ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە پلانی "قەرارگەی نصر" بوو لە ١٩٩٠؟! ئەوەی لەوە زیاتر بڵێت شەکری شکاندوە و دڕۆ دەکات؟

Wednesday, 06/03/2019, 6:06

21636 بینراوە


تێبینی کوردستانپۆست: ئەم نووسینە نوێژەنکراوەتەوە، ئەویش دوای ئەوەی کە هەندێک کەس پێیان وابوو، ئەم قسانەی ئاشتی خان بێبەڵگەیە، لە خوارەوە وشە رەنگکراوەکان ئاماژەیە بە سەرچاوەی ئەو بابەتانە، کە وەکو بەڵگە ئاشتی خان دایناوە. هەروەها هەندێک بەڵگەی دیکەش هەن کە هەموو بەرپرسەکان لە یادەوەرییەکانی خۆیاندا ددانیان پێداناوە. پێویستە ئەوانەی خەمی مێژوو دەخۆن و دەیانەوێت بە راستیی بنووسرێتەوە، دەبێت بەدوای بەڵگەکاندا بگەڕێت.
---------------------------------
 یادی ڕاپەڕین وەک هەر بابەتێکی دیی، کراوە بە ئامرازێک بۆ پێکانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکان، چی ئەوانەی دەیانەوێت لە مێژوودا بە سەرکەوتنی خۆیانی تۆماری بکەن، چی ئەوانەی دەیانەوێت ببن بە دەم ڕاست، بە شان و باڵی سەرانی پارتەکانی باشوور هەڵبدەن و بیانبەت بۆ تەشقی ئاسمان، بە مەبەستی پۆست بەدەستهێنان، پارە و خۆدەرخستن.
 میدیای  پارتەکان و سێبەرەکانیان و کەسانی سەر بە ئەوان، چەند ڕۆژێکە وەک پێشەی هەمیشەیان دەستیان کردوە بە مێژوو تەزویر کردن، کە ئەمە لە زیان بەولاوە هیج شتێک بە گەلەکەمان نابەخشێت. لە مێژوودا زۆرن ئەو دەسەڵاتدارانەی کە هەڵیانکوتاوەتە سەر میللەتان و ئەرز و خاکیان داگیرکردون، لە یەکەم هەنگاودا بۆ ئەوەی مێژووشیان داگیربکەن پەڕتوک و نووسراوی ئەو میللەتانەیان سوتاندوە، بەڵام لە نێو کورددا، سەرانی پارتەکان ئەو مێژووەیان شێواندوە، بە دەستی خۆیان هەرچی لە بەرژەوەندییان بووە لە مێژوودا تۆماریان کردوە. ڕاپەڕینی کوردستان و عیراق لە ساڵی ١٩٩٠دا لەسەر خوانی سوپای پاسەداران لە شاری کرمەشان نەخشەی کێشرا، ئەو کات هێزە کوردیەکان زۆربەیان لە سەنگەری ئیراندا بوون کە ئەمریکا بە دڵی نەبوو، لە ئاکامدا ئەمریکا پشتی لە ڕاپەرینەکە کرد و شکەستی هێنا و کۆڕەوی بەسەردا هات ئینجا ئەمریکا پستیوانی لە کوردی باشووری دەربەدەر کرد.
************************************

قاسمەڕەش، دامەزراندنی بنکەیەکی ڕەمزی بە ڕێنمایی سوپای پاسداران ١٩٨٩
سوپای پاسداران و ئیتیلاعات، لە کۆی ڕووداوەکان، چارەنووسی نەتەوەیی کورد، چارەنووسی هێزە کوردییەکان لە ١٩٨٥ تا دوای شاڵاوی ئەنفال و ڕاپەرین و کۆڕەوی  ١٩٩١بڕیار بەدەست بوون. لەو ماوە مێژوویە دیاریکراوەدا، فەرماندەی سوپای پاسداران و ئیتیلاعات، بە هاوکاری سەرانی پارتە خۆفڕۆشەکان، ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە بە فەتارەتدانی کوردی باشوور فەرەیدون عەبدولقادر لە هەڵۆسورەکانی قەندیل لاپەرە ٥٧٧دا دەنووسێت ( داوامان لە ئێران کرد کە دەورەی مەشق بۆ فەرماندەکانمان بکاتەوە). ئیران مێژوویەکی درێژی لە بەڕیوەبردنی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەت هەیە. لە ناوەوە و لە دەرەوە خاوەن سوپا و هێزی هەواڵگریی بەهێزی مەزەهەبی و نەتەوەیە. خاوەن ڕاوێژکار و خەڵکی بە ئەزموونە لە بەرێوەبردنی حکومەت، داگیرکردنی خاک و ژێردەستکردنی نەتەوەی دیی، یاریکردن بە چارەنووسی میللەتان، لە رێگەی لغاو کردنی سەرکردەکانیان! 

ڕاگرتنی شەڕی عیراق و ئیران کۆتایی بە دوژمنایەتی نێوانیان نەهێنا. لە نێوان ١٩٨٨ تا ١٩٩١، ئیران خوێندنەوەی بۆ ڕووداوە داهاتووەکانی عیراق و ناوچەکە، سروشت و کەسایەتیی سەدام هەبوو. دوای شاڵاوی ئەنفال، سوپای عیراق کۆنتڕۆڵی تەواوی باشووری کرد. ئیران بە مەرجی ملکەچکردن بۆ داواکانی کۆماری ئیسلامیی، جێبەجێکردنی ئەجێندای سوپای پاسداران، ڕێگەی بە سەرانی یەکێتی و پارتی و حسک و پارتە ئیسلامیەکان دا لەسەر سنوور بنکە دابمەزرێنن. وتارەکەی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ڕاگەیاندنی ئاشبەتاڵ و پەرتەوازەکردنی هێزی پێشمەرگە، بەشێک بوو لە (ئەجێندا)ی سوپای پاسداران، کە یەکێتی دەبوایە لە قۆناغی داهاتوودا، بۆ پێکانی مەرامە سیاسیی و سەربازییەکانی ئیران، هێزێکی سەربازی پێکهاتوو لە گەنجی سەڵت و نەوەی نوێ پێکبهێنێت. 
ئەو نەوەیەی کە لە نێوان ١٩٧٦ دا تا ١٩٨٨ سووتەمەنی و ئامرازی دەستی سەرانی یەکێتی بوون، لە ١٩٨٨دا لە ڕووی تەمەن و ئەزموونی سیاسی و پێشمەرگایەتی، بەرەو کامڵ بوون چووبوون، توانای بەدەنییان بۆ کاری سەربازی وەک جاران نەمابوو. چاوەڕوانی ئەوەیان لێنەدەکرا کە وەک جاران متمانە بە سەرکردەکان بکەن و گوێڕایەڵیان بن. ئەمە فاکتەرێکی گرنگبوو کە سەرانی یەکێتی هەوڵیاندا ئەو نەوەیە فەڕامۆش بکەن، ڕوو لە نەوەی تازە بکەن، کە نە لە ڕووی تەمەنەوە نە لە ڕووی ئەزموونی سیاسی و فکری و پێشمەرگایەتی کامل بوون، دەیانتوانی بە ئاسانی وەک ئامرازێک بەکاریانبهێنن، وەک چۆن نەوەکانی پێش ئەوانیان بەکارهێنابوو! ئەزموون و کولتووری یەکێتی بە درێژای مێژووی تەمەنی تا ئەمڕۆ کە ٢٠١٧یە ئەو ڕاستیەی سەلماندوە، نمونە لە نیو یەکێتیدا لە ئاست ناوەندی بڕیار داندا تا ئەمڕۆ هەمان ئەو کەسانەن کە لە ١٩٧٦وە لەسەرکردایەتی بوون. لە نیو بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاست ناوەندی بڕیاردان دا تا ئەمڕۆ هەر ئەو کۆنە یەکەتیانەن کە لە هەفتاکان و هەشتاکاندا لە مەیدانەکە بوون، بەڵام جەماوەرەیی هەر دوو پارت لە ئاست خوارەوەدا هەمان جەماوەریی جاران نییە. 
 لە زۆربەی دۆکیومێنتی یەکێتی و بیرەوەرییەکانی سەرانی یەکێتی کە بۆ مێژوو نووسراون، بە تایبەتی فەرەیدون عەبدولقادر، ئاماژە بەوە دەدەن، کە سەرانی یەکێتی لە ١٩٨٩ تا ١٩٩١ لە گوندی قاسمەڕەشی سەر سنوور درێژەیان بە خەباتی چەکداری داوە و بە بارودۆخی ناهەموار ڕەتبوون! گومانی تێیدا نییە ئەو جۆرە تۆمارکردنە لە دڕۆ بەو لاوە هیچی دیی نییە. ڕاستە بنکەیەکی یەکێتی لە قاسمەڕەش دامەزرا، بەڵام لە ئاست خوارەوەدا پێشمەرگە لەو بنەکەیەدا سەخترین ژیانیان بەسەربرد، نەک سەرانی یەکێتی! 
گوندی قاسمەڕەش لەسەر سنووری نێوان عیراق و ئیرانە، ئەو کات ئیران رێگەی قیرتاوکراوی بۆ ڕاکێشابوو. ئیران دوای کۆتایی جەنگی لەگەڵ عیراق، ئەگەر خوازیار بوایە بواری نەدەرخساند بۆ سەرانی یەکێتی لە قاسەمەڕەش بنکە دابمەزرێنن، ئەڵبەتە فشاری بۆ دەهێنان تا بۆ ئەوروپا و وڵاتانی دیی بڕۆن، بەڵام ئیران هێشتا پێویستی بە سەرانی یەکێتی و پارتی و حسک و ئیسلامییەکان مابوو، ئەمە هۆی ئەوەبوو کە وەک شای ئێرانیان نەکرد کە لە ١٩٧٥دا مەلا مستەفایان بۆ ئەمریکا وەدەرنا! 
سەرانی یەکێتی، بە ڕەزامەندی سوپای پاسداران، بنەکەیەکی ڕەمزیان لە قاسمەڕەشی سەر بە ئیران هەبوو، ئیمکاناتی باشیان هەبوو، لە ئیرانەوە بە لانکرۆزەری ئیتیلاعات هاتوچۆیان دەکرد. بە هیچ شێوەیەک سەرانی یەکێتی لە ١٩٨٩ تا ڕاپەرینی ١٩٩١ لە قوڵایی ناوچەکانی باشوور نەبوون، تەنیا جار و بارێک لەسەر سنوورەکان بۆ پێشمەرگە ئیسپات وجودی خۆیان دەکرد! هەروەها لە نێوان ١٩٨٩-١٩٩١دا سەرانی یەکێتی بە بەردەوامیی لە قاسمەڕەش نەژیاون. لە ١٩٨٨ دا نەوشیروان مستەفا ئەمین بۆ تاران و دیمەشق چوو. لە ٢/١٩٨٩ دا بۆ ئیران گەڕایەوە. لە ٤/١٩٨٩ دا بۆ قاسمەڕەش چوو. لە ٥/٣/١٩٨٩ دا لەسەرەتاکانی ١٩٩٠ تا ٨/١٩٩٠ واتە تا داگیرکردنی کوێت لە لایەن سەدامەوە، نەوشیروان مستەفا و فەرەیدون عەبدولقادر لە دیمەشق بوون. (فەرەیدون عەبدولقادر لە پەرتوکی هەڵۆ سوورەکانی قەندیل لە لاپەڕە ٥٥٨دا نووسیویەتی دوای گرتنی کوێت لە لایەن سەدام واتە دەکات ساڵی ١٩٩٠ ( لە شام، کاک نەوشیروان و ملازم عومەر و من زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان کرد). لە هەمان پەڕتوکدا دەنووسێت لە  ٢/٨/١٩٩٠ دا دوای ئەو کۆبوونەوەیە فەرەیدون بۆ ئەوروپا دەچێت و لە ٢/١٩٩١ لە سەقز لە ماڵی خەزورە تازەکەی دەبێت). کەواتە جاروبارێک بۆ قاسمەڕەش دەچوو. ئەمە ڕاستی بوونی سەرانی یەکێتییە لە قاسمەڕەش! بە درێژای ئەو ماوەیەش جلال تاڵەبانی لە ئەوروپا بوو، مەلا بەختیاریش لە ئیران پاڵی لێدابووەوە و دواتر بۆ سوید چوو

كێشانی نەخشەی ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە پلانی "قەرارگەی نصر" بوو لە ١٩٩٠؟!
بە پێنووسی هەندێک لەسەرانی یەکێتی و پارتە کوردیەکانی دیی کە لە مێژوودا تۆمارکراوە کە گوایە نەخشەی ڕاپەڕین لە شاخەکانی باشووری کوردستاندا یان لە گوندی قاسمەڕەش کێشراوە. فەرەیدون عەبدولقادر لە پەڕتووکی "هەڵۆ سوورەکانی قەندیل" لە لاپەڕە ٥٨٦دا تۆماری کردەوە کە: "خۆی و حەمە تۆفیق ڕەحیم نەخشەی ڕاپەرینییان کێشاوە"! ئاخر درۆ بەوشێوەیە نەبێت دەبێ چۆن بێت!؟  کێشانی نەخشەی ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٩٠ بە سەڕۆکایەتی ئاغای محمەدی فەرماندەی قەرارگەی "نەصر"ی سوپای پاسداران! ئیران ئەو کات زانیاری هەبوو، کە بارودۆخی ناوە و دەرەوەی عیراق شڵەژاوە، سەدام پێداگری دەکات و لە کوێت ناکشێتەوە. لە کۆتاییەکانی ١٩٩٠ دا ئاغای "محمەدی" فەرماندەی قەرارگەی "نەصر"ی سوپای پاسداران، لە ئیران لەگەڵ هەندێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی کۆبویەوە، لەوانە سەرانی شیعەی عیراقی، پارتە کوردییەکان بە تایبەتیی لەگەڵ سەرانی یەکێتی و پارتی. ئیران هەوڵیدا پێگەی جەماوەریی شیعە و پارتە کوردییەکان بۆ تەقاندنەوەی فتیلەی توڕەیی و عەفەویەتی گەلانی عیراق دژی سەدام لە ڕاپەڕێنێکی جەماوەری سەرتانسەریدا بەکاربهێنێت. بەمجۆرە لەو کۆبونەوەیەدا کارەکان بە گوێرەی ئەجێندای ئیران و پلانی "ڕاپەڕینی جەماوەری"ی لەسەرتانسەری عیراق دارێژرابوو. ئەو کات وەک ئەمڕۆ نەبوو، سنوورەکان ئاوەڵا بێت، ئەنتەرنێت هەبیت تا هەواڵەکان بە موبایل و ئەنترنێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبکرێتەوە، لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان لە باشوور بێ ئاگا بوون لەوەی کە لەسەر خوانی چەوری سوپای پاسداران و ئیتیلاعات سەرانی یەکێتی و پارتی و حسک و ئیسلامییەکان چۆن گوێ ڕایەڵی ئەجێندای ئیران دەبوون!
فەرەیدون عەبدولقادر لە پەڕتوکی هەڵۆ سورەکانی قەندیل لە لاپەڕە ٥٨٦دا دەنووسێت ( من دیاری کرام کە لەگەڵ ئێران و برایانی شیعە لە ئۆپۆزسیۆنی عیراقی قسە لەسەر هاوکاری جیدی و تەواو بکەیەن! برادەرانی پارتی بۆ ئەو مەبەستە (زەعیم عەلی و عەبدول مهەیمەن بارزانی(یان دیاری کرد! لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و ئیران قسەمان کرد، کە ئاغای محەمدی وەک سەرکردەی قەرارگای (نصر) دیاری کرا بوو بۆ هەماهەنگی!)
جەنگی کەنداو کۆبونەوەی نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی لەگەڵ سوپای پاسداران١٩٩١
جەنگی کەنداو لە ١٧/١/١٩٩١دا هەڵگیرسا، سەدام حوسێن لە ٢٠/١/١٩٩١ دا ٣٥ موشەکی لە ئیسرائیل گرت. ئەمریکا بۆردومان دەزگەی ئیستیخبارات و جومگە سەڕەکیی و هەستیارەکانی ڕژێمی بەعسی لە بەغداد کرد. لە ٢٨/٢/١٩٩١دا جەنگی کەنداو کۆتایی هات. لە ئەنجامدا دەزگە حکومیی، سەربازیی و ئیداریی ڕژێمی بەعس، تووشی لە یەکترازان و هەڵوەشاندنەوە بوون، بارودۆخی ئابووریی و سیاسیی بەعس لە ئەوپەڕی خراپیدا بوو، لەو کاتانەدا دەنگی ناڕەزا لە باشووری کوردستان دژ بە سەدام لە لووتکە و لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو. 
لە ١٥/٢/١٩٩١ دا سوپای پاسدارن و ئیتیلاعاتی ئیران دووبارە سەرانی پارتی و یەکەتیان بۆ کرمەشان بانگێشت کرد، بۆ تاوتوێی کردنی مەسەلەی ڕاپەڕین، کە نەخشەکەی لەلایەن ئاغای محەمەدی لە ١٩٩٠ دا کێشرابوو. بۆ ئەو مەبەستە ئیران لەگەڵ "نەوشیروان مستەفا ئەمین و مەسعود بارزانی" لە شاری کرمەشان کۆبویوە، بۆ کارکردن و بە پراکتیک کردنی ئەو نەخشیەی کە لە ١٩٩٠دا کۆک بوون دەربارەی و هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ! 
ڕاپەڕین ١٩٩١
لە ١٩٩١دا بێزاری خەڵک دژ بە سەدام لە لووتکەدا بوو، بە تایبەتی دوای شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانی دیی کوردستان. بێ کاری و نەبوونی لە نێو میللەتانی عیراق لە پەڕەسەندنن بوو، دنیا لەسەر مەسەلەی داگیرکردنی کوێت دژی سەدام بوون، بە تایبەتی دوای ئەوەی سەدام بۆ مانەوەی لە کوێت پێداگری کرد. لە١/٣/١٩٩١دا لە بەسرە ڕاپەرینی میللی دەستیپێکرد. ٢/٣ لە میسان. ٣/٣ نەجەف. ١١/٣/١٩٩١ کەربەلا. سێ چوار هەفەتە پێش ڕاپەرین فڕۆکەی ئەمریکا بۆردومانی دەزگەی "ئیستیخباراتی عامی بەغداد" و چەند ناوچەیەکی دیی کرد. لە کوردستان لە ٥/٣/١٩٩١دا ڕاپەرین لە شارۆچکەی ڕانیە دەستی پێکرد. ٧-٨/٣/١٩٩١ لە سلێمانی، لە ١١/٣/١٩٩١ لە هەولێر، ١٤/٣/١٩٩١ لە دهۆک و ناوچەکانی بادینان. لە ١٩/٣/١٩٩١ دا پێشمەرگە بۆ نێو کەرکوک چوون. لە ٢١/٣/١٩٩١ دا هەموو شارەکانی کوردستان لە دامودەزگەی بەعس پاککرانەوە. سەرانی پارتەکانی یەکێتی و پارتی ئەو هەلەیان قۆزتەوە، خۆیان کرد بە ڕابەر و ئەندازیاری ڕاپەڕین، بۆ ئەوەی بە ئیران بڵێن نەخشەی ١٥/٢/١٩٩١یان بە سەرکەوتوانە جێبەجێ کرد. فەرەیدون عەبدولقادر لە پەڕتوکی هەلۆ سورەکانی قەندیل دەنووسێت (لە ١٥/٢/١٩٩١دا نوێنەرانی یەکێتی و پارتی بانگ کران بۆ کرمەشان و لەوێ لەو چاوپێکەوتنەدا، کەر هەر دوو بەرێز (مەسعود بارزانی و نەوشێروان مستەفا)، ئامادەی بوون لەسەر بەرنامەی ڕاپەرین قسە کرا!).
ئەم سەرکەوتنە تەمەنی کورتبوو، دوای دوو هەفتە سوپای عیراقی بە هاوکاری موجاهیدینی خەلقی ئیران،  هێرشیان هێنا و شارەکانیان گرتەوە. لە ئەنجامدا زۆرانێک لە پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهیدبوون، ڕاپەرین  "ئەنفال و هەڵەبجە" ئاسا نەهامەتیەکی دیی هێنا بۆ نەتەوەکەمان کە ئەویش "کۆڕەو" بوو!
ڕاپەرین لە باشوور و باکووری عیراق پەیوەندی فکری، ڕێکخراوەی و یەکگرتووی لە نێوانیادا نەبوو، بە یەکتریەوە نەبەسترابوونەوە. ڕاپەرینی نەتەوەی کورد سروشتی تایبەتی خۆی هەبوو، بۆ بە دەستهێنانی خواستە نیشتمانی و نەتەوایەکان بوو، بەڵام ڕاپەرینی گەلانی عیراق لە باشوور و ناوەڕاستدا، سورشتێکی دی و سیمایەکی تایبەتی هەبوو کە بریتیبوو لە خواستە ئاینیی و مەزهەبیەکان. وێرای ئەوە ئیران توانی سەرانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و کوردەکان بکڕێت، پێش ڕاپەرین لەسەر یەک مێز کۆیانکاتەوە، لە ١٩٩٠بۆ لەسەرتانسەری عیراق نەخشەی ڕاپەڕین داڕێژێت! لە ڕاپەریندا وزە و توانای توڕەی و ناڕەزای پەنگ خواردوی چەند ساڵەی میللەتی کورد لە باشووری کوردستان گڕوتەوژمێک بوو بەڵام سەرانی پارتە کوردیەکان بۆ خزمەتی ئەجێندای سوپای پاسداران بەکاریانهێنا!
هۆکارە گرنگەکانی شکەستی ڕاپەرین
سەدام بەبێ ڕاپەرینیش دەڕوخا، لەبەر ئەوەی ئەمریکا بڕیاری لابردنی دابوو، بەڵام دەیوسیت بە دەستی خۆی بێت، تا بە فەرمی شەرعیەتی هاتنە نێو عیراقی هەبێت. لەبەر ئەوە ئیران لە بەگڕخستنی سەرانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی پەلەی کرد، بۆ تەقاندنەوەی هێزی جەماوەری، دروستکردنی هەڵایەک لە عیراق بۆ ڕووخاندنی سەدام. ئەم پێشهاتەیە پلانی ئەمریکای بۆ هاتنە نێو عیراق دواخست. ئەمریکا دەیزانی کە سەرانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بە کورد و عەرەبەوە دەستکەلای ئێرانن، لەبەر ئەوەبوو کە ئەمریکا لە ڕاپەرینەکەدا، پشتیوانی کوردی نەکرد، بێدەنگ بوو لەمەڕ هاوکاری سوپای عیراق و موجاهیدینی خەلقی ئیران، بۆ هێڕش کردنە سەر کوردستان. بە ماوەیەکی کورت دوای ئەو هێڕشە سوپای عیراق شارەکانیان گرتەوە، دووبارە سەرانی پارتە کوردیەکانیان ئاودیوی سنوور کرد.
لە بەرژەوەندی میللەتی کورد نەبوو ئەجێندای ئیران جێبەجێ بکات. ئەگەر سەرانی کورد پلان و ئەجێندای کوردیان هەبوایە، لەو بارودۆخە تایبەتیەدا، چاوەڕوان دەکرا کە ئەمریکا هەژمار بۆ کورد بکات و کاتێکی گونجاوبوو کە میللەتی کورد داوای سەربەخۆی بکات. ئەم هەلەش لە دەست میللەتی کورد چوو، لەبەر تەڵەی "قەرارگەی نصر" لە ١٩٩٠ و جاشایەتی سەرانی پارتە کوردیەکان بۆ سوپای پاسداران. ئەمانە گرنگترین هۆبوون کە ڕاپەرین پشتیوانی نێو دەوڵەتی نەبوو، ئەمریکا دوای گرتنەوەی شارەکانی کوردستان لە لایەن سوپای عیراقەوە، لە ٤/١٩٩١ دا بڕیاری دژە فڕینی لە هێڵی ٣٦ دەرکرد، هەوڵیدا لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی پشتیوانی بۆ کۆڕەو پەیدا بکات. 
میدیای دنیا و هەڵوێستی زلهێزەکان بە تایبەتی ئەمریکا، هۆی ڕووخانی ورەی خەڵک بوون. زۆرینەی سادەی میللەتی کورد پێیان وابوو، کە ئەمریکا پشتی لە کورد کرد و پشتیوانی لە مانەوەی سەدام دەکات. سەرانی پارتە کوردیەکان بوون بە جاشی ئیران لە ١٥/٢/١٩٩١ دا کاتێک کە ئیران فەرمانی دا "ڕاپەرین" بکرێت، ماوەی خۆسازدان کورتبوو. سەرانی ینک و پدک ، پشتیوانی نێو دەوڵەتیان بۆ "ڕاپەرین"  مسۆگەر نەکرد بوو، ئەو کات تاڵەبانی لە ئەوروپا دەخولایەوە، خەریکی ژیانی تایبەتی بوو، بازرگانی بە پرسی کوردەوە دەکرد، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە مێژوودا تۆمارکراوە، گوایە ئەو کات جەلال تاڵەبانی بە وڵاتاندا دەخولایەوە بۆ مسۆگەر کردنی پشتیوانی بۆ پرسی کورد
ڕاکردنی سەرانی پارتە کوردیەکان بۆ سەر سنوورەکان ورەی خەڵکی زیاتر ڕووخاند، جەماوەری ڕاپەڕیو متمانەی بە سەرکردەکان و هێزی پێشمەرگە نەما، کە بتوانن لە هێڕشەکانی سوپای عیراقی بیانپارێزن، هەروەها جەماوەر تەنیا ٢٨ ڕۆژ بوو هەرچی توڕەیی و وزەی هەیە لە ڕاپەریندا هەموو خاڵی کردبوو، ئەو هەست و حەماسە عەفەویەی کە پێش ڕاپەرین هەیبوو، دوای ڕاپەرین خاو ببووەوە. سەرانی ینک و پدک ژمارەی چەکداریان کەم بوو، ساڵونیوک پێش ڕاپەرین، سەرانی یەکێتی "ئاشبەتاڵیان" بە هێزی پێشمەرگە کردبوو، نەیانتوانی پێشوەخت خەڵک ڕێکبخەن، چکداریان بکەن و هێزی میللی دروست بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست خەڵک بەرەنگاری هێرشی سوپای عیراق ببنەوە. لە کاتی تەنگانەدا ئیران دەستەوەستان ڕاوەستا. ئەم بێسەروبەریە و ترسی میللەت لە درندایەتی سەدام و دووبارەبوونەوەی کیمیابارانێکی دی، میللەت رێگەی ڕاکردنی گرتەبەر.
چەک و تەقەمەنیەکی زۆری سوپای عیراق کەوتە دەست پێشمەرگە و خەڵک، بە تایبەتی لە کەرکوک، بەڵام نەبوونی ئەزموونی گەلی کورد لە بەکارهێنانی ئەو ئامرازانە، نەتوانرا سوودیان لێوەربگیرێت و بەکاربهێنرێن بۆ شەڕی بەرەنگاری. لە ماوەی ٢٨ ڕۆژی دا کە شارەکان ئازاد بوون، پارتە کوردییەکان تەنیا خەریکی شەڕە پەڕۆ بوون! 
کۆڕەو ١٩٩١
لە ترس و نیگەرانی لە سەدامی درندە و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی کارەساتی ئەنفال و هەڵبجە، میللەت ڕوویان لە شاخ و کێوان کرد. هەزاران کەس ئاوارە بوون، لەبەر سەرما و سەختی ڕێگەوبان سەدان کەس گیانیان لە دەست دا و شەهید بوون،  بە کۆمەڵ خەڵک بۆ ئیران و تورکیا چوون. دووبار "کۆڕەو" بوو بە پارویەکی چەور بۆ سەرانی پارتەکانی باشوور، لە هەموو دنیا پارە و کۆمەك کۆکرایەوە دووبارە چووە گیرفانی سەرانی پارتی و یەکێتی بە تایبەتیی گیرفانی جلال تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی. بەرهەمی "کۆڕەو" دامەزراندنی حکومەتی هەرێم بوو، کە بیستووشەش ساڵە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە ئارەزووی خۆیان دەستیان بە سەر سامانە گشتیەکان و بیرە نەوتەکانی باشووری وڵات گرتوە و بەردەوام خەریکی دزین.
***************************************

تێبینی: ئەو بابەتەم لە بیرەوەریەکاندا (لە سێبەری شاخ زنجیرەی ٧٢ و ٧٣)  بە درێژی باس کردوە، کە ئێستا سەرقاڵی بە پەرتووک کردنیم، بەڵام پێم باشبوو  وەکو وەڵامێک بۆ درۆودەلەسەی ئەو کەسانەی کە بە تەمای پۆست و پارەن  دووبارە بەشێکی لێ بڵاو بکەمەوە. http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=84001&authorid=10


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە