ئەو مێژووەی خۆی دووبارە دەکاتەوە

Wednesday, 03/07/2019, 6:34

77703 بینراوە


بە گشتی کاتێک تەماشای مێژووی ڕابوردووی خۆمان دەکەین ، بە تەواوی بۆمان دەردەکەوێت ، بەردوام مێژووە پڕ شکستە خوێناوییە بێ ئامانجەکانمان ، خۆی دووبارە کردۆتەوە ، جا ئەگەر خراپتر نە بووبێت ، ئەوا بە دڵنییاییەوە باشتر نەبووە . سەد ساڵ پێش ئێستا و لە سەردەمێکدا ، کە نە پارتی و یەکێتی و زانکۆیەکمان هەبووە ، مەلای گەورە ، کە تک تک خوێن لە دڵی تکاوە ، لە هۆنراوەیەکدا دەفەرموێت :

ئێوە ( احقر الناس ) ن ، ئیمڕۆ لە بەینی ئومەم
قسمێ بەندیی تورکن ، هێندێ خادمی عەجەم !

ئێوە بێ قەدر و قیمەت و بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت ، ژێردەستی کوللی عالەم !

چینکە نانخۆری خەڵکی ، لەسەر موڵلک و ماڵی خۆت
خاکت هەموو مەعدەنە ، خۆت فەقیر و ڕووت و قوت !

تاکەی وەکو گاجووتی ، لە بن نیری زیللەتی ؟
سەد حەیف و سەد مەخابن ، لای خۆت ئەتۆش میللەتی !؟

دیارە مەلای گەورە ڕووی دەمی لەو دەستەلاتدارانەبووە ، کە بریتی بوون لە : ئاغا ، شێخ ، سۆفی یان مەلا ، کە هەر یەکێکیان بۆ گەوجاندن و چەوساندنەوەی خەڵکی و داگیرکردنی زەوی و زاری هەژاران ، بوونەتە نۆکەر و کۆیلەی داگیرکەران و بۆ مانەوەی خۆیان و نەوەکانیان کۆیان لە هیچ خراپە و خیانەتێک نەکردووە . هەر یەکێک لە مانەش بە خوێنی سەری بەرامبەرەکەی تینووبووە و سەرقاڵی شکان و بنکۆڵکردنی یەکتری بوون . خۆ کاتێکیش کەسێکی جوامێر بۆ ئازادی جەنگاوە ، ئەوا زوربەی ئەو خۆپەرستانە ، یان پشتیان تێکردووە ، یان لە گەڵ داگیرکەراندا لە ئاخوڕێکدا کاوێژیان کردووە و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان ، تەنها بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بووە . ئەوەی جێگای داخیشە و پاش دروستبوونی حیزبی سیاسی ، بە تایبەتی لە باشوری کوردستاندا ، ڕێک ئەو حیزبانە شوێنی ئەو سەرۆک هۆزانانەیان گرتۆتەوە . هەر یەکێکیان بۆ لاوازکردن و سرینەوەی بەرامبەرەکەی و مانەوەی خۆی بە تەنها لە گۆڕەپانەکەدا ، کەوتوونەتە گیانی یەک و ئێسقانی یەکتریان هاڕیوە و دەریایەک خوێنیان ڕشتووە و شەرمیان لە هیچ خیانەتێک نەکردووە و بوونەتە نۆکەر و داردەستی داگیرکەران و ئەوەی پێیان کرابێت کردوویانە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە . نموونەشمان : ( شەڕی نەگریسی ناوخۆ ، ٣١ ی ئاب ، ١٦ ی ئەکتۆبەر و هێرشەکانی ئەمڕۆی تورکیایە ) ... بە کورتی دوای ١٠٠ ساڵ لە هۆنراوەکەی مەلای گەورە و بەسەرهاتەکانی : ئەنفال و مەرگی بە کۆمەڵی هەڵەبجە و بە سووتماک کردنی ٤٥٠٠ گوند و لەگەڵ بوونی ٣٤ زانکۆ و سەدان هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرادا ، لەسەر هەمان عەقڵییەتی جارانین و نە گۆڕاوین و یەک هەنگاویش نەچووینەتە پێشەوە . هەر حیزبەی بۆ مانەوەی خۆی نۆکەرایەتیی کردۆتە شاهۆی ئامانجی ، بێ ئاگا لەوەی ، کە نۆکەرایەتی سەرشۆڕی و شکست و ئاشبەتاڵی لە دووە . بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان ، کە دەرسی لە هەرەس و نسکۆ گەورەکەی شای ئێران وەرنەگرتووە ، لەم بوارەدا ڕۆڵی سەرەکی هەیە و بە هەموو هێز و توانایەکییەوە کار بۆ لاوازکردن و پەرتکردن و سڕینەوەی ئەو لایەنانە دەکات ، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر پێگە و قورسایی خۆی . بە تایبەتی لایەنەکانی پەکەکە و یەکێتی و گۆڕان . دیارە بە توانای خۆی و سامانی خەڵکی هەژار توانیویەتی زۆر بە چاکی ریزەکانی یەکێتی و گۆڕان لاواز و پەرت بکات . ئەو یەکێتییەی تەقلەی بە فیل لێدەدا و ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵات و داهاتی ئەو میللەتە کڵۆڵەیان پەنجا بە پەنجا لەگەڵ پارتیدا دابەشدەکرد ، ئەمڕۆ وا لاوازکراوە ، پارتی دەتوانێت بەبێ ئەو حکومەتی هەرێم پێکبهێنێت و هەموو پۆستە گرنگەکانیش بخاتە ژێر دەسەلاتی خۆیەوە و باکیشی بە نوزەی نوساوی ئەوان نەبێ ، ئەمە سەرباری ئەوەی توانیویەتی چەندین ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبەی لە خشتە بەرێت ، بێگومان تاڵەبانی و خۆسەپاندنی بنەماڵەکەی و ناکۆکییەکانی ناو باڵە زۆرەکانی یەکێتێش هۆکارێکی تری ئەو لاوازییەن . خۆ گۆڕانەکەی کوڕەکانی کاکە نەوەی وا لوولکردووە ، ئەوە هەر بە تەواوی زەرد دەچێتەوە ... بە کورتی پارتی هیچ ترسێکی لەوان نەماوە . بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە بەرامبەر پارتیدا ماوەتەوە ، تەنها هێزە خاوەن بڕوا و کۆڵنەدەرەکەی پەکەکەیە ، کە وەک گاشەبەردێک بە بەندن و لووتکە و تروپکە سەربەرزەکەی قەندیلەوە نووساون و فریشتەکانیان لەسەر پشتی هەڵۆ دەفڕن و سەر لە ئاسمان دەخشینن و سەرنجی دنیایان بۆ لای خۆیان ڕاکیشاوە و بوونەتە گابەردێکی گەورە لەسەر دڵی تورکیا و ناحەزەکانیان . هەر بۆیە لە دوای نەمانی ڕژێمی سەدامەوە پارتی کار بۆ لاوازکردن و لەناوبردنیان دەدات . بە ئاشکراش دیارە ئەو هێزە قارەمانە بە پارتییەکەی بارزانی قووت ناچێ ، هەر بۆیە پەنایانبردۆتە بەر هێزەکانی تورکیای داگیرکەر و سنوریان بۆ خستونەتە سەر گازی پشت و زۆر ناوچەی ستراتیژیان بۆ چۆلکردووە . لە پاداشتی ئەمەشدا و وەک خاوەیەک گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتیان لەگەڵدا مۆر کردووە و لەسەر ئەژنۆ بۆیان چەماونەتەوە و یەک بینە داهاتی سەرزەوی و ژێر زەویمان بە تاڵان دەبەن ، تا بە خەیاڵی خاو و نەزۆکیان پەکەکەیان بۆ لەناو بەرن و خۆیان بە تاقی تەنها لە گۆڕەپانەکەدا بمێننەوە و ئەمارەتێکی ئال عوسمانیان بۆ دروستبکەن و پشتاوپشت جڵەوەکەی بە دەستی نەوەکانیانەوە بێت ، کە دیارە ئەمەش خەون و خەیاڵ و کارێکی مەحاڵە ، چونکە ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ ی شای ئێران لەسەر ئاو نە نوسراوەتەوە تا لە بیربچێتەوە . هەر دوێنێ بوو کاتێک شای ئێران ئامانجەکەی خۆی پێکا ، بە هەزاران شەهید و ١٢٠ هەزار پێشمەرگەی ئازاوە ئاشبەتاڵی پێکردین و بە مەلا مستەفای وت : کاری تۆ تەواو بوو ، خۆ ئەگەر خوانەکردەش تورکیا بتوانێت پەکەکە لە ناو بەرێت ، ئۆردوگانیش بە هەمان شێوەی شا بە مەسعود بارزانی دەڵێت : تۆ وەک سەرۆک هۆزێک کارەکانت تەواو بوو . ئەو کاتە مەگەر هەر خوا خۆی بزانێت ئەو میللەتە کڵۆڵەمان تووشی چ کارەساتێک دەبێتەوە . بێگومان جیاوازی نێوان ئەو دوو ئاشبەتاڵەش تەنها یەک شت دەبێت ، شا بە پارەی ئێران ئاشبەتاڵی پێکردین ، بەڵام ئۆردوگان بە پارە و سەروەت و سامانی دزراوی میللەتە داماوەکەی خۆمان ئاشبەتاڵمان پێدەکات .
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ دەسەڵات بە دەست پارتییەوەیە ، هەرچ لایەنێک هاوبەشی لە پێکهێنانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانیدا بکات ، خۆی فریودەدات و دەبێتە بوکەڵەی دەستی پارتی و ڕاستەوخۆ لە هێرشەکانی تورکیا و گەلەکۆمەکێی سەر پەکەکەدا بەشدار دەبێت ، بەمەش ئاگر لە ڕابوردووی خۆی بەردەدات و سەری بێ کڵاوی بۆ دەمێنێتەوە و بزمار لە تابوتی مەرگی خۆی دەدات ، چونکە پارتی بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ هێزەکانی تورکیا دەکات . ئەم ڕێگایەش تەنها ڕووی لە هەڵدێر و شکست و شەرمەزاری وئاشبەتاڵە .
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵیم هەزاران چرا و چەپکە گوڵی گەش پێشکەش بێ بە گیانی پاک و بێگەردی مەلای گەورە ، کە پێش سەدەیەک وێنەی ئەمڕۆمانی زۆر بە جوانی بۆ بەرجەستە کردووین ، بەڵام داخی گرانم ئەو سیاسییە زرکانەی بە دەست مۆتەکەی نەزانیینەوە دەناڵینن و لە شکستێکەوە دەماندەنە دەست شکستێکی گەورەتر ، پەند و عیبرەت لە ئامۆژگارییەکانی سەدان کەسی دڵسۆزی وەک مەلای گەورە وەرناگرن ، ئەمڕۆش کاتێک دەنگ و دووکەڵی گوللە تۆپەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا کاسماندەکات و سنگی خوێناوی شەهیدە بێ گوناهەکانمان چاومان تەڕ تەڕ دەکات ، هەر دەڵێی ئەو ڕۆژە ڕەشانەی سەد ساڵ پێش ئێستایە ، کـــە مەلای گــــەورە بــە ڕیشە سپییەکەیەوە هاواریدەکرد :

ئێوە ( احقر الناس ) ن ، ئیمڕۆ لە بەینی ئومەم
قسمێ بەندیی تورکن ، هێندێ خادمی عەجەم !

ئێوە بێ قەدر و قیمەت و بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت ، ژێردەستی کوللی عالەم !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە