قەیرانی داهێنان لە بواری گۆرانی و موزیکدا لە هەرێمی کوردستان.

Saturday, 08/06/2019, 10:46

7744 بینراوە


لە مێژە هیچم لە سەر بواری هونەری موزیك و گۆرانی  نەنووسیوە، چونکە کاتەکانم زۆر کەم بوون و فریا نەدەکەوتم. لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو بە هۆی جەژنی ڕەمەزانەوە کۆمەڵێک کاری هونەری نوێ لەکەناڵەکان و سۆشیال میدیادا بڵاو بوونەوە و بینینی ئەو کارانە پاڵی پێوە نام کە ئەم سەرنجانەم بکەمە نووسینێك و چیتر ئەو سەرنج و تيبینیانەی کە هەمە لە ناخی خۆمدا گلیان نەدەمەوەو کەمێك مێشکم ئیسرا‌حەت پێ بدەم.
باشووری کوردستان یان هەرێمی کوردستان وەک چۆن لە زۆربەی بوارەکاندا بۆتە زەلکاوێکی بۆگەن و چیتر بواری ئەوە نەماوە ڕەخنە لە بەشێکی یان لایەنێکی  بگریت، بواری هونەریش ڕەنگە یەکێك بێت لە بوارە خراپترینەکان. پاشاگەردانی و بەرەڵایییەکە ئەوسەری دیار نیە. هەرچی هەڵئەسێت سواری سەری گۆرانی و موزیکئ کوردی  دەبێت و ناو لە خۆی دەنێت هونەرمەند، هەندێکیان بە هونەرمەندیش ڕازی نابن و بە خۆیان دەڵێن ئیمپراتۆر!
لە هەندێ شوێن و جێگا گۆرانی وتن و موزیك لێدان بۆتە شەڕە جوێن و سووکایەتی بە یەکتر کردن، لە هەندێ شوێن بۆتە گاڵتە کردن و قەشمەریات، لە هەندێ شوێنی تر بۆتە مقاش بە دەستی حیزب و دەسەڵاتەوە یان بۆتە شەوچەرەی سووری بەرپرس و پارەدارەکان.
بۆ زیاتر تیشك خستنە سەر ئەو بۆچوونانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێ داوە چەند نموونەیەکی زیندوو و نوێ دەهێنمەوە:
گۆرانبیژی گەنج و دەنگ خۆش کارزان فاروق، هەستاوە یەکێک لە گۆرانیە نایابەکانی کەمەندی نەمری دووبارە کردۆتەوە و ستایڵی گۆرانیەکەی گۆڕیوە. من پێم وایە کارێکی باشی نەکردووەو دەبوایە ئەو مەسرەف و ماندووبوونەی لەبەرهەمێکی نوێ و تایبەت بە خۆیدا سەرف بکردایە. ئەو گۆرانیەکەی کەمەندی بە موزیکێکی نایاب کراوەو وەکو دەنگیش تایبەتمەندی دەنگی کەمەندی جۆرێکە کە ڕەنگە کەس نەتوانێ لاسایی بکاتەوە. 
هەروەها گۆرانیبێژێکی سمێڵ بابڕی پارەداری دەنگ ناخۆش  هاتووە بە حسابی خۆی گۆرانی نوێ  و کلیپی بڵاو کردۆتەوە، هاتووە دەرزەنێ خانمی تەسك و تروسك و قەدباریکی هيناوە گوایە بە گۆرانیەکەی ئەو دانس دەکەن. هەموو کەس دەزانێ کە ئەو خانمانە بە زەبری پارە وەکو مەیموون هەڵدەپەڕن و هیچ حەز و ئیحساسێکیان بۆ گۆرانیەکەی کابرا نیە. وەکو تر باسی دەنگ و موزیك هەر ناکەم کە هەمووی بە زەبری ستۆدیۆ و تەکنەلۆجیا تۆمار کراوە. ئەم سمێڵ بابڕە لەو زەلکاوەی هەرێمدا بۆتە خاوەنی سەرمایەیەکی زۆر و هيندە دەوڵەمەند بووە بەری چاوی خۆی نابینێ،لە کاتێکدا لەو شوێنەی لێوەی هاتووە کەس بە شوانیش ڕای ناگرێ.
هەروەها، گرووپێکی جوان و بە ئاست لە ماوەیەکی کەمدا هەڵتۆقین و بە هۆی پشتگیری هەندێ بەرپرسی گەندەڵ و شەڕواڵ پیس و پارەدارەوە هەر ڕۆژەو کلیپێك بڵاو دەکەنەوە. ئەوەی جيگای سەرنجی منە ئەوەیە کە ئەم گروپە کاری هونەری بۆ هەندێ خانمی ساف و لووس دەکەن کە خاوەنی دەنگێکی بە توانا نین و لە ڕووی هونەری گۆرانی وتنەوە زۆر لاوازن و کارەکانیان تەنها جوینەوەو سەقەت کردنی گۆرانیە ڕەسەنە خۆشەکانە. دەبێ هۆکار چی بێت کە لە جیاتی ئەوەی پشتگیری گەنجێکی بەتوانا بکەن و بواری پێ بدەن، هاتوون بۆ بەرژەوەندی و حەزی خۆدەرخستن و پەیوەندی خێزانی و خزم خزمێنە هەم توانا و ڕەنجی خۆیان بە خەسار دەدەن و هەم گۆرانیە نایابەکانمان لەبەر چاو دەخەن.
کەیسەکان زۆرن و لە ژمارە نایەن، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم بەرەڵایی و بێ سەروبەریە هەتا کەی بەردەوام دەبێ و کەسێك یان ڕیکخراوێك دروست دەبێت کە سنورێك بۆ ئەم گەڕەلاوژێ یە دابنێ؟؟؟ ئایا لە هەرێمی کوردستان کەسانی بە توانا و خاوەن داهێنان لەم بوارەدا نەماون یان پەراوێز خراون و بوریان پێ نادرێ دەرکەون و بێنە پێشەوە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە