عیراق و هەرێم بە پفێک دەڕوخێن بەڵام ئەمریکا بێدەنگە!؟

Friday, 19/04/2019, 5:38

16137 بینراوە


ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٩وە تا ئەمڕۆ، بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا لایەنێک و یاریکەرێکی سەڕەکیی بووە. لە دەورانی چوار سەڕۆکی ئەمریکادا لە  ئیدارەی بۆشی باوک و کوڕ و ئۆباما و ترامپدا، بەشێوەیەکی گشتی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عیراق و کوردستاندا لەسەر یەک هێڵ و وەتیرە بەڕێوەچووە. لە ئاکامدا ئەزموونی ٢٩ساڵەی عیراق و کوردستان سەلماندویەتی کە دۆخی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سەربازیی هەردووکیان تا هەنوکە لە بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، هەمان دەموچاو بەجێگۆڕکێ لە دەسەڵاتدا ماون. ئەمە چەندێک لەبەرژەوەندییی کۆمەڵگەی عیراقیی و کوردستان نەبووە، دە هێندە لە ناوچەکە لە بەرژەوەندییی، ناوبانگ و نفوزی ئەمریکاش نەبووە. زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەسەر ئاستی جیهاندا پێیان وایە کە ئەو دۆخە بووە بە ئاوێنەیەک کە شکەستی ئەمریکای تێیدا دەبینن.

لەوەتەی ئەمریکا عیراقی داگیرکردوە نەیتوانیوە دەسەڵاتیکی سیاسیی تەنیا لەژێر هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لە عیراقدا دابمەزرێنێت، نەهێڵێت ئیران لە دەسەڵات و ئابووریی عیراقدا شەریکە بەش بێت. لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکادا تاران بە ئاشکراو ڕاستەوخۆ بووە بە حاکمی عیراق و ئەو دیاردەیە بووە بە ئەمری واقیع و بەسەر گەلانی عیراقدا سەپێندراوە.

 

 
ئەمریکا بە ئاشکرا دوژمنایەتی ئێران دەکات. سوپای پاسدارانی خستۆتە لیستی تیڕۆر و تویتەری قاسم سلێمانی داخستوە. ئابڵوقەی ئابووری بەسەردا سەپاندوە، بەفەرمی لەمیدیاکاندا، لەکۆبونەوە و کۆنفراسەکاندا داوای لەهاوپەیمانەکانی کردوە، کە ئەوانیش لە ئاست ئیقلیمی و نێونەتەوەیی هەمان هەڵوێستیان هەبێت، پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا دژ بە ئیران بکەن. ئەوانیش ئابڵوقەی ئابووری بەسەر ئێراندا بسەپێنن و گۆشەگیری بکەن، بەڵام ئەو عیراق و هەرێمی کوردستانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکایە و بووە بە پشتوپەنایان بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا تا ئێستا سەرپێچی لە داوکاریەکان و سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکەن. جگە لەوەی کە ئەوان بابەتی دەرکردنی ئەمریکا لە عیراق لە پەرلەمان دەوروژێنن، بەرامبەر بە ئیران هەمان هەڵوێستی ئەمریکاشیان نەبووە و نییە.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە ئەگەر ئەمریکا تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت ئابڵوقەی ئابووری بەسەر عیراقی ئەمڕۆی لاوازی ناسەقامگیر بسەپێنێت، کە تەنیا بە پفێک دەڕوخێت، ئەو دەسەڵاتدارانەی بەغداد و هەرێم بەرگەی هەفەتەیەک ناگرن و هەڵدێن. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی زلهێزێکی جیهانیە بەڵام نەیتوانیوە جڵەوی حوکمڕانی لە عیراقێکی لاوازی تەنیا دیکوردا بسەپێنێت. ئەمە کاردانەوەی دەبێت لەسەر ناوبانگ و هەیبەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، زلهێزبوونەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیار و سامی نامێنێت. بەچاوی شرۆڤەکارانی تایبەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا لەهاوکێشەکاندا بە دۆڕاو هەژماری بۆ دەکرێت!

لە مانگی ڕابردوودا ڕۆحانی بەفەرمی سەردانی عیراقی کرد بۆ ڕێککەوتنی ئابووریی لە بواری کشتوکاڵ، هاتۆچۆ و غاز و نەوت و کارەبادا. سەڕۆک وەزیرانی عیراق عادل عەبدولمەهدی لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، کە ئەوان سیاسەتی دەرەوەیان سەربەخۆیە و دژی هیچ وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیی ناوەستن و ئابڵوقەی ئابووری بەسەر ئێراندا ناسەپینن.


 

بەرهەم ساڵح ئەم ساڵ لەگەڵ ڕوحانی لە تاران دانیشت، بەمەبەستی ڕێککەوتنی ئابووری و بازرگانی. کە ئەمە دژ بە هەڵویستەکانی ئەمریکایە، بەڵام ئەمریکا بێدەنگە! نمونەی هەڵوێستی عیراق بەرامبەر بە ئیران بۆ سیاسەتمەدارانی دنیا جێگە پرسیارە؟ نووسەر زۆرن لەسەر ئاستی دنیادا پێیان وایە کە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا یارمەتیەکی زۆری عیراق دەدا، کە هەندێک سەرچاوەی بیانی دەڵێن: ئەمریکا ساڵانە سێبیلیۆن دۆلار یارمەتی عیراق دەدات، جگە لەوە خەرجی ئەمریکا تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦دا لە عیراق ٣٨.٧بیلیۆن دۆلار بووە و خەرجیەکی زۆری ئەو وڵاتە دەکات،  وێرای ئەوەش کاردانەوەی لەسەر لێپرسراوانی دەسەڵاتدارانی عیراق نییەو بەقسەی ناکەن و سەر بە ئێرانن.

عیراق بووە بە بازرێکی گەرم بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ئیرانی. لە ساڵی ٢٠١٧دا بازرگانی نێوان بەغداد و تاران گەیشت بە ١٢بیلیۆن دۆلاری ئەمریکی. ڕێککەوتنی ئابووریی نێوان عیراق و ئیران کە لە ٥/٥/٢٠١٩دا کۆتایی دێت بەڵام ڕۆحانی دووپاتی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنە نوژەن دەکرێتەوە و لە بری ١٢بیلیۆن دۆلار بڕی بازرگانی نێوانیان بەرز دەبێتەوە بۆ ٢٠بیلیۆن دۆلار.
 
 لەسەرەتای ئەم ساڵدا شاندی وەزیری دەرەوەی ئیران ئاغای زەریف ٣٠کەسی لە بازرگانانی ئیرانی لەگەڵ دابوو بۆ هەرێم هات، بۆ ئەوەی پەیوەندییی سیاسیی و ئابووری نێوانیان پتەوتر بکات.  بەگوێرەی ئەوەی کە میدیای ئیرانی بڵاویکردۆتەوە بە ڕێژەی ٦بیلیۆن دۆلار بازرگانی لە  نێوان هەرێم و تاران هەیە و بەردەوام دەبێت.


دەسەڵاتداران لە بەغداد و هەرێم بۆ بیانۆیان بۆ پەیوەندییان لەگەڵ ئیران و وابەستەبوونیان بە سیاسەتەکانی ئێران دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی، ئەگەر ئەوان وزەی کارەبا لە ئیران نەکڕن، خەڵک بێ کارەبا دەبێت و لە ئەنجامدا عیراقییەکان دەڕژێنە سەر شەقام و دۆخی وڵاتەکە تووشی پشێوی دەبێت، بەڵام ئەوە بیانویەکی لاوازە نمونە، بەدرێژای مێژووی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە عیراقدا، ناتەبایی و دوژمنایەتی لەگەڵ ئێراندا هەبوو و هەشت ساڵیش لە جەنگدا بوو دژ بەو وڵاتە بەڵام بۆ یەک ڕۆژیش گەلانی عیراق بێ ئاو کارەبا نەبوون!

لە بۆنە و بێ بۆنەدا سەرانی پارتی و یەکێتی سوپاسی ئیران دەکەن لەو یارمەتیانەی کە پێشکەشی بە کوردی  کردوە و ڕۆڵی لە ناوچەکە بەرز دەنرخێنن و ماڵپەڕی "دەیلی ئیران"  نووسیویەتی کە نێچیرەوان بارزانی گوتی: "بەبێ یارمەتی ئیران دەنگی کورد ناگات بە هیچ شوێنێک"! کە ئەمە پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکایە و ترامپ لەبۆنە و بێ بۆنەدا دووپاتی بوونی مەترسیەکانی ئیران بۆ سەر ئاسایشی دنیا و ناوچکە و عیراق دەکات.

ئەمریکا تەنیا بەچاوسوور کردنەوەیەک دەتوانێت سنوورێک بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق دابنێت، بەڵام پێناچێت ئەمریکا ستراتیژەیەتێکی پتەو و دیاریکراوی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی عیراق و کوردستان و دژایەتی کردنی ئیران هەبێت.

ئەمریکا دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانی عیراق و کوردستانی جۆری ئیدارەدانی لا گرنگ نەبووە. هەوڵی نەداوە لەچوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووری حوکمڕانییەکی مەدەنی تەکنۆتکار و سیستەمێکی دیموکراتی لەو وڵاتەدا بە بەرهەم بێت و لەسایەیدا خەڵک بحەسێتەوە.  دامودەزگە حکومیەکان بە موئەسەسات بکرێن. داد و دادگا دەسەڵاتی باڵا بێت.  ئەمریکا خۆی لەو ڕاستییە دەدزێتەوە کە دەسەڵاتی سیاسیی عیراق، دەسەڵاتێکی گەندەڵە و لە ڕیزی هەرە پێشەوەی وڵاتە گەندەڵەکانی دنیایە، کە ئەمەش لە ئەنجامی پەیڕەو کردنی سیاسیەتی هەڵەی ئەمریکایە لە وڵاتەکە و هێنانە پێشەوەی گەندەڵکاران و ئەو جۆرە کەسانەی کە هیچ شارەزایەکیان نییە لە وڵات بەڕێوەبردن و سەر بە ئیرانن.


 
 

ئەمریکا لە میدیاکاندا بەشانوباڵی هەڵبژاردنەکانی عیراق و کوردستاندا هەڵدەدا، لە کاتێکدا دەزانێت کە لەو وڵاتانەی کە سیستەمی دەسەڵاتیان دیموکراتیە پرۆسەی هەڵبژاردن نابێت ساختەکاری تێیدا بکرێت، دەبێت دەسەڵات بە هێمنانە دەستاودەست بکات و دەسەڵاتی سیاسی نابێت دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان بێت. لە ئەنجامدا کۆمەڵێک دامودەزگەی کارتۆنی نەزۆک و کۆمەڵێک خەڵکی نەشیاو لەسەرتاپای عیراق دەسەڵاتدارن. خۆمات کردنی ئەمریکا بەرامبەر ئەو جۆرە سیاسەت و بەڕێوەبردنە لە کوردستان و عیراقدا کە لێپرسراوانی دەسەڵاتدار  بە دزی و بە ئاشکرا دەستیان بەسەر سامانە گشتیەکان گرتوە و بە بۆڕی و بە تەنکەر نەوت ئاودیوی ئیران دەکەن، دەسەڵاتەکانی ئەمریکا لە عیراق زیاتر بەرەو لاوازبوون و بێسەروبەری دەبات!

ئەمریکا لە عیراق چاودێری ژیانی مەدەنیی نەکردوە، کە میللەتانی عیراق  لە بچوکترین خزمەتگوزاریەکان بێ بەشن، بێ کارن، نەبوون و دەستکورتن و بێزاری خەڵک گەیشتۆتە لووتکە و خەڵک نە سیستەمە سیاسیەکە و نە ئەو دەموچاوانەی گەرەکە. لەدەرئەنجامدا ئەمریکا سەرکەوتوو نەبووە کە دەسەڵاتێکی سیاسی سەرکەوتوو لە عیراق و کوردستاندا دابمەزرێنێت و ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار بێت. ئەمە دەیسەلمێنیت ئەمریکا خاوەن ستراتیژیەت پلان و بەرنامەی گونجاو نەبووە بۆ دەمەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسیی تەندروست لە عیراق و هەرێمدا.
  لەوتەی ئەمریکا لە عیراق دەسەڵاتدارە، نەیتوانیوە پارێزگاری لە سنووری جوگرافیا بکات. عیراق و هەرێم ڕووبەڕووی مەترسی بەهێزبوونی ئیران و هێز و گروپی چەکداری نافەرمی ئیسلامییی هەن. هەنوکە بە پراکتیک سنووری نێوان عیراق و ئیران لە باکوورەوە بۆ باشوور نەماوە، کە لە ئەنجامدا ئیران توانیویەتی هێزی پاسداران و گروپی چەکداری دییش بۆ ناوەوەی عیراق بنێرێت، بەتەواوی کۆنتڕۆڵی بکات و بەشێک لەو گروپە چەکدارانە لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی عیراقدا لەژیر فشاری ئیراندا وەک بەشێک لە سوپای عیراقی ددانی پێدابنرێت.
ئەمریکا، هەمیشە دوپاتی دەکاتەوە کە ئیران لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و دنیا هەڕەشەیە. بەڵام بەدرێژایی ٢٩ ساڵ ئەمریکا ڕێگری نەکردوە لە فرەوانبوونی دەسەڵاتەکانی تاران لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە  سوریا و عیراق دەسەڵاتەکانی ئیران فرەوان بووە،  کە چاوەڕوانی جەنگێکی گەورەی  لە نێوان ئیران، ئیسرائیل سوریا و هێز و میلیشیا چەکدارەکانی وەک حزبوڵا دەکرێت. زۆرێک لە پسپۆرانی بواری ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان وایە کە کە ئەمریکا خاوەن ستراتیژیەت و بەرنامەی داڕێژراوی تۆکمە نییە بۆ بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی عیراق بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی.

لەدەرئەنجامدا، دەردەکەوێت کە ئەمریکا هێز و توانای چەندێک لاواز بێت بەڵام بۆ عیراق و هەرێم هەر بەهێزە. بوون بە پیاوی ئێران و گەشەکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی تاران لە بەرژەوەندییی ئەمریکا، ناوچەکە، عیراق و گەلی کوردستاندا نییە، تەنیا لە بەرژەوەندییی کورسی دەسەڵاتدارانە.  لەبەرئەوە ئەو جۆرە مامەڵەیەی دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێم ئەگەر لە کۆتاییدا ئەمریکا لێشیان بێدەنگ بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناهێڵێت بۆیان بچێتە سەر، ئەگەر هیچیشیان لێ نەکات ئەوا دووبارە لە ناوچەکە هێزی توندڕەوی سونەکان بەتایبەتی داعش دەژێنێتەوە و دەیانهێنێتە مەیدانی ململانێکان، کە ئەو کات نەهامەتیەکی دیی چاوەڕوانی عیراق و هەرێم و ناوچەکە دەکات. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە