ڕوسیا عیراق پڕچەک دەکات و باشووریەکانیش فریو دەدا


هەڵبژاردنی سروشتیی

Monday, 03.25.2019, 18:15

2271 بینراوە


هەڵبژاردنی سروشتیی (Natural selection)، زاراوەیەکە گەلێک جار لەبری پەرەسەندن و تیۆرەکەی داروین بەکار دەهێنرێت، لەبەرئەوەی ئەگەر میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتیی لەو تیۆرە بسڕینەوە، ئەو کاتە داروین ڕەسەنایەتیی خۆی لەدەست دەدات و هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێت، لەگەڵ ئەو زانایانەی پەرەسەندن کە لە پێش خۆیدا هەبوون. میکانیزمەکانی دیکەی پەرەسەندن گشتیان دەبنە بنچینە بۆ سەرهەڵدانی گۆڕانەکان، بەڵام ئەوەی ئەمانە بۆ پەرەسەندن وەردەگێڕێت، هەڵبژاردنی سروشتییە. مەبەست ئەوەیە میکانیزمەکان لەگەڵ هەڵبژاردنی سروشتییدا پێکەوە و بە دوو ئاراستە، ئەو پەرەسەندنانەی هەن بەڕێوە دەبەن. بەپێی ئەم بنەمایە هەڵبژاردنی سروشتیی دەبێتە پێوەرێک بۆ دیارکردنی تایبەتمەندی سووددەر و زیاندەر لە جۆرەکانی زیندەوەراندا. بوونی بازدانەکان و بڵاوبوونەوەیان لە نەوەکانیاندا، ئەگەر سوودی بۆ ئەو جۆرەیان نەبێت و یارمەتیان نەدات بۆ سازان و گونجانیان لە ژینگەکەیاندا، ئەوا هەڵنابژێردرێن و هیچ پەرەسەندنێک سەرهەڵ نادات. بە هەمان شێوە نەبوونی بازدانەکان، یان بڵاونەبوونەوەیان هیچ شتێک ناهێنێتە بەردەم سروشت بۆ هەڵبژاردنیان. کەواتە ئەو زیندەوەرەی بازدانێکی جینەکی سوودبەخشی لێ ڕوو دەدات، پێش نەوەنانەوە بمرێت، هیچی لێ نایەتە بەرهەم. هەڵبژاردنەکان هەڕەمەکی نین، بەڵام ئەو تایبەتمەندییانە دەستنیشان دەکەن کە بە هەڕەمەکی لە ڕێی بازدانە جینەکییەکانەوە ڕوو دەدەن.
هەڵبژاردنی سروشتیی وەک پێناسەیەک، بەو کردارە دەگوترێت کە بەهۆیەوە ئەو زیندەوەرانە لە ژیاندا دەمێننەوە، زیاترین گونجانیان لەگەڵ ژینگەدا بەخۆوە بینیووە. وشەی (سروشت) هێماکردنێکە بۆ ژینگە کە کاریگەریەکی تەواوی هەیە لەسەر گۆڕانی ئەو زیندەوەرانەی تێیدا دەژین، هەر ئەویشە بڕیار دەدات (هەڵبژاردن)، کامە زیندەوەر بمێنێت، کامەشیان لەناو بچێت. وەک چۆن پێشتریش بە نموونەی زەڕافەکان ڕوونمان کردەوە کە چۆن گۆڕانی ئاوهەوا و کەمبوونەوەی گژوگیا، وا دەکات تەنیا ئەو زەڕافانە بمێننەوە کە ملیان درێژە و دەگەنە گەڵای درەختە بڵندەکان، ملکورتەکانیش بنەبڕ ببن (داروین). نەک بەوەی هەوڵی زەڕافە ملکورتەکان بۆ گەیشتنیان بە درەختە بەرزەکان، وایان لێ بکات پاش ماوەیەک ملیان درێژ ببێت (لامارک). 
زۆر گرینگە بزانین هەڵبژاردنی سروشتیی شتێک نییە، بوونێکی ڕاستەقینەی هەبێت، بگرە خۆی تەنیا زاراوەیەکە بۆ ئەو کردارەی کە ڕوو دەدات، بۆیە ئێمە هەر ناوێکی پێ بدەین، جا چ سازان بێ، یان گونجان، هیچ کێشەیەک نایەتە ئاراوە. هۆکاری ئاماژەکردنیشمان بەمە لەبەرئەوەیە کە ڕەخنەگرانی پەرەسەندن، گەلێک جار وەک بوونێکی سەربەخۆ پێناسەی دەکەن و دەرەنجام دەڵێن، سروشتی ڕووت چۆن دەتوانێت سوودی تایبەتمەندییەکان دەستنیشان بکات، بۆ سروشت خاوەنی هۆشمەندییە، تا جیاوازی نێوان چاکی و خراپی بزانێت؟ وەڵامیان بەوە دەدرێتەوە کە زاناکان بەهەر شێوەیەکیش بێت، دەزانن کرداری هەڵبژاردنەکە چۆنە، بەڵام ناچارن ناوێکی پێ ببەخشن. ئەمەشیان کتومت وەک ئەوەی گەردوونناسانە کاتێک دەڵێن، خۆر هەڵ دێت، یان خۆر ئاوا دەبێت، هەرچەندە چاک تێدەگەن کە ئەو خۆر هەڵاتن و ئاوابوونەوە لە ڕاستیدا هیچ بوونێکیان نییە، بەڵام بۆ ڕاڤەکردنی ئەو دیاردەیە هەر دەبێت زاراوەیەکی بۆ دابنێن.
لەبەرئەوەی تێگەیشتن لە هەڵبژاردنی سروشتیی ئاشنابوونە بە بنەما سەرەکییەکانی پەرەسەندن، بۆیە لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی پتر، چە‌ند نموونە‌یە‌کی ناسراو دێنینە‌وە:
- بەکتریا: لێکۆڵینە‌وە‌‌‌ لە‌ وردە‌زیندە‌وە‌رانی وەک بە‌کتریاکان، باشترین ڕێیە‌ بۆ دە‌ستنیشان کردنی هەڵبژاردنی سروشتیی، چونکە سووڕی ژیانیان زۆر کورتە، بە شێوەیەک دە‌توانین بە‌دوای چە‌ندان وە‌چە‌دا بچینە‌وە‌ بۆ بینینی ئە‌و کردارە.‌ وا دانێین گیراوە‌یە‌کمان هە‌یە جۆرە‌ بە‌کتریایە‌ک لە‌ناویدا دە‌ژی، پاشان هاتین هەندێ زیندە‌کوژمان تێ کرد. گریمان دانەیەک، یان چەند دانەیەک لە‌و هە‌موو ملیۆنە‌ لە‌ڕێی بۆماوە‌یییەوە تایبە‌تمە‌ندییە‌کیان هە‌یە‌ بۆ بە‌رگە‌گرتن و خۆپاراستن لە‌و‌ زیندە‌کوژە‌، پاش ماوە‌یە‌کی کە‌م دەبینین ئە‌وانە‌ی بە‌رگرییان نییە‌ دە‌مرن، ئە‌و ژمارە کەمەشی بە‌رگرییان کرد دەمێننەوە، دوای ئەمە بە‌ کرداری دابە‌شبوون جارێکی دی زۆر دە‌بنەوە، بە‌ سە‌رنجدانی یە‌ک لە‌دوای یە‌ک، دەبینین کە ئە‌و ناوە‌ندە‌ پڕ دەبێت لە‌م چەشنەیان. بەڵام ئەگەر دیسانەوە هەمان زیندەکوژ بەکار بهێنین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، چونکە ئەوانەی ماونەتەوە و ئێستە هەن، گشتیان لەوەن کە بەرگرییان هەبووە بەرانبەر بەو زیندەکوژە.
لەبەرئەوەشە‌ زانستمەند و شارەزایانی دەرمانسازی بۆ‌ چارە‌سە‌رکردنی زۆربە‌ی نە‌خۆشییە‌کان، لە‌ هە‌وڵی بە‌ردە‌وامن بۆ دۆزینە‌وە‌ی دژە‌بە‌کتریا و دەرمانی نوێ. نموونە‌ی بەرچاو، نە‌خۆشی (ئایدز)ە کە ڤایرۆسە‌کە‌ی توانێکی سە‌یری هە‌یە‌ بۆ سازان و بە‌رگریکردن لە‌و دە‌رمانانە‌ی بەکار دەهێنرێن، بۆیە دەبینین ئەو دەرمانانەی لە ڕۆژانێکدا زۆر گرینگ و کارا بوون، پاش ماوەیەک هیچ سوودێکیان نابێت. بەهەمان شێوە‌ زانراوە کە لە‌ بە‌کارهێنانی ماددە لەناوبەرەکان، بۆ قڕکردن و قەڵاچۆکردنی مێرووەکان و سە‌دان زیندە‌وە‌ری زیاندە‌ر بە‌ کشتو‌کاڵ، ناتوانرێت بۆ کێڵگەیەک یە‌ک ماددەی دیارکراو، ساڵ لەدوای ساڵ بە‌کار بهێندرێتەوە.
مەبەست ئەوەیە کە ئێمە هەرچەندە وامان لێهاتووە بە بوونی دەرمانەکان، بتوانین گەلێک پەتا و نەخۆشی ترسناک چارەسەر بکەین، بەڵام ئەمە هەرگیز ئەو واتایە ناگەینێت، بگەینە ڕۆژێک بەتەواوی نەخۆشییەکان نەهێڵین. لەبەر بوونی پەرەسەندنی بەکتریا و ڤایرۆسەکان و پتربوونی بەرگرییان بەرانبەر بە دەرمانەکانمان، هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە پەتایەکی کووشندە بڵاو ببێتەوە و ژمارەیەکی زۆرمان لەناو ببات، ئەو دەمە دیسانەوە بکەوینە ژێر گاریگەری هەڵبژاردنی سروشتییەوە.
- پەپوولەی (Peppered Moths): جۆرێکە لەو پەپوولە خاڵدارە شەوگەڕانەی کە حە‌زیان لە‌‌ ڕۆشنایییە،‌ کاتی خۆی لە‌ چەند ناوچە‌یە‌کی ئینگلستان دە‌ژیان. ئە‌و پە‌پوولە‌ ڕە‌نگ سپییانە (خۆڵەمێشی)‌ ئەو دەمەی بە‌سە‌ر قە‌دی ڕە‌نگی کاڵی دارە‌کان دەنیشتنەوە،‌ بەچاکی نەدەبینران لەلایەن باڵندە و ڕاوکە‌رە‌کانیان لە‌ زیندە‌وە‌رانی دیکەوە، بەمەش ژمارەیان گەلێک زۆر ببوو. لە پاشاندا شۆڕشی پیشە‌سازی دەستی پێ کرد، بووە‌ هۆی بڵاوبوونە‌وە‌ی دووکە‌ڵی ڕە‌شی کارگە‌کان و پیسبوونی ژینگە، وای لێهات قە‌دی دارە‌کان ڕە‌ش هە‌ڵگە‌ڕان، بە‌مە‌ پە‌پو‌ولە‌کان بە‌و ڕە‌نگە‌ سپییە‌یان بە‌باشی بەدیار دەکەوتن و دە‌بوونە‌ نێچرێکی ئاسان بۆ دوژمنەکانیان، دەرەنجام بە‌رە‌بە‌رە‌ کە‌م بوونە‌وە‌‌. بەڵام ئە‌و چەند دانە‌یەی تێرڕە‌نگ بوون (بەهۆی ڕوودانی بازدانە جینەکییەکان)، ترسیان لە‌سە‌ر نە‌بوو، جگە‌ لە‌مە‌ش کە‌مبوونە‌وە‌ی پە‌پوو‌لە‌کانی ڕە‌نگە‌کە‌ی دی، بووە‌ هۆی زێدە‌بوونی خۆراک بۆ ئەمانە، سە‌رە‌نجام ژمارە‌یان پتر ببوو، سپی ڕەنگەکانیش تا دەهات لە نەمان نێزیک دەبوونەوە. بەڵام پاش ماوەیەک یاساکانی پاراستنی ژینگە‌ ڕاگەیندران، وای لێهات قەدی دارەکان پاک بوونەوە، ئەم جارەیان پەرەسەندن ئاراستەکەی پێچەوانە ببێتەوە و پەپوولە تێرڕەنگەکان بکەونە بەر هێرش، بەمە سە‌رلە‌نوێ پە‌پوولە‌ی سپی بەدەر کەونەوە، لەبەرئەوەی لە‌و شوێنانە‌ی کە دوور بوون لە‌ کارگە‌کان و ژینگە‌ی پیس، هەندێک لە‌و چە‌شنانە‌ی هەر تێدا مابوونەوە.
- مامووس (Mammuthus): ئە‌و ئاژەڵە‌ قڕبووانە‌ن، لە ‌شێوە‌ی فیل بوون‌ و گشت لە‌شیان بە‌ موو داپۆشرا بوو، لە‌ سە‌ردە‌مانێکی زۆر کۆندا لە‌ باکووری ئۆڕاسیا (لە کۆندا کۆی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئە‌وروپا) دە‌ژیان. ئەمانە ڕەنگە لەو‌ مامووسانەی کە موویان نەبووە، لە نموونەی ئە‌و فیلانە‌ی ئە‌مڕۆکە هەن پەیدا بووبن، بەڵام ڕوودانی بازدانە جینەکییەکان بووبێتە‌ هۆی ئە‌وە‌ی هەندێکیان موودار بن، وەک چۆن ڕێژە‌ی مووی لە‌ش لە‌ هە‌موو مرۆڤەکاندا یەکسان نییە. پاشان کەشوهەوای ناوچەکەیان گۆڕا و ساردی بەتینتر بوو، بوونی ئەو مووانە لە لە‌شی هەندێکیاندا کە ئاکارێکی بەسوودە، یاریدە‌ر بوو بۆ گە‌رمبوونە‌وە‌ و بە‌رگە‌گرتن بە‌رانبە‌ر بە‌و ژینگە‌ سارد و سە‌ختە، بەمەش موودارە‌کان هە‌لی مانە‌وە‌یان لە‌ ژیاندا پتر بوو لە‌ بێمووە‌کان. بە‌ گوێزانەوەی ئە‌و تایبە‌تمە‌ندییە‌ لەڕێی زاوزێکردنەوە بۆ وە‌چە‌ی داهاتوو، وای کرد ئاکاری مووداری تەشەنە بکا و ڕێژەی زیاتر ببێت، پاشان پشت لە‌دوای پشت و بە‌ تێپە‌ڕبوونی ماوە‌یە‌کی درێژ، تێکڕای جۆرە‌کە‌ی گرتە‌وە.‌ چە‌ندجارە‌بوونە‌وە‌ی هەمان کردار و چەند کردارێکی دی لە ئەندامەکانی لەشی ئەو جۆرەدا وەک، گە‌ورە‌بوونی قە‌بارە،‌ زێدەبوونی ڕێژە‌ی چە‌وری، ڕوودانی گەلێک گۆڕانی ناوەکی و بۆماوەیی بە ماوەیەکی دورودرێژ، دەرەنجام وا دەکات لە کەڵەکەبوونی ئەو گۆڕانانە جۆرێک پە‌یدا ببێت، تا ڕادەیەک جیاواز بێت لە‌ پێشینەکەی.
نموونەکانی بوونی کاریگەری هەڵبژاردنی سروشتیی یەکجار زۆرن، بەڵام لێرەدا ئێمە بۆ ڕوونکردنەوە، تەنیا چەند دانەیەکی گەلێک باو و ناسراومان خستە بەردەست. ئەگەر سەرنجیش بدەینە ئەو سێ نموونەیەی سەرەوە، دەبینین گشتیان پەرەسەندنی بچووک ڕوون دەکەنەوە. چونکە لە نموونەی یەکەم وردەزیندەوەرەکان هەر بە بەکریا مانەوە و نەبوونە زیندەوەرێکی دیکە. لەوەی دووەم جیاوازی پەپوولەکان، تەنیا لە ڕەنگەکانیان بوو. ئەوەی سێیەمیش شێوەیەکی گۆڕاو بوون لە پێشینەکەیان. چەند جارێکی دیکەش گوتوومانە کە پەرەسەندنی گەورە هەمیشە لە کەڵکەبوونی پەرەسەندنی بچووکەوە سەرهەڵ دەدات، بۆیە ئەگەر مامووسەکان گۆڕانکاری دەرەکیی و ناوەکییان پتر لێ ڕوو بدات، بە ماوەیەکی دوورودرێژ دەشێت جۆرێکی نوێیان لێ پەیدا ببێت. داروینیش بەناچاریی گەلێک جار لە پەرەسەندنی بچووک دەدوا، چونکە ئەم شێوازانەی پەرەسەندن بەرئەزموونن و بەئاشکرا هەستیان پێ دەکرێت، بەڵام پەرسەندنە مەزنەکان، لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆریان خایاندووە، نەدەکرا بەکردارەکی بسەلمێندرین، بۆیە بۆ ئەمانە داروین پەنای بۆ بەڵگەی دیکە دەبرد.
هەڵبژاردنی سروشتیی میکانیزمێکە پە‌سندکردن و زێدەکردنی تایبە‌تمە‌ندییە‌ بۆماوە‌یییەکانی سە‌رهە‌ڵدراو لە‌ تاکی جۆرێک لە‌ زیندە‌وە‌راندا بەڕێوە دەبات، تا وای لێ دێت لە‌ وە‌چە‌کانی داهاتووی کۆمەڵەی ئەم جۆرەدا، لەڕێی زاوزێ و زۆربوونەوە ئە‌و تایبە‌تمە‌ندییە‌ زیاتر باو ببێت. بۆ نموونە، گونجانی ئەندامەکان بەرانبەر بە هەلومەرجەکانی ژینگە، هەروەها گۆڕانی شێوەی دەرەوە و ڕەنگی زیندەوەران، تا وەک ئەو شوێنەی لێ بێت کە تێدا دەژین، بۆ ئەوەی لەلایەن نێچیر و دوژمنەکانیانەوە بەئاسانی نەبیندرێن.
بۆ ئەم کردارەی گۆڕانی شێوەی دەرەکی زیندەوەران، نموونەی یەکجار زۆر هەن وەک، گۆڕانی ڕەنگی گەلێک جۆرە خشۆک، گۆڕانی شێوەی ئەو مێرووانەی کە بە مێرووی دارەجووڵاوەکان، یان گەڵاجووڵاوەکان (Phylliidae) دەناسرێن، ئەوانەی لەسەر هەر جۆرە گەڵایەکدا دەژین، کتومت وەک ئەو گەڵایانەیان لێ هاتووە. هەڵبژاردنی سروشتیی دەشتوانێ وا لە تایبە‌تمە‌ندی ناپەسند بکات، بەرەبەرە‌ ڕوو لە‌ کە‌مبوونە‌وە‌ بکات، بە‌ بە‌ردە‌وامبوونی ئە‌م کردارانە پاش ماوە‌یەک، چە‌ند ئاکارێک لەناو دەچن، هەندێکی گونجاویش لە‌گە‌ڵ ژینگە‌ی دە‌وروبە‌ر‌ لای ئە‌‌و جۆرانەدا‌ دێتە ‌ئاراوە. ئەم زێدەکردن و کەمکردنەوەی ئاکارە زیندەکییەکانی زیندەوەران کە لەڕێی بۆماوەیی، یان ژینگەیی، یانیش پێکەوە، کردارگەلێکی هەڕەمەکیی نین و لە کۆمەڵەی هەموو جۆرەکاندا ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن، تەنیا لە ماوە‌ی خایەنراو و چەندایەتی و چۆنایە‌تیدا لە‌ جۆرێک بۆ جۆرێکی دیکە دە‌گۆڕێن.
گونجان و سازان لەگەڵ ژینگەدا چەندان شێوازی جۆراوجۆری هەیە، وەک ئەوەی دەشێ جۆرێک لەو گونجانانە لە‌ ئە‌نجامی گۆڕانی بژیووەوە ببێت، وەک کرمۆکە‌کانی مێشی سێو کە نێزیکە‌ی سە‌دە‌یە‌ک بوو‌ لە‌ هەندێ دەڤەری وڵاتە‌ یە‌کگرتووە‌کانی ئە‌مەریکادا، ببووە گرفتێکی گەورە و ‌هە‌ڕە‌شە‌یە‌کی زۆری دەکردە ‌سە‌ر کشتو‌کاڵ و پیشە‌سازیی خۆراک. ئەوەی زانراوە کاتی خۆی ئەمانە لە‌سە‌ر جۆرە (گێوژ)ێکی تایبەتی دە‌ژیان، بەڵام پاشان بەهۆی ڕوودانی بازدانە جینەکییەکان و هەڵبژاردنی سروشتیی، سێو بووە خۆراکیان.
داروین بە‌دوورودرێژی و بە ‌هێنانە‌وە‌ی چە‌ندان نموونە‌‌، میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتیی ڕاڤە‌ کردووە. پتە‌وبوونی چەمک و بنەمای ئەو میکانیزمەش لای داروین دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ بۆ، کۆکردنە‌وە‌ی چە‌ندان زانیاری‌ لە‌ کاتی گە‌شتە‌کە‌یدا(بیگڵ)، تۆژینە‌وە‌ی بەردەوام و گەڕان بە‌دوای بە‌ڵگە‌کان، ئاشنابوون بە‌ بیروڕای هەندێک لە زاناکان لە‌م ڕووە‌وە.
یەکێک لە‌م زانایانە، وەک لەمەوبەر ئاماژەمان پێ کرد (تۆماس مالتۆس)ە کە خاوە‌نی چە‌ندان تۆژینە‌وە‌یە‌ لەبارەی پێکهاتەی دانیشتووان لە بواری گە‌شە‌کردن،‌ زێدەبوونی ژمارە‌یان، دابە‌شینی کار و ئەو پێوە‌ندییانەی لە نێوان بەبەرهەم هێنان و ژمارە‌ی دانیشتوواندا هەیە. بە ڕای مالتۆس ڕێژە‌ی زۆربوونی دانیشتووان گەلێک پتر و خێراترە‌ لە ڕێژە‌ی زۆربوونی بە‌روبوومی کشتوکاڵی و هی دیکە، واتە‌‌ ئە‌و بە‌شە‌ خۆراکە‌ی بەبەرهەم دێ، بە هیچ شێوە‌یە‌ک بە‌شی هە‌مووان ناکات. بە‌گوێرە‌ی ئەو بیروڕایانە مالتۆس ئەو مەبەستەی دەردەبڕی کە دەبێ جۆرە‌ هەڵبژاردنێک هەبێ لەڕێی ئە‌وەوە،‌ ئەگەر مرۆڤێک بتوانێت کار بکات بمێنێتە‌وە‌، ئەوەشی بێهێزە هەلی کاری دەست ناکەوێت، پێویستە لە‌ناو بچێت. هەندێک بەوەندەش نەوەستان و گەلێک زێدەڕۆیییان دەکرد، تا ئەو ڕادەیەی دەیان گوت، ئەوانەی هەژار، یان نەخۆش و لاوازن، نابێت ڕێیان پێ بدرێت نەوە بنێنەوە، تا بەرەبەرە جینەکانیان لەناو بچن و نەمێنن! ئاشکرایە کە ئەم بۆچوونانە زۆر نامرۆڤانەن، چونکە گەر بمانەوێت چەندین ڕێکاری دیکە هەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کەمی خۆراک و بەروبووم بۆ ئێمەی مرۆڤ. هەرچۆنێک بێت داروین سوودێکی زۆری لە‌ بۆچوونە‌کانی مالتۆس وە‌رگرت، بە‌ڵام ئە‌وە‌ی لەلای داروین گرینگ بوو، دە‌ستنیشان کردنی ئە‌و دیاردە‌یە‌ بوو لە ڕوە‌ک و ئاژەڵەکاندا. ئەوەی جێی سەرنجە دەڵێن، داروین کتێبەکەی مالتۆسی تەنیا بۆ خۆشی خوێندەوە، نەک بە مەبەستی بابەتێکی پێوەنددار بە تیۆرەکەی، کەچی ئەو کتێبە بچووکە (مالتۆس ناوی نابوو بە وتار) کاریگەرییەکی یەکجار مەزنی هەبوو بۆ ئاشنابوونی تەواو بە هەڵبژاردنی سروشتیی، دوای خوێندنەوەی کتێبەکە داورین خۆی دەڵێت: ئێستە بەتەواوی دەستم گیربوو لەوەی کە بەدوایدا دەگەڕام!
داروین بە گرێدانی بیروڕاکانی مالتۆس لەگەڵ بنەما و میکانیزمەکانی پەرەسەندن، ئەوەی بۆ ڕوون بووەوە کە هۆکاری کەمی خۆراک و دروستبوونی هاوسەنگیی، وای لە سروشت کردووە هەمیشە سنوورێک بۆ زیادبوونی زیندەوەران دابنێت، لە ڕێی هاتنەکایەی کێبڕکێیەکی تووند بۆ مانەوەیان، بەوەی کامە جۆر لە زیندەوەران زێدەتر ساز و گونجاون بمێننەوە (ململانە لەپێناو مانەوەدا)، ئەوەشی توانی سازانی نەبێت لەناو بچێت، تا وای لێ دێ ژمارەیان جارێکی دی جێگیر ببێت. لەبەرئەوەشە لە سروشتدا دەبینین کە لە زۆربەی کات و سەردەمەکاندا، ژمارەی جۆرەکان هەتا ڕادەیەک لێک نێزیکن، مەبەست ئەوەیە هەرچەندە گەلێک جۆر لە زیندەوەران بنەبڕ دەبن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە چەندن جۆری نوێش سەرهەڵ دەدەن.
ئەم دیاردەیە و لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری بێچووەکانی زیندەوەران، کاریگەرییەکی گەلێک گرینگی هەیە لە ژیانی سەرلەبەری زیندەوەران، چونکە ئەگەر بەم شێوازە نەبووایە، بەوەی زیادبوونی زیندەوەران بە یەک بەدوای یەکی ئەندازەیی بێ (١٦،٨،٤،٢،...)، پتر بوونی خۆراکیش بە یەک بەدوای یەکی ژمێرەکیی بێت (٨،٦،٤،٢،...)، ئەوا لەمێژ بوو ژمارەی زیندەوەران هێندە زۆر دەبوو، شێوانێک لە سروشتی ژیاندا پەیدا ببێت، هاوکات ئەو خۆراکەی کە هەبووە هەرگیز بەشیان نەکات.
بۆ ئەمەش ئەگەر تەنیا مێیەی یەک فیل وەربگرین کە نێزیکەی ١٠٠ساڵێک دەژی، ٦ بێچوو بهێنێت لە ژیانیدا، واش دابنێین ئەمانە هیچیان لەناو نەچن و هەریەکەیان دیسانەوە ٦ نەوە بنێتەوە، داروین خۆی لێکی داوەتەوە کە بە نێزیکەی ٧٥٠ ساڵ، ژمارەیەیان خۆی لە ١٩ ملیۆن دەدات. زاناکان سەرنجیان داوە کە بەگوێرەی هەندێک هەژمار، نێزیکەی هەر هەزار ساڵێک، ژمارەی زۆربەی زیندەوەران و جۆرەکانیان وەک خۆیان دەمێننەوە (گەر بەدەستی مرۆڤ لەناو نەچن). ئەگەر لەم ڕووەوە سەیری هەندێ ماسی، یان مەگز بکەین کە هەریەکەیان بە سەدان ملیۆن گەرا و هێڵکە دادەنێن، کاتێک هەموو ئەمانەش لەناو نەچن و بمێننەوە، کەواتە تەنیا بۆ تاکێکی یەک جۆر لەمانە، بە چەند ساڵێکی کەم جێیان لە دەریاکان و وشکانییدا نابێتەوە.
سەرچاوەیەکی گرینگی دیکەی زانیارییەکانی داروین ئەوە بوو، کاتێک ماڵی بردە‌ لادێ، لەوێدا چە‌ندان جار سە‌ردانی پە‌روە‌ردە‌کا‌رانی هەندێ جۆر لە‌ ئاژەڵانی وەک، مە‌ڕوماڵات و پە‌لە‌وە‌ری دە‌کرد، بە‌وردی سە‌رنجی کارەکانی ئەمانەی دەدا، بە‌تایبە‌تیش ئە‌وانە‌ی کۆتریان پە‌روە‌ردە‌ دە‌کرد. دەڵێن داروین خۆیشی کۆتری بەخێو کردووە، تا لە نێزیکەوە ئەو پەرەسەندنەی کە لەلای زیندەوەراندا ڕوو دەدا دەستنیشان بکات. داروین سەرسام دەبوو لە‌ پە‌رە‌پێدان و هەڵبژاردنی جوانیی ڕە‌نگی پە‌ڕ و هێشتنە‌وە‌ی شێوە‌ی پە‌سندکراوی ئەو کۆترانە، چونکە وای لێ هاتبوو کە ژمارەیەکی یەکجار زۆری جیاجیا لە کۆترانە بەبەرهەم بێت. پێویستە ئەوەش بڵێین، ئەو هەموو کۆترە ماڵییانەی ئەمڕۆکە بە هەزاران شێوە و ڕەنگاوڕەنگییە دەبیندرێن، زۆربەیان بە دەستی مرۆڤ پەرەیان پێدراوە، لە کۆترێکی پێشینەیان هاتوون کە زۆر لەو کۆترەکێوییانە دەچێ ئەمڕۆکە هەن. ئە‌و هەڵبژاردنە‌ دە‌ستکردە‌ی بە‌ خواستی پە‌روە‌ردە‌کا‌ران ئە‌نجام دە‌درا‌، لای داروین نیشانە‌ و هێمایە‌ک بوون، بۆ هە‌مان ئە‌و کردارە‌ی سروشت دەیکات. بە‌ڵام دەبێ بزانین کە سروشت خاوە‌نی هیچ پڕۆژە‌ و مە‌بە‌ست و نیازێک نییە‌، تە‌نیا ئە‌وانەش‌ دەهێڵێتە‌وە‌ بە‌رانبە‌ر بە‌ کۆمە‌ڵێک دیاردە‌ و ڕووداوی ژینگەیی جۆراوجۆر ساز و گونجاون.
لە سروشتدا ئە‌وانە‌ دە‌مێننەوە و پە‌رە‌ دە‌سێنن کە خاوە‌نی چە‌ند ئاکارێکی دیارکراون وەک، هێز، شاخی ڕەق و پتەو، کە‌ڵبە‌ی تیژ، بەکارهێنانی ژەهر، غاردانی خێرا، فڕین، چاوی دووربین، مە‌لە‌کردن، بە‌داردا هە‌ڵگە‌ڕان، توانی بە‌رگری لە‌خۆکردن، خۆ‌شاردنە‌وە‌ لە‌ دو‌ژمن و زۆر هۆکاری جیاجیا لە‌ ئاژەڵاندا. لە ڕوەکەکانیشدا بوونی گوڵ، دڕک، تامی ترش، یان تاڵی بە‌ر و چەندانی دی. نە‌بوونی ئەم تایبەتمەندییانە دە‌بێتە‌ هۆی کە‌مبوونە‌وە‌یان، لە‌وانە‌شە‌ بە‌تە‌واوی لە‌ناو بچن و جۆرە‌کە‌یان بنە‌بڕ بێت. دەبێت ئە‌وە‌ش بڵێین کە ململانە لە‌پێناو مانە‌وە‌دا، تە‌نیا بە‌ هێز و شە‌ڕکردن ئە‌نجام نادرێ، بگرە چە‌ند تایبەتمەندییەکی گرینگی دیکەی دەوێ وەک، زاوزێکردنی خێرا، یاخۆ زۆربوون بەهۆی دانان و هێنانی ژمارە‌یە‌کی زۆر لە‌گە‌را و بێچوو، چونکە ئاشکرایە بێچووی گەلێک لە ئاژەڵان پێش ئەوەی بگەنە کاتی نەوەنانەوە دەمرن. لە ڕوەکیشدا پاراستنی بەر و تۆو، هەروەها بوونی ڕەگ و قەدی پتەو و گەلێک تایبەتمەندی دیکە، پێویستییەکی فەرامۆش نەکراون.
جگە لە بوونی ئەو ئاکار و نیشانانەی بۆ ململانە بایەخدارن، زیندەوەران خاوەنی چەندان تایبەتمەندی دیکەن کە سوودیان هەبێت بۆ مانەوەی جۆرەکانیان. جوانیی شێوە‌ و بوونی ڕە‌نگی جۆراوجۆری پێستە‌ و پە‌ڕوباڵ، بۆ ڕاکێشانی ڕە‌گە‌زە‌کە‌ی دی لە‌ ئاژەڵاندا. جوانیی پە‌ڕە‌ی گوڵ، بۆنوبە‌رامەکەی و تامە خۆشەکانی بەری ئە‌و هە‌موو چە‌شنە‌ ڕوە‌کانەش، بۆ ئەوە نییە، مرۆڤ پێی جوان بێت و ‌بۆنیان بکات، یاخۆ تەنیا دانرا بن، تا مرۆڤ چێژ لە خواردنیان وەربگرێت، بگرە بۆ ڕاکێشانی مێروو و باڵندە‌ و ئاژەڵەکانە، بۆ ئەنجامدانی کرداری پیتاندن و زۆربوونیان. هەریەک لەو نیشانە و تایبەتمەندییانە ئەرک و مەبەستێکی دیارکراو بەڕێوە دەبەن، بۆ نموونە، هەندێ جۆرە ڕوەک لە لایەک دڕکی هەیە، بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان نەتوانن لێی نێزیک ببنەوە و بیخۆن، لە لایەکی دیکەوە گوڵی جوان و بۆنخۆشی هەیە، تا هەندێک مێروو و باڵندە بۆخۆی ڕابکێشێت، ئەمانەش بۆ بڵاوکردنەوەی هەڵاڵە، یان تۆوەکانی پێویستی پێیان دەبێت. جگە لەمە زۆر ڕوەک هەن، سەرەتا لەبەر پێنەگەیشتنی تۆوەکانیان کە لەبار نین بۆ زۆربوون، دەبینین بەرەکانیان تامیان ترش و تاڵە، ئەمەش وا دەکات ئاژەڵەکان نەیان خۆن، بەڵام کاتێک پێ دەگەن تامیان خۆش دەبێت، ئەم جارەیان بەپێچەوانەوە بۆ هاندانی ئاژەڵانە بۆ خواردنیان، پاشان بە پاشەڕۆکیان تۆوی ئەو ڕوەکانە بۆ جێی دیکە بگوێزنەوە، بەمەش هەلی مانەوەی جۆرەکانیان زێدەتر بێت.
لەبەر بوونی ئەو گرینگییەی هەڵبژاردنی سروشتیی، وای کردووە لە گشت بنەما و میکانیزمەکانی پەرەسەندن پتر ڕەخنەی لێ بگیرێت، ئەمەش نەک تەنیا لای دژکارەکانی، بگرە لەلای ئەوانەی کە تەواو لایەنگریشن، دەبینین لە چەندین وردەکاریی ئەو هەڵبژاردنە کۆک و هاودەنگی ئەوانەی دیکە نین. بۆ نموونە والاس هەرچەندە هاوبەشی داروین بووە لە داهێنانی تیۆری پەرەسەندن، کەچی پێی وا بوو هەڵبژاردنی سروشتیی ناتوانێت بەتەواوی ڕاڤەی پەرەسەندنی ئەو ئاستەی مێشکی مرۆڤمان بۆ بکات. والاس دەیگوت، جۆری مرۆڤ بۆ مانەوەی لە ژیاندا پێویستی بەو هەموو مێشکە و زیرەکییە نییە، بێگومان دەبێ نەخشەسازێکی خاوەن هۆشمەندییەکی بێپایانی لەپشت بێت. جارێکی دیکەش ئاماژەمان پێ کردووە کە ئەو بیروڕایەی والاس لە پاشخانی ئاینییەوە سەرچاوەیان دەگرت، چونکە دەرکێشانی مرۆڤ، یان تەنیا یەک لە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ لە میکانیزم و بنەماکانی پەرەسەندن، واتاکەی بەهەڵە خستنەوەی تیۆرەکە دەگەینێت. 
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی تیۆری پەرەسەندن، چەندان جار هەوڵ دراوە بۆ بەلاوەنانی ئەم میکانیزمە سەرەکییەی هەڵبژاردنی سروشتیی. بەڵام داروین چاک دەیزانی ئەمەیان وەک ڕەخنەکانی دیکە نین، بشێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێن، چونکە لابردنی هەڵبژاردنی سروشتیی لەم تیۆرە، وەک گوتمان وای دەکرد ئەوەی داروینیش ببێتە بۆچوونێکی ئاسایی و بایەخێکی ئەوتۆی نەبێ. لە ڕاستییدا دەبێ دان بەوەشدا بنێین، بوونی چەند بۆشاییەک و نەبوونی وەڵامی گونجاو بۆ هەندێ پرسیار، جاری وا هەبووە تیۆرەکەی نێزیک کردۆتەوە لە لەبیرکردن. ئەو ڕەخنانەی لەو دەمەدا لە هەڵبژاردنی سروشتیی دەگیران، لەبەر کەمی بەڵگەکان و نەبوونی کەرەستەی زانستی پێشکەوتوو، وای لە داروین دەکرد تووشی دڵەڕاوکێ ببێ، نەتوانێ بەبەردەوامی و بەگوڕوتینێکی زۆرەوە بەرگری لەو میکانیزمە بکات کە کۆڵەگەی سەرەکی بوو بۆ تیۆرەکەی. هەتا پاش مردنی داروینیش هەندێک جار تیۆرەکەی ئەو بێهێزییەی بەخۆوە دیت، تا ڕادەیەک شارەزایان دەڵێن، لە ساڵێ ١٩٠٩ (پاش ٥٠ ساڵ دوای کتێبەکەی داروین)، لە بنگە زانستییەکاندا، هیچ کەسێک لە بابەتی پەرەسەندندا، ناوی هەڵبژاردنی سروشتیی نەدەهێنا!
کەچی خۆشبەختانە گشت جارێک لەسەر دەستی چەند زانایەک زیندوو بووەتەوە، بەڵام لەوەتەی ژمارەی هەڵکۆڵدراوەکان زۆر بووە بۆ سەلماندنی هەڵبژاردنی سروشتیی، کاتێکیش بەڵگەی لێکۆڵینەوە جینەکییەکان کەوتنە دەست زاناکان، ئیدی بەهەڵەخستنەوەی ئەم تیۆرە بووەتە کارێکی یەکجار سەخت.
یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی هەڵسانەوەی تیۆری داروین، زانا ڤایسمان بوو، وەک چۆن ئاماژەمان پێدا کە وای کرد تیۆرەکەی لامارک لاواز ببێت. بەڵام ئەمجارەیان ڤایسمان توانی هەڵبژاردنی سروشتییش لە بەلاوەنان ڕزگار بکات، ئەمەش بە جۆرە پەپوولەیەک کە پێی دەگوترێ، پاپیلیۆ دەردانس (Papilio dardanus). ئەم پەپوولانە هەڵدەستن بە لاسایی کردنەوەی جۆرە پەپوولەیەکی دی کە بە پەرەسەندن بۆ بەرگریکردن و مانەوەیان، لەشیان جۆرە مادەیەکی کیمایی دەردەدات و تامێکی زۆر ناخۆش دەدەن بەوانەی کە دەیان خۆن. پاپیلیۆ دەردانس ئەو پێکهاتەیە و تایبەتمەنییەی نییە، بۆ پێدانی ئەو تامە ناخۆشە، بەڵام هەڵبژاردنی سروشتیی وای لێ کردووە پاش ماوەیەک، شێوە و ڕەنگی زۆر نێزیک ببێتەوە لەوانەی کە تامیان ناخۆشە، بەمەش بمێنێتەوە. ئەم دیاردە سەیرە تەواو هەڵبژاردنی سروشتیی زیندوو کردەوە، چونکە ڤایسمان گوتی، هەرگیز ڕێی تێناچێت ئەو پەپوولانە بە یەک بازدان، ئەو لاساییکردنەوەیان لەلادا پەیدا ببێت، بگرە پێویستی بە گەلێک چەندجارەبوونەوە و ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژ هەبووە، ئەمەش کتومت هەڵبژاردنە سروشتییەکەی داروینە، نەک بەو شێوازەی کە تاکە یەک بازدانی گەورە بتوانێت جۆری نوێ دروست بکات.
نموونەیەکی دیکە لەسەر ڕەخنەیەکی گرینگ کە لە هەڵبژاردنی سروشتیی گیرا، لەلایەن زانای ئاژەڵناسیی ئینگلیزی، جۆرج مێڤەرت (١٨٢٧ - ١٩٠٠) بوو. ئەم زانایە دەی گوت، دەشێ باوەڕ بەوە بکەین کە هەڵبژاردنی سروشتیی دەتوانێت پێکهاتەی باش بهێڵێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی تیۆری پەرەسەندن هەمووی باس لە بەرەبەرەیی دەکات، بۆیە دەمانەوێ بزانین ئەو شتانەی لەدەمی سەرهەڵدانیاندا کە هیچ بایەخێکی ئەو تۆیان نییە، مەبەستیش لێیانەوە لە سەرەتاوە ئەوە نەبێ، لە دواڕۆژدا ببنە ئەندامێکی سووددەر، چۆن هەڵبژاردنی سروشتیی دەیان هێڵێتەوە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە، بۆ نموونە گەر سەیری سەرەتای پێکهاتنی چاو بکەین، وەک هەستکردنێکی یەکجار کەم بە ڕۆشنایی بۆ ئەو زیندەوەرانەی لە شوێنی تاریکدا دەژین، دەبینینن تایبەتمەندییەکی گەلێک بایەخدارە، گەرچی چاوەڕێی ئەوەشی لێنەکرێ لە دواڕۆژدا ببێتە چاو. ئەم بوونی مەبەستە پێویستە هەموو کاتێک بەچاکی ڕوون بکرێتەوە، چونکە گەر ئێمە بڕیارمان دا، ئەمەیان بۆ ئەوە بووە تا لە داهاتوودا ببێتە چاوێکی تەواو و ئاڵۆز، کەواتە هەڵبژاردنی سروشتییمان کردە کردارێکی خاوەن پلان و پڕۆژەیەکی لەپێشینەی دیارکراو، بەمەش بۆچوونەکەمان دەبێتە بیروڕای ئەوانەی کە پێیان دەگوترێت، لایەنگرانی نەخشەسازی ژیر (لە بەشێکی دیکە لێیان دەدوێین). ئەم بنەمایە لە سادەییەوە بەرەو ئاڵۆزی، لەسەر سەرەتاکانی زۆربەی ئەو ئەندام و پێکهاتانە پێڕەو دەکرێ کە بەسادەیییەکی تەواو دەستپێ دەکەن.
هاوشێوەی ئەمانە پرسیار دەکرا: هۆکاری هێشتنەوەی سەرەتاکانی پەیدابوونی پەڕ، لەلایەن هەڵبژاردنی سڕوشتییەوە چی بوو؟ زاناکان هەندێکیان گوتیان، لەوانەیە بۆ جوانی پێبەخشین و هەڵبژاردنی زایەندی بووبێ، بەڵام دەرکەوت کە ئەمەیان وەڵامێکی گونجاو نەبوو، چونکە دەبێت ئەمە ئەو کاتە ڕاست بێت کە تەنیا لە یەک ڕەگەزدا ئەو پەڕانە هەبێت. هی واش هەبوون بە سەرەتای هەوڵەکانیان دادەنا بۆ خۆ هەڵدان و بازدان، یانیش دابەزین لە بەرزاییەکانەوە بۆ سەر زەوی، ئەمەشیان دیسانەوە وەڵامێکی بەهێز نەبوو، چونکە ئەو خشۆکانە لەو سەردەمانەدا هیچیان لەسەر دارەکاندا نەدەژیان. خۆ ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لەمە بڕوانین، دەبینین کە ڕاستە ئەم وەڵامە نەی توانی سەرەتای سەرهەڵدانی باڵەکان لە پێشینەی باڵندەکاندا ڕاڤە بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێتە وەڵامێکی گەلێک چاک بۆ ڕوونکردنەوەی سوودی فرینێکی کەم، یان باڵەفڕە لەلای چەندان جۆردا. بۆ ڕوونکردنەوەی پتری ئەو بابەتە، گەر سەرنج بدەینە باڵندەیەکی وەک کەو، بۆمان بەدەر دەکەوێ کە لەبەرئەوەی باڵەکانی کەو بەگوێرەی کێشی لەشی نییە، زۆر حەز لە فڕین ناکات، بۆیە هێلانە لەسەر زەوی دادەنێت، کاتێکیش بترسێت و تەنگاو بکرێ، ئەوا بەرەو بەرزایی فڕەفڕ دەکا و دەتوانێ ماوەیەکی باش ببڕێت، هەرچەندە فڕینی وەک باڵندەکانی دیکە چالاک نییە، بەڵام دەبێ بزانین کە ئەم فڕینە ناتەواوەش بۆ کەو چەندە گرینگە.
وەڵامی داروین بۆ ئەو جۆرە ڕەخنانە، گەلێک ژیرانە بوو کاتێک گوتی، سەرەتای باڵ کە بە چەند پەڕێکی کەم دەستی پێکردووە، دەشێت بۆ پاراستنی پلەی گەرمیی ئەو زیندەوەرە سوودی لێ وەرگیرابێ، پاش چەند قۆناغێک لەوانەیە سوودەکەی بگۆرێت بۆ شتێکی دیکە، پاش ماوەیەکی دوورودرێژ و بە چەندجارەبوونەوە، فەرمانەکەی تەواو گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و بۆ بابەتێکی دیکە کە فڕینە قازانجی لێ وەرگیرابێ، بەڵام لە هەموو قۆناغەکاندا لەبەرئەوەی سوودی هەبووە، هەر هەڵبژاردنی سروشتیی دەی هێڵێتەوە. کەواتە باڵ پێش ئەوەی ببێتە ئەندامێکی لەبار و گونجاو بۆ فڕین، سەرەتا چەند دانە پەڕێک لە لەشی خشۆکێکی ئەو سەردەمە (نەک خشۆکەکانی ئەمڕۆکە، چونکە ئەوانەی ئێستە پێشینەی باڵندە و شیردەرەکان نیین) پەیدا بووە، پاشان بڵاو بۆتەوە لەناو جۆرەکەیدا لەو کاتانەی کە باڵندەکان نەبوون. وەک گوتمان بۆ ئەوە نەبووە تا دواجار ببێتە باڵ، چونکە مەرجی باڵ هەموو کاتێک بوونی پەڕەکان نییە، بۆ سەلماندنی ئەمەش شەمشەمەکوێرەیە کە باڵەکانی لە پێستە پێک هاتوون، نەک پەڕ.
پێوەیستە ئاماژە بەوە بدەین کە پەیدابوونی باڵندەکان لەخشۆکەکانەوە، گەلێک سەختتر و پڕکێشەتر بووە لە پەیدابوونی شیردەرەکان لە خشۆکەکان. فڕین هەنگاوێکی یەکجار گەورە و مەزن بوو لە ڕەوتی پەرەسەندندا، فڕین کردارێکی ئاسان نییە، بۆیەش ماوەی پەیدابوونی باڵندە لە خشۆک، دوو هێندەی پەیدابوونی شیردەرە لە خشۆک.
ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ هەن لە نێوان نەفڕین و فڕیندا، هیچیان پەڕیان نییە، بەڵام پێستی لەشیان وا هەڵکەوتووە کە گەلێک سوودی بۆیان هەبێت، وەک سمۆرەی باڵدار. جۆرێکی دیکەش هەن ناونراون بە کۆلوگۆ (Colugo)، ئەمانە شیردەرێکن لە شێوەی شەمشەمەکوێرە و لەسەر دارەکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا دەژین، ناتوانن بفڕن، بەڵام دەتوانن بە فڕینێکی بایەوانی لەبەرزاییەکی زۆرەوە بە بایەخلیسکێیەوە دابەزن بۆ سەر زەوی، یان باز بدەن بۆ بەرزایییەکی نێزیکەی ١٥٠ مەتر. 
جگە لە هەموو ئەمانەش، لەبارەی دەرنجامەکانی هەڵبژاردنی سروشتیی، چەندان زانا و شارەزا هەن، لە لایەنێکی دیکەی تایبەتییەوە تۆژینەوەیان ئەنجام داوە، بەمە توانیوویانە ژمارەیەکی زۆر لە بوونی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری زیندەوەران ڕاڤە بکەن، هەروەها بگەنە وەڵامی گونجاو بۆ گەلێک پرسیاری شاراوە، ئەوانەی جگە لە تیۆری پەرەسەندن، هیچ بوارێکی دیکە نییە، وەڵامی ڕاستی بۆیان هەبێت.
ئەگەر بەوردی لەم ڕوانگەیەوە بۆ نموونە، لە بوونی جوانی، بۆن و تامی خۆش لە سروشتدا بڕوانین، پاشانیش هەستکردن بەوانە و بایەخ پێدانیان لەلایەن زیندەوەرانەوە، بەتایبەتیش لە مرۆڤدا، بەچاکی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەمانە هەمووی دەرەنجامی هەڵبژاردنی سروشتیی و پەرەسەندنە یەک لەدوای یەکەکانن. مەبەست ئەوەیە هیچ شتێک لە سروشدا نییە، خۆبەخۆ جوان یاخۆ تام و بۆنی خۆش بێت، بەڵام لەبەرئەوەی بۆ مانەوەی جۆرەکان پێویستن، بۆیە زیندەوەران پەسندی دەکەن. جوانی و بۆنخۆشی گوڵ ئەو کاتە مانایەکی دەبێت کە لەلای ئەو مێرووە هەستی پێ بکرێت، ئەویش قازانێکی دوولانەی هەیە، بۆ ڕوەکەکە کە تۆوەکانی بڵاو دەبێتەوە، بۆ مێرووەکەش دەسکەوتنی خۆراکە.
تۆژینەوەی زاناکان پێمان دەڵێن، ئێمەی مرۆڤ کە حەز بە شیرینییەکی لە نموونەی هەنگوین دەکەین، دەبینین لە پێکهاتە کیمیایییەکیدا هەنگوین شتێکی وای تێدا نییە، پێی بگوترێت شیرینی، بەڵام لەبەرئەوەی خۆراکێکی پڕ لە وزەیە، مێشکمان بە ماوەیەکی دوورودرێژ وای لێمان کردووە، هەست بە شیرینییەکەی بکەین و چێژی لێ وەربگرین، ئەمەش بەو واتایەیە کە مێشکی ئێمە پێی دەڵێت شیرینی، نەک هەنگوین خۆی لەخۆیدا شیرین بێت. ئایە هێلکەی گەنیوو بۆنی ناخۆشە؟ ئەویش وەک هەر شتێکی دیکە، ئاوێتەیەکی کیمیایییە (گازی هایدرۆجن سوڵفاید) بۆنێکی تایبەتی هەیە، بەڵام بۆ ئەو بۆنەمان پێ خۆش نییە؟ چونکە مێشکمان وا پەرەی سەندووە کە ئەمە هەستێکی ناخۆشمان بداتێ، لەبەرئەوەی زیانمان پێ دەگەینێ و دەبێتە هەڕەشە بۆ مانەوەمان. کەچی بۆ مەگەزەکان لەوانەیە هەمان گاز بۆنێکی ناخۆشی نەبێت (وەک ئەو مەگەزانەی لەسەر لاشەی ئاژەڵان دەنیشنەوە)، کەواتە خۆشی و ناخۆشی بۆن لە خودی شتەکەدا نییە، بگرە لەو هەست و مێشکەیە کە پەرەی سەندووە.
چەندان لێکۆڵینەوە هەن لەم بوارەدا دەبێژن، بەگشتی لای زۆربەی زیندەوەران، هەڵسوکەوتەکان بەرانبەر بە خۆراک بەندن بە کردارەکانی ئەرێیی- نەرێیی، بەوەی کە پێکهاتە هەستییەکان و مێشک لەسەر بنچینەیەکی پاداشت و سزادا بە کارەکانیان هەڵ دەستن، ئەویش بەگرێدانی ئەمانە بە کاردانەوە، یان بەرکارێک بۆ ئەو خۆراکانەی لە ژینگەکاندا هەن. بەو شێوازەی هەر خۆراکێک بەرکارێکی بۆ دیار دەکرێت، ئەگەر باش بێت بۆ زیندەوەرەکە، ئەوا بە ئەرێیی لە هەستیدا دەچەسپێت و دەرەنجام چێژ و خۆشیی پێ دەدات، گەر خراپیش بێت، دەبێتە نەرێیی و هەستێکی ناخۆش، یان ئازاری پێ دەگەینێت. ئێمە کاتێک میوەیەک دەخۆین، هەست بە چێژەکەی دەکەین، بەشێوەیەکی گشتی بە کارێکی باشی دادەنێین، چونکە زۆربەی میوەکان چەند جۆرە شەکرێکیان تێدایە، لەشمان پێویستی پێیەتی، کەواتە هەر خۆراکێک بە ئاسانی دەست بکەوێت و بڕێکی باش وزەمان پێ بدات، گرینگیی زۆر دەبێت بۆمان. لەبەرئەوەشە ئەم جۆرە خۆراکانەمان لە لیستی خۆراکە خۆشەکان داناوە، مێشکیشمان خواردنی (خۆش)ی بە کردارێکی ئەرێیی بەستۆتەوە، بە هەمان شێوە ئەو خۆراکانەی ڕێژەیەکی زۆر چەورییان تێدایە، ئەو هەستەمان لەلادا دروست دەکەن. بەپێچەوانەوەش ئەو خۆراکانەی زیانمان پێ دەگەینن، مێشک بە کاردانەوەیەکی نەرێیی گرێی دەدات، وەک کە ئاشکرایە ئێمە حەز لە خواردەمەنی تاڵ ناکەین، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە زۆربەیان زیاندەرن و گەلێک جار ژاراوین. بنچینەی ئەم هەڵسوکەوتانە نەک تەنیا لە خۆراکدا دەبیندرێن، بگرە لە زۆر لایەنی دیکەش لە مرۆڤ و زیندەوەراندا بەزەقی بەرچاو دەکەون.
گەر بەکورتی لە چەند ڕەفتار و هەستێکی دیکەی ئاژەڵان بەگشتی، مرۆڤیش بەتایبەتی ورد ببینەوە وەک، ترس و بوونی ئێش و ئازار، دەبینین ئەوانەش دەرنجامێکی ئاشکرای هەڵبژاردنی سروشتیین، هۆکارێکی کاریگەرن بۆ پاراستنی تاکەکان لە مەترسی لەناوچوونیان. چۆن دەکارین ئەمە ڕوون بکەینەوە؟ ئێمە لە ئاگر دەترسین و لێی دوور دەکەوینەوە، چونکە ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژە وا لە ناخماندا چەسپاوە کە ئاگر خانەکانی لەشمان دەسووتێنێ و ئازارمان پێ دەگینێت، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر بوونمان، دواجاریش لەسەر بوونی جۆرەکەمان. بە هەمان شێوە گریمان ئاژەڵێک، یان مرۆڤێکمان هەبێ ترسی لە هیچ نەبێت، یاخۆ هەست بە ئازار نەکات، دەبینین ئەو تاکە ڕاستەوخۆ ژیانی دەکەوێتە بەر مەترسی و ئەگەری لەناوچوون. بوونی چەند تاکێکی دیکەی بەم شێوەیە و بەرەبەرە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕەفتار و هەڵسوکەوتە لەناو کۆمەڵەکەیدا، دەبێتە هۆی بنەبڕبوونی جۆرەکەیان. هەروەها ئامادەیی و وریابوون بۆ خۆشاردنەوە و ڕاکردنی خێرا، بوونی دڵێکی چالاک و ماسوولکەی بەهێز، بۆ سەردەمانێک سوودی گەلێک زۆر بووە بۆمان، لە ترسی ئەو ئاژەڵانەی ویستوویانە بمان خۆن، نەک بۆ کاری ئەمڕۆمان لە نووسینگەکانماندا. ترسمان لە شەوی تاریک و خەون بینین بە کەوتنمان لە بەرزاییەکانەوە، هیچیان هی ئەمڕۆ نین، بگرە بۆ ئەو ڕۆژگارانە دەگەڕێنەوە کە لەسەر دارەکاندا دەژیاین.
جگە لەم بوارانە زانای زیندەوەرزانی، دێیڤید ویلسن، بنەماکانی تیۆری پەرەسەندن بە گشت کایە جۆراوجۆرەکانی ژیان دەبەستێتەوە و دەڵێت، ئەم تیۆرە توانایەکی لە ڕادەبەدەری هەیە لە ڕاڤینی، چەمک و ڕەها مرۆییەکانی وەک، چاکە و خراپە، ڕەوشتی جوان و دزێو، زۆربەی هەست و نەستە پێوەندیدارەکانی ژیانی مرۆڤ. ئەو زانستەی کە بە دەروونناسی پەرەسەندنەکی ناو دەنرێت، پێمان ڕا دەگەینێت، هەڵسوکەوتەکان و چەسپانی چەمکە مرۆیییەکان، لە ئاکامی هەڵبژاردنی سروشتییەوەن و لە کۆنەوە لە ناخماندا هەڵ گیراون. چاکەکردن و ڕەوشتی باش، بەزەیی پێداهاتنەوە و یارمەتیدانی یەکدی، هەموویان دەرەنجامی خۆگونجان و سازانن لەگەڵ ژینگە و سروشتی دەوروبەر، لەپێناو مانەوە و بەردەوامبوونی ئەوانەی هەڵگری ئەم ئاکارانەن.
خۆشەویستنی منداڵەکانمان لە سوودی جۆرەکەماندایە، شتێکی ئاشکراشە کە خۆشەویستیی دایک بۆ کۆرپەکەی زیاترە لە هی باوک، ئەمە نەک تەنیا لە مرۆڤدا، بگرە لە زۆربەی ئاژەڵەکانیشدا وایە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە بێچووەکان هەر لەسەرەتای لەدایکبوونیانەوە تا ئەو کاتەی پێ دەگەن، پێویستیان بە دایکیان پترە وەک لە باوکیان. گرینگی ئەم خۆشویستنە بەئاسانی دەبینرێن و هەستیان پێ دەکرێت، چونکە هەموومان دەزانین نەبوونی خۆشەویستی بۆ بێچووەکانمان، دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنیان و لەناوچوونیان، بەرەبەرە و بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەستە لە هەر جۆرێکدا، دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ نێزیکبوونەوەی لە بنەبڕی. هەموو ئەوانە وامانی لێ کردووە بەگشتی منداڵمان خۆش بوێت، یا منداڵێک بەخێو بکەین، هەتا ئەگەر هی خۆشمان نەبێت، کەچی هیچمان کەمتر نەبێ بۆی لە دایک و باوکی ڕاستەقینەی. سەرباری ئەوە هەستکردن بە جوانی و خۆشویستنمان بۆ ڕەگەزەکەی دی، وەک زۆربەی چەمکەکانی دیکە بووەتە ڕەفتارێکی باو، چونکە ئەوەی باشە بۆمان ئەوا خۆشمان دەوێ و بە جوانی دادەنێین، هەر بۆیە نیشانەکانی لەشساغی لە ژندا جوانییەکەیمان پێ نیشان دەدات، خۆشویستنیش کە هاندەری وەچە نانەوە و بەردەوام بوونمانە لە ژیاندا، هەستێکی دەروونیی خۆشمان پێ دەبەخشێت.
هەندێک کەس دەپرسن، تیۆری داروین چۆن دەتوانێت ئارەزوو و حەزلێکردنی بێسنووری مرۆڤ لە چاکەکردن ڕاڤە بکات؟ ئەو مرۆڤانەی ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانی لەپێناو کەسانی دیکە، یان مرۆڤانێک کە بۆ ناخۆشی و کارەساتی خەڵکانێک دەگرین، بەبێ ئەوەی بیان ناسن، یاخۆ بەشدار دەبن لە پەژارەی ئەوانەی هەرگیز ڕێی تێ ناچێت، ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووبەڕوو بیان بینن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە داروین هەمیشە جەخت لەسەر بوونی شەڕ و کێبڕکێ و ململانە دەکاتەوە، بەوەی سەرلەبەری زیندەواران بۆ سوودی خۆیان هەوڵ دەدەن، هەمووشیان بۆ مانەوەیان دەجەنگن. شارەزایان وەڵامیان دەدەنەوە کە ئەم نیشانانە گشتیان لەناو جینەکانماندا گل دراون، بۆ ئەو سەردەمانە دەگەڕێنەوە کە کۆمەڵەی پێشینەکانمان پێکەوە دەژیان، وەک هۆزێکی بچووک، یان وەک خێزانێک کە سوودی گشتی دەبینرا لە بوونی پێوەندییەکان، لە بوونی هێزی کۆمەڵ بەرانبەر بە هێزی تاکەکەسی. ڕاستە ئێستە دەزانین، ئەو کەسەی چاکەی لەگەڵدا دەکەین، لەبەرئەوەمان نییە چاکەکەمان بداتەوە، بەڵام ئەو کاتە بەئاشکرایی چاوەڕێی دانەوەی ئەو چاکانەمان دەکردەوە، چونکە لە ژیانی سەختی ئەو دەمانەدا، زۆر پێویستیمان بەیەکدی دەبوو. گەلێک هەڵسوکەوتیش هەن، لەوانەیە ڕاستەوخۆ هەست نەکەین کە بۆچی و لەپێناوی چیدا ئەنجامیان دەدەین؟ بەڵام ئەگەر لێیان ورد بینەوە دەبینین زۆربەیان بۆ سوود و بەرژەوەندیی جۆرەکەمان دەگەڕێتەوە کە مرۆڤە. بوونی ڕەوشتی چاک و یارمەتیدانی هەژاران و چەندان ڕەفتاری مرۆیی دیکە، گەرچی شێوازێکی جیهانیشی وەرگرتبێ، بە ملیۆنان ساڵە لەڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە پەرەیان سەندووە و ماونەتەوە.
زۆربەی ئەو میکانیزمانە هەر لە هەڵبژارنی سروشتیی بگرە هەتا گشت هۆکارەکانی دیکەی پەرەسەندن لە مرۆڤدا، کەریگەری و دەرەنجامەکانیان بەئاشکرایی نابیندرێن. هەمووشی لەبەرئەوەیە وەک گوتمان کە مرۆڤ لەوەتەی خاوەنی ئەو مێشکە بێهاوتایەیە هیچ بوونەوەرێک نییە، بتوانێت ڕاستەوخۆ کێبڕکێی لەگەڵدا بکات، یان ژیانی بخاتە مەترسی، هەروەها نەهێڵێت ڕووداوەکانی سروشت بەسەریدا زاڵ ببن، بە شێوەیەک نە ساردی و گەرمی، نە کەمی خۆراک و نە نەخۆشی، کارێکی وای لێ بکەن، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە ببێتەوە، یان بە ئاسانی بنەبڕ بێت.
پێویستە دواجار جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە لێکدانەوە و شیکردنەوانە بۆ پەرسەندن و دەرنجامەکانی هەڵبژاردنی سروشتیی، نابێت وامان لێ بکەن هەستی مرۆڤایەتیمان بەرانبەر بە چاکە و بەرزەڕەوشتیی کەم ببێتەوە. کاتێکیش زانیمان کە خۆشویستنی ڕەگەزەکەی دی، لە چاوگەیەکی زایەندییەوە هاتووە و بۆ بەرژەوەندی جۆرەکەمانە، مەبەست ئەوە نییە، هەست و سۆزی دڵداران، بخرێنە چوارچێوەیەکی زایەندی ڕووت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکان. دەبێت هەمیشە لە هەوڵی بەرزڕاگرتنی بەها مرۆیییەکاندا بین، تا پێشمان بکرێ یارمەتی یەکدی بدەین و خۆبەدوور بگرین لە خۆویستی و هەڵسوکەوتە ئاژەڵییەکان.
---------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.




(دەنگدراوە: 0)