ئەقڵی بە کۆیلەکراوی کورد

Wednesday, 24/04/2019, 13:12

11073 بینراوە


"وەکو کۆیلە لەدایک بووم. بەڵام هەرگیز وەکو کۆیلە ناژیم و ناشمەوێت وەکو کۆیلە بمرم." ~ لاوک سەعید.
-----------------------------
تێبینی کوردستانپۆست: ئەم نووسینە، بەرهەمی لاوێکی١٧ساڵانەی کوردە، کە دەبێت لێرەوە دەستپێبکەین و بێ هیوا نەبین، بڵێین هەموو گەنج و لاوەکانی وڵاتەکەمان وەکو یەک نیین و دەسەڵاتی پارتەکەان زەفەریان پێنەبراوە، گەمژە و ناوشیاریان کرابن، دەبێت لەو تروسکاییەوە بڕوانینە نەوەی داهاتووی وڵاتەکەمان، لێرەوە مۆمێک هەڵبکەین بۆ روناکی و بۆ هەنگاوی پاشەڕۆژێکی رووناکتر و پڕ هیوا..
-------------------------

کۆیلایەتی چییە؟ وادەزانیت کۆیلایەتی هەر ئەوەیە کە بەناچاری ملکەچی فرمانەکانی خاوەنەکەت بیت و کڕنووشی بۆ ببەیت؟ کەوابێت زۆر هەڵەیت! وتیان دوای ساڵی 1865 کۆیلایەتی کۆتایی پێهات، بەڵام من تا ئەمڕۆش هەموو ساتێک، لە هەموو شوێنێک، بە چاوەکانی خۆم کۆیلە دەبینم لەبەر چاوم لە هەموو سووچێکی دنیا. دەیڤد ئایک وتەیەکی هەیە دەڵێت، "دوو شێوازی کۆیلایەتی هەیە. یەکێکیان ئەوەیە کە لە ژوورێکدا سجن کرابیت و دەتوانیت هەر چوار دیوارەکە ببینیت و دەستی لێبدەیت، شێوازەکەی تریش ئەوەیە کە خۆت وادەزانیت ئازادیت بەڵام لەڕاستیدا خەڵەتێنراویت." هەموو خەڵک وادەزانێت چونکە لەناو چوار دیواردا سجن نەکراوە ئازادە، کەچی نازانێت و ئاگادار نییە چۆن بە ئەقڵی کۆیلە کراوە ئەم داماوە!..
چۆن دەزانیت ئازادیت؟ چۆن دەزانیت بییرەکانی مێشکت خاوەنی خۆتن و خواست و حەزەکانت لە بییری خۆتەوە سەریان هەڵداوە؟ ئێستا ڕاستەوخۆ دەڵێیت ئەوەتا من خۆم بییردەکەمەوە و خاوەن مێشکی خۆمم. باشە چی وای لێکردیت ئەم بیرۆکەیەت بۆ بێت و حەزت لە شتێک بێت بۆ ئەنجام دانی؟ ئەقڵی خۆت؟ ویستی خۆت؟ نەخێر! هەرگیز پرسیوتە من بۆ چی ئاوا بییر دەکەمەوە و بییر کردنەوەکانم بەم شێوەیەیە؟ بۆچی حەزم لەمەیە؟ نەخێر چونکە تۆ کوردیت، چ گرنگیەک بەمە دەدەیت یەڵا بیکە و بڕایەوە. لەسەرخۆ هەی کورد کوڕی کورد، ئەی بییر لە دەرەنجام ناکەیتەوە؟! بییرناکەیتەوە کە من گەر ئەمە بکەم چی ڕوودەدات؟! نەخێر چونکە تۆ کوردیت. پاشانیش کە دەبینیت حاڵت گەیشتووە بەم حاڵەی ئەمڕۆت دەڵێیت خۆگەم بە زەمانی سەدام، وەڵا هەی کورد من هەزار خۆزگەم بە زەمانی هۆلاکۆ و مەغۆلە وەعشییەکان نەوەکو بینی تۆ بەم ئەقڵییەتەوە!!
یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە بریتییە لە "مێشک" هەی کورد، کە کێشی یەکسانە بە 1300 گرام بۆ 1400 گرام و کاری سەرەکی بریتییە لە "بییرکردنەوە،" نەوەکو ڕزین و ژەنگ هەڵهێنان بە لۆکی! ئێ هەر شتێ بەکارت نەهێنا هەر بە بەلۆکی دەڕزێت.  تێناگەم پرسیارکردن لە شتەکان و ڕووداوەکان چی تێدەچێت؟! هەر لەبەرخاتری مێشکت مێشک داماوە بێزاربووە لە خەوتن!! ئەرێ ئەمە بۆ ئاوایە، ئەمە بەچی وای لێهات، ئەمە بۆ ڕوودەدات، ئەمە بۆچی دەکرێت، لە پێناوی چیدا، دەرەنجامەکانی چییە، چی وای کرد ئەمە بکرێت، نەوەکو "یەڵا دەی کورە خۆ ئاخری هەر دەمرین." ئەم  ئەقڵییەتەیە منی کوشتووە کە دەڵێت ئاخری هەر دەمرین! ئێ باشە گەر تۆ هەر قاچت بخەیتە سەر قاچت و بڵێیت ئاخری هەر دەمرین بۆ پێت ناخۆشە چارەگە مووچەیەکت پێدەدرێت نەوەکو نیویش؟! ئەم چارەگەش ئەگەر، ئەگەر. تۆ سەیری ئەم سووکی و ڕیسواییە چی قبوڵ بکەیت؟! چارەگێک لە مووچەت بۆ بنێردرێت، ئەویش ئەگەر، ئەگەر! یەڵا دەی خۆ ئاخری هەر دەمرین. کورە بەسە ئیتر هەی کورد کوڕی کورد، گەر خۆت بە خۆت بڵێیت من خۆم سووک و ڕیسوام و ئەمە قبوڵ دەکەم وەڵای ناحەقیت نییە چونکە هەر بە لۆکی ڕزیووە دیارە، بەس گەر پێتناخۆشە ڕاستەخۆ پێت دەڵێم کاتێ دەڵێیت پێم ناخۆشە هێندەی تر سووکی خۆت دەسەلمێنیت ئەگینا گەر پێت ناخۆشە بۆ قبوڵی دەکەیت و فزەت لێوە نایەت؟!
ماندوو بووم لە وەسفکردنی کورد هەر نەگەیشتم با خاڵێکی باش قوڕ بەسەر هەردوو بنەماڵەی نەخوێندەوار و بێگانە و پارە پەرست و دز، با ئیتر بگەڕێمەوە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکەم... تۆی "کورد" کۆیلە کراویت، ئەقڵت کۆیلەیە، ئیتر کاتی ڕزگاربوونە لەم کۆیلایەتییە و ئەویش تەنها بەبەکارهێنانی مێشک و بییرکردنەوە دەکرێت.
چۆن کۆیلایەتی ئەقڵی کەسێک دەکەیت؟ بەدەستگرتن بەسەر ئەو شتانەی وای لێدەکات بییر بکاتەوە. ئەو شتانەشی وامان لێدەکات بییر بکەینەوە بریتین لەو شتانەی کە "دەیانبینین،" وە ئەو شتانەی کە "دەیانبیستین." کۆنتڕۆڵی ئەم دوو شتە بکە ئیتر تۆ کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەقڵی ئەو کەسەت کردووە و بەو شێوەیە بییر دەکاتەوە کە تۆ "پیشانی دەدەیت" و "پییدەڵەیت." ئینجا ئەوەی دەمێنێتەوە گەمژەیی ئەو کەسەیە و بێ ئەقڵییەتی، گەر مێشکی بەکارنەهێنێت و باوەڕت پیبکات بەبێ بییرکردنەوە ئەوا تەواو ئیتر ئەو کەسە دەبێتە کۆیلەی ئەقڵی تۆ و بەکەیفی خۆت یاری پیدەکەیت. بەڵام تەنها بییر کردنەوە و بەکارهێنانی مێشک لەلایەن ئەو کەسەوە دەتوانێت هەموو هەوڵەکانت پووچەڵ بکاتەوە بۆ کۆیلە کردنی ئەقڵی!!
هەموو شتێک لە ژیانماندا کە دەیبینین و دەیبیستین کۆنتڕۆڵ کراوە. تۆ ئێوارە دەگەڕێتەوە ماڵەوە یەکەمین شت دەیکەت سەیر کردنی تەلەفزیۆنەکەیە کە سەرچاوەی سەرەکی گەمژاییەتی و کۆیلاتی تاکەکانی کۆمەڵگایە! کاتێ ڕووداوێک ڕوودەدات یان باسێک هەیە ڕاستەوخۆ هەرچی کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندنە باسی لێوە دەکات، ئەوەشی خۆشە هەر هەموویان هەر یەک شت باس دەکەن و هەمان شت دەڵێن، لەوەشی خۆشتر ئەوەیە ئەوان هیچیان ئازاد نین و هەموو لەژێر دەستی دوو بنەمانڵەی حزبی نەخوێندەوار دان و ئەوان چیان پیبڵێن تەنها ئەوە باس دەکەن بۆ تۆ!! ئەم دوو بنەماڵەیە بیانەوێت تۆ چۆن بییر بکەیتەوە تەنها ڕێگە بەوە دەدەن باس بکرێت لە کەناڵە بە نەوت بنیاتنراوەکانیان و تۆش وادەزانیت ئەوەی ئەم کەناڵانە باسی دەکەن هەموو ئەوەیە کە دەگوزەرێت و ڕاستەوخۆ باوەڕی پێدەکەیت. هەرگیزا و هەرگیز بڕوا بە یەک وشەش نەکەیت لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن چونکە هیچ کەناڵێکی ئازادمان نییە و هەموویان حزبین و خاوەنی ئەم دوو بنەماڵەیە نەخوێندەوارەن. ئەوانیش بەدڵنیایەوە لە بەرژەوەندی خۆیان دروستیان کردوون و تەنها ئەوە ڕادەگەیەنن کە بەرژەوەندی خۆیان تێدا هەیە ئینجا درۆبێت یا ڕاست ئەوان لایان گرنگ نییە بەڵکو ئەوەی گرنگە لایان بەرژەوەندی خۆیانە.
تۆ دەڵێت من بییر کردنەوەم ئازادە و دەنگم بۆ ئەم حزبەیە، باشە چی وای لێکردیت بەم شێوەیە بییر بکەیتەوە تا دەنگت بۆ ئەم حزبە بێت؟ بییری خۆت و ویستی ئازادی خۆت؟! نەخێر هەرگیز، بەڵکو ئەو درۆیانە و قسە قۆڕانەی ئەقڵی تۆیان هەڵخەڵەتاند و تۆش خۆش باوەڕانە باوەڕت پێیان کرد کە لە تەلەفزیۆنەوە بیستت و بینیت. ئەمانە مێشکتیان پڕ کرد لە بییرکردنەوانە تا وات لێبکات دەنگت بۆ ئەم حزبە بێت، نەوەکو بییری ئازادی خۆت و خواستی ئازادی خۆت. ئێ گەر ئەمانیش ئازاد نەبن واتە چی؟ واتە تۆ خواستیش و ئەقڵیشت کۆیلەی ئەوانە!! هەرگیز دەپرسیت و بەدواداچوون دەکەیت بۆ ئەوەی کە لە پشتی ڕووداوەکان چی دەگوزەرێت من ئاگام لێی نییە؟! یاخود بۆ جارێکیش هەوڵت داوە خۆت لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێک بکەیت لەجیاتی ئەوەی چاوەڕێی هەوڵگرێکی درۆزن بیت هەموو چیرۆکەکەت بۆ باس بکات و تۆش چۆن هەروەکو مناڵێک لەپۆلدا دانیشتووە و سەری دەلەقێنێت واتە تێگەیشتم ئاوا سەر دەلەقێنیت بەرامبەر؟ ئەمە کارەساتەکەیە کە تۆ بێ پرسینی هیچ شتێک و بێ هیچ هۆکارێک باوەڕ بە وشە بە وشەی ئەو هەواڵگرە دەکەیت لەسەر تەلەفزیۆن!!
ئەمە شێوازی کۆیلە کردنی پڕۆگرامە ڕاگەیاندنەکان، ئەی چی دەربارەی دراما و فیلمەکان؟!  کارێک بە ژیانی خەڵکەکەمان کراوە وادەزانن ژیان هەر بەڕاستی بەو شێوەیەیە کە لە کۆشک و تەلاری دراما تورکی و ئێرانییەکان و هیندییەکان و چیینیەکاندا هەیە! ببوورە هەی کورد بەڵام ئەمە ژیانێکی خەیاڵی و درۆیە تا تۆ دوور بخاتەوە لە ژیانی ڕاستەقینەت و لەوەی کە بەڕاستی چی دەگوزەرێت لە ژیانتدا، ئەمەش ڕێگا زۆر زۆر خۆش دەکات تا ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوارە چۆن بیانەوێت ئاوا یاری بە ژیانی ڕاستەقینەت بکەن لەکاتێکدا تۆ هەر لە ژیانی خەیاڵاوی دراماکەتدا دەژیت!! ڕۆژ تا ئێوارە هەر دراما و دراما و دراما ئەمە بۆ هەر تەواو نەبوو، دەتۆزێ وەرە ناو ژیانی ڕاستەقینەت و هەست بکە لە چ ژیانێکی تاڵدا دەژیت تا ئەم تاڵییە بخەبەرت بهێنێتەوە لەم خەواندن و کۆیلاتییەی بە ئەقڵت کراوە.
هەرچی گەنجمان هەیە مێشکیان پڕ کراوە بە ژیانی تایبەتی ئەم گۆرانیبێژ و ئەم ئەکتەر و ئەم هونەرمەند و هەمووی بە قسە و قسەڵۆک و شتی لابە لا خافڵ کراوە تا ئاگای لە دنیا نەمێنێت و هەر وەکو مەڕێکی خەوتوو بژی! ژیانی تایبەتی ئەمان بەتۆ چی؟! باشە سەرنجت ڕادەکیشن و وەکو نموونە سەیریان بکە لەژیانت تا لێیوانەوە فێرببیت بەڵام ژیانی تایبەتی ئەمان و قسە و قسەڵی ئەم لاو لا بەتۆ چی؟! خەریکی ژیانی خۆت بە و لەپێناو ژیانی تایبەتی ئەواندا ژیانی خۆت وێران مەکە! ئەمانە هەمووی تۆ دووردەخاتەوە لە کێشە ڕاستەقینەکانی ژیانی ڕاستەقینەت و خافڵت دەکات لەو شتانەی کە ڕۆژانە دەگوزەرێت لە ژیانی ڕاستەقینەتدا، بەم شێوەش جەنابت ڕێ بۆ هەموو گەندەڵیەک و دزییەکی ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوارە خۆش دەکەیت تا بەئارەزووی خۆیان یاری بە ژیانت بکەن!
ئینجا ڕیکلامەکان هەیە! کچێکی گەنج لەماڵەوە دانیشتووە کاتێ سەیری جۆرە جیاوازەکانی مارکەکانی مەیکەپ دەکات لە ڕیکلامەکان دەڵێت گەر من ئەم مەیکەپە بەکارنەهێنم هەرگیز جوان دەرناکەوم، گەر بۆتۆکس و فیڵەر و ئەمانە نەکەم هەرگیز جوان دەرناکەوم. سەیرکە چ پڕۆگرامێک بۆ مێشکی دروستبووە لەئەنجامی ئەم ڕیکلامانەوە، "گەر من ئەمە نەکەم، جوان دەرناکەوم." بۆچی؟! بەقسەی کێ؟! تۆ بەمانە جوانی سروشتی خۆت لەدەست دەدەیت و پاش ماوەیەک هەموو جەستەت وێران دەبێت. پاش ئەوەشی وێران بوو ئیتر ناچار دەبیت زیاتر و زیاتر بەکاربهێنیت و ئەمەش دە هێندەی تر وێرانتری دەکات! بەم شێوەیەش ئەم دوو بنەماڵەیەی لەگەڵ ئەو مارکانەی ئەو مەیکەپانە ڕێککەوتوون هەر پارە و پارە و پارە قازانج دەکەن و تۆش هەموو جوانی سروشتی خۆت لەدەستدا و ماڵوێران بوویت!! ئیتر تا دەمریت مەیکەپ و ئەم لاو لا فریات ناکەوێت و جوانی سروشتیت بۆ ناگەڕێنێتەوە هەرگیز!
یا ڕیکلام بۆ ئەم مارکە و ئەم مارکە لە برنج و خواردەمەنی و کەلوپەلەکانی ڕۆژانە و هەرچییەکی تریش کە هەیە. دەڵێیت گەر من ئەم مارکەیەم نابێت ئەوا بەکەڵک نایات، ئەمە پڕۆگرامەکەیە ڕیکلامەکان دەیانەوێت بۆ مێشکتی دروست بکەن تا تۆ بەرەو خۆیان ڕابکێشن، ئەمە نهێنی هەموو ڕیکلامەکانە! من گرەوت لەگەڵ دەکەم هەر مارکەیەک بێت هەموو وەکو یەکتر ماددەی زیانبەخشی تێکراوە و ئاخری هەر تووشی زیانەکەت دەکات. هەمووی هەریەکە و بەشێوەیەکی تر ئەم پڕۆگرامە بۆ مێشکت دروست دەکات تا وات لێبکات بییر بکەیتەوە ئەمە باشە و ئەمە بکڕیت و حەزت بۆی بچێت. تۆش دەڵێت دەیکرم چونکە خۆم هەڵمبژارد بێ ئەوەی هەست بەوە بکەیت چۆن فێڵ لە ئەقڵت کرا بە درۆکان و تەکنیکە جیا جیاکانی مێشک کۆنتڕۆڵ کردن تا حەزت بۆی بچێت و وات لێبکەن بەم شێوەیە بییر بکەیتەوە تا ئەم هەڵبژاردنە بکەیت.
تەلەفزیۆن ڕێک شەیتانە شەیتان بە دیواری ماڵەکانمان هەڵواسراوە و ئاگادارتان دەکەمەوە کە گەورەترین و بەهێزترین ئامێر و تەکنینی مێشک کۆنتڕۆڵ کردن و کۆیلەکردنە! خۆی هەر کە تەلەفزیۆن داهێنرا سەرەتا سەرەتا لەئەمریکا بەمەبستی ئامێرێک و تەکنیکێکی تازەی مێشک کۆنتڕۆڵ کردن داهێنرا، پاشان ڕاستەوخۆ هەموو دەزگا زانیاریەکان هەرچییەکیان لەدەست هار ئەنجامیاندا تا بەزووترین کات بەهەموو ئەمریکادا بڵاوببێتەوە و وا ئەمڕۆ تەواوی سووچەکانی ماڵانی هەموو جیهانی داگیر کردووە.
دەزانیت ئەم فێڵ و تەکنیکە لە کێوە سەریهەڵدا؟ لە فەلسەفەی هیتلەر لە خەڵەتاندن! کە دەڵێت، "ئەگەر درۆیەک دووبارە و دووبارە بەبەردەوامی بەخەڵک بڵێیت بەگەورەییەکی پێویست، ئەوا لەکۆتاییدا خەڵک هەر باوەڕی پێدەکات بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی هەبێت بۆ باوەڕپێکردن و بزانێت بۆچی باوەڕی پێکردووە." واتە گەر تۆ ئەم درۆیەت دووبارە و دووبارە بەبەردەوامی بە خەڵک وت بە گەورەیی پێویست، ئەوا لە کۆتاییدا ئیتر خەڵک هەر لەخۆیەوە باوەڕی پیدەکات و دەبێت بە پڕۆگرامێک بۆ مێشکی کە لەئەنجامی دووبارەبوونەوەوە دروست بووە. هەر ئەمە تەکنیکە نییە کە هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەکاری دەهێنن؟! هەر ئەم تەکنیکە نییە کە هەمو کاندید و حزبە سیاسیەکان پێش هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن؟! هەر هەمان درۆ دووبارە و دووبارە دەکەنەوە هەموو ڕۆژ تا ڕۆژی دەنگدان و ئیتر خەڵک لەخۆیەوە باوەڕ دەکات گەر ئەوان بتوانن درۆیەکە تۆزێک بەجوانی بکەن. بەم شێوەیە خەڵک لەخۆیان کۆدەکەنەوە و مێشکیان پڕ دەکەن بە درۆ و قسە قۆڕەکانیان ئینجا دوای هەڵبژاردنیش یەلا بڕۆ بابە عاڕەبانەکەت ڕابکیشە!...
کۆیلایەتی سەردەمی ئەمڕۆ پێشکەوتووە و خەریکە لە تەلەفزیۆن دەردەچێت بۆ سۆشیاڵ میدیا. بەراوردێک بکە لەگەڵ تەکنیکەکانی کۆیلایەتی تەلەفزیۆن و سۆشیاڵ میدیا بزانە هیچ جیاوازیەک هەیە؟ هەردووکیان خەڵک لە ژیانی ڕاستەقینە دوور دەخەنەوە، هەردووکیان پڕن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ پڕ کردنی مێشکی خەڵک بە چیرۆکی درۆینە و ناڕاست، هەردووکیان بە ڕیکلامەکان مێشکی خەڵک تێکدەدەن بۆ بەفیڕۆدانی زۆرترین پارە، هەردووکیان تەواوی کاتی ڕۆژانەت دەکوژن و تا سەرت بەرز دەکەیتەوە و سەیری کاتژمێرەکە دەکەیت وا ڕۆژ کۆتایی هات! تەنها جیاوازی ئەوەیە سۆشیاڵ میدیا بەشیوەیەکی زۆر بەرفراوانتر و کاریگەریانە تر ئەم کارانە دەکات!! ئینجا نامەوێت باسی لایەنە ناشەرعی و بێ ڕەوشتییەکان بکەم کە فێری ئەم گەنجانەی ئەمڕۆمانیان کردووە لەناو کۆمەڵگادا و چۆن هەموویان تینووی ڕەفتار و کرداری ناشەرعی و بێ ڕەوشتین.
واز لەمانە بهێنە ئیتر تکایە مێشکت بەکاربهێنە! هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەناڵەکان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان شتێکت پێدەڵێن تا تۆ لە ناوەڕۆک و بنەڕەتی باسەکە بە دوور بگرن و پاشان بەبێ ئاگایی تۆ ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوارە هەموو گەندەڵیەک و دزیەک ئەنجام دەدەن. پاشان گەر هەر کارێکی گەندەڵی و دزی کە ئەنجامیاندا ئاشکرا بوو خێرا خێرا دەست دەکەنەوە بەبەکارهێنای فەلسەفەی هیتلەر لە خەڵەتاندن تا بییرت بەرنەوە و دەست بکەنەوە بە گەندەڵی و دزییەکانیانی خۆیان وەکو هەمیشە. دە هەی کورد کوڕی کورد سەیری ڕابردوو بکەرەوە و بزانە چەند جار ئەم فێڵەیان ئەنجام داوە و ئەقڵتیان خەڵەتاندووە!!
خەریک بوو بییرم بچێت باسی ئەوە بکەم چۆن ئەم میللەتە بە یارییە وەرزشییەکانەوە خافڵ کراوە و ماندوو کراوە. ناڵێم خراپە بە پێچەوانەوە سوودی هەیە و چێژ بەخشە بەڵام هەموو شتێک بەخوێ و خوێش بە مەعنا، پێویست ناکات من ژیانی تایبەتی خۆم وێران بکەم لەپێناو وەرزش و کۆمەڵە یاریزانێک کە گەر من بشمرم ئەوان چی دەکەن بۆم؟! بۆ برای خۆت دەکوژیت لەسەر یارییەکی کلاسیکۆ کە هیچ هیچ سوودی بۆ تۆ نییە ئەم یارییە تەنها سەیری بکە و چێژی لێببینە و تەواو هیچ پێویست ناکات شتەکە هێندە بە "کوردانە" وەربگریت و لەتام بیبەیتە دەرەوە و دوژمنداری دروست بکەیت لەسەر تەنها یاریەک هەی کورد کوڕی کورد. هەزار و یەک شتی تریش لەناو کۆمەڵگاکەمان سەری هەڵداوە کە هەموویان ئاوا ناکۆکی لەناو کۆمەڵگاکەماندا دروست دەکەن و خافڵمان دەکەن لە ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگاکەمان و ئەم هەموو درۆ و دزی و گەندەڵییەی ڕۆژانە ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوارە ئەنجامی دەدەن.
ئەها ئەی سیستمی پەروەردە و فێرکردن؟! باشتر بڵێم سیستمی کۆیلەکردن. سیستمی پەروەردە سیستمێکی تری زۆر گەورە و بەهێزی کۆیلایەتییە چونکە کۆیلایەتییەکەی درێژخایەنە! هەموو مناڵێک هەر لە بچووکییەوە تەنها فێری شتی بێ سوود دەکرێت و کۆمەڵە شتێکی سادە فێر دەکرێت کە بەهیچ هیچ جۆرێک سوودی پیناگەیەنێت، هەگیز لەزانست شتێکی فێرناکرێت سوودی پیبگەیەنێت، هەرگیز لە بیرکاری جگە لە دوو کۆ دوو هیچی تر فێرناکرێت، هەرگیز لە مێژوو جگە لەو درۆیانەی سوود بەم دوو بنەماڵەیە دەگەیەنێت هیچی تر فێڕناکرێت، هەرگیز هیچ قوتابییەک بە خوێندن فێری هیچ زمانێکی تر نابێت نە ئینگلیزی و نە عرەبی، هەرگیز فێرناکرێت کتێبی خۆشبوێت بەڵکو لەبەر ڕق داگرتن لە کتێبەکانی خوێندن ڕق لەهەموو کتێبێکی تر دادەگرێت، تۆ بیهێنە بەرچاوت ئەو مناڵە دوانزە ساڵ خوێندی بۆچی بوو گەر هیچ فێرنەبوو؟! تەنها بۆ شەهادەیەکی بێ سوود کە گەر هیچ نەزانیت سوودی نییە؟! باشە پاشان تا تەمەنی سی ساڵی هەر دەبێ بخوێنێت بۆ ئەوەی ئەم شەهادەیە بەدەست بهێنێت و ئینجا تا ئەو کاتەش گەر خێرا خێزانێک پێکنەهێنێت پیر دەبێت و ژیانی دەفەوتێت. دەی ئەوە مناڵیشی بوو تا دەمرێت هەر ئەوان بەخێو دەکات، ئینجا چۆنیش بەخێویان دەکات؟ تا چۆن خۆی ئاوا بێ کەڵک و وەکو کۆیلەی سیستمی پەروەدە ژیا ئاوا بژین ئەمانیش!! دەبینیت سیستمی پەروەردە سوڕێکی ژیانی کۆیلایەتی زۆر درێژخایەن دروست دەکات لە نەوە بۆ نەوە. ئێ ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندوارەش هەر ئەمەیان دەوێت تا تۆ ئاووا گەمژە دەرچیت کە گەورە بوویت و هیچ مەجالی هیچت نەبێت و بێ ئاگا بیت لەهەموو شتێک کە ئەوان دەیکەن بۆ هەتا هەتایە.
باشە گەر نەشت خوێند چی دەکەیت؟ دەچیتە ناو بازاڕ و بازگانی دەکەیت؟! کورە هەی کورد کوڕی کورد هەموو بازاڕیش هەر ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوراە دەستیان بەسەردا گرتووە کەی ویستیان دەبێتەوە کەیش نەیان ویست نابێتەوە! بازرگانیش نەما ئەی چی تر ماوە؟ سیاسەت. بەڵام ئاگاداربە هەی کورد گەر ببیتە سیاسەتمەدار ئەوا دەبێت ببیتە کەری ئەم دوو بنەماڵە حزبییە و کلکت بۆ ئەوان ڕابووەشێنیت تا جۆ بخەنە بەردەمت.
ئەی باشە ئەمیش نەکەم چی بکەم؟ هەر سواڵکردنەکە ماوە. بەڵێ ئیتر ئەمە ڕاستی ژیانی من و تۆیە، گەر نەبیت بە کۆیلە دەبێت ببیت بە سواڵکەر! من وەکو خۆم بە شانازییەوە بەخۆم دەڵێم سواڵکەر و ئامادەم نان و ئاو نەبێت بیخۆم بەڵام هەرگیز نابم بە کۆیلەی دوو بنەماڵەی نەخوێندەوار، بێگانە پەرست، پارە پەرست، گەندەڵ، دز، ...هتد. تۆ داشێکیت لەسەر مێزێکی یاری شەتڕەنج کە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان دەتهێنن و دەتبەن تا یاریت پیبکەن، گەر بێزاریش بوون لێت فڕێ دەدەنە دەرەوە لەسەر میزەکە، واتە دەتکوژن!
تۆ کۆیلەیت، کۆیلەی ئەقڵیت! نە بییری ئازادت هەیە نە خواست و ویستی ئازاد!! هەمووی کۆنتڕۆڵ کراوە بە دەست گرتن بەسەر ئامێر و سیستمەکانی بییرکردنەوە، بۆیەش خواست و بییرکردنەوە لەژێر دەستی ئەمان دایە. ئەوان هەموو شتێکیان کردووە و هەموو شتێکیش دەکەن بۆ کۆیلە کردنت، بەڵام بییرتە وتم تەنها بەکارهێنانی مێشک و بییر کردنەوە تا باوەڕیان پێنەکەیت هەموو هەوڵێکی ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوارە پووچەڵ دەکاتەوە بۆ کۆیلە کردن و بەکارهێنانت؟! تەنها ئەوەی لەسەر تۆیە ئەوەیە کە مێشکت بکەیتەوە، بییر بکەیتەوە، پرسیار لەهەموو هەموو شتێک بکە هەرگیز لە پرسیار کردن مەوەستە، وە خۆشت بەدواداچوون بۆ شتەکان بکە لەجیاتی ئەوەی چاوەڕێی هەواڵگرێک بیت هەموو حەکایەتەکەت بۆ بگێڕێتەوە بە ئارەزووی خۆی، خۆ تۆ بەدواداچوونت بۆی نەکردووە خۆت ئێ چۆن دەزانیت ئەو چی لابردووە و چی داناوە!!
هەڵسە سەر پێکانی خۆت، وازبێنە و دوور بکەرەوە لە درۆکان و سیستمەکانی کۆیلەکردنی ئەم دوو بنەماڵە نەخوێندەوارە و پارە پەرستە، بییر بکەرەوە و ئەم پارچە مێشکەی لەسەرت دایە بەکاربهێنە با ژەنگەکەی هەڵبوەرێت ئیتر بۆگەنی کردووە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە