کورتە نامەی شیعریی (بەشی یەکەم)

Saturday, 13/07/2019, 22:28

18812 بینراوە


من و تۆ سێبەری یەکین
کە شەو داهات .. هەردووك تەنهاین
هەر بۆیە .. رقم لە شەوە.
***
هەرکات توانیت
روناکی لە ئاگر داماڵی
گیانی منیش،
دابماڵە.. لە خۆت.
***
کەی ئەستێرە بەیەکجاری
سنگی ئاسمانی بەجێهێشت
ئەو دەمەش، دڵی من.. تۆ.
***
ژیان، بێ خۆشەویستی ئەستەمە
بۆیە، مردن
لە پێناو خۆشەویستیدا کەمە.
***
بمدەرە دەم رەشەبایەك
لە شاری بەفرو رەشەبا
رازو نیازی ئاشقانت
بە دیارییەك بۆ دەهێنم.
***
ببمە خاوەنی بەلەمێك
بە زەردەپەڕی ئێواران
لە بەلەما
هێدی هێدی .. لەجێی شیعر
ئەمن، پرچت دەهۆنمەوە.
***
ئەو ساتەی کە:
دڵتەنگ دەبم
نە گوڵ جوانە لەلام
نە بۆنی خۆشە.. رێحانە.
***
کە سەردەخەمە سەر سینەت
هێند ئاسودەم .. لەو ساتەدا
هەرچی خەمی کۆن و نوێیە..
سەرلەبەری بەبادەکەم.
***
کلو .. کلو، بەفر دەباری
لە باڵکۆنی ماڵەکەما
بە بوتڵیك شەرابی سوورەوە
چاوەڕێت بووم
بۆ نەهاتی ؟!
***
کە دەگرێم.. بیردەکەمەوە لەخۆم.
پێدەکەنم.. لەتۆ
ئەمئێستا، بۆخۆشم نازانم!!
بگرێم، یا ..
***
هەڵوەدای کەسێکم
کە دیارنەمام .. هەڵوەدام بێ
بۆچی دەبێ
ئەوی لەبەرچاوبێ..
هەموو دەمێ
لەبەر دڵ بێ؟!
***
گەر دەپرسیت..
من و سروشت
کاممان جوانین؟؟
دڵنیابە.. هیچتان
بێ یەکتری، جوان نین.
***
ئای چ رۆژێکی بەدە
ئەو رۆژەی کە:
یادەوەریەکانمان
بەر لە مردنی خۆمان دەمرن.
***
تۆ، خەم مەخۆ، گلێنەکەم
بارگەی خەمەکانت لێکنێ
بینێرە بۆم
خەمەکانت.. چاك دەزانن
ئەمنیش تۆم.
***
تا هەست بە بێ تۆیی نەکەم
لە بەرامبەر ئاوێنەیەك
دانیشتوم و لە چاوی تۆ..
پێك فڕدەکەم.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە