شۆڕش و ئەنجامەکەی

Monday, 20/05/2019, 22:26

8964 بینراوە


"شۆڕش لە باشوردا هەمیشە دەرگای لەبەردەم خیانەتی گەورەتری دیکەدا کردۆتەوە". ئەگەر لە بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لە ناوچوون سەرئەنجامی شۆڕش و سەرکردەکان و وێران بوونی چەند گوند و شارێک بووبێت، ئەوە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەک دا شۆڕش دەرگای لەسەر سەردەمێکی دیکەی خیانەتی گەورەدا کردۆتەوە، جوڵانەوەی کلاسیکی کورد لە دوای شەستەکان بوو بە دوو پارت، یەکێکیان نوێنەرایەتی میللیگەرای سەرەتایی دەکرد بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی بەڕێوە دەچوو، ئەویتریشیان (PDK - باڵی مەکتەب سیاسی) بە ڕێبەرایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی و هاوڕێکانیانی، لە ساڵی 1964 بە دواوە خواستیان ڕێبازێکی نوێی بۆ دابنێن. بەڵام لە ساڵی 1966 دا پەیوەندییان بە حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە کورد و ئەمەش لە مێژوودا بە بەخیانەتی (66) ناسێنراوە.
جوڵانەوەی کلاسیکی کوردی لە ساڵی 1975 دا بەڕابەرایەتی مەلا مستەفا بە هۆی گرێدراویان بە ئێرانەوە خیانەتێکی گەورەی دیکەیان ئەنجامدا، کە بە شەو و ڕۆژێک ئاشبەتاڵیان کرد و میللەتیان دووچاری چارەنووسێکی نادیارکردەوە.
" محەمەد موکری لە ڕۆمانی (سەگوەڕ)دا دەڵێت: "لە ئاشبەتاڵ دا هەموو جوامێر و عەگید و ڕۆستەمەکان بە شەو ڕۆژێک پێستی شێریان لەبەر داماڵڕا و کورتانیان لێ نان، دواتر زۆربەی (سکرابە سیاسییەکان) هەریەکە حیزبێکی دامەزراند .... هەمووی هەر دەیوت "حوکمی زاتی حەقیقی و لەسەر ڕێبازی مارکسی!" هەمان گەوج و ئەحمەق، بە هەمان ڕەفتاری ئاغایەتی جاری جارانەوە، (شۆڕشگێڕان)، بەڵام هەریەکە لە بەرگێکی ڕازەوە بە دەیان دروشمی بریقەداری کاڵفام خەڵەتێن، خۆیان خستە ڕوو".
هەر ئەم سکرابە سیاسیانە بە هۆی گرێدراوییان بە ئێرانەوە بوونە بەشێک لە پیلانگێڕی ئێران لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران - عێراق دا و دەستی ئێرانیان هێنایە سەر شاری هەڵەبجە و کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوویدا. 
لە دوای ڕاپەڕینەکەی (5/3/1991)دا و دامەزراندنی حکومەتی ئۆتۆنۆمی باشوری کوردستان لە ساڵی 1992 دا (یەکێتی - پارتی) شەڕی بەوەکالەتی تورکیایان کرد دژی پەکەکە. دواتر یەکێتی و پارتی شەڕی براکوژیان ئەنجامدا، و دەرگایان لەسەر سەردەمی خیانەتی (31 ئابی 1996) کردوە و پڕۆسەی بەنیشتیمانی کردنی دام و دەزگانی حوکمەت و هێزی یەکگرتوویی پێشمەرگە و دەوڵەت نەتەوەیی کوردیان پەکخست. 
(25/9/2017) ڕیفراندۆم ئەنجامدراو بە ڕێژەیەکی گەورە دەنگی بەڵێی هێنا بۆ جیابونەوە لە عێراق، واتە ڕیفراندۆم زۆر لە شۆڕش گەورەتر بوو بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەڵام بە هۆی پەرتەوازەیی ناوماڵی کوردی و نە چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەت هەر لە دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە و بە نیشتیمانیکردنی دام و دەزگاکان و یەکڕیزی ناوماڵی کورد و ئابوری سەربەخۆ و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەروەری یاسایی و کۆمەڵگای مەدەنی و دەستوری. ڕیفراندۆمیش دەرگای لەبەردەم خیانەتی گەورەی (16/ ئۆکتۆبەری 2017)دا کردەوە کە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی مادەی (140) دوای سەرکەوتنی پێشمەرگە بەسەر داعش دا، ڕادەستی حشدی شیعی و حکومەتی عێراق کرایەوە. لەبەرئەوە دەڵێین بە هۆی گرێدراوی دەرەکی و ناسیۆنالیستی کلاسیکی شوانکارەیی و پاشکۆیەتی سەرکردایەتی سیاسی کوردی باشورەوە هەمیشە شۆڕش دەرگاری لەسەر سەردەمی خیانەتی گەورەی دیکەدا کردۆتەوە.
بەختیار عەلی لە ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)دا دەڵێت: "شۆڕش دەرگا لەسەر سەردەمێکی تازەی خورافات دەکاتەوە". خەڵکی هەمووی چاوەڕوانی شۆڕشن. دوکاندارەکانی کوچە، پیرەکان لەبەر دەرگا، میوەفرۆشەکان، (فەرمانبەر و خوێندکار و جوتیار و بازرگانەکان... تاد)، شۆڕش لەلایان وەک هاتنە خوارەوەی ڕزگارکەرێک بوو کە دەبوو زووتر بێت. وەک لە چاوەڕوانی بەلەمێکدا بن و بەرەو بەهەشت هەڵیانگرێت، ئاوها چاوەڕوانی شۆڕشیان دەکرد. بەڵام شۆڕش ناکرێت گەر خورافاتێک، ئەفسانەیەک، دینێک خەڵک نەجوڵێنێت. خەڵکی لەبەر سەرکردەیەک یان بۆ ڕابەرێک شۆڕش دەکەن، سەرۆک دەمرێت و شۆڕش کۆتایی دێت، کە سەرۆکیش کوژرا شۆڕش تەواو دەبێت، مرۆڤەکان قەد بۆ خۆیان شۆڕش ناکەن. سەیری مێژوو بکە، سەرکردەکان شۆڕش دروست دەکەن. گەر کەسێک نەتوانێت دوای مردنی خۆشی پێشڕەوی خەڵک بکات شۆڕش سەرناگرێت.
قسەیەک هەیە دەڵێت: بێ دەنگی دیکتاتۆرەکان دروست دەکات. ئەم قسەیە بۆ هەر ووڵاتێکی دنیا ڕاست بێت، بەڵام لە باشوری کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تاکو ئێستا قسەیەکی نالۆژیکییە، چونکە ئەوەی لە باشور دیکتاتۆریەتی بنەماڵەیی تاڵەبانی و بارزانی (یەکێتی - پارتی)، دروست کردووە دوو هۆکارە. یەکەم ووڵاتانی درواسێی کوردستان بەسەردا دابەشکراو ئەم جووت حیزبە دەپارێزن، چونکە لەم دوو حیزبە باشتریان دەست ناکەوێت بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی داگیرکاری و دابەشکاری کوردستان. دووەم. هێزی ئۆپۆزسیۆنی بانگەشەکاری شۆڕشی گۆڕانکاری و چاکسازی بوونە پایەیەکی پاراستن و درێژەدان بە تەمەنی گەندەڵی و مافیایی و پاشکۆیەتی (پارتی - یەکێتی).
کاتێک گۆڕان لە 25/7/2009 بەسەرکردایەتی (نەوشیروان مستەفا) دەرکەوتو و بەشداری هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەڕلەمانی کوردستانی کرد، خەڵکی هیوا و ئومێدێکی گەورەیان لەسەر گۆڕان هەڵچنی، کە دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ بەگژداچوونەوەی نادادی و گەندەڵی پارتی و یەکێتی، هەر لەبەرئەوە گۆڕان بە دەنگی خەڵکی ناڕازی (25) کورسی پەڕلەمانی بە دەست هێناو بوویە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر لە پەڕلەمان دا. لە خولی چوارەمی پەڕلەمانی باشوری کوردستانیش دا خەڵکی ئەو ئومێدە گەورەیەیان بە گۆڕان مابوو، لەبەرئەوە گۆڕان توانی (24) کورسی بە دەست بهێنێتەوە و ببێتە یەکەم هێزی پارێزگای سلێمانی و دووەم هێزی باشوری کوردستان. بەڵام ئەو کاتە فەشەلی سیاسی گۆڕان و دەرگای لە سەر سەردەمێکی تازەی خورافیات کردوە کە بەشداری حکومەت بوو، چونکە باش دەیزانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز شەریک قبوڵ ناکات، ئەوەی پارتی قبوڵی دەکات پاشکۆیەتییە. لەم ڕوانگەیەوە گۆڕان نەیتوانی پڕۆژە گۆڕانکارییەکەی لە حکومەت و پەڕلەماندا جێبەجێ بکات کە سەرۆکی پەڕلەمان (د. یوسف محمد) گۆڕان بوو، ئەو کاتەی گۆڕان ویستی لە ڕێگەی یاساوە کۆتایی بە تەمەنی سەرۆکایەتی ماوە بۆ درێژکراوی مەسعود بارزانی بهێنێت شکستی خوارد، لەلایەکەوە بە هۆی ئەوەی لە ماوەی دروست بوونییەوە نەیتوانی بەرەی خەڵکی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن فراوان بکات. لەلایەکی دیکەوە بە هۆی کودەتای پارتی بەسەر پەڕلەمان لە بەهاری 2015 دا کە وەزیر و سەرۆک پەڕلەمان و پەڕلەمانتارەکانی گۆڕانی ڕەوانەی سلێمانی کردوە. 
کاتێکیش لە (19/5/2017) دا نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد، ئیدی گۆڕان نەیتوانی لەسەر پڕۆژەی گۆڕانکارییەکەی بەردەوام ببێت و بوو بە هێزێکی چەقبەستووی سیاسی لاواز. خەڵکیش لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی باشوری کوردستان لە 30/9/2018 لە پای بێ توانی و ناگاریگەری سزای گۆڕان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی دا و لە ٪65 خەڵکی نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگ دان. ئیدی لێرەوە گۆڕان تەنیا دەرگاری لەسەر سەردەمێکی تازەی خورافیات و ڕەشبینی و نائومێدی کردۆتەوە.... خەڵکی گۆڕان لەلایان وەک هاتنە خوارەوەی ڕزگارکەرێک بوو کە دەبوو زووتر بێت. وەک لە چاوەڕوانی بەلەمێکدا بن و بەرەو بەهەشت هەڵیانگرێت، ئاوها چاوەڕوانی گۆڕانیان دەکرد. بەڵام خەڵکی لەبەر سەرکردەیەک یان بۆ ڕێکخەرێک شۆڕشیان کرد، ڕێکخەر مرد و شۆڕش کۆتایی دێت، نەوشیروان مستەفا مرد و گۆڕان کۆتایی هات. دەبێت ئەوەش بڵێین ئەوەی گۆڕان کردی هێنانە کایەوەی کۆمەڵێ دەستەواژە و زاراوەی سیاسی نوێ بوو... دەنا لە ڕووی بیرکردنەوە و پەروەردەی سیاسی و هەیکەلی سیاسییەوە جیاوازییەکی ئەو تۆی نییە لەگەڵ (یەکێتی - پارتی).
گۆڕان، دەڵێت: ئێمە توانیمان پڕۆژەکەی خۆمان جێبەجێ بکەین و پارتی ناچار بکەین کە سەرۆکی هەرێم لە ناو پەڕلەمانەوە هەڵبژێردرێت. ئەمە لەکاتێکدا بە پێی (پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەیی سەرۆکایەتی هەرێم و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستور)، پەڕلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لە سەرۆکی هەرێم بکات، لەلایەکی دیکەوە بە بڕوای ئێمە ئەگەر مەسعود بارزانی یان کوڕەکەی مەسرور بارزانی کاندیدی سەرۆکی هەرێم بوایە، هەرگیز ماڵباتی بارزانی و پارتی ئامادە نەبوون سەرۆکی هەرێم لە پەڕلەمانەوە هەڵببژێردرێت، بەڵام ئێستا کە نێچیرڤان بارزانی برازا و زاوای مەسعود بارزانی کاندیدە و دەبێتە سەرۆکی هەرێم، مەسعود بارزانی و مەسروری کوڕی سورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت نێچیرڤان بارزانی لە پەڕلەمانەوە متمانەی پێبدرێت تاکو لە هەر بارودۆخێک دا نێچیرڤان بارزانی مل کەچی حکومەت و پەڕلەمان بکەن کە جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و زۆرینەی ئەندام پەڕلەمانەکانی پارتی نزیک و پەڕلەمانتاری مەسرور بارزانین. واتە ئەوەی گۆڕان بانگەشەی بۆ دەکات کە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەڕلەمانەوە پڕۆژەی ئێمە بوو، هیچ بنەما یەکی نییە، بەڵکو ئەوە پڕۆژەی کوڕ و باوکە.
لەبەرئەوە دەڵێن: ئێستا لە سایەی پاشکۆیەتی گۆڕانەوە نەک سیستمی سیاسی باشوری کوردستان پەڕلەمانی نییە، بەڵکو هەرێمی باشوری کوردستان لە جیاتی سەرۆکێک دوو سەرۆکی هەرێمی هەیە، یەکەم و کاریگەریان مەسعود بارزانی، دووەمیان نێچیرڤان بارزانی. ئەوەی بۆ گۆڕانیش ماوەتەوە فەشەلی سیاسی و پاشکۆیەتی پارتییە، هەر سەرپێچییەکیش بکات ڕەوانەی خۆرهەڵاتی دێگەڵە دەکرێتەوە. فەشەلی سیاسی گۆڕان ئەو کاتە دەستی پێکرد کەوتە بیانوو هێنانەوە بۆ پاشکۆیەتییەکانی. دوای ئەم فەشەلە سیاسییە گۆڕان یەک ئیشی ماوە ئەویش ئەوەیە لە داهاتوو دا ژمارەی حیزب و پارتە بچوکەکان زیاد بکات!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە