بەشەکان



بابەت بە پێی ڕۆژ

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  • 31
  •  


ڕیکلام

نووسین » ڕه‌خنه‌


هەلپەرستی مشەخۆر

محەمەد بەرزی

Monday, 05.13.2019, 22:34

827 بینراوە


ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی سوک و ئاسان پێناسەی هەلپەرست بکەین ، ئەوا دەڵێین :  هەلپەرستی نەخۆشییەکی مەترسیدارە و  جۆرێکە لە جۆرەکانی سیاسەت و  خۆی لە خۆیدا بریتییە لە هەڵپەی سودوەرگرتن لە بارودۆخێکی دیاریکراو ، بەوپەڕیی ئاگایی و خۆپەرستییەوە ، بەبێ ئەوەی حساب  بۆ   زیان و ئەو کارەساتانە بکەن ، کە  بەر نیشتمان و کەسانی تر دەکەون .  یان هەلپەرست  ئەوکەسەیە ، کە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەخاتە سەروو بەرژەوەندی گشتییەوە و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانی تەنها  گەیشتنە بە ئامانجەکانی .  بێگومان کەسانی هەلپەرست زۆرزان و زیرەکن و لە هوویەک موویەک دەکەنەوە و  توانای لە خشتەبردنی دەوروبەریان هەیە و زۆر بە چاکی دەتوانن نمایش بکەن و بە فێڵ و درۆ و دەلەسە  خۆیان بەرنە پێشەوە و ببنە جێگای ڕێز و خۆشەویستی و متمانەی تەواوی خەڵکی .  لە هەمان کاتدا  هەلپەرستان زۆر بە وریایی یەوە دەتوانن  سود لە هەڵە  و خاڵی لاوازی بەرامبەرەکانیان وەربگرن  و بیرکردنەوەیان بشێوێنن  ، تا فرسەت دەهێنن و  دەگەن بە  پۆستی گەورە و گرینگ و زۆر بە چاکی پێگەی خۆیان قایم دەکەن و  لە سایەیدا بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەپارێزن .   
بە گشتی لە پێشدا زۆر بە گران لە ناخی کەسانی  هەلپەرستی خۆپەرست دەگەین ، چونکە بە سەرزاری زمان شیرین و لێوان لێون لە نیشتمانپەروەری و نەرمونیانی و خۆشەویستی و ئەمەک و هاوریێ یەتی ، بەڵام لە ڕاستیدا جامبازن و  جگە لە بەرژەوەندی خۆیان ، هەڵگری هیچ بەهایەکی جوان و بیروباوەڕێکی دیاریکراو  نیین ، فریودەر و  ماستاوچی و لەبلەبانن و هیچ شەرم و شورەییەکیان نییە و  سەرێکیان هەیە و هەزار سەودا و ناخیشیان پڕە لە درۆ و فێڵ و تەڵەکەبازی و بۆ گەیشتن بە مەبەستی شارراوەی خۆیان ، کۆ لە هیچ ناکەن و هەموو شێواز و ڕێگایەک  بەکاردەهێنن .  خۆ  کاتێکیش بە خۆمان دەزانیین و  ڕووی ڕاستەقینەی هەلپەرستمان بۆ دەردەکەوێت ، ئەوان پێشتر و بە یارمەتی ئێمە گەیشتۆنەتە ئامانجی خۆیان و لە خشتەیان بردووین و کڵاویان کردۆتە سەرمان و تووشی زیانی زۆریان کردووین ،  چونکە هەلپەرستەکان لە بەخشندەیی شۆرراونەتەوە و تەنها مەبەست و بیرکردنەوەیان بەرژەوەندی تایبەت و چنینەوەی دەستکەوتەکانی خۆیانن .  
 بێگومان لە دەورووبەری ئێمەشدا کەسانی هەلپەرست هەیە و دەکرێت لە ڕێگای ئەم خاڵانەی لای خوارەوەدا  تا ڕادەیەکی زۆر  بیاناسینەوە : 
١ – هەلپەرست وا خۆی نیشاندەدات ، کە توانای هەموو ئیشێکی هەیە و ناوسکی پڕە لە قسە و  لە کۆبوونەوەکاندا بە خێرایی قسەدەکات و ئامادەیی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئیشێک نیشاندەدات ، تا سەرنجی لیپرسراوەکانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و لییان نزیکبێتەوە .  
٢ -  بەردەوام ڕەخنە لە هاوڕیێ کانی دەگرێت و لەبەرچاوی لێپرسراوەکانی  کەموکورتییەکانیان دەخاتە ڕوو ، تا خۆی وەک باشترین کەس نیشانبدات .
٣ –   لە کاتی قسەکردنی کەسانی تردا ، قسەکانیان پێ دەبڕێت و دەکەوێتە ستایش و دەرخستنی بەهرە و تواناکانی خۆی و  گویێ لە کەس ناگرێت ، تەنها باسی لایەنە باشەکانی خۆی و کەموکورتی بەرامبەرەکانی دەکات .   
 ئەوەی شایانی باسە هەلپەرستە جامبازە مشەخۆرەکان ، لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و بە زۆریش  لە ناو  پارتە دەسەلاتدارەکاندا جێگا بۆ خۆیان دەکەنەوە ، چونکە چاکدەزانن لە ڕێگای ئەو پارتانەوە دەتوانن بگەن بە ئامانجە پۆخڵەکانیان .  بە زۆڵیتی دروشمی ئەو پارتانە هەڵدەگرن و بە درۆ داکۆکی لە رێبازەکەی دەکەن و  بۆ هەڵخەڵەتاندنی بەشێک لە خەڵکی کار بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان دەکەن .  بەڵام لە ڕاستیدا بێ بیروباوەڕن و تەنها چاویان لە بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆیانن و ئەوەی بە خەیاڵیاندا نەیەت سیاسەتی ئەو پارتانەیە و لە کاتی تەنگانەدا پشتی تێدەکەن ، بەڵام لە ئەنجامیشدا زۆر بە خراپی لەسەر هەردوو لایان دەکەوێتەوە .  بۆ ڕاستی ئەو قسانەش نموونەی زۆرمان لەبەردەستدایە ، کە تەنها ڕووناکی دەخەینە سەر دوو دانەیان :  ئاشکرایە  لە کاتی خۆیدا ژمارەی ئەندامانی حیزبی شیوعی سۆڤییەت ، نزیکەی پازدە ملیۆن ئەندام  بووە ، ئەمە سەرباری ٤٠ ملیۆن لاوانی شیوعی مەشقپێکراوی ئامادە  بۆ ڕۆژانی تەنگانە .  ئەو ژمارانە ئەوەند زۆر بوون مەحاڵبوو ئەو حیزبە دووچاری ڕوخان و شکستی گەورە بێت ، بەڵام ئەوە بوو  لە تەنها شەو و ڕۆژێکدا ئەو حیزبە زەبەڵڵاحە وەک شیرە بەفرینە توایەوە و بە ناخی زەوی دا چووە خوارێ و ئاشبەتاڵیکرد و شتێک نەما بە ناوی وڵاتە یەکگرتووەکانی  سۆڤێتەوە .  ئەمەش نیشانەیە ، کە ڕێژەی هەرە زۆری ئەندامەکانی ئەو حیزبە  کەسانی هەلپەرستی بەرژەوەند خوازی مشەخۆری  بێ  باوەربوون و بە دڵ هەڵگری بیری شیوعییەت نەبوون  ، خۆ ئەگەر وا نەبووایە ، ئەوا دەبوو ئەو هەموو ئەندامانە ،  زۆر ئازایانە بهاتنایەتە مەیدان و  داکۆکیان لە باوەڕەکەی خۆیان بکردایە و  نەدەبوو  تەلاری  مەزن و بەرزی ئەو حیزبە ، ئاوا بە خێرایی هاڕڕەبکاتە  خوارەوە و تەپوتۆزەکەی  هەموو دنیا تووشی شۆک بکات .   نموونەی دووەمیشمان ، نموونەیەکی دوێنێی خۆمانە  ،  ئەوەبوو لە ڕاپەڕینەکەی خەڵکی کوردستاندا  بە چاوی خۆمان بینیمان  ئەو هەموو جاش و زۆڵە کوردە بەعسییە هەلپەرستە خۆفرۆشانەی  ، کە  جاسوسی و نۆکەرایەتییان بۆ بەعس دەکرد  و گۆرانی زێرەیان بۆ سەدامی دیکتاتۆر دەوت  ، کەچی  لەو تەنگانەیەدا یەکێکیانمان نەبینی  چەک هەڵبگرێت و بێتە  سەر شەقامەکان ، تا ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگە ببێتەوە و  بەرگری لە باوەڕی بەعس بکات ؟ .  ئەوان خوا خوایانبوو کونێک بدۆزنەوە و پاشەڵی  خۆیانی تێدا بشارنەوە .  بە گشتی هەروەک لەسەرەوە باسمانکرد  هەلپەرستەکان زیاتر خۆیان دەخزێننە  پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە ، چونکە لە ڕێگای ئەو پارتانەوە  دەگەن بە ئامانجەکانیان . بەڵام وەک حیزبییەک  هیچ باوەڕێکیان بە دروشم و بەرنامەی ئەو حیزبانەوە نییە ، تەنها مێزەری جامبازی دەکەن سەر و  وەک نۆکەرێکی ئەڵقە لە گویێ و بە درۆ  پشتگیری لە بەرنامە و هەموو پلانێکی دەکەن و دەبن بە زوڕناژەن و پەسندانی سەرۆک و زیاد لە قەبارە و بەهای خۆی گەورەی دەکەن و  وەک خوایەک لەسەر زەوی سەیری دەکەن و بە جۆرێک فووی تێدەکەن ، کە بەبێ ئەو کەس ناتوانێت هەتا هەناسەش  بدات .  هەر بۆیە پەیکەری لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا بۆ بەرزدەکەنەوە و  وێنەکانی دەکەن بە هێمای شکۆی سەربەرزی وڵات و هەرچی لە دەمی  سەرۆک دەربچێتە دەرەوە ، وەک تووتی دەیڵینەوە ،  کە دیارە ئەمەش لە ئەنجامدا کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە و  ئەو حیزبانە بە هەڵە لە قەوارە و قورسایی خۆیان دەگەن و  بەرەو  دیکتاتۆرییەت هەنگاودەنێن  .  بێگومان جگە لە پارتەکانی دەسەڵات ، پارتەکانی تریش ، هەر یەکێکیان بە ڕێژەیەک هەلپەرستەکان لە لوتکە و شوێنە هەستیارەکانیاندا جێگا بۆ خۆیان دەکەنەوە ..  بەگشتیش ئەمجۆرە حیزبانە خاوەنی پلانیکی تۆکمە نین ، ئەمڕۆ شتێک دەڵێن ، بۆ سبەینێ بەبێ ئەوەی شەرم لە خۆیان و خەڵکی بکەن لێی پەشیماندەبنەوە .  ڕوو لە ڕاست دەکەن ، بەڵام پاشە و پاش بەرەو چەپ دەڕۆن .  ئەندامانی حیزبەکەیان وەک مێگەل لێدەکەن ،  ئەمە سەرباری بێ توانایی سەرکردە بێ ئاگا و فووتێکراوەکانیان  .  لە ئەنجامیشدا ئەمجۆرە حیزبانە ، جگە لە شکست و ئاشبەتاڵ ، ناتوانن لە لاپەڕەکانی مێژوودا شانازییەک بۆ خۆیان تۆمار بکەن و دەبن بە کۆسپێکی گەورەش لە ڕێگای پێشکەوتنی کۆمەڵگادا .  پاشان  نە بەرگەی هێرشی دوژمنان دەگرن ،  نە لەبەر شاڵاوی ڕقی ئەستوری میللەتدا خۆیان ڕادەگرن  ، لە ئەنجامیشدا ، یان ئاشبەتاڵدەکەن ، یان وەک نۆکەرێکی دۆڕاو  بە ملکەچی  لە باوەشی داگیرکەراندا دەگیرسێنەوە  و دەبن بە بەشێک لە ڕابووردوویەکی ئێجگار ڕەش .

١١ / ٥ / ٢٠١٩
سەرچاوەکان : سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە :
١ – الانتهازیە  .... سایتی ویکیبیدیا
٢ –  تعریف الشخص الانتهازی الوصولی ... سایتی الجواهر
٣ – الانتهازیە کظاهرە اجتماعیە ....  د. فایز رشید

(دەنگدراوە: 11 . زۆرباشە: 4/5)