بەشەکان



بابەت بە پێی ڕۆژ

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  


ڕیکلام

ده‌سته‌ڵاتەکان » پێشمەرگە


كاكه‌شین، دیوه‌جوانه‌كه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی

د. کامەران مەنتک

Sunday, 06.02.2019, 17:37

2144 بینراوە


به‌هۆی سیاسه‌تی سه‌ركرادایه‌تی حیزبه‌كانی باشور، رۆژانه‌ حیكایه‌تێكی ره‌فتاره‌ قێزه‌ون و دزێوه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان گوێ لێده‌بێت، له‌ قۆناغی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن خه‌باتی شاخ. جێگای داخه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و حیكایه‌تانه‌ راستن. زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی له‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌دا مانه‌وه‌و قۆناغی شاریان بینی و بینیمان چۆن هه‌موو پیرۆزییه‌كانی كوردستانیان بێ به‌هاو چرووك كرد، له‌ شاخیش هه‌مان مه‌عده‌ن بوون، وه‌لێ زۆڵم و زۆره‌كانی رژێمی به‌غدا، جۆره‌ په‌رده‌یه‌كی بۆ دروست كردبوون، كه‌ راسته‌قینه‌یان به‌ دیارنه‌كه‌وێت، یاخود ئه‌گه‌ر به‌دیاریش كه‌وێت، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌كه‌وه‌ دیزه‌به‌ده‌رخونه‌ بكرێت و بشاردرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر هه‌وڵی ئاشكراكردنیشی درابێت، ئه‌وا ئه‌و به‌رپرسانه‌ به‌ جه‌وله‌یه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی ره‌خنه‌ی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تریان ناردۆته‌‌ ناوشاره‌كان وه‌ كو خۆیان پێیان ده‌گوت بۆ چالاكی، جا له‌ رێگای به‌عسه‌وه‌ به‌گرتنیان ده‌داو دواتر به‌ كوشتنیان ده‌دا، یاخود پیاوه‌ ‌نزیكه‌كانی خۆیان راده‌سپارد له‌ رێگا له‌ شوێنێكدا ده‌یانكوشت و له‌ناویانده‌برد!!! ئه‌م جۆره‌ نمونانه‌ له‌ناو هه‌موو حیزبه‌كانی باشوور زۆره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی بكه‌م ئه‌مه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و مرۆڤه‌ جوان و له‌ خۆبوردوانه‌یه‌، كه‌ به‌دڵسۆزانه‌ بۆ خزمه‌تكردنی میلله‌ته‌كه‌یان چووبوونه‌ ده‌ره‌وه‌و ببوونه‌ پێشمه‌رگه‌. ئه‌و دیوه‌ جوانه ی پێشمه‌رگایه‌تی‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ناو هه‌موو حیزبه‌كان به‌ دیده‌كرێت. به‌ داخه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌ ته‌نیا حیكایه‌ته‌ ناشرینه‌كانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵین كوردایه‌تی، زیانی به‌ خه‌ڵكانیكی دڵسۆزی زۆر گه‌یاندووه‌،‌ ئه‌مانه‌ دوو جار بوونه‌ته‌ قوربانی، له‌ لایه‌ك له‌ پێناو خزمه‌تكردنی میلله‌ته‌كه‌یان ژیانی خۆیان له‌سه‌ر داناوه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌هۆی كاره‌ دزێوه‌كانی مرۆڤه‌ دزێوه‌كانیش، ئه‌و قوربانیدانه‌شیان بێ به‌ها كراوه‌. ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ نابیت پێنووسی كوردی فه‌رامۆشی بكات. 
یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ ده‌مه‌ویت لێره‌دا باسی بكه‌م، كاكه‌ شینه‌، كاكه‌ شین پێشمه‌رگه‌ی (هه‌رێمی 9) باڵه‌كایه‌تی حزبی سوسیالیسی كوردستان (حسك) بوو، له‌ دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشه‌وه‌ ببووه‌ پێشمه‌رگه‌. كه‌سێكی ساده‌و نه‌خوێنده‌وار بوو، به‌ڵام مرۆڤێكی به‌ ئه‌زموون و خۆڕاگر بوو. پێشمه‌رگه‌یه‌كی خۆشه‌ویست بوو نه‌ك به‌ ته‌نیا لای براده‌ره‌كانی، به‌ڵكو لای حزبه‌كانی تریش. هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون خۆشیان ده‌ویست و گاڵته‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرد. زۆر جاران تووڕه‌یان ده‌كرد. كه‌ تووڕه‌ش ده‌بوو هه‌رچیه‌كی بكردبوا و بگو‌تبوا لێیان قبوڵ ده‌كرد. خێراش ئاشت ده‌بووه‌و هیچی له‌به‌ردڵ نه‌ده‌ما. جارێكیان له‌ بناری چیایه‌ك جگه‌ره‌یه‌‌ك داده‌نێنه‌وه‌ نیشانه‌ی لێده‌گرن، كه‌ ئه‌و نیشانه‌ ده‌گرێت پیی ده‌ڵێن تۆ له‌ چیایه‌كه‌ی پشتیشت نه‌دا! به‌م شێوه‌یه‌ تووڕه‌یان ده‌كرد. كاكه‌ شین خۆی جارێكیان بۆی گێڕامه‌وه‌، كه‌ چۆن له‌ ناو ره‌شماڵه‌كانی بناری هه‌ڵگورد تووشی هه‌لیكۆپته‌رێك ده‌بێت و به‌ چ زه‌حمه‌تیه‌ك خۆی ده‌رباز ده‌كا!. خاڵیكی گرنگ و دیاری‌ كاكه‌ شین، ئه‌وه‌بوو كه‌سێكی زۆر راستگۆ بوو، زۆر باوه‌ڕی به‌ پڕه‌نسیه‌كانی خۆی هه‌بوو، هه‌رگیز نه‌یده‌زانی درۆكردن چییه‌، ئه‌گه‌ر سوێندی به‌كوردستان و به‌ خوێنی شه‌هیدان بخواردبوایه‌، ئیدی ته‌واو، ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچی بوایه‌ لای گرنگ نه‌بوو، ئه‌وه‌ی لای گرنگ بوو ئه‌وه‌بوو ته‌نیا سوێنده‌كه‌ی نه‌شكێنێت. كاتێك پڕۆسه‌ی ئه‌نفال ده‌گاته‌ ناوچه‌كه‌ی ئه‌وان، كاكه‌ شین له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی ها‌وڕێی رێگای ده‌ربازبوون و چوون به‌ره‌و سنووره‌كانی لێده‌گیرێت. بۆیه‌ ماوه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر، شه‌هید نادر هه‌ناره‌یی، پێده‌چێت له‌سه‌ر پێشنیاری شه‌هید نادریش بووبێت، چونكه‌ ئه‌و خۆی خه‌ڵكی گوندی هه‌ناره‌ بووه‌. ده‌چنه‌ گوندی هه‌ناره‌. ماوه‌یه‌ك ده‌مێننه‌وه‌. پاشان له‌لایه‌ن سیخوڕێكه‌وه‌ خه‌به‌ریان لێده‌درێت و هه‌ردووكیان ده‌گیرێن. بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان رزگار بكه‌ن، ده‌ڵێن ئێمه‌ گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان ته‌سلیم بكه‌ینه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌و كاته‌ لێبوردنێكی گشتیش له‌ ئارادابوو!. دوای لێدان و ئازارێكی زۆر، جگه‌ له‌مه‌ هیچی تر نادركێنن. پاشان له‌ رێگای سیخوره‌كانیانانه‌وه‌، وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵین له‌ رێگای موختارێكه‌وه‌، ده‌زانرێت، كه‌ كاكه‌ شین ئاماده‌نیه‌ به‌ درۆ سوێند به‌ كوردستان و به‌ خوێنی شه‌هیدان بخوات. به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌من بانگی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت باشه‌ من ده‌زانم ئێوه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ خۆتان ته‌سلیم بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام یه‌ك پرسیارت لێده‌كه‌م، وه‌ڵامم بده‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ ئازادت ده‌كه‌ین. ئێمه‌ باوه‌ڕت پێده‌كه‌ین هاتوویته‌وه‌ ته‌سلیم بیه‌وه‌، به‌ڵام بڵێ به‌ كوردستان به‌ خوێنی شه‌هیدان هاتوومه‌ ته‌سلیم ببمه‌وه؟‌ كاتێك ئه‌و پرسیاره‌ی لێده‌كه‌ن كاكه‌ شین دۆش داده‌مێنیت و ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ی لێ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامدا دڕ به‌ بێده‌نگییه‌كه‌ ده‌داو ده‌ڵێت نه‌خێر من پێشمه‌رگه‌م و نه‌هاتوومه‌ته‌ خۆم ته‌سلیم بكه‌مه‌وه‌. دۆخه‌كه‌ چۆن بووه‌ وا باس ده‌كات و ده‌گێڕێته‌وه‌. وه‌ك باس ده‌كرێت مدیر ئه‌منه‌كه‌ خۆی باوه‌ڕی به‌ گوێچكه‌ی خۆی نه‌كردوه‌و زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌ بوونی كه‌سانی وا له‌ناو ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترا شۆڕش. دوای ئه‌وه‌ كاكه‌ شین و هاوڕێكه‌ی نادر هه‌ناره‌یی، كه‌ ئه‌ویش گه‌نجێكی لاوازی هه‌ژاری روح سووك بوو، له‌ سێداره‌ ده‌درێن. كاكه‌شین نمونه‌ی سه‌دان و هه‌زاران كه‌سی دڵسۆزه‌، كه‌ راستگۆییانه‌ بوونه‌ پێشمه‌رگه‌، هه‌موو شتێكی خۆیان پێشكه‌ش وڵات و نیشتمانه‌كه‌یان كرد. ئاماده‌نه‌بوون به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی خۆیان ببن. بۆیه‌ ناكرێت به‌ هۆی ناپاك ده‌رچوون و خیانه‌تی به‌ناو سه‌ركرده‌كان، كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ ژێره‌وه‌ فایلدار بوون و ده‌ستیان له‌گه‌ڵ رژێمه‌كانی ناوچه‌كه‌ تیكه‌ڵ كردبوو، كاكه‌ شینه‌كان فه‌رامۆش بكرێن. ناشرینی و دزێوی ئه‌وان نابێت ببێته‌ هۆی شاردنه‌وه‌ی جوانی و پاكی كاكه‌ شینه‌كان، ده‌بێت نمونه‌ی كاكه‌ شینه‌كانیش بێنه‌ ناو‌ مێژووی كوردو فه‌رامۆش نه‌كرێن، ده‌بێت كاكه‌ شینه‌كانیش ببنه‌ بابه‌تی شیعرو چیرۆك و رۆمانه‌كان، ده‌بێت چیڕۆكی كاكه‌ شینه‌كان بۆ نه‌وه‌ نوێیه‌كان بگێڕدرێته‌وه‌ و منداڵه‌كانی پێ گۆش بكرێت، نه‌ك به‌ ته‌نیا چیڕۆكی خیانه‌ت و دزیكردن و داوێن پیسی و خۆفرۆشی، ئه‌وانه‌ی وڵاتیان فرۆشت ‌و به‌رده‌وامیش ده‌یفرۆشن.
زور سوباس بۆ كاك رزكار وێنەى شەهيد (كاكە شين)ى بۆ ناردم

(دەنگدراوە: 14 . زۆرباشە: 4.5/5)