سیستمی پەروەردە و گێژکردن

Sunday, 21/04/2019, 20:06

13926 بینراوە


"یەکەم جار پەروەردە، ئینجا گێژکردن. قوتابخانە کە سەرچاوەی تەمەڵی و گەمژاییەتییە شوێنی گێژکردنی نەوەکانی کۆمەڵگایە.".
------------------------------
     بۆچی هیچ کەس هەرگیز ناپرسێت نەوەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگاکەمان ئەوەندە نەخوێندەوارن، خۆ فرۆشن، خاک فرۆشن، بێگانە پەرستن، بێ گوێن و لە هیچ شتێک ناپرسنەوە، کوێرانە چۆن ملیان بگریت ئاوا بەڕێدا دەڕۆن بێ سەیرکردن، هیچ کامێکیان هەستی بەرپەرسیاریەتییان بۆ خاک و نەتەوەی خۆیان و تەنانەت خودی خۆشیان نییە! ژمارەی تاکی کورد هەر زیاد و زیاد دەکات بەڵام کوردایەتی هەر کەم و کەم دەکات، بێزاربووم لەم هەموو ترسنۆکی و ڕاکە ڕاکەی کۆمەڵگاکەمان هەیەتی بەرامبەر دوو بنەماڵەی نەخویندەوار و کورد فرۆش و بێگانە پەرست!
     بۆچی هەمووی وەکو مەڕ خەوتووە و بێ دەنگە؟ لەچی دەترسیت؟! مردن؟! مردن لە پێناوی کوردبوونم و داواکردنی مافەکانی خۆم و تۆڵە بەرامبەر ئەم هەموو ڕیسوایی و سووکایەتییەی لە هەر ڕۆژێکدا پێمان دەکرێت ئەوپەڕی شانازی و سەربەرزییە بۆ من، بەڵام پیربوون و بێ دەنگ بوون بەرامبەر ئەم هەموو ناحەقی و نامرۆڤی و سوکایەتییەی هەموو ڕۆژ دەیبینم بەچاوەکانم بەرامبەر خۆم و خاکم ئەوپەڕی سەرشۆڕی و ترسنۆکییە! نامەوێت سەد ساڵ تەمەنم بێت و بەسەرشۆڕی و ترسنۆکی بژیم، بەڵام ئامادەم گەر دوو ڕۆژ تەمەنم بێت ئەم دوو ڕۆژە داوای مافەکانی خۆم و دادپەروەری بکەم و بێ دەنگ نەبم لەم هەموو گەندەڵی و دزی و تاوان و سووکاییەتییەی ئەم دوو بنەماڵە بێگانە پەرست و کورد فرۆشە ئەنجامی دەدەن. گەر هەر تاکێک، لانی کەم هێندەی دەنکە گەنمێک ڕێز لەو بوونەی خۆی بگرێت کە خوا پێی بەخشیووە، ویژدانی ناتوانێت ئەوە قبوڵ بکات کە لەبەرچاوی خۆی هەموو ژیانی بفرۆشرێت و هەموو حەقێکی لێبسەنرێت و لێشی بێ دەنگ بێت!! چۆن دەتوانیت هیچ شتێ نەڵێیت و لە ئاست ئەم سووکایەتی و ڕیسوا بوونەی بە ژیانت دەکرێت بێ دەنگ بیت؟!! چۆن؟!
     با پیشاندانی بێ ئابڕووی و سووکی ئەوانەی بە ئاشکرا دەزانن سەراپای ژیانیان فرۆشراوە و بێ دەنگیشن لێی بەس بێت و بڕۆمە سەر ئەسڵی بابەتەکەم...
     دەمەوێت لێرە باسی ئەوە بکەم کە چۆن سیستمی پەروەردە و فێرکردن، ببوورن گێژکردن... نەوە بە نەوە تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان گەمژەتر، نەخوێندەوارتر، بێئاگاتر، بێگوێتر، وە ترسنۆکتر دەکات. باشە تا ئێستا نەتپرسیووە من مناڵەکەم وا دوانزە ساڵە لە قوتابخانە دەخوێنێت بۆچی هیچ فێرنەبووە و بەم شێوەیە بێئاگا و بێگوێتە بەرامبەر ژیان و کۆمەڵگاکەی؟! ئاخر دوانزە ساڵ تەمەنێتکە! دایک و باوک دڵیان خۆشە مناڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە بۆ فێربوونی زانست و زانیاری، ببوورن دووبارە بۆ فێربوونی تەمەڵی و گەمژاییەتی... کەچی نازانن بەم دوانزە ساڵە ئەو مناڵە بە شێوەیەک پەروەردە دەکرێت نە بتوانێت فێری ئەوە بێت خۆی بژیێنێت، بزانێت ژیانی چییە و چۆنە، ئامانج و مەبستی خۆی لە ژیان بدۆزێتەوە، نە هونەر و بەهرەیەک فێردەبێت تا بتوانێت خزمەتێکی کۆمەڵگاکەی پێبکات دواتر، نە فێری پرسیارکردن دەبێت لە شتەکان و ڕووداوەکانی دەوروبەری ژیانی، واتە ڕاستەوخۆ هەر دوانزە ساڵەکە لە ژیانی بەفیڕۆ دەدرێت!! نا، بانەڵێین بەفیڕۆ دەدرێت گەر بڵێین بەکارهێنراوە بۆ گێژکردنی باشترە، واتە فێرکراوە کە خۆی نەتوانێت خۆی بژیەنێت بەڵکو شەهادەیەک و ژمارەیەک لەسەر کاغەزێک هەموو قەدەر و داهاتووی ئەو مناڵە دیاری دەکات گەر شەهادەکەت هەبوو ژیانت هەیە گەر نەشتبوو هەر ئەسڵەن مرۆڤیش نیت، فێرکراوە زانست تەنها ئەوەیە کە ئەو لە کتێبە زانستییەکانی قوتابخانە دەیبینێت و وادەزانێت تەنها بەو کتێبانە فێری زانست دەبێت، فێرکراوە چی پیدەڵێن بەبێ پرسیارکردن بۆچی و لەبەرچی ڕاستەوخۆ ئەنجامی بدات، فێرکراوە بێ دەنگ بێت بەرامبەر هەر شتێ کە پێی وتراوە و تەنانەت نەوێرێت ناڕەزاییش دەربڕێت بەرامبەر هیچ شتێک، فێرکراوە بیروڕای ئازاد نییە و ئەمە کتێبە و وانەکەیە دەبێت ئەمە چۆن دەڵێت تۆ ئاوا بیربکەیتەوە و گەر لە دەرەوەی ئەمە بیرت کردەوە ئەوا تۆ تەمەڵیت، هیچ نازانیت، ئەرکەکانت جێبەجێ نەکردووە، نەخوێندەواریت، ...هتد. ئەمانە هەمووی وا لەو مناڵە دەکات وەکو ڕۆبۆتێک گەورە بێت کە چ پاتریەکی لەسەر دانرابێت و چ سیستمێکی بۆ دانرابێت ئاوا کار بکات، وە هەروەها وەکو مەڕێکیش بێت تەنیا گیا بخوات و بخەوێت ئینجا هەمان شت دووبارە بکاتەوە! لەخۆت بپرسە، دەتەوێت مناڵەکانت ئاوا پەروەردە بکرێت؟!
     دوانزە ساڵ مناڵەکانت ئاوا پەروەردە دەکرێن بەبێ ئەوەی ئەو مناڵانە و خۆشت دایک و باوکی مناڵەکە هەست بەمە بکەن! ئەمە ئەو کارەساتەیە کە کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوومان لەناو دەبات!! پێمان وتراوە ئەمە قوتابخانەیە گەر مناڵەکانتان بنێرن دوای ئیشیان دەبێت و ژیانیان دەبێت و ئاقڵ دەبن کەچی فەرموو سەیری بەرهەمەکەی بکە. گەنجە تازە پێگەیشتووەکانمانت بینیووە؟! هەمووی ئەوەندە بێزار و بێ هیوایە لەژیان لەتاوان خۆی دەکوژێت، گەنجێکە هیچ بەهرە و توانایەکی نییە لەژیانی نەدەزانێت دەبێ چی بکات و چۆن بژیت تا جێگای خۆی بکاتەوە لە کۆمەڵگادا، هیچ کامێکیان ئامانجێکی نییە بۆی بژیت تا لەپێناو ئەو ئامانجەی کەمێک هەوڵبدات بۆ شتێک گەر تەنها کەمێکیش بێت! دیاردەکە دانەیەک و دووان نییە بەڵکو گشتییە. ئێستا دوو خولەک بیربکەوە گەر ئەو گەنجە دوای چەند ساڵێک ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکەمانی هاتە سەرشان کۆمەڵگاکەمان بەچی دەگات و چی لێدێت؟! وای بمرم بۆ حاڵی کۆمەڵگاکەمان بەدەستی ئەم نەوانەی داهاتووەوە!! هۆکاری سەرەکی قوتابییەکان نین، بەڵکو دایک و باوکیان کە بێ گوێدان بەهیچ شتێ فڕێیان دەدەن بۆ قوتباخانە و دواتریش هیچ لێیان ناپرسنەوە، ئینجا هۆکاری دواتریان سیستمی پەروەردە و گێژکردنەکەیە. کە پێیان وتیت ئەمە قوتابخانەیە مناڵەکەت گەورە دەکات پرسیت چۆن گەورەی دەکات و مناڵەک چی بەسەر دێت؟ نەخێر! کەوایە دەرەنجامەکەشی هەڵگرەوە و باجەکەی بدە هۆکاری ئەم هەموو گەمژەیی، نەخوێندەواری، بێ بەهرەی، بێ توانایی، بێ گوێیی، هەموو ئەمانە هۆکارەکەی ئەوەیە کە چۆن پەروەردە کراوە ئەم دوانزە ساڵە لەو قوتابخانەیە.
     هەر قوتابییەک نۆ وانەی سەرەکی هەیە لەهەر دوانزە ساڵەکەدا. بڕۆ هەر قوتابییەک ئێستا بانگ دەکەیت کە یەکەم بووە لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان لێی بپرسە چی فێربوویت بزانە چیت وەڵام دەداتەوە؟ بێ وەستان ڕاستەوخۆ دەڵێت هیچ! ئێ باشە من بۆ دوانزە ساڵ خوێندم بۆ ئەم نۆ وانەیە تا یەکەمی کوردستان بم گەر تەنانەت دوو وشەش فێرنەبم؟! دەزانیت بۆ؟ چونکە سیستمێک دانراوە کە من هەموو کتێبەکە دەرخ دەکەم بە کتێبی زانستی و وێژەییشەوە بۆ ڕۆژی تاقیکردنەوە، پاشان لە تاقیکردنەوە هەمووی لەمێشکم هەڵدەڕێژمە سەر پارچە کاغەزێک، کە لە هۆڵی تاقیکردنەوەش هاتمە دەرەوە هەمووی لە مێشکمدا ڕەشکەمەوە!! ئەم هەموو وانەیەم خوێند، ئەم هەموو هەوڵەم دا، ئەم هەموو کاتەم تەرخان کرد، تەنها بۆ ئەوەی بیخەمە سەر پارچە کاغەزێک و پاشان هەمووی ڕەشبکەمەوە لە مێشکم؟! ئەمە خەتای منی قوتابی نابێت لەم حاڵەتەدا بەڵکو خەتای ئەو سیستمەیە کە دوانزە ساڵە من وا پەروەردە دەکات بەم شێوەیە بکەم و بەم شێوەیە فێری کردووم. دواتریش کە نمرەکانم وەرگرتەوە دەبینیت هەمووی نمرەی تەواوە بەڵام وەرە پرسیارێکم لێ بکە نەوەکو دووان هیچم بیرنەماوە و نازانم! ئێ باشە ئەم نمرە و شەهادەیەش سوودی چییە گەر من هیچ نەزانم و هیچم بیر نەمابێت؟! واتە دەمبەن لەبەرزترین ئاستەکانی کۆمەڵگا دامدەنێن بۆ خزمەت کردن بەبێ ئەوەی هیچ شتێ بزانم بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی ژمارەی نمرەکەم بەرزە لەسەر شەهادەیەک کە هیچ نرخێکی نییە کاتێ من هیچ نەزانم!
     هەموو قوتابییەک، لەماوەی ئەم دوانزە ساڵەیە ئەوەندە ڕق لە کتێبەکانی قوتابخانەی دادەگرێت بەهۆیە ڕقی لەهەموو کتێبێکی تری دەرەکی دەبێتەوە و وادەزانێت ئەوانیش بەهەمان شێوە ناخۆشن و بێ سوودن. بۆچی ڕقی لە کتێبەکانی قوتابخانەی دەبێتەوە؟ چونکە بە دوانزە ساڵ ناتوانن وای پەروەردە بکەن حەزی بۆ کتێبەکانی بچێت و بەزۆری و بەناچاری پێی دەخوێنن، ئەوەش وای لێدەکات ڕقی لەو کارەی بێتەوە کە دەیکات و هەست دەکات بارێکی زیادەیە خستوویانەتە سەر شانی و ئەویش ناچارە هەڵیبگرێت. تاکە قوتباییەک نییە کتێبەکانی قوتابخانەی خۆشبوێت، تۆ بە دوانزە ساڵ نەتوانیت وا لە مناڵێک بکەیت تاکە کتێبێکی قوتابخانەی خۆشبوێت دەبێ ئەو مناڵە چۆن پەروەردە کرابێت؟!! من خۆم وابووم لەبەر ئەوەی ڕقم لە کتێبەکانی قوتابخانەم بووم وامدەزانی هەموو کتێبێکی تریش بەم شێوەیەیە و حەزم لە هیچیان نەبوو و هیچ کتێبێکی تریشم نەدەخوێندەوە بە هیچ شێوەیەک! بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت هۆکارەکەی چییە بەم شێوەیەم و ئێستا بەهۆشی خۆم هاتوومەوە و توانیومە ئەمە چارەسەر بکەم.
     قوتابیان کاتێ دەچن بۆ قوتابخانە هەست دەکەن دەچن بۆ بەندینخانە و کاتێکیش دێنەوە ماڵەوە هەست دەکەن لە بەندینخانە بەربوون. باشە بە حساب قوتابخانە شوێنی پەروەردە و فێربوون نییە؟! ئەی کەوایە چۆن دەبێ قوتابی هەست بکات دەچێت بۆ بەندینخانە؟! واتە بە دوانزە ساڵ ئاوا پەروەردە کراون؟!! هیچ کەسێ گەر حەزی لە کارەکەی نەبێت ناتوانێت بیکات تەنانەت گەر بەزۆریش بێت، ئیتر چاوەڕی دەکەیت ئەم قوتابییانە چۆن بخوێنن کاتێ هەست دەکەن دەچن بۆ بەندینخانە؟! تەنانەت بینیوتە لە بەندینخانە چۆن بەندکراوەکان بەربەرەکانێ لەگەڵ یەکتردا دەکەن لەجیاتی هاوکاری کردن، ئاواش قوتابیان پەروەردە دەکرێن بەربەرەکانێ لەگەڵ یەکتردا بکەن لەسەر تەنها نمرەیەک لەسەر کاغەزێک، بەڕادەیەک هەندێ جار ڕق لەیەکتر دادەگرن و وەکو دوژمن سەیری یەکتر دەکەن!! من ئەم دیاردەیەم هەمیشە و هەموو ڕۆژێک بینیووە لە قوتابخانە بە چاوەکانی خۆم. ئەمە لەکاتێکیشا قوتابخانە بە حساب پەروەردەمان دەکات یەکترمان خۆشبوێت و هەمیشە هاوکاری یەکتربین.
     بە دوانزە ساڵ خوێندن قوتابیان فێرناکرێن کە چۆن بەدرێژایی هەموو مێژووی کورد بێگانەکان و دوژمنانمان ئێمەیان چەوساندۆتەوە و جینۆسایدیان کردووە و جگە لە کوشت و کوشتاری هیچی تریان ئەنجام نەداوە لەخاکی ئێمەدا. گەر بە دوانزە ساڵ مناڵێک هیچ فێرنەکرێت لەسەر ئەم کارەساتانەی هانی کورد دەدات تا بەردەوام بێت لە تێکۆشان و خەباتکردن چاوەڕێ دەکەیت ئەو مناڵە کە گەورە بوو و هاتە ناو کۆمەڵگا چی بکات بۆ خزمەتی خاک و نەتەوەی خۆی وە چۆن دوو ڕووی و نامرۆڤی دوژمنانمان ببینێت؟! بەهیچ شێوەیەک هیچ فێرناکرێت و هیچ نازانێت لەسەر ئەو کارەساتانەی دوژمنانمان بەسەر ئێمەیاندا هێناوە دەزانیت بۆچی؟! چونکە ئەو دوو بنەماڵە بێگانە پەرست و کورد فرۆشانەی ئەمڕۆ ژیانی من و تۆ بەڕێوەدەبەن نایانەوێت مناڵەکەت کە گەورە بوو دژی ئەو دوژمانە بوەستێتەوە و تۆڵەی شەهیدان و خوێنی هەڵڕژاوی سەر خاکت و نەتەوەکەت بکاتەوە بەڵکو دەیانەوێت بەهەمان شێوەی ئەوان بیانپەرستن لەپێناوی قازانج و دەستکەوتی ژیانی ئەو دوو بنەماڵەیەدا! بەبێ ئەوەی حساب نە بۆ من نە بۆتۆش بکەن، نە بۆ هەموو ئەوانەی خوێنی خۆیان ڕشتووە و نەبۆ ئەو دایکانەش کە تا ئەمڕۆش دەناڵێنن بۆ کوڕ و کچەکانیان کە خوێنی خۆیان ڕشت بۆ خاکی خۆیان، بێ گوێدانە هیچ شتێک وەکو خوا بێگانەکانمان دەپەرستن بۆ پارە لەکاتێکدا تاکە هۆکار ئەوانن تا ئەمڕۆش نە وڵات، نە ئاڵای خۆمان، وە ناوی خۆمان لەسەر نەخشە هەیە، هەموو ئەمانە بێ گوێدانە هیچ شتێک لەبەر بەرژەوەندی ئەم دوو بنەماڵە بێگانە پەرست و کورد فرۆشە خۆیان!
     چۆن دەکرێت گەنجێک بە دوانزە ساڵ هیچ فێرنەکرێت لەسەر جینۆساید و کۆمەڵ کوژییەکان، لەسەر ڕاگواستن و زیندەبەچاڵ کردنەکان، لەسەر دەستدرێژی و سووکاییەتی کردن بە گەلەکەمان، لەسەر ئەنفال و کیمیا بارانی خاکەکەمان، لەسەر جەنگی ئێران و عێڕاق و ٣١ی ئاب، لەسەر ....هتد. باشە من چاوەڕێ بکەم ئەو گەنجە کە هاتە ناو کۆمەڵگا چیم بۆ بکات تا گۆڕانکارییەک ئەنجام بدات و تۆڵەی ئەم دەریا خوێنە ڕژاوەی شەهیدانمان بکاتەوە لەپێناوی خاکەکەماندا؟! یا ئەوەتا ئەم دوو بنەماڵەیە دەیانەوێت ئەویش بەشێوەیەک پەروەردە بکرێت تا وەکو ئەوان وەکو خوا ئەو بێگانانە بپەرستێت کە بەدرێژایی مێژوو سووکاییەتی و ڕیسوایی و بازرگانیان بە کورد و خاکی کوردستان کردووە!
     ئەم گەنجانە جگە لە فێربوونی نێرگەلە و جگەرە کێشان و ناوی مارکەکەکانی مەشڕوب هیچی تر فێرنەبوون! ئەمڕۆ لەسەر تەختەی قوتابخانەکان لەو ساتانەی مامۆستا لە پۆلدا نییە جگە لەناوی مارکەکانی مەشڕوب هیچی تر لەسەر تەختەکە نابینیت. ڕۆژانە گەر تەنها یەک کاتژمێر سەیری دەرەوە و ناوبازاڕ بکەم بەئاشکرا تێبینی ئەوە دەکەم گەنج لە وڵاتەکەماندا نەماوە ئەوەشی ماوە ڕۆژ تا ئێوارە لە کافتریا کەوتۆتەوە و شەو تا کاتژمێر ٢ چاوی بەماڵ ناکەوێتەوە بەس خوا دەزانێت ئەو گەنجە خەریکی چییە لە دەرەوە. نازانم ئەمانە چۆن پەروەدە کراون و دەبن بەچی دواتر!
     سیستمی پەروەردە و فێرکردن، ببوورن گێژکردن... لەگەڵ قوتابخانە سەرچاوەی ئەوەن کە نەوەکانی ئەمڕۆمان چەندە بێ ئاگا و بێ هۆشن، چەندە ترسنۆک و بێ دەنگن، چەندە نابەرپرسیار و نەخوێندەوارن، چەندە گەمژە و بێ گوێن، وە نەوەی دوای ئەمانیش دوو هێندەی ئەوان خراپتر دەبێت تەنانەت کاتێ دەچمە قوتابخانە سەیری ئەم قوتابییانە دەکەم چۆن پەروەردە کراون و چۆن دەژین بەزەییم بە خاک و کۆمەڵگاکەمدا دێتەوە!! تەنانەت بە ڕۆح ئازار دەکێشم کاتێ دەبینم چۆن دوو بنەماڵەی بێگانە پەرست و نەخوێندەوار ئەم گەنج و قوتابییە تازە پێگەیشتووانە چۆن پەروەردە دەکەن و خەڵک و کۆمەڵگاکەشمان چۆن بێدەنگە لە ئاست ئەم کارەساتە!! پەروەردە بناغەی داهاتووی کۆمەڵگایە، لەسەر ئەم پەروەردەیەش کە نەوەکانمان ئاوا گەمژە دەکات چاوەڕێ دەکەیت کۆمەڵگاکەت چی لێبیت لە دەستی ئەماندا؟! من خۆم دوانزە ساڵ خوێندم، بەڵام لە قوڵایی دڵمەوە ئێستا هەست دەکەم هەر دوانزە ساڵ لە تەمەنم سووتێنراوە!! دوانزە ساڵ هەر بە قسە خۆشە، هەموو دایک و باوکێک دەیتوانی خۆی لەم دوانزە ساڵەدا مناڵەکەی بەشێوەیەک پەروەردە بکات تا بتوانێت تەواو دوای ئەم دوانزە ساڵە دەستبەرداری بێت و بڕوات خۆی بۆ خۆی بژیت و بچێتە ناو کۆمەڵگاوە و خزمەتێک بکات، بەڵام بە دوانزە ساڵ لە قوتابخانە هێشتاش فێرنەبووە دەبێ چی بکات تا بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت لە ژیان و چۆن و بە چ شێوەیەک جێگای خۆی بکاتەوە لە کۆمەڵگادا وە جگە لەزیان هیچ کاریگەرییەکی تری نییە.
     بەداخەوە، زۆر عەیفە کە هەموومان ئەوە دەزانین و بێ دەنگین لێی لەبەر ترسنۆکیمان! ڕاستە ژیان لەلایەن ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوار و بێگانە پەرستەوە وای لێکراوە بەبێ شەهادە جێگات نابێتەوە و ژیانت نابێت، ئەوان وایان لە هەموو تاکی کورد کردووە بەشێوەیەک بیر بکاتەوە کە گەر شەهادەت هەبوو پیاویت گەر نەتبوو هەر مرۆڤیش نیت! بەڵام باشە تۆ بەم شێوەیە مەبە و تۆ وابیر مەکەوە، ئیتر سەردەمی ئەوە نەماوە توانا و ئەقڵی مرۆڤ بە شەهادە دیاری بکرێت! مناڵەکانتان تەنها فڕێمەدەنە ناو قوتابخانە و چاوەڕێ بن قوتابخانە بۆتان پەروەردە بکات، خۆتان پەروەردەی بکەن و فێری بکەن، ئەگینا دواتر ناڕەزایی ئەوە دەرمەبڕن مناڵەکەم بۆچی بەم شێوەیە گەمژە و بێ توانا و هیچ نەزان دەرچووە، دەڵێیت خۆ من ناردم بۆ قوتابخانە و زۆرتین مەسرەفم لێی کرد و لە قوتابییە هەرە باشەکانی قوتابخانەکەی بوو، بەڵام نەت وت چۆن پەروەردەیەک کراوە لەم قوتابخانەیە لەکاتێکا تۆ هەموو ئەمانەت بۆی کرد!
     ئەم دوو بنەماڵەیە ژیانیان لای کورد والێکردووە کە گەر شەهادەیەکت هەبوو تەنانەت هیچیش نەزانیت خاوەن کۆشک و تەلار دەبیت، بەڵام گەر زانا و داناش بیت شەهادەکەت نەبێت مردوویت لەبرسان. ئێ خۆ گەر سەرۆک و ڕابەرەکانت نەخوێندەوار بن کۆمەڵگاکەت هەر ئەمە حاڵی دەبێت!! ئینجا گەر تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەش هەمووی ترسنۆک و پارە پەرست بێت ئیتر نازانم چی بڵێم بۆ ئەم کۆمەڵگایە؟! کە بیر لەمە دەکەمەوە شەرم لە بوونی خۆم دەکەم کە لەم کۆمەڵگایەدا لەدایک بووم!! تەنانەت هەیە وەکو من بە ئاشکرا ئەمە دەزانێت بەڵام لەبەر ترسنۆکی بێ دەنگە و ناوێرێت هیچ ڕەخنەیەک بگرێت، باشە تۆ بە حساب لە حاڵەتەکە تێگەیشتوویت و دەتەوێت ئەمە بگۆڕدرێت ئەی کەوایە بۆچی تۆ بێدەنگیت؟! گەر تۆش هەر بێ دەنگ بیت و تەنها قسە بکەیت بەبێ کردار ئەوا تۆش هەر مەڕێکی خەوتوویت بەهەمان شێوە هیچ جیاوازییەکت نییە!! ڕەخنە گرتن و گۆڕانکاری تەنها بە قسە ناکرێت بەڵکو بە کردار دەکرێت، گەر تۆش ڕاست دەکەیت ڕەخنەت هەیە و گۆڕانکاریت دەوێت بە کردار وەرە بیسەلمێنە و وەکو ترسنۆکێک کە بەتەنها بوویت لەبەر خۆتەوە قسە مەکە بەڵکو لەناو کۆمەڵگاکەت دەنگ بەرزبکەوە با دەنگی ناڕەزاییت ببیستن!! کۆمەڵگا بە نەخوێندەوارەکانی و نەزانەکانی لەناو ناچێت، بەڵکو بە بێ دەنگی خوێندەوارانەکانی و ئەوان بە حسابی خۆیان تێگایشتوو و زانان لەناو دەچێت. من گەر خوێندەوار و تێگەیشتوو و زاناکەم هیچم بۆ نەکات چاوەڕیی چی لە هیچ نەزانەکە بکەم؟! کەوایە گەر تۆش ڕاست دەکەیت و ڕەخنەت هەیە و داوای گۆڕانکاری دەکەیت بەسە ئیتر واز لە ترسنۆکی بهێنە و چیتر بێ دەنگ مەبە!! دەنگی ڕەخنە من و هی تۆ و هی ئەمیش دەگات بە سەدان و هەزارانی تریش، هی ئەم سەدان و هەزارانەش دەگات بە هەزارانی تریش، وردە وردە بەم شێوەیە لە کەسێک و دووانەوە دەنگی ڕەخنە دەگات بەساراپای کۆمەڵگاکەت! تەنها ئەوەی گرنگە بێ دەنگ مەبە!! وەکو مەڕێک مەژی تەنها مەخۆ و مەخەوە تا پیر دەبێت و نۆرەی سەربڕینت دێت، بەڵکو وەکو مرۆڤێکی سەربەرز بژی گەر تەنها بۆ دوو ڕۆژیش بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە