(سەدام حوسێن) هەڵەبجەی خۆش دەویست یان (جەلال تالەبانی)؟

Sunday, 17/03/2019, 0:58

6284 بینراوە


دایکی دایکم، هەڵەبجەییە، من دوو باپیرە و دوو داپیرەم هەیە، ڕقم لەو پیرانەیە، بەڵام هێشتا تەنها پیرەیەک کە خۆشم بووێ، نەنکمە، دایکی دایکم، ئەوەی کە هەڵەبجەییە، ئەگەر بە ڕەحمیش بیژمێری، ئەوا من هەڵەبجەییم! 
زۆربەی خزمە هەڵەبجەییەکانم، ئێستا کادیر و لایەنگری یەکێتین، یانیش پێشمەرگەی یەکێتین، یانیش ئاسایشی یەکێتین! ئەو یەکێتییەی، هەڵەبجەی تەسلیمی ئێران کرد، بۆ ئەوەی کە بارەگای ڕوخێنراوی بەرگەلووی بێنێتە هەڵەبجەی ژێر دەسەڵاتی ئێران! ئەو یەکێتییەی کە سکرتێرەکەی ئاخی بۆ سێ هەڵەبجەی تر خوارد، ئەوان ئەو سکرتێرەیان لە چاویان خۆشتر دەوێ! خەڵکی ئێمە، خۆی خۆش ناوێت، حورمەتی خۆشی ناگرێت، ئیتر ئەو هەرێمە تەنها ئاشێکە، کە خواش نازانێ بیگێڕێ، یەکێتی و پارتی هەر خۆیان، دەزانن بیگێڕن بەو جۆرەی ئێستا... 
حەزیان لە جگەرەیە و خەم دەکەن بە هۆکار، مەشروب خۆرن و بارودۆخ تاوانبار دەکەن، مرۆڤەکان زیاتر لە هۆکارەکان، لەبەر ویستی خۆیان شتانێک دەکەن، ویستێکی قوڵ، حەزێکی قوڵ، بەڵام هۆکارەکان لە بەرژەوەندی حەزەکانیان شیکاری دەکەن، ئەگەر ویستی مانەوەیان هەبێت، ئەوا باشیێکت هەر تێدا دەدۆزنەوە، ئەگەر ویستی ڕۆشتنیشیان هەبێ، ئەوا زۆری باشییەکانت خراپەیەکی گەورەیە بۆیان، لە کۆتاییدا، مرۆڤەکان، ئەوە دەکەن کە دەیانەوێ و حەزیان لێیە، هەموو ئەوەی هەیە، هۆکاری ناوە، وەک داشی دامەیە، بە دەست حەز و ویستی مرۆڤەکانەوە و زیاتر نییە.. 
(سەدام حوسێن)، حەزی لە کوشتار بوو، ویستی کوشتار لە دەرونیدا بوو، ئەو دەیویست هێندە بەهێز لە دووژمنەکانی بدات، کە کەس تا قامی قیامەت زات نەکات بجولێتەوە لە بەرامبەری، بەڵام لەوەش زیاتر لێدانی بەهیز و دڕ بوون زیاتر لە سەگێکی پۆلیسی، ویست و حەزی نێو دەرونی تێکشکاوی (سەدام) بوو، بۆیە ئەگەر (سەدام) نەیویستبا و حەزی لێ نەبا، هەرگیز لە هەڵەبجەی نەدەدا، بەڵکو حەزی لێ بوو و ویستی، بۆیە لێیدا، بەڵام سکرتێرەکەی یەکێتیش، ئاخی هەڵکێشا بۆ هەڵەبجەیەکی کیمیایی لێدراو و قوربانی  ، سا سەیرکەن چەندیان هەڵەبجە خۆش دەوێ (سەدام) و (مام جەلال)، بە جووتە.. 
ئێستاش، گەنجی هەڵەبجە کارێک نییە بیکات، هەموو شارەزوور جگە لە نانی هەورامی، هیچ کارگەیەکی تری تێدا نییە و هیچ شتێکی لێ بەرهەم نایەت، جادەوبانێکی وێران، نە کتێبخانە و نە یانەیەکی شەوانە و نە سەنتەرێکی ڕۆشنبیری، هیچ، شارێک لە هیچ، شارێک بۆ مەرگ، مرۆڤەکان، لەوێدان بۆ مەرگ، ئەوەندە دەخۆن تا نەمرن و بە دیداری مەرگ شاد ببن، هیچ جۆرە ژیانێکی تر لە ئارادا نییە، پەتای ئیسلامییەکان و خێلیش لەولاوە بووەستێت، کە بە هەزارانی بە زیندوویی کوشتووە، زیندووانێک کە گوێ لە گۆرانی ناگرن و بۆنی خۆش بە نەعلەت دەکەن، تا ئەو ڕادەیە مردوون، مرۆڤ  گەلێک کە لە دەرەوەی خێل دەست بە گریان دەکەن و لە بازنەی خێلدا وەک خوا، هەموو شتێک بۆ خۆیان ڕەوا دەکەن. 
هەڵەبجە، ئەو قوربانییەیە، کە بە حاڵی خۆی پێدەکەنێ، قاقا لێ دەدات، چونکە حاڵی ئەوەندە خراپ  تێکچووە، پێکەنین و گریانی تێکەڵ کردووە، هەڵەبجە ئەوەیە.
ئەوەی ئەوان خۆشیان دەوێ، بە خۆشی تۆی دەبینن و خۆشیان دڵیان خۆش دەبێ کە وەها دەتبینن، تۆیت بە زەلیلی، تۆیت بە کیمیا باران کراوی، تۆیت بە نەزانیی، تۆیت بە نەفامی، ئەوان بەوە دڵیان خۆشە تۆ قوربانی بیت، شتێک کە سەدام و جەلال تاڵەبانی دڵیان پێ خۆش بوو، هەڵەبجەیەکی کوژراو بوو، هەڵەبجەیەکی خنکاو بوو، لە کەسایەتی هەڵەبجەدا، ئەوان هەموو شوێنێكیان ئەوها دەوێ، کە مەرگ مەودای نەدا هیوای دادگایی کردنیان ببەینە سەر، دەبێ ئەوە بزانین، کە نەوەکان و شوێنگرەوەکانیان، هەمان هیوا و ویستیان هەیە، هەمان تاخم و هەمان کەسایەتی و هەمان بیرن، هەمان پێڕن.. 
ئەوان نە زیاتر و نە کەمتر، سەرۆکە کورد و سەرۆکە عەرەبەکان، دەسەڵادارەکان، ڕێک بە قەد یەک، تۆیان خۆش دەوێ و هەڕاجت دەکەن.. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە