هەڵبژاردنی زایەندیی

Sunday, 14/04/2019, 19:18

7982 بینراوە


هەڵبژاردنی زایەندیی (Sexual selection)، لەپاڵ هەڵبژاردنی سروشتیی هۆکارێکی گرینگی پەرەسەندنە، لە پەسندکردنی چەند نیشانە و ڕواڵەتێکی دەرەکیی لەلای ڕەگەزێکی زیندەوەران بەدەر دەکەوێت، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕەگەزەکەی دی بە مەبەستی جووتبوون و زاوزێکردن. 
سەرەتا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، پێشتر کرداری زایەندیی بۆ تێکەڵبوونی جینەکان وەک میکانیزمێکی پەرەسەندن دەستنیشان کرا، بەڵام ئێستە ئەو کردارە لە هەڵبژاردنی زایەندییدا، ئەو چەمکە دەخاتە ڕوو کە بەشێکە لە ‌هەڵبژاردنی سروشتیی، بۆیە لێرەدا بەشێوەی بابەتێکی جیا لێی دەدوێین.
دەشێ لێرەدا پرسیارێک بکەین، ئەگەر هەڵبژاردنی سروشتیی کاریگەری لەسەر هەموواندا وەک یەک بێت، لەبەرچی لە چەندین جۆری زیندەوەراندا، جیاوازی شێوە لە نێوان ڕەگەزی نێرینە و مێینەدا هەیە؟ وەڵامەکەی بە بوونی هەڵبژاردنی زایەندیی دەدرێتەوە. کلکی تاووس، جوانی شێوەی کەڵەشێر، پڕی مووی سەری شێر، درێژی کەڵبەی فیل، مەزنیی شاخەکانی بەرانەکێوی و چەندانی دیکە، هەروەها دەنگی بەرزی بۆق و سیسرک و خوێندن و جریوەی باڵندەکان، نموونەی ئەم نیشانانەن، هەر هەموویان لە هەڵبژاردنی زایەندییەوە هاتوون، هۆکاری دەرکەوتنیشیان مێیینەکانی ئەمانەن. ئەمە واتەی ئەوە دەگەینێت کە مێیینەکان لە باشترین ئەو جینانە دەگەڕێن کە هەن، ئاشکراشە کە مێیینەکان خاوەنی ئەزموونگەی شیکردنەوەی جینەکان نین، تا بتوانن چاکترینیان لە ڕووی ناوەکییەوە هەڵبژێرن، بۆیە لێرەدا پەنا دەبەنە بەر جوانی شێوەی دەرەکی و بەرزی دەنگ و چەند نیشانەیەکی دیکەی بەرچاو.
گەر وا ئاسایی لەم تایبەتمەندییانە بڕوانین، دەگەینە ئەوی کە دەشێ ئەمانە پێچەوانەی هەڵبژاردنی سروشتیی بن، چونکە هەموویان دەبنە هۆی بەئاسانی بینین و دۆزینەوەیان لەلایەن ڕاوکەر و دوژمنەکانیانەوە، بەمەش دەکەونە بەر پەلاماریان، دەرەنجام هەلی مانەوەیان لە ژیاندا کەمتر دەبێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لەبەر هێزی کاریگەری و سوودە مەزنەکانی ئەو هەڵبژارنە، جۆرەکان ناچار دەبن هاوسەنگییەک بپارێزن لە نێوان هەڵبژاردنی زایەندیی و هەڵبژاردنی سروشتییدا. بۆیەش یەکێک لەو پێشبینییانەی تیۆری پەرەسەندن، ئەوەیە دەڵێت، ئەو شوێنانەی کە ڕاوەکەری جۆرێکی دیارکراوی لێ نەبێ، یان کەم بێت، ئەوا نێرەکانی ئەو جۆرە، جوانییان و خۆ دەرخستنیان بۆ مێیەکان پتر دەبێ، چونکە ئەمانە پێویستیان بە خۆشاردنەوە نییە، کەواتە لەژێر فشاری هەڵبژاردنی زایەندیی زیاتر گۆڕانیان بەسەر دێت، بۆ ئەوەی زێدەتر سەرنجی مێیەکانیان ڕابکێشن.
کرداری زایەندیی بزوێنەری سەرەکیی ژیانە، بۆیەش لەپاڵ هەڵبژاردنی سروشتیی، بووەتە هۆکارێکی دیکەی گرینگ بۆ زۆربوونی ژمارەی زیندەوەران، بە شێوەیەک هەندێ جار بەگوێرەی جیاوازی ژینگە، لە هەڵبژاردنی سروشتییش کاراتر و کاریگەری زیاترە بۆ مانەوە و بەردەوام بوونی جۆرەکان. هەڵبژاردنی زایەندیی بەند نییە، بە سروشت و ژینگەی دەرەوە، بگرە پەرەسەندنێکە لە خودی زیندەوەرانەوەیە و خۆیان دروستی دەکەن. ئەو نێرینە تەمەن کورتەی توانای زاوزێکردنی زێدە بێت و نەوەی پتر بنێتەوە، چاکترە لەو نێرینەیەی تەمەنێکی درێژتر دەژی، بەڵام نەوەی کەمتر دەنێتەوە. لە هەموو ئەو جۆرانەی نێرینەیەک لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری مێیینە زاوزێ دەکات، گرینگیی ئاکار و نیشانە جیاکەرەوە زایەندییەتییەکانی شێوە، بەزەقی دەبینرێن. لەم جۆرانەدا پەڕین، یاخۆ جووتبوونی نێرینە لەگەڵ مێیینە لە دوو لایەنەوە خۆی دەنوێنێ، یەکێکیان کێبەرکێ و ململانەی نێوان نێرینەکانە لەسەر ئەو مێیینەیە، دووەمیش هەڵبژاردنی مێیینەکەیە لەوەی کامە نێرینە دەستنیشان دەکات، تا لەگەڵیدا جووت ببێت، لێرەدا ئەوەی پتر سەرنجی مێیینەکان ڕادەکێشێت، جوانی و ڕەنگاوڕەنگی شێوەی نێرینەکانە.
هەڵبژاردنی نێرینە لەلایەن مێیینەوە، گرفتێکی مەزنی دیکە پەیدا دەکات، ئەویش کە دەبێتە هۆی بەرپاکردنی کێبڕکێیەکی بەهێز و شەڕێکی خوێناوی لە نێوان نێرینەکاندا. ئەمەش لە گەلێک جۆری زیندەوەراندا ڕوو دەدات وەک، سەگ و گۆلکی دەریایی، بەران و گاکێوی، بگرە لە قالۆنچە و مێشیشدا ئەو شەڕکردنانە لەسەر مێیینەکان دەبینرێن. ئەو کێبڕکێ و شەڕانە بۆ کرداری زایەندیی، جاری وا هەیە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیان، بۆیە دەشێ بگوترێ، زاوزێکردن لە لای ئەو تاکانەدا بۆ مانەوەی جۆرەکەیان لە ژیانیشیان گرینگترە.
کێبڕکێی نێرینەکان بۆ گەیشتن بە مێیینە، لە لای زاناکانی سەردەمی داروینیشدا بابەتێکی ناسراو بوو، بۆیە ڕاڤەکردنی ئەم تێزە لەبەر ڕۆشنایی تیۆری پەرەسەندن کارێکی سەخت نەبوو. ئەگەر دوو بەران کێبڕکێ بکەن، ئاسایییە ئەوەی کەللـەی سەری زل و شاخی گەورە و بەهێزی هەبێت، ئەویان سەردەکەوێت و مێیینەکە بەدەست دەهێنێت. کاتێکیش زاوزێ دەکەن، ئەو زلییەی کەللە بۆ نەوەی داهاتوو دەگوێزرێتەوە، بەمەش ئەم تایبەتمەندییە سوودی دەبێت بۆ نەوەکە، لە پەسەندکردنی ئەوانیش لەلایەن مێیینەدا، لە شەڕکردندا بەرانبەر بە نێرینەکان و دوژمنەکانیان.
ئەگەر سەرنجی تاووس بدەین کە ناسراوترین نموونەیە بۆ هەڵبژاردنی زایەندیی، دەبینین ئەو کلکە زل و ڕەنگاوڕەنگەی نێرینەی تاووس کە پڕە لە بازنەی ڕەنگینی جوان، هیچ سوودێکی نییە، بۆ زۆرانبازی لەسەر مێیینەکان. نەک هەر ئەوەندە، بگرە گرانبارییەکی زۆریشی هەیە بۆی، چونکە بوونی ئەم کلکە پێویستی بە وزەیەکی زۆرە، هەروەها ڕێگریشە بۆ فڕین و غاردانی خێرا، لە کاتێکدا کە دەکەوێتە بەر مەترسی ڕاوکردنی.
ئەوەی سەیرە لە وەرزی زاوزێکردندا، چەند نێرینەیەک کۆدەبنەوە و دەکەنە دەنگەدەنگ و هەرا، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێیینەکان، هەر کاتێکیش مێیینەیەک بەدەر دەکەوێت و لە کۆمەڵەکە نێزیک دەبێتەوە، بەزمی کرانەوەی کلک و خۆنمایشتدانی نێرینەکان دەست پێ دەکات. لەدوای ئەمانەوە نۆرەی مێیینەکە دێت، بۆ پشکنین و وردبوونەوە لەو کلکانە، بە شێوەیەک کە بەراوردکردنێک ئەنجام دەدات، بەگوێرەی گەورە و بچووکی و هەمەڕەنگی کلکەکان، پاشان ئەگەر ڕای لە یەکێکیان بێت و هەڵی ببژێرێت، ئەوا ڕێی پێ دەدا، لەگەڵیدا جووت ببێت. بەمە دەگەینە ئەو بەرەنجامەی کە هۆکاری مانەوە و بەردەوامبوونی ئەو کلکە گەورە و جوانانە، هەروەها بەرەبەرە لەناوچوونی کلکی بچووک و دزێو، بۆ هەڵبژاردنی ئەو مێیینانە دەگەڕێتەوە. کەواتە ئەو تاووسە نێرینانەی کە کلکیان کورت و بچووکە، مێیینەکان هەڵیان نابژێرن، واتە جینەکانی ئەوانە کەمتر دەبنەوە لەناو کۆمەڵەی جۆرەکەیان، بەمەش وای لێ دێت ڕێژەیان نەوە لەدوای نەوە کەم ببێ، تا ڕادەی بنەبڕبوون، لە دواییدا تەنیا کلک درێژ و ڕەنگینەکان بمێننەوە. یەکێک لەو زانایانەی کە ئەو تۆژینەوانەیان ئەنجام داوە، دێت و کلکی چەند دانەیەک لەو نێرینانە دەبڕێت، دەبینێ کە تاووسە مێیینەکان، ئارەزووی زاوزێکردنیان لەگەڵ ئەم کلکبڕاوانەدا نامێنێت و هەردەم کلکڕەنگینەکان هەڵدەبژێرن. ئەوەی جێی سەرنجە تۆژەرەکان دەڵێن، ئەو بازنانەی کە کلکی تاووسەکان دەڕازێنێتەوە، نەک هەر جوانی و ڕەنگاوڕەنگییان، بگرە ژمارەشیان کاریگەرییەکی زۆری هەیە، بەوەی چەند ژمارەیان پتر بێت، لای مێینەکان زیاتر پەسەند دەکرێن. ئەمانە تەنیا بۆچوون نین، بگرە گشتیان بەکردارەکیی و بە ئەزموون و تۆژینەوەی چەند ساڵەی زانا و شارەزایان سەلمێندراون*.
ئەم بابەتە وەک مەزنی کەللـە و بوونی شاخ نییە، بۆیە بۆ داروینیش جێی کێشە بوو، چونکە ئەم کلکەی تاووس تەواو پێچەوانەی بیرۆکەی پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سروشتییە. داروین پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەیەکی زۆر بوو، تا بتوانێت بگاتە شرۆڤەیەکی گونجاو بۆ بوون و مانەوەی ئەو کلکە لە تاووس و چەندین نیشانەی دیکە لە زیندەوەراندا، ئەویش لەڕێی ئەو چەمکە بوو کە پێی دەگوترێت، هەڵبژاردنی زایەندیی.
هاوشێوەی ئەو دیاردانە، لە لای گەلێک باڵندە و ئاژەڵدا دەبینرێت. مریشک ئەو کەڵەشێرانەی پێ پەسندە کە خاوەنی پۆپیتەی گەورە و سوورن، چەندان جۆرە ماسی هەن، مێیینەکانیان ئەو نێرینانە هەڵدەبژێرن کە جوانترین و ڕەنگاوڕەنگترین، یان درێژترین کلکیان هەیە، لە هەندێ جۆرە مەگەزیشدا (سیسرک)، مێیینەکانیان ئەو نێرینەیەیان پێ پەسندە کە بەرزترین دەنگ دەردەکەن.
هەلی نەوەنانەوە لای ئەمانە لە ڕەگەزی مێیینە کەمترە وەک لە نێرینەدا، لەبەرئەوەشە میکانیزمەکانی هەڵبژاردن وا لە مێیینە دەکات، زۆر ورد بێت لە هەڵبژاردنی ئەو نێرینەیەی کە دەیەوێت بۆ بەبەرهەم هێنانی نەوەی نوێ، ئاڵوگۆڕی جینەکی لەگەڵدا بکات.
لە بوارێکی دیکەوە خاڵێکی گرینگ هەیە پێویستە بیزانین، هەڵبژاردن و ڕێ پێدانی مێیینەکان بۆ جووتبوونیان لەگەڵ نێرینەکاندا، نابێتە هۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ نەوە بنرێتەوە. چونکە لەناو لەشی مێیینەشدا هەر دانەیەک لە تۆوی نێرینە لەناو تۆماودا، چەندان بەربەستی دێتە بەردەم کە وای لێ دەکات ئەویش لە کێبڕکێدا بەردەوام بێت، بۆ گەیشتن بە هێلکە و پاشان پیتاندنی. لەبەرئەوەی لە وەرزی زاوزێکردن لە جیهانی ئاژەڵاندا، شتێکی گەلێک ئاسایییە کە مێیینەیەک لەگەڵ چەندان نێرینەدا جووت ببێت، بۆیە ئەو نێرینەیەی کە تۆماوی پتر بەبەرهەم دێنێت، دەرفەتی نەوەنانەوە و بڵاوبوونەوەی جینەکانی زێدەتر دەبێت.
ئایا لە جیهانی ئاژەڵاندا هەموو کاتێک هەر مێیینەیە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام دەدات؟ زاناکان وەڵامی ئەو پرسیارە بە نەخێر دەدەنەوە، چونکە ئەو جۆرە ماسییانەی کە بە ئەسپۆکەی دەریا (Seahorse) دەناسرێن، مێیینەکان هێلکەکانیان لەناو لەشی نێرینەکان دادەنێن، بەمەش نێرینەکان ئاوس دەبن! ئەو نێرینانە چەند هەفتەیەک ئەو هێلکانە هەڵدەگرن و خۆراک و ئۆکسیجنیان پێ دەدەن، تا بەتەواوی گەشە دەکەن. مێیینەکان ژمارەیەکی وا هێلکە بەبەرهەم دەهێنن کە بەشی چەندان نێرینە بکات، بۆیە لە وەرزی زاوزێکردندا کێبڕکێ دێتە ئاراوە لە نێوان مێیینەکاندا، لێرەدا نێرینەکان کرداری هەڵبژاردنی مێیینەکان ئەنجام دەدەن، زۆربەی جاریش ئەو مێیینانە هەڵدەبژێرن کە گەورەترین قەبارەیان هەیە.
پەرەسەندن گەلێک هۆکار و میکانیزمی جۆراوجۆر و تێکهەڵکێشی هەیە، جاری واش دەبێت چەند میکانزمێک پێکەوە و بەتەریبی کار بکەن، یاخۆ هەریەکەیان لەبوارێکی تایبەتیی خۆیدا گاریگەری هەبێت، بۆیە هەندێک لە زانایان پێیان وایە، هەڵبژاردنی مێیینەکان (هەندێ جاریش نێرینەکان) بۆ ڕەنگێکی تایبەت، یان جوانی شێوەی دەرەوەیان، ‌چەندان هۆکاری دیکەی نادیاریان هەبێت. بۆ نموونە، نێرینەکانی جۆرە ماسییەک، لاتەنیشتێکیان ڕەنگێکی سووری هەیە، مێیینەکانیشیان ئەو نێرینانە هەڵدەبژێرن کە خاوەنی تێرترین ڕەنگی سوورن. کاتێک تۆژینەوە ئەنجام درا بۆ زانینی هۆکاری پەسندکردنی ئەوانە، ڕوون بووەوە کە ئەو ڕەنگە سوورە بۆ ئەوەیە مشەخۆرەکان دوور بخاتەوە. کەواتە مێیینەکان ئەو نێرینانەیان لەبەر کەمی مشەخۆرەکان هەڵبژاردووە، نەک لەبەر جوانی ڕەنگە سوورەکە، بەمەش هەڵبژاردنی سروشتیی وای کردووە، ژمارەی ئەو مێیینانەی حەزیان بە ڕەنگی سوورە، زێدەتر بێت.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە ئەو هەڵبژاردنی زایەندیی لە هەندێک جۆری زیندەوەراندا بوونی نییە، وەک ئەوانەی کە خۆبەخۆ زێدە دەبن (Asexual)، نموونەی ئەمانە، کەڕووەکانی هەوێن، قەوزەکان و چەندان جۆرە بەکتریا، جگە لەوانەش گەلێک مەگەز و وردەزیندەوەری دیکە هەن، ئەو دیاردەیەیان تێدا دەرناکەوێت.

ئەگەر سەرنج بدەینە مرۆڤ دەبینین، هەرچەندە ئێمە لە نەتەوەی جیاجیا و دابونەریت و کولتوری هەمەجۆرین، بەڵام گەلێک شت هەن لای هەموواندا وەک یەکەن، یان زۆر لێک دەچن. شتێکی باوە کە زۆربەی ڕەگەزی نێر لە مرۆڤدا، پتر ئارەزووی ئەو ژنانە دەکەن کە مەمک و سمتیان گەورەیە. ئەمەش لەبەرئەوەیە کە لە بنەڕەتدا گەورەییی مەمک و سمت، تا ڕادەیەکی زۆر لەشساغی مێیینە، فرەیی شیر، بژیوی چاکتری کۆرپە و پتربوونی تواناکانی منداڵبوون دەگەینێ، دەرەنجام بوونی ئەمانە هەلی مانەوەی کۆرپەکان لە ژیاندا زێدەتر دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم پیاوانە زۆربەیان هۆی بنەڕەتی پەسندکردنی مەمک و سمتی گەورە و چەندان نیشانەی جۆراوجۆر نازانن، وەک چۆن مێیینەی ماسییەکانی نموونەی پێشوو، هۆکاری پەسندکردنی ڕەنگە سوورەکەی نێرینەکانیان نەدەزانی. میکانیزمەکانی پەرەسەندن، لەوانەش هەڵبژاردنی زایەندیی، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت، بە درێژایی ملیۆنان ساڵ ئەو نێرینانەی هەڵبژاردووە کە گرینگییان داوە بە گەورەییی مەمک و سمت، ئەو پیاوانەشی لابردووە کە ئەم تایبەتمەندیی و ئاکارەیان پێ گرینگ نەبووە، دیارە ئەمەش بۆ مانەوەی هەردوو ڕەگەز بایەخی هەبووە، چونکە مێیینەکانییش گەلێکیان لەوانە دەبن کە نێرینەکان پەسندیان کردوون.
بۆ ڕوونکردنەوەی پتر، گریمان دوو کۆمەڵەمان هەبووە، تاکەکانی یەکێکیان گرینگی بە گەورەیی مەمک و سمت داوە، ئەوی دیکەیان بایەخێکی وای پێ نەداوە. لەبەرئەوەی هەردوو کۆمەڵەکە ئەو ئاکارەیان بۆ نەوەکانیان گواستووەتەوە، کەواتە ئەو نەوانەی لەو باوکانەن کە گرینگییان داوە بە قەبارەی مەمک و سمت، بۆیە ماونەتەوە و بەردەوام بووونە لەژیانیاندا. نەوەی ئەوانەی دووەم لەبەر کەمی بژیویان (لاوازی دایکیان)، دەرفەتی مانەوەیان ڕووی لە کزی کردووە، بەمەش بەرەبەرە و بە ماوەیەکی دوورودرێژ، ژمارەی کۆمەڵەی یەکەم پتر بووە لە هی دووەم. بۆیە ئەمڕۆ دەبینین کە بە شێوەیەکی گشتی (جگە لە هەندێکی کەم نەبێت)، گەورەییی مەمک و سمت بووەتە پێوەری جوانیی لەشی ژن.
بەکورتی نەک ئەو ئارەزووە زایەندییانەی جوانی لەشی ژن دەیان وروژێنێ، بگرە چێژ وەرگرتن لە کرداری زایەندییەتی، هەتا ئەو خۆشەویستییەش کە لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزەی مرۆڤدا هەیە، هەر بۆ هەڵبژاردنی زایەندیی دەگەڕێنەوە. ئەگەر زێدەڕۆیی تێدا نەکرێت، دەشێ بگوترێ، مەبەستی سەرەکی لە بایەخدان بە جوانی دەموچاو، ڕێکوپێکی ئەندامەکانی لەش، چێژ و خۆشەویستی و چەندین هەست و سۆزە مرۆیییەکان، بۆ نەوەنانەوە و درێژەدانە بە مانەوەی جۆری مرۆڤ، گەرچی لە هەموو کاتەکاندا وا دەرنەکەوێت، بەڵام ئەمانە خۆیان بۆ ئەوە پەیدا بوونە، هەر بۆ ئەوش پەرەیان سەندووە.
هەستکردنی پیاو بۆ جوانیی ژن (بێگومان بەپێچەوانەوەش)، بە ملیۆنان ساڵە لە مێشکماندا ڕەگی داکوتاوە، بۆ هەمان ئەو مەبەستەیە کە نەوەنانەوە و مانەوەمانە لەژیاندا. هاوشێوەی ئەمە لە گشت ئاژەڵێکیشدا هەیە، گەر ڕەگەزێکی مەیموون ڕەگەزەکەی دیکەی پێ جوان نەبێت، چی وایان لێ دەکات، بۆ زاوزێکردن لێک نێزیک بکەونەوە. ئەم نموونەی مەیموونەمان بۆ ئەوە هێنایەوە کە ئێمە ئەگەر مەیموون بە ئاژەڵێکی دزێو و ناشیرین دابنێین، مانای ئەوە نییە، ئەوانیش یەکدی وا دەبینن. 
بەشێوەیەکی گشتی ئێمە لایەنگری ژیانین، کاتێکیش لە سروشت دەڕوانین، چێژی لێ وەردەگرین و هەست بە خۆشی دەکەین، ئەمە بۆ وایە؟ چونکە سروشت جۆراوجۆری و ڕەنگاوڕەنگیمان نیشان دەدات لە ژیاندا. بەردەوامی و مانەوەمان بەندە بە مانەوەی ڕوەک و ئاژەڵان، بوونی ئەوانەش لە ژیاندا، لە جینی چاکەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر بۆیە ئامێری هەڵبژاردنی جینەکان لە مێشکماندا جینی چاکی بە واتای جوانیی گرێ داوە. داری جوان ئەو دارەیە کە لەڕووی جینەکییەوە باش و تەندروستە، گوڵی جوانیش مانای گوڵێکی هەڵگری جینێکی چاک دەدات کە بەر دەبەخشێت.
مرۆڤی جوان مرۆڤێکە خاوەنی جینە چاکەکانە، کەسێکی لەشساغە، باڵابەرز، دەم و ددانی پاک، پێستە و قژێکی دروست و خاوێنە. هەر دەمێک ئێمە بە شتێک بڵێین جوان، مەبەستمان دەربڕینێکە کە ئەم شتە هەڵگری جینە چاکەکانە. لەبەرئەوەی مێیینەش لە بابەتی هەڵبژاردنی زایەندیی لە مرۆڤدا بەرپرسی یەکەمە، بۆیە دەبێت زۆر بەوردیی و هۆشیارییەوە هاوسەرەکەی دەستنیشان بکات. بەبێ ئەوەی لە تەواوی هۆکارەکانی ئەو هەڵبژاردنە بدوێین، دەبینین کە ڕەگەزی مێیینە لە گەلێک لایەنەوە بۆ ڕەگەزەکەی دیکە دەڕوانێت، گرینگترینیان چاودێری و پەروەردەکردنی منداڵەکانە. ئایە ئەو نێرینەیە هێندە تواناییەی هەیە، ماڵێک پێک بهێنێ و کار بکات بۆ بەردەوامبوون و مانەوەی ئەو ماڵ و خێزانە؟
مێیینە دەبێ هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت، بەراوردێکی چاکیش بکات لەنێوان چەندین هۆکاری جۆراوجۆر، تاکو بتوانێت بڕیارێکی ڕاست و گونجاو بدات. بۆ نموونە ئەگەر نێرینە جوان و لەشساغ بێت، وا دەکات منداڵەکانیشیان خاوەنی تایبەتمەندی و ئاکاری چاک بن، بەمەش هەلی مانەوەیان لە ژیاندا پتر دەبێت. بەڵام دەبێ مێیینە ئاگاداری ئەوەش بێت کە جوانی پیاو، گەلێک جار دەبێتە جێی سەرنج لای مێیینەکانی دیکە و پەیدابوونی کێبڕکێ، دەشێ دواجار ببێتە هەرەشەیەک لەسەر مانەوەی پەیوەندییە خێزانییەکان. ئەمەش مەبەست بوو کاتێک گوترا، مێیینە بۆ ئەوەی بڕیار بدات، دەبێت زۆر ژیرانە لەو بابەتە بڕوانێ و هاوسەنگییەت بپارێزێت بۆ کاریگەریی گشت هۆکارەکان. بێگومان هەموو ئەم کار و کردەوانە لەبەرئەوەی لە هۆشە نائاگاکەماندا گلدراون، زۆر جار ڕاستەخۆ هەستیان پێ ناکەین، بۆیە بە شێوەی سەرسامبوونێک لای مێیینە بەدەر دەکەون. لە بەرانبەر بەمە پیاویش هاوشێوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات و بەدوای جینی چاک دەگەڕێت لەڕەگەزی مێیینەدا، لەبەرئەوی کە ناتوانێت سەد لە سەد بێگومان بێت لەوەی کە منداڵەکانی هی ئەون، ناچار هەمیشە هەوڵ بدا، مێیینەیەک بدۆزێتەوە، لە هەلسوکەوتیدا دڵنیا بێت کە پەیوەندی زایەندیی لەگەڵ نێرینەیەکی دیکە نابەستێت. دەکرێ بڵێین، هەرچەندە زۆربەی نێرینەکان ئامادەن، لەگەڵ هەر مێیینەیەکدا کرداری زایەندیی ئەنجام بدەن، چونکە دەیانەوێت زیاترین نەوە بنێنەوە، بەڵام بۆ بابەتی هاوسەرگری و پێکەوەنانی خێزان، پیاو هەر دەبێ مسۆگەر و دڵنیا بێ کە ژنەکەی ناپاکی لەگەڵدا ناکات.
لەم بابەتەشدا نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، مرۆڤ لەبەرئەوەی خاوەنی مێشکێکی مەزن و ناوازەیە، بۆیە وەک ئاژەڵەکانی دیکە نییە، تەنیا سەیری شێوەی ڕەگەزەکەی دیکە بکات و بەس، بگرە چەندان تایبەتمەندی و هەڵسوکەوت، بارودۆخ و هەلومەرجی دیکە هەن، گرینگییان کەمتر نییە، لەوانەی کە لێیان دواین. وەک ئەوەی لە لای ژنانیشدا، بەهێزی، زیرەکی، دڵسۆزیی و گەلێک ڕەفتاری دیکەی پیاوان، بایەخێکی زۆری هەیە. دیسانەوە ئاشکرایە کە بوونی ئەم تایبەتمەندییانەی پیاوانیش هەر دەرەنجام بە قازانجی نەوەکانیان تەواو دەبێت.
دواجار پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە هەندێک لە زانا و شارەزایان پێیان وایە، کرداری زایەندیی لە مێژوودا ڕۆڵێکی مەزنی گێراوە لە ئاخاوتن و پەیدابوون و پەرەسەندنی زمان، بەوەی یەکەمین دەنگ لە دەمی مرۆڤ دەرچووە، بۆ بانگکردنی ڕەگەزەکەی دیکە، بۆ مەبەستێکی زایەندیی بووە، پاشان بەرەبەرە بە پێشکەوتنی مرۆڤ، زۆربەی ئەو وشانەی کە لەو سەرچاوە زایەندییەوە سەریان هەڵداوە، بۆ دەربڕینەکانی دیکە بەکار هێندراون.
---------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە