پێناسەی چەند چەمکێکی پەرەسەندن

Wednesday, 24/04/2019, 13:36

12319 بینراوە


سازان:
سازان (Adaptation)، وەک یە‌کێک لە‌ کۆڵەگە بنەڕەتییە‌کانی پە‌رە‌سە‌ندن، لە‌ بوارگەلێکی یە‌کجار بە‌ربڵاودا بە‌دی دە‌کرێت. سازان لە‌ زیندە‌وە‌رزانیدا پێناسە ‌دە‌کرێ بە:‌ ئەو گۆڕانانە‌ی بە‌سە‌ر زیندە‌وە‌راندا دێن، لە‌ ڕە‌فتار و پێکهێنە‌ی لە‌ش و فرمانە‌ زیندە‌کییە‌کان، بۆ سازان و گونجانی زیاتر کە بۆ مانە‌وە‌ و گە‌شە‌کردن و زۆربوونیان پێویستە،‌ تا بتوانن بەرانبەر بە ژینگەیەکی تایبەتی و ئەو زیندەوەرانەی لە دەوروبەریاندا هەن، بە شێوازێکی دیارکراو بژین.
سازانی زیندەوەران چەندان شێوەی جیاجیای هەیە، وەک گونجانی جۆرەکان لە ژینەگەکەیاندا، بەو واتایەی هەر کاتێک ژینگەکەیان گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوا ئەو زیندەوەرانەی توانی سازانیان نییە، لەناو دەچن، ساز و گونجاوەکانیش زۆر دەبن و نەوەی نوێ دەنێنەوە. پێشتر گوتمان لەبەرئەوەی بێچووی زیندەوەران هەڵگری جینی باوانیانن، بۆیە پاش ماوەیەک تەنیا ئەوانە دەمێننەوە کە لەگەڵ ژینگە نوێیەکەدا سازاون، ئەمەشە بەرەو ئەومان دەبات بڵێین، ژیانی زیندەوەران بەگشتی لە کۆمەڵێک سازانی بەردەوام پێک دێت. نموونەیەکی زۆر ئاشکرا لێرەدا ئەوەیە کە دەبینین، زیندەوەران جا چ ڕوەک بن، یاخۆ ئاژەڵ، ئەوانەی لە ناوچە گەرم و وشکی بیابانەکان دەژین، ناتوانن لە شوێنی سارددا بژین، بەپێچەوانەوەش هەر وایە.
شێوازێکی دیکەی سازانی زیندەوەران لە بەرانبەر ژینگەکەیاندا، گونجانی پێکهاتەی لەشیانە. ئە‌گە‌ر سە‌رنج بدە‌ینە‌ شیردە‌رە‌کان دە‌بینین، هە‌رچە‌ندە‌ لە‌ پێکهاتە‌ی ئێسکە‌کانیاندا چوونیە‌کن، بە‌ڵام لە هە‌ر جۆرێکدا، ئەو ئێسکانە بە ‌شێوە‌یە‌کی جیاواز گۆڕاون و پەرەیان سەندووە، هەتا بسازێن بۆ ئە‌نجامدانی کردارگەلێکی جیا لەوانی دیکە، وەک چۆن لە بە‌کارهێنانی پە‌لە‌کانیانەوە بەدەر دەکەوێت: بۆ ڕۆین (مرۆڤ)، غاردان (پڵنگ)، مە‌لە‌کردن (نەهەنگ)، بە‌داردا هە‌ڵگە‌ڕان (مە‌یموون) و فڕین (شە‌مشە‌مە‌کوێرە).‌
لە زیندەوەراندا زۆر بەچاکی کرداری سازان و پەرەسەندن دەبیندرێن. بە سەرنجدانمان لە مێروولەخۆرەکان (Anteater)، دەشێ لە خۆمان بپرسین، ئاخۆ چەند کاتی پێویست بووە تا دەم و لوتی ئەم ئاژەڵە ئەوا درێژ ببنەوە، ئەگەر ئەمانە بۆ ئاسانکردنی دەم خستنە ناو کونان نەبێت، چۆن وایان لێ هاتووە؟ جگە لەمە، زمانە لینجاوییەکەی ئەم ئاژەڵە گەلێک درێژ بووەتەوە، تا بەتەواوی بسازێت لەگەڵ جۆری خۆراکی ئەو ئاژەڵە کە مێروولەیە.
بە وردبوونەوە لە شێوەی هەندێک لە ڕوەک و باڵندە و ئاژەڵانی جۆراوجۆر، دەکارین پێشبینیی سازانیان تێدا بکەین. بۆ نموونە کاتێک داروین سەرنجی دەدایە چەند جۆرێک لە گوڵی ئۆرکید، ئەوانەی تۆوەکانیان لە قووڵایییەک بوون کە نێزیکەی ٣٠سم دەبوو، بەبێ ئەوەی بەچاوی خۆی بینیبێتی، پێشبینی ئەوەی دەکرد کە دەشێ زیندەوەرێک هەبێ خاوەنی ئەندامێکی تایبەتی بێت، یاخۆ باڵندەیەک هەبێ درێژی دەنووکەکەی ئەویش خۆی لە ٣٠سم بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم گوڵە بپیتێنێت. لە ڕاستیشدا هەر وا بوو، ئەو جۆرە زیندەوەرانە دۆزرانەوە، باڵندەی وا بینراوە کە دەنووکیان چەندان جار درێژترە لە درێژی لەشیان! 
لێرەدا بۆ تێگەیشتنی پتر لە سازانی زیندەوەران، دەکرێ دیسانەوە پەنا ببەینە بەر چۆلەکەکانی داروین. ئەو چۆلەکانە کە جیاوزییەکی کەمیان لەگەڵ یەکدا هەیە، بێگومان دەبێت لەسەرەتادا لە یەک جۆرەوە هاتبن، یەک پێشینەیان هەبووبێ، واتە پێشتر لە شوێنێکی دیکەوە بە چەند پۆلێک هاتبنە ئەو دوورگانەی کە داروین لێکۆڵینەوەی لەسەر کردبوون. لە سەردەم و هەلومەرجێکی تایبەتییدا خۆراک زۆر بووە، کێبڕکێ ململانێ کەم بووە، بەمەش ژمارەیان یەکجار زۆر بووە، پاشان بە زۆربوونی ژمارەیان، ئەم جارە بەروبووم بەشیان ناکا و کێبڕکێ دروست دەکات. ئەگەر چەندانێک لەوانە خۆراکیان بگۆڕن، بۆ نموونە لە دانەوێڵەوە بکەنە کرم، ئەوا ئەمانە ڕزگاریان دەبێ لەو کێبڕکێیەی کە لەسەر دانەوێڵە هەیە، هاوکات دەبێ شێوە و پێکهایتەی دەنووکیان بگۆڕێت، بەوەی کە بچووک و تیژ بێ. ئەوانەشی دانەوێڵەی قەبارە گەورەتریان دەست دەکەوت، ئەوانە بوون کە دەنووکیان گەورە و بەهێز بوو، ئەمانەش مانەوە و سازان لەگەڵ ژینگەکەیاندا. بەرەبەرە بە ماوەیەکی درێژ کۆمەڵەی جۆر پەیدا دەبێ، هەریەکەشیان بۆ ئەو ناوچانە دەچن کە خۆراکی تایبەتیی خۆیانی لێیە. ئەم جیاوازیانە سەرەتا کێ دروستی دەکات؟ بێگومان بازدانە جینەکییەکان، بەو واتایەی کە سروشت ڕێبازێکی دیارکراوی هەیە، لە هەر دوورگەیەک چ تایبەتمەندییەک سووددارە ئەویان هەڵ دەبژێرێ.
ئەوەی داروین پێشبینی دەکرد کە بەسەر ئەو چۆلەکانەدا بێت بە کاریگەری ژینگە، لە لای گەلێک زانای هاوچەرخ بەکردارەکیی سەلمێندرا، لە ئەنجامی چەندجارەبوونەوەی ئەو هەموو تۆژینەوانەی لە پاش داروین، لەسەر ئەو چۆلەکانە دەکرێن. بەوەی گەر وشکەساڵی چەند جارێک بەدوای یەک بەردەوام بێت، ئەوا تۆوە بچووکەکان لەبەر کەمی شێداریان وشک دەبن و لەناو دەچن، ئەمەش دەبێتە هۆی مانەوەی تۆوە توێکڵە ڕەق و گەورەکان، دەرەنجام تەنیا ئەو چۆلەکانە لە ڕووبەرێکی دیارکراودا دەمێننەوە کە دەنووکیان بەهێزتر و گەورەترن لەوانی دیکە.
سەرباری ئەوە داروین لە گەشتەکەیدا زۆر بیری لە کیسەڵەکانی گالاپاگۆس دەکردەوە، تا بۆی ڕوون بووەوە کە ئەو کیسەڵانەش دەبێت سەرەتا یەک بنەچەیان هەبووبێ، بەڵام لەبەر بوونی ژینگەی جۆراوجۆر، جیاوازی لە نێوانیاندا پەیدا بووبێ. لە چاوپێکەوتنێکدا بەرپرسی ئەو دوورگانە بە داروین دەڵێت، ئێمە لەم ناوچەیەماندا دەتوانین، چ چۆلەکەکان، چ کیسەڵەکان بەگوێرەی شێوەیان، زۆر بەچاکی بزانین کە هی کامە دوورگەن! ئەمە بۆ داروین لەو کاتەدا بابەتێکی بایەخدار بوو، بە جۆرێک کە بووە بەڵگەیەکی دیکەی گرینگ بۆ تیۆری پەرەسەندن. 
گونجانی زیندەوەران گەلێک هۆکاری جیاجیای هەیە، لە هەمووشیان گرینگتر وەک گوتمان، سازانی زیندەوەرانە لەگەڵ ئەو خۆراک و پێبژیوانەی کە لە ژینگەکەیاندا هەن. بۆ ئاژەڵان جۆری ئەو ڕوەکانەی هەن لە دەوروبەریاندا، بنچینەیەکی سەرەکییە بۆ مانەوەیان، هەروەها ئاژەڵانی دیکە کە لە هەمان ژینگەدا دەژین، گاریگەریان هەیە لەسەر یەکدی. وەک ئەوەی ئەگەر ئاژەڵە دڕندەکان لە ژینگەیەکدا هەبن، ئەوا لە بەرانبەری ئەمەدا دەبێت نێچیرەکانیان بە جۆرێکی وا بگونجێن کە بتوانن بەرگری بکەن و خۆ بپارێزن لێیان وەک، زلی قەبارە، هێزی شەڕکردن، غاردانی خێرا، توانی خۆشاردنەوە و چەندان تایبەتمەندی دیکە.
ئەم شێوازە لە کاریگەری لەسەر یەکدی، دەبێتە هۆی هاتنەدی کێبڕکێ، بەو واتایەی ڕوودانی جۆرە پەرەسەندنێک لە کۆمەڵەی جۆرێکیاندا، وا لە جۆرەکەی دیکە دەکات کە ناچار بێت پەرە بسێنێت. واتە ئەگەر شێر و پڵنگ بەرەبەرە ڕاکردنیان خێراتر و توانای ڕاوکردنیان چالاکتر ببێت، لە بەرانبەر ئەمەشدا ئاسک پەرە نەسێنێت، ئەوا بێگومان ئاسکی ئەو ناوچەیە بەرەو بنەبڕبوون دەچێت. بەم سووڕی هەڵبژاردنی سروشتی و کارلێکردنە دەگوترێت، پەرەسەندنی هاوبەش (co-evolution). نموونەیەکی زەق بۆ ئەمە، جۆرە سەلەمەندەرێکی پێستە زبری ئاوی هەیە، لەڕێی زنجیرەیەک لە پەرەسەندن گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی کە ژەهرێکی چڕی یەکجار کوشندە بەبەرهەم بهێنێت بۆ پەکخستنی نێچیرەکانی، لە بەرانبەر ئەمەدا جۆرە مارێک (مارە هێڵدارەکان) هەیە کە نێچیری ئەوە، وای لێهاتووە بەرگری لە دژی ئەو ژەهرە گەلێک بەهێز ببێت. دەرەنجام دەبینین ئەو پێشبڕکێیە کیمیایییە توندەی ئەمانە گەیشتووەتە ئەوەی کە چەندە سەلەمەندەرەکە ژەهرەکەی کوشندەتر دەبێت، ئاستی بەرگریکردنی ئەو جۆرە مارە بەرزتر ببێتەوە.
جۆرەکانی سازان لە زیندەوەراندا
سازانی زیندەوەران بە شێوە و جۆری جیاجیاکانییەوە لە گشت زیندەوەرێکدا، پێکەوە و لە زۆربەی ئەندامەکانی لەشدا بەدەر دەکەون، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەیەکی باشتر و جیاکردنەوەیان، دەتوانین چەند جۆرێکیان جارێکی دیکە دەستنیشان بکەینەوە.
سازانی ڕە‌فتار: ئە‌و جۆرە ڕە‌فتار و کردە‌وانەن زیندە‌وە‌ران بەڕێوەی دەبەن بۆ مەبەستی جۆراوجۆر، ئەوانەی کە بۆ مانەوەیان پێویستە. ئەگەر سەیری جۆرە باڵندەیەک بکەین کە هە‌نگ دە‌خوات، دەبینین بە چ شێوەیەکی تایبەتی و سەیر ڕاویان دە‌کات، چۆنیش بە‌ دە‌نووک و چڕنووکەکانی دەیان گرێت، تا هەنگەکان نەتوانن پێوەی بدەن. چەندان ڕەفتاری دیکە هەن وەک، خۆمەڵاسدان، ڕاونان، هەڵکوتانەسەر و پەلاماردان بۆ گرتنی نێچیر لە‌ زۆربە‌ی ئاژەڵەکاندا، هەروەها چەمانەوە و خۆسووڕاندنی هەندێ جۆرە‌ ڕوە‌ک بۆ ئە‌و لایە‌ی ڕۆشنایی لێوە‌ دێ، نموونەی سازانی ڕەفتارن.
سازانی پێکهاتەی لە‌ش: ئە‌و سازانانە‌ن کە لە‌ لە‌شی زیندەوەرە جۆراوجۆرەکاندا دێنە‌ کایە‌وە، بە‌رانبە‌ر بە‌ پێکهێنە‌کانی ژینگە و زیندەوەرانی دەوروبەریان.‌ تیژیی چاوی گەلێک باڵندە، بەهێزیی هەستی بۆنکردن لە چەندان ئاژەڵ، درێژی دە‌نووک و قاچی ئە‌و باڵندانە‌ی لە‌ تە‌نکاوە‌کاندا بە‌دوای خۆراکدا دە‌گە‌ڕێن و زۆر تایبەتمەندی دیکە، نموونەی سازانی پێکهاتەکانی لەشن.
سازانی فرمانە‌ ناوە‌کییە‌کان: هە‌موو ئە‌و کردارانە دە‌گرێتە‌وە‌ کە لە‌ناوە‌وە‌ی لە‌شی زیندە‌وە‌راندا جێبە‌جێ دە‌کرێن بۆ فرمانی تایبەتی و دروستکردنی ئاوێتە جۆراوجۆرەکان، لە هە‌رسکردنی خۆراک و دە‌رهاویشتنیان، چێکردنی تۆو و هێلکە، کۆئە‌ندامی هە‌ناسە‌دان، هەستەکی و هە‌موو کۆئە‌ندامە‌کانی دیکە. بەرگەگرتنی پەنگوین لە ساردترین ناوچەی سەر ڕووی زەویدا (سەهۆڵبەندەکان)، توانی خۆڕاگری وشتر بۆ چەندان ڕۆژ لە‌ ژینگە‌ی گەرم و وشکی بیاباندا، بوونی ڕژێنی ژەهر لە‌ دە‌می مار، ڕژێنی تاڵە‌کان لە‌ جاڵجاڵۆکە،‌ گۆڕینی ڕە‌نگی پێستی هەندێ جۆر لە خشۆکە‌کان، ئارە‌قە‌کردنی لە‌شی مرۆڤ بۆ بەرەنگاربوونە‌وە‌ی بە‌رانبە‌ر بە بە‌رزبوونی پلە‌ی گە‌رمی، نموونەن بۆ ئە‌م سازانە.
لە‌‌مانە‌وە‌ بەدە‌ر دە‌کە‌وێ کە ژیانی زیندە‌وە‌ران بە‌ پە‌رە‌سە‌ندنێکی یە‌کجار درێژخایەن تێ پە‌ڕیووە‌، هەروەها چەندان گۆڕانی جۆرێک بۆ جۆرێکی دیکەی بە‌خۆیەوە‌ بینیووە‌، بە ‌شێوە‌یە‌ک ئە‌وانە‌ی نە‌یان توانیووە‌ درێژە‌ بە‌ ژیانیان بدە‌ن بنە‌بڕ بوونە‌، ئە‌وانەشی ماونە‌تە‌وە‌ توانی سازانیان هە‌بووە لە‌ ژینگە‌کە‌یاندا.
هەر سەبارەت بە سازانی زیندەوەران، خاڵێکی گرینگ هەیە پێویستی بە ئاماژەپێکردنە، ئەویش کە هەرچەندە تیۆری پەرەسەندن بەردەوام لە پلەپلەیی و گۆڕانی لەسەرەخۆ دەدوێ، بەڵام پەرەسەندن و سازانی زیندەوەران لە هەموو کات و شوێنێکدا هەمیشە لەسەرەخۆ و درێژخایەن نین، بگرە هەندێ جار دەشێ بەرەنجامەکان زۆر خێرا و کارا بن.
چەند نموونەیەک دێنینەوە، تەنیا لەسەر ئەو سازان و پەرەسەندنە خێرایانەی کە مرۆڤ بووەتە هۆی سەرهەڵدانیان:
- زاناکانی بنگەیەکی زانستی لە ساڵی ١٩٧١، کۆمەڵە مارمێلکەیەک کە لەسەر مەگەزەکان دەژیان، لە دوورگەیەک گواستەوە بۆ دوورگەیەکی دیکە لە وڵاتی (کڕواتیا). پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨، چەند زانایەکی ئەو بنگەیە سەردانی ئەو دوورگەیەیان کرد بۆ تۆژینەوە لەسەر ئەو مارمێلکانە، زۆر پێیان سەیر بوو کە بینییان مارمێلکەکان گەلێک پەرەسەندنی بەرچاویان بەخۆوە بینیووە، جگە لە گۆڕانی خۆراکیان کە ببووە گژوگیا، زۆر پێکهاتەی دیکەی ناوەکیشیان تەواو گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ پەرەسەندن، کە تەنیا بە ٣٧ ساڵ کە دەکاتە ١٩ پشت، واتە نێزیکەی ٢ ساڵ بۆ هەر بەرەیەک لەو مارمێلکانە، بێگومان ئەمەش کاتێکی زۆر کورتە بۆ ئەو پەرەسندنە گەورەیە.
- زاناکان کۆمەڵە ماسییەکی جۆری ناسراو بە گوپی (ئەو ماسییە بچووکە ڕەنگینانەی بۆ ڕازاندنەوە بەخێو دەکرێن)، لە دەریاچەیەک لە ناوچەی (ترینیداد) گواستەوە بۆ دەریاچەیەکی دیکە کە دوژمنەکانی ئەو جۆرە ماسییەی لێ نییە، بینییان بە ماوەی چەند ساڵێکی کەم، چەند گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەر ئەو ماسییانەدا هات. ئەمانە پێشتر قەبارەیان بچووک بوو، لە جووڵەشدا خێرا بوون هەتا بتوانن لەبەردەم دوژمنەکانیان ڕابکەن. بەڵام لە دەریاچە نوێیەکەدا لەبەر نەبوونی دوژمنەکانیان، لە ئارامی و خۆشگوزەرانیدا دەژیان، بەمەش قەبارەیان گەورەتر و جووڵەیان کەمتر بوو، هەروەها لەدوا قۆناغەکانی ژیانیاندا زاوزێیان دەکرد، کەمتریش بێچوویان دەهێنا، واتە وایان لێ هات بەتەواوی لەگەڵ ژینگە نوێیەکەدا بسازێن.
- شارەزایان دەڵێن، فیلی ئەفریکا لەبەرئەوەی کە زۆڕ ڕاو دەکرێن لەلایەن مرۆڤەوە، بۆ وەدەستهێنانی کەڵبەکانیان (عاج)، بە نێزیکەی ٦٠ ساڵ، ئەو فیلانەی کە کەڵبەیان کورت و بچووکە ژمارەیان پتر بووە، کەواتە لێرەدا ئەو فیلەی کەڵبەی بچووکتر بێت، هەلی مانەوەی لە ژیانیدا زێدەتر دەبێت.
- لە لایەکی دییەوە گواستنەوەی جۆرێکی نوێ بۆ ژینگەیەکی جیاواز، بۆ نموونە، بۆ کیشوەرێکی دیکە، نەک تەنیا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی جۆرە نوێیەکە، بگرە گەلێک جار وا لە جۆرانەش دەکات کە پێشتر لە ژینگەکەدا هەبوون هان بدرێن، یاخۆ ناچار ببن کە چەند گۆڕانێکی خێرا و بەرچاو بەخۆوە ببینن. چونکە کاتێک جۆرێکی نوێ دێتە ژینگەیەک کە ژینگەی سروشتی خۆی نەبێت، ئەوا زۆر جار ئەو شوێنە هیچ دوژمنێکی ئەوی لێ نییە، بۆیە لێرەدا جۆرە نوێیەکە بە ئارەزووی خۆی ڕەفتار دەکات، دەرەنجام دەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆ ئەوانەی لە بنەڕەتەوە لەم ژینگەیەدا بوونە.
بۆقی ژاراوی جۆری (Cane Toad)، هێنرایە ئوسترالیا بۆ بەکارهێنانیان لە دژی مەگەزی زیاندەر بە قەمیشەشەکر، ئەم بۆقە جگە لەوەی کێبڕکێیەکی تەواو لەگەڵ بۆقەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە دەکات، ئەو مارانەشی کە دوژمنی ئەون ناچار کردووە بگۆڕێن، بەوەی چەند بەشێک لەو جۆرە مارانە وایان لێ هاتووە، بەرگری پەیدا بکەن بەرانبەر بە ژەهری ئەو بۆقە. بەڵام ئەوی جێی سەرنجە هەندێک جۆری دیکەیان، بە ماوەیەکی کەم شێوازە بەرگرییەکی سەیر لە لایاندا پەرەی سەندووە، ئەویش کە بە نێزیکەی ٢٠ تا ٢٥ نەوە، قەبارەی سەری ئەو مارانە بە شێوەیەکی وا بچووک بووەتەوە کە نەتوانن چی دیکە ئەو بۆقە ژاراوییانە قووت بدەن، واتە بەرەبەرە هەڵبژاردنی سروشتی تەنیا ئەوانەی هێشتەوە کە توانای خواردنی ئەم جۆرە بۆقانەیان نییە!
- ئاشکرایە کە پیسبوونی ژینگە و ئاوی دەریاکان کاریگەرییەکی فرە مەزنی هەیە لەسەر گشت زیندەوەرێکدا، چونکە پیسبوون وا لە جۆرێکی وەک ماسی دەکات، یان دەبێت بسازێت لەگەڵیدا، یانیش لەناو بچێت. یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی ژینگە کە لەم بوارەدا ناسرا بێت، لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٤٧ تا ١٩٧٦ ڕووی دا، ئەویش کاتێک ڕووباری (هۆدسۆن) لە نیویۆرک، بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی کارگەکانی (جەنەڕاڵ ئەلەکتریک)، بە جۆرە ژەهرێکی ترسناکەوە پیس بوو. زانایان جۆرە ماسییەکیان (frostfish) بینی کە لە قووڵایی ئەو ڕووبارەدا دەژیان لەناو نەچوون، ئەمەش لەبەرئەوە بوو کە چەند پەرەسەندنێک لە لایاندا بووە هۆکاری ئەوەی، ئەو ژەهرە لە چینەکانی شانەی چەورییاندا گل بدرێنەوە، بە شێوەیەک کە بتوانن بەرگرییەکی وا بکەن لەو ژەهرە، هەتا ئەگەر بگاتە ئاستی ١٠٠ هێندەش لەو بڕە ژەهرەی کە پێشان بەرگرییان لێی هەبوو، بە جۆرێک ببوونە بۆمبێکی ژاراوی ڕاستەقینە، بۆ هەموو ئەو ماسی و ئاژەڵانەی کە ئەوانەیان دەخوارد!
هاریکاریی
هاریکاریی(Cooperation)، دەرەنجامێکی گرینگیی پەرەسەندنە لە گشت بوونەوەرێکی زیندوودا، پێچەوانەی کێبڕکێیە و بە گەلێک شێوازی جۆراوجۆریش بەدەر دەکەوێت. لەوانە هاریکاریی نێوان پێکهاتەکانی خانە لە زیندەوەرە یەکخانەکان، خانەکان لەگەڵ یەکدی، ئەندام و کۆئەندامەکانی لەش لە زیندەوەرە فرەخانەکان، دوو زیندەوەری یەک جۆر، نێوان زیندەوەرکانی جۆرە جیاوازەکان و چەندان شێوازی دیکە.
سەرەتا لەوانەیە زۆربەمان لە وشەی (هاریکاریی)، وا تێ بگەین کە ئەنجامدانی بەندە بە خواست و ئارەزووی مرۆڤەوە، کردارێکیشە تەنیا لە نێوان مرۆڤەکاندا دەبینرێت، بەڵام واتەکەی لە بواری زیندەوەرزانیدا، بەلای هیچ چەمکێکی مرۆییدا ناڕوات. بۆیە پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە زیندەوەرەکان هەرگیز هەوڵی هاریکارییان نەداوە وەک داخوازی و پێویستییەک، بگرە ئەوەی هەبووە بەکاریان هێناوە، بەبێ ئەوەی خۆیان پێی بزانن.
تاکە بەکتریایەک بەتەنیا هیچ ئایندەیەکی نییە، هەرگیزیش ناتوانێ لە چوارچێوەی وردایەتییەکی بەچاو نەبیندراو دەرچێت، چونکە گەلێک هۆکار هەن بتوانن پەرەسەندنی تاکە خانەیەک سنووردار بکەن. بۆیە لێرەدا بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم گرفتە، ئەو زیندەوەرە ناچارە لە دەرەوەی خۆیدا بەدوای هاریکاریی بگەڕێ لەگەڵ ئەو خانانەی بە تەنیشتییەوەن، کە بێگومان هەر ئەو هاریکارییەی نێوان خانەکانە گوڕوتین بە پەرەسەندن دەدات. دەبێ ئەوە بڵێین کە بەبێ بوونی هاریکاریی، ژیان هەتا ئێستەش لە قۆناغی یەکخانەیی سادە دەمایەوە، لەبەرئەوەی خانەیەکی تاک دەبووایە خۆی بەتەنیا لە ڕووبەرێکی بەرتەسکدا، گشت ئەو کردارە ناوەکییانە و ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ ژینگەدا ئەنجام بدات کە پابەندن بە چەندان یاسای سروشتی جۆراوجۆر.
ئەگەر بنۆڕینە بەکتریاکانی ناسراو بە (میکسۆبەکتریا)، زۆر بەچاکی سوودەکانی هاریکاریی دەبینین. ئەمانە بۆ هاتوچۆکردن، ڕێی خلیسکان بەسەر چینێکی لووس دەگرنە بەر کە بەخۆیان بە دەردانی جۆرە ماددەیەکی سابوونی چێیان کردووە. توانی جووڵە و جێگۆزی هۆکارێکی گرینگە بۆ پەرەسەندن و سازانیان لەگەڵ ئەو ناوەندەی تێدا دەژین، بۆ دەسکەوتنی خۆراکیش پێکەوە هێرش دەکەنە سەر بەکتریاکانی دی و پەردەی خانەکانیان بە ئەنزیمێک هەڵدەوەشێننەوە و ناوەڕۆکەکانیان هەڵدەلووشن، ئاشکراشە هێرشی بەکۆمەڵ گەلێک کاراترە لە هێرشی تاکە بەکتریایەک، ئەمەش کتومت وەک کاریگەری پەلاماری گەلەگورگێکە، بە بەراوردکردن لەگەڵ یەک گورگدا.
بەهەمان شێوە لە تاکە زیندەوەرێکی فرەخانەدا، هاریکاریی لە نێوان خانەکان و کۆئەندامەکان گرینگییەکی زۆری بۆ پەرەسەندن و چوونیان بەرەو ئاڵۆزی پتر هەیە. سەرباری ئەمانە زیندەوەرە ئاڵۆزەکان پێویستییان بەبوونی جۆرە تایبەتمەندییەکی دیکەی نوێیە ئەویش هۆش، یان بیرەوەرە، کە نیشانە دەنێرێ و فەرمان دەداتە گشت خانەیەک، بۆ ئەوەی هەریەکەیان کاری خۆی بەجێ بگەینێت، لە چێکردنی شانەکان و ئەندامە جیاجیاکانی لەش، لە جێی دیارکراوی خۆیاندا. پەرەسەندن ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژی گەرەک بوو، هەتا ئەم ئاکارە سەرەکییە جێگیر ببێت، ئەمەش بە نیشانە گشتییەکانی هەموو ڕوەک و ئاژەڵە فرەخانە ئاڵۆزەکان دەژمێردرێت.
لەدوای هاریکاریی لە نێوان کۆمەڵەی وردەزیندەوەرە یەکخانەیییەکان و لەشە فرەخانەیییەکان، شێوەیەکی دیکەی هاریکاریی و گەلێکۆیی لە نێوان تاکەکانی جۆرەکاندا دەبینرێن.
ئەو مێرووانەی بەکۆمەڵ دەژین وەک، هەنگ و مێروولە، جۆرە ڕەفتار و ئاکارێکی بۆماوەیی پێوەندی و فرمانەکانی هەر تاکێک لەو کۆمەڵگانەدا بەڕێوە دەبات. لێرەشدا تاک بەتەنیا هیچ بەهایەکی نییە، لە چالاکییە گشتییەکان، هەموو تاکەکان کار دەکەن بۆ سوود و بەرژەوەندیی گشتی.
لەناو شانەی هەنگدا یەک دانە شاژن، ژمارەیەکی کەمیش نێرینەی تێدایە، کەچی ژمارەی کارەکەرەکان گەلێک جار خۆی لە دەیان هەزار دەدات. ئەو کارەکەرانە توانی زاوزێکردنیان نییە، بگرە هەموو ژیانیان کۆکردنەوەی شیلەی گوڵ، چاودێریکردنی کاروباری شانە و پێدانی خۆراکە بە کرمۆکەکان (کرمۆکەهەنگ)، هەروەها ئەمانە بەردەوام بەرگری دەکەن لە شانەکایان و ئامادەن خۆیان لە پێناویدا بەخت بکەن.
لێرەدا با دەستبەجێ پرسیارێک بکەین و بڵێین، ئایە ئەم خۆبەکوشتدانە لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە، دەبەنگی ئەو هەنگانە ناگەینێت؟ چونکە شتێکی سەیرە کە کاتێک تۆ نەتوانی زاوزێ بکەیت و نەوە بنێیتەوە، کەچی خۆت بەکوشت بدەیت لە پێناو ئەوانەی دیکەدا! لە ڕاستیدا ئەو ڕەفتارەی ئەم کارەکەرانە هەمووی لەپێناو درێژەپێدانی مانەوەی جینەکانی هەنگە لە ژیاندا، بێگومان ئەمەش مەبەستێکی هەرە گرینگیی گشت جۆرێکە. ئەوەی جێی سەرنجە، شاژن بە دوو شێوازی جیاواز هەریەک لە نێرینە و کارەکەر دادەنێت، نێرینەی هەنگ بەپێچەوانەی کارەکەرەکان، لە ئەنجامی کرمۆکەیەکی نەپیتێنراوەوە دێتە بەرهەم، بۆیە جینی نێرینەکان دەبنە لەبەرگرەوەیەکی کتومتی جینەکانی دایکیان. پیتاندنی شاژن لەڕێی یەک لەو نێرینانەوە ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوەش کارەکەرەکان بەرهەمی کرمۆکە پیتێنراوەکانن، بۆیە دەبینین کە ئەوانە هەڵگری دوو جینن، یەکێکیان هی دایکیانە، ئەوەی دیکە هی باوکیانە. ئەو جینەی کە کارەکەرەکان لە باوکیانەوە وەری دەگرن، لە لای هەموواندا بەتەواوی هاویەکە، چونکە ئەمەیان لە باوکێکەوە هاتووە کە لەوە زیاتر هیچی دیکەی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەوانە لە ڕووی جینەکییەوە تا ڕادەیەکی زۆر لێک بچن. لەناو شانەدا کێبڕکێ لەسەر هەڵبژاردنی جینی چاکتر لە نێوان ئەو کارەکەرانەدا نییە، هەروەها ئەو جۆرە جینە، لەبەرئەوەی لەناو شانەکەیاندا تاکە جین نییە، بۆیە خۆبەختکردنیان لەپێناو ئەوانی دیکەدا، بەگوێرەی پەرەسەندن بە زیانێکی گەورە ناژمێردرێت.
یەکێکیش لەو نموونانەی هاریکاریی لە نێوان دوو زیندەوەری جیاواز لە یەکدی ئەویە: جۆرە مۆرانەیەک هەیە، هەموو ژیانی لەسەر گۆڕینی تەختەدارە بۆ شەکر. زاناکانی زانکۆیەکی ئەمەریکی کاتێک ویستیان لە چۆنەتی ئەو کردارە بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە شێوەیەکی دەسکرد وەک ئەو مۆرانانە تەختەدار بکەنە شەکر، گەلێک سەرسام بوون ئەو دەمەی بینیان کە سەدان جۆرە بەکتریا لەناو زگی ئەمانەدا هەن، بە نۆرە تەختەدار هەڵدەوەشێننەوە و دەیان گۆڕن بۆ شەکر، لەڕێی دەیان هەزار جۆرە ئەنزیم! بێگومان بەبێ بوونی ئەو هاریکارییە، ئەم مۆرانانە هەرگیز ناتوانن بژین، بە شێوەیەکی وەهاش پەرەیان سەندووە کە ئەو بەکتریانە ئەو کارانەیان هەتاهەتایە بۆ ئەنجام بدەن.
هاریکاریی و یارمەتیدانی یەکدی پەرەسەندنێکی مەزنە لە لای ئاژەڵە باڵاکاندا، چونکە ئەم کردارە هەلی مانەوەی جۆرەکان لە ژیاندا زێدەتر دەکات، بۆیە شتێکی سەیر نییە، گەر ئەو هاریکارییە بەزەقی لە ئاژەڵە نێزیکەکان بە مرۆڤەوەی، وەک شیمپانزیدا ببینرێن. مەیموونەکانی جۆری شیمپانزی لە هاریکارییدا لەگەڵ کۆمەڵەکەیان و هەتا لەگەڵ کۆمەڵە دوورەکانی جۆرەکەی خۆیاندا گەلێک چالاکن، ئەمانەش ئامادەن بۆ خۆبەختکردن لە پێناو جۆرەکەیاندا. لە جیهانی ئەو شیمپانزیانەدا کرداری هاریکاریی بەڕێوە دەچێت، لە پەیداکردنی خۆراک و پاراستنی خێزان، هەروەها گەیشتن بە پایەیەکی (کۆمەڵایەتی) لە نێرینەکانیاندا. نێرینەکان زیاتر پێویستیان بە هاریکاریی یەکدی هەیە، چونکە نێرینە بەدرێژایی ژیانی لەناو کۆمەڵەکەیدا دەمێنێتەوە، کەچی مێیینە کە پێ دەگات، لەوانەیە بە نیازی زاوزێکردن لەگەڵ نێرینەی کۆمەڵەیەکی دیکە، کۆمەڵەکەی خۆی بەجێ بهێڵێت.
بێچووەکانی شیمپانزی هەتا نێزیکەی چوار ساڵ پێویستیان بە چاوەدێری دایکیان هەیە، بۆیە مێیینەکان بەشێکی زۆری ژیانیان لە پێناو بەخێوکردنی بێچووەکانیان دەبەنەسەر، ئەمەش وایان لێ دەکات بواری تەواویان بۆ نەڕەخسێت، وەک نێرینە بگەنە پایە کۆمەڵایەتییە بەرزەکان. گوتمان کە نێرینە ئەرکی سەرەکیی بەدەستهێنانی خۆراکە، بێگومان ئەوەشیان لە هەر هەموو کارەکانی دیکەی نێرینە بایەخدارترە، بۆیە نێرینە زاڵ و دەسەڵاتدارە لە کۆمەڵگەی شیمپانزیدا. خۆراکی بنەڕەتیی شیمپانزی میوەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام بەدوای میوەی پێگەیشتوو بگەڕێت، خۆراکیشی لەو گەڕانانەدا گۆشتی ئەو ئاژەڵانەیە کە ڕاویان دەکات، ئاشکراشە کە ڕاوکردن پێویستی بە گەلێکۆیی و هاریکاریی هەیە. ئەوەی گرینگە لێرەدا بگوترێت کە زاناکان پەنا دەبەنە بەر ڕاڤەکردن و شیکردنەوەی ڕەفتاری ئەو ئاژەڵانە، بەتایبەتیش ئەوانەی کە لە مرۆڤەوە نێزیکن، بۆ زانینی سەرچاوە و بنچینەی گەلێک هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مرۆیی لەم بوارانەدا.
لەم چەند دێڕەی سەرەوە دەگەینە ئەوەی کە هاریکاریی وەک دەرەنجامێکی پەرەسەندن، هۆکارێکی پڕبایەخە بۆ گشت زیندەوەرێک. مرۆڤیش لەڕێی بیر و هۆشە بێهاوتاکەیەوە توانیوویەتی تاکەکانی دەوروبەری بناسێ، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگەکەیدا بگونجێنێ. هاریکاریی و گەلێکۆیی نێوان مرۆڤەکان و هەستکردنی تاکەکان بە ئەرک و فرمانەکانیان، دەبێت وامان لێ بکا بنۆڕینە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی وەک یەکەیەکی پەرەسەندوو. ئەو کۆمەڵانەی کە یەکگرتوون و هاریکاریی و پێوەندی بەهێز لە نێوان تاکەکانیدا هەن، کۆمڵگەیەکی ساغ و پتەو بەبەرهەم دەهێنن، بەمەش ئەگەری مانەوەیان پتر دەبێت. دوا هەنگاوی هاریکاریی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە (زمان)دا، واتە لە ئاخاوتن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بەدەر دەکەوێت. لەڕێی ئەم ئاکارەوە کەڵەکەبوونی زانیاری و شارەزایی لە لای کۆمەڵگەکەیدا زۆرتر دەبێت، ئەمەش پتر بەرەو پێشەوەی دەبا و بنچینەی ڕۆشنبیری و ژیار و شارستانییەتی پتەوتر دەکات.
ململانە لە‌پێناو مانە‌وە‌دا
ململانە لە‌پێناو مانە‌وە‌دا (Struggle for existence)، هۆکارێکی کارای پە‌رە‌سە‌ندنە، ڕێسایە‌کیشە‌ لە‌ ژیانی گشت بوونە‌وە‌رە زیندووەکاندا بە‌دی دە‌کرێ. هە‌موو زیندە‌وە‌رێک لە‌ ژیانیدا لەگەڵ دەوروبەرەکەی بەردەوامە لە‌ ململانە و کێبەرکێ،‌ هە‌وڵیش دە‌دا بە‌سە‌ر هە‌موو ئە‌و شتانە زاڵ بێت کە هە‌ڕە‌شە‌ لە‌ بوون و مانە‌وە‌ی دە‌کەن. گشت کردارە‌کانی گۆڕان، هەڵبژاردنی سروشتیی، ململانەکان، ئاکارە سازاوەکان و چەندان نیشانە و تایبەتمەندی کە کەڵەکە دەبن و دەگوێزرێنەوە بۆ نە‌وە‌ی داهاتوو، هەموویان بۆ ئەوەن جۆرەکان بپارێزرێن و بمێننەوە.
ئەم مانەوەیە لە چەندان شێوازدا خۆی دەنوێنێت. بۆ نموونە، مێیینەی ئەو جۆرە ماسییەی کە تەنیا یەک هێلکە دادەنێت، پێویستە ئەو هێلکەیەی چەند تایبەتمەندییەکی ئەتۆی هەبێت، وای لێ بکا بەئاسانی لەناو نەچێ، لەبەرئەوەیە دەبینین کە توێکڵی هێلکەکە ڕە‌ق و دە‌رزیلە‌دارە، ئەو دەرزیلانەش بۆ ئەوەن تا بەچاکی ئەو هێلکەیە لەسەر خاکی بن ئاودا جێگر بێت. ئەو باڵندەیەش کە لە ‌شوێنە‌ بەرزە‌ بە‌ردینییە‌کان هێلانە‌ دە‌کات، وای لێ هاتووە هێلکە‌ی قووچە‌کی دابنێ کە چەقی گرانایی بکە‌وێتە‌ ناوە‌ڕاستی، بە‌مە‌ش هێلکە‌کە‌ توانی سووڕانە‌وە‌ی هەبێت بە‌ هە‌موو لایە‌کدا، بەبێ بوونی مە‌ترسی لە‌ کە‌وتنە‌ خوارە‌وە‌ی. بەڵام ئە‌و زیندەوەرانەی کە چە‌ند ئاکار و تایبە‌تمە‌ندییە‌کی دیارکراوی لەو جۆرانەیان نییە، بۆ مەبەستی نەوەنانەوە، دەبێت دانان و هێنانی ژمارەیەکی زۆر لە هێلکە،‌ یان بێچوو ئەنجام بدەن. نموونەی ئەمانەش، دانانی ملیۆنان گە‌رایە لە‌ زۆربە‌ی جۆری ماسییە‌کاندا، یان زاوزێکردنە یەک لەدوای یەکەکان و هێنانی ئەو هەموو بێچووانەیە لە شیردەرێکی وەک مشک، یاخۆ لە هەندێ جۆرە‌ بە‌کتریادا کە تاکە‌ یە‌ک دانەیان،‌ تەنیا لە‌ ماوە‌ی دوو ڕۆژدا، بە دابەشبوون دە‌بێتە‌ نێزیکە‌ی ٥٠ ملیار!
جۆرەکانی ململانە:
١- ململانە لە‌گە‌ڵ هێزە‌ سروشتییە‌کان: ئەو پێوە‌ندییانەن کە زیندە‌وە‌ران هە‌یانە‌ لە‌گە‌ڵ ژینگە‌ی دە‌وروبە‌ریاندا. ڕوە‌کە ‌بیابانییە‌کان زۆربە‌یان گە‌ڵاکانیان نووکە‌ و دڕکیان هە‌یە‌، بۆ ڕێگرتن لە‌ بەهە‌ڵمبوونی ئاو. بەڵام ئە‌و ڕوە‌کانە‌ی لە‌شوێنە‌ بڵند و ساردە‌کان دە‌ژین، زۆربەیان ڕوە‌کی کورتن، لە‌ لایە‌ک تا بە‌رگە‌ی بایە‌ بەهێزە‌کان بگرن، لە‌ لایە‌کی دییەوە سوود لە‌و گە‌رمییە‌ وە‌ربگرن کە لە‌ چینگە‌لە‌ نزمە‌کانی هە‌وادا هەیە.‌
٢- ململانەی نێوان جۆرە‌کان: ئە‌و ململانانە‌ دە‌گرێتە‌وە‌ کە لە نێوان جۆرە‌کانی زیندەوەراندا هەیە.
* جۆرە‌کانی ڕوە‌ک لە‌گە‌ڵ یە‌کدیدا: زۆر جۆرە‌ ڕوە‌ک هە‌ن زیان بە‌ ڕوە‌کی لە‌تە‌ک خۆیان دە‌گە‌یێنن.
* ئاژەڵەکان لە‌گە‌ڵ ڕوە‌کەکاندا (بەپێچەوانەوەش): زۆربەی ئاژەڵەکان ڕوە‌ک دە‌خۆن، هەروەها هەندێ جۆرە ڕوەک هەن مێروو و زیندەوەری دیکە دەخۆن(*). ململانە‌ لە ڕوەکەکاندا بەرانبەر بە ئاژەڵەکان وا دە‌کات، چە‌ند ئاکارێک لە لایان پەیدا ببێت، بتوانن خۆیان بپارێزن و بمێننەوە وەک، بوونی دڕک و تامی ترش و تاڵی، لە گەڵا و بەرەکانیاندا.
* جۆرە‌کانی ئاژەڵ لەگەڵ یەکدیدا: زۆر جۆرە ئاژەڵ هەن ئاژەڵی دیکە دەخۆن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە لای هەریەکە لە پەلەماردەر و نێچیردا، کۆمەلێک تایبەتمەندی سووددەر پەیدا ببێت، بۆ ئەنجامدانی ئەو ململانانەی کە هەن.
٣- ململانەی نێوان تاکە‌کانی یە‌ک جۆر: ئە‌و کێبڕکێ و شەڕانەن ڕوو دە‌دەن لە‌ یە‌ک جۆرە ئاژەڵدا بۆ زاوزێکردن و بۆ گە‌یشتن بە‌ خۆراک، لەڕوەکیشدا ئەو ململانانەن بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی ڕووناکی، وەک هەوڵی داری دارستانەکان بۆ درێژی قەد و بەرزبوونیان، بۆ گەیشتن بە زیاترین بڕ لە تیشکی خۆر.
ئەم ململانە و کێبڕکێیانە لە مرۆڤدا لەم لایەنانەوە زۆر بەزەقی دەرناکەوەن، ئەویش لەبەرئەوەیە کە مرۆڤ بەتەواوی بووەتە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، هەروەها لە مرۆڤدا مێشک (هۆشمەندی)، جێی زۆربەی سازان و ململانەکانی گرتۆتەوە. چونکە ئەو مێشکەی کە هەیەتی هەتا ئەگەر هی مرۆڤە سەرەتایییەکانیش بێت، گەلێک زیاترە لە مێشکی نێزیکترین ئاژەڵ بە مرۆڤ. مرۆڤ دەتوانێت لە گشت ناوچەکانی ئەم جیهانەدا بژیت، لەڕێی ئەو کەرەستە و ئامرازانەی کە دەسکردی خۆیەتی، وای لێهاتووە لە ساردترین و گەرمترین شوێندا ژیان بباتەسەر، هیچ پێویستیشی بە مووی چڕ و بە گلدانەوەی چەورییەکی زۆر نەبێت لە لەشدا. بەخۆی خۆراک و گشت پێبژیوەکانی دابین بکات و بەبەرهەمیان بهێنێت، بۆیەش وەک زیندەوەرانی دیکە نییە، کە دوژمن و نێچیری تایبەتی هەبێت. هیچ بوونەوەرێک نییە، ئەمڕۆ پێی بگوترێ دوژمنی سروشتیی مرۆڤ، بەڵام دەکرێ هەموویان نێچیری ئەو بن. کاتی خۆی جۆرێک نەبووە، بۆی بکرێت هاوسەنگی لە سروشت تێک بدات، یان ژیانی سەر زەوی بشێوێنێت، کەچی مرۆڤی ئەمڕۆ دەتوانێت، نەک ژیانی خۆی بەتەنیا، بگرە ژیانی گشت زیندەوەرانیش بخاتە بەر مەترسی و هێڕشی لەناوچوون، کە بەداخەوە هەندێ جار واشی کردووە.
ئە‌و ململانە و کێبەرکێیانەی زیندەوەران کە لێیان دواین، لە لای دارویندا بوونە بنچینەی داڕشتنی چەمکی (هەرمان‌ بۆ چاکترین).
هەرمان‌ بۆ چاکترین
هەرمان‌ بۆ چاکترین (Survival of the fittest)، بریتییە لە:‌ بوونی چە‌ند نیشانە و تایبەتمەندییەکی دیارکراو لە‌ زیندە‌وە‌راندا وەک، هێز، مەزنی قەبارە، زیرە‌کی و گەلێکی دیکە، بۆ بە‌رگە‌گرتن لە‌ بە‌رانبە‌ر گۆڕانکارییە‌کانی ژینگە‌ و بە‌کارهێنانیان بۆ سە‌رکە‌وتن، لە‌و ململانانە‌ی بەرەو‌ڕوویان دە‌بێتە‌وە. ئە‌و تایبەتمەندییانە لە‌ زیندە‌وە‌رێک بۆ یە‌کێکی دیکە‌ جیاوازن، چونکە هۆکاری بەرگەگرتن و سەرکەوتن لەو ململانانەدا، ڕەنگە‌ لای جۆرێک هێز، گەورەیی و زلی لە‌ش، خێرایی ڕاکردن، لای هەندێکیش جوانی و زیرە‌کی، یان هەر تایبەتمەندییەکی دیکە بێت. لەگەڵ ئەوەش دەبینین هەندێ زیندەوەر هەن، هیچ کامە لەو نیشانە ناسراوانەیان تێدا نییە، کەچی ملیۆنان ساڵە جۆرەکەیان هەر ماوە. ئاژەڵێکی نەرمی وەک کیسەڵ کە لە جووڵەیدا گەلێک خاو و هێواشە، گەر ئەو قاوغە ڕەقەی نەبێت، چی دیکەی هەیە بۆ خۆپاراستن و مانەوەی بەو تەمەنە درێژە لەژیاندا. کەواتە بەهۆی بوونی چەند تایبەتمەندییەک (سە‌رکە‌وتووان) دە‌مێننە‌وە‌ و گە‌شە‌ دە‌کە‌ن و وەچە دە‌نێنە‌وە،‌ (دۆڕاوانیش) بەرانبەر بە هەلومەرجی جۆراوجۆر و گۆڕانکارییەکانی ژینگە بەرەبەرە‌ لە‌ناو دە‌چن، تا وای لێدێ بەتەواوی بنە‌بڕ دە‌بن.
لە لایەکی دییەوە، هەندێک تایبەتمەندی هەن تەنیا بۆ ئەو کات و ماوەیە پێویستن کە بۆ مانەوەی جۆر گرینگن، نەک بۆ مانەوەی تاک، چونکە سوودی تاکی هەر زیندەوەرێک تا ئەو کاتەیە کە زاوزێ دەکات. بەو واتایەی ئەگەر پاش نەوەنانەوە ئەو زیندەوەرە بمرێت، زیانێکی وای بۆ جۆرەکەی نابێت، لەبەرئەوەی جۆرەکەی هەر دەمێنێت و بەردەوام دەبێت لە ژیاندا، بۆیەش دەبینین لە پەرەسەندندا هیچ شتێک نییە، وا لە بوونەوەرێکی زیندوو بکات کە (نەمر) بێت. مەرگ ئەگەر لای مرۆڤ واتایەکی یەکجار قووڵ و بابەتێکی هەستیار بێت، هیچ کاتێک لە لای هەڵبژاردنی سروشتیی بەو شێوەیە نییە، نە بەرانبەر بە مرۆڤ و نە زیندەوەرانی دیکە. چونکە درێژی تەمەن و نانەوەی نەوەی زۆر، گەلێک کێشەی مەزنی لەدواوەیە و کارێکی سادە و سانا نییە، لەبەر بوونی ململانێی بەردەوام و سنووردارییەتی خۆراک و ژینگەی لەبار.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە چەندان زاراوەی پەرەسەندن بە تێگەیشتنێکی هاوچەرخانە، یە‌کە‌مین جار لە لای فە‌یلە‌سوفی بە‌ناوبانگ، هێر‌برت سپێنسە‌ر (١٨٢٠ - ١٩٠٣) بە‌کار هێنراوە‌. یەکێکیش لەوانە (هەرمان‌ بۆ چاکترین)ە، ئە‌م زاراوەیەی مانەوە بۆ چاکترین، لای سپێنسەر بۆ ڕاڤینی پە‌رە‌سە‌ندنی کۆمە‌ڵگە‌کان بووە،‌ نە‌‌ک بۆ پە‌رە‌سە‌ندنی زیندە‌وە‌ران. داروینیش هە‌رگیز نەی گوتووە ئە‌وانە‌ی لە‌م‌ ململانانە‌دا دەرباز دەبن،‌ بەهێزترین، یان چاکترین جۆری زیندە‌وە‌ران بن، هە‌موو کاتێکیش جەختی لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ دەکردەوە کە مەبەست لە پە‌رە‌سە‌ندن ئە‌وە‌ نییە،‌ زیندە‌وە‌ران بە‌رە‌و ئاستێکی چاکتر و باشتر بچن، بگرە ئە‌وانە‌ لە‌ ژیاندا دە‌مێننە‌وە،‌ پتر گونجاو و سازاون لە‌گە‌ڵ ژینگە‌کەی دە‌وروبە‌ریاندا. لە‌وانە‌یە‌‌ ئە‌و جۆرە‌ زیندە‌وە‌رانە‌ی لە‌ ڕۆژگارێکدا بنە‌بڕ بوونە‌ باشتر و جوانتر، یاخۆ بەهێزتر بووبن (دایناسۆرە‌کان)، لە‌وانە‌ی ئە‌مڕۆکە هە‌ن، کەچی بەبوونی چە‌ند هۆکارێکی جیاجیا نە‌یان توانیووە‌ خۆیان لە‌گە‌ڵ ژیانی نوێدا بسازێنن. لەبەرئەوەشە‌ لە‌م نووسینە‌دا چەندان جار ئەم چەمکە ڕوون کراوەتەوە، چونکە زاراوە‌ی هەرمان بۆ بەهێزترین، یان چاکترین، واتەی پڕاوپڕی ئەو کردارە ناگەینێ کە داروین مەبەستی بووە، بۆیە لێرەدا (هەرمان بۆ سازاوترین)، لە هە‌موو‌ زاراوە‌کانی دی سازاوترە‌!
ڕەنگە زۆربەمان کاتێک لە بیرۆکەی هەرمان بۆ بەهێزترین ڕامێنین، یەکسەر بیر و هۆشمان بۆ شەڕی نێوان بەرانە کێوییەکان و نێرینەی ئاژەڵەکانی دیکە بچێت، ئەوەی کە زۆرترین خۆراکی دەست دەکەوێت، یان بە مێیینە دەگات و زاوزێی لەگەڵدا دەکات، بێگومان دەبێ بەهێزترینەکەیان بێت، بەوەی کە هەر ئەویشە نەوە دەنێتەوە و درێژە بە مانەوەی جینەکانی دەدات لە بەرەکانی داهاتوودا.
بەڵام لە ڕاستیدا کێبڕکی لەپێناو مانەوەدا لەمە ئاڵۆزترە، لەبەرئەوەی لە سەرەتاوە کێبڕکێ لەسەر خۆراکە، پاشان لەسەر زاوزێکردن و خێرایی زۆربوون، لەدوای ئەمانەشەوە کە لە هەموویان گرینگترە دەبێت نەوەیەکی وا بەبەرهەم بێت کە ئەمیش بتوانێ زێدە ببێت. جگە لەمانە گەلێک هۆکاری دیکەی سەرەکی هەن کە بۆ مانەوەی زیندەوەران لەژیاندا پێویستن، بەوەی زۆر جار سەرکەوتن بەسەر ئەو بەربەست و کێبڕکێیانە، پێوەندییەکی ئەوتۆی بە بوونی هێز نییە، ئەمەش وا دەکات گەلێکمان بەهەڵە تێبگەین لە کێبڕکێ و زۆرانبازی لەپێناو مانەوەدا.
---------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە