تیۆری پەرەسەندن و ئاینەکان

Sunday, 06.23.2019, 8:54

5678 بینراوە


پاش ئەوەی داروین کار و کردەوەکانی ڕاگەیاندن و کتێبە بەناوبانگەکەی (بنەچەی جۆرەکان)ی بڵاو کردەوە، یەکسەر شاڵاوی ڕەخنە دەستیان پێ کرد، بە مەبەستی تیز و ناوزڕاندن، چەندان وێنەی داروین لەسەر شێوەی مەیموون و ئاژەڵانی دیکە بڵاو کرانەوە. کاربەدەستان و پیاوانی کلێسا، داروینیان بە مرۆیەکی خوانەناس، هاندەری بێئاینی و گەلێک ناووناتۆرەی دی تاوانبار کرد.
کاتی خۆی (گالیلێیۆ)ش لە سەرەتادا لە گشت لایەکەوە هێرشی کرایە سەر، بە ناوی ئەوەی تیۆرەکەی دژی دەقە ئاینییەکان و باوەڕە باوەکانی کۆمەڵگەن، بەڵام لەدواییدا بینیمان چۆن زانست بە شێوەیەکی وا تیۆرەکەی گالیلێیۆی چەسپاند کە ڕەخنەگرتن لێیەوە ئەستەم بێت، بۆیە ئێستە ئاینداران دانیان پێدا هێناوە، لەگەڵ دەقە ئاینییەکانیشدا گونجاندوویانە. لێرەدا دەشێت بپرسین، ئەی بۆچی ئەمە هەتا ئەمڕۆکە بۆ تیۆرەکەی داروین نەکراوە؟ هەرچەندە فەیلەسووفی ناودار برتراند ڕاسل، لەبارەی گرینگیی بەرهەمەکانی داروین دەڵێت: "ئەوەی گالیلێیۆ و نیوتن لەپێناو گەردوونناسیدا کردیان، داروین بۆ زیندەوەرزانی کرد."
بە هەمان شێوەی کۆن ئەمڕۆکەش، لێدوان لە تیۆری پەرەسەندن، یان ئەوەی گەلێک کەس بە تیۆری داروین ناوی دەبەن، لەلای چەندانێک کراوەتە بابەتێکی قەدەغەکراو، هەتا پێشیان کرابێ نەیان هێشتووە لە دەزگەکانی ڕاگەیاندندا، شتێک لەبارەی ئەوە بڵاو بکرێتەوە. تیۆری پەرەسەندن یەکێکە لەو تیۆرانەی خەڵکانێکی زۆر هیچی لێ نازانن، کەچی بە ناڕاست و دژ بە ئاینی دادەنێن، بە جۆرێک لە هەریەکێکیان بپرسی، دەسبەجێ دەبێژێت، تیۆرێکە ڕەچەڵکی مرۆڤ بۆ مەیموون دەگەڕێنێتەوە، دانەرەکەی کەسێکی بێباوەڕ و خوانەناسە، تەنیا نیازیش لە دانانی تیۆرەکە تێکدان و نەهێشتنی باوەڕی ئاینییە. ئەوانەشی دژی سەرتاپای تیۆرەکەن و لەو باوەڕەدان کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئایندا یەک ناگرێتەوە، ئەمەیان لە کەسانی دیکەوە بیستووە، بەبێ ئەوەی خۆیان بە بەڵگە و تۆژینەوە زانستییەکاندا بچنەوە، ناشزانن کە گەلێک ڕووناکبیری لایەنگرانی ئاینەکان، باوەڕیان بە زۆربەی چەمک و بنەماکانی ئەو تیۆرە هەیە. 
پێش ئەوەی لەو بیروڕا و بۆچوونانەی لەسەر بنچینەیەکی ئاینی دامەزراون بدوێین، دەبێ بڵیین کە مەبەستمان لە ئاین بەگشتی لێرەدا هەر سێ ئاینی جووەکان و کریستیانەکان و ئیسلامە، هەرچەندە دەزانین کە بەرانبەر بە پەرەسەندن لە هەندێک لایەنەوە جیاوازیشیان لەگەڵ یەکدا هەیە. زۆربەی ئاینەکان چ نوێ، چ کۆن، چیڕۆکێکی دروستبوونی خۆی هەیە، ئەو ئاینانەش کە باس لە دروستبوون ناکەن، هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە، بەرانبەر بە تیۆری پەرەسەندن وەک، کۆنفۆشیۆسی و بوزی و چەندانی دیکە.
پەرەسەندن لەلای دژکار و لایەنگران، بابەتێکی بەرفرەوان و تێکهەڵکێشە، چونکە لای هەریەکەیان لە تێز و ڕوانگەیەکی تایبەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە دابەشکردنیان و دەستنیشان کردنی تەواوی جیاوازییەکان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە هەندێ ڕووەوە دەتوانرێ بکرێنە چەند بەشێک:

لایەنگران
بەکورتی ئەم بەشە ئەوانە دەگرێتەوە لەسەر بنچینەیەکی زانستی، باوەڕێکی تەواویان بە تیۆرەکە هەیە بە هەموو چەمک و لایەنەکانییەوە. لەمانە هەندێکیان پێیان وایە ئاین و زانست لە هیچ بارێکدا بەیەک ناگەن و دژداری یەکن، شتێکی بەڵگەنەویستیشە کە نابێت دوو بنەمای دژ بە یەکدی هەردووکیان ڕاست بن، بۆیە لێرەدا لەگەڵ گشت بۆچوون و ڕاڤە ئاینییەکانی سەبارەت بە پەیدابوونی ژیان و زیندەوەران ناکۆکن.
ئەمانە دەبێژن، ژیان لە خانەیەکی زیندوو لە ئاوێتە نازیندووەکان دەستی پێ کردووە، پاشان میکانیزمەکانی پەرەسەندن کەوتوونەتە کار، پلە بەپلە و لەسەرەخۆ، جۆرێک لە یەکێکی دیکە پەیدا بووە، ئەمە هەموو جۆرەکان بە مرۆڤیشەوە دەگرێتەوە. وای بۆ دەچن کە هەرچۆنێک بە هۆکارەکانی پەرسەندندا بچینەوە و ڕێکیان بخەین، ناگونجێن لەگەڵ بیروبڕوا ئاینییەکان، چونکە پەرەسەندن هەردەم لە پلەپلەیی گۆڕانی جۆرێک بۆ یەکێکی نوێ دەدوێت، ئەمەش بێگومان لەگەڵ ئافراندن و دروستکردنی ڕاستەوخۆ یەک ناگرێتەوە.
زۆر زانستمەند هەن، جگە لەوەی لایەنگری سەرلەبەری ئەو بنەمایانەی پەرەسەندنن کە لە بابەتەکانی پێشودا ئاماژەمان پێ کرد، چەندان تۆژینەوەشیان ئەنجام داوە بۆ زێدەکردنی بەڵگە و پێڕەوکردنی پەرەسەندن لە بوار و کایە جیاجیاکاندا.
چەند زانایەک لەمانە، پەرەسەندن و میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتیی، نەک تەنیا لە زیندەوەرزانی، بگرە لە گشت بوارێکدا دەبینن، بەتایبەتیش لە فەلسەفە و زانستە سروشتییەکاندا. زانای فیزیازانی لی سمۆلن، پێڕەوکردنی تیۆرەکەی داروین، لەسەر فیزیازانی و گەردوونناسیدا دەردەخا و بۆچوونێکی زانستیی نوێ دێنێتە بەردەست و دەبێژێت: "گەردوونیش بەندە بە بنەمای هەڵبژاردنی سروشتیی، وەک ئەوەی لە تیۆرەکەی دارویندا هاتووە، چۆن هەڵبژاردنی سروشتیی پەسندکردنی و هێشتنەوەی ئەو زیندەوەرانەی خاوەنی تایبەتمەندییە چاک و سازاوەکانن ئەنجام دەدات، بە هەمان شێوە سروشت ئەو گەردوونانە هەڵدەبژێرێت کە شیاوی مانەوەیان زیاترە لەوانی دیکە." هەروەها دەڵێ، لەم دوایییانەدا چەندان بیروڕای زانستیی وا هەن، پێمان ڕادەگەینن کە دەشێ گەردوون لە چاڵە ڕەشەکانەوە (Black hole)، پەیدا بووبێت. لەسەر ئەم بنچینەیە هەڵبژاردنی سروشتییش ئەو گەردوونانە پەسند دەکات کە زیاترین چاڵی ڕەشیان تێدایە، چونکە ئەمانە ئەگەری بەبەرهەم هێنانی گەردوونەکانیان لەوانەی دیکە پترە. گەردوونی ئێمە پڕە لە چاڵە ڕەشەکان، کەواتە هەڵبژاردنی سروشتیی ئەمەیانی پێ باشتر بووە، لەبەرئەوەشە ئەو گەردوونەی ئێمە بوونی هەیە. گوتەکانی ئەم زانایە لەسەر بنچینەی دواترین ئەو زانیارییانەیە کە هەندێک زانای گەردوونناسی پێمانی ڕادەگەینن، بەوەی کە دەشێت ئەو گەردوونە بینراوەی ئێمە تاکە گەردوون نەبێت، تەقینەوەی مەزنیش کە فیزیازانانی هاوچەرخ لێی دەدوێن، ڕووداوێکی تاک و ناوازە نەبێت، بگرە دیاردەیەکی چەندجارەی بێسەرەتا و بێکۆتای یەک لەدوای یەک بێ، هەرجارەی لە ماوی نێوان ئەوەندە ملیار ملیار ساڵەدا ڕوو بدات و ببێتە هۆی هاتنەکایەی ژمارەیەکی بێپایان لەو گەردوونانەی کە گەردوونی ئێمە یەکێکە لێی؟
لە گۆشەنیگایەکی ئاینییەوە لایەنگران دیسانەوە دەکرێنە دوو بەش: یەکێکیان بێخوایەکانن کە باوەڕیان بەبوونی خوا، یاخۆ هێزێکی لە سروشتبەدەر، بۆ بەدیهێنانی ئەم گەردوونە و زیندەوەران نییە. بەشەکەی دووەمیش بە خواییەکان (پەروەردگارناسەکان) ناو دەبرێن، ئەمانە باوەڕیان بە ئاین نییە، بەڵام پێیان وایە، وەدیهێنەر و پەروەردگار، ئەم گەردوونەی دروست کردووە، پاشان لێی گەڕاوە خۆکار بەڕێوە بچێت.
پاش ئەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەڵگە کەوتنە دەست و هێزی زیاتر بە تیۆری پەرەسەندن بەخشرا، وای لێهات ناوبنرێت بە داروینایەتی نوێ. ئێستە لەسەر دەستی کۆمەڵێک زانای بەتوانا چەندان ناوی هەیە وەک، پەرەسەندنی پێکەوەنانەکی هاوچەرخ (Modern evolutionary synthesis)، بەوەی کە بریتییە لە: یەکگرتن و پێکەوەنانی کۆمەڵێک چەمک و بیرۆکە لە بوارگەلە جۆراوجۆرەکانی زیندەوەرزانی، بۆ پاڵپشتیکردن لە تیۆری پەرەسەندن. زانای ناودار، ئیرنست مایەر بە ڕابەری ئەم ڕێبازە دەناسرێت، چەندانی دیکەش هەن ناسراوترینیان: دانیێڵ دێنیت، دۆکینز، مۆرگن، دوبژانسکی و جێری کۆین. برتراند ڕوسل فەیلەسوفی هەرە مەزنی بێخوایەکانیش لەم ڕووەوە دەڵێت: گەورەترین و گرینگترین بەڵگە بۆ بوونی خوا بەڵگەی وەدیهێنانە کە وای لە یەکێکی وەک منیش دەکات باوەڕ بە بوونی خوا بکەم، بە هەمان شێوە تیۆری پەرەسەندن گەورەترین و گرینگترین بەڵگەی زانستییە کە بتوانێ بەرانبەری بوەستێت.
دەبێ لێرەدا ڕاستگۆیانە بڵێین، کەسانێکیش هەن بەتایبەتی لە بێخوایەکان، تیۆری پەرەسەندن کە بابەتێکی تەواو زانستییە، دێننە ناو گشت پرسێک، یاخۆ بەکاری دەهێنن بۆ سەپاندنی جۆرە ئایدۆلۆژیایەکی دیارکراو، لە کاتێکدا ئەوانە تەنیا هێندە باوەڕیان بە چەمکەکانی ئەو تیۆرە هەیە، لە ڕاژەی بیروڕاکانیان بێت و دژایەتی ئاینەکانیان پێ بکەن.

دژکارەکان
زۆربەی ئەو بیروڕایانەی ئەم بەشە، گەلێک لێکدانەوە و بیروبۆچوونی دیکەی جیاواز هەڵ دەگرن. بەڵام لێرەدا تەنیا تێڕوانینی ئەوانە دەستنیشان دەکەین کە دژداری تیۆری پەرەسەندن و پێیان وایە لە گشت لایەنێکەوە لەگەڵ ئاینەکاندا ناکۆکە. ئەوانە زۆربەیان لەسەر بنچینە و گۆشەنیگایەکی ئاینی، دژ بە تیۆری پەرەسەندن دەوەستن و پێیان وایە ئەم تیۆرە دژی خواناسینە، یەکە بە یەکەی چەمک و بنەماکان لەگەڵ ئاینەکاندا ناگونجێن.
بیرۆکەی پەرەسەندن بۆ خودی داروین کێشەیەکی مەزن بوو، چونکە ئەویش چاک هەستی دەکرد، لەبەر نەبوونی زانیاریی و تێنەگەیشتن و چەند مەبەستێکی دیکە، تۆژینەوە زانستییەکانی بەئاسانی یەک ناگرنەوە لەگەڵ هەندێ بیروبۆچوونی ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها لەگەڵ ئەو بیروبڕوایە چەسپاوانەی کە لای هەندێک جێی گفتوگۆکردن نین.
کاتی خۆی پێش داروین دوو بیرۆکە هەبوو بۆ وەدیهێنانی بوونەوەران، یەکێکیان کە خوا هەر لەسەرەتاوە هەموو زیندەوەرانی پێکەوە دروست کردووە، هەندێکیان بنەبڕ بوونە، بەشێکی دیکەش هەتا ئەمڕۆ ماون، واتە ژمارەی جۆرەکان کەم بووە بەڵام هیچی زێدە نەکردووە. ئەوەی دووەمیش دەڵێ، خوا دروستیانی کردووە بە دروستکردنێکی یەک لەدوای یەک، واتە بەردەوامە لە دروستکردنی جۆری نوێ.
بەڵام ئەوەی تەواو جێی سەرنجە کە کەسێک زانستخواز بێت، کەچی دژایەتی تیۆرێکی زانستیی بکات. زانای ئاژەڵناس و توێکاری گەلێک بەناوبانگ، ڕیچارد ئۆون (١٨٠٤ - ١٨٩٢)، لەگەڵ ئەوەی زانایەکی مەزنی زیندەوەرزانی بووە، هاوکات دژکارێکی زۆر سەرسەختی پەرەسەندن بوو، ئەمەش تەنیا لەبەر بیروڕای ئاینی. ئۆون پێی وا بوو"پەرەسەندن ڕاستە و ڕوو دەدات، بەڵام بە شێوەیەکی پچڕپچڕ، چەندان جار لە مێژوودا ئەمە بووە بە دەستی خوایەکی مەزن، هەر جارێکیش بەهۆی کارەساتێکەوە زیندەوەران لەناو دەچن، پاشان خوا دیسانەوە کۆمەڵەیەک زیندەوەری دیکە دروست دەکاتەوە" ئۆون دامەزرێنەری مۆزەخانەی مێژووی سروشتە (Natural History Museum) لە لەندەنی پایەتەختی ئینگلستان(١٨٨١)، ئەمەیان گەورەترین مۆزەخانەی لەم بوارەیە لە جیهاندا، پتر لە ٨٠ ملیۆن نموونەی جۆراوجۆر لە ئاژەڵ، ڕوەک، مەگەز، جێماو و هەڵکۆڵدراوی زیندەوەرە بنەبڕبووەکان، بەتایبەتیش ئێسکەپەیکەری دیناسۆرەکان دەگرێتەخۆ. شایەنی ئاماژە پێکردنە لە دەروازە سەرەکییەکەیدا ساڵانێکی دوورودرێژ پەیکەری ئۆونی لێ دانرا بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٩ بەبۆنەی ٢٠٠ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕۆژی لەدایکبوونی داروین، پەیکەری داروین هاتە جێی ئەو، بێگومان ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ سەرکەوتنی داروین لەلای زانست و زاناکانەوە.
دژکارە ئایندارەکان دەبێژن، خوایەکی هەمووتوان گشت زیندەوەرەکانی ڕاستەوخۆ بە یەک وشە (خوا گوتی ببە، ئەوا دەسبەجێ دەبێ ببێت) وەدیهێناوە، بۆیە پەرەسەندن هیچ بوونێکی نییە، زیندەوەران لە یەکدی پەیدا نەبوونە و خاوەنی پێشینەی هاوبەش نین، مرۆڤەکان گشتیان نەوەی ئادەم و حەوان، هیچ پێوەندییەکیان بە ئاژەڵانەوە نییە.
جووەکان لەسەر بنچینەی کتێبە پیرۆزەکەیان (تەورات) دەڵێن: خوایەکی بەتوانا گەردوون و سەرلەبەری زیندەوەرەکانی بە شەش ڕۆژ، زەویشی بەو شێوەیەی کە ئێستە هەیە دروست کردووە، هەر ڕووداو و کارەساتێک کە بەسەر زەویدا هاتووە، هۆیەکەی بۆ توڕەبوونی خوا دەگەڕێتەوە، ئەویش ئاکامی ئەو گومڕایی و خراپانە بووە کە بەندەکانی کردوویانن. زەوی لەوەتەی هەیە وەک خۆی ماوەتەوە، بوونەوەرەکان بە چاکترین و جوانترین شێوە دروست کراون، هیچ گۆڕانێکیشیان بەسەردا نەهاتووە. هەموو جۆرەکان ناسراون، جۆری نوێیان تێدا نییە، باوکە ئادەم ناوی لە گشت بوونەوەرێک ناوە، چونکە ئەگەر وا نەبوایە، ئەوا سەرلەنوێ پێویستیمان بە پەیامبەرێک دەبووەوە، بۆ گۆڕین و چاککردنەوەی ناوەکان. ئەمانە دەبێژن، کاتێک خوا تووڕە بوو لە بەندەکانی، بڕیاری داوە بەهۆی لافاوێکی مەزن، گشت زیندەوەرێک لەناو ببات، فەرمانیشی داوە بە پەیامبەر (نوح)، کەشتی دروست بکات، بۆ ڕزگارکردنی باوەڕداران، لە هەمان کاتیشدا لە جۆری هەر زیندەوەرێک، نێرینە و مێیینەیەک لەگەڵ خۆی هەڵ بگرێ، بۆ ئەوەی لەدوای نەمانی ئەو لافاوە، ژیان لەسەر زەوی جارێکی دی ببوژێتەوە.
بۆ ئەوەی ڕاڤەیەکی باوەڕپێکراو لە بەرگێکی زانستیدا بەم چیڕۆکە بدرێت، هەندێ هەن دەڵێن، ئەم لافاوە هەموو لایەکی جیهانی ئەو کاتەی نەگرتەوە، ئەمەشیان لەبەرئەوەیە گەر وا نەبێ، ڕێی تێناچێ گشت ئاژەڵانی کیشوەر، سەهۆڵبەند و بیابانەکان کۆکرابنەوە، چۆنیش ئەو کەشتییە جێی ئەو هەموو ئاژەڵەی تێدا بووەتەوە؟ دیسانەوە، ئەگەر لافاوەکە لە گشت لایەک نەبووبێ، بۆچی دەبووایە لە هەر جۆرێک دوو دانە هەڵ بگرێ، لە کاتێکدا جۆرەکانیان لە شوێنی دیکەدا هەبوون؟ لە پەرەسەندن و زیندەوەرزانیدا چەسپاوە کە بەبێ جۆراوجۆری جینەکی هیچ جۆرێک ناتواندرێت ڕزگار بکرێت، ئەمەش هەرگیز بە دوو دانە ناکرێت، بگرە هەر جۆرێک پتر لە ٥٠ تاکی پێویستە بۆ ئەوەی بنەبڕ نەبێت. لەبەرئەوەشە دەبێ چەندین جار جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، ئێمە ئەگەر بمانەوێت ئاینەکان لەم کێشە و هەڵە زانستییانە بپارێزین، پێویستە دان بەوەدا بنێین کە ئەم چیڕۆکانە هێمایەکن بۆ چەند مەبەستێکی دیارکراو.
بەگوێرەی باوەڕی ئەو ئاینە، جیهان وەک خۆیەتی، هەر لە سەرەتای ئافراندنەوە هەتا ئەمڕۆ، هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆوە نەبینیووە، هیچ جۆرە ئاژەڵ و ڕوەکێکیش بنەبڕ نەبوونە. بەڵام زانستمەندان و لایەنگرانی پەرەسەندن بەرانبەر بەم بۆچوونانە دەڵێن، لە زانستدا زانراوە کە چینگەلێکانی زەوی چەندان جۆرە زیندەوەری جۆراوجۆری تێدایە کە لە چاخێک بۆ یەکێکی دیکە لە پێکهاتەیاندا جیاوازن. هەروەها تەمەنی زەوی لە چەند ملیار ساڵێک پترە، چینەکانی زەویش ژمارەیەکی زۆر لە هەڵکۆڵدراوی وا لەخۆ دەگرن کە بۆ چاخە ڕابردووە یەکجار دوورەکان دەگەڕێنەوە، بوون و سەرهەڵدانی مرۆڤیش زۆر لەمیژ نییە، بە بەراوردکردن لەگەڵ هەڵکۆڵدراوی زیندەوەرانی دیکەدا. بەمانەش دەگەینە ئەو کۆئەنجامەی کە گەلێک جۆرە زیندەوەر ژیاون و بنەبڕ بوونە، پێش ئەوەی مرۆڤ پەیدا ببێت.
پێشتریش گوتمان کە لە مێژووی موسڵماناندا، پەرەسەندن چەندان لایەنگری هەبووە بەبێ ئەوەی کە کاریگەری هەبووبێ لەسەر بیروباوەڕ و ئاینی ئەو کەسە. بۆیە هەندێ پێیان وایە، دژایەتیکردنی تیۆری پەرەسەندن بەو شێوازە تووندە، تەنیا لە سەدەی بیستەمەوە بەزەقی دەبینرێت، ئەو کاتەی کە بیرۆکەکانی داروین لەگەڵ چەندان چەمکی وەک، ئیمپریالیزم، کۆمەنیستی، بێخوایەتی گرێ درا. پاشان پیاوانی ئاینی بەرەبەرە بوونە دژکار و نەیاری تیۆری پەرەسەندن، دواجار ئەو هەڵوێستە بۆ جەماوەر گوێزرایەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، موسڵمانان هەر هەمان بەهانە و بۆچوونەکانی کریستیانەکانیان دەربارەی دروستکردنی ڕاستەوخۆ بەکار دەهێنا بۆ دژایەتی کردن ئەو تیۆرە، بەمەش ئەو شەڕەی کە لەو دەمانەدا لە خۆراوا هەبوو لە نێوان ئاین و زانستدا، بۆ وڵاتانی ئیسلامییان گواستەوە.
لە ئاینی ئیسلامیشدا قورئان سەرچاوەی بنەڕەتی گشت بیروباوەڕەکانیەتی، هەندێ بۆچوونی نێزیک لەمانەی تێدایە. بە سەرنجدانمان لە چەند ئایەتێکی قورئان دەبینین، خوا ئادەمی لە خۆڵ دروست کردووە، پاشان گیانێکی پیرۆزی پێ بەخشیووە، لە ئادەمەوە (حەوا)ی دروست کردووە، تێکڕای مرۆڤی سەر ڕووی زەویش نەوەی ئەم دووانەن. وێڕای ئەمانە لە ئیسلامدا چەند بیروبڕوایەک هەن، نابێت فەرامۆش بکرێن، وەک ئەوەی خوا مرۆڤی بەبێ نیاز و مەبەست دروست نەکردووە، مرۆڤ نە فریشتەیە و نە ئاژەڵە، بگرە سروشتێکی دووانەکی هەیە، بەشێکی ئاژەڵییە وەک چۆن لە زایەند و خواردندا بەدەر دەکەوێت، بەشەکەی دیکە وەک فریشتەکان گیانییە. کەواتە مرۆڤ ئەوە نییە کە تەنیا زیندەوەرێکی ئاسایی بێت و هیچی دی، بگرە بوونەوەرێکی پیرۆز و تایبەتە، چونکە خاوەنی گیانێکە خوا پێی داوە. مرۆڤ چۆن دروست کراوە، کەی پەیدا بووە؟ کەس ناتوانێ بەتەواوی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، لەبەرئەوەی زۆر بیروڕای جیاواز لەم بارەیەوە هەن. کاتێک قورئان دەڵێت، خوا بە شەش ڕۆژ گەردوونی دروست کردووە، کەس نازانێ مەبەست لە شەش ڕۆژ چییە؟ ئایە شەش قۆناغە، یان شەش چاخە، هەر ڕۆژێکیش لەمانە دەکاتە چەند ڕۆژی ئێستە؟ ئەوانە هیچی بەڕوونی دیار نەکراون. ئەو کەسانەی کە قورئان ڕاڤە دەکەن، لە وەڵامی ئەو پرسیارانە، بەتایبەتیش بۆ پەیدابوونی زیندەوەران و بوونی هەمەجۆری، بۆچوونێکی وایان هەیە کە خوا هەر لە سەرەتاوە هەموو جۆرەکانی پێکەوە دروست کردووە، هەریەکێکی لەوەی دیکە جیاوازە، ژمارەی جۆرەکانیش جێگیر و نەگۆڕە.
ئەمانەی کە گوترا بەتەواوی نازنرێت چەندیان لەگەڵ زانستدا یەک دەگرنەوە، بۆیە لایەنگرانی پەرەسەندن لێرەدا دێنە وەڵام و گەلێک ڕاڤەی جیایان بۆ ئەم بیروڕایانە هەیە. زاناکان کاتێک تەمەنی هەڵکۆڵدراوەکان دیار دەکەن، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە یەکەمین ئەو شێوە ژیانەی سەری هەڵداوە بەکتریاکان بوونە، پاشان بە ڕیزبوونێکی دیارکراو ئەمانە بەدوای یەکەوە هاتوون: ڕوەکە ئاوییەکان، ماسیی تەنکاوەکان، پاش بنەبڕی ئەمانە ماسییە ئاسایییەکان، وشکاوەکییەکان، خشۆکەکان (لەوانەش دایناسۆرەکان)، باڵندەکان، شیردەرەکان، نیوچەمرۆیییەکان، مرۆڤی سەرەتایی، پاشان مرۆڤی هاوچەرخ. واتە چاخی وا هەبووە تەنیا هەندێ زیندەوەران و ماسییەکانی تێدا ژیاون، چاخی دیکە تەنیا ماسی و وشکاوەکی و جومگەدارەکانی تێدا بووە، بەبێ بوونی هیچ خشۆک و باڵندە و شیردەرێک، هەروەها ئەو چاخەی خشۆکی لێ پەیدا بووە، باڵندە و شیردەری لێ نەبووە، ئەو دەمەی باڵندەکان پەیدا بوون، هێشتا شیردەرەکان نەهاتبوونە کایەوە، کاتێکیش کە شیردەرە بەرایییەکان پەیدا بوون، پاش چەندان ملیۆن ساڵ، ئینجا مرۆڤی هۆشدار سەری هەڵداوە. کەواتە هەرگیز ناشێ، ئێسکەپەیکەرێکی مرۆڤ بدۆزرێتەوە کە تەمەنەکەی نەک ١٠٠ ملیۆن ساڵ، بگرە ١٠ ملیۆن ساڵیش بێت.
جگە لەمانە هەندێک دەڵێن، ئایە کەسێکی ئایندار دەتوانێت دیاردەیەکی وەک، بنەبڕی ڕاڤە بکات؟ ئەمانە دەپرسن، چ مەبەستێک هەیە لەوەی خوا ٤ ملیار جۆر لە زیندەوەران دروست بکات، پاشان ڕێ بدات بنەبڕ ببن، وەک ئەوەی کە هەر نەبووبن؟ کەچی بەرانبەر بەمە، تیۆری پەرەسەندن زۆر بەچاکی دەکارێ وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، ئەویش بەکورتی لەبەرئەوە بووە کە ئەم جۆرانە نەیان توانیووە بسازێن و خۆیان بگونجێنن، کاتێک ژینگە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
چەندانێک لەوانەی باوەڕیان بە ئافراندنە دەڵێن، باوەڕمان بەوە هەیە هەندێ گۆران ڕوویان داوە، چونکە ئێمە دەزانین کەشتییەکەی نوح ئەو کاتە هەموو جۆرە زیندەوەرێکی هەڵ نەگرتووە. بەڵام پاش ئەوەی کە لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە، بەرەبەرە گۆڕان بۆ ئەو هەمەجۆرییەی کە هەیە، دەشێ چەند گۆڕانێکی ڕووکەش و سادە لە شێوەی دەرەوەیاندا ڕووی دابێت، بەڵام ئێمە دژی گۆڕانە مەزنەکانین، ئەو گۆڕانانەی ئەسپێک بکەنە مانگا، یان مەیموونێک بکەنە مرۆڤ!
ناکۆکیی سەرەکیی نێوان تیۆری پەرەسەندن و ئاینەکان پەیدابوونی مرۆڤە، چونکە لەلای ئاینداران مرۆڤ ڕاستەوخۆ دروست کراوە، واتە لە هیچ جۆرێکی دیکەی پێشی خۆی پەیدا نەبووە، ئەمانە بەتەواویش دژی ئەو ڕایەن کە ڕەچەڵەکی مرۆڤ بۆ ئاژەڵەکان دەگەڕێنێتەوە. لێرەدا نەک تەنیا پەیدابوونی مرۆڤ، بگرە مێژووی پەیدابوونەکەش گرفتێکی مەزنە، بەتایبەتیش لەلای جووەکان، چونکە تەوڕات، تەمەنی مرۆڤ و سەرلەبەری بونەوەرەکان بە چەند هەزار ساڵێک (بەگوێرەی تەمەنی پەیامبەرەکان تا دەگاتە ئادەم) دادەنێت، دەشڵێ زەوی بەر لە مرۆڤ هیچ زیندەوەرێکی لێ نەبووە.
چەمکەکانی ئافراندن لەلایەن خواوە (وەک نەخشەسازیی ژیر)، بابەتێکی ئاینییە و پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زانستەوە نییە، چونکە زانست وەک ئەرکێکی تایبەتیی خۆی، دەیەوێ چۆنەتی و شێواز و مێژووی ئەو دروستکردنانە بەڕوونی بزانێ، ئەویش لەبەرئەوەیە کە زانست تەنیا لە دیاردە سروشتییەکان دەکۆڵێتەوە و خۆی لە سروشتبەدەر و ئەودیو سروشت نادات.
ناکۆکییەکان و نەبوونی هاودەنگی لە نێوان لایەنگران و دژدارەکانی پەرەسەندن، لە گشت ئەو چەمکانەیە کە پێشتر لێیان دواین، ئەوانەی کە پێوەندییان بە هزر و هۆش، هەست و نەستە دەروونییەکان و هەڵسوکەوتە ئاکارەکییەکانی مرۆڤەوە هەیە وەک، چاکە، ڕەوشتی باش، سۆز و خۆشەویستی و چەندانی دیکە. ئاماژەش بەوە کرا کە زاناکان ئەمانە بە دەرەنجامەکانی پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سروشتیی دادەنێن، بەڵام ئاینداران سەرچاوەی هەموو ئەمانە لە مرۆڤدا، بۆ بوونی ئاینەکان دەگەڕێننەوە.

نەخشەسازیی ژیر
نەخشەسازیی ژیر، یان داهێنانی ژیر (Intelligent design)، ناونیشانێکە بۆ بیروڕایەک کە پێی وایە نەک تەنیا ژیان، بگرە سەرلەبەری گەردوون دەستکردی نەخشەساز و داهێنەرێکی ژیرە. ئەوانەی سەربە ئەم بەشەن، باوەڕیان بە بوونی پەرەسەندن هەیە لە زۆربەی لایەنەکانییەوە، تەنیا لە بزوێنەری میکانیزمەکانی پەرەسەندن، لەگەڵ تیۆرەکەی دارویندا ناکۆکن. واتە لایەنگرانی (تیۆری) نەخشەسازیی ژیر، زۆرینەی ئەوانە دەگرێتەوە کە ئایندارن و باوەڕیان بە پەرەسەندن هەیە. بەکورتی دەکرێت بڵێین، نەخشەسازیی ژیر پێکهاتەیەکە لە چەند نیشانەیەکی ڕووکەشانەی زانستی کە ناوەڕۆکێک دادەپۆشێت، پڕە لە بیروباوەڕی ئاینی.
ئەمانە دەبێژن، ئەو زیندەوەرانەی هەن، لەلایەن هێزێکی لە ئاسابەدەر و داهێنەرێکی ژیرەوە، بە بوونی چەند مەبەست و ئامانجێکەوە دروست کراون، چونکە ئەو ئاڵۆزی و ڕێکوپێکییەی لە پێکهاتەی ئەندامەکانی لەشی زیندەوەراندا هەن وەک، چاو، مێشکی مرۆڤ و پەڕی باڵندەکان، دەبێت هێزێکی ژیر و بەتوانای لە پشتەوە هەبێت، چونکە هەرگیز ناشێ بە کردارێکی بێئاراستەی وەک هەڵبژاردنی سروشتیی بێنە کایەوە. ئەمانە هاوشێوەی ئایندارەکان، مەبەستیان لەو هێزە خوایە، بەڵام ناوی نابەن، ئەویش لەبەرئەوەیە لەلایەک هەتا بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە نەبنەوە کە لەبارەی چیەتی ئەو داهێنەرە و چۆنەتی بەدیهێنانی بوونەوەرەکان دەکرێن، لەلایەکی دییەوە تاکو بۆچوونەکانیان وەک تیۆرێکی زانستیی دوور لە ئاین، نیشان بدەن.
بیرۆکەی ئەوەی بوونی ئاڵۆزی، ڕێکوپێکی، جوانی سروشت، هەڵکەوتن و گونجانی زەوی بۆ ژیان، وەک بەڵگە بۆ بوونی خواوەند، بۆ ڕابردووێکی دوور دەگەڕێتەوە. گەلێک گفتوگۆ و لێکدانەوە لەم بارەیەوە دەکران، لەلایەن ئایندارانی مێژوو و چەند فەیلەسووف و بیرمەندێکی یۆنانی کۆنی وەک، ئەفڵاتون و ئەریستۆ، دوای ئەوانەش وەک، تۆماس ئەکویناس و ویلیەم پێلی (خاوەنی تێزی کاتژمێر دروستکەر).
خاڵی سەرەکی لەلای لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر، مەزنی سروشت و جوانی بوونەوەرەکانییەتی، بوونی ئەو هەموو گوڵە جوانە و شێوە سەرسڕکەرەکانی باڵندە ڕەنگینەکان و ئاژەڵە سەیروسەمەرەکانی ئەم جیهانەمان، لای ئەواندا بەڵگەیەکی زەق و ئاشکرایە، بۆ بوونی کردگارێکی بلیمەت و بێهاوتا. لە ڕاستیدا کەس ناتوانێت بەئاسانی لاری هەبێت بەرانبەر بەو بۆچوونانە، هیچ مرۆڤێکیش نییە، مەست و سەرسام نەبێت، لە جوانی ئەم گەردوونە و زیندەوەرەکانی. زانایان و لایەنگرانی تیۆری پەرەسەندنیش نکوڵی لەمە ناکەن، هەموویان لەم خاڵەدا لەگەڵ ئەو بیروڕایانەی نەخشەسازیی ژیردا هاودەنگن. بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر دەبێت بزانین کە جیاوازی بنچینەیی لێرەدا ئەوەیە، ئەو ئاڵۆزییە و جوانییە ڕاستەوخۆ و لە یەک کاتدا نەهاتوونەتە دی، وەک نەخشەسازیی ژیر دەیڵێت، بگرە دەرەنجامی زنجیرەیەکی یەکجار دوورودرێژی چەندجاربوونەوە و کەڵکەکەبوون و کۆبوونەوەی گۆڕانە یەک بەدوای یەکەکانە. بەوەی نە گەردوون لە سەرەتاوە ئەم گەردوونە بووە، نە زەویش پاش چێبوونی لەبار و گونجاو بووە بۆ ژیان، بەڵام لەگەڵ گۆڕان و ئاڵۆزی زیاتری ئەوانە و پەیدابوونی زیندەوەرەکان، پاشانیش پەرەسەندنی مرۆڤ، ئەو چەمکەی جوانی کە هەستێکی مرۆییە، بەرەبەرە لەلایدا سەری هەڵداوە.
هەموو شتەکان لە گەردووندا سەرەتا سادە بوون و پاشان لەسەرەخۆ بەرەو ئاڵۆزی چوونە. بەگوێرەی ناسراوترین تیۆر لە گەردوونناسیدا، ئەم گەردوونەمان خۆی لە تاکە خاڵێکی ناوازەوە هاتووە، دروستبوونی پێکهاتە نازیندووەکانیشی سەرەتا لە تەنۆلکە هەرە بچووکەکان دەستی پێ کردووە، پاشان بوونە بە یەکە وردەکانی وەک، ئەلکترۆن و نیۆترۆن، لە دوای ئەوانەوە گەردیلە، پاشانیش توخمەکان، لە دواییدا ئاوێتە و پێکهاتە کیمیایییە ئاڵۆزەکان. لە زیندەوەرەکانیشدا بە هەمان شێوە پێکهاتە زیندەکییە کیمیاییەکان، یەکخانەییەکان، ناوکۆکەڕاستەقینەکان، بەیەکەوەبوونی خانەکان، دروستبوونی شانەکان، ئەندام و کۆئەندامەکان، دواجاریش بوونە بە زیندەوەری تەواو. گەر سەیری ئاوەلەمەی مرۆڤ بکەین، دەبینین ئەویش سەرەتا یەک خانەیە، پاشان دەبێتە ئەو هەموو ملیار خانەیە بۆ هاتنەکایەی مرۆڤێکی پێگەیشتوو. ئەمە نەک هەر لە سروشتدا، بگرە ئەوانەی دەستکردی مرۆڤیشن هەر وایە. ئەگەر سەرنج بدەینە مێژووی تەکنەلۆژیا لە دروستکردنی تەلەفۆن، ئۆتۆمۆبیل، کۆمپیوتەر یاخۆ هەر داهێنانێکی دیکە، دەبینین کە سەرەتا چۆن بوونە و چەندە بەسادەیی و ساکاری دروست کراون، ئێستەش بە کوێ گەیشتوون لە ئاڵۆزیاندا.
نەخشەسازیی ژیر وەک بزوتنەوەیەک، سەرەتا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەری هەڵداوە، پاشان ئەندامەکان توانیوویانە لە هەندێ وڵاتانی جتهاندا چەند لایەنگرێک پەیدا بکەن. نەخشەسازیی ژیر جاری وا هەیە لە ئەمەریکادا، لە ناوەندە دەسەڵاتدارەکانیش داکۆکی لێ دەکرێ، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و بانگەشە و پڕوپاگەندەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن. لایەنگرانی ئەو تیۆرە بە پشتوانی چەند بەرپرسێک بەردەوام لە هەوڵی ئەوەن، تیۆرەکەیان کە لە ڕاستیدا تیۆرێکی ئاینییە، لەبری تیۆری پەرەسەندن، یان بە لایەنی کەمەوە لەتەک ئەودا، لە فێرگە و زانکۆکاندا بخوێنرێن. بەڵام هەرگیز ئەمەیان بۆ نەچووەتەسەر، لەبەرئەوەی ئەمە دژی دەستووری ئەمەریکایە کە لەلایەک ئاینی لە دەوڵەت جیا کردۆتەوە، لەلایەکی دیکەوە ڕێ نادات، هیچ بەرپرسێک ئەو پلە و پایەیەی لە بوارێکدا هەیەتی، بۆ سەپاندنی بیروڕایەکی دیارکراو بەکار بهێنێت.
وەک گوتمان، خاوەنی ئەم بۆچوونانە پێناسەیەکی دیارکراویان بۆ داهێنەرەکە نییە، خۆیانیش بە باوەڕدارانی هیچ ئاینێکی تایبەتی نیشان نادەن، ئەمەشیان بۆ ئەوەیە، هەتا تیۆرەکەیان بۆ هەموو بۆچوونێک و ئاینێک بشێ، هەریەکێکیش بە جۆرێک لێکی بداتەوە و تێی بگات. نابێت بە چەمکی نەخشەسازیی ژیر وەک هەندێ بانگەشەی بۆ دەکەن بگوترێ تیۆر، چونکە ئەمەیان تەنیا گریمانەیەکە و هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە. ئاماژەی پێ کرا کە تیۆر دەبێت چەند مەرجێکی بنچینەیی تێدا هەبێت، لەمانە دەبێ بۆ بەهەڵەبوون بشێ، وەڵامی پوختە و تۆکمەی هەبێ بۆ ئەو پرسیارانەی لەبارەی دیاردەکانەوە لێی دەکرێن، بتوانرێ لێکۆڵینەوە و ئەزموونی زانستی بۆ بوونی بەڵگەکانی ئەنجام بدرێن، هەروەها پێویستە هۆکارەکان و چۆنەتی ڕوودانی کردارەکانی بەربین و بەرهەست بن، کەچی ئاشکرایە تیۆری نەخشەسازیی ژیر، هیچ یەکێک لەمانەی تێدا نییە. یەکێک لە گرینگترین مەرجی دیکەی تیۆری زانستی، خستنەڕووی پێشبینییەکانە بۆ سەلماندن و وەلانانی بنەماکانی، تیۆری داروین گەلێکی هەبوو زۆربەشیان هاتنەدی، بەڵام نەخشەسازیی ژیر تاکە یەک دانەشی نییە، بیخاتە بەردەست بۆ لێکۆڵینەوە.
ڕەخنەیەکی ناسراو بەتایبەتی لەلایەن بێخوایەکانەوە ئاراستەی نەخشەسازیی ژیر دەکرێت ئەوەیە، گەر ئەو ئاڵۆزییەی لە ژیانی زیندەوەران و گەردووندا هەیە دەسکردی دروستکەرێک بێت، شتێکی بەڵگەنەویستە کە ئەو دروستکەرە پێویستە لە شتە دروستکراوەکانی ئاڵۆزتر بێت، ئەو کاتە بە بوونی هەمان بنەمای بەکارهێنراو، ئەویش دەبێ دروستکەرێکی هەبێت! ئەمەش بەرەو پرسێکی فەلسەفیمان دەبات کە ڕوونکردنەوەکەی ڕاڤەیەکی زیاتری گەرەکە لەوەی پێشوو، کەواتە ئێمە نەک تەنیا ئەو کێشەیەمان چارەسەر نەکرد، بگرە گەورەتریشمان کرد. لێرەدا مەبەست لە هێنانەوەی و وروژاندنی تێزێکی فەلسەفی وەک ئەمە لەوەدایە، ئێمە هەر کاتێک دوو بواری جیاوازی وەک، زانست و فەلسەفە، یاخۆ زانست و ئاین تێکەڵ بە یەکدی بکەین، بێگومان دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند کێشە و گفتوگۆیەک کە یەکلایی کردنەوەی زۆر سەخت بێت. هەر بۆیە هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە ئەمانە هەریەکەیان لە زەمینە و کایەی تایبەتیی خۆیدا کارەکانی بەڕێوە ببات. جێی سەرنجە کە گەلێک لە پیاوانی ئاینیش بۆچوونەکانی لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیریان پێ باش نییە، ئەمانە دەڵێن، نەخشەسازیی ژیر ڕۆڵی خوا لە دروستکردنی بوونەوەران کەم دەکاتە، بە جۆرێک لە خوایەکی مەزنی هەمووتوان، دەیکاتە تەنیا ئەندازیارێک.
سەرباری هەموو ئەوانە دەکارین بپرسین، ئەگەر زیندەوەران لەلایەن بەدیهێنەر و نەخشەسازێکەوە هاتبن، بەچاکترین و جوانترین شێوەش دروست کرابن، لەبەرچی پتر لە ٩٨%یان بنەبڕ بوونە لە مێژووی ژیاندا؟ هەروەها نەخشەسازیی ژیر هیچ وەڵامێکی پێ نییە، بۆ ئەو هەموو کەمەکوڕییانەی کە لە لەشی زیندەوەراندا هەن، کەچی پەرەسەندن زۆر بەچاکی و بە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە دەتوانێت گشتیان ڕاڤە بکات.
لەم بەشەدا بە پێویستی دەزانین کە زۆر بەکورتی ئاماژە بەوەش بدەین، یەکێک لە بەناوبانگترین لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر لەناو موسڵمانان لەم سەردەمەدا، نووسەری تورکی عەدنان ئۆکتاری ناسراو بە (هارون یەحیا)یە، ئەوەی کە ژمارەیەکی یەکجار زۆری موسڵمانان پشت بە بەرهەمەکانی دەبەستن، بۆ دژایەتیکردنی تیۆری پەرەسەندن. هارون یەحیا لە نووسینەکانیدا زۆر بەتووندی ڕەخنە لە پەرسەندن دەگرێت، لەم بارەیەوە گەلێک کتێب و وتاری بڵاو کردووەتەوە. ئەو خاڵەی کە بەبەردەوامی جەختی لەسەر دەکاتەوە کە دەڵێت: گەر ئێمە لە شێوەی زیندەوەران بڕوانین، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەوانەی بەر لە ملیۆنان ساڵ لەگەڵ ئەمانەی ئەمڕۆکە هیچ جیاوازییەکیان نییە. مەبەستی هارون یەحیا ئەو جۆرانەیە کە پێیان دەگوترێت، بەبەردبووەی زیندوو، ئەمەش لەم نووسینەدا گەلێک جار وەڵامی دراوەتەوە (چەند بەهەڵە تێگەیشتنێک لە پەرەسەندن؛ کوا پەرەسەندن)، بۆیە بە پێویستی نازانین کە چەندجارەی بکەینەوە. جگە لەمە چەند زانا و شارەزایەک ڕەخنەیان لە هارون یەحیا گرتووە، زۆر بەچاکیش ڕوونکردنەوەیان لەسەر بۆچوونەکانی داوە. هارون یەحیاش وەک زۆربەی لایەنگرانی دیکەی نەخشەسازیی ژیر، شتێکی وای پێ نییە، بتوانێت پێگەی تیۆری پەرەسەندن لەق بکات، لەبەرئەوەی نە کەسێکی خاوەن بڕوانامەیەکی بەرزی زانستییە و نە پسپۆڕێکی ناسراویشە لەم بوارەدا. سەرباری ئەمانە زۆر باش دیارە کە هۆکاری خەریکبوون و ڕەخنەکانی هارون یەحیا، تەنیا لەپێناو داکۆکیکردنە لە بیروڕا ئاینییەکەی.
بە ئاشنابوونمان لە بیروڕاکان و بۆچوونەکانی لایەنگرانی ئەم بەشە، دەبینین کە ئەمانە هەڵبژاردنی سروشتیی بە ڕاست دانانێن، باوەڕیشیان تەنیا بە پەرەسەندن هەیە وەک دەرەنجامێک، ئاشکرایە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک واتای دانپیانان و باوەڕهێنان بە بنەما سەرەکیییەکانی تیۆری پەرەسەندنی داروین ناگەینێت. بۆیە ئەوانەی شارەزان لە زیندەوەرزانی و پەرەسەندندا، لەڕێی کردەوە و بڵاوکراوەکانی ئەمانە، زۆر بەچاکی بۆیان بەدەر کەوتووە کە لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر، دژکارانێکی گەلێک سەرسەختی تیۆری پەرەسەندنن.

بیروڕا جیاجیاکان
سەرەتا پێویستە ئەوە دووپات بکەینەوە کە ئەم بەشە گەلێک بیروڕای جیاجیای وا دەگرێتەخۆ کە دەشێت لەگەڵ بەشەکانی پێشوودا لە هەندێ ڕووەوە کۆک و هاودەنگ بن، یاخۆ ببنە ئەلقەیەک بۆ لێکگرێدانی چەندان بیروڕای هەمەجۆر و لێکدژ.
گوتوومانە کە زۆربەی بیروڕای دژکارەکانی پەرسەندن ڕەنگە لە پاشخانی ئاینییەوە سەرچاوە بگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەشێ یەکێک لە بێخوایەکان بێت و هاوکات باوەڕی بە پەرەسەندن نەبێت، بەپێچەوانەوەش مەرج نییە، هەموو ئایندارێک دژ و نەیاری تیۆری پەرەسەندن بێت.
والاس کە نێزیکترین هاوڕێی داروینە، هاوبەشیش بووە لە دانانی چەند چەمکێکی تیۆری پەرەسەندن، مرۆڤێکی خواناس بووە، زۆریش داکۆکی لە ئاین کردووە. هەر لەم ڕووەوە خودی داروین گوتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەبێژێت: "باوەڕهێنان بە ڕاستی پەرەسەندن، مەرج نییە، مرۆڤ بەرەو بێخوایەتی ببات" زۆری دیکە هەن، هیچ ناکۆکییەک لە نێوان باوەڕهێنان بە خوا و پەرەسەندندا نابینن.
هەندێک دەڵێن، ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە هیچ شتێک نییە، لەم گەردوونەدا کاری خوا نەبێت، کەواتە بۆ باوەڕ بەوەش نەکەین کە خوا خۆی هۆکار و میکانیزمەکانی پەرسەندنی داناوە، هەڵبژاردنی سروشتییش بە ویستی خوایە، هەر ئەویش دەیەوێت کە بەو شێوازە ڕوو بدات، چونکە یاساکانی خوا و سروشت هیچ کاتێک لە یەکدی دانابڕێن. ئەمانە پێیان وایە کە پەرەسەندن کردارێکە خوا بەڕێوەی دەبات، بەردەوامیشە لە ئاراستەکردنی هەنگاوەکانی ئەو پەرەسەندنە، چۆن سەرپەرشتی گەشەی ئاوەلەمە دەکا لەناو منداڵدانی دایکدا، پەرەسەندنی بوونەوەرەکانیشی، بەوردی و بەهۆی ئەو یاسایانەی کە دەسکردی ئەون، بەڕێوە دەبات.
مەبەست لە کتێبی ئاینی ئەوەیە پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و خوا، مرۆڤ و گەردوون، مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدی، هەروەها چارەنووسی مرۆڤمان پێ بناسێنێت. ئەمانە کتێبی زیندەوەرزانی و گەردوونناسی نین، ناشتوانن ئارەزووی گەیشتنمان بە زانیارییە زانستی و نهێنییە شاراوەکانی سروشت تێر بکەن. بەڵام زانست لە چۆنەتی پەیدابوون گەردوون و مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دی دەکۆڵێتەوە، کەواتە هەریەکەیان بوار و ئاراستەی تایبەتیی خۆی هەیە.
زۆر لە مێژە گالیلێیۆ ئامۆژگاری کردووین کە دەبێت کتێبە ئاینییەکان، لە کتێبە زانستییەکان جیا بکرێنەوە، ئەمەش لەو دەستەواژە بەناوبانگەیدا دەبینرێ کە دەبێژێ: "کتێبە ئاسمانییەکان بۆ ئەوەن، ڕەوشت و دەروونمان پاک بکەنەوە و فێرمان بکەن چۆن بەخشندەیی خوا وەدەست بێنین، فێری ئەومان ناکەن کە بزانین ئەم گەردوونە و ئەو هەموو تەنە ئاسمانییانە، لە چی پێک هاتوون." لێکۆڵینەوە لە یاساکانی گەردوون و پێکهاتەی زیندەوەران، کار و ئەرکی زانستن نەک ئاین، بەڵام باوەڕی هێنان بە بوون، یاخۆ نەبوونی خوایەک، بەندە بە خودی مرۆڤەکانەوە، چونکە باوەڕداری لە بنەڕەتەوە هەستێکی دەروونییە، هەریەکێکیش بە شێوەیەک پێی دەگات، کەسیش بۆی نییە، ئەوانەی دیکە ناچار بکات باوەڕ بە ئاینی ئەو بهێنن.
یەکێک لە گرینگترین ئەو بۆچوونانەی کە لەپێناو لێک گرێدان و یەکخستنی تێڕوانینە ئاینی و زانستییەکانە لەم بوارەدا، لە نووسینەکانی بیرمەندی فەڕەنسی، تیلار دی شاردان (١٨٨١ – ١٩٥٥) دەبینرێت. ئەم زانایە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئاین و زانستدا نییە، لە گەلێک بواری هەمەجۆریشدا تەواکەری یەکدین. ئەم جۆرە بیروڕایانەی دی شاردان نەک تەنیا لە بەرهەمەکانییەوە، بگرە لە پیشە و کەسایەتییەکەی بەڕوونی بەدەر دەکەون. چونکە دی شاردان لەگەڵ ئەوەی پیاوێکی ئاینی پایە بەرز و فەیلەسووفێکی ناسراو بووە، هاوکات زانایەکی بەتوانای زەویکۆڵزانی بووە، یەکێکیش لە کردەوە گرینگەکانی لەم بوارەدا ئەوەیە کە بەشداری کردووە لە دۆزینەوەی مرۆڤی پەکین*.
ئەم زانایە لەڕێی (تیۆر)ە بێهاوتاکەیەوە پێمان دەڵێت: خوا لە سەرەتاوە تۆوی بنچینەی ژیانی لە ماددەدا چاندووە، ژیانیش تەنیا لەو دەمانەدا سەرهەڵ دەدات کە ماددە لەناوەوەیدا دەگاتە ئاستێکی دیارکراو لە پێگەیشتن و گەشەکردن. ئەوەش بە شێوەی ئەو جیاوازییەیە کە لە نێوان ئامێرێکی وەک ڕادیۆدا هەیە کە دەنگی لێوە دەردێ، لەگەڵ ئەو پارچانەی کە ئەو ئامێرەیان لێ پێک هاتووە. چونکە پاش ئەوەی کە لێکیان هەڵدەوەشێنینەوە، دەبینین ئەم پارچانە هەرچۆنێک بیان جووڵێنین و کارەبایان پێ بدەین، هیچ کامێکیان دەنگیان لێوە دەرنایێ، هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەمانە ڕێکخستن و پێکبەستنێکی زیندوویان بەیەکەوە نییە، ئەمەش بەو واتایەیە کە پێکەوەبوونی ماددە لەخۆوە، هیچ بەبەرهەم ناهێنێت. بەڵام ئەو کاتەی ڕێکخستنێک لە نێوان ڕەگەز و توخمی ئەو ماددەیە دێتە ئاراوە، پاشانیش ئەگەر ئەو ڕێکخستنە بەرەبەرە چاکتر و پتەوتر بوو و گەیشتە ئاستێکی دیارکراو، دەبینین بازدانێک ڕوو دەدات، دەرەنجامەکەی شتێکی نوێ دێتە کایەوە، وەک دەنگ دەرکردنی ڕادیۆکە. بە بۆچوونی دی شاردان ئەوەی بووە هۆی هاتنەکایەی ژیان، ڕێکخستن و ئاڵۆزی ماددەیە، بوونی هۆشی مرۆڤیش بەرهەمی چڕبوون و پێکەوەنانی خانەکانن لە ئاژەڵەکاندا، بەوەی کە دەگەنە ئاستێکی دیارکراو لە چڕبوونەوە و ئاڵۆزی، دەبنە ڕێخۆشکەر بۆ پەیدابوونی شتێکی ناوازەی نوێ کە پێی دەگوترێت، هۆش.
هەرچەندە ئەم گوتە و بۆچوونانە زۆربەیان گریمانەن و ناشێ بکرێنە کۆمەڵە زانیارییەکی زانستیی بەڵگەدار، بەڵام بێگومان بە شێوەی هەوڵێک بۆ نەهێشتنی ناکۆکی لە نێوان ئاین و زانستدا، لە ئایندارێکی بەناوبانگی وەک دی شاردان، بایەخێکی یەکجار مەزنی هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە ناتوانن نە دەستبەرداری ئاین، نە هی زانست ببن.
وێڕای ئەوەی پەرەسەندن پرسیار لەسەر هەبوونایەتی، ڕەوشت، نەریتە کۆمەڵایەتی، پێوەندییە مرۆیییەکان و چەندان کایەی جۆراوجۆردا دەوروژێنێ، کەچی ژمارەیەکی زۆر لە ئایندارانی خۆراوا، هیچ کێشەیەکیان لە بوونی پەرەسەندن نییە. چەندانێ لەمانە نەک هەر بە ڕاستی دادەنێن، بگرە پێیان وایە، پەرەسەندن شێوازێکی بنەڕەتییە بۆ ئافراندنی مرۆڤ لەلایەن خواوە. دەشڵێن، نابێت ئاین دژی زانست بوەستێ، پێویستە کەسیش واتای دەقەکانی سەبارەت بە ئادەم و حەوا لە کتێبی پیرۆزدا (ئینجیل)، پیت بەپیت لێک نەداتەوە.
لەبەرئەوەی بیردۆزی پەرەسەندن و تەقینەوەی مەزن دوو بیردۆزی سەلمێندراوی زانستین، بۆیە کرستییانەکان بەرلە ماوەیەک لەڕێی خودی پاپاوە، دانپێداهێنانی خۆیان بە ڕاستییەتی ئەمانە ڕاگەیاند. ماوەیەک پێش ئێستەش کلێسای ئینگلستان، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٠٠ ساڵ بەسەر ڕۆژی لەدایکبوونی داروین، لێبوردن خوازییەکیان پێشکێش کرد بە مەبەستی گێڕانەوەی شکۆمەندی بۆ داروین. لە گوتەکەی ئەم کلێسایەدا هاتووە: "بەردەوام بەهەڵە لێت تێدەگەیشتن، لەبەرئەوەی بۆچوونەکان هەر لە سەرەتاوە دژ و نەیارت بوون، وای کردووە تەنانەت ئەمڕۆکەش ئەو بەهەڵە تێگەیشتنانە لای هەندێ کەس هەر بمێنن." هەندێک ڕووناکبیر و بیرمەندانی ئاینی ئیسلام دەپرسن، بۆچی لای ئێمە ئەو جۆرە تێڕوانینە پەسند ناکرێن، نازانین بۆ ئەگەر بمانەوێ لە زانست نێزیک بین، دەبێت لە ئاین دوور بکەوینەوە؟
لەم سەردەمەشدا کە زانست هەنگاوی گەلێک مەزن دەنێت بۆ پێشکەوتن، زانای وا هەیە، زۆر بەتوندی داکۆکی لە تیۆری پەرەسەندن دەکات، هاوکات خاوەنی باوەڕێکی پتەوی ئاینییە. زانای ئەمریکی خانەزانی و زیندەوەرزانیی گەردیلەییی هاوچەرخ، کینیس میلەر، لەگەڵ ئەوەی ئایندارێکی سەربە ڕۆمی کاتۆلیکە، بەڵام لایەنگرێکی بەهێزی تیۆری پەرەسەندنە و دژکارێکی تەواوی بیروڕاکانی (نەخشەسازیی ژیر)ە. میلەر دەربارەی ئەمە چەندان وتار و کتێبی نووسیوە، لە هەمووشیان گرینگتر ئەو دوو کتێبە بەناوبانگەیە: (گەڕان بەدوای خوای داروین) کە تێیدا دەڵێت، پەرەسەندن و باوەڕهێنان بە خوا هیچ ناکۆکییەک ناهێنێتە کایەوە، کتێبەکەی دیکەی (تەنیا تیۆر)، ڕەخنە و تۆژینەوەیەکی بەنرخە لەسەر نەخشەسازیی ژیر.
با واز لە زاناکان بهێنین و لێیان گەڕێین، بزانین لەگەڵ تیۆری پەرەسەندن بە کوێ دەگەن، بەوەی ئەگەر تیۆرێکی چەوت بێت، ئەوا بێگومان ڕۆژێک لە ڕۆژان لای زانست هەر ڕوون دەبێتەوە، ئەو کاتە وەلا دەنرێ و تیۆرێکی دیکە جێی دەگرێتەوە، ئەگەر زانستیش گوتی، تیۆرەکە ڕاستە با ڕاست بێت، ئەو کاتە دەبێ بەخۆماندا بچینەوە، چی دیکە سەرسەختی نەکەین. باوەڕدارانی ئاینی، بەتایبەتیش لە ئاینی ئیسلامدا، پێویستە لەسەر پەیدابوونی مرۆڤ، بە واتە لێکدانەوەی دەقە ئاینییەکانیاندا بێنەوە، لەمەشدا بەچاکی دیارە کە زۆر ئایەت لە قورئاندا هەن، لە تێگەیشتن و مەبەستە گشتییەکانیانەوە، هیچ ناکۆکییەک پەیدا ناکەن، لەگەڵ ئەو تیۆرەدا.
موسڵمانان هەندێکیان دەڵێن، لەبەرئەوەی کە قورئان و پەیامبەری ئیسلام بەردەوام جەخت لەسەر گرینگی و بایەخی زانست دەکەنەوە، بۆیە ئاینی ئیسلام لە زۆر لایەنەوە دەتوانێ، نەک تەنیا لەگەڵ بنەماکانی تیۆری پەرەسەندن، بگرە لەگەڵ زۆربەی تیۆرە زانستییەکاندا یەک بگرێتەوە. لەسەر ئەم بنچینەیەشە هەندێ ئایندارانی هاوچەرخی موسڵمان، لەگەڵ زۆربەی بنەماکانی پەرەسەندنن*. 
بەگشتی ئەوانەی لێکدژی و ناکۆکی لە نێوان ئاینی ئیسلام و تیۆری پەرەسەندن نابینن، دەیانەوێت ئەم دووانە لەگەڵ یەکدیدا بگونجێنن، پشت دەبەستن بە هەندێک خاڵی وا کە دەکرێت چڕ بکرێنەوە لەم چەند دێڕەدا؛
- ئەوەی لە خۆرئاوا بە هێزێکی لە ئاسابەدەری هەمووتوان ناسراوە، ئێمە ناوی دەنێین خوا، هەر ئەویشە دەتوانێ کردارەکانی، وەک هەرمان بۆ چاکترین و هەڵبژاردنی سروشتیی ڕێک بخات. لە کۆنیشەوە بیریار و زاناکانی ئیسلام بە چەندان تۆژینەوە، گەیشتوونەتە چەند بنەمایەکی گرینگی پەرەسەندن، بەبێ ئەوەی هیچ لە ئایندارییەتیان کەم ببێتەوە وەک، جاحیز، ئیبن خەلدون و هی دیکە.
- چیڕۆکەکانی قورئان بۆ پەند لێ وەرگرتن هاتوون، هەر هەمووشیان بەکورتی و بەچڕی نیشان دراون. دەقەکانی قورئان نەک چۆنەتی بەدیهێنان و دروستکردن، بگرە مێژووی ئەو دروستکردنانەشمان پێ ناڵێن، تەنیا ئەوەندە دەڵێن کە لەلایەن خواوە داهێنراون. لەبەرئەوەی قورئان لە بابەتگەلێکی جیاجیا بە شێوەیەکی گشتگیری دەدوێت، بۆیە بۆ زانیاریی پتر، مرۆڤ ناچارە پەنا بباتە بەر سەرچاوەکانی دیکە، ئاشکراشە زانست سەرچاوەی بنەڕەتی زۆربەی زانیارییەکانە.
- لەم تیۆرەدا هاتووە کە بوون و پەرەسەندنی بوونەوەرەکان، بە شێوەیەکی بەرەبەرەیی و یەک بەدوای یەک ڕوویان داوە، لە قورئانیشدا دروستبوونی ئەوانە بە هەمان شێوازە. کەواتە سەبارەت بە دروست کردنیان لەلایەن خواوە، دەکرێ بڵێین، خوا لەڕێی یەک پەرجوو (موعجیزە) و دووان ژیانی دروست نەکردووە، بگرە بە چەندان جار ئەمەی کردووە، بەردەوامیشە لە دروستکردن، گۆڕان و پەرەسەندنی زیندەوەران. بە ڕای ئەمانە، چۆن پەرەسەندن ڕوو دەدات، ئەگەر خوا نەیەوێت، بەچی پەلی خشۆکێک خۆبەخۆ دەبێتە باڵ لەلای باڵندەیەک، گەر خوا بۆی نەکات؟
- ئادەم لە خۆڵ دروست کراوە، بەڵام ئایە ئەمە ئەوە دەگەینێ کە تەنیا ئەو لە خۆڵ دروست کراوە؟ زانراوە کە زیندەوەران گشتیان لەو کەرەستە و مادانەی کە لەناو خانە و پێکهاتە زیندەکییەکانیاندا هەن هاوبەشن، هەموو ئەمانەش لە خۆڵدا هەن، کەواتە بۆچی ناتوانرێت، خۆڵ بکرێتە کەرستەیەکی بنچینەیی، بۆ سەرەتای هاتنەکایەی تێکڕای بوونەوەرە زیندووەکان؟
- ئادەم و حەوا، پێشینەی سەرلەبەری ڕەگەزی مرۆڤن، بەگوێرەی هەڵکۆڵدراوەکانیش ژمارەیەکی زۆر بوونەوەر هەن لە گەلێک لایەنەوە وەک مرۆڤن، بەڵام لە پلەی هۆشەکیدا جیاوازن. لەسەر ئەم بنچینەیە دەتوانین بڵێین کە ئادەم پێش هەموو جۆرەکانی زیندەوەران نایێت، هیچ ناکۆکییەکیش پەیدا نابێت گەر گوتمان، پێش ئادەم زیندەوەری دیکە هەبوونە لەسەر زەوی. دەکرێ ئادەم بە ئەڵقەی دوایەکی زنجیرەی پەرەسەندن دابنرێت، وەک ئەوەی یەکەمین ئەو مرۆڤە بووبێ کە توانی فێربوونی خۆیەکی هەبووە، خواش کاتێک گیانی پێ بەخشیووە، نیشانەیەک بووە لە گواستنەوەیەکی جۆرایەتی لە زیندەوەرانی دیکەوە بۆ ئەو بوونەوەرە. قورئان ئادەم وەک بژاردەیەکی خوا دەناسێنێ، بژاردەش بێگومان بە کەسێک، یان چەند کەسێک دەگوترێ لەنێو کۆمەڵەیەکی هاوشێوە، کەواتە دەشێ بێژین، ئادەم بژاردەیەکی خوایە لە کۆمەڵە مرۆیییەکانی شێوەی، هۆمۆ هابیلس و هۆمۆ ئیڕەکتس و نیاندەرتاڵ و ئەوانی دیکە، پاشان گیانێکی پیرۆزی پێ داوە. لەبەرئەوەشە دەشێ بنۆڕینە ئادەم و حەوا وەک هێمایەک (وەک کرستییانەکانی ئەمڕۆ)، بەوەی کە تەنیا یەک پیاو بە ناوی ئادەم، یەک ژنیش بە ناوی حەوا نەبووە، بگرە ئەمانە سەرەتای ڕەگەزی هۆمۆ ساپیەنسەکانن کە کۆمەڵەیەکی پەرەسەندوون لە یەکێکی دیکەی پێش خۆیان.
- بەهەمان شێوە دەبێت سەرنج بدەینە چیڕۆکی کەشتییەکەی پەیامبەر نوح وەک هێما و نیشانەیەک، لەبەرئەوەی ناشێ ئەو کەشتییە گشت جۆرە زیندەوەرێکی هەڵگرتبێ، واتە هەموو جۆرە ماسییەک و کرمێک و مێرووێک، بۆیە دەکارین بڵێین، پەیدابوونی جۆرێک لە جۆرێکی دیکە هیچ ناکۆکییەک لەگەڵ ئایندا ناهێنیتە کایەوە.
- تیۆری پەرەسەندن مەزنایەتی وەدیهێنەرێکی هەمووتوان بەدەر دەخات، پتر لەوەی بێین و چەند دەقێکی ئاینی وا لێک بدەینەوە، وەک ئەوەی هەندێک خۆڵ بەسەریەکدا کۆکرا بێتەوە و مرۆڤی لێیەوە دروست بووبێ. پەرەسەندن یەکانەیی خوا و بوونی یەک سەرچاوە بۆ بوونەوەرەکان دەسەلمێنێ، کەسیش ناتوانێ سەرسەختی تێدا بکات و یەک جۆرە واتە لێکدانەوە، بۆ هەموو ئایەتەکانی قورئان دابنێت. ئەوانەی قورئانیان ڕاڤە کردووە مرۆڤ بوونە، مرۆڤیش دەشێ بۆچوونی جیاواز، یاخۆ هەڵەی هەبێت. 
جارێکی دیکە دەیڵێینەوە کە ئەو پرسیار و تێڕوانینانەی پێشوو هەموویان بەبێ وەڵام دەمێننەوە، گەر ئێمە تەنیا پیت بەپیت دەقە ئاینییەکان لێک بدەینەوە، چونکە ئەو دەقانە لە بنەڕەتەوەش بۆ ئەوە نەهاتوون کە وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە بدەنەوە. قورئان چەندان جار فەرمان دەدات کە پێویستە مرۆڤ خۆی بیر لە سروشت و بوونەوەرەکان بکاتەوە، هەوڵ بدا بگاتە وەڵام، بۆیە لێرەدا دەکارین، تیۆری پەرەسەندن بکەینە بەرەنجامی یەکێک لەو هەوڵدانانە.
پاش خستنەڕووی ئەم خاڵانە پێمان وایە کە هیچ یەکێک لە ئێمە ناتوانێ لەپڕێکدا دژ بەو بیروڕایانە بوەستێ کە ماوەیەکی زۆرە لەسەری ڕاهاتووە و لە دەروونیدا ڕەگیان داکوتاوە. ئاسانیش نییە، پشت لەو گوتەیە بکەین کە دەڵێت، مرۆڤ شا و سەروەری گشت بوونەوەرێکە و لە هەمووشیان شکۆمەندترە. هەروەها نامانەوێ گوێمان لە یەکێک بێت، بڵێ مرۆڤ و ئاژەڵەکان لە بنەچەدا هاوبەشن، چونکە ئەمانە هەموویان ئازارمان دەدەن و لە پایەی خۆویستی و خۆبەزلزانینمان کەم دەکەنەوە. بیرمەندان دەڵێن کە ئەم جۆرە ئازارانەمان چەندان جاری دیکە چەشتووە، یەکێکیش لەمانە ئەو کاتە بوو کە زانای مەزن، کۆپەرنیکۆس، گورزێکی سرەواندە ناخمان و پێی گوتین: زەوی چەقی گەردوون نییە، بگرە هەسارەیەکی زۆر بچووکە بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەستێرە و هەسارەکانی دیکە. 
دەشێ لەخۆباییبوونی مرۆڤ هۆکارێکی گرینگی دژایەتی کردنی پەرەسەندن بێت، چونکە ئەمەیان ئاکارێکە لەناو زیندەوەران تەنیا لە مرۆڤدا هەیە، لەبەرئەوەی زۆربەمان وا دەزانین، نەک تەنیا لە تێکڕای زیندەوەران، بگرە لە گشت مرۆڤەکانی دیکە باشترین. زۆربەی تاوانە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لەبەر بوونی ئەم ئاکارە ڕوویان داوە، گەر هەریەکێک لە ئێمە ئەوەی پێی ناخۆش بێت، کەسێکی دی لەو باشتر بێت، چۆن دەتوانێ ڕایەکی وا پەسند بکات کە پێی بڵێ، تۆ هیچت لە ئاژەڵان و بوونەوەرانی دیکە پتر نییە، تەنیا لکێکی لەو هەموو لکانەی کە ژیان هەیەتی. پەرەسەندن هەستی خۆ بەکەم زانینمان پێ نابەخشێ و لە مرۆیییەتیمان داناماڵێ، هیچیش لەو بەهایەی کە هەمانە کەم ناکاتەوە، گەرچی لە بوونەوەرێکی لەخۆمان (نزمتر)یش پەیدا بووبین. چونکە هیچ گومانی تێدا نییە، مرۆڤ لەڕووی هۆشەکی و گەلێک ئاکاری دیکەی جۆراوجۆردا، گشت کاتێک شایستەی ئەوەیە، بە سەروەری هەموو بوونەوەرەکان دابنرێت.
زۆر لەمێژە ئاین کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ زانستدا هەیە، ئەویش لەو پێوەندییانە بەدەر دەکەوێت کە لە نێوان، سروشت و سروشتبەدەر، مەرگ و دوای مەرگ، هەروەها ئەو پرسیارانەی کە دەکرێن، وەک مرۆڤ بۆچی هەیە کە مردیش بەرەو کوێ دەڕوات، ئایە کە مرۆڤ مرد تەواو و کۆتایی پێ هات، یان شتی دیکە چاوەڕێی دەکات؟ ئەم گرفتانە ڕووبەڕووی داروینیش بوونەتەوە، لە پێوەندی لەگەڵ هاوڕێیەکان و ئەندامانی خێزانەکەی، بەتایبەتیش لەگەڵ هاوسەرەکەیدا. هاوسەرەکەی داروین ژنێکی ئایندار بووە، لەو باوەڕەشدا بووە کە دوای مردن، مرۆڤی چاک و ئایندار سەرلەنوێ بە خۆشەویستانی شاد دەبێتەوە، ئەمەشی زۆر جار بە داروین گوتووە. ئەمانە بۆ داروین بابەتگەلێکی هەستدار بوون، بۆیە کاتێک بیری لەم وتانە دەکردەوە خەفەتبار دەبوو، لەبەرئەوەی نەی دەویست، کاتێک کە مرد، بۆ هەتاهەتایە لە هاوژینەکەی و خۆشەویستانی جیا ببێتەوە.
چەندانێک پێیان وایە، تیۆری پەرەسەندنی داروین ڕووی گەشی ژیانی شێواند، چونکە بە ڕای ئەوان ئەم تیۆرە هەموو هەڵسوکەوتێکی جوان و ڕەوشتی پاک و هەستی ناسکی مرۆڤانەی کردە بەرەنجام، بۆ بوونی چەند میکانیزمێکی ئامێرەکیی وشک و ناشیرین. ئەو سروشتەی کە هەمیشە جێی سەرسڕمان بوو لای مرۆڤ، بووە هۆی ڕەشبینی، ئەو دڵدانەوەی کە خەڵک لە ئاینەکاندا بەدیان دەکرد، ئەو هیوایەش کە مرۆڤ هەیبوو لە ژیانی دیکەی پاش مردندا بۆی بێتە دی، داروین ڕوخاندی. لەم ڕوانگەیەوەش بوو کە بیرمەند و شانۆنووس، بێرنارد شۆ، دژداری ئەو تیۆرە بێت.
کەچی بەپێچەوانەوە هی دیکە لە بەرانبەر ئەمەدا دەبێژن، گرنگی و بایەخی تیۆری پەرەسەندن لەوەوە بەدەر دەکەوێت، ئەگەر ئێمە بتوانین لە گۆشەنیگایەکی تایبەتییەوە لێی بڕوانین، بە جۆرێک وامان لێ بکات، دڵخۆش بین بەوەی کە هەست دەکەین لەگەڵ هەموو زیندەوەرانی ئەم جیهانەدا خزمایەتیمان هەیە، لە یەک سەرچاوەوە هەڵقوڵاوین، هەردەم پێویستیمان بەیەکدی دەبێ، هەریەکەمانیش بۆ ئەوەی دیکە نرخ و بەهایەکی بێپایانی هەیە. ئەوانە دەبێ بەرەو ئەوەمان ببات کە ڕوەک و ئاژەڵان بە بەشێک لەخۆمان بزانین، تا بەچاکی پارێزگاریان لێ بکەین، چی دیکە ئاژەڵان بنەبڕ نەکەین، سروشت و هاوسەنگییەکەی تێک نەدەین، شانازییش بەوە بکەین کە ئێمە نەوەی براوەکان و جینە سەرکەوتووەکانین.
لەبەرئەوەی بابەتەکەمان لێرەدا لەسەر ئاینە، بۆیە بە پێویستی دەزانین کە بەڕاشکاوی ئاماژە بەوە بکەین کە داروین ڕاستە باوەڕی ئاینی بەهێز نەبووە، بەڵام هەرگیز وەک، مارکس، نیچە و فڕۆید نەگەیشتە ئەوەی بڵێت، خوا نییە، بگرە یەکێک بووە لەوانەی پێیان دەڵێن، نازانمکارەکان (Agnosticismus)*.
داروین لە خەریکبوونیدا بە زیندەوەرزانی، گەلێک جار لە نێزیکەوە سەرنجی دەدا لە هەندێ ڕەفتاری ئەوپەڕی دڕندانەی زیندەوران کە کارێکی زۆری لە هەست و نەستی دەکرد، نەشیدەتوانی بیریان لێ نەکاتەوە. یەکێک لەو نموونانە ئەوەیە، بینی کە جۆرە مێروولەیەک هەیە، لە کاتێکدا کە بۆ خۆراکی پەنا دەباتە بەر کرمۆکەی هەندێک مێروو، هەڵسوکەوتێکی یەکجار دزێو و دڕندانە دەنوێنێت. ئەویش کە لەبری ئەوەی ئەو کرمۆکانە بکوژێت، دێت و هەستی چەند ئاندامێکی لەشیان پەک دەخات، پاشان هەڵدەستێ بە دانانی هێلکەکانی لەناو لەشی ئەو کرمۆکە سڕبووانەدا، بۆئەوەی کاتێک کە بێچووەکانی لە هێلکەکان دێنە دەرەوە، لەسەرەخۆ لەو گۆشتە تازانە بخۆن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کرمۆکە بەستەزمانانە زۆر بەهێواشی لەناوەوە بخورێن و ئەو هەموو ئێش و ئازارە بکێشن، نەشتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن. داروین وەک مرۆڤێکی گەلێک هەستیار و سۆزدار پرسیاری دەکرد و دەی گوت، خوایە کە تۆ هێندە بەزەیی و میهرەبانی، بۆچی ئەمەت وا دروست کردووە، ئایا نەدەکرا ئەمە بە شێوەیەکی دیکە بووایە!؟ 
هەروەها پێی وا بوو ئەگەر خوا بەزەیییەکەی بێسنوورە و توانای هەموو شتێکی هەیە، ئەی بۆچی بەرانبەر بەو ڕەفتارانە و گشت ئەو کارەساتانەی کە دووچاری مرۆڤ دەبنەوە بێدەنگە. منداڵی ساوای فریشتەئاسا تاوانی چییە، بە شێواوی و کەمئەندامی لەدایک ببێت، یاخۆ بەدەست نەخۆشییەوە بناڵێنێت و بەو تەمەنە کورتەش بمرێت؟*
هەندێک کەس دەڵێن، گوایە داروین لە سەرەمەرگدا لەبەردەم خانمی مژدەدەری ناسراو بە، لێدی هۆپ، پاشگەز بووەتەوە لە بیروڕاکانی سەبارەت بە پەرەسەندن، وەک کرستییانێکی ڕاستەقینەش کۆچی دوایی کردووە. بەڵام کوڕ و کچەکانی داروین دەبێژن، ئەمە هەرگیز ڕاست نییە، هیچ کاتێکیش لیدی هۆپ سەردانی باوکمانی نەکردووە. گریمان ئەم ڕووداوە ڕاستە، دیسانەوە نابێت وامان لێ بکات بڵێین، کەواتە تیۆری پەرەسەندن هەڵەیە، چونکە پەرەسەندن بووەتە ڕاستییەک کە پشت دەبەستێت بە چەندان بەڵگەی بەهێز و سەرچاوەی زانستیی جۆراوجۆر، بە شێوەیەک کە هیچ کەسێک نەتوانێت بەتەنیا بڕیاری لەسەر بدات، هەتا ئەو کەسە داروینیش بێت!
مەبەستی سەرەکیمان لە هێنانەوەی ئەو چەند نموونەیە ئەوەیە کە باوەڕهێنان بەبوونی خوا، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تیۆری پەرەسەندن نییە، وەک هەندێ بانگەشەی بۆ دەکەن. چونکە لە لایەنگرانی بێخوایەتیش هەندێک هەن دەڵێن، ئەگەر تیۆری پەرەسەندن هەڵەش بێت ئەو واتەیە ناگەینێت کە ئاینەکان ڕاستن، لەبەرئەوەی ئاینەکان پێویستییان بە بەڵگەی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ سەلماندنی ڕاستییەتییان. پێشتر گوتمان کە زۆرینەی فەیلەسووف، خواناسە ناودارەکان، گەلێکیش لە ئایندارە ڕووناکبیر و پێشکەوتنخوازانی وڵاتانی خۆراوا و چەندانێکی لای خۆشمان، باوەڕی تەواویان بە تیۆری پەرەسەندنە، بەبێ ئەوەی ئایندارییەتیان لەدەست بدەن. ئەوانەی دەشڵێن پەرەسەندن دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێخوایەتی، وەک ئەوە وایە کە بێخوایەتی لەدوای باوەڕهێنان بە پەرسەندنەوە پەیدا بووبێت. بێخوایەتی مێژووێکی زۆر کۆنی هەیە، پێش کۆپەرنیکۆس، داروین و مارکس، تەنانەت بەر لە بوونی ئاینە ناسراوەکانیش هەبووە.
دواجار دەیڵێینەوە کە تیۆری پەرەسەندن و تیۆرە زانستییەکان، لە دیاردە و ڕووداوە سروشتییەکان دەکۆڵنەوە پێوەندییان بەبوونی خوا و باوەڕی ئاینەوە نییە، زانست و ئاین هەریەکەیان لە بواری خۆیدا کارەکانی بەڕێوە دەبات. مەبەستی سەرەکیی پێشکەوتنی زانستی ڕاستەقینە، نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانن کە دووچاری مرۆڤ دەبنەوە، گشت داهێنانێکی زاناکانیش بۆ ئەوەیە ژیانێکی ئاسوودە و کامەران بەدەست بهێنن بۆ هەمووان.
---------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 3.5/5)