گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە!

Tuesday, 18/06/2019, 11:58

19342 بینراوە


دوێنی بلە و جەلۆ ئەمڕۆ قوباد کڕنۆش بۆ بارزانی دەبات!
قوباد تاڵەبانی، گەورەبووی لەندەن لە یادی چووە کە بەرواری ڕۆژی باوکانی بریتانیا، تەنیا ڕۆژی باوکانی ئەو وڵاتەیە نەک ڕۆژی باوکانی جیهانی یان کوردستان. قوباد لە ڕۆژی باوکانی بریتانییەکاندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسراوێکی پڕ لە نوزانەوە و کروزانەوە بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت: تاڵەبانی ئەگەر لە ژیاندا بوایە ئێستا دەیگوت:
"لە بیرتان نەچێت کاک نێچیرڤان تەنها هی پارتی نییە، کاندیدی یەکێتیشە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم". 
قوباد، تاڵەبانی ئەو ڕێوەیە تەنیا باوکی خۆت بوو نەک باوکی کورد. باشتر وایە چاوێک بە مێژووی خەیانەتەکانی باوکدا بخشینێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ماستاوچییەکانی دەوروبەری خۆتدا دەربچیت و کورد لات تەنیا لە نمونەی ئەوانەدا نەبینیت. دوور مەڕۆ تەنیا لاپەڕە دوای لاپەڕەی "دیداری تەمەنی" باوکت بخوێنەوە، کە بە زمانی خۆی ددانی ناوە بە خەیانەتەکان، لە هاورێیەتی عیسا پەژمانەوە بگرە تا دەگات بە هاوڕێیەتی لەگەڵ عەلی کیمیاویی و دەوروبەرەکەی، بە کوشتندانی دەیان  کەڵە پیاوی نێو نەتەوەکەت و نەتەوەی عەرەب، نامە ناردن بۆ خێزانی سەدام بۆ ئەوەی بێن بۆ کوردستان و داڵدەیان دا.  هەڵاتن پێش ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە. سازشکردن لەسەر سێ بەشی ئەرزوخاکی باشوور، ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێی خەیانەتەکانی باوک و باپیرتە.  تەنیا وەبیرهێنانەوەێکی چکۆڵانە لە مێژووی لاوازی کەسایەتی باوکت بخوێنەوە کە تەنیا خاڵێکە لە دەریایەک:  
ئاشبەتاڵی جەلال تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد لە ١١ی ئازاری ساڵی١٩٧٠ دا
لە ساڵی ١٩٦٦وە جەلال تاڵەبانی، ئیبراهیم ئەحمەد، دارودەستەکانیان ببوون بە جاشی حکومەت. بارەگەیان لە نێو شارەکانی باشوری کوردستاندا هەبوو. پارە و ئیماکاناتی ماددیی و سەربازییان لە حکومەتی عیراق وەردەگرت. مەفرەزەی چەکداریان هەبوو و شەڕی پێشمەرگەیان دەکرد. کۆمەڵێک لە نووسەری جەلالیی ڕۆژنامە و گۆڤاریان دەردەکرد یەکێک لە ڕۆژنامەکان بە ناونیشانی (نور) بوو، کە لەلایەن ڕژێمی بەغداد ئەو کات پشتیوانی لێدەکرا و بودجەی بۆ تەرخان کرابوو. لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی جاشایەتی جەلال تاڵەبانی، ئیبراهیم ئەحمەد، کەسە نزیکەکانیان و خێزانەکانیان لە شارەکانی باکوری عیراق لەژێر سایەی ڕژێمی عیراقیی ئەو کات بە تێروتەسەلی دەژیان. دوای ڕێککەوتنی مەلا مستەفا لەگەڵ سەدام دۆخی ئەوانیش شلەژا و ژیانیان کەوتە مەترسی، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی رابردووی هاوڕێ و دۆستی ئەوان کۆتایی هات، ڕژێمی تازە مەلا مستەفایی هەڵبژارد بۆ ڕێککەوتن و یەکێک لە برگەی رێککەوتنەکەی نێوان سەدام و مەلا مستەفا ئەوە بوو کە جەلالییەکان چەک بکرێن، " ئەیوب بارزانی لە پەرتوکی الحرکە التحرریە الکردییەی ١٩٥٨-١٩٧٥دا لە لاپەڕە ٣٢٢دا دەنوسێت، سەدام لە نامەیەکدا کە بۆ مەلا مستەفا دەنێرێت دەنووسێت، ڕێککەوتین کە جەماعەتی فرسانەکان و جەلال تاڵەبانیی چەک بکرێن، کردومانە. هەروەها هەر بەدەم پەیمانمان دا کە لە ماوەی سێ مانگدا ڕۆژنامەی "النور"ی جەلالییەکان دابخەین ئێمە مانگێ تێنەپەڕی بەسەر ڕێککەوتنی ١١ی ئازار ئەو ڕۆژنامەیەمان داخست."
جەلال تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد کە لە ساڵی ١٩٦٦ دا بوون بە جاش، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ئاماژەیان پێدا، گوتیان: گوایە لە ترسی ئەوەی مەلا مستەفا نەیانکوژێت بوون بە جاش و حزبێکی دییان دامەزراند لەژێر ناونیشانی "الحزب الثوری الکردستانی". لە ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا هەمان دۆخ دروست بوو و ژیانیان کەوتە مەترسی. دووبارە بۆ خۆ دەربازکردن هەمان هەڵوێستی ساڵی ١٩٦٦یان دووبارە کردەوە، بەیانێکیان دەرکرد و "الحزب الثوری الکردستانی" یان تواندوە، لەو بەیانەدا گەلێک بە شانوباڵی بارزانی و گرنگی ڕێککەوتنی ١١ی ئازاریان هەڵگوت و بۆ نەتەوەی کورد بە مزگێنیەکی مەزنیان لە قەڵەم دا، ڕایانگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنە دەستکەوتی نیشتمانی نەتەوەییە، بە دۆست و لایەنگری خۆیان ڕاگەیاند کە بچنەوە نێو پارتی و ژێر باڵی بارزانی خەباتگێر، بەوجۆرە ئاشبەتاڵیان کرد. مەلا مستەفا "لێبوردنی دەرکرد" ئیبراهیم ئەحمەد تەسلیم بوو بە مەلا مستەفا و داوای لێبوردنی لێکرد، لە ناوپردان نزیک بە گوندیی گەڵاڵە لەگەڵ خێزانەکەی نیشتەجێبوو، تا چوونیان بۆ بریتانیا خۆشترین ژیانیان بەسەر برد. تاڵەبانی و گەلێک لە نووسەرانی و دەوروبەری لە ڕێگەی فەرمی لە بەغداد بە فڕۆکە بە شێوەیەکی ئاسایی چوونە دەرەوەی وڵات. لە ئاست خوارەوە، لایەنگر و دۆستی تاڵەبانی تووشی نەهامەتی هاتن، لە لایەن ڕێکخستنەکانی پارتی موحارەبە دەکران لە لایەکی تریش لەژێر مەترسی ڕژێمی سەدام گوزەرانیان دەکرد.
د رێککەوتنی نێوان سەددام و مەلا مستەفا
 
دەقی بەیانی فەرمیی تواندنەوەی "حزبی شۆڕشگیری کوردستان" بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی ١٩٧٠ و کروزانەوە و پاڕانەوەیان لە مەلا مستەفای بارزانی پێش ٤٩ ساڵ لەوە پێش

گەلێک لەو نووسەرانەی کە مێژووی ئەو کاتەیان نووسیەوەتەوە، ئاماژەیان بەوە کردوە کە مەلا مستەفا هەڵەی ئەنجامدا کاتێک کە لەگەڵ سەدام رێککەوتنی ١١ی ئازاری واژۆ کرد، هۆیەکەی دەگەرێنەوە بۆ ئەوەی کە مەلا مستەفا کابرایەکی نەخوێندەوار، عەشایر بووە و سەرودەری لە سیاسەت دەرنەکردەوە، پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان و بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە ناوچەکە دا شێ نەکردۆتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەداوە کە جەلال تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەدییش لە بەیانێکی فەرمیی پارتەکەیان ڕێککەوتنی ١١ی ئازار و هەڵوێستی مەلا مستەفایان بەرز نرخاند، بە هەنگاوێکی گرنگیان لە قەڵەم دا لە مێژووی خەباتی گەلەکەمان دواتر ئاشبەتاڵیان کرد. 
 
ئەمەی خوارەوەش دەقی نوسینەكەی قوباد تاڵەبانییە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی دوای ٤٩ ساڵ پاش بەیانی فەرمیی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد و پاڕانەوە لە مەلا مستەفای بارزانی، ئەمڕۆ کوڕ و نەوەی هەمان زات قوباد تاڵەبانی لە نەوەی مەلا مەستەفا نێچیرەوەان بارزانی دەپاڕێتەوە و دەڵێت:
"مامە گیان لە زۆر وڵاتدا رۆژی باوكە، ئەمڕۆ زۆر بەتاسەوە بیرم كردی، بیری سۆزی باوكایەتیت، بیری حیكمەت و سەركردایەتیت. بیرم لەوە كردەوە ئەگەر تۆ ئێستا لەژیاندا بمایتایە سبەی ئەنجامی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی چۆن دەبوو؟ كێشەی ئێستای كەركوك بەكوێ دەگەشت؟ ئەمە منی خستە خەیاڵێکی قوڵەوە و بە تەواوی باوکم هاتە بەرچاوم:
لە بەیانیەوە پەرۆشە بۆ شێوازی پێشوازی کردنەکە، تەلەفۆنێکی بۆ د.خەسرەو دەکرد و پێی دەوت هەموو بازگەکانی ئاگادار بکاتەوە کە شاندی پارتی دێت و دەبێت پێشوازییەكی شایستە بكرێن. دواتر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئاگادار دەکردەوە لە کاتی گەیشتنی شاندەکە لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازییان لێ بکرێت، خۆ ئەگەر جەنابی کاک مەسعوودیش هاتبایە، مام خۆی دەچووە پێشوازی، مام هەمیشە دەیوت پێشوازیکردن لە میوان گەورەییە. دواتر کۆبوونەوەکە بە دوو قسەی خۆش و بە گێڕانەوەی دوو نوکتە دەستی پێ دەکرد و هەموو گرژی و ناخۆشییەکانی لە بیر شاندی هەر دوولا دەبردەوە و زەمینەی دروست دەکرد بۆ گفتوگۆیەکی دۆستانە.پاشان داوای دەکرد شاندی پارتی قسە و باس و داواکاری و گلەییەکانی خۆی بە تەواوی باس بکات، ئەگەر لە کۆبوونەوەکە گرژییەک دروست بوایە، ئەوا مام داوای پشوویەکی کورتی دەکرد و بە کاک مەسعودی دەوت چۆنە دوو قۆڵی پێکەوە چایەک بخۆینەوە؟
 
كە دەستیان پێ دەكردەوە مام بە زەردەخەنەوە بە هەردوو مەکتەبی سیاسییەکەی دەوت لە بیرتان نەچێت کاک نێچیرڤان تەنها هی پارتی نییە، کاندیدی یەکێتیشە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، کاک نێچیرڤان چەندە لە ئاست پارتی بەرپرسیارە دوو ئەوەندە لە ئاست یەکێتیدا بەرپرسیارە، لەھەمانکاتدا پشتیوانی خۆی و یەکێتی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی رادەگەیان و بۆ هەر دوو لای روون دەکردەوە کە لەگەڵ کاک مەسعوود رێککەوتوون پشتیوانی کاک بەرهەم بکەن وەکو سەرۆک کۆماری نوێ تاکو یەکدەنگی کورد لە کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ یەکدەنگی کورد لە بەغدا. سەبارەت بە كەركوكیش مام هەموو مەترسییەكانی بۆ ئامادەبوان ڕوون دەكردەوە. 
کۆبوونەوەکە بە نیوەڕۆخوانێکی مام جەلالانە کۆتایی دەهات و هەردوو لا بە خۆشحاڵی و بە هەستێکی برایانەوە دەگەڕانەوە و بەم جۆرە کوردستان دوور دەخرایەوە لە گرژی و ئاڵۆزی ...
رۆژی دواتر لە هەر دوو رۆژنامەی کوردستانی نوێ و خەبات ئەم هەواڵەمان دەخوێندوە:
" سەرۆك تاڵەبانی لە بارەگای خۆی لە سلێمانی پێشوازی كرد لە سەرۆك مەسعود بارزانی و پێكەوە تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەندیان كرد لە پێش هەموویانەوە كێشەی پارێزگاری كەركوك. لای خۆیەوە سەرۆك تاڵەبانی هەموو پشتیوانییەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی راگەیاند بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە پارتی دیموكراتی كوردستان پەرۆشە بۆ كۆتاییهاتنی دۆخی نائاسایی كەركوك و هاوكار دەبێت لە دانانی پارێزگارێكی نوێی كورد لەو شارە وەك بەشێك لە بەركەوتەی یەكێتی لە پێناو پاراستنی شوناسی کوردستانی بوونی شارەكە." لە پڕ لەم خەیاڵە ڕاچەنیم و هاتمەوە ناو واقیعەکە کە ماممان لەگەڵ نییە، هەربۆیە ئێستا دەستمان لەسەر دڵمانە کە ئایا یەکێتی و پارتی دەتوانن بەرپرسانە و بە گیانی لێبوردەییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن یان نا؟ بەشکەم ئەوانەی هەمیشە ئەڵێن ئاخ ئەگەر مام جەلال لێرە بووایە (وەک برایانی پارتی) و ئەوانەی بەردەوام دەڵێن ئەرکی ئێمە درێژەدانە بە رێباز و بەرنامەی مام جەلال (یەکێتییەکان) بتوانن ناکۆکییەکان وەلاوە بنێن و وەکو مام و کاک مەسعود کێشەکان چارەسەر بکەن؟ ئاخ باوکە گیان ئێمە هەموومان بێ تۆ تەنهاین، کورد هەموو بێ تۆ تەنهایە، تۆ بە حەق باوکی هەموومان بووی".
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت کە پێشینان ڕاستییان فەرمووە "گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕۆێت"!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە