تووڕەم مەکەن.....

Saturday, 13/07/2019, 14:19

16237 بینراوە


شیعری: شاخەوان عەلی مامۆکى
 ئەوە من نیم،
لەتووڕەیی دەبمە زریان.
تووڕەم مەکەن،
چارتان دەکەم.
ڕەگ و ڕیشەى سەوزى دڵتان،
لەناخەوە دەردەهێنم،
هەر هەمووتان وشک دەکەم
*   *     *
ئەوە من نیم
لەتووڕەیی دەبمە لافاو
تووڕەم مەکەن
کەس نابینم بەچاو،
خەمتان دەخۆم، ئاوتان بۆ دێنم
دار وبارتان دەشکێنم
هەر بەو ئاوە
هەمووتان دەخنکێنم
*    *    *
ئەوە من نیم
لەتووڕەیی دەبمە بوومەلەرزە، دەبمە گڕکان
تووڕەم مەکەن
پەشیمان دەبنەوە
وا دەردەچم و دێمە لاتان
وەک قومبەلە
 دەتەقمەوە
کەستان ناناسم
دیاری خۆمتان بۆ دێنم
بەگڕی ئەو ئاگرە
هەمووتان دەسووتێنم
*     *      *
ئەوە من نیم
لەتووڕەیی لەگەڵتانم
دادەنیشم، تووڕەم مەکەن
نەزریانم، نەلافاو، نە گرکانم
بێدەنگبن
بەئاگابن
لەڕێی هات و نەهات
چاوم نایە سەریەک، پڕتاو
ئازارێک بەقاچم داهات
*     *     *
چەند مێروولەیەکم بینى
هاتووچۆیان دەکرد
ئەو دەهات و ئەو دەچوو
ئەو مێروولەم نەناسی
ئەو مێروولە کامە بوو؟
تووڕەبووم،
دەستم وەشاند
هەموویانم لەخۆم
داتەکاند، ئااااااخ
ئەوجا تێگەیشتم تووڕەیی شێتى و هەڵچوونە
خۆ لەبیرچوون و لەناوچوونە
تووڕەم مەکەن
نا...نا.. نەکەن...نەکەن
تف لەتووڕەیی،
تف لەهەموو ئەوانەى تووڕەم دەکەن.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە