سەردەشتی جوانەمەرگ ووتی من عاشقی کچەکەی بارزانیم

Sunday, 05/05/2019, 22:01

8458 بینراوە


منیش دەڵێم عاشقی حەماقەتی ئێوەم 
بەرلە ٩ ساڵ و لە ڕۆژی ٥/٥/٢٠١٠ دا بە بەرچاوی ھەموانەوەو بە ڕۆژی ڕوناک سەردەشتی ھەمیشە زیندووی خوێندکاری زانکۆ لە بەردەم زانکۆدا ڕفێندرا ، پاش چەند ڕۆژێک تەرمەکەی دۆزرایەوە و بە تیرۆریستیش ناسێنرا لە لایەن دەسەڵاتی خێڵی سەری ڕەشەوە ، کۆمەڵێک گەر دەستی بچێتە تاکی دواڕۆژی ووڵاتەکەی چۆن بڕوای پێدەکرێت ؟ چۆن لێی ڕادەبینی تۆیەک بپارێزێت ؟ چۆن متمانەی ئەوەی پێدەکەی سەرخان و ژێرخانت تاڵان و ھەڕاج نەکات ؟ کە ئەمانەی ھەموو کردووە و بەردەوامیش دەیکات و بۆشی چۆتە سەر .
ئەوەی لای من جێگای سەرنجە ڕاگەیاندنەکانە ھەموو ساڵێک لە یادی تیرۆری سەردەشت عوسمان و تیرۆرکراوانی دیکەی وەک کاوە گەرمیانی و ویداد حسێن و سۆرانی مامە حەمەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە تا بە ئێستا بکوژەکان ئاشکرا نەکراون و نەدراون بە دادگا . 
من دەپرسم گەر دادگاو یاسابەدەستان بکوژبن چۆن دەتوانن بکوژەکان ئاشکرا بکەن ؟ 
بکوژی سەردەشت عوسمان ڕوون و ئاشکرایە مەسروری کوڕی مەسعودی ئالبارزانە کە بەرپرسی پاراستن بوو بەھۆی ئەو کارە تیرۆریستی و ئەشکەنجەی زیندانەکانی و زیندانە نھێنیەکانیەوە پلەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی بنەماڵە و لای ھەموانیش ئاسایی دەبینرێت لە کاتێکدا ئەو زاتە نەک بۆی گرنگ نیە ژیانی زەردەشتەکان ھەزاران سەردەشت دەکاتە قوربانی بنەماڵەوکورسی سامان و ئێوەش بێدەنگ دابنیشن تا سەرەی تیرۆرکردنتان دێت .
پاشان خۆ بکوژانی ١٧ شوبات وەک ڕۆژی ڕوناک لە بەرچاوی کامێراکاندا گەنجانیان خەڵتانی خوێن کرد کامیان گیران و کامیان ژیانی لێ تاڵ بوو لە ترسا ؟؟ 
تکایە کەس نەڵێت بکوژی زەردەشت نادیارە و نەدراوە بە دادگا ئەو ووڵاتە نە دادی تیایە نە یاسا خێڵ سەروەرە نەک یاسا مێشک ژەنگاویەکان سەرۆکن نەک مرۆڤ بکوژ دەسەڵاتە نەک مافدار 
زەردەشت نەمردووە 
من عاشقی حەماقەتی ئێوەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە