کاردۆ محەمەد، بناسن!

Monday, 11/03/2019, 7:14

35241 بینراوە


پێناسەیەک بۆ کاردۆ محەمەد:
1- ڕێگەی خەبات و شاخ و بوون بە پێشمەرگە، بە دوایدا تەسلیم بوونەوە بە بەعس لە ساڵی ١٩٨٣دا.
2- پەتپەتێن کردن لە نێوان کوتلەکانی یەکێتی لە مەلا بەختیارەوە بۆ لای عیماد ئەحمەد، ئەوسا بۆ لای، ئەرسەلان بایز، ئینجا بۆ لای سەفینی مەلا قەرە، دواجار بۆ لای نەوشێروان مستەفا.
3- بازدان لە بیروباوەری کۆمینیستی و مارکسیەوە، بۆ ئاڵای شۆڕش، بۆ سۆشیال دیموکراتی یەکێتی، ئینجا  بۆ دژایەتی گەندەڵیی، خەباتی مەدەنی، بە دوایدا پۆست وەرگرتن لە حکومەتی نێچیرەوان بارزانی، وا ئیستا خۆی ئامادەکردووە، کە لە حکومەتی مەسرور بارزانیشدا پۆست وەربگرێت.
بە کورتیی ئەمە پێناسەی کاردۆ محەمەدە، کە ئەمڕۆ تەپڵ و دەهۆڵی چاکسازی و خەباتی مەدەنی لە ناو حکومەتی مەسرور بارزانی لێدەدا.
-------------------------
ئێستا کۆمەڵێک مشەخۆر و هەرزە گۆڕانباز لە دەور و خولی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەخولێنەوە و کاردۆ ئاسا دەیانەوێت ناوی گۆڕان و بزووتنەوەکەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و پارە و پۆست بەکاربهێنن. ئەو دیاردەیە تەنیا لەلایەن چاودێرانی سیاسی دەرەوەی بزوتنەوەکە یان لە لایەن ناحەزانی هەستی پێ نەکراوە، بەڵکو لەلایەن هەندێک لە چاودێر و کەسانی کە لایەنگر و  دڵسۆزی گۆڕانەوە دەرکی پێکراوە و بۆتە جێگەی نیگەرانییان، چیا عەباس کە یەکێک بوو لە لایەنگران و کەسە نزیکەکانی نەوشێروان مستەفا ئەمین، لە وتارێکدا لەژیر ناونیشانی "عەرابەکانی گۆڕان" کە لە ٢/٣/٢٠١٩دا لە کوردستانپۆستدا دەربارەی دۆخی ناوەوەی گۆڕان و بە لاڕێدا بردنی دەنووسێت":
(هێدی هێدی دەردەکەوێت کە عەراببەکان لە بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان و دەور و بەریان بەرنامە و پرەنسیپەکانی بزوتنەوەکە بۆ چەند دەسکەوت و بەرژەوەندی کاتی پشتگوێ دەخەن، هاوکات ئەم دەسەڵاتدارانە نەک تەنها هۆکاری پەرتەوازەکردن و وێرانکردنی خەسڵەتە جوانەکان و شێواندنی رەوشی بزوتنەوەکەن، بەڵكو کۆسپی گەورەشن لە بەردەم هەوڵ و ئاراستەکان بۆ چاکسازی ناو گۆڕان و راستکردنەوەی بە لادا بردن).
بەهۆی کاری ئەو جۆرە کەسانە و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی تایبەتی و بوون بە کلکی سەرانی پارتی و یەکێتی، ئەوانەی لە ناوەندی بڕیاردان و کادیرانی ئەو بزوتنەوەیە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بە کۆی ڕووداوە سیاسیەکانی هەرێم هەڵوێستێکی مەبدەئی دەرنەبڕیوە و ئەو حزبە بەرەو پاشەکشە ڕۆیشتووە، کاتێک کە چاودێرانی سیاسی یان نووسەران ئەو تێبینیانە دەخەنە سەر پەڕەی ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان، ئەم کەسە منداڵ و خۆپەرستانەی ناو گۆڕان بە پروپاگەندەی ناحەزانی بزوتنەوەکە لە قەڵەمی دەدەن. چیا عەباس لە وتارەکەیدا درێژەی پێداوە و دەنووسێت:
"لە ماوەی سێ ساڵی رابوردودا لە سایەی ئەم عەراببانەدا چەندین هەلی زۆر گرنگ بەدەم ئاوەوە دراون، بۆ نمونە لە شکستی پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەردا، ئەمریکیەکان بە خەستی لەسەر خەت بون تا بەرەی ئۆپزسیۆن کارێک بکات، کەچی چاوەروانی سەردانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بون تا گلۆپی سەوز بۆ حکومەتی فریاکەوتنی نیشتمانیان بۆ هەڵکەن، بەڵام لە چەند رۆژێکدا لە خشتەیان بردن. کاتێک ئەمریکا و دوستەکانی لە گۆڕان و بەرەی ئۆپزسیۆن بێ ئومێد بون وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی فەرمی بۆ پشتگیری لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەرکرد".
ئەوانەی کە  پاڵپشتی لە ڕێککەوتنی گۆڕان و حکومەتی مەسرور بارزانی دەکەن، کە یەکێک لەوان کاردۆ محەمەدە پێشتر لە کەناڵێ ئێن.ئارتی دەیگوت: "هەرێم پێگەی بەهێزی وەک پێش ڕیفراندۆم نەماوە"، بەڵام ئێستا چونکە مڕی لە پۆست و دەسەڵات خۆش کردووە، خەریکە وەک شینی حەسەن و حوسێن، بۆ سەرکەوتنی ئەو ڕێککەوتنە، بە زنجیری قفڵە ئەستور، کەوتۆتە شین کردن و لەخۆ دان، بە نیازی بوون بە وەزیر لە یەکێک لە وەزارەتەکانی بنەماڵەی بارزانی.
شایانی قسەلەسەر کردەنە بۆ ناسینی ئەم کابرایە، کاتێک کاردۆ کە پیاوی مەلا بەختیار بوو، بڕوانامەیەکی ساختەی لە یەکێک لە دانیشگاکانی یەکێتی وەرگرت. بە مەبەستی خۆ دەرخستن لەگەڵ زۆربەی میدیاکانی سەر بە پارتەکان، دەسەڵات و سێبەرەکانیان چاوپێکەوتنیان کرد، بەڵام یەک جاریش ورتەیەک چییە دژی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە دەمی نەهاتۆتە دەرێ، ڕۆژێک پەنجەی نەخستۆتە سەر ناوی یەکێک لە خائین و پیسخۆر و دزەکان، ئەمیش بۆ ئەوەی هەموو لایەک لێ ڕازیبن و مەرامەکانی بپێکێت.
چیا عەباس لە "عەرابەکانی گۆڕان" دەنووسێت:
"دوای رێکەوتنەکە پۆستپەرست و خۆپەرستەکانی ناو گۆڕان دەهۆڵی بۆ لێدەدەن، بە شان و باڵی دیموکراسیەت و ئاکامە جادوگەریەکانیدا دەخوێنن، وەک ئەوەی هەرێم بە قودرەتی قادر بوبێتە سوید و سویسرا و سەرجەم رێسا و یاساکانی دیموکراسیەت پێرەو دەکرێن".
ئێستا  بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات، بۆ مسۆگەر کردنی پۆستی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆیە دەستیکردووە بە وتار نووسین، وتار لەژێر ناونیشانی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی گۆڕان و دڵسۆزی بۆ نەوشێروان مستەفا لە ماڵپەڕی شار پرێس لە ڕێککەوتی ١١/٣/٢٠١٩ دا دەڵێت:
" سوربون لەسەر رێبازی گۆڕان و ناردنی ستافێکی پەرۆش و خاوەن ئیرادە کە پۆست و پارە ئیرادەیان بۆ چاکسازی ودژایەتی گەندەڵی لەق ناکات.ئامادەن بۆپیشیاندانی کاری نمونەیی."
هەموو دەزانین و ئەزموون سەلماندویەتی کە مەحاڵە ئەنجامدانی کاری نمونەیی لە ناو پەیکەری دەسەڵاتەکەیاندا تایبەتی ئەگەر یەکێک سەربەخۆیان نەبێت.
کاردۆ محەمەد دەیەوێت خۆی و خەڵک هەڵبخەڵەتێنێت. دیسان چیا عەباس لە وتارەکەیدا  دەنووسێت:
"بۆ خۆم شەرم سەرتاپام دەگرێت کاتێک دەبینم ئەو هەڵسوراوە موخەزرەمانەی بە هەزار ئاو شۆردروان بە ناوی گۆڕانەوە ئەم پەیامە پوچەڵ و هەرزانانە رادەگەیەنن، لە کاتێکدا چەند ساڵێک لە مەوبەر زۆربەیان بەس تەنها باسی لێدوانت گەڵ پارتیدا بکردایە دەیان کردیت بە خائینی کوری خائین. بۆیە مەحاڵە باوەر بکرێت ئەمجۆرە ئەقڵیەتە سودێک بە گۆڕان ببەخشێت، بەڵکو لە سایەی گۆڕان و بە ناوی گۆڕانەوە سود بۆ خۆی مسۆگەر دەکات".
ئاشکرایە کە کەسایەتیەکی وەک کاردۆ هی ئەوە نییە بەرەنگاری مەسرور بارزانی و پافڵ تاڵەبانی بێتەوە، هەڵبەتە ئەم جۆرە کەسایەتیە تەنیا ئەوەی بۆ دەکرێت سەری خۆی شۆڕ بکات، پۆستێک و موچەیەکی چەوەر بۆ خۆی مسۆگەر بکات!
کاردۆ محەمەد هاتووە باسی خەباتی مەدەنی و حکومەتێک دەکات، کە  هەزاران دەنگی خەڵکی بۆ تەزویر کراوە.ئەمرۆ کاردۆ هەوڵدەدا شەرعیەت بە پەیکەرێکی سیاسی لەو جۆرە بدات!
شەماڵ عەبدولوەفا لایەنگری گۆڕان و دۆستی نزیکی نەوشێروان مستەفا لە ماڵپەڕی شارپرێس لە وتارێکدا لەژیر ناونیشانی "گۆڕان بەرەو کوێ" دەنووسێت:
 " له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بوم گۆڕان بچێته‌ په‌رله‌مانێکه‌وه‌، که‌ به‌ تیرۆرکردنی ده‌نگی خه‌ڵک پێکبهێنرێ، به‌ هه‌مو هێزه‌کانی تریشه‌وه‌ که‌ هاواریان ده‌کرد ته‌زویر کراوه‌، فێڵ کراوه‌، ساخته‌ کراوه. دەبوایە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی بکەن، تا سنورێک دابنێن بۆ تیرۆرکردنی دەنگی خەڵک".
 لە کۆتاییدا لەژێرەوە وابەستەبوونی ئەو ئەندامانەی گۆڕان بە پارتی، کە لە ئیستاوە تێبینی کراوە، کە لە دوای ئەوەی بەرژەوەندی پەرستەکانی ناو گۆڕان پۆستەکان وەردەگرن، ئینجا ببینن لە ئایندەیەکی نزیکدا دەردەکەوێت کە پارتی ژێربە ژێر کامیانی لێ کڕیون، ئیتر "رێباز حەملان"یش خەنی دەبێت و هەست بە تەنیای خۆی ناکات کە وا جگە لە خۆی کەسانی دیکەش  لە ناو گۆڕاندا هەن خۆیان بە پارتیی فرۆشتووە.
گۆڕانخوازان ئەگەر وا نەکەن، گۆڕان لەزەتی نابێت. پیرۆزە لە گۆڕان!  تکایە زووش بیگۆڕن، ئەگەر گۆڕان زەحمەتە و بۆتان ناکرێت ئەوا لە شینەوە بیگۆڕن بە زەرد، تەنیا بەمە گۆڕان دێتەوە مایە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە