، تەنیا ئەوانە گرینگن کە زایەندەکین و دەگوێزرێنەوە بۆ نەوەکان. ئەگەر ئەزموونەکەی (ڤایسمان)مان لەبیر بێت، ئەوەی کە هەڵسا بە بڕینی کلکی بێچووەکانی مشک، بینی کە هەر کلکیان دەبێت، ئێمە ئەم جارە لەبری ئەوەی کلکەکان ببڕین، بێین ئەو جینە لاببەین کە لە مشکدا کلک دروست دەکات، دەبینین بێچووەکانی کلکیان نابێ. ئاشکرایە کە ئەمەش تەواو دژی تیۆری لامارکە، دەرەنجام ئەو کارەی ڤایسمان وای لە تیۆرەکەی داروین کرد، پاش کزبوونێکی زۆر سەرلەنوێ ببوژێتەوە و سەرکەوتنێکی مەزن بەدەست بهێنێت، بەرانبەر بە تیۆرەکەی لامارک. 
وەک گوتمان گەلێک میکانیزم هەن لە چەندان بارودۆخ و ژینگەی جیاجیا لە ڕێچکەکانی پەرەسەندنی جۆراوجۆردا کاریگەرییان هەیە، بازدانە جینەکییەکانیش کە بنچینەی پەرەسەندنن زۆربەیان ڕەمەکیین، بۆیە ئەوانە وامان لێ دەکەن نەتوانین پێشبینی پەسەرەسەندنەکان بکەین لە دواڕۆژدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێک لە زاناکان پێیان وایە، ئەگەر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تێگەیشتنمان بۆ پەرەسەندن زێدەتر بێت، بەتایبەتیش لە جینۆمی زیندەوەران، دەکرێ هەتا ڕادەیەک هەندێک لە ئاستەکانی پەرەسەندن دیار بکرێن.
زایە‌ند و تێکەڵبوونەوەی جینە‌کان
هەڕەشەیەکی دیکەی زۆر توند بۆ تیۆرەکەی داروین، ئەو پرسیارە بوو کە دەکرا: ئەو گۆڕانانەی کە لە تاکی جۆرێکدا سەرهەڵ دەدەن، چۆن بۆ نەوەکانیان دەگوێزرێنەوە؟ ئەمە پرسیار و ڕەخنەی زانای ئینگلیزیی ناودار، فلێمینگ جینکن (١٨٣٣ - ١٨٨٥) بوو کە زەبرێکی کوشندەی سرەواندە تیۆرەکەی داروین! جینکن دەی گوت: کاتێک لە تاکی جۆرێکدا (تاکی دامەزرێنەر)، گۆڕانێک ڕوو دەدات، پاشان گەر ئەم تاکە زاوزێی کرد ئەوا بەگوێرەی تیۆری تێکەڵبوون، ئەو تایبەتمەندییەی کە بەهۆی ئەو گۆڕانەوە بەدی هاتبوو دەبێتە نیوە، لە نەوەی دووەمدا دەبێتە چارەک...هتد، بەمەش وای لێ دێت پاش چەند نەوەیەک هیچی لێ نامێنێتەوە و ون دەبێت. 
بەم ڕەخنەیە داروین توشی دڵەڕاوکێیەکی تەواو هات، هەندێک دەڵێن، ئەمە تا ڕادەیەکی وا کاری لە داروین کرد، متمانە و باوەڕی بە هەڵبژاردنی سروشتی لەق ببێت، چەندان زانای ئەو دەمەش بۆ تیۆرەکەی لامارک هەڵگەڕێنەوە. بەڵام خۆشبەختانە ئەم کێشە گەورەیە لەسەر دەستی مێندل چارەسەر کرا.
ئەوەی کە پەیوەندی هەیە بە تیۆری پەرەسەندن، زۆر بەکورتی: مێندل دەیویست بزانێ لە زیندەوەراندا تایبەتمەندییەکان (بۆماوەیییەکان)، چۆن بۆ نەوەکان دەگوێزرێتەوە، بە شێوەیەک کە بکارێ یاسایان بۆ دابنێت. تۆژینەوەکانی لەسەر چەند زیندەوەرێک بوو بەتایبەتیش لە ڕوەکدا، ناسراوترینیان ئەوە بوو کە لەسەر ڕوەکی بەزالیا ئەنجامی دا. هۆی هەڵبژاردنی ئەم سەوزەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تایبەتمەندییە جیاجیایانەی کە هەیەتی، لە درێژی و کورتی قەد، قەبارەی گەڵا، شێوە و ڕەنگی تۆو و بەر، هەروەها ڕەنگ و شوێنی بەدەرکەوتنی گوڵەکانی. مێندل لەڕێی کرداری دووڕەگاندن، هەر جارەی دوو تایبەتمەندی لەوانە وەردەگرێت بۆ بەبەرهەمهێنانی نەوەیەکی دیکە. پاشان لە نەوەی دووەمدا دیسانەوە کرداری دووڕەگاندنی ئەنجام دەدا، بە هەڵبژاردنی دوو تایبەتمەندی دیکەی جیاواز، بەم شێوەیە ئەم کردارەی چەندجارە دەکردەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو تایبەتمەندییانەی کە ڕێژەی سەرهەڵدانەوەیان پتر لەوانەی دیکە. خۆ ئەگەر هەر جارەی لە تاکێکدا دوو، یان سێ تایبەتمەندی پێکەوە وەربگیرێن وەک، ڕەنگی گوڵ و شێوەی تۆو و بەر، ئەوا ئەگەرەکانی سەرهەڵدان و سەرهەڵنەدانەوەیان گەلێک زۆر دەبێ. دەرەنجام مێندل توانی چەندان یاسا بۆ ڕێژە و ئەگەری سەرهەڵدانەوی تایبەتمەندییەکان دابڕێژێت. بۆ نموونە بینی کە تایبەتمەندییەکان بە ڕێژەی سێ لەسەر چوار (٣/٤) سەر هەڵدەدەنەوە لەو تایبەتمەندییەی کە لە نەوەی یەکەمدا سەریان هەڵدەدا (ئەلیلی زاڵ)، بە ڕێژەی یەک لەسەر چواریش (١/٤) بۆ ئەوانەی کە لە بەرەی یەکمدا سەر هەڵنادەنەوە (ئەلیلی بەزیو).
ئەوەی جێی سەرنجە مێندل ئەو یاسا و ڕێسایە سەرەکییانەی بواری بۆماوەیی داڕشتووە، لە ڕۆژگارێکدا بووە کە هیچ شتێک دەربارەی کڕۆمۆسۆمەکان، جینەکان و ترشی ناوەکی (DNA) نەزانراوە. 
ئێسە با بزانین ئەم زانیارییانە بۆ هێندە گرینگ بوون بۆ تیۆرەکەی داروین؟ هەر لە یۆنانییە کۆنەکانی پێش زایینەوە بگرە تا بە سەردەمی مێندل دەگات، تێڕوانینێکی وا هەبووە کە کاتێک دوو زیندەوەر زاوزێ دەکەن، تێکەڵبوونێک دێتە ئاراوە لە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەو دووانە هەیانە، بەمەش بێچووەکەیان دەبێتە هەڵگری شێوە و ئاکاری بەشێکی باوک، بەشێکی دیکەشی هی دایکی. ئەم بۆچوونە پێی دەگوترا، تیۆری تێکەڵبوون، یان تیۆری نێوانەکی، واتە ئەگەر گوڵێکی سپی، گوڵێکی سووری پیتاند(یان بەپێچەوانەوە) ئەوا گوڵێکی پەمەیی، یان ڕێژەیەک لەو دوو ڕەنگە دێتە بەرهەم. مێندل سەلماندی کە ئەمە گریمانەیەکی هەڵەیە، چونکە تایبەتمەنی یا سەرهەڵ دەدات، یانیش نا، کەواتە مەرج نییە، منداڵ تێکەڵەیەک لە ئاکار و نیشانەکانی دایک و باوکی بێت، بگرە دەشێ تایبەتمەندییەکی هەبێ، هی پشتێکی کۆنتر بێت. کە دەشڵێین زایەند و تێکەڵبوونەوەی جینەکان، مەبەست ئەو تێکەڵبوونە نییە، لە کۆندا باو بووە، بگرە لە جینەکاندایە ئەوانەی کە دایک و باوکیش لە پێشینەکانی خۆیان وەریان گرتووە.
زاناکانی پەرەسەندن دەڵێن، هاتنەکایەی کرداری زایەندییەتی بۆ نێزیکەی دوو ملیار ساڵ لەمەوبەر دەگەرێتەوە. پێش بوونی زۆربوون لەڕێی ئەم کردارە، زیندەوەران بەهۆی هەڵبژاردنی سروشتییەوە پەیدا نەدەبوون، بگرە هەریەکێکیان کتومت لەبەرگرەوەیەکی پێشینەی خۆی بوو، بۆیەش پەرەسەندن تا ڕادەیەکی زۆر سست و لەسەرەخۆ بوو. بەڵام بەبوونی زایەند هەلێکی باش ڕەخسا بۆ دوو زیندەوەر کە ئاڵوگۆڕی هێما بۆماوەیییەکانیان بکەن و زیندەوەرێکی نوێ بەبەرهەم بێنن، ئامادە بێت بۆ هەڵبژاردن و پەسندکردنی تایبەتمەندییە گونجاوەکان، بۆ سازانی بەرانبەر بە ژینگەی دەوروبەریدا.
لەبەر گرینگی ئەم تایبەتمەندییە بۆ مانەوەی زیندەوەران، بەرەبەرە وای لێهات کرداری زایەندییەتی چەندان نیشانەی پەسندکراوی دیکەی هاتە پاڵ، لەوانەش سەرهەڵدانی ئەندامەکانی زاوزێی نێرینە و مێیینە، پاشان ئەمانە بوونە هۆی هاتنەدی زاوزێکردنێکی ڕاستەوخۆ بەتایبەتی لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزە، لە دەرەنجامیشدا هەستی چێژوەرگرتن پەیدا بوو کە گرینگی زۆرە، بۆ هاندانی کردارگەلی زایەندی، بێگومان ئەمەش دواجار لە قازانجی جۆرەکانە. ئەم چێژوەرگرتنە لە کرداری زایەندییەتی لە لای زۆر زیندەوەر دەبینرێت، ئەگەر لە ڕێژەشدا جیاوازیان هەبێت، نموونەی ئەمە لە لای مرۆڤدا بەزەقی بەدەر دەکەوێت، گەرچی مەبەست نەوەنانەوەش نەبێت.
زایەند چاوگەیەکی سەرەکییە بۆ پەیدابوونی جۆری نوێ لە زیندەوەراندا، چونکە کاتێک کرداری زایەندییەتی ڕوو دەدات، ئەلیلەکان تێکەڵ بەیەکدی دەبن، ئەگەر ئەمانەش بۆ وەچەی داهاتوو گواسترانەوە، ئەوا ئاوێتەیەکی بۆماوەیی لە نیشانە و تایبەتمەندی نوێ سەرهەڵ دەدات، بەمەش جۆراوجۆری جینەکی پتر دەبێ لە کۆمەڵەی جۆرەکاندا.
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردنە، ئەگەر خانە لەشییەکانی مرۆڤ بە نموونە وەربگرین، دەبینین کە هەر هەموویان ژمارەیەکی تەواوی لە کڕمۆسۆمەکانی تێدایە کە دەکاتە ٤٦ دانە، بەڵام هەریەکە لە تۆو و هێلکە نیوەی ئەو ژمارەیە، واتە ٢٣ دانە لەخۆ دەگرن کە پاش پیتانیان دەبنەوە بە ٤٦ کڕۆمۆسۆم. بێگومان ئەمەش هەر دەبووایە بەم شێوەیە بێت، گەر نا ئەوا لە یەکگرتنی تۆو و هێلکە ژمارەیان دەبووە دووهێندە (٩٢)، پاشان نەوە لەدوای نەوە ژمارەی ئەو کڕۆمۆسۆمانە هێندە زۆر دەبوو کە لە سنوور ئاسایی تێپەڕێت، دەرەنجامیش بوونەوەرێک بێتە بەرهەم کە کەس نەزانێ چییە؟
هەر لە جۆری ئێمەی مرۆڤدا، دەزانین کە لە هیچ خێزانێکدا ڕوو نادات، دوو ئەندامی ئەو خێزانە لە گشت لایەنێکەوە بەتەواوی چوونیەک و هاوشێوە بن (تەنیا جمکە هاویەکەکان نەبێت). لەبەرئەوەشە باوکێکی لاوازی درێژ و دایکێکی قەڵەوی کورت، لەوانەیە منداڵێکی لاوازی کورتیان ببێت، یان جۆرە تایبەتمەندییەکی هەبێت، هی چەند پشتێکی پێش خۆیان بێت.
کەواتە هەر منداڵێک هەڵگری نیوەی کرۆمۆسۆمی دایکی و نیوەی کڕۆسۆمی باوکییەتی. ئیدی ئەو منداڵە لە ئایندەدا ئەگەر کوڕ بێت لەگەڵ کچێک، ئەگەر کچیش بێت لەگەڵ کوڕێکی خێزانێکی دیکە، نیوەی کڕۆمۆسۆمەکانی بۆ نەوەکانی دەگوێزێتەوە، بەم شێوەیە بەرەبەرە و نەوە لەدوای نەوە، بەهۆی ئەم کردارە‌ی لە‌نوێکۆکردنە‌وە‌ و تێکەڵبوونەوەی جینەکان، جۆراوجۆری هێما بۆماوەیییەکان لەناو کۆمەڵە مرۆیییەکاندا زێدەتر دەبێت. لە لایەکی دییەوە چەندە نێرە و مێیەش لە لایەنی یەک خێزانی و یەک بنەماڵەیی لە یەکدی دوور بن، ئەگەری لەشساغی و کەمی شێوانی جینەکی وەچەکانیان پتر دەبێت، لەبەرئەوەشە لەمێژە هاوسەرگری ئەندامانی یەک خێزان و خزمە نێزیکەکان کردارێکی هاندراو و باو نەبووە. کەواتە دەتوانین بڵێین، هۆکاری دوورکەوتنەوە و قەدەغەکردنی ئەم هاوسەرگرییە، دەشێت پتر ڕەنگدانەوە و دەربڕینێک بێت بۆ هەڵبژاردنی سروشتیی.
لەبەر گرینگی لایەنە شاردراوەکانی ئەو بابەتە، پێمان باشە لێرەدا لە بوون و سەرهەڵدانی کرداری زایەندیش بدوێین.
زایەند، یاخۆ کرداری زایەندی، یەکێکە لە ناسراوترین ئەو بابەتانەی کە مشتومڕییەکی زۆر دێنێتە کایەوە، بەبەردەوامیش گەلێک پرسیار دەوروژێنێت، هەروەها وەک ڕەخنەیەکی هەمیشەیی ئاراستە دەکرێتە زاناکانی پەرەسەندن. ئاشکرایە بیروڕای زانایانی پەرەسەندن، بەتایبەتیش دوو زانای بەناوبانگ کە داروین و مێندلن، توانیان بە دۆزەوە زانستییەکانیان تیشک بخەنە سەر چەندان بابەتی نهێنی و شاراوەی جیهانی زیندەوەران، بەوەی کە تا ئەو ڕادەیەی بۆیان بکرێت، ڕاڤەی گونجاویان بۆ دەستنیشان بکەن. کەچی لەبارەی بوون و هۆکاری سەرهەڵدانی زایەند و زاوزێکردن، نە ئەم دووانە، نە زاناکانی دیکە نەیان توانیووە، بە بەڵگەی تەواوەوە ئەم گرفتە مەزنەی زیندەوەرزانی یەکلایی بکەنەوە.
سەرەتا دەپرسین بۆچی زۆربەی ئاژەڵەکان لەڕێی زایەندییەوە (زاوزێکردن) زۆر دەبن نەک نازایەندی (دابەشبوون)؟ بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، دەبێت بزانین کە زۆربوون بە نازایەندی پتر دەگونجێت لەگەڵ بنەماکانی پەرەسەندن، بەوەی کە دەبێژێت، مانەوە بۆ ئەوانەیە کە توانای پاراستنی ژیان و بەردەوامبوونی جۆرەکەیان و گواستنەوەی یەکە بۆماوەیییەکانیان بۆ نەوەکانیان زێدەترە لەوانی دیکە.
ئەگەر ئاسایی لە کرداری زایەندی بڕوانین، دەبینین کە لایەنە خراپەکانی گەلێک پترن لە چاکەکانی، چونکە ئەو بوونەوەرەی کە بە زاوزێکردن زۆر دەبێت، تەنیا نیوەی جینەکانی بۆ نەوەکانی دەگوێزێتەوە، کەچی ئەوانەی بە دابەشبوون، واتە بە خۆلەبەرگرتنەوە زۆر دەبن سەرلەبەری جینەکانیان دەگوێزرێنەوە. جگە لەمەش زاوزێکردن پێویستی هەم بە وزەیەکی زێدە، هەمیش بە کاتێکی درێژتر هەیە، وەک ئەوەی لە دابەشبوونی سادەدا دەکرێت. لێرەدا دەشێت چەند پرسیارێکی دیکە بکەین و بڵێین، ئەی ئەگەر وایە کردارێکی بێسوودی وا بۆچی هەیە، لەبەرچیش پەیڕەوکەرانی ئەم کردارە هێندە زۆرن و لە هەموو لایەکدا هەن، چ لە وشکانی بێت، یاخۆ لە دەریاکاندا؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە بە گوێرەی هەڵبژاردنی سروشتی کارێکی سانا نییە، بەتەواویش نازانرێت وردەزیندەوەرە تاکڕەگەزەکان، لەبەرچی وازیان لە شێوازی خۆلەبەرگرتنەوە هێناوە و پەنایان بردووەتە بەر زاوزێکردنێک کە پڕە لە گیروگرفت، چۆنیش گەیشتینە ئەو ئاستەی کە دوو ڕەگەز پەیدا ببێت، بەوەی هەریەکەیان خاوەنی کۆمەڵێک ئەندامی لە پێکهاتە و فرمانی جیاواز لەوەی دیکە بێت؟ لەگەڵ هەموو ئەمانەش زاناکانی پەرەسەندنی هاوچەرخ هەرگیز کۆڵیان نەداوە، بەردەوام لە پشکنین و تۆژینەوەدان بۆ دۆزینەوەی وەڵامی گونجاو بۆ ئەو جۆرە پرسیارانە.
سەرەتا پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە وەک، زایەند چییە و بۆچی پەیدا بووە، پێوەندیشی بە پەرەسەندنەوە چییە؟
پێش هەموو شتێک ئەو پرسیارەی کە دەڵێت، ئەگەر بوونی دوو ڕەگەزی لە مرۆڤدا شتێکی باش بێت، بۆچی تەنیا دوو ڕەگەز بوونیان هەیە و زیاتر نین؟ وەڵامەکەی بەوە دەدرێتەوە کە ئەمەیان بۆچوونێکی هەڵەیە، لەبەرئەوەی چەندان جۆرە زیندەوەر هەن، ژمارەی ڕەگەزەکانیان لە دوو دانە زیاترە. بۆ نموونە، جۆرە قارچکێک هەیە ڕەگەزەکانی لە سەد زیاترە، کرداری پیتاندنیشیان لەگەڵ یەکدیدا بەچاکی ڕوو دەدات.
وەڵامی ئەو پرسیارەش کە دەبێژێت، زایەند بۆچی هەیە؟ ئەوەیە کە ئێمە ئەگەر ڕووکەشانە لێی بڕوانین، زۆربەمان پێمان وایە، بوونی کرداری زایەندی لە پلەی یەکەمەوە بۆ نەوەنانەوەیە. بەڵام پێشتریش گوتمان کە هەندێک زیندەوەری وەک بەکتریاکان، بەبێ زایەند زۆر دەبن، ئاشکرایە کە ئەو زۆربوونەش بە دابەشبوون دەبێت و پێویستی بە بوونی نێرینە و مێیینە نییە.
لە لایەکی دیکەوە زایەندی تاکڕەگەزی، یان پەڕین و پیتاندنی خۆیەکی هەیە کە شێوازێکە بۆ زۆربوونێکی نازایەندی لە (مێیینە)دا، بەمەش بێچووەک دێتە بەرهەم و گەشە دەکات، بەبێ ئەوەی لەلایەن نێرینەوە هێلکەکان بپیتێنرێن. ئەم خۆپیتاندنە لە ژمارەیەکی زۆری ڕوەکە بچووکەکان و هەندێ نابڕبڕەداری وەک، مۆرانەی ئاویی، چەند جۆرە هەنگ و زەردەواڵە و دووپشکێکدا هەیە، لە بڕبڕەدارەکانیشی جۆری خشۆک و ماسی، بەدەگمەنیش لە باڵندە و کۆسەماسیدا دەبینرێن. هەندێ جار ئەوە تۆمار کراوە کە لە شوێنێکی تایبەتیدا کۆسەماسییەکی مێیینە بێچووێکی هێناوە، بەبێ ئەوەی لەوێدا هیچ کۆسەماسییەکی نێرینەی لێ بێت! هێلکەکانی مارمێلکەی کلک قامچی (کلکیان لە قامچی دەچێت)، پێویستییان بە پەڕین و پیتاندن نییە، لەلایەن نێرینکانەوە، چونکە ئەو هێلکانە خۆبەخۆ و بەئاسایی چەند جارێک دابەش دەبن، تا ئەوەی دەگەنە ئەو ڕادەیەی کە ئاوەلەمەیان لێ پەیدا ببێت، هەروەها ئەم مارمێلکانە تەنیا بێچووی مێیینە دادەنێن کە کتومت وەک دایکیانن.
تاکی دووڕەگەزیش تا ڕادەیەک نموونەیان هەیە لە جیهانی زیندەوەراندا، بەتایبەتیش لە کرمی زەوی و چەند زیندەوەرێکی بچووکی ئاوی کە هەر تاکێکیان دەتوانێت زاوزێ بکات، چ وەک مێیینە، یاخۆ نێرینەیەک، کەواتە هەریەکەیان پێویستیان بە تاکێکی دیکەیە بۆ پیتاندن، ئەمەش ئەو واتایە دەگەینێت کە هەریەک لەمانە هەم دەپیتێنێت، هەمیش دەپیتێنرێت! دەشبێت تاکێک لەمانە تەنیا وەک نێرینەیەک، یانیش تەنیا وەک مێیینەیەک خۆی بنوێنێت، جگە لەمانە چەندان نموونەی دیکە هەن بۆ تاکی دووڕەگەز. ڕێسایەکی باو هەیە لەناو زیندەوەراندا، بەوەی کە گەلێک جار ڕوەکێک، یان ئاژەڵێک گەر جووڵەی کەم بێت، یاخۆ چەسپاو بێت، ئەوا دووڕەگەز دەبێ، چونکە بۆی ناکرێت بەئاسانی بە ڕەگەزەکەی دی بگات، ئەمەش لە زۆر جۆری وەک، ئیسفەنج و مەرجان و چەندان زیندەوەری دیکەی دەریاییدا دەبینرێت.
بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەو شێوازانەی لێیان دواین لە زۆربوون و زاوزێکردن، هەرگیز مەبەستمان ئەوە نەبووە بڵێین، ئەو تاکانە هەڵگری هەردوو ئەندامی نێرینە و مێیینەن و دەتوانن خۆبەخۆ زاوزێ بکەن. چونکە بوونی دوو ئەندامی زاوزێی چالاک، پێویستی بە وزە و ئەرکێکی زۆرە، بۆیە ئەمەیان لە سروشتدا یەکجار کەمە، بگرە لە شیردەرەکان بە مرۆڤیشەوە، تا ئێستە نەبیستراوە تاکێک بەو شێوەیە هەبوو بێت. دەکرێ کەسێک هەردوو ئەندامی نێرینە و مێیینەی هەبێت، بەڵام بێگومان ناکرێت، ئەو دوو ئەندامە تەواو و کارا بن بۆ زاوزێکردن. ئەوەی شایەنی ئاماژەپێکردنە کە زاوزێکردن و نەوەنانەوە لە زیندەوەراندا، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە شێواز و هەڵسوکەوتی سەیروسەمەرە، ئەوانەی کە جێی سەرسڕمانن بۆ هەموو ئەوانەی لەو بوارانەدا کار دەکەن، یان تۆژینەوە ئەنجام دەدەن.
هەتا ئەمڕۆکە بەتەواوی ڕوون نەبووەتەوە کە چۆن ئەو دوو ڕەگەزە لە زۆربەی زیندەوەراندا پەیدا بووە، کەییش لە یەکدی جیابوونەتەوە؟ بەڵام هەرچۆنێکی بێت ئەوا لە ڕەوتی پەرەسەندندا، لە شوێنێک و جۆرێکی دیارکراودا ئەو شتە ڕووی داوە، بە نیازی نەوەنانەوە و درێژەدان بە مانەوەیان. چۆن توانی سروشت، یان هەڵبژاردنی سروشتی ڕەگەزێکی مێیینە لە تاکێکی جۆرە زیندەوەرێکدا بەبەرهەم بهێنێت و هێلکە دروست بکات، لەناوەوەشدا ئەم هێلکەیە خۆی ئەرکی بژیوی ئاوەلەمەکە بگرێتە ئەستۆی، هاوکات تاکێکی دیکە لە هەمان جۆردا بە پەرەسەندن ببێتە دروستکەری تۆماو، لە لایەکی دییەوەش هەریەکە لە هێلکە و تۆو، هەڵگری نیوەی کڕۆمۆسۆمی ئەو بوونەوەرە بن کە دێتە بەرهەم؟
بوونی زایەند نەک هەر شتێکی پێویست نییە، بگرە گرفتیش بۆ پەرەسەندنی جۆرەکان دێنێتە کایەوە، چونکە کرداری زایەندی شێوازێکی لەبار نییە، بۆ زۆربوون. مارمێلکە تاکڕەگەزەکان هەریەکەیان دەتوانێت مارمێلکەیەکی دیکە بهێنێت، کەچی ئەو جۆرانەی دوو ڕەگەزیان هەیە، تەنیا مێیینەکانیان دەتوانن ئەمە بکەن. گریمان هەردوو جۆرەکەمان لە ژینگەیەکی گونجاو دانا، دەبینین پاش ماوەیەکی کەم، ژمارەی جۆری تاکڕەگەزەکان پتر دەبن لە جۆری دووڕەگەزەکان. جگە لەمانەش زایەند کێبڕکێ، گەلێک جاریش شەڕی خوێناوی بەرپا دەکات لە نێوان نێرینەکان لەسەر مێیینەکاندا، بێگومان ئەو کردارانە پێویستیان بە وزەیەکی زۆر هەیە، ڕاستەوخۆش نێرینەکان بەرەوڕووی مەترسی لەناوچوون دەکاتەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانە وا پێ دەچێت کە زایەند هەر دەمێنێت، هیچ یەک لەو هۆکارانەی پەرەسەندنیش ناتوانێت بەئاسانی لای ببات.
لێرەدا بۆمان هەیە بپرسین، ئەی کەواتە هۆکار و سەرچاوەکانی هێز و سەرکەوتوویی زایەند لە زیندەوەراندا، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو لایەنە خەراپەی، لە کوێوە هاتوون؟
گرینگترین ئەو ڕاوبۆچوونەی کە چەندین بەڵگە و تۆژینەوەی زانستی پاڵپشتی لێ دەکەن، زۆربەی زاناکانی پەرەسەندنیش لەگەڵیدا هاودەنگن، ئەوەیە کە زۆربوون بە کرداری زایەندی، باشترین بەرگرییە بەرانبەر بەو هەڕەشانەی کە خێرا تەشەنە دەکەن و دەبنە جێی مەترسی و هۆکاری لەناوچوونی سەرلەبەری جۆرێک لە جۆرەکانی زیندەوەران. ئەمەش واتاکەی ئەوەیە، زۆربوون لەڕێی زایەندییەوە، هەمەجۆرییەکی جینەکی فراوان دێنێتە ئاراوە زۆر چاکتر و لەبارترە لە شێوازی خۆلەبەرگرتنەوە، ئەوەی کە هەمان جینی هاوشێوە دووبارە و چەندبارە دەبنەوە لە سەرهەڵدانەوەیاندا. هەموو ئەو خۆلەبەرگرەوانە بەئاسانی و خێرایی دووچاری هەمان مەترسی لەناوچوون و بنەبڕبوونەوە دەبن، لە کاتێدا گەر تووشی نەخۆشییەک ببن، یاخۆ گۆڕانێکی مەزنی سروشتی، یان ژینگەیی بەسەر ئەو شوێنانەدا بێت کە تێدا دەژین. بەمەش نهێنی مانەوە و بەردەوامبوونی کرداری زایەندی زیاتر ئاشکرا دەبێتەوە، بەوەی کە هۆکارێکی گرینگی بەرگریکردنی زیندەوەرانە، بەرانبەر بە هەڕەشەی بەردەوامی ئەو نەخۆشیانەی کە زۆربەی زیندەوەران دووچاری دەبن، لەڕێی چەندان جۆرە بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرە زیاندەرەکانەوە.
بۆ ڕوونکردنەوەی پتری ئەو بابەتە، وامان دانا کە جۆرە ماسییەکی تاکڕەگەز، واتە ئەوانەی کە بەبێ بوونی ڕەگەزێکی دیکە زۆر دەبن، لە دەریاچەیەکی گەلێک بچووک و سنوورداردا دەژین. ئاشکرایە کە هەموو ئەو ماسییانە لە گشت پێکهاتەیەکیاندا پڕاوپڕ وەک دایکیانن (باوکیان)، یەک شێوە، یەک تایبەتمەندی جینەکی، سەرباری ئەوانە هەمان تواناکانی بەرگریکردنیان هەیە، بەرابنەر بە نەخۆشییەکان و مشەخۆرەکان. گریمان ئەو دەریاچەیە دووچاری هێڕشی جۆرە میکرۆبێکی کوشندە بووەوە کە خێرایی زۆربوونیان یەکجار زێدەترە لە هی ماسییەکان. لێرەدا ڕووبەڕووی دوو بەرەنجام دەبینەوە، یەکەمیان ئەوەیە: کە هەر هەموو ماسییەکان لەناو دەچن، دووەمیش: ئەگەر توانای بەرگریکردنیان لەو جۆرە میکرۆبە هەبێت، ئەوا هەر هەموویان ڕزگاریان دەبێت، چونکە بڕی ئەو بەرگریکردنە لای گشتیان لە یەک ئاستدایە. بەڵام لەبەرئەوەی کە بەکتریا و ڤایرۆسەکان لە پەرەسەندن و گۆڕینی پێکهاتەی جینەکی و یەکە بۆماوەیییەکانیاندا زۆر خێران، تاکو بتوانن زیاترین سوود لە نێچیرەکانیان وەربگرن. بۆیە دەبینین کە لەناوچوونی ئەو ماسییانە تەنیا کاتێکی دیارکراوی کورتی دەوێت، تا ئەو دەمەی جۆرە میکرۆب، یان ڤایرۆسێک کە بەرگرییان لێی نییە، بێت و هێرش بکاتە سەریان و سەرلەبەریان لەناو ببات.
کەواتە بوونی زایەند بۆ ئەو ماسییانە تایبەتمەندییەکی گەلێک سوودمەندە، لەبەرئەوەی هەر زایەندە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی جینەکانی دوو ڕەگەز کە لە ئەنجامدا چەند نەوەیەک دێنە بەرهەم، لە چەندان ڕووەوە لەگەڵ پێشینەکانیاندا جیاواز بن. ئەو جیاوازییانە وا لە هەندێکیان دەکات کە هەرچەندە ژمارەشیان کەم بێت، بەرگری بکەن بەرانبەر بەو میکرۆب و ڤایرۆسانە، لەو کاتەی کە ئەوانەی دیکە لەناو دەچن، ئەمانە بمێننەوە، پاشان بەرەبەرە بە زاوزێکردن زۆر ببنەوە، بەمەش جۆرەکەیان بپارێزرێت و ژیانیان بەردەوام بێت.
ڕۆیین و بڵاوبوونەوەی جینەکان
ڕۆیینی جینەکان (Genetic flow)، گواستنە‌وە‌ جینە‌کییەکان لە‌ کۆمە‌ڵە‌یە‌ک بۆ یە‌کێکی دیکە و سە‌رهە‌ڵدانە‌وە‌ و بڵاوبوونە‌وە‌یان دە‌گە‌یە‌نێت، ئەمەش پاشان دە‌بێتە‌ هۆی دە‌رکە‌وتن و خستنە‌پاڵی تایبەتمەندی نوێ بۆ جۆرە‌کان. جووڵە و ڕۆیینی جینە‌کان چە‌ندان دیاردە‌ی جیاجیا دە‌گرێتە‌وە، وەک گواستنەوەی تۆو و هە‌ڵاڵە‌ی هەندێ جۆرە‌ ڕوە‌ک لەڕێی ئاو، با، ‌یان ئاژەڵان و باڵندە و هەندێک جۆرە مێروو، بۆ جێیە‌‌ک کە پێشتر ئە‌و چە‌شنە‌ جینە‌یان لێ نە‌بووە.‌ مرۆڤیش کاتێک تۆوی ڕوە‌ک، یان جۆرە‌ ئاژەڵێک، بۆ دەڤەر و وڵاتان دەگوێزێتەوە کە دەبێتە هۆی زێدەبوونی هەمەجۆری، هەر بە‌ ڕۆیینی جینە‌کان هەژمار دەکرێن.
ڕێژە‌ و قە‌وارە‌ی ڕۆیینی جینە‌کان لە‌ جۆرەکانی زیندەوەراندا جیاجیان، جیاوازی نێوان ئاژەڵ و ڕوەک لەوەدا دەبینرێ کە ئاژەڵەکان دێن و دەچەن، بۆیە لایان زەمینە پتر دەڕەخسێ تا کۆچ بکەن و جینەکانیان بڵاو ببێتەوە. ئەمانە لە توانی کۆچکردندا لەگەڵ یەکدیدا جیاوازن، هەندێک جۆرە باڵندە دەتوانن لە کاتی فڕینیاندا هەزاران کیلۆمەتر ببڕن. ئەم جیاوازییە لە جۆرەکانی ڕوەکیشدا هەیە، وەک تۆوە‌کانی گە‌نمە‌شامی کە لەڕێی باوە‌ بۆ جێیەکی نێزیک (٥٠ مە‌تر) دە‌گواسترێنە‌وە،‌ کەچی تۆوی هەندێ ڕوە‌کی دیکە لەڕێی مێرووە‌کانەوە، ڕەنگە‌ بۆ شوێنێکی ١٥ کیلۆمەتری و بەهۆی باوەوەش زۆر دوورتر بڕۆن.
ئەو بەربەستانەی لەڕێی بڵاوبوونەوە و ڕۆیینی جینەکاندا هەن زۆربەیان سروشتین، بۆ نموونە، بوونی چیاکان، دەریاکان و بیابانە بەرفرەوانەکان، هەندێکیش دەسکردی مرۆڤن وەک، بوونی ئاوەدانی و سنووری وڵاتان، هەروەها بەنداو و چەندان دروستکراوەی دیکە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش مەرج نییە، گشت بەربەستەکان لەوانە بن کە دەستنیشانمان کردن، لەبەرئەوەی گەلێک جۆر لە زیندەوەران هەن کە لە هەمان ژینگەدا دەژین، کەچی ڕۆیینی جینەکان لە نێوانیاندا، لەبەر بوونی پیتاندن و زاوزێکردنە سنووردارەکان بەکەمی دەبێت، یان ئەگەر بشبێت ئەوا نەوەیەکی نەزۆک، یاخۆ بێچووەک دێتە بەرهەم کە نەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژیاندا بمێنێتەوە.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدەین، ڕۆیینی جینە‌کان کاریگە‌ری دوولانە‌ی هە‌یە‌ بۆ پە‌رە‌سە‌ندن. دەرکەوتنی جینێکی چەشنی نوێ لە کۆمەڵەی جۆرێک کە تاکەکانی لە یەک شوێندا دەژین، دە‌بێتە‌ هۆی زێدە‌بوونی جۆراوجۆری جینەکی، بە‌ڵام ‌گواستنە‌وە‌ی‌ ئەو چەشنە جینانە‌ بۆ کۆمە‌ڵە‌یە‌کی دی سەربە هەمان جۆر کە لە شوێنێکی دیکەدا دەژین، دە‌بێتە‌ هۆی کە‌مبوونە‌وە‌ی جیاوازی جینەکی و بڵاوبوونە‌وە‌ی نیشانەی هاوبە‌ش لە نێوانیاندا، ئەمەش لە ئەنجامدا دە‌بێتە‌ ڕێگر بۆ جۆراوجۆری جینەکی. کە‌واتە‌ هە‌رچە‌ندە‌ ڕۆیینی جینەکان لە‌ کۆمە‌ڵە‌کانی دوور لە یەکدی کە‌متر بێت، ئەگەری پە‌یدابوونی جۆری نوێ پتر دە‌بێت.
ڕاماڵینی جینەکی
ڕاماڵینی جینەکی (Genetic drift)، یان لادانی بۆماوە‌یی میکانیزمێکی گرینگ و بەهێزی پە‌رە‌سە‌ندنە، لە‌گە‌ڵ هەڵبژاردنی سروشتی، هەندێ جاریش بەجیا لێی، کرداری گۆڕینی نیشانە و تایبە‌تمە‌ندییە‌کان لە جۆری زیندەوەراندا بەئەنجام دەگەینێت.
ڕاماڵینی جینەکی بریتییە لە: گۆڕانێکی ڕە‌مە‌کی لە‌ چە‌ندجارە‌بوونە‌وە‌ی دە‌رکە‌وتنی ئە‌لیلە‌کان، واتە هە‌موو ئە‌و گۆڕانانە‌ی بە‌ڕێکە‌وت دێنە‌ کایە‌وە بە‌ ڕاماڵینی جینەکی دادە‌نرێن، ئە‌مە‌ش لە‌ هە‌موو کۆمە‌ڵە‌ و جۆرێکدا هە‌یە، هیچ بە‌ربە‌ستێکیش نییە‌، لەڕێی هۆکاری ڕێکە‌وت لە‌م بوارە‌دا. ئەم میکانیزمە بە کارتێکردنی لەسە‌ر پێکهاتە‌ی بۆماوە‌یی لە کۆمە‌ڵە‌کاندا، بە تێپەڕبوونی کات، هەمان بەرەنجامی ‌هەڵبژاردنی سروشتی بەدەستەوە دەدات، بەڵام جیاوازییان لەوەیە کە ڕاماڵینی جینەکی بە شێوازێکی دی کارەکانی بەڕێوە دەبات. ڕاماڵینی جینەکی بەڕێکەوت و بەبێ بوونی هۆکارێکی دیارکراو تاکەکان دەهێڵێتەوە،‌ نە‌‌ک وەک هەڵبژاردنی سروشتی لەبەرئەوەی گونجاوتر، یان چاکتر بن لە‌وانی دی. لێرەدا جیاوازییەکی دیکە لە نێوانیاندا هەیە ئەوەیە کە ڕاماڵینی جینەکی، تە‌نیا لە‌ کۆمە‌ڵە‌ بچووک و سنووردارەکان کاریگەریەتییەکەی بە‌دی دە‌کرێت.
کرداری ڕاماڵینی جینەکی بە‌پێی یاساکانی شیمانە‌ی ئە‌گە‌رە‌کان(Probability theory)، لە زانستی ئاماردا بە‌ڕێوە ‌دە‌چێت، ئەویش بەگوێرەی یەکێک لەم یاسایانە کە پێی دەگوترێت (یاسای ژمارە گەورەکان). واتای ئەم یاسایە ئەوەیە، لە‌کاتی وە‌رگرتنی نموونە‌یە‌کی بچووک، بۆ سە‌لماندنی ڕێژە‌ی دە‌رکە‌وتنی ئە‌و ڕووداوانە‌ی لە‌ ئە‌گە‌ری دە‌رکە‌وتندا (پلەی شیان) یە‌کسانن، زۆربە‌ی جار بە‌ ژمارە‌یە‌کی یە‌کسان دە‌رناکە‌ون. بۆ ڕوونکردنە‌وە‌ی زیاتر نموونە‌یە‌ک دێنینە‌وە:‌ ئە‌گە‌ر دراوێکی کانزاییمان جارێک هە‌ڵدا، دەبێت بزانین کە ئە‌گە‌ری دە‌رکە‌وتنی هە‌ریە‌کە‌ لە‌ وێنە‌، یان نووسین لە سەدا پەنجایە (١/٢)،‌ بەڵام لەگەڵ ئەوەش بە هە‌ڵدانی ئە‌و دراوە‌ ١٠ جار، چاوە‌ڕوان ناکرێت، بە‌ڕێکی ٥ جار وێنە‌، ٥ جاریش نووسین دە‌رکە‌ون، بگرە لە‌وانە‌یە‌ بە‌ ڕێژە‌ی ٦:٤، یان ٧:٣، یاخۆ هە‌ر ڕێژە‌یە‌کی دیکە بێت، مەبەست ئەوەیە کە ئە‌گە‌ری دە‌رکە‌وتنیان بە‌نایە‌کسانی پترە. بە‌ڵام بە ‌هە‌ڵدانی ئە‌و دراوە‌ ١٠ هەزار، یان ١٠٠ هەزار جار، دەبینین ژمارە‌ی دە‌رکە‌وتنی وێنە‌ و نووسین زۆر لە یەکدی نێزیک دە‌بنەوە، بە‌مە‌ش دە‌گە‌ینە‌ ئە‌و بەرەنجامە‌ی کە چە‌ندە ژمارە‌ی هە‌ڵدانە‌کانمان پتر بن، ڕێژە‌ی دە‌رکە‌وتنیان لە یەکدی نێزیکتر دە‌بێتەوە.
بە پێڕەوکردنی ئەم بنەمایە لەسەر زیندەوەران دەبینین‌، لە‌کاتی کۆچکردنی چە‌ند تاکێک لە‌ کۆمە‌ڵە‌یە‌کی مە‌زن، بۆ پێکە‌وە‌نانی کۆمە‌ڵە‌یە‌کی بچووک و سنوورداری نوێ لە‌شوێنێکی دی، دە‌بێتە‌ هۆی بڵاوبوونە‌وە‌ی چە‌ند چە‌شنە‌ ئە‌لیلێک کە ڕێژە‌ی دە‌رکە‌وتنیان جیاواز بێت لە‌گە‌ڵ کۆمە‌ڵە‌کە‌ی پێشوو، واتە بوونی چە‌شنە‌ ئە‌لیلێکی تایبە‌تی لە‌ کۆمە‌ڵە‌ نوێیەکەدا، هیچ پێوە‌ندی بە‌ چاکی و خراپی ئە‌و ئە‌لیلە‌وە نییە.
بۆ تێگەیشتنی زێتر، با بێین ئە‌م دیاردە‌یە‌ لە‌سە‌ر کۆمە‌ڵەیەک لە‌ زیندە‌وە‌ری وەک قالۆنچە‌ پیادە‌ بکە‌ین: گریمان ژمارە‌یە‌کی زۆر لە‌م جۆرە‌ لە ‌شوێنێکدا دە‌ژین و دوو ڕە‌نگی جیاوازیان هە‌یە‌ (قاویی و کەسک)، هەروەها وا دابنێین چە‌ند دانە‌یە‌ک لە هەردوو ڕە‌نگ بە‌یە‌کسانی کۆچیان کرد بۆ شوێنێکی دیکە (هەرچەندە ئەمە دەگمەنە)، لە‌وێشدا کۆمە‌ڵە‌یە‌کی نوێیان پێک هێنا. دیارە‌ لە هەر نەوە و پشتگەلێکدا وا ڕێک دە‌کە‌وێت، چە‌ند تاکێک نە‌وە‌ی زۆرتر بنێنە‌وە‌ لە هەندێکی دی. با بڵێین لە نەوەیەکدا دوو قالۆنچە‌ی قاوە‌یی ڕە‌نگ زاوزێیان کرد، چوار بێچووی قاوە‌یییان لێ کەوتەوە، پاشان ئە‌و بێچووانە‌ گە‌شە‌یان کرد، توانیان چە‌ند بێچووە‌کی دیکە بهێنن. لە هەمان کاتدا چە‌ند دانە‌یە‌ک لە‌ قالۆنچە‌ کەسکەکان‌ پێش ئە‌وە‌ی وە‌چە‌ بهێنن، بە‌ ڕێکە‌وت، یان بە هەر ڕووداوێک بێت لە‌ناو چوون، بەمەش لە‌ بەرەی داهاتوودا، ژمارە‌ی قاوە‌یییە‌کان بە‌ بە‌راوردکردن لە‌گە‌ڵ بەرەی یە‌کە‌م پتر دە‌بێت، پاشان ئە‌گە‌ر ئە‌و کردارە‌ دیسانەوە هەر لەخۆوە چە‌ندجارە‌ ببێتە‌وە‌، لە‌وانە‌یە‌ ببێتە‌ هۆی نە‌مانی یە‌کجارە‌کی قالۆنچە‌ی کەسک. بەڵام ئاشکرایە کە لە‌ کۆمە‌ڵە‌ گە‌ورە‌کەدا (کۆمە‌ڵە‌ی بنەڕەتی)، ژمارە‌ی قاوە‌یییە‌کان و کەسکەکان هێندە زۆرن کە بنە‌بڕبوونی سەرلەبەری ڕە‌نگێک، کارێکی ئاسان نەبێت. ئەمەشە مەبەستمان لەوەی کە گوتمان، ڕاماڵینی جینەکی زیاتر لە‌ کۆمە‌ڵە‌ بچووکەکاندا کارا دەبێت.
ئەوەی شایەنی گوتنە، کەمبوونەوەی تاکی جۆرەکان سنووری هەیە، بەوەی دەگاتە ڕادەیەک کە مانەوەی چەند تاکێک بۆ زۆربوونی ژمارەی ئەو جۆرە جارێکی دیکە زۆر سەخت دەبێت، ئەویش لەسەر بنچینەی ئەو بنەمایەیە کە لە زیندەوەرزانیدا پێی دەڵێن، باری ملەبوتڵی کۆمەڵەی جۆرەکان (Bottleneck of population). ئەمە کاتێک پەیدا دەبێ کە ژمارەی تاکەکانی جۆرێک لە زیندەوەران هێندە کەم دەبێتەوە، تا دەگاتە لێواری بنەبڕبوون. هۆکارەکانی هاتنەکایەی ئەم دیاردەیە زۆرن وەک: کارەساتە سروشتییەکان، ڕاوکردنی تەواوی تاکەکانی جۆرێک، لەناوبردنی شوێن و زێدی زیندەوەران و چەندانی ڕووداوی دیکە.
ئەو جۆرەی کە بە باری ملەبوتڵی کۆمەڵەکان تێ دەپەڕێت، هەمەجۆری جینەکی تێدا زۆر کەم دەبێ، ئەمەش هاوکات دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەلیلەکان (جیاوازبوونی بۆماوەیی). بوونی ئەم بڕە کەمەی جیاوازییە بۆماوەیییەکان، دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ ئەو تاکانەی کە ماونەتەوە، بەوەی کە هەستیارییان گەلێک بەهێز دەبێ بەرانبەر بە هەر گۆڕانێک کە بەسەر ناوچەکەیاندا بێت، زۆر نێزیکیان دەکاتەوە لە سنووری لەناوچوونی یەکجارەکی. بەڵام ئەوەی لێردا گرینگە بیزانین، بزربوونی جیاوازییە بۆماوەیییەکان وا لە کۆمەڵە بچووکە دابڕاوەکان دەکات، لە ڕووی بۆماوەیییەوە لە کۆمەڵە بنەڕەتییەکەیان جیاواز بن، ئەمە دوا جار بەرەو ئەو گریمانەیەمان دەبات کە بڵێین، دەشێ باری ملەبوتڵی کۆمەڵەی جۆرەکان ببێتە هۆکاری پەیدابوونی جۆرێکی نوێ لە زیندەوەران، بێگومان ئەمەش ئەو کاتە ڕوو دەدات، گەر ئەو کۆمەڵە بچووکە بمێنێتەوە و بنەبڕ نەبێت.
یەکێک لە باوترین نموونەکانی باری ملەبوتڵی کۆمەڵەی جۆرەکان ئەوەیە، کاتێک جۆرە ئاژەڵێک لە لێواری بنەبڕبووندایە، هەوڵ دەدرێت لەسەر دەستی زاناکان، ژمارەی تاکەکانیان جارێکی دیکە پتر بکرێتەوە. لێرەدا دەبینین هەرچەندە زاناکان لە هەوڵەکانیاندا گەر سەرکەوتووش بن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو جۆرە جیاوازییە بۆماوەیییەکەی لەدەست داوە، زێدە هەستیارییەکەشی وای لێ دەکات، بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک، یاخۆ هەر گۆڕانێکی ژینگە ئەگەر بچووکیش بێ، ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی بنەبڕبوونی. بۆیەش ڕزگارکردنی ئەو ئاژەڵانەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوونن کارێکی یەکجار سەختە، هەتا ئەگەر ژمارەشیان پتر بکرێتەوە. بۆ نموونە: کەڵەگای ئەمریکی (بیسۆن)، فیلی دەریایی وچەندان ئاژەڵی دیکە.
کاریگە‌رییە‌کانی ڕاماڵینی جینەکی بەکورتی لە سێ شێوازدا بەدەردەکەوێت:
- لە‌ کۆمە‌ڵە‌ گە‌ورە‌کاندا دە‌بێتە‌ هۆی کە‌مکردنە‌وە‌ی جۆراوجۆری جینەکی، بە‌مە‌ش توانی پە‌رە‌سە‌ندن کەم دەبێتەوە.
- کارێکی بنە‌ڕە‌تی‌ و خێرا دە‌کاتە‌ سە‌ر کۆمە‌ڵە‌ بچووکە‌کان، بە‌تایبە‌تی ئە‌وانە‌ی لە‌ بنە‌بڕی نێزیک بوونە‌تە‌وە.‌ بەوەی ئە‌گە‌ر ژینگە گۆڕانی بە‌سە‌ردا هات‌، ئەوا ئەو کۆمەڵە بچووکە ڕاستەوخۆ دووچاری لە‌ناوچوونی یە‌کجارە‌کی دە‌بێتەوە.
- دە‌بێتە‌ هۆی زێدە‌کردنی جیاوازییە‌کانی‌ نێوان جۆرە‌کان، کاتێک کۆمە‌ڵە‌یە‌کی بچووک جیا دە‌بێتە‌وە‌ و دوورەپارێز دەبێت لە‌ کۆمە‌ڵە‌ گشتییەکەی.
---------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە