رق و ماستاو

Tuesday, 26/03/2019, 18:36

5143 بینراوە


-
1
من تێناگەم ئەم هەموو رقە لە یەکتر بۆ ، ئاخر ئەوە چ ئاوەزێکە هاوزمان ، هاونیشتمان ، هاوئاین و هاوچارەنووسى یەکتر بن لێ بە دیلى بکەونە دەستى یەکتر و یەکتربکوژن ، مەگەر مردن چیرۆکى دیلکوشتنەکانى شەڕى ناوخۆم بیر بەرێتەوە ، هەموو ئەم سەرکردەو سەرۆکانەى کە ئێستا بە کاریزماو پەیامبەرى ئاشتى ناو دەبرێن و کەسانێک ماستاویان بۆ دەکەن ، خودانى ئەوانە بوون کە دیلەکانیان دەکوشت ، چیرۆکى ئەو چەند گەنجەم بیر ناچێتەوە کە پیاوێک بە قورئانەوە دەچێتە تکاى بەرپرسەکەى بەرانبەر تانەیانکوژن ، بەڵام دەیانکوژن ، وتیان یەکێک لە گەنجەکان وتویەتى توخوا مەمانکوژن ، بە تایبەت من کە تازە هاوسەرگیریم کردووە ، بەرپرسەکە وتویەتى بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژم هەم تۆ دەکوژم هەم ژنەکەشت بێ هاوسەر دەکەم ، تا ڕەوشتى لە دەست بدات .
ئەمانەى ئێستا سەرکردەو سەرۆکى فریاد ڕەسن ، رۆژگارێک بڕیاریان دەدا پیاوى مەزن دەبێت بە چەکى مەزن بکوژرێت ، ئەوان یەکجار لەو هەموو ستەمە داواى بوردنیان نەکرد ، تۆش هەر ڕۆژ بە جۆرێک بۆیان پاندەکەیتەوە ، تۆ کە لە رۆژگارێکى تردا نەریتى جنێو ، پەلامار ، سوکایەتیت لە شەڕى ناوخۆدا داهێنا .
2
ئەم هەموو رقە لە چیەوە سەرچاوەى گرتوە ، بۆدەبێت کەسمان کەسمان خۆش نەوێت ، بۆ دەبێت شانازى بە کەوتنى یەکترەوە بکەین ، ئەگەر هەولێر داعش داگیرى بکات ، یان سلێمانى وێران بێت ، بۆ دەبێت بە دۆخى ئاوا لە دژى یەکتر خەنى بین ، بۆ تا ئێستا فێرى ماریفەت و قسەى باش نەبووینە ، بۆ ناتوانین زمانى ئاخاوتنمان بە جۆرێک لێبکەین ، کە ئەگەر ئەوى بەرانبەریش رقى لێمان بێت واى لێبکەین پەشیمان بێتەوە .
زمانى ئاخاوتن باشکردن ماستاو کردن و پانکردنەوە نیە ، رەخنەش بۆ بونیاد نان و خۆ خاوەنیە ، هەمیشە بچوکەکان ئەمانە وا تێکەڵ دەکەن کە مرۆڤ نەتوانێت هەقیقەت وەک خۆى ببینێت ، ئەوان هەقیقەت بە جۆرێک ئاوەژوو دەکەنەوە کە مرۆڤ ناچار بێت بڵێت " تیاح " لەو ئاکارە ، ئەوە چۆنیە مرۆڤ تەریق نابێتەوە بەوەى هەمان ئەوەى لە دوێنێدا دەیکات بە شەیتان لە ئەمڕۆدا پێى رەحمانە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە