فەیسبووکە چیرۆك (بەشی دووەم)

Wednesday, 26/06/2019, 11:47

13439 بینراوە


لەنزیك ماڵەکەی لەپاس دابەزی،ئاگادارییەکی وێستگەی پاسەکە سەرنجی ڕاکێشا:
بیری (ماکس) دەکەم.

لە دوێنیوە لە ماڵ هاتۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، هەر کەس دۆزییەوە (سێ سەد کرۆن) خەڵاتی دەکەم لەگەڵ سوپاسدا بیهێنێت بۆ ئەم ناونیشانە:
ناو .......
ناونیشان .......،
.......
تەلەفون ........
لەژێر نووسینەکەدا کچێک وێنەی خۆی و سەگەکەی دانابوو، بەشیوەیەک باوەشی پیاداکردبوو، هەرکەس بیبینیایە هەستی دەکرد، کە چەندی خۆشدەوێت.
کوڕە بە بینینی وێنەی کچەکە، زۆر چوو بە دڵیدا، ناوی کچەکەو ناونیشان و ژمارە تەلەفونەکەی لە مۆبایلەکەیدا گێم کرد.
هەر ئەو رۆژە بوو بە خولیای چی بکات و چۆن (ماکس)، بدۆزێتەوە.
بە گەیشتنەوەی بە ماڵەوە، چووە سەر کۆمپیوتەرەکەیو لە (گووگل) دا نووسی:
دەمەوێت سەگێک بکڕم، چەندەها وێنەی سەگ و چەندین شوێنی سەگ فرۆشتن هاتە سەر مۆنیتەری کۆمپیوتەرەکەی، سەگێکی بینی زۆر لە (ماکس) دەچوو.
بۆ سبەینێ چوو سەگەکەی کڕی و بە تەلەفون پەیوەندیی بە کچەکەوە کرد.
کچەکە لە خۆشییدا نەیدەزانی چۆن وەڵامی تەلەفونەکە بداتەوە.
باشە بۆ، نا، هەر ئێستا وەرن.
لە دەرگای ماڵی کچەکەی دا، کە کردییەوە، پاش ماوەیەک رامان و سەرنجدان.. بە گومانێکەوە سەگەکەی لێوەرگرت و سێ سەد کرۆنەکەی بە سوپاسەوە دا بە کوڕەکە، خواحافیزی لێکرد و لە دەرگاکە ئاودیو بوو.
لە شوقەکەیدا، دەهات و دەچوو، سەگەکەش لە حەپە نەدەکەوت، هەرچۆنێک بوو ئەو شەوەی بەڕێکرد، بۆ بەیانی لەسەر ئیشەکەی زۆر بیری لە کوڕەکە و سەگەکە دەکردەوە،
چەندەها پرسیار و گومانی لا دروست بوو. کە گەڕایەوە ماڵەوە، یەک دوو جار تەلەفونی لە کوڕەکەوە بۆ کرا، وەڵامی نەدایەوە، بۆ رۆژی دواتر لەسەر ئیشەکەی تەلەفونێکی بۆ کوڕە کرد، دوای چاکوچۆنی، کوڕەکە وتی بۆت دەکرێت، رۆژی شەمە، لە قاوەخانەی سەرسووچەکە، قاوەیەک پێکەوە بخۆینەوە؟ 
کچەکە رەزامەندی دەربڕی، پاش سێ قاوەخواردنەوەی تر، کچەکە شەمەیەک کوڕەکەی داوەتکرد، بۆ ماڵەکەی خۆی، لەسەر مێزی نانخواردن، کوڕە راستی بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕایەوە، پاشان کچەکە وتی:
ئەرێ بە راست، پێتنەوتم ناوی خۆت چییە (عادەتەن لە ئەوروپا مرۆڤ بە ناوی باپیری - کە دەبێتە ناوی خێزانیی - دەناسرێتەوە).
کوڕەکە، سەری داخست و بە شەرمێکەوە وتی (ماکس) لەو کاتەدا سەگەکە حەپەیەکی لێوەهات.
کچەش قاقایەکی بۆکرد و، وتی کەواتە ئێستا دوو (ماکس)، لەم هۆڵەدان.

(نەورەس)
کردوومە بە پیشە، ئەو رۆژانەی خۆرەتاو بێت، جلی وەرزش لەبەردەکەم و دەچمە مەتبەخەکەم، چی سەموون و نان و هەویرەمەنیی زیادەیە دەیکەمە عەلاگەیەک و روودەکەمە دەریاچەیەک کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە ماڵەکەمەوە دوورە.
دوای ئەوەی خواردن دەدەم بە باڵندە و گیانەوەرە ئاوییەکانی دەریاچەکە، دەست دەکەم بە وەرزش، دەستمکرد بە عەلاگەکەمدا پارچەیەک کێک هات بەدەستمەوە، خستمە سەر زەوییەکە، سێ چوار نەورەس لە دەورم بە جیکە جیک کۆبونەوە.
لە ناکاو دەستێک خرایە سەر شانم، کە ئاوڕم دایەوە، ژنێکی بە تەمەنی دانیمارکی بوو:
- کارێکی باش ناکەیت.
+ بۆ ..!
- ئێستا وەرزی زاوزێیە، ئەو کێکە چەورە کاریگەریی دەبێت لەسەر زاوزێیکەیان. دانەوییەوە و هەندێکی خستە زبڵدانەکەی تەنیشتمانەوە، منیش بە دوایدا هەرچی مابووەوە، خستمە هەمان زبڵدانەوە و دەستمکرد بە وەرزشەکەی خۆم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە