موسیقای کوردستان و رۆڵی دەسەڵات و میدیا

Tuesday, 07/05/2019, 23:41

7223 بینراوە


ئاڵووگۆڕە جیهانییەکان و هاتنی میدیاو تەکنۆلۆژیا کاریگەری هەرەزۆری لە هەموو بەشەکانی گۆی زوەییدا دانا. ئەم ئاڵوگۆڕ و بەرەوپێش چوونانە جگەلە گۆڕینی بیر و هزری تاکەکان و سیمای کۆمەڵگای بە تەواو بەشەکانییەوە تووشی گۆڕان کرد. هەر بەشە و بەپێی ڕادە و هەڵکەوتەی جوگرافیایی، ناوچەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەوە بەر ئەم گۆڕانانە کەوتوون. بەرجەستە بوونەوەی سەرمایەداری و کارابوونی میدیاکان و.. کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیی لەسەرجەم رەهەندەکان دانا. هونەریش بەڕادە و پێگەیەکی کە هەیەتی کەوتوتە ژێر کاریگەری ئەم بەشانەوە. بە گەشەکردنی سەرمایەداری تەکنۆلۆژیا و میدیایش گەشەدەکات و ئەمەش بەشێوەی خۆی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تووشی گۆڕان دەکات. لە ڕاستیدا لەمڕۆدا سنوور بۆ میدیا و دەسەڵاتی زاڵ زۆر بێمانیە و هەمووکات ڕێگەکان تاقی دەکاتەوە تا دەستی بگاتە ئەو شوێنانەی کە هێشتا دەستی پێنەگەیشتووە. ولاتانی زل هێز و داگیرکەران لە رێگەی میدیاکان ئاسانکاری زۆریان کردووە، لە چرکە ساتێکدا لە نێو ماڵەکانی هەمووماندان و بۆمان دیاری دەکەن چی بخۆین، چی بپۆشین و چی ببیستین و تەنانەت چۆن هەڵسووکەوت کەین. ئەمە دەبێتە ئامرازێکی باش کە بەرخۆرێکی باشی لێ پەیدا بکرێت بۆ مەسرەفی زێدەتر... . کۆمەڵگای ئێمەش بێبەری نەبووە لە بەرووبوومی ئەم پێشکەوتنانە. بەڵام جیاوازی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو لەوەدا بووە کە ئەم پێشکەوتنانە و هاتنی ئەمرازەێکی زۆر و یەکجارەکی و بێبنەما بێئەوەی ئێمەیش دەستێکمان هەبێت لە بەرهەمهێنانیاندا، هاتوونەتە کۆمەڵگای ئێمەدا و ڕاستەوخۆ کاریگەر بوون لە سەر کلتووری وڵاتەکەماندا. هاتنی لە ناکاوی کەرەستە سەردەمیەکان چونکوو پێشوەخت لە ڕووی کولتوورییەوە کار بۆ جێکەوتنی نەکرابوو، کاردانەوە نیگاتیڤەکانی زۆرتر بووە لە کاردانەوە پۆزێتیڤەکانی. لە هەموو وڵاتەکان و بەتایبەت وڵاتە پێشکەوتوەکاندا لایەنی باش و خراپ لە نێو کۆمەڵگادا بوونی هەیە بەڵام تەواو هەوڵە(سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی) و بەتایبەت [هونەری] یەکان لە ئاراستە و بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ووشیاری و بە ئاگاکردنەوەی کۆمەڵگا بەکار هێندراون تاکوو لایەنی ئیجابی باڵا بکات. بەداخەوە لە ئێستادا و لەم دۆخ و سەردەم و جوگرافیایەی کورد تێیدا دەژیت ئەوەی دەتوانیت پشتی پێبەستین و متمانەمان پی هەبێت کە داهاتووی لەسەر بونیاد بنرێت تووشی سستی و لاوازی و بێچەمکیێکی بەرین هاتووە. ئەم خەسار و زیانانە بەرهەمی ئەمڕۆ و یان دوێکە نیین و بە هێوری و سانایی لە درێژەی زەمەندا هاتوونەتە ئاراوە و لەم ڕەوتەشدا هەندێک هۆکاری سەردەمیانە خێراییان بەخشیوەتە ئەم کاولکاری و داڕمانە. کوردستان وەک هەڵکەوتەی جۆگرافیایی هیچ کات لەم زیانانە بێبەری نەبووە و بەڕادەی خۆی بەر ئەم زیانانە کەوتووە لە هەر سەردەمێکدا بە شێوەگەلی جۆراوجۆر کەوتووتە بەر هێرش و هەڕەشەی لە ناوچوون بەڵام لە هەموو سەدە و سەردەمێکدا سەرباری ئەو گوشارانەی بە درێژایی مێژوو بەسەرییەوە بووە کار و چالاکی بە ڕادەی توانا و دەرفەتی ڕەخساو کردووە. لەم سەردەمەشدا کێشەکان نەک هەمووی لە ناو نەچوون بەڵکوو لە سیمایێکی سەردەمیانەدا سەریان هەڵداوەتەوە. هۆنەری موزیک کە مەبەستی سەرەکی بابەتەکەی منە بەر شەپۆلی ئەم گۆڕانە کەوتووەو بە شێوەیێک کە مرۆڤ تووشی لارێ دەکات لە نێوان هونەری باش و خراپدا .
هونەرمەندە ڕاستەقینەکان و بەرهەمەکان، لەم سەردەمەدا پەراوێز کەوتوون هونەرمەندی داهێنەر و نوێخواز لە کۆمەڵگای ئێمەدا گۆشەگیرکراوە, هونەرمەند چۆن دەتوانێت بێ ئەوەی لەسەردەم دابڕێت، بێ خۆبواردن  بە ورەی پۆڵایین و چالاکانەوە، لە ئاستێکی بەرزدا مووسیقا بەرهەمبهێنێت. 
لە کوردستان ڕۆژانە ئەو کلیپ و مووزیک و بەرهەمە ڕەنگاوڕەنگانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا حزبی وحوکومەیەکاندا دەیبینین ئەو پرسیارەمان لا درووستدەکەن کە لە ناو هەموو ئەم بەرهەمانەدا کە وەک لافاو بەسەر بینەران و بیسەراندا دەبارێن تا چ ڕادەیەک پارێزگاری لە ئوسلوب و ستانداردی مووزیک و هونەری موزیک دەکەن، یانی چ ڕۆلێک لە پاراستنی کلتووری وڵات دەگێرن و بە پێچەوانە چەندە کاریگەر بوون لە دابەزاندنیدا، جیاوازی هونەری ڕابردوو و هونەری ئەمڕۆ لە چیدایە و کامیان ڕسالەتی ڕاسەقینەو بێگەدری هونەریان پاراستووە؟ دەستی پشتی ئەم پڕۆژانە یان پشتیوانی  ئەم بەرهەمانە  کێن و بە چ مەبەستێک ڕێگە بە پەرەسەندنی ئەم شێوازە لە موزیک دەدەن؟ ئایا لەمڕۆدا داهێنان لە هونەردا مەرجە یان بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ و بێکوالیتی؟ ڕاهێنان و پەروەردە لە ڕێگەی مووسیقاوە چەندە لە ناو کەشی ڕاهێنانی ئێمەدا ڕێگەپێدراوە؟ دەیان و سەدان پرسیاری دیکەی لەم چەشنە. بۆ زیاتر چوونە نێو باسەکەوە و ڕوونتر کردنەوەی ئەم کێشانە لە نێو دنیایی مووسیقای کوردیدا، سەرەتا پێویستە ئێمە هەندێ بگەڕێینەوە بۆ دواوە و لە ڕابردووەوە خوێندنەوەی سەردەمی ئێستا بکەین..
موزیک لە کوردستان لە کۆنەوە بوونی هەبووە و بەشێ دانەبڕاو بووە لە ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگا. بۆ نموونە لە لایە لایەی دایکەکانەوە بگرە بۆ کۆڕ کۆبوونەوەکانی شەوانە کە بەیت وولاوک وحەیران و گۆرانی تێدا وتراوە و گەلەڕاوژەیان کردووە. گەر ناوەڕۆکی ئەم ئاواز و مووزیکانە لێک  بدەینەوە چەمگەلێک وەک حەماسە و قارەمانێتی میلەتێک، یان خۆشەویستی و لێکدابڕانی دوو خۆشەویست و.....هتد دەگێڕننەوە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ئاواز و مووزیکی کوردی چ ڕۆڵێکیان هەبووە و بە چ ئامانجێک چالاکیان کردووە. بە وردی گەر پێداچوونەوە بەم بەشەدا بکەن دەبین چەندە جیاوازی و بەرهەمهێنان لە مووزیکی کوردیدا بوونی هەبووە. گەر سەردەم و ئیمکاناتی ئەوسای گۆرانیبێژ یان بە گشتی بەشی مووزیک لێکبەینەوە دەبینین لەگەڵ کەم و کووڕی زۆردا ڕووبەڕوو بوون. هونەرمەندانی ڕابردوو بە کەمترین ئیمکانی کارییەوە زۆرترین خەلاقیەتیان هەبووە لە بەرهەمەکانیاندا. دەبێت بە هەڵەدا نەچین ڕاستە هونەرمەندانی ڕابردوو بەرهەمی هەرە باشیان هەبووە و بە گشتی خاوەن بنەمایەکی قورس و قایم بوون بەڵام دەبێت ئەوە فەرامۆش نەکەین کە لە هەر خول و سەردەمێکدا چەندە هونەرمەندی باش هەبووە بەو ڕادەش هونەرمەندی خراپ هەبوو.  بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا لە مێژوودا دەمێنێتەوە هونەر و هونەرمەندی ڕاستەقینەیە.  بۆ نمووەنە مامۆستایان(حەسەن زیرەک و موجتەبا میرزادە، عەلی مەردان، تایر تۆفیق ، قادردیلان ، حەسەن یووسف زەمانی ، سەیدعەلی ئەسغەر، محەمەد شێخۆ، کاویس ئاغاو )... و کەسانی دیکە کە کۆڕ و کۆمەڵی خۆیان هەبووە و ژمارەیان کەم بووە، هەرکام لەم کەسایەتییانە لە کۆمەڵگا لە سەردەمی خۆیان کار و چالاکییان کردووە رۆلێکی بەرچاویان گێراوە. سەردەمێک کە نەریتە دواکەوتووەکان و وژمی بێگانە زاڵ بووە بە سەر کۆمەڵگدا و ئەم هونەرمەندانە بە پێی توانا وئیمکان و زەمینەی کارییان لەوکاتەدا بەرهەم دەخولقێنن. کۆمەڵگای ئەو سەردەمەش بە ڕادەی ئێستا پێشکەوتوو نەبووە هەرچەندە کۆمەڵگا بەرەو پێش بچێت بە هەمان ڕادەش گیروگرفتەکانی زیاتر دەبێ. هەر ناوچە و شارێکی کوردستان مووزیک و گۆرانی تایبەت بە خۆی هەبووە و زۆربەی داستان و ڕەوایەتە مێژوویی و حەماسییەکان لە ڕێگەی لاوک چر و بەیت بێژ و گۆرانی بێژەوە پارێزگاری لێکراوە و سینگ بە سینگ و جیل لە دوای جیل هاتووە تا گەیشتووەتە دەستی ئێمە. تەنانەت هونەرمەندانی بیانیش کەڵکیان لەم مێلۆدیانە وەرگرتووە و بە ناوی هونەری خۆیانەوە پێمانیان فرۆشتووەتەوە. ئەم هونەرمەندانە تریبونێکی وەهایان لە بەردەستدا نەبووە کە بەرهەمەکانیانی لێ بڵاو بکەنەوە، چونکوو بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و سیاسی کوردستان بەشێکی پەراوێز خراو بووە و ئیمکاناتێکی ئەوتۆی لەبەردەستا نەبووە بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان، گۆرانییەکانیان لەسەر شریت تۆمار دەکرد یان لەڕێگەی چەند ڕادیۆ بۆ نموونە بەغداد، کرماشان، تاران و سنە))کە لەو کاتەدا بوون بەرهەمەکانیان بڵاو دەبوەوە. ئەم دەرفەتەش بۆ هەموویان  نەبووە تەنها بۆ بەشێک ئەم ئیمکانە مسۆگەر بووە. لەو سەردەمەشدا زۆر هونەرمەندی باش و لێهاتوو بوون کە نەناسراون و لە کەلێن و قوژبنەکانی مێژوودا ون بوون، و لەم سەردەمەشدا تاک و تەرا لێرە و لەوێ دەتوانین بەرهەمێکیان وەدست بخەین. بەڵام خەسڵەتی بەرهەمی ڕەسەن ئەوەیە کە هیچکات ون نابێت و لە دوخی پێویستدا سەرهەڵدەداتەوە و دێتەوە نێو خەڵک و کۆمەڵگا. لێرەدا مامۆستایانموجتەبا میرزادە و حەسەن زیرەک بە نموونە دێنمەوە، ئەم دوو مامۆستایە چ لە سەردەمی خۆیاندا و چ لەم سەردەمەشدا لەبواری موزیکدا رۆڵێکی بەرچاویان گێراوە بەڵام تا ئێستا کەس نەیتوانیە لەم هونەرمەندانە و نموونەگەلی لەم شێوە بنێتە پشت سەر و لە زۆربەی کاتەکاندا بەرهەمەکانیان دووپات دەکەنەوە جگەلەوەی هیچ  تازەگەریێکی لەسەر کرابێت و تەنانەت بەرهەمە هونەرییەکەی ئەوانیشیان سەقەت کردووە. خاڵی گرینگ لێرەدا ئەوەیە بە گشتی هونەرمەندانی ئەو سەردەمە نەکەوتوونەتە ژێر هێژموونی و دەسەڵاتی لایەن یان دەسەڵاتێکی پەیوەندیدارەوە، کە بەو پێیە و لە ڕاستای ئایدایۆلۆژیکێکی تایبەتدا بەرهەمەکانیان بخولقێنن گەر نموونەی وایش بووبێت ژمارەیان کەم بووە. هونەرمەند کەسایەتیێکی ئازاد و سەربەخۆیە و بە ویستی خۆی ئافراندن دەکا. 
ئەم ڕەوتە درێژە دەکێشێت تا ئەو کاتەی ورژمی فەرهەنگی وتەکنۆلۆژیا ومیدیا و دەسەڵاتی پەیوەندیدار دێتە ناو کۆمەڵگاوە، هاتنی ئەم بابەتانە بۆ ناو مووزیکی ئێمە، کاریگەری زۆر لەسەر جێگەو پێگەی هونەرمەند داناوە، بە شێوەیەک کە هەموو هاوسەنکییەکان دەگۆڕێت. هەموو ئەو بەرهەمە هونەریانەی پێشووتر بە چەندین کەس و لە چەند شوێنی جیاوازدا بەرهەمدەهات، لە ئێستادا کۆمپیوتەرێک هەموو ئەم کارانە یەکجێ دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا هونەریش بەرەو کاڵایی بوون دەچێت. هەندێک لە هونەرمەندان  پەراوێز دەخرێن جیلێکی نوێ لە مووزیکی ئاراستە کراو هەڵدەدەن. دروست بوونی گۆرانیبێژێکی زۆر ،گۆڕانی فۆرموو ناوەرۆکی موزیکەکان ، هاتنە خوارەوی ئاستی هۆنەری موزیک لە بابەت کونسێرتوئاڵبوم. بۆ بەرێوە چوون   و جێ خستنی ئەم مەبستانەش کەلکێکی زۆر لەمیدیاکان گیراوە.
لە سەرەتای باسەکەمدا ئاماژەم بە ڕۆڵی میدیاکان کرد کە چ ڕۆڵێکیان هەیە و بووە لە بڵاو کردنەوەی ئاواز و مووزیکی ئەم سەردەمەدا. ئەو کاتەی حکوومەتی بەعس لە عێراق دەڕووخێت و ئاڵووگۆڕ لە هەموو ناوچەکانی عێراق دێتە ئاراوە و کوردستانیش  بە گشتی  بێبەهرە نابێت لەم گۆڕانانەدا و کراوەی و ئازادی تێدا مسۆگەر دەبێت، هاوکات لەگەڵ گۆڕانەکانی دیکەدا میدیا، ڕۆژنامە و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەکەونە گەشە کردن. ئەم وەرچەرخانە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر هونەرمەندان و بەرهەمەکانیان دادەنێت. لەسەرەتادا ژمارەیێکی کەمی میدیا دەکەونە ئیشکردن و کوالێتی پڕۆگرامەکانیان تا ڕادەیەک خراپ نابێت. بە گەشەکردنی ئابووری و هاتنە ئارای سەقامگیری و ئارامی ژمارەی ئەم میدیایانە ڕوو لە زیاد بوون دەکەن، بەو ڕادەی کە ژمارەیان ڕوو لە زیاد بوونی دەکرد بەو ڕادەش کوالیتی پڕۆگرامەکانیان بەرەو داکشان دەڕۆیی. لە ئێستادا زۆربەی ئەم میدیایانە تۆشی گۆران بوونەتەوەو بەرەو ئاقارێکی نالەباری فەرهەنگی چوون کەوتونتە ژێر کاریگەری فەرهەنگی بێگانەوە. ئەم رەوتە جیاواز لەوەی تاکەکانی تووشی بە خۆ نامۆییە کردووە بەڵکوو ئەم میدیایانەش بەکار دەهێنێن بۆ بەردەوام بوونی ئەم دۆخە و بەرخۆری زیاتری کۆمەڵگا. دەستی شاراوەی پشتی بەشێکی زۆری ئەم پڕۆژانە، سەرمایەداران و زلهێزانی جیهانن کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان و میدیا حزبی حوکومیەکانەوە کۆمەڵگا یەکدەست کەنەوە و لەم ڕێگەوە خەڵکی بە نزم بیرکردنەوە ڕابێنن و بە مەیلی ئەوان هەڵسووکەوت بکەن. 
موزیکی ئێمە وای لێهاتووە لەم سەردەمەدا و بە ئیمکاناتەی لەمڕۆدا هەیە گۆرانی بێژ وەک ڕابردوو پێویست ناکات کات و تێچووی زۆر و جەستە و مێشکی ماندوو کات و ئەم لاو ئەولا کات بۆ فێر بوون، تەنها سیمایێکی ڕێک و پێکی بێت تەواوە و  تەکنۆلۆژی سەردەمیانە دەنگ و مووزیکی بۆ ڕێک دەخەن و یەک شەوە دەبێتە ئەستێرەی پڕشنگداری پانتای هونەر.  کاتێک ریکلام بۆ کاڵایەک دەکرێت ئەوە لە ڕێگەی مووزیک و گۆرانییەوە چێژبەخشتری دەکەن لای بەرەندەکان. بە گرتنەوەی شوناس و کەسایەتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا ڕێگەت ئاواڵەیە بۆ وەدەست کەوتنی قازانجی زیاتر و سەپاندنی کولتووری بیانی و باڵادەست. 
هەر لە رێگای میدیاکانەوە دەتوانن ڕۆڵی کاراتر بگێڕن لە ڕاهێنان و پەروەردەی تاک بە تاکی کۆمەڵگادا و لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی هونەرمەندانی ڕاستەقینە بن کە زیاتر بەرە بە کار و چالاکییەکانیان بدەن. بەم شێوە هەم هونەرمەندان گەشەیان دەکرد هەم ئاستی ووشیاری کۆمەڵگایش بەرەپێش دەچوو. نەبوونی یاسا و پێوەری غەیرە حزبی و حوکومی دیاری کراو لەسەرجەم ئەم بەشانەدا شەرعیەتی داوەتە ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە. ئەم چەشنە هەڵسووکەوتانە زەرەر و زیانی تەنیها بۆ کۆمەڵگا و داهاتووی کولتوور و هونەری وڵاتەکەمان دەبێت. ئەم هەلسووکەوتانە هۆکاری گرینگ بوون لە نەزۆک کردنی مووسیقای ئەم سەردەمەی کوردستان .
بەڵام بەتەواو ئەو مشکل و خەسارانەوە جێگەی دڵخوشیە هێشتا ڕەوتی موزیکی ئاست بەرز و پر ناوەرۆک  وبایەخ دار  بە تەواوی لەناو نەچووە و لە ڕێگەی کەسانی داهێنەر و بیرمەندو سەرباری بێ ئیمکاناتێکی زۆر هەوڵیان داوە تاوەکوو بەر بەو خەسارە بگیرێت. بەڵام سەرەرای ئەو هەوڵانەش تاوەکو هۆنەر وهۆنەرمەندی ئێمە ئاراستەکراوی دەسەلاتی  حزبی وحوکومەت بێت و بیرورای دەسەڵاتداران  بەسەر فەرهەنگ و هۆنەردا  زاڵ بێت   ئەو رەوتە هەر درێژەی دەبێت هیچ کات هۆنەرمەند ناتوانیێت بە بیر وهزری خۆی ئافراندن بکات بەم شێوە کەسایەتی  داهێنەرو بە توانا لە کۆمەڵگا سەرهەڵ نادات . . ئەم بابەتە لەوانەیە لای کاربەدەستان  زۆر گرینگ نەبێت، چونکوو ئەوەی لەسەرەوەیە و حوکم لەسەر بڵاو بوونە و نەبوونەوەی دەدات لەوانیە هەندێکیان لە روی نائاگاهی فەرهەنگیەوە و بەشێکی زۆریشیان بۆ بەژەوندی سیاسی و ئابوری، فەرهەرنگ و هۆنەر قوربانی دەکەن.
رۆژنامەی رۆژان ژمارە 280 - گوڵان 1398

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە