ئەوەش شێوازی قسەکردنی باوکی روحیی کورد

Monday, 25/03/2019, 19:18

20229 بینراوە


مەلا مستەفای بارزانی:
جار هەیە مرۆڤەکان لە دوورەوە بناسرێن باشترە، جار هەیە مرۆڤەکان دیتنیان لە نزیکەوە تاموچێژی تایبەت بە خۆی هەیە. زۆر جار تاقەهەڵسوکەوتی کەسایەتیەک، لایەنی دەروونی ئەو کەسەمان نیشان دەدا، زۆر جاریش کەسایەتیەکان درەنگ دەناسرێن.
لە مەیدانی سیاسەت وگۆڕەپانی دۆزی نەتەوەی کورداناسینی سەرکردەکان و ڕێبەرانی ئەو سەرهەڵدانانە بۆ مرۆڤ و بۆ کۆمەڵگا و تەنانەت بۆ نەتەوەیەکیش دژوارە. لێرەدایە هوشیاریی تاک و کۆ ونەتەوە ڕۆلی سەرەکی هەیە، کورد بە گشتی لە بواری هوشیاریی نەتەوەییدا زۆر لاوازە. ئەو کومووکورتیەش هیچکات خەتای دووژمن نەبووە. دوژمن کاری خۆی دەکا، کوردیش دەبوا کاری خۆی کردبایە.
لەسەردەمی ئەوڕۆماندا کەم نەتەوە وەک کورد هەن کە بە لێشاو خوێنی لە جەستەی ڕژابێ و نەگەیشتبێتە ئامانجەکانی. سەرهەڵدان لە سەر سەرهەڵدان پێکهاتوون، سەرکردەهاتون و چوون، دەربەدەری، بێبەختی، برسیەتی، بێ حورمەتی، لە لایان  دۆست و دوژمن لە سەدەی رابوردوودا بۆتە ڕێکاریکی نەخوازراو و پڕ لە نەهامەتی! کێ خەتابارە؟ چارە چییە؟
دیرۆک بە کردوە پێک دێ و بە پێنووسی بە پێزیش بۆ داهاتوان و دونیای دەرەوەی نەتەوەکەمان دەنووسرێتەوە. ئێمە لەو بوارەدا سەرکەوتوبوین؟ من دەڵێـم: (نا) سەرکەوتوونەبوین و دواشکەوتووین. بەڵگەی هەرە گرینگ ٢٨ ساڵ دەسەڵاتی داگیرکاری کوردە بە دەست دوو بنەماڵەی دز و چەتەئاکار، ئەوان پێمان دەڵێن ئێمە سەددام نین، وا زوو دەست لەو دەسەڵاتە هەڵناگرین. ئەوەین کە هەین، دەبێ ملمان بۆ کەچ بکەن!
مەلا مستەفای بارزانی کە جار جار دەگووترێ باوکی روحیی نەتەوەی کوردە، یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە پێویستە تاکی کورد لە نزیکەوە بیناسێ. رۆڵی نەرینی وخراپی زانا و نووسەری کورد لەو بوارەدا لە ئاست کەسایەتیی مەلا مستەفا، لە ڕۆڵی دوژمن بۆ کێشەی کورد خراپتربووە.
دوژمن خۆی بە رەوا دەبینێ کە هەر چی بەسەرمان دێنێ، بەڵام زانای کورد سەرەتا خۆی فریو دەدا و پاشآن نەتەوەەکەی هەڵدەخڵەتێنێ!
ساڵانی رابوردوو من  مامۆستا هەژاری شەڕەفکەندیم لە دوورەوە دەناسی و وامدەزانێ ئەوەی کە هەیە راستە..ئێستێ کە تەمەن بڕەئەزموونێکی پێداوم کەسایەتیەکانی ناودارمان تا رادەیەک دەناسم. هەژار هەرچی بووبێ مافی خۆی بووە و ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن ژیاوە، بەڵام کاتێک کار دەگاتە ئاستێکی بەرز و دۆزی رەوای کورد خاوەن، خامەی کورد دەبێ لە دەربڕینی راستیەکان نەسڵەمێتەوە. هەژار لە ئاست کێشەی کورد و لە ئاست مەلامستەفادا درۆزن بووە. درۆش کە گەیشتە ئاستی هەری بەرز مرۆڤ دەتوانێ پێناسەی خەیانەتی بۆ لە قاو بدا.
" کاتێک مەلا مستەفا دێتە ماڵەکەی هەژار"
هەر کەسێک ئەو مافەی هەیە، کێی خۆش بوێ، کام حیزب و ڕیکخستنی بە دڵ بێ وکام سەرکردە بە باوکی نەتەوەیی کوردپێناسە بکا، بۆ چی حەول بدا، چۆن بیر بکاتەوە.بەڵام مامۆستا هەژار لە رادەبەدەر بێ تام  کردبوو، یان لەڕووی نەزانی خۆی بووە یانژی بە ئانقەست مەلای لەسەر نەتەوەی کورد کردۆتە کەڵەگا، تا رادەیەک ئێستێش بەرماوەکانی بنەماڵەی ئەو مەلایەن کە نان لە رابوردووی باوکیان و لە ئاکارەکانی هەژارەکان دەخۆن لە بەرابەر کەسایەتی باوکیانەوە.
شێرکۆ هەژار، یەکێکە لە کوڕەکانی هەژاری کۆچکردوو، کە بە باوەڕی من خاوەنی پێنووسێکی بەهێزە و زۆربەی رەخنەکانی کە لە باوکی خۆی گرتووە لە جێی خۆی دان. هەزار خۆزگە ئەو کاتیش گرتەویدئۆ و فیلم وتووڕە کۆمەڵایەتیەکان هەبایەن کە کاتێک مەلامستەفا دەگەڵ هەژاری ئۆگری مەلا مستەفا دەچێتە ماڵەکەی. من دەقی نووسراوەکەی شێرکۆ وەک خۆی لێرە دەنووسمەوە.
سەرۆک بارزانی ( مەلامستەفا) لە بەغدا بوو، دوای نیوە شەوێک بوو، هەژار هاتەوە ماڵ و بە هەناسە بڕکێ وەژوور کەوت و گووتی: هەستن، بارزانیم دەگەڵە. زوو دوای ئەوە: فەرموون، فەرموون، یەکی گووتو...سەرۆک مستەفا بارزانی وەژوور کەوت.

شێخ محەممەد سادقیشی لە گەڵدابوو.هەردووکیان لە سەر تەختێکی دانیشتن. هەژار و ژنەکەی  و من و براکەم لە سەر تەختێکی دیکە. ژوورەکە بچووک بوو. ژنی هەژار ویستی بچێ چایی سازبکا، سەرۆک بارزانی گووتی: نە، دانیشە
بارزانی کەوتە قسەکردن بۆ هەژار، دیاربوو درێژەی ئەو قسانە بوو کە لە ڕێگادا دەگەڵ هەژاری کردوە. لێرە ببیسن
شێوازی ئاخاوتنی سەرۆکی روحیی کەسانی ساویلکە فریوخواردوو.
یەکەم عیباڕەتی قسە کردنی بارزانی ئەوە بوو:
مەلا مستەفا:ئەم رەحیمی قازییە قوندەرە
ئەز لە هەر دەرەک دبوم، ڕەحیم قازی دەدیت، جەحسوسی / جاسوسی / لە من دەکر.
لێرەدا بە دەم و چاوێکی زۆر تووڕەی سوور هەڵگەڕاو کەمێک وەستا  و ئەوجار گووتی:
ما ڕەحیم کی بوو؟ لە مەحکەمێ دەرکەوت قووندە / قووندەر/ بوو!
هەژار بزەیەکی هاتە سەر لێوویەک قوڵپی پێکەنینێکی نەرمیش. پاشان چاو لە هیندێک وێنەی سەردیواری ماڵی هەژاردەکا و دەڕوا. ئەو سەردانە هەر ئەوەندە بوو، زۆری نەخایاند. باسی: جاسوسی وقووندەریی دوکتور رەحیم قازی و وێنەکانی سەر دیوارەکان بوو.
کۆتایی:
رەوانشاد رەحیم قازی لە ئەندامانی نزیکی بنەماڵەی قازی محەممەدە، باوکی ریزدار حەسەن قازییە، هیچکات بێ ئەخلاق و قووندەرنەبووە وەک مەلا وا دەڵێ. مرۆڤێکی کوردپەروەر و خاوەن هەڵویست بووە. رەنگە لە بواری سیاسیدا هەڵەشی کردبێ، بەڵام کەس هەیە کە تووشی بە تووشی هەڵەی سیاسیی نەبووبی؟
راوێژی ئاخاوتنی مەلا مەستەفا و بێدەنگیی هەژاری نۆکەری مەلامستەفا لەو شێوە زارە قسەکردنەیە کە جێگای رەخنەی تووندە. باوکی روحیی کورد کە تەنیا هەر مێشکی بۆگەنیو نەبووە، زاریشی بۆگەنیو بوو! دەردی نەزانی، زانینە. مەلامستەفا و پاشماوەکانی ئێستێش لەو سەردەمەشدا، هیچکات رێچارێکیان بۆ ئەو دەردە نەدۆزیوەتەوە!
تێبینی:
جار جارە تاقمێک لەو کەسانەی کە بابەتەکانی من لە کورستانپۆست یان فەیسبوکدا دەخوێننەوە رەخنەی زۆر جیددیم لێ دەگرن کە من نابێ وشەی زبر یان قسەی درشت و ناشیرین بەکار بێنم. باشە، من لەو کەسانە دەپرسم، کەسێکی وەک مەلا مستەفای بارزانی کە خۆی بە سەرکردەیەکی کورد پێناسە دەکا، چۆن ئیزن بە خۆی دەدا لە پێش چاوی ژن و منداڵ بەو شێوەیە وشەی قووندەر بۆ کەسایەتیەکی خوێندەواروخۆشناوی کورد وەک دوکتور رەحیم قازی بە کار بێنێ ئەو مرۆڤە بە ڕادەی تەواوی پیاوەکانی بنەماڵەی بارزانی سەوادی هەبووە؟ کەسێک کە دەڵێ چەکم بۆ رزگاریی کورد هەڵگرتووە دەبێ ئاوا زار پیس بێ؟ ئێوەی رخنەگر لە ئاست بە کوشتدانی هەزاران کورد بە دەستی بنەماڵەی بارزانی بێ دەنگن! بەڵام وەک کەسێکی کویلە دەڕواننە مێژووی ئەو بنەماڵەیە!

سەرچاوە:
کتێبی هەژاری مرۆڤ ودەورووبەری یان کارەساتی کۆمێدیایەک.
لە نووسینی: شێرکۆ هەژار، کوڕی مامۆستا هەژار.
لاپەڕەی: ٣٤٦.
سەرنج: کاتێک مەلا مستەفا باسی مەحکەمە دەکا، مەبەستی مەحکەمەی قازی محەممەدە لە  شاری مهاباد، کە شوێنی کاری رۆژانەی قازی محەممەدە بووە.
جەعفەرکەریمی
سندووقی کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە