خامۆشی دەمی ژوان

Thursday, 04/07/2019, 7:28

19304 بینراوە


هیچ بەدیلیکی نییە بێجگە لە ماچ
ماچ
بەقوربانی لەبت بم ئابەم دەمە
***
خامۆشترین دەمی ژووان
دەمی ماچە
ئەی خانمەکەم
خۆت دەزانی، چەنێ شێتی
خامۆشی دەمی ژووانم.
***
ماچم بکە .. ماچت دەکەم
تا لێوان لێو دەبین لە ماچ.
***
کەسێك ماچ کە
لێوی تامزرۆ بێت بۆ ماچ
دەنا
لێوت دەقڵیشێ و
هەتا مابی
لێوت ..
تینوو دەبێت بۆ،
مممممممممممماچ.
***
رێگەم دوورە
نابڕێتەوە.
تێشووی رێگەم
گەر، ماچ نەبێت
دەبێت چیبێ؟!
***
لەم وڵاتە ساردوسڕە
گەر ماچ نەبێت
دەبم، بە پەیکەرێك
لە سەهۆڵ.
***
ئەو ساتانەی
کە، وا مەستم
لەلام نەنگە، کە ماچتکەم
نەبا
پێمبڵێی، بەدمەستم.
***
کە لێو، دەخەمەسەر لێوت
کە، چاو دەبڕمە، نێو چاوت
ترپەی دڵم ..
زیاتر دەبێت.
چەند ئاسودەم
کە لە پشووی ماچەکاندا
بە ئەسپایی
بە گوێچکەمدا دەچرپێنی
خ ۆ ش م .. دە و ێ ی.
***
وەك یەك نییە ..
ماچی کوڵم و ماچی دەم
ماچی گەردن خۆشی چییە !
ئارەقە نەسڕیت
دەم بەدەم.
***
ماچت دەکەم
لە هەر جێیەك دڵم گرتی ..
دە لێمگەڕێ، با ماچتکەم تا دەتوانم.
زۆر دەترسم، رۆژێ دابێ
ئەم لێوانەم ..
مانای ماچکردن نەزانێ.
***
کە پێتدەڵێم
بۆچیمە مەی ؟
بۆمتێدەکەی، دەم بە دەم.
لێوی شەکەربارت بێنە
تا بیمژم
دەم بە دەم.
***
تۆ، پێمدەڵێی
لێوت، زۆر تامزرۆیە بۆماچ
زۆر دەترسم،
لە پاش ماچێکی ژەهراوی
بدرێی لە خاچ.
***
لێوەلەرزەم بوو بۆ ماچێك
بەمیهری خۆی ماچبارانی کردم
نازانم ،ماچی ئەمشەو ناوبنێم چی
نوقوڵ .. نەبات
ئەمانە حەدیان چیە بگەن بە ماچ!!
***
کە لێوی خستە سەر لێوم
قەرزارباری کردم
لەکوێ من دەتوانم بدەم باجی ماچ ؟!
مەگەر ئەمن بۆ جارێ تر
لێو بخەمە سەر لێوی
تا قوتار بم لە باجگرو نەمدا لەخاچ.
***
پاش ماچی تۆ
سێ پەنجەی ناوەندی دەستم
ماچدەکەم و
سەر و دەستم
بەرەو ئاسمان، بڵند دەکەم،
سوپاسگوزاری خوا دەکەم.

---------------------


فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی
2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە