پەکەکە بەڵگەی هەیە

Tuesday, 09/07/2019, 23:57

10026 بینراوە


دوێنێ شەو سەیری ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی سەر بەمیدیای پەکەکەم کرد کەوا چۆن شەهید (دیار غەریب) بە پیلانێکی میت و پارتی لەناو برا. کاتێ لە کوبونەیەك ئەگەڕێتەوە و پاش چارەکە دەژمێرێك فڕۆکەیەکی تورکی ئەیکاتە ئامانج و شەهیدی ئەکا.

کاتێ ئەم ڕاپۆرتەم بینی خەریك بوو لە پێکەنینا شێت و وێت بم. ئاخر تازە بە تازە پەکەکە و میدیاکانی دێن و ئەیانەوێ لەخەڵکی بگەیەنن کەوا ئەم کاری تیرۆرکردنەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەنجامی گەیاند، لەڕێگای دەزگاکەی مەسوور بارزانی و هیزی سەربازی و دەزگای میتی تورکی بەهەماهەنگی یەکتری کردویانە،،، جا بەڕاستی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەوەدا ماون پێوست بە بەڵگەی بینراو بیستراو باسکراو بکا!! بەڕاستی هێنانەوەی بەڵگە و باسکردنی ئەوەی پارتی خیانەت ئەکا و ڕۆڵەی کورد تیرۆر ئەکا، جگە لە کات کوشتن و خۆشاردنەوە لەڕاستیەکان ، هیچی تر نیە.

بنەماڵەی بارزانی هەر لە تیرۆرکردنی دکتۆر شڤان و هاوەڵەکانی،کوشتن و دیار نەمانی تەرمی ئەو پۆلە گەریلا کوڕ وکچانەی شاری هەولێر لەساڵی ١٩٩٧ بەدەستی(جەمال مۆرتکە)ی خاین و کوشتنی ٧٠٠ گەریلا لەساڵی ١٩٩٢ لەکاتی شەڕی ناوخۆی پەکەکە و پارتی و یەکیتی و دواتر چەندین جار بۆ گرتنی گەریلای پەکەکە و گەڕان بەدوای دوا بەدوا یەکی ئەوانەی سەر بەپەکەکەن لەناوچەی بادینان و ڕفاندیان و داخستنی بارەگاکانی (پارتی چارەسەری)نزیك لە پەکەکە و گرتن و کوشتنی چەندانی تر ولەچەندین بۆنەی جیاوازدا و هەوڵی ڕفاندنی سەرکردەکانی پەکەکە لە شنگال و تەقەکردن لە خۆپشاندەرانی کەمپی مەخمور و سەدەها کاری تری بەدناوی ئەم بنەماڵە خاینە کەچی هێشتا پەکەکە بەدوای بەڵگەی نوێدا ئەگەڕێ و بۆمانی بڵاو ئەکاتەوە. بەڕاستی ئەمە تراجیدیایە!

ئەگێڕنەوە ئەڵێن کابرایەك ژنێکی هەیە لەوەو پێش زانیویەتی کاری لەشفرۆشی کردوە و خۆی چەندین جار کاری سێکسی لەگەڵدا کردوە. ڕۆژێ ئەبینی پیاوێکی تری هێناتەوە ماڵەوە و خەریکی پێکەنین و گاڵتەو گەپن.. ئەمیش دوای ئەوەی کابرا خاوەن ماڵ ئەبینێ هەرزوو تێ ئەقووچێنێ و لەماڵ دێتە دەر، دواتر پیاوەکە بەژنەکەی ئەڵێ بڕوا ناکەم شتی خراپت لەگەڵدا کردبێ و گەر شتی وا ڕووی دابێ ، ئەوا پێوستیم بە بەڵگە و شاهیدە،،، جا ئەم ڕاپۆرتەی پەکەکە لەهی ئەو کابرایە ئەچێ کە بەدوای بەڵگەیەوە لەسەر ژنەکەی کاتێ ژنەکەی پێش ئەوەی ببێتە ژنی، خۆی چەندین جار کاری جووت بوونی لەگەڵدا کردوە.

پەندێکی کوردی هەیە ئەڵێ(یەکجار ئەڵێن زستان ساردە). ئەوە بنەماڵەی بارزانی لە ٦٠ ساڵی ڕابردوەوە جگە لەکاری خیانەت دژ بەگەلی کورد و کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆڵەکانی شتێکی لەوە زیاتر و کەمتر نەکردوە، ئێدی بۆ زیاتر سەری خۆمان بیەشێنین و بەدوای بەڵگەی تردا ، بگەڕێین. ئاخر ئەوانەی بەردیان گرتە لقی ٤ لە ساڵی ٢٠١١ و ئەوانەی بارەگاکانی پارتیان لە کەلار و قەلادزێ و ڕانیە سووتاندن لەساڵی ٢٠١٦ و دواتر ، هیچیان تەمەنیان نەگەیشتبوە ١٨ ساڵ. واتە ئەمان بەم تەمەنە لاوێتیەی خۆیان پارتی و بنەماڵەی بارزانیان ناسیوە و بۆیان دەرکەوتوە چ کانزاو مەعدەنێکن، ئێ ئێوەی پەکەکە چۆنە نایان ناسن و هەمان هەڵە دووبارە ئەکەنەوە و ئەچنە نێو کۆبونە لەگەڵیان و دواتر دوای چارەکە دەژمێرێك ، تیرۆر ئەکرێن.

ئێوەی پەکەکە دیارە نووسرا و پەرتووکی ڕێبەرەکەتان ناخوێننەوە کاتێ بنەماڵەی بارزانی بە خاین ئەناسێنێ و هۆشداریتان ئەداتێ، ئەوەتا مەلا مستەفا پشت ئەکاتە قازی موحەمەد و خیانەت لەکۆمارەکەی ئەکا و وەك تانجی بەرەو ڕووسیا هەڵدێ و کوردانی ڕۆژهەڵات جێدێڵێ و بە پێشەوا ئەڵێ(خوێڕی). ئیدریس هەموو جارێ ئەیووت(گەر شۆڕشمان پێ نەکرێ، پێمان تێك ئەدرێ).مەسعود لەدوای گرتنی هەولێر بە ڕۆژنامەنووسە بەریتانیەکە ئەڵێ(سەدام دوژمن نیە ودۆستە).. باشە ئەمانە هەمووی ئاماژەی ئەوەنین کەوا ئەم بنەماڵەیە بەئاشکرا و بێ پەردە خیانەتی خۆیان ئەسەلمێنن، ئێدی تا کەی بەدوای بەڵگەدا وێڵ بین و کون بە کون بەدویدا ، بگەڕێین !
ئەرشیفی دیار غەریب لە کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە