خه ڵات

Monday, 25/03/2019, 19:12

10018 بینراوە


پێشکەشە به گیانی پاکی زەکیه ئەڵکان، که جەستەی خوی کرد به مەشخەڵی  ئاگری نەورۆز لە ٢١ ئاداری ١٩٩٠ له ئامەد

نێرگز لە شاخ
گو‌ڵ لە گولزار
بەیبوون لە باخ
لە بەهاردا کۆ بوونەوه و
بڕیاریان دا 
لە بۆ دەنگ دان
چاویان گێرا بە چوار چێوەی 
گشت کوردستان
بۆ دیار کر‌دنی جوانترین ئاگر
کە بۆ نەورۆز دائەگیرسێ
لەبەرزایی و بناری چیا
لەسەر گردو لە دەشت و دەر
لە نێو گوندو لە سەر بان و
کۆڵانی شار
لە سەر ڕێگای کاروان سەرا
لەهێمنی و گەرمەی شەڕا
هەواڵیان دا
گشت دەنگەکان کۆ بکەنەوەو
ئاگرەکانیش بەدی بکەن
بەر لەبڕیار
بۆ بەخشینی جوانترین خەڵات
بۆ یەکەمی گڕی سووری
جەرگەی وڵات

کەو لە کوێستان
بە قاقبە قاق
ووتی کەوا ئاگری شوان
له بەرزایی و نزمی تەلان
بەبلوێرو ئاوازی خۆش
دڵ و دەروون دێنێتە جۆش
ئەو یەکەمه

مانگ لە ئاسمان ووتی نەخێر
ئاگری دڵدار بۆ دڵی دلبەر
لە سەربان یان لە دەشت و دەر
کە بە دڵ و چاو 
پێ ی ئەدا گڕ
ئەو یەکەمە

بوولبوول ووتی بە نەغمه خوان
لە باوەشی گووڵ و ڕەیحان 
ئاگری جوتیارو باخەوان
لەناو باخ و لە سەرکانی
بەدەم سووتان تا بەیانی 
بەبێ گوومان ئەو یەکەمە

باران ووتی نەخێر گیانه
گڕی موڵك و پادگای دوژمن 
کە لەیەکەم دەست ڕێژەوە
لە پارێزی پێشمەرگەو گەریلادا
ئاسۆی گرتە نێو باوەشی
بەبێ گوومان هاوتای نیه و 
ئەو یەکەمه

لەپڕ هات کۆترێ سپی
دای لەشەقەی باڵ و ووتی 
سەرانسەری گشت کوردستان 
گەڕام پێوام کەچی نەم دی
وەك ئەو ئاگڕەی
کەبەجەستەی زەکیه ئاڵکان
بۆ نەورۆزو یادی نەورۆز 
جوانترو بەهێزترو بەرزتر بێ 
بلێسەو گڕی

بەڵێن ڕواندزی

تێبینی/ئەم هۆنراوەیەم له سەر شێوازی هۆنراوەیەکی شاعێری بەرز شێرکۆ بێکەس نووسراوە ، کە کاتی خۆی لە سەر تیرۆرکردنی ئۆلف پاڵمەی سەرۆکی سوێدی نووسیوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە