بەشەکان



بابەت بە پێی ڕۆژ

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  • 31
  •  


ڕیکلام

نووسین » بیروڕا


قادر نادر

سیروان عەبدول

Sunday, 03.10.2019, 23:57

1440 بینراوە


(ڕۆژی واداربوونی دەسەڵاتدارانی پدک بە ئازادکردنی شێروان شێروانی و هاوەڵانی، دەبێت ڕۆژێک بێت بۆ پیاهەڵدان و ڕێزلێنان لە قادر نادر و هاوەڵانی. لێرەدا بۆ ڕێزدانان بۆ ئەو ئینسانە کڵاوەکەم دادەگرم و چەند ڕایەکی پێشترم کە لەسەر هەستی بەرپرسیارێتیی و جیدییەتی ئەو نوسیومە، جارێکی تر دادەنێمەوە)
----------------------------
قادر نادر، ئەو نووسەر و چالاکوانەی کۆمەڵگای مەدەنیی کە لە سوید دەژی، لەم چەند ماوەیەی دواییدا ڕێزێکی گەورەی لە دڵی مندا بۆ خۆی بەدەست هێناوە. پێدەچێت ئەو ئینسانە بڕیاری دابێت تەمەنی خۆی تەرخان بکات بۆ جوانکردنی ژیانی ئێمە.
ئەمە هەر تەنها لەبەر ئەوە نا کە ئەو بەها و پرەنسیپانەی کە ئەو داکۆکییان لێدەکات، لەچەشنی ئازادیی دەربڕین و دژایەتیی گەندەڵیی و ڕێزگرتنی بەهای مرۆڤ و هاوڵاتیی یەکسان و دەوڵەتی یاسا، لای من پرەنسیپ و بەهای گرنگن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو ئینسانە بێئەندازە کاتی خۆی تەرخان کردووە بۆ داکۆکیی لەو بەهایانە. ئەو بەغەیری شەڕ بۆ ئازادیی دەربڕین و دژایەتیی گەندەڵیی و ڕێزگرتنی بەهای مرۆڤ و هاوڵاتیی یەکسان و دەوڵەتی یاسا، هیچ شەڕێک بە دەوری بەرچاوخستنی ناوی خۆی و بۆ دەستکەوتی ماددی و مەعنەویی بۆ خۆی ناکات. ئەو، ئەوەندەی من دووربەدوور ئاگادار بم، تەنانەت لە کاتی شەڕی ناوخۆشدا، کە نزیک بە سەرجەم ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنیی سەنگ و لایەنگیریی و جوهدی گەورەی خۆیان خستە پشت ئەم یان ئەو تەرەفی شەڕەکە، ئەو لە دەرەوەی شەڕ بۆ قازانجی نوخبەیەکی سیاسیی لەبەرامبەر نوخبەیەکی تردا، لە ڕوانگەیەکی ئینساندۆستانەی بەرفراوانترەوە قسەی لە ناحەقییەکان کردووە و کاری جیددی بۆ ڕاستکردنەوەیان دەکات.

٭ ٭ ٭
من ئەوم بۆ یەکەمجار بیستوهەشت ساڵ بەر لە ئێستا بینی کاتێک لە خۆپیشاندانێکدا بەشدار بووین کە لە کۆتایی ساڵی نەوەدویەکدا وەک یەکەم خۆپیشاندان دژ بە بەدئیستیفادەی بەرەی کوردستانیی لە دەسەڵاتدارێتیی خۆی، لە هەولێر ڕێکخرا. ئیتر لەو کاتەوە تائێستا دووربەدوور دەبینم ئەو ئینسانە لە قسەکردن و نووسین و ڕێکخستنی چالاکیی نەکەوتووە و هەردەم خوڵقێکی وا گەورە دەنوێنێت لە دواکەوتنی ناحەقییەکان و قسەکردن لێیان و ڕێکخستنی چالاکیی جەماوەریی بەدەوریاندا، کە جگە لە سەرسامبوون بە جیدییەت و نەفەسدرێژیی ئەو کەسە و قایلبوونی ڕێزی گەورە بۆی، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە.
من پێموایە مانەوەی یان تۆکمەبوونی سیمای مەدەنیی و جێگەوتنی بەهاکانی دیموکراتییەتی لیبڕاڵ و مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگای کوردییدا لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەگەر فەزڵێکی توێژی ڕۆشنبیرانی تیا بێت، ئەوا بە پلەیەکی زیاتر فەزڵی ئەو جۆرە ڕەخنە و چالاکییە جەماوەرییانەی ئەو ژمارە کەمەی چالاکوان و ڕۆشنبیرانەی تیایە کە لەم دوو دەیەیەی ڕابردوودا چەشنی قادر نادر بە نووسینی ووتاری ڕۆشن و کۆنکرێت قسەیان لەسەر ناڕێکیی و ناحەقییەکان کردووە و چالاکیی عەمەلیی جەماوەرییان بەدەوردا بەڕێخستووە، نەک ڕۆشنبیرانێک کە بە قسەی ناکۆنکرێت و ناڕۆشن لە شەڕی ئەوەدا بوون وەهمێکی خەڵەتێنەرانەی وا لای خوێنەر جێ بخەن کە ئەوان قوڵتر بۆ کێشەکان دەڕۆن و شارەزاییەکی زیاتریان لە ڕێکخستنی کۆمەڵگادا هەیە. ئەم جۆرەی دووەم لە قسەکردن مەیلێکە کە دوو دەیەیە لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا شەڕ دژ بە دیموکراتییبوونەوەی چالاکیی نووسین دەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە کایەی سیاسەتکردنی ڕۆشنبیران و چالاکیی نووسین قۆرخ بکات بۆ مەیلێکی ڕاستەڕەوانەی پەنادەستی حیزبە سیاسییەکان. مەیلێک کە بە قسەی پڕ لە سیحری ڕێتۆریک، دەستی گوتارێکی ناڕۆشنی سەردەرنەکەرانە و تەواو بێهونەری زاڵ کردووە بەسەر ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییدا. گوتارێکی بە ڕووکەش قوڵ کە ساڵانێکە ناوەندی دێباتی سیاسیی ئێمەی لە جوهدی دەیان لەو دێباتکارە گرنگانە بێبەش کردووە کە وەک قادر نادر قسەی ڕۆشن و دروستیان پێیە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و، ئامادەی بەشدارییکردنی جیدییانەن، بەڵام ئەوە ترساندوونی کە وەک ڕۆشنبیری سادەتر لەوەی خۆیان تەماحیان هەیە بێنە بەرچاو.

٭ ٭ ٭
سووربوونی کەسانی وەک قادر نادر و هەندێک ناوی تر، بۆ نموونە عەلی مەحمود لە هەولێر، لەسەر بەشداریی لە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگادا و، قسەکردنی بەردەوامیان لە سیاسەتی ڕۆژدا، مەیلێکە کە پێداگریی لەسەر بەدیموکراتییکردنی چالاکیی نووسین و دەرکردنی ئەو ئامرازە گرنگ و کاریگەرە لەژێر مۆنۆپۆلی نوخبەی ڕۆشنبیریی دەکات. ئەمە هەوڵی تۆکمەکردنی دیموکراتییەت و دەرکردنێتی لەژێر دەستی نوخبەی ئەکادیمیی و نوخبەی ڕۆشنبیریی و نوخبەی میدیایی کە ماشێنی حیزبیی لەم دەیە و نیوەی ڕابردوو توانی ویژدانی نزیک بە هەموویان بە پارە و ئیمتیازاتی تر بکڕێت.
گرنگە ئەوە بڵێێن کە ئەم هەوڵی بەدیموکراتییکردنەوەیەی چالاکیی نووسین و ڕادانە جگە لەو نووسەرانەی کە لە نووسینی ڕەخنەگرانەی خۆیان نەکەوتن، فەزڵی گەورەی چەند ماڵپەڕێکی ئینتەرنێتیی تێدایە، نەک ڕۆژنامە ئەهلییەکان کە هەردەم، هەر لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونیانەوە، لە شەڕی فەرزکردنی دەستی نوخبەی ڕۆشنبیرییدا بوون بەسەر دێباتی ناو فەزای گشتییدا. من پێموایە ئەگەر لەم پانزە ساڵەی دواییدا دەرفەتی ڕادەربڕینی بێسانسۆر لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک و، پێش ئەوەش ماڵپەڕە کوردییەکان و جوهدی گەورەی ئەو سەربازە ونانەی ناو ڕۆژنامەگەریی کوردیی نەبوایە کە سایتی ئەلکترۆنییان دامەزراند و چەندین ساڵ شەو و ڕۆژی خۆیان بۆ دانان و بڵاوکردنەوەی چەندین هەزار وتار و قسەی دڵی سەدان نووسەر و هاوڵاتییدا لە ماڵپەڕەکانی خۆیاندا تەرخان کرد، ماوەیەکی زۆر بوو دۆزی دیموکراتییەت لە هەرێمی کوردستاندا لەمەی ئێستا زیاتر و بە چەشنی سەردەمی بەر لە ڕاپەڕینی نەوەدویەک، لەبەردەستی نوخبەیەکی سیاسیی و نوخبەیەکی ڕۆشنبیریی و میدیاییدا زەلیل کرابوو.
ئەوە فەزڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە سیاسەتکردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگا تەواو لە ژێر ئیحتیکاری نوخبەی دەسەڵات و نوخبەی ڕۆشنبیرییدا نییە و، دەنگی ژمارەیەکی بێئەندازە گەورەتر لە هاوڵاتییان لەناوەندی بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئامادەیە. زیادبوونی ژمارەی ئەو دەنگانەی کە دەتوانن ڕای خۆیان بگەیەننە گوێی کۆمەڵگا، ڕێک ڕیالیزەبوونی دیموکراتییەتە. ئەگەر ئەمە نوخبەی سیاسیی یان ڕۆشنبیریی سەغڵەت دەکات و مۆنۆپۆلیان لێ دەستێنێتەوە، ئەوە گرفتێکە کە جگە لەوانەی سۆزیان بۆ ئەو ڕۆژانە هەیە کە تەنها چەند ڕۆژنامەیەک هەبوون کە بە پێوانەی وەلائی حیزبیی و دۆستایەتیی دەقێکیان بڵاو دەکردەوە، نابێت گرفتی هیچ کەسێکی تر بێت.
من بێئەندازە دڵم بەوە خۆشە کە بەردەوام ژمارەیەکی زۆرتر و زۆرتر نووسەر لە ئینتەرنێتدا دەست بۆ نووسینی ووتار و نووسینی تێکست بۆ هەڵڕشتنی داخی دڵ دەبەن. هەندێک بە ناحەقانە ئەمە بە «بەڕەڵایی نووسین» یان «جیڤاراکانی ئینتەرنێت» ناو دەبەن، بەڵام من پێموایە کە تەنها بەرفروانکردنەوەی ئەم جۆری ئازادیی دەربڕینەیە کە دەتوانێت کۆمەڵگای ئێمە لە داخران و زاڵبونی سەرکوتگەریی بپارێزێت.
ڕەنگە زۆرێک لەگەڵ ئەم ڕایەمدا کۆک نەبن، بەڵام من پێموایە کە هەبوونی ماڵپەڕێکی (بۆ نموونە، نەک حەسر) وەک کوردستانپۆست، سەرەڕای هەر تێبینییەک کە من لەسەر جۆری کارکردن و ئاستی پەیوەستبوونیان بە ئێتیکی ڕۆژنامەگەرییەوە هەمبێت، تا ئێستا دەیان گەنجی لە ''بەتیرۆریستبوون'' پاراستووە و کۆمەڵگای ئێمەی، لەڕێگەی تەنفیسکردنی تووڕەیی هەزاران هاوڵاتییەوە، لە دەیان کاری تێکدەرانە پاراستووە. بۆ ئەمە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان مەمنوونی ماڵپەڕێکی وەک کوردستانپۆست بن کە لە خەتەری ئەو توندوتیژییانە پاراستوونی کە بۆی هەبووە تووڕەیی خەڵک ڕووبەڕوویان بکاتەوە، نەک دژی بوەستنەوە و لە هەوڵی سزادانی نووسەرەکانیدا بن. بۆ ئێمەش وەک کەسانێک کە ئازادیی دەربڕین و ڕێگریی لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و دیموکراتییەتی ڕاستەقینەمان لە کۆمەڵگای کوردستاندا پێ گرنگە، وەختێتی دەستی ڕێز لەو فەزا گشتییە و لە فیگورە دێباتکارەکانی ناو ئەو فەزا گشتییەی ناو ئینتەرنێت بنێین کە ڕووبەرێکیان بۆ کەوتنەبەرچاوی قسەی هەموو گروپ و تاکە توندڕە و میانڕەوەکانی کۆمەڵگای ئێمە ڕەخساندووە.
پاش دوو دەیە لە هەژمونی گوتارێکی نوخبەویی بێهونەر، من پێموایە ئیتر وەختێتی ڕۆشنبیریی ئێمە زیاتر دەستی ڕێز لە کەسانێکی وەک قادر نادر بنێت کە سەرنجی وورد لەگەڵ کاری عەمەلییدا کۆدەکاتەوە. لە کوردستاندا ساڵانە چەندین خەڵات بۆ بەشداریی جۆراوجۆر دابەش دەکرێت. ئەوەندەی من ئاگادار بم قادر نادر تا ئێستا هیچ خەڵاتێک نەکراوە. من پێموایە ئەمە لە ئاکامی ئەو موجامەلات و گەندەڵیی و یارییە سیاسییانەیە کە دابەشکەرانی ئەو خەڵاتانە لە دیارییکردنی ناوەکاندا دەیگرنە بەر، ئەگینا من پێموایە قادر نادر و چەند ناوێکی تر دەمێکە خۆیان شایان بەوە کردووە کۆمەڵگای ئێمە ڕێز لەو هەوڵە گەورانەیان بنێت کە بۆ بەرفروانکردنەوەی ئازادییەکانی ئێمە داویانە. بەڵام لە دۆخێکی وادا کە هێشتا دانپیانان و بینینی هەوڵەکانی یەکتر کارێکی قورسە بۆ تاکەکانی ئێمە، من پێم باش بوو بۆ ئەوەی بە قادر نادر بڵێم کە من دووربەدوور کارەکانت دەبینم و چالاکییەکانت نرخیان هەیە لام، پێم باش بوو دەست بەسنگەوە بگرم بۆی و ئەم ووتارەی لەسەر بنووسم.

(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 3.5/5)