پینەدۆزەکانی نێو گۆڕان

Tuesday, 09/04/2019, 21:48

30308 بینراوە


پارە و پۆستپەرستانی نێو گۆڕان بۆ پێکانی مەرامە تایبەتیەکانیان بوون بە پینەدۆز. میدیای گۆڕان، نووسەرەکانیان قسەکەرەکانی نێو حزبیان بەگڕخستوە، بۆ ئەوەی لە میدیاکاندا ڕەوایی بە پشتیوانی لە کابینەی نۆی حکومەتی مەسرور بارزانی بدەن.
هەموویان بە یەک ئاراستە دەنووسن، لێدوان دەدەن، کە گوایە بەهەوڵ و هیمەتی ئەوان، سیستەمی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان لە کوردستاندا بووە بە سیستەمی پەرلەمانی، لەمەودوا پەرلەمانی کوردستان ئەوەندە بەهێز دەبێت کە توانای لادانی سەڕۆکی هەرێمی دەبێت، بەو ڕێککەوتنەی ئەوان لەگەڵ پارتی دامودەزگە حکومیەکانی هەرێم بە نیشتمانی دەکرێن، سیستەمی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان بنبڕ دەکرێت.

سبەی کە زمانحاڵی حزبی گۆڕانە لە ٣/٤/٢٠١٩دا دەنووسێت:
"بەپێى دەستورى عێراق سیستمى حوکمڕانى پەرلەمانییە، سەرۆک کۆمار بە گشتى دەسەڵاتەکانى تەشریفاتین و زۆرینەى دەسەڵاتەکان لاى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانە و هەر خۆشى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانە و لەبەرامبەردا کارەکانى لەژێر چاودێرى پەرلەماندایە، بەوپێیەى پەرلەمان متمانەى پێدەبەخشێت و هەر خۆشى دەتوانێت لەکاتى لادانى لە شاڕێگەکە، متمانەى لێوەربگرێتەوە و لەکارى بخات".
سبەی خۆی لەو ڕاستیە دەدزێتەوە کە لە عیراقدا، سەرەڕای هەموو گەندەڵی و ناهەقیەک کە لە دەسەڵاتیی سیاسیدا دەگوزەرێت، بەڵام لەدوای ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ، یەک سەڕۆک کۆمار یان سەڕۆک وەزیران زاتی ئەوەی نەکردوە ژن، کوڕ، برازا، خاڵ، مام لەدوای خۆیدا لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دابنێت، پەرلەمان بکات بە دەزگایەک بۆ دامەزراندنی خزم و کەسوکار و بەسەر پەرلماندا بیانسەپێنێت وەک ئەوەی تا هەنوکە لە پەرلەمانی هەرێم دەگوزەرێت!
سبەی لە ڕاپۆرتێکی دییدا لەژیر ناونیشانی هەنگاونان بەرەو سیستمى پەرلەمانیى و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە ٢٨/٣/٢٠١٩دا دەڵێت:

"فەلسەفەى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەیە هیچ دامەزراوە و کەسێک نەبێت لەسەرو پەرلەمانەوە"
پێچەوانەی ئەوە لە ماددەی دەیەمی یاسای سەڕۆکایەتی هەرێمدا هاتووە: ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن سەڕۆکی هەرێم لە ماوەی ١٠ڕۆژدا واژۆیان لەسەر دەکات، بەڵام مافی ئەوەی هەیە تانە لە بەشێک یان هەموو یاساکە بدات و بۆ پەرلەمانی بنێرتەوە. سەڕۆک دەسەڵاتی هەیە پەرلەمان هەڵوەشێنێت، ئەگەر زیاتر لە نیوەی ئەندامەکان دەستیان لە کار کێشایەوە. یان ڕێژەی یاسایی ئەندامەکان لە ٤٥ ڕۆژدا بۆ خولی هەڵبژاردن تەواو نەبێت. ئەگەر پەرلەمان لەیەک کاتدا متمانەی بە سێ وەزارەت نەدا. ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردن گۆڕا و خولی هەڵبژاردن شەش مانگ زیاتری مابوو.
بۆ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ دروستکردنی کابینەی نۆیەمی هەرێم، گۆڕان و یەکێتی کەوتنە سەوداکردنی بۆ پارەو پۆست وەرگرتن، بەتایبەتی پۆستی جێگری سەڕۆکی هەرێم. لە ئاکامدا پارتی لەیەک کاتدا ئەو پۆستەی بە گۆڕان و یەکێتی دا. گرفتی یاسایی لێرەدا ئەوەیە کە ئێستا پارتی بۆ ڕازی کردنی یەکێتی، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەیەوێت دوو جێگر بۆ سەڕۆکی هەرێم دابنێت، بە یەک بەرد دوو چۆلەکە بکوژێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدەدا سەرانی گۆڕانیش ڕازی بکات. بەگوێرەی یاسا و دەستوری هەرێم نابێت سەڕۆک لە یەک جێگر زیاتری هەبێت. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەوجارە پینەدۆزانی نێو گۆڕان ئەوەندە باسی یاسا و دەستور دەکەن ئەی ئەمە چۆن پینە دەکەن؟ بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان چۆن لەسەر گردی زەرگەتە و پیرمام ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە، دواتر بۆ هۆڵی پەرلەمانی دەنێرن!
ئاشکرایە کە یەکێتی بەحوکمی ئەوەی هێزی چەکداری هەیە و جاشی ئیرانە، دەتوانێت پێداگری بکات، کارتی کردنی هەرێم بە دوو ئیدارەیی هەڵگرێت و فشار دروست بکات. لە ئەنجامدا هەموو ئەو پۆستانە وەربگرێت کە پارتی بە گۆڕانی بەخشیوە، ئەی ئەو کات گۆڕان چۆن ئەو هەموو لێداوانانەی لە میدیاکاندا ڕەش دەکاتەوە و چۆن دەیسەلمێنێت کە سیستەمی دەسەڵاتی هەرێم سیستەمی پەرلەمانی نییە؟
لە ڕابردوودا مەسعود بارزانی بۆ سەڕۆکی هەرێم خۆی لەنێو خەڵکدا هەڵبژارد. هیچ کەسێک لە سەرانی پارتە عیلیمانی و ئیسلامیەکان نەبوون بە ڕکابەری. سەرانی پارتەکان زاتیان نەکرد بەرامبەر بە مەسعود بارزانی خۆیان هەڵبژێرن، لە کاتێکدا دەنگی ناڕەزا لە لووتکەدا بوو. تەنیا دکتور کەماڵ میراودەلی و بازرگانێکی نێو هەولێر بوون بە ڕکابەری، هیچ یەک لە لایەنەکان و سەرکردەکان پشتیوانیان نەکردن، لە ئەنجامدا مەسعود بارزانی بردیەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت و سبەی بە شان و باڵی هەڵدەڵێت ئەوەیە کە لە کابینەی نۆیەمی هەرێم، پێش دانیشتن و هەڵبژاردن لە پەرلەماندا، نێچیرەوان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگۆڕکێیان پێکراوە، سەڕۆکی هەرێم و حکومەت هەر ئەوانن، دەسەڵاتەکان لەدەست هەر کامێکیان بێت هیچ لە مەسەلە جەوهرەیەکە ناگۆڕێت، هەروها کوڕی هەردووکیان بەڕێوەن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بهێنرێنە پێشەوە و بکرێن بە سەڕۆکی هەرێم و حکومەت و دەزگار هەوالگری و ئابووریەکان بەبەکارهێنانی هەمان فشار و هەمان هێزی ئابووری و سەربازی و دەرەکیی کە بەکاریانهێناوە و دەیهێنن بۆ پاراستنی سەپاندنی دەسەڵاتی حوکمڕانی لە هەرێمی ئەوڕۆدا. ئەو گۆڕانکاریانە لەژێر هەر ناوێکدا بێت ئەوا هەر سیستەمی دەسەڵاتی حوکمڕانی بنەماڵە و خێزانە. لەدەرئەنجامدا ئەو تێکەڵوپێکەڵیە و سەرلێشێواندنەی کە ژووری شێکردنەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆڕت لە حزبی گۆڕاندا دەیکات، تەنیا ڕێگە خۆشکردنە بۆ تەسلیم بوون، خۆدۆڕاندن، ڕازیبوون بە سیستەمی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان و خەڵک چەواشە کردن و گیرفان پڕکردن.
بەشداری لە پەرلەمان و بوون بە پایەیەک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان، دەستکەوتی ماددی زۆری هەیە، نەوشێروان مستەفا ئەمین لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی کەی،ئێن،ئێندا کە لە ساڵی ٢٠١٢دا ئەنجامی داوە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە لە ١٧:٢٧ دا دەڵێت: "ئێمە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا هەموو مانگێک 500 هەزار دۆلار لە هەرێم وەردەگرین". بێ گومان بەرامبەر بەو پارەیەی کە وەریدەگرن، باجەکەی ئەو پێگە جەماوەریەیە کە گۆڕان دەیدا، بەهێز بوونی ئەو بزوتنەوە تازانەنە کە لەناوچەی سەوزدا وەک بەدیلی دەنگی ئۆپۆزسیۆن لەگەشەسەندن، کە لەدەرئەنجامدا هێز و توانای گۆڕان تەنیا پارە و چەند پۆستێکی کارتۆنی دەبێت، ئەوانەی کە ئەو پۆستانەش وەردەگرن لە کۆتاییدا شەرمیان دەشکێت و بوون بە پارتی بوونی خۆیان لە میدیاکاندا ڕادەگەیەنن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە