باسنیوز سیخوری هەموو لایەکە، بەشەرتی پارە!

Friday, 12/04/2019, 6:57

33081 بینراوە


میدیا و نووسەری  خۆفڕۆش تەنیا ئەگەر بڵێت یان بنووسێت "ئحم" دیارە کە سیخوری بۆ کێ دەکات. میدیای کوردی بەشێوەیەکی گشتی بەتایبەتی لە باشوور میدیای حزب و پارەیە. ئەوی تەنیا بۆ ساتێک بۆ بەعس سەری نەوێ کردبێت، بەرژەوەندیی تایبەتی ویستبێت، بەدوای گیرفان گەرمکردنەوە بووبێت، سیخور و خۆفرۆش و پارەپەرست بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ وێنە، ناو و نووسینی لە باسنیوزدا بڵاو دەکرێتەوە!
باسنیوز، هێشتا لە زەمانی دەقنانوسدا گوزەر دەکات، پێی وایە کە هێشتا نەتەوەی کورد وەک ساڵی شەستەکان، هەفتاکان و هەشتاکان لە دنیا و میدیای جیهانیدا دابڕاوە، ئەوا هەمان ئەو کاتانەیە کە ڕادیۆی پارتی ڕۆژانە لە ساڵی ١٩٧٤دا خستنی فڕۆکەیەکی پەخش دەکرد، ئەگەر بە دڕۆی ئەو ڕادیۆیە بوایە شاخەکانی کوردستان دەبوایە ئێستا بەلای کەمی پاشماوەی  چەند هەزار فڕۆکەیەکی تێکشکاوی لێبوایە!
لە میدیای کڕاودا، لەکڕنۆشبردن و سەرنەوێکردن بەولاوە گەل هیچی دیی فێرنابێت، جا قوڕ بەسەر ئەو میللەتەی کە دەکەوێتە ژێر کارێگەری ئەو جۆرە میدیایە. 
لە ڕۆژئاوای کوردستاندا خەباتێک و تێکۆشانێک بەڕێوەچوو، کە هەر لە سەرەتادا سیما و سروشتی بزوتنەوەکە پێمانی گوت کە ئەو بزوتنەوەیە جیاوازە و لەژێر هەژموون، کلتوور و بیرۆکە و پەروەردەی حزبەکانی باشوور نییە. سەرکەوتنی ئەو جۆرە خەباتە بەوە هەڵناسنگێت کە هەنوکە ئەوان چەندێک لە ڕووی ئابووریەوە دەوڵەمەندن و چەند بیرەنەوتیان لەژێر دەسەڵات دایە، ئەڵبەتە سەرکەوتنیان بە جۆری بەرخوردان، بەرەنگاری بوونەوەی سوپای زەبەلاح، سووربوون لەسەر داوا و مافە ڕەواکان و پێگەی جەماوەریی و بوونی ڕۆحی خۆ بەکەم نەزانین و بڕوای پتەو بە هێز و پێگەی جەماوەریی هەڵدەسەنگێت.
ئەم جۆرە بزوتنەوەیە لە ڕۆژئاوا، ترسی خستۆتە دڵی پارت و سەرانی باشوور، کە گەیشتۆتە ئاستێک هەندێک لە حزبەکانی باشوور بە تایبەتیی پارتی، هەنوکە لە ڕۆژئاوا کۆمەڵێک خەڵکی لەژێر ئاڵای خۆیدا کۆ کردۆتەوە و بەکاریان دەهێنێت، بەتایبەتیی بۆ پێکانی مەبەستەکانی ئەردوغان. جگە لەوەش لە گۆڕەپانی میدیای باشووردا گەلێک کەناڵی تەلەفزیۆنی زەبەلاح دروست بوون کە لەلایەن تورکیاوە بەرێوەدەچن و پارەیانی بۆ هەڵڕشتووە. تورکیا هەر بەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە کە میدیای سەر بە حزبەکانی باشوور بە ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە نەهج و بەرنامە و گوتەکانی ئەردوغان بکەن. ئەردوغان، بە بۆنە یان بێ بۆنە، لە میدیا  جیهانیەکا و لۆکەڵیەکاندا هەمیشە دوپاتی دەکاتەوە، کە هۆی هێڕشە سەربازیەکانیان بۆ عەفرین و ڕۆژئاوا تەنیا ئەوەیە کە یەپەگە، پەکەکەن و تەنیا ناویان جیاوازە. تورکیا بۆ ئەوە هەوڵدەدا هەموو ئەو میدیایانەی کە لەژێر باڵی ئەوەن، بەتایبەتیی میدیا و نووسەری کورد، هەمان گوتە بڵاو بکەنەوە و پشتیوانی لە ئەردوغان بکەن.
 ئەمڕۆ باسنیوز بۆ دەربڕینی نیەت سافی بەرامبەر بە ئەردوغان، بۆ ئاگر خۆشکردن و فیتنەی و  ڕەوایی دان بە هێڕشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و عەفرین بەو جۆرەی خوارەوە باسی یەپەگە دەکات.
باسنیوز دەنووسێت:
ساڵح موسلیم داوایەک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات
هەرمان خالید 11/04/2019 - 14:04 بڵاوکراوەتەوە
سەرکردەیەکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەئەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کودستان (پەکەکە) داوا داوایەک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات. ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەدە بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هەموو رۆژئاوای کوردستان بە تیرۆریست ناو دەبات. ساڵح مولیم داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکا تێڕوانینی خۆیان بەرامبەر هەسەدە و رۆژئاوای کوردستان بگۆڕن بۆ ئەوەی دانوستاندن لە نێوانیان دروست بێت. پێشتریش مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاندبوو، دوو مەرجیان هەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ تورکیا، کە بریتین لە؛
- دەرچوونی هێزەکانی تورکیا لە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
- کۆتاییهێنانی تورکیا بە هەڕەشەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا.
 هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.

______________________________________
لە کۆتاییدا، دەبێت بگوترێت کە ئەم جۆرە ڕووماڵەکردنە تەنیا لە میدیای ئەردوغان و سیخورەکانی دەبیندرێن و ئەمە کتومت قسەی ئەردوغانە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە