ژن کوشتن بەرھەمی نیشتیمان فرۆشییە

Saturday, 06/04/2019, 20:41

11577 بینراوە


ئێوە ژن دەکوژن بۆ شەھوەت، ئەوان شۆڕشی ژنیان بەرپا کرد 
باشوری کوردستان بەرھەمی ٢٨ ساڵ حکومڕانی سیستەمی بنەماڵەیی و نادادی و گەندەڵی و پۆست و پارەیە ئەوەی جێگای داخە سیستەمی پەروەردەلەو ھەرێمە لە سیستەمی دەسەڵاتداری حزب و خێڵەکی بەدەر نیە ، جگە لەو کارەساتە سیاسی و حزبایەتی و نیشتمانیەنەی کە پارت و لایەنەکان ڕۆژانە ناخی تاکی پێ ھەنجن ھەنجن دەکەن کارەساتی ژن کوژی گەر رۆژانەش نەبێت ھەفتانە ناخی مرۆڤە ڕاستگۆکان داغ دەکات ، کوشتنی ژن بەرھەمی سیستەمی پەروەدەی ٢٨ ساڵی ڕابردوە کە نەتوانرا تاکێکی خاوەن بەرھەم و پێشکەوتو و بیر و زیھن فراوانی وەھا دروست بکات کە نەک تەنھا ژن نەکوژن بەڵکو ژن بە بەشێک لە خۆیان و ھاودەم و ھاو ھێز پشتیان پێ ببەستن ، بەپێچەوانەوە ئەو زیھنە خێڵەکیە باوەی پێشتر باڵادەست بوو و بەرەو کاڵبونەوە دەچوو لە لایەن سەرانی دەسەڵات و لایەنە قۆرغکارەکانەوە زیندوو کرایەوەوبگرە لە ئێستادا کەرنەڤاڵی ساڵانەی خێڵەکان دروست دەکەن و زۆرینەی کێشەکانی کۆمەڵگا بەدەرلە یاسا بە خێڵەکان چارەیان دەکەن و سەرۆک خێڵەکانیشیان تێکەڵاوی لایەنەکان کرد ، ئەی پەروەردە چی ڕۆڵێکی بینی بۆ ووشیارکردنەوەی تاک ھیچ پەروەردەی ھەرێم تەنھا توانی وێنەی سەدام حسێن لەسەر بەرگی کتێبەکان ھەڵبگرێت و وێنەی مستەفا بارزانی بخاتە جێگای ھەروەھا شەڕی بەڕێوەبەرایەتیەکانیان کرد کە پێویستە بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگایە سەوز بێت یان نیلی و یاخود زەرد و شین وڕەش و بۆر ...... 
لەگەڵ ڕێزم بۆ مامۆستایان بەڵام ھەمویان بە مانگ شەقامیان بەرنەدا بۆ پارە و موچە کەچی مامۆستایەکمان نەدی ڕۆژێک بێتە شەقام داوای پەروەردەیەکی سەردەمیانە و مەنھەجێکی دروست بکات بۆ پاشەڕۆژی نەوەکانی .
ژن کوشتن بەرھەمی ئێوەیە ھەموتان لە سیستەمی سیاسیەوە بگرە تا مامۆستا تا نەخۆشخان و تا خوێندکاری بەناو زانکۆکان و ئالیکخۆرەکانی حزب و لایەن و ڕێکخراوەکان . 
کۆمەڵگایەک دەستیبچێتە ژنێک بیکوژێت دەستی دەچێتە کوشتنی دایکیشی و فرۆشتنی نیشتمانیش کە دایکی ھەموانە 
ئێوەی لایەنەکان ھێند نیشتمانتان لەبەر چاوی تاک بەتاکمان فرۆشت بۆیە دەکرێت تاکەکانت ژن و دایک و خوشک و نیشتمانیش بکوژن ، ببورە نیشتمان ئێمە نەوەی درۆزن و جاشترین کەسەکانین بۆیە دەتفرۆشین ببورە دایکان و خوشکان ئێمە بەرھەمی ووڵات فرۆش و نیشتمان ھەراجکەرەکانین بۆیە دەتوانین ھەموتان بکوژین ئەو رۆژەی ووتمان دایکە خۆشم دەوێیت ئەو ڕۆژە زیاتر بترسە چونکە ئێمە مرۆڤ کوژەکانین .
تەنھا زۆر بە سادەیی ڕوویەک وەرگێڕن بۆ ڕۆژئاوای ووڵات و ببینن لە وێ ژن شۆڕشێکی بەرپا کردووە نەک تەنھا ژن بەڵکوسەرجەم کۆمەڵگا بە گەورەو بچوکەوە و تەنانەت بە سەرجەم پێکھاتەکانی ترەوە گەیاندۆتە ئاستێک کەخۆیان بە بەشێک لەو شۆڕشە ببینن و ئەو شۆڕشەی ئەوان تەنھا چەکداری نیە ڕەنگە زۆربەمان تەنھا لایەنە چەکداریەکەی ببینین بەڵکو شۆڕشی زھنی و ڕۆشنبیری ووشیاری کۆمەڵگایەکی تێکۆشەر و بندەستی حیزبی بەعسی فاشی ھاوشێوەی بەعسی عێراقی سەدام بوو ، لەوێ ژن چەکی ھەڵگرت و ووڵاتی ڕزگار کرد و پێشەنگایەتی کرد و پیاویشیان ڕاپێچی ھەموو ھەنگاوەکانکرد و پەروەردەشیان لە ماوەی چوار ساڵدا گەیاندۆتە ئاستێک کە تاکی ڕۆشنبیر و خاوەن بەرھەم پەروەردە دەکەن ئەوە ھەر ژنە لەوێ سەرۆکایەتی کانتۆنەکان دەکات ھەر ژنیشە لەوێ سەرکێشی دیبلۆماسیەتی ڕۆژئاوا دەکات ھەر لە واشنتۆنەوە بگرە تا دەگاتە ھەموو جیھان وەک ئیلھام ئەحمەد ھەر ژنیشە سەرپەرشتیاری جەنگی لە ناو بردنی داعش دەکات ھاو شێوەی نەسرین عەبدوڵا کان نمونەکان زۆرن لەوێ پێویست ناکات درێژی بکەمەوە , ڕویەکیش وەرگێڕە بەرەو باکور و گوڵتان کشاناکی زیندانی کراو ببینە چ سەرکێشێکی کوردان وتەنانەت تورکەکانیش بوو لەیلا گوڤەن ببینە ماوی زیاتر لە ٥ مانگە چالاکی تا مردنی ڕاگەیاندووە و جیھان پێی سەرسامە 
ئەوەی دەمەوێت بڵێم ژن لەوێ بونە سەرکێشی بەرھەم و ئاراستەکردنی کۆمەڵگا لای ئێمەش ژن وەک ھەموو بوارەکان و مرۆڤ و دەسەڵات و نیشتمان بونە قوربانی شەھوەتی دەسەڵات و پیاوان 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە