راگەیاندنێك بۆ رایگشتی

Sunday, 21/04/2019, 12:10

5223 بینراوە


زیاتر لە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا، لە ناو دڵی شکستی سەرتاپاگیریی ھەمو پرۆسەی سیاسیی کوردستانی عێراق بە ھەمو حزب و بزوتنەوە سیاسیە تەقلیدیەکانیەوە، ئێمە کۆمەڵێك کەسایەتی و گەنج، بە ئومێدی سەرھەڵدانی مۆدێل و ئەزمونێکی نوێی سیاسیی سەرتاپا جیاواز، پێکەوە جوڵانەوە و ئاراستەیەکی سیاسیی تازە و دواتر (نەوەی نوێ) مان دامەزراند.
لە دیدی ئێمەوە، سێ ھۆکار، بنەما و پایە سەرەکیەکانی ھەمو شکستی پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی حزبە تەقلیدیەکانن: نەبونی ئازادی و دیموکراسی لە ژیانی حزبی و رێکخراوەییدا: کردنی حزبەکان لە ئامراز و ئۆرگانی گشتی و ھاوبەشەوە، بۆ موڵکی بنەماڵە و خێزانەکان: تێکەڵکردنی حزب و بزنس، بە جۆرێك حیزبەکان وەك لقێکی کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوەدەبرێن. ئەو سێ فاکتەرە، بۆ دەیان ساڵ، گەلی ئێمەیان لە شکست و کارەساتێکەوە گواستوەتەوە بۆ شکست و کارەساتێکیتر، تا لە ئێستادا، سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی و ئامانجی ھاوبەش لە وڵاتی ئێمە پایەماڵ کراوە و سیاسەت، لەبری بوار و ئامرازێك بۆ باشترین بەڕێوەبردن و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مادی و مەعنەویی ھاوڵاتیان و پاراستن و جێخستنی بنەماکانی دادپەروەریی، کراوەتە بوارێك بۆ بزنس و دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی.
ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ھەمو مۆدێل و ئەزمونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. بەو ئومێدەوە ھاتین، کە نەوەی نوێ بکەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەکەمان لە شکست: کە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشکەشی گەلەکەمان بکەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێکردن. بەڵام، ئێمە نیگەرانین، کە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەکە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە، ئیتر جیاکردنەوەیان سەخت بێت.
بۆیە، لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەکیە ھەڵبژێردراوەکانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رایگشتی و گەلەکەمان رایدەگەیەنین کە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ کردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بکرێتە بازنەیەکیتری شکستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی. بۆ راستکردنەوەی سیاسەت لە زۆنگاوی ئێستا و میللەتەکەمان لە شکست، بۆ کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و حوکمی بنەماڵە کە لە ٢٨ ساڵی رابردودا بونەتە مایەی شکست و کارەسات بۆ گەلەکەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین.

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٢١ ی نیسانی ٢٠١٩

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە