عێراق وەک کەری نێو جۆگەکە (بەشی دووەم)

Tuesday, 30/04/2019, 18:01

12172 بینراوە


بەڵام ئەمەریکا راشکاوانە و بەفەرمی سەرانی عێراق ئاگادارکردووە کە وڵاتەکەیان داگیرکراوە و هەرهەمو سەرەداوەکانی سیاسەتی ناوە و دەرەوەی عێراق بە بەشێک لە هەرێمی باشوری کوردستانیشەوە بەدەست ئێرانەوەیە،ژەنەراڵ  قاسمی سلێمانی سەرکردەی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس سەرکردەی حەشدی شەعبی فەرمانڕەوای راستینەی عێراقن و ئەوان بەپێی بەرژەوەندی یە هەنوکەیی و ستراتیژی یەکانی ئێران عێراق بەڕێوەدەبەن و کردویانە بە سەنگەری هەرەپێشەوەی روبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەمەریکاداو چەکی قورسی وەک مۆشەکی بالیستی یان لەبەردەستدایە، ئەمەش ئارامی ناوچەکە پتر دەخاتە بەر مەترسی یەکانی ئێران،بەو هۆیەوە ئەگەر پابەندی بڕیارەکان بن،مامەلەی دۆستێکی بێلایەنتان لەتەکدا دەکرێت، ئەگەر نا، ئەوە(ئۆباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆت).ئەویش بە منجە منج و شەرمنانە دەڵێت هیزەکانی (حەشدی شەعبی)بە پێی فەتوای شەرعیی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق ئایەتوڵا سیستانی دامەزراوە بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرش و مەترسی یەکانی شاڵاوە کتوپڕەکەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیی لە عێراق و سوریا(داعش) بۆ سەر موێڵ و داگیرکردنی بەشێکی بەرچاو لە عێراق.ئەمە جگە لەوەی حەشدی شەعبی لەمپەڕێکیشە بۆ پاراستنی ئێران لە دوژمنەکانی کەلەوناوەدا خۆیان مەڵاس داوە. ئەوەی راستیی بێت ئێران دژایەتی داعش ی نەکردووە،بەڵکو لەچەندین بواردا بۆ مەرامی تایبەتیی بەکاریبردون ..هەندێک جار وەک(حەشد و داعش) وەک ئەڵقەی پەیوەندی لە نێوان ئێران و حزبوڵای لوبناندا چەک و تەقەمەنیی و جەنگاوەرانی گوێزاوەتەوە لە عێراقەوە بە نێو سوریادا گەیاندۆتە لوبنان.
سەرانی عێراق بەپێی سیاسەتی (لەناڵ یش دەدات و لە بزماریش) دەیانەوێت دۆست و هاوپەیمانی ستراتیژیی ئێران بن و خۆیان لە سزاکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیشی بپارێزن.ئەوەتا دەبینین هێشتا سەری رەزامەندیی بۆ ئەمەریکا نەلەقاندووە،چونکە لەلایەنی سیاسی یەوە دەتوانێت بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی بگونجێنێت،بەڵام لەلایەنی مەزهەبیی و شیعەگەرێتی یەوە پێویستە بەهیچ جۆرێک خۆی بە دوژمنانی ئێرانەوە نەبەستێت و راشکاوانە لەروی پلانەکەدا بوەستێت کەلەبنەڕەتدا بۆبەهێزکردنی ئیسرائیل وچارەسەرکردنی کێشەی (فەلەستان) ە لەبەرژەوەندی جولەکەو دەستهەڵگرتنی سوریا لە بەرزایی یەکانی جۆلان، چونکە فەلەستانی یەکان سەرچاوەی دارایی و پشت و پەنایان نامێنێت ، هەردو پشتیوانە گەورەکەیان ئێران و سوریا دەستیان لەدەستی کەروێشک کورتتر دەبێت و هێزوپێزی چنگهاویشتن و قەپاڵگرتن و تەنانەت گەڤــ کردنیشیان نامێنێت. جا ئەگەر عێراق پابەندی بڕیارەکەی ئەمەریکا بێت، دەبێت دور لە هەژمونی ئێران و تورکیا شەراکەتێکی راستینەو بێ فڕوفێل لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات،ئەگەر لە ئەمەریکاش (بەلەسە بێت) ئەوە لەو سەرو بەندی ئاڵۆزییەدا(کە نازانرێت چۆن دەبێت) پشتگیری یەکی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتیی بۆ هەرێم دەڕەخسێت کەدەوڵەتی کوردستانی باشور دابمەزرێنێت.دیارە ئەم سیناریۆیانە پەیوەندی بە هەڵکشان و داکشانی پەیوەندی یەکانی ئەمەریکاو روسیاو ئەمەریکاو تورکیاو پەیمانی ناتۆ و تورکیاشەوە هەیە هەتا ئەو کاتەی نۆرەی تورکیاش دێت.
تورکیا هەر زو بەفەرمی رایگەیاند کە پابەند نابێت بە بڕیارەکانی ئەمەریکاوە،بەڵام  عێراق هێشتا هەڵویستی خۆی ئاشکرا نەکردووە،ئێرانیش ئەگەر لایەنی جەنگ هەڵبژێرێت وەک لە راگەیاندنەکانیدا دەردەکەوێت،فەرمانداری سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات(هەشت هەزار کیلومەتر لەسنورەکانمان دورکەونەوە)،(کارێک بە جولەکە دەکەین شوێنێک نەدۆزنەوە کوژراوەکانیانی تێدا بنێژن)،(گەروی هورمز ئاوڕێ یەکی ناوکۆیی یە بۆ هەموان،ئەگەر رێگەنەدەن نەوت هەناردەبکەین،ئەو گەرووە دەبەستین، ئەگەر ئەمەریکاش بیگرێت ئەوە کارەساتێکی ئابوریی جیهانی یە) بەوجۆرە ئەگەر ئێران لایەنی جەنگ هەڵبژێرێت کە ئەگەرێک دورە،ئەوە هەرنەبێت لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمەتبار دەکرێت بە داخستنی ئاوڕێی نێودەوڵەتی گەروی هورمز ومێزەری مەلائاخوندەکانیش بێسەر دەمێنێتەوە.
********

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە