مرۆڤ بوون زۆر گەورەترە تەنھا لە جەستەیەکی فیزیایی

Saturday, 08.03.2019, 10:47

2663 بینراوە


ئێمە کێین؟ تەنها ئەم جەستە فیزیاییەی لە ئاوێنەیەکەوە دەیبینیت و هیچی تر؟! بێگومان نەخێر، مرۆڤ بوون زۆر لەسەروو ئەمەوە، تواناکانی مرۆڤ هێندە زۆرە بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت پێشبینی بکرێت گەر ئەزموون نەکرابێت. بەڵام ئەم توانایانە هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ نەبوون گەر نەیاندۆزیتەوە، هەتا نەیاندۆزیتەوە و لە قولایی دڵتەوە بڕوایان پێنەهێنیت ناتوانیت بەدەستیان بهێنیت. لەناو ئەم توانایانەی مرۆڤیشدا، یەکێک لە ناوازەترین و بەهێزترینیان بریتییە لە توانای "گۆڕینی ڕاستەقینەی ژیان،" کە لەم وتارەدا دەمەوێت ڕوونیبکەمەوە تاوەکو ئێوەش ئەم توانایە بدۆزنەوە و بەدەستبهێنن. کەوایە با دەستپێبکەین...
دیاردەیەکی کوانتەم هەیە تیایدا تەنۆلکەیەک بەرامبەر دوو بەربەست دادەنرێت و دەردەچێت. گەر بێتوو ئەم تەنۆلکەیە لەلایەن هیچ کەسێکەوە چاودێری نەکرێت، ئەوا:
1) تەنۆلکەکە بەر بەربەستی یەکەم دەکەوێت، وە 2) بەر بەربەستی دووەم دەکەوێت، وە 3) بەر هەردووکیان دەکەوێت، وە 4) بەر هیچیشیان ناکەوێت. واتە چوارە ئەگەرت هەیە و هەر چواریان لە هەمان کات و شوێندا ڕوودەدەن بە یەکسانی.
بەڵام سەیرکە چی ڕوودەدات کاتێ چاودێرێک دەبێت بۆ چاودێری کردنی تەنۆلکەکە لەکاتی دەرچوونی... ئەو کاتە یان ئەوەتا 1) بەر بەر بەستی یەکەم دەکەوێت، یان 2) بەر بەربەستی دووەم دەکەوێت، یان 3) بەر هەردووکیان دەکەوێت، یان 4) بەر هیچیان ناکەوێت. واتە ئەم جارەیان لە چوار ئەگەرەکە بە تەنها یەک دانەیان ڕوودەادت.
ئەمە بۆچی؟! چاودێرەکە چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر تەنۆلکەکە وادەکات ئەگەری ڕوودانی ڕووداوەکانی بگۆڕێت؟!... وەڵام: چاودێرەکە وزەی بیری بەشێوەی شەپۆل دەخاتە سەر تەنۆلکەکە لە کاتی چاودێری کردنی، بەمەش شەپۆلە بیرییەکە ڕێژەی ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێکیان زیاتر دەکات وەکو لە ئەوانی تر، بۆیە بەپێی بیری چاودێرەکە ڕێژەی ئەگەری ڕووداوەکانی تەنۆلکەکە "گۆڕا" زیاتر بەلای ئەو ڕووداوەی شەپۆلە بیرییەکە هانی داوە.
ئەمە دیاردەیەکی ئاسایی نییە! گەر تەنها بیرێکی ئێمە بتوانێت کاریگەرییەکی لەم شێوەیە گەورەی هەبێت لەسەر تەنۆلکەیەک لە ئاستێکی کوانتەمدا ئەی دەبێت چ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر گەردوون؟! چونکە تەواوی گەردوون لە گەردیلە پێکهاتووە و هەموو ئەم گەردیلانەش هەر لە تەنۆلکە، کەوایە کاریگەری لەسەر هەموو گەردوون دەبێت بەدڵنیاییەوە...!
شەپۆلێکی بیری ئێمە تەنها کاریگەری لەسەر یەک تەنۆلکەیەکی دیاریکراو نابێت، دەزانیت بۆچی؟ چونکە ناوازەترین کاری گەردوون ئەوەیە کەوا هەموو ئەم تەنۆلکانەی کە لە گەردووندا بوونیان هەیە بەشێوەی سەربەخۆ لەیەکتر بوونیان نییە، بەڵکو پێکهاتەیەک هەیە کەوا هەموویان بەشێوەی تۆڕێک بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەردەوام و بەردەوام پەیوەندیان لەنێواندا دروست دەکات و کاریگەرییەکان لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکات بەم پەیوەندییە! ئەم پێکهاتەیەش ناودەبرێت بە "ئیثەر،" کە هەموو بۆشایی بەتاڵی داگیر کردووە لە گەردووندا. بۆشایی بەتاڵ بەتاڵ نییە هەروەکو زانست دەڵیت، بەڵکو پڕیەتی لە ئیثەر، کە کاری ئەوەیە هەموو گەردوون بەیەکەوە ببەستێتەوە و کاریگەرییەکان بە سەراپای گەردووندا بڵاوبکاتەوە.
گەر هەموو گەردوون ئاوا بەیەکەوە بەستراو بێت، ئەوا وزەی بیری تۆ تەنها کاریگەری لەسەر یەک یان دووان لە تەنۆلکەکانی دەوروبەرت نابێت، بەڵکو لەسەر تەواوی گەردوون...! هەر شەپۆلێکی بیری تۆ بەخێرایی ڕووناکی، واتە 300,000 کیلۆمەتر لە تەنها یەک چرکەدا، بە هەموو گەردووندا بڵاودەبێتەوە لەڕێگای ئیثەر، وە کاریگەری دەبێت لەسەر هەر تاکە تەنۆلکەیەک کە بوونی هەیە لە گەردووندا. بۆیە، کار لە "گۆڕینی" ئەگەری ڕوودانی هەموو ڕووداوەکانی گەردوون دەکا چونکە ئەگەری ڕوودانی هەموو ڕووداوەکانی تەنۆلکەکانی گەردوون دەگۆڕێت!...
لە گەردووندا شتێک بوونی نییە بەناوی "سودفە" یاخود "بەخت،" هەموو شتێک بەپێی یاسای بیری بەڕێوەدەچێت، بۆیە بیر بڕیار لەسەر ڕوودانی هەر ڕووداوێک دەدات لە گەردووندا. ئێستا تۆ چیت دەوێت؟! دەتەوێت چ گۆڕانکارییەک لە ژیانتدا ڕووبدات؟! حەز دەکەیت چی بەدەست بهێنیت و بگەیت بە چ شتێک لە ژیانت؟! چ هیوا و ئاواتێکت هەیە؟! هەرچییەکی دەتەوێت هەموو ئەوەی لەسەرتە بیرکردنەوەیە لێی و تەواو...! تۆ بە بیرکردنەوەت لەو شتە مەیلی هەموو ئەگەری ڕوودانی ڕووداوەکانی گەردوون دەگۆڕیت بۆ ئەو ڕووداوەی کە داوات کردووە.
ئێستا پێش ئەوەی داوای هیچ شتێک لە گەردوون بکەیت، گرنگە تێبگەیت کەوا ڕووداوێک ڕووداوێکی تر "دروست ناکات،" بەڵکو ڕووداوەکان هەموویان لە گەردووندا وەکو زنجیرەیەکن و بەردەوامن. هەموو ڕووداوەکان تەواوکەری یەکترن، بۆیە تۆ کاتێ داوای شتێک دەکەیت گەردوون ڕاستەخۆ ناڵێت فەرموو، بەڵکو چی دەکات؟ ڕووداوەکانی ئەم زنجیرەی ڕووداوانە "دەگۆڕێت" بۆ شێوازێک کە ئەو شتەی تۆ داوات کردووە بێتە دی بەپێی کات. بەڵام ئاگاداربە، نابێت واز لە بیرکردنەوە بێنیت لێی، چونکە ئەو ساتەی تۆ وازت لە بیرکردنەوە هێنا لێی ئەوا گەردوونیش واز لە گۆڕینی ڕووداوەکان دەهێنێت بۆ هێنانە دی ئەو شتە بۆت.
کەسی ئاسایی لە تەنها یەک ڕۆژدا نزیکەی 12,000 بۆ 60,000 جار بیرکردنەوەی دەگۆرێت، بۆیە هەرگیز ئەو شتە نایەتە دی کە بیری لێدەکاتەوە. ئەمە وەکو ئەوە وایە تۆ تەنها لەماوەی یەک ڕۆژدا 12,000 بۆ 60,000 جار ئاڕاستەی ژیانت گۆڕیبێت! بەڵام بزانە چی ڕوودەدات گەر بێتوو تۆ بتوانیت بیری خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت و تەرکیزت بە تەنها بخەیتە سەر یەک شت بۆ ماوەیەکی درێژ؟!... ئەو کاتە ڕێڕەوی ژیانت تەنها بە یەک ئاڕاستەی دیاریکراو دەبێت، ئەویش ئەو شتە دەبێت کە بیری لێدەکەیتەوە.
لەمەوە دەستم کرد بە ڕاهێنانی "مێدیتەیشن (Meditation)." مێدیتەیشن بریتییە لەو ڕاهێنانەی تیایدا تۆ بە تەنها تەرکیزت دەخەیتە سەر یەک شت، هەتاوەکو زیاتر بەردەوام بیت و بەهێزتر و قوڵتر بیری لێبکەیتەوە ئەو شەپۆلە بیریانەی لە بیرکردنەوەی تۆ بۆ داواکەت دەردەچێت و بە گەردووندا بڵاودەبێتەوە توانای دەبێت زیاتر و خێراتر و بەهێزتر ڕووداوەکانی گەردوون بگۆڕێت بەرەوە ئەو شتە تۆ داوای دەکەیت و بیری لێدەکەیتەوە. دوای ئەمە ئیتر تەواو، هەموو ئەوەی دەمێنێتەوە چاوەڕوانی و ئارامگرتنە، لەگەڵ متمانە کردن بە سروشتی گەردوون و ئەو لێشاوی وزە خواییەی سروشتی گەردوون بەڕێوەدەبات، پاشان بەپێی کات وردە وردە داواکەت دێتە دی.
ئەمە ڕوونکردنەوەی تەواوی توانای بیری ئێمە بوو بۆ گۆڕینی ڕاستەقینەی ژیان بە شێوەیکی "بیردۆزییانە،" بەڵام با شتەکە کەمێک گەورەتر بکەین و بیکەین بە "کرداری." حەز دەکەیت بە کرداری هەموو ئەوەت بۆ بسەلمێنم کە لەسەرەوە باسم کردووە؟!
گەر ئەمە بە کرداری ڕاست دەربچێت و تەنۆلکەکانی گەردوون کاردانەوەیان بۆ بیری ئێمە هەبێت، ئەوە واتە دەبێت هەموو گەردوون کە لە تەنۆلکە پێکهاتووە ئاگایی هەیە و زیندوو بێت، چونکە گەر ئاگایی نەبێت و زیندوو نەبێت ناتوانێت کاردانەوەی بۆ بیری ئێمە هەبێت. ئەو کاتەش، دوو تێڕوانینی تری زانستی سەردەم هەڵە دەردەچێت کە دەڵێت 1) ئاگایی لە مێشکەوە سەرچاوە دەگرێت، وە 2) گەردوون جیهانی ڕەق و شل و گازی مردووە. بەپێی زانستی سەردەم هەر شتێک ئاگایی هەبێت زیندووە، وە دەشڵێت ئاگایی لە بیرەوە سەرچاوە دەگرێت، بیریش لە مێشک، بەڵام لێرەدا هەڵەیە چونکە نە بیر و نە ئاگاییش هیچیان لە مێشکەوە سەرچاوە ناگرن. با ڕوونی بکەمەوە چۆن...
دکتۆر ماسارۆ ئیمۆتۆ، زانایەکی یابانی، چەند تاقیکردنەوەکی کردەیی ئەنجامدا بۆ نیشاندانی کاریگەری بیر و هەست و سۆزەکانی ئێمە لەسەر دەوروبەرمان. لە تاقیکردنەوەی یەکەمیدا، سێ قوتوو برنجی هێنا و ڕۆژانە قسەی بۆ دەکردن. یەکێکیان خۆشەویستی بۆ دەردەبڕی، ئەوەی تریان ڕق، ئەوەی تریش وازی لێهێنا و گوێی پێ نەدەدا. دوای ماوەیەک و کەمێک چاوەڕوانی، سەیری دەرەنجامە سەرسوڕهێنەرەکەی د. ئیمۆتۆ بکە...



سەیری ئەم کاریگەرییە سەرسوڕهێنەرە! برنج مێشکی نییە، نە دڵ و نە هیچ ئەندامێکی تری جەستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوەی جیاوازی هەبوو بۆ هەر بیرێکی جیاوازی ئێمە. کاردانەوەی نابێت گەر ئاگایی نەبێت، بەڵام ئەم ئاگاییە لە کوێوە هات گەر مێشکی نەبێت؟!
لە تاقیکردنەوەی دووەمدا، سەلماندی کەوا هەر بیرێکی ئێمە و هەست و سۆزێکی ئێمە، لە توانایدا هەیە لە ئاستێکی کوانتەمدا شێوازی بلوری ئاو بگۆڕێت بە تەواوی! واتە کاتێ بە ئاوەکەی دەوت خۆشمدەوێیت شێوازە بلوریەکەی زۆر جیاواز بوو لەوەی کاتێ پێی دەوت ڕقم لێتە، تەنانەت لەگەڵ هەر هەستێک شێوازێکی جیاوازی وەردەگرت و بە هەر جۆرە مۆسیقایەک شێوازێکی جیاوازتر، وە هەروەها شێوەی پێش و پاش نوێژکردن بە تەواوی پێچەوانەبوو...


باشە خۆ ئاویش هەر وەکو برنج نە مێشک و نە دڵ و نە هەر ئەندامێکی تری جەستەی نییە، ئەی کەوایە ئەمیان ئاگایی لەکوێ بوو تا بتوانێت کاردانەوەیەکی لەم شێوەیە ناوازەی بۆ بیری ئێمە هەبێت؟!
باشە جیاوازی ئاو و برنج چییە لە هەموو شتێکی تر کە ئێستا لە چواردەورم بوونی هەیە؟ هەموویان هەر لە گەردیلە پێکهاتوون و تەنۆلکەیان، ئیتر کەوابێت گەر ئاو و برنج تەنها بە کۆمەڵە تەنۆلکەیەک ئاگاییان هەبێت دەبێت هەموو شتێکی تریش هەیبێت کە لە تەنۆلکە پێکهاتووە. بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئەم ئاگاییە چۆن تەنها بە کۆمەڵە تەنۆلکەیەک دروست بوو؟! زانستی ئەمڕۆ ئێستا گیری خواردووە بەدەست ئەوەی ئاگایی لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت لەبەر ئەم پرسیارانە.
بۆ وەڵام دەبێت کەمێک قوڵتر ببینەوە. باشە، تەنۆلکە لە چی پێکهاتووە؟ وزە! لەناو جۆرە جیاوازەکانی وزەدا جۆرێکیان هەیە پێی دەوترێت "وزەی ژیان،" کە هەندێ جار بە "ڕۆح" ناودەبرێت. ڕۆح تەنها وزە و هیچی تر، بەڵام جیاواز لە جۆرەکانی تری وزە ئەو وزەیەیە کە ژیان دەبەخشێت و توانایەکی زۆر ناوازەی هەیە ئەویش ئەوەیە کە بیر دەکاتەوە، لەم بیرەشەوە ئاگایی بۆ دروست دەبێت. کەوایە ئاگایی لە بیری وزەی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت، نەوەکو مێشک! ئەم وزەی ژیانەش لە هەموو پێکهاتەیەکدا هەیە کە بوونی هەیە لە گەردووندا چونکە هەموو گەردوون لە تەنۆلکە پێکهاتووە و ئەم تەنۆلکانەش لەم وزەی ژیانە، بە برنج و ئاوەکەی د. ئیمۆتۆشەوە، بۆیە هەموو شتێک ئاگایی هەیە و لەم ئاگاییەوە کاردانەوەی دەبێت بۆ بیر و هەست و سۆزەکانی ئێمە.
مێشک پێکهاتەییەکی ماددییە و لە تەنۆلکە پێکهاتووە، ئەو تەنۆلکانەش هەر لەم وزەی ژیانە وەکو هەموو تەنۆلکەیەکی تری گەردوون. بەس جیاوازییەکی بچووکی هەیە لەگەڵ تەنۆلکەکانی تر ئەویش ئەوەیە وزەی ژیانەکەی توانای بیری بەهێزترە وەکو لە تەنۆلکەکانی تر، چونکە هەموو وزەیەکی ژیان لەهەمان پلەی بووندا نییە لە گەردوون. بۆیەش، دەبینین بیر زیاتر لە مێشکدا دەردەکەوێت و بە ئەوەوە دەبەسترێت، بەڵام لە ڕاستیدا، مێشک تەنها شێوازێکی دەرکەوتنی بیرە لە ڕووتەختێکی ماددیدا، ئەگینا بیر لە بنەڕەتدا لە وزەی ژیان، یاخود ڕۆح، سەرچاوە دەگرێت کە لە هەموو شتێکدا هەیە کە بوونی هەیە لە گەردووندا.
بۆچی کاتێ من بە کەسی بەرامبەر دەڵێم خۆشمدەوێت هەمان کاردانەوەی بۆم دەبێت و کاتێکیش دەڵێم ڕقم لێتە هەر هەمان کاردانەوەی بۆم دەبێتەوە؟! چونکە زیندووە و ئاگایی هەیە، ئەم ئاگاییەش بیری پێبەخشیوە، ئەم بیرەش ئەو کاردانەوەی دروست کرد کە بۆ منی هەبوو. ئەی باشە گەر هەموو شتێک لە گەردووندا هەر لەو وزەی ژیانە پێکهاتبێت کە کەسی بەرامبەرم لێی پێکهاتووە بۆچی ئەوانیش زیندوو نین و ئاگاییان نییە؟! بێگومان هەیانە، بۆیە دەبێت بیریشییان هەبێت، ئەو بیرەیش کاردانەوەیان بۆ دروست دەکات بۆ بیر و هەست و سۆزەکانی ئێمە. ئەمەیە وەڵامی تاقیکردنەوەیکانی د. ئیمۆتۆ و وەڵامی ئەوەی ئاگایی لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت... وزەی ژیان، یاخود ڕۆح.
دەزانیت کەوا هەموو ئەم زانستەی من باسم کردووە لە سەرەوە هیچی تازە نییە؟! ڕاستە زانستی سەردەم هێشتا دانی پێدا نەناوە، بەڵام زانستێکی تازە نییە و شارستانییەتە کۆنەکانی مێژوو هەموویان ئاشنا بوون پێی! تەنانەت هەر لە ڕۆژانی ئەمڕۆشدا بودیزمەکان لە چین بەکاریدەهێنن بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی وەکو شێرپەنجە! سەیری ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە بکە و ببینە چۆن تەنها بە هێزی بیری، دکتۆرە بودیزمەکان خانەیەکی شێرپەجنە لەناودەبەن تەنها لەماوەی دوو خولەدا، تەنها دوو خولەک و هیچی تر!...

گەر ئەمە هەزاران ساڵ لەمەوبەر زانرابێت کەوایە زانستی سەردەم زۆر زۆر لە دواوەیە و هێشتا زۆری ماوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی ژیان و نهێنییەکانی گەردوون! ئەم ڤیدیۆیە سەرەوە دووبارە بەڵگەیەکی تری کردارییە لەسەر توانای گۆڕینی ڕاستەقینە تەنها بیری ئێمە، بیهێنەرە بەرچاوت چەند کەس هەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا بەدەست شێرپەنجەوە دەناڵێنێت، ئەی ئەم هەموو مەسرەفەی هەر تاکێک لێی دەکات چەندەها ساڵە! ئەمە تەنها شێرپەنجە، ئەی ئەم هەموو نەخۆشییە ژەهراوییەی تر کە ئەمڕۆ بوونی هەیە و ملیۆنان و ملیۆنان خەڵک لەناو دەبات لە سەرانسەری جیهان؟! ڕێژەکەی باوەڕپێنەکراوە هێندە زۆرە، بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تەنها لە ساڵی 2016، لەو57 ملیۆن کەسەی لە سەرانسەر جیهان مردووە نیوەی زیاتر بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان مردووە، لەکاتێکدا هیچ نەخۆشییەک نییە بەو ڕێگایە چارەسەر نەکرێت کە نیشانم دایت! هەموو ئەمە دەتوانرێت کۆتایی پێبهێنرێت بۆ هەتا هەتایە تەنها بە توانایەکی مرۆڤی بەناوی بیر؟! هەرگیز بیرت لەوە نەکردۆتەوە کەوا تۆی مرۆڤ توانات هەیە تەنها بە بیرت هەموو ئەمانە کۆتایی پێبهێنیت؟!
هەر شتێکی دەتەوێت بەدەستی بهێنیت لە ژیانت تەنها بیری لێبکەوە و هیچی تر ئیتر بەپێی کات وردە وردە بەدەستی دەهێنیت. بەڕاستی بەڕاستی هەرچییەکی تر کە ئامانجتە، باش یان خراپ دەکەوێتەوە سەر خودی خۆت، تەنها بیری لێبکەرەوە ئیتر وردە وردە گەردوون زنجیرەی ڕووداوەکانی ژیان "دەگۆڕێت" بەرەو ئەو شتەی تۆ بیری لێدەکەیتەوە. ئاگاداربە لەمە، ڕووداوەکان "دروست ناکات،" بەڵکو ڕووداوەکان "دەگۆڕێت."
دەزانیت هەبوونی ئەم توانایەی "گۆڕینی بیری" چ پێگەیەک بە ئێمە دەبەخشێت لە بووندا؟! ئێستا پێت وایە ئەو بیروڕایە و تێڕوانینەی زانستی سەردەم ڕاست بێت کەوا ئێمە زیادەین و ئێمەی مرۆڤ بوونمان هەبێت و نەبێت هەر وەکو یەکە لە گەردووندا؟! پێت وایە زانستی سەردەم ڕاست دەکات کاتێ دەڵێت بیر و باوەڕەکانی ئێمە هیچ کاریگەرییان لەسەر ژیان نییە لە گەردووندا؟!
ئێمە تەنها مرۆڤین و هیچی تر، بەڵام من کاتێک دەڵێم مرۆڤ مەبەستم تەنها ئەم جەستە فیزیاییە نییە کە لە ئاوێنە دەیبینم و هیچی تر، بەڵکو کاتێ ئاماژە بە خودی خۆم و مرۆڤ بوونی خۆم دەدەم مەبەستم ئەو وزە ژیانە یاخود ئەو ڕۆحەیە کە لەناو ئەم جەستە مرۆڤییەوە ئاگایی و ژیانی بە من بەخشیوە، ئەو وزەیەی هێزێکی بە من بەخشیووە بتوانم تەنها بە بیرم هەموو ڕووداوەکانی ژیان لە گەردووندا بگۆڕێم...!
کاتێ دەڕۆیتە دەرەوە و پێت لەسەر زەوییەکە دادەنێیت، گوڵێک بۆن دەکەیت، هەوایەک هەڵدەمژیت، دەنگی چۆلەکەیک دەبیستیت، مرۆڤەکان دەبینیت و دەدوێنیت، سەیری ئاسمان دەکەیت و هەورەکان دەبینیت، یاخود گەر بە شەو بوو ئەستێرەکان دەبینیت، بۆچی تەنها بۆ ساتێک ناوەستیت و بیر لەوە ناکەیتەوە چۆن تۆ و هەموو ئەمانە وەکویەکتر لە هەمان وزەی ژیان پێکهاتوون و وەکو تۆڕێک بەیەکەوە بەستراونەتەوە؟! بۆچی بیر لەوە ناکەیتەوە چۆن بیری تۆ و بیری هەموو ئەمانە بەردەوام کاریگەریان لەسەر یەکتری هەیە و بیری هەر یەکێکتان دەتوانێت هەموو ئەو شتانە بگۆڕێت کە ڕێک لەو ساتەدا ڕوودەدات کە ئێوەی تیادان؟!... هەر کاتێ بەم شێوەیە بیرت کردەوە، ئینجا "بەشێک" لە گەورەیی خودی خۆت بۆ دەرکەوتووە و "بەشێک" لە توانا مرۆڤییەکانی خۆت دۆزیوەتەوە لە گەردووندا ئەی مرۆڤ.




(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 5/5)