ئەمریکا دژی ئیران هێزی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت

Saturday, 25/05/2019, 13:35

13552 بینراوە


لە میدیا جیهانیەکان هاتووە کە:
ئەمریکا بڕیاری دا هێزی سەربازی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت. پێناتگۆن ڕایگەیاند ئیران مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کردوە. بۆردومانی نیزک ئیمارات و موشکبارانەکانی عیراقیش، ئیران بووە. ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە میدیاکاندا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە ١٥٠٠٠ هێزی سەربازی دیی بۆ ناوچەکە دەنێرن.
شایەنی باسە سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئیران گرفتی زۆری هەیە، ئێستا دژی ئیران لەگەڵ هەڵوێستەکانی ئەمریکایە. ترامپ بۆ بەهێزکردنی سعودیە دژ بە ئیران بە بەهای ٨ بیلیۆن دۆلار چەکی دەفڕۆشێتە سعودیە، بۆ ئەوەی سعودیە بتوانێت ڕووبەڕووی مەترسیەکانی ئیران بێت. ئەمریکا ئامادەیە چەک و تەقەمەنی بەهەمان ڕێژە بفرۆشێتە ئیمارت و ئوردنیش کە دوو وڵاتن دژی ئیران لەبەرەی ئەمریکادان. ڕۆژی هەینی ڕابردوو پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: لەبەر جوموجوڵە نائاسیەکانی ئیران دەبێت ئەمریکا بڕیار بدات بە پەلە چەک و تەقەمەنی بەو وڵاتانە بفڕۆشێت.
گرفتی ئیران تەنیا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا نییە، بەڵکو فرەوانبوونی دەسەڵاتەکانی ئیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسی لەسەر گەلێک لە وڵاتانی عەرەبیش دروست کردوە بەتایبەتیی لەسەر سعویە. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حوسیەکان کە لەژێر هەژمونی ئیرانن چەند موشەکێکیان بۆ نزیک مەکە هاوێشتوە، بۆ ئەو مەبەستە سعودیە بانگێشتی چەند وڵاتێکی عەرەبی کردوە بۆ ئەوەی لە ٣٠/٥/٢٠١٩دا بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە و مەترسیەکانی ئیران کۆببنەوە.
لە سێ هەفتەی ڕابردوودا ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی زەمینی دەریایی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردوە، کە بۆتە هۆی ئەوەی گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران توندتر بێت و بارودۆخی ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر بێت. چاودێرانی سیاسی و زۆربەی میدیاکارانی بیانی پێیان وایە ئەگەر ئیران ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکا نەبێت ئەوا لە ناوچەکەدا بۆنی هەڵگیرساندنی جەنگێکی مەترسیدار هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە