شۆڕش ئەگەر وانەبێ، نەیکەی باشترە

Tuesday, 05/03/2019, 0:18

13123 بینراوە


 The new international academy، یان ئەکادیمیای نوێی نێونەتەوەیی ، ئەمە ئەو فێرگەیەیە لە ڕۆژئاڤا کوردان دایان مەزراندوە و خەڵکی شۆڕشگێڕ لە هەموو گێتیەوە ڕووی تێئەکا. شۆڕشی ڕۆژئاڤا کە لە ساڵی ٢٠١١ یەکەمین چەخماخەی بەڕووی هێزەکانی سووریادا هەڵکرد لەبەرئەوەی خاوەنی ئایدیایەکی –ئاپۆیی- ڕوون بوون، باوەڕیان بە کوڕ و کچانی خۆیان هەبوو ، پشتیان تەنها بەهێزی گەلی خۆیان بەستبوو، ئێدی توانیان سەرکەوتن دوای سەرکەوتن بکەنە بنەماکانی شۆڕشی ڕۆژئاڤا.
دیارە ئەم شۆڕشە بەچەندین بەربەست و بەرز و نشێوی تێپەڕی و دواتر هەمویانی بەزاند. ئەزموونی باشوور و پارت و بنەماڵەکانی باشوور وویستیان شەڕی ناوخۆ لەوێش دروست بکەن و پارتی بەناو سیاسیان بۆ دروست کرد کە مەقاشی دەستی تورکان بوون.، لێ ئەمان گەلێ ووشیارتر بوون و نەیانهێشت ئەو هەوڵ و پیلانانە لەوێ جێ پێی خۆی قایم بکا. مەسعودی گەورە جاش و خائین هەروەك نەریتی باوك و باپیرانی بەم کارە هەڵسا و –ئەنەکەسە-ی بۆ ‌قووت کردنەوە و پڕ چەکی کردن و ناردنی بۆ ئەوێ و خۆشبەختانە ئەم هەوڵە نەزۆکەی هەر زوو لەگۆڕنرا.

لە ئیسپانیا ساڵی ١٩٣٦ شۆڕشێکی هاوشێوەی ڕۆژئاڤا دروست کرا کە بەداخەوە تەمەنی تەنها ١٠ مانگی خایاند و کپ کرایەوە، هەنووکە لە سووریا ئەم شۆڕشە کە هەمان ئایدیای هەڵگرتوە بەردەوامە و سۆشیالزم و خۆسەری سیستمێکی وای بنیات ناوە کە هەموو گروپ و ئایینە جیاوازەکان و نەتەوەکانی لەخۆگرتوە  و بەشێوەیەکی بازنەیی ئەسوڕێ و هەل و بەرژەوەندی گشتی تیایدا پاریزراوە. ئەم جۆرە پێکەوە لە ژیان وای کردوە ببێتە نمونەیەك سەرسامی گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوەتا ئەم شۆڕشە لە هەموو جیهانەوە خەڵکی بەهەردوو ڕەگەزەکەوە تێی ئاڵاون و خەباتی خۆیان گەشە پێ ئەدەن.

شۆڕشی ڕۆژئاڤا؛ بەکورتی ئەوانەی لەم ئەکادیمیایە بەشدار ئەبن ئەبێ پابەندی چەند یاسا و ڕێسایەك بن بۆ ئەوەی بتوانن لەوێ خەبات بکەن، لەوانەش:

یەکەم : دیسپلین، واتە جۆرێك لە ڕێز وەیان پەیڕەوی کردنی ئامانجەکانی شۆڕش.
دووەم: وەرزش، ئەوانەی لەم ئەکادیمیایەن ئەبێ بەردەوام وەرزش بکەن و توانای جەستەیی خۆیان بەهێز بکەن.
سێیەم: فێری بوونی زمانی کوردی –دیالێکتی کرمانجی- ئامانج لەمەش زیاتر تێگەشتن لە کلتووری ناوچەکە و دروست کردنی متمانە.
چوارەم: بەشداری کردن لە بە- سەوز کردن –ی ڕۆژئاڤا و چاندنی ئەو ڕوەکانەی ڕۆژانە ئەخورێن، بەمەش جۆرێك لە پشبەست بە خۆو پەنا نەبردن بۆ کڕینی شمەك لە شوێنی تر.
پێنجەم:cross training وەیان ئەوەی پێی ئەوترێ چۆنێتی فێربوونی چەندین بواری جیاواز.
شەشەم: ئاکار و ڕەفتار، کەسی شۆڕشگێر پێش ئەوەی شەڕڤانێکی باش بێت، ئەبێ خاوەن ڕەفتارێکی گونجاو بێ. دەست و دەم و داوێن پاك.
حەوتەم: گرنگترین خاڵ کە فێرکەر لەم ئەکادیمیایە فێر ئەبێ، دوور کەوتنەوەیە لە سزا ئەوەش کار لەسەر ئەوە بکەن چۆن هەڵە ڕوونەدا و لە ڕێگای هاریکاری و گفتوگۆ و دایەلۆگی بەردەوامەوە ووشیار بکرێنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە