تاوانی مزگەوتەکانی نیوزیلاندا تەنیا پەیوەندیی بە ئاینی ئیسلامەوە نییە !

Sunday, 17/03/2019, 12:29

13089 بینراوە


لە دنیادا کێشە و ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی و بزوتنەوەی سپیەکان ڕەگێکی مێژووی هەیە، بەگوێرەی گەشەکردنی کۆمەڵگە، سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی، بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەو جوڵانەوەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیی جۆر و شێوەی کارکردنی جیاوازە. گەشەکردنی تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامرازێکی کارێگەر و ئاسنکەرن بۆ پەیوەندیی نێوان گروپ، ڕێکخراو و ئەو تاکانەی کە لەژێر کاردانەوەی ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستین لە دنیادا.

لە ئەنجامی گەشەکردنی سیستەمی سەرمایەداری،  کێشمەکێشم لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بازاری دنیا، بوونی ئابووریەکی پتەو و دەستبەسەراگرتنی بانکەکان لە جیهاندا، هاڤڕکێ لەسەر کەلەکە کردنی سەرمایە، وەرگرتنی ناونیشانی زلهێز لەسەر بیناغەی هەبوونی سوپا و سەرمایەی زەبەلاح، هۆکاری سەرەکیین لەوەی کە ئێستا دەوڵەتانی دنیا و ئەوانەی دەسەڵاتیان لەدەستە، هەوڵدەدەن بۆ وڵاتانی دیی پەلوپۆ بهاوێژن، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی سامانە سروشتییەکان، دابین کردنی بازار بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانیان بە تایبەتی چەک و تەقەمەنی کە بەبێ هەڵگیرساندنی جەنگ و هەڵکوتانە سەر میللەتان ناتوانن ئەوە بۆ کۆمپانیا گەوەرەکانی چەک فڕۆشتن دابین بکەن. بێ گومان بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن کێشە و گرفتی نێوان تاک و کۆمەڵگە و میللەتان و نەتەوەکان قوڵ بکەنەوە، گروپی چەکداری و سیاسیان لێ دروست بکەن و بیاندەن بە گژ یەکتری.

بە هێمای دەست پێشاندانی هێزی سپی
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا، دەستێکی باڵایان هەیە لە دروست کردنی گروپ و ڕێکخراوی سیاسی، بگرە لە هەڵگری هەموو جۆرە بیروباوەڕێک لە ئەوپەڕ چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست، بە تایبەتی گروپی ئاینی دژە مەزهەبی توندڕەوەی تیرۆریست، قوڵ کردنەوەی جیاوازیەکانی نێوان وڵاتان، میللەتان، نەتەوە و گروپ و ڕێکخراوی چەکداری و سیاسی، بەگوێرەی بەرژەوەندیان میدیا  بەگڕخستن. ئەم جۆرە کارکردنە لە ئاکامدا تەنیا گرفتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دنیای سێیەم و کوردستان دروست نەکردوە، ئەڵبەتە لە وڵاتانی ڕۆژئاواو و ئەو وڵاتانەی کە هەمان کلتوور و سیستەمیان هەیە وەک نیوزیلاندا و ئوسترالیا و سەدان وڵاتی دیی گرفتیان بۆ دروست بووە، لەدەرئەنجامدا ئاسایشی نەتەوەیی و ناسەقامگیری باری کۆمەڵایەتی  خۆشیان لە مەترسیدایە و گەشەکردنی ئەو جۆرە گرفتە لە وڵاتەکەیان پێشبینی شەڕی مەدەنی لێ دەکرێت. 

بەسەدان گروپی ڕەگەزپەرستی لەژێر ناو، دروشم و هێمای جیاوازدا، لە ئەوروپا، ئەمریکا، ڕوسیا، ئوسترالیا و نیوزیلاندا و گەلێک وڵاتی دیی دنیا سەریان هەڵداوە، لە کاتێکدا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە تایبەتی دوای نەمانی هیتلر و نازیی ئەو جۆرە بیروباوەڕە ئێکجار لاواز ببوو بە تایبەتی لە ئەوروپا کە خۆی بە هەڵگر و مەڵبەندی بیروباوەڕی مرۆڤایەتی پێناسە دەکرد ئێستا ئەو جۆرە گروپانە دووبارە  سەریان هەڵداوە نمونە 
 لە ئەمریکا Evropa
 لە فرەنسا "Identitarians,"  
لە ئوسترالیا ‘one nation party
ئەو جۆرە بزوتنەوانە لەلایەن هەندێک لە پارتە سیاسیەکان پشتیوانی دەکرێن، یان ئەوەی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا کاندیدەکان بۆ دەنگ کۆکردنەوە ئەو خاڵە زەق دەکەنەوە. لە هەڵبژاردنەکانی سەڕۆکایەتی ئەمریکدا ترامپ بە ئاشکرا دژ بە پەنابەر و چینیەکان لێدوانی دەدا، لە یەکێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا گوتی: 
"چینیەکان لە مادەی هۆشبەر بەولاوە هیچی دییان بۆ ئەمریکا نەهێناوە". ئەم جۆرە هەڵوێستە لەلایەن جوڵانەوەی سپیەکانی ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکرا.
جوڵانەوەی سپیەکان پێیان وایە ئەوان دەبێت پارێزگاری لە مانەوەی ڕەگەزیان بکەن، ئێستا ڕەگەزی سپی لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، وڵاتەکانیان لەژێر هەڕەشەی غەیرە سپیە، یەکەم : بەهۆی ئەوەی ئەوان کۆنتڕۆڵی زاوزێیان کردوە، لە یەک دوو منداڵ زیاتریان نابێت. دووەم:  پەنابەرێکی زۆریان لە وڵاتەکانیان وەرگرتووە، کە بەگوێرەی یاسا هەمان ماف و لێپرسراوەتی سپیەکانیان هەیە، ڕۆژ بە ڕۆژیش لە زیادبوون دان.

جوڵانەوەی سپیەکان ئەوەیان بۆ قبوڵناکرێت کە پیاوی سپی دەسەڵات لەدەست بدات کە بۆ سەدان ساڵە لە دنیادا دەسەڵاتداری یەکەم بووە، بڕیار بەدەست بووە و خاوەن کۆیلە بووە. ئەوان بڕوایان بە توندوتیژی، تیڕۆر و دەستوەشاندنی بە ناهەق هەیە، یەکێک لەو دروشمانەی کە هەیانە "گورگی تەنیایە"، بە مانای ئەوەی هەر تاکێکی هەڵگری ئەو جۆرە بیروباوەڕە بێت، دەبێت وەک گورگی تەنیا هەوڵبدات هەڵمەت بەڕێت، بەبێ ئەوەی داوای یارمەتی لەکەس بکات، داوای پارە و چەک و پلان دانان و هاوکاری بکات، بۆخۆی بە کارە تیڕۆرەکە هەستێت و گورزی کوشندە بوەشێنێت.  لەو دیدەوە کاری تیرۆری کە لە مزگەوتەکەی نیوزەلاندە لە نوێژی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕوویدا، تەنیا وابەستە نییە بە مەسەلەی ئاینەوە، جۆری ئەنجامدانی کارە تیڕۆریەکەی وەک " گورگی تەنیا" بووە، هەروها  ئەگەر سەرنج لە وێنەی تاوانبارەکە بدەین، دەبینین تاوانبار برنتۆن تارانت، بە دەست و پەنجەکانی هێمای "هێزی سپی" نیشان دەدا، ئەم هێمایە دروشمی ڕێکخراوی ڕەگەزپەرستە سپیەکانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئێستا لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و  نیوزیلاندا  لە گەشەسەندن.  هەروها پەخشکردنی کارە تیڕۆڕیەکەی ڕاستەوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، پەیامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە دنیادا هەڵگری ئەو جۆرە بیروباوەڕەن بۆ ئەوەی لاسایی بکەنەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە