نەزانی کلیلی هەموو شتێکە

Thursday, 27/06/2019, 7:03

23128 بینراوە


لیۆناردۆ داڤینچی وتەیەکی هەیە دەڵێت، "سێ کۆمەڵەی خەڵک هەیە: ئەوانەی دەبینن؛ ئەوانەی دەبینن کاتێ پیشان دەدرێن؛ ئەوانەی نابینن." ئەوانەی دەبینن ئەوانەن کە دەزانن، ئەوانەی کە دەبینن کاتێ پیشان دەدرێن ئەوانەن کە دەبێت و پێویستە بزانن، ئەوانەشی کە نابینن نەزانن.
     هەروەها دەیڤد ئایک وتەیەکی هەیە دەڵیت، "نەزانی کلیلی هەموو شتێکە، چونکە هەموو شتێک لە نەزانییەوە دێت. هەرچییەکی بەرەنگاری دەبیتنەوە، هەرچییەکی قبوڵی دەکەین، هەرچییەکی وەڵامی دەدەینەوە، هەرچییەکی پاڵپشتی دەکەین، هەرچییەکی گوێی پێنادەین، هەمووی لە نەزانییەوە دێت!"
     میللەتی نەزان کوێرە و نابینێت، هەر لە ناوەکەیەوە هەمووی ڕوونە هیچ نازانێت ئیتر تۆش چۆن ملی بگریت ئاوا بە ڕێدا دەڕوات...! میللەت کە نەزان بوو کۆیلەیە، کۆیلەی ئەقڵ. کۆیلەش جگە لە بازرگانی هیچی تری پێیوە ناکرێت گەر بە جەستە بێت یاخود ئەقڵ. ساڵان جەستەت کۆیلە دەکرا و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرا بۆ پارە، بەڵام ئەمڕۆ کڕین و فرۆشتن بە کۆیلە کردنی ئەقڵتەوە دەکرێت بۆ پارە! دەزانیت چۆن؟ بۆ نموونە وەکو ئەوەی ئەم هەموو نەوتە دەدزرێت و بەبێ دەنگی دەفرۆشرێت، بەڵام تۆ نەوەکو ئاگادار نیت بەڵکو تەنانەت هەر ناشپرسیت ئەرێ کەوا نەوتەکەم و پارەی نەوتەکەم؟! ئەی ئەمە کۆیلایەتی ئەقڵ نییە ئاوا بازرگانی بە نەوتمانەوە دەکرێت و کەسیش ئاگادار نییە و باکی پێ نییە؟! ئەم نەوتە هی تۆیە لە خاکی تۆ دەردەهێنرێت بە ئارەقەی ناوچەوانی تۆ، بەڵام نە تۆ سوودمەند دەبیت لێی وە نەدەزانیت چیشی لێدێت؟! بۆچی نازانیت؟ چونکە ئەقڵت کۆیلەکراوە و لەڕێگای گەمژەییتەوە بازرگانی بەم نەوتەوە دەکرێت بۆ پارە! ئەمە چۆن دەکرێت؟! با بەم شێوە ڕوونی بکەمەوە... بۆ نموونە با بڵێین من دەمەوێ نەوتەکە بدزم، ئێستا چی بکەم تا خەڵکەکەم بێ ئاگا بکەم لە دزییەکەم؟ ئەها کەناڵەکانم بە درۆکانیان مێشکی خەڵک خافڵ دەکەن و ناهێڵن ئاگایان لێبێت تەواو! ئەوە ئێستا دزیم، ئەی بە کێ بیفرۆشم ئێستا؟! سیقە ناکەم جگە لە تورکیا کەسی تر لێم بکڕێت چونکە جگە لەو کەسی تر هێندە تینوو نییە بۆ زیان گەیاندن بە خەڵکەکەم. ڕۆیشتم بۆ تورکیا بۆ لای ئەردۆغان بێ ئەوەی کەس ئاگادار بێت، یا بۆ بۆخم بڕۆم خۆ کلکم زۆرن با ئەوان بڕۆن و بۆم بکەن! ڕۆیشت و مامەڵەکەشیان ئیمزا کرد. کە من هەموو ئەمانەم کرد، تۆ هەر خەریکی گوێگرتن لە درۆ و دەلەسەکانی کەناڵەکانی من بوویت و ئاگات لە هیچ نەبوو! دوایش کە ئیشەکەم تەواو کرد دەڵێیت ئەرێ ئەوە کوا نەوتەکەم؟! نەوتەکەت جەمەدانە سوورەکە خواردی خاڵە...!
     باشە واز لەوەش بێنە، ئەی مووچە چی؟ کە دەڵێم میللەتی نەخوێندەوار چۆن ملی بگریت ئاوا بەڕێدا دەڕوات درۆ نییە! مووچەیان ئەم هەموو ماوەیە ڕاگرت قسەت نەکرد، پاشان هاتەوە وتیان دەیکەینە نیوە هەر قسەت کرد، نیوەکەشیان کردە چارەگ هەر قسەت نەکرد، ئێستا تازە تۆزێ، ئەویش تۆزێ باش بووە بەلام هەر قسە ناکەیت؟! ئێ ئەوەتا سەیری چۆن یاریت پێدەکەن و تۆش قسە ناکەیت! من و تۆ لەسەر مێزێکی شەتڕەنجین، نەزانین، کە نەزانیش بووین داشێکی مردووین، ئیتر بە ئارەزووی خۆیان بە دەستەکانیان هەڵمان دەگرن و لێرە بۆ ئەوێ یاریمان پێدەکەن...!
     واز لە مووچەش بهێنە، تۆ نابێ کە مووچەکەش نەبوو بتوانیت ژیانێک بۆ خۆت دابین بکەیت تا نەمریت لە برسان؟! کەس نە ئیش نە حاڵ نە ماڵی ماوە، دەڕۆیتە بازاڕ کابارای دوکاندار خەوی لێکەوتووە لە بێ بازاڕی! خوا ئاگادارە جارێک ڕۆیشتم ماسی بکڕم، کە کڕیم کابرای دووکاندار دوو سەعات پاڕایەوە تا ماسییەکانم بۆ چاک بکات بەس تا هەزار دیناری زیاتر پێبدەم هەزار دینارە! ئەها سەیرکە ئێستا، بەڵام بە ویژدان و مرۆڤایەتییەوە سەیر بکە... پارتی و یەکێتی دز و چەتە و خائین مامەڵەی ملیۆنان لەگەڵ ئێران و تورکیا دەکەن، کابرایەکی وەکو ئەم ماسیفرۆشەش دەپاڕێتەوە تا بەم هەموو ماندووبوونە بەس یەک تاکە هەزار دینار زیاتر وەربگرێت...! ویژدان ئاخر ویژدان، وەڵای من دیمەنی ئەو ساتە هەتا ئەمڕۆش وەکو کابوس لە مێشکمدا ماوە!!
     باشە لەگەڵ ئەوەش، دەڕۆمە ناو بازاڕ لەو خەڵکە دەپرس ئێ کاکە بۆ بێ دەنگی؟! ئەمە حاڵتە بۆ بێ دەنگی؟! وەڵای بمریت خۆشترە لەسەر هاوار کردن نەوەکو بەم سووکاتیەتیەوە بژیت بە ژیانت بۆ بێ دەنگی؟! دەزانیت بۆ بێدەنگە؟ چونکە نەزان و نەخوێدەوارە، میللەتی نەخوێندەوار چۆن ملی بگریت ئاوا دەڕوات بێ ئەوەی فزەی لێیوە بێت.
     ئەمانە بەس سێ خاڵ بوون لە هەموو ئەو یاری و بارگانی و سووکایەتی و ڕیسواییەی بە ژیانت دەکرێت، کەچی ئێستا سەیریکە... سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەر کەس گوێی لێ نییە و لەگەڵیشی دەڕوات! چۆن، چۆن دەتوانیت قبوڵی بکەیت چۆن؟! نەزانە چۆن ملی بگریت ئاوا دەڕوات، هیچ لە ژیان نازانێت وادەزانێت من چێم پێ وت ژیان ئاوایە، ئێ منیش دەڵێم ژیان ئاوایە و ئەویش لەگەڵی دەڕوات بێ ئەوەی هیچ بزانێت و یەک شتیش بپرسێت! واتە بە کورتی بێ ئەقڵە. تا بێ ئەقڵێکیش نابێت ئاقڵێک بەڕێوە ناچێت، نەوەکو بێ ئەقڵێکیش گومان دەکەم هیچ میللەتێک لە پێش ئێمەوە بێط لە بێ ئەقڵی چونکە ڕیکۆردی مێژووییمان لەمەدا هەیە...!
     کە توانیت میللەتێک ئاوا بێ ئەقڵ بکەیت بە نەزانی، ئیتر بە ئارەزووی خۆت یاریان پیدەکەیت هەروەکو ئەوەی پارتی و یەکێتی پێمان دەکەن چەند ساڵە. بۆیەش نەزانی کلیلی هەموو شتێکە. باشە ئێستا چۆن میللەتێک ئاوا نەزان بکەم تا یاریان پێبکەم؟!...
     هەموو مرۆڤێک کە تەمەنی پێگەیشتنی تێپەڕاند هەرگیز ناتوانرێت دەستکاری و تەداخولی سروشتی بیرکردنەوەکانی بکرێت چونکە ئەو کاتە خۆی دەبێتە خاوەن ئەقڵی خۆی و یەک سیستمێک لە مێشکی جێگیر دەبێت تا دەمرێت، بەڵام ئەم سروشتی بیرکردنەوەیە و سیستمە لە پێش تەمەنی پێگەیشتنەوە دروست دەبێت و دادەڕێژرێت ئەگینا دوای ئەوەی جێگیر بوو تەنها گەشە دەکات و هیچی تر. ئێستا گەر من توانیم سروشتێکی نەزانی و سیستمێکی نەزانی دابنێم بۆ ئەو کەسە، ئەوا دوای تەمەنی پێگەیشطن کە جێگیر بوو هەتا دەمرێت بەم نەزانییەوە دەژیات! کەوایە ئێستا چی بکەم تا پێش تەمەنی پێگەیشطن ئەو کەسە بە نەزانی پەروەردە بکەم؟! ئەها سیستمی پەروەردە و فێرکردن چونکە لە ٦ ساڵیەوە هەتا ١٨ ساڵی هەر لە قوتابخانە بەسەر دەبەن! کەوایە ئەوەی ئێستا لەسەر منە ئەوەیە سیستمی پەروەردە و فێرکردن کۆنترۆڵ بکەم و سیستمێک دابنێم کە هەموو قوتابیان بە نەزانی پەروەردە بکات تا دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن و لە مێشکیان ئەم نەزانییە جێگیر دەبێت و دەبێت بە بناغە، ئیتر تەواو!
     مناڵێکی بچووک ئەقڵی بە دنیا ناشکێت کە پێت وت ئەمە ئاگری دەستی لێبەیت دەتسوتێنێت تەواو لە مێشکی دەچەسپێت هەتا هەتایە بەبێ ئەوەی بپرسێت و بزانێت بۆچی، کە منیش پێم وت ئەمە قوتابخانەیە تۆ بەس بڕۆ بۆ قوتابخانە فێری هەموو شتێک دەبیت و هیچی تر مەکە جگە لە خوێندن ئەوا تەواو لە مێشکی دەچيسپێت بەبێ ئەوەی بپرسێت و بزانێت بۆچی! ئیتر ئەو مناڵە هەتا گەورە دەبێت لەو قوتابخانەیە ئاوا پەروەردە دەبێت، چۆن پەروەردە دەبێت؟! بەو سیستمە نەزانییە من دامنا بۆ قوتابخانە...!
     ئەوە مناڵەکە گەورە بوو نەزان بوو، ئیتر هەتا دەمرێت نەزان دەبێت، مەگەر موعجیزەیەک ڕووبدات ئەقڵی بەهۆشی خۆی بێتەوە لەم نەزانییە ئەگینا تەواو لەدەست چووە! بەڵام باشە شتێکی تر، ئەی گەر دایک و باوکان مناڵەکانیان نەنێرن بۆ قوتباخانە یا قوتابیان خۆیان وازبهێنن لە قوتابخانە چی؟! زۆر قورس دەبێت بۆم سیستمێکی تریشی نەزانی دابڕێژم کەوایە باشتر وایە سیستمێکی یان دروست بکەم کە گەر خەڵکی نەچیتە قوتابخانە و شەهادەی قوتابخانەی نەبێت، نەوەکو هەر ژیانی نەبێت بەڵکو هەر حسابی مرۆڤیشی بۆ نەکرێت. ڕێک ئەمەیە کە ئەمڕۆ کراوە! دە با تۆ شەهادەت نەبێ ئەسڵەن کێ هەر حسابت بۆ دەکات؟! دەبینیت چۆن ناچارت دەکەن بۆ قوتابخانە تا بە نەزانییەوە پەرەوەردە بکرێیت؟! کە شەهادەکەشت وەرگرت بانگت دەکەن بۆس سەر تەلەفزیۆن دەڵێن سەیری ئەمە یەکەمی هەرێم بووە... یەکەم لە چی؟! لە نەزانی؟!... تۆ بەس ئاوا نەزان پەروەردەبە، ئەوان خۆیان بەناوبانگت دەکەن و دەتژیێنن بەس تا خۆیان بازرگانی و دزی و گەندەڵیان بەڕێوەبڕوات لە نەزانی تۆ! لە کاتێکیشا ئەوانەی وەکو من بانگەشەی ئەوە دەکەن تا میللەت بە ئاگا بێتەوە لەم هەموو نەزانی و نەخوێندەوارییە، ناچارین بە دزییەوە بانگەشەکەمان بکەین، بۆچی؟ چونکە لەسەر ئەم مێزی شەتڕەنجە ئێمە خۆمان لێرە بۆ ئەوێ دەجووڵێین لەجیاتی ئەوان دەستمان بەسەردا بگرن و ئەوەش بێزاریان دەکات. بەڵام دەستی ئەوان گەورەترە و زیاتر دەڕوات بۆیە بە پەنجەیەک دەمانخەنە ئەم لاوە و فڕێمان دەدەن، واتە دەمانکوژن! بۆیە ناچارین بە دزییەوە جووڵەکانمان بکەین لەسەر ئەم مێزە...
     باشە ئێستا چارمان چییە؟! هەروەکو لیۆناردۆ داڤینچێ وتی ئەوەی دەبینێت کاتێ پیشان دەدرێت دەبێت ئێستا لەبەرچاوی بێت و بتوانێت ببینێت، کەوایە دەبێت لە حەلێک بگەڕێت گەر ئاقڵ بێت. کەوایە چارمان چییە و دەبێت چی بکەین؟!
     وەختی خۆیان کاتێ ژەنەڕاڵ هانیباڵێ قارتاجییەکان هێرشی برد بۆ سەر ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆما، قەیسەری ڕۆما سیسیپیۆ لەگەڵ بیرماندان و ڕاوێژکارانی کۆبۆوە تا بزانێت چێ بکەن بۆ وەستاندنی هانیباڵ لە گرتینی ڕۆما؟! پێیان وت باشترین ڕێگا بۆ شکست هێنا بەو دوژمنەی لەوپەڕی ئاستی سەرکەوتنی دایە ئەوەیە کە هەمان تاکتیکی خۆی دژی خۆی بەکاربهێنیتەوە. سیسپیوۆش گەڕا تا بزانێت تاکتیکی هانیباڵ چییە و دژی بەکاربهێنێتەوە، پاشان تا هانیباڵ گەیشتە بەر دەرگای ڕۆم، هەواڵی بۆ هات کەوا سیسیپیۆ هەموو نیشتمانی قارتاجییەکانی داگیرکردووە!! هانیباڵیش بەپەلە ڕۆمای جێهێشت و کشایەوە بۆ خاکی خۆی. لەسەر خاکی خۆی بە هەمان تاکتیک و پلانی جەنگی هانیباڵ، سیسیپیۆ هانیباڵی لەناو برد و ڕۆمای ڕزگار کرد...! ئێستا لەمەوە چی فێردەبین؟ فێردەبین کەوا باشترین ڕێگا بۆ شکستهێنان بە پارتی و یەکێتی بریتییە لە بەکارهێنانی هەمان ئەو تاکتیکەی ئەوان دژمان بەکاردەهێنن، ئەویش نەزانی! ئەوان مناڵەکانمان پەروردە دەکەن تا نەزان بن، بۆیە با ئێمە پەروەردەیان بکەین تا خوێندەوار و ڕۆشنبیربن. ئا بەم شێوەیە لەناکاوێک دەیان تاسێنین و لە نەوەی داهاتووەدا بە دڵنیایەوە نەزانی کۆتایی دێت، تەنانەت گەر کۆتاییش نەیات هێندە کەم دەبێتەوە کە تا دوای ئەمان بە دڵنیایەوە نەزانی بن بڕ بکرێت بۆ هەتا هەتایە...!
تۆ تەنها ئەمە بکە و هیچی تر، لە جیاتی ئەوەی ڕێگە بدەیت مناڵەکانت بە نەزانی و نەخوێندەواری گەورە بکرێن، خۆت بە زانا و خوێندەوار گەورەیان بکە. ئەوەی کاتێ پیشان دەدرێ دەبینێت، بۆیە گەر تۆش ئەقڵت توانای بینینی هەبێت ئەوە تەنانەت چارەسەرەکەشم پیشان دایت! ئیتر هەموو ئەوەی ئێستا ماوە ئەوەیە چی دەکەیت، ئەوەی لەسەر من بوو ئەوەبوو پیشانتی بدەم. بۆ ئەوەیشی کە نابینێت و نەزانە، بەس تەنها یەک داوام هەیە و هیچی تر... تکایە، تکایە، مناڵەکەت وەکو خۆت نەزان و  کوێر پەروەردە مەکە...!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە