خۆپیشاندانەکانی عیراق و ڕاگەیاندنی "پێکهێنانی ڕزگارکردنی حکومەتی نیشتمانی" کوردیش بەشدارە!

Friday, 10.04.2019, 13:55

3713 بینراوە


تەزویرکردن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی سەرتانسەری عیراق ئەگەر ئامرازێک بووبێت بۆ هاتنە سەر حوکومی لایەنێک یان کەسانی دیاریکراو و توانرابێت تەزویرەکە پەردەپۆش بکرێت، بەڵام هەرگیز تەزویر نەیتوانیوە واقیعی کۆمەڵگە بگۆڕێت، کە دەنگی ناڕەزا لە لووتکەیە و لەهەر ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی عیراقدا و دوای تەزویرێکی زۆر ئینجا لە باشوور و ناوەڕاستدا ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان تەنیا لە ٢٠% بوو، سەرەڕای ئەوەش حکومەت پێکهێنرا. ئەوانەی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتن، گوێیان خەواند، پشتیان لەو واقیعە کرد. ئەوان پێیان وابوو تەنیا بە تەزویر و پشتیوانی دەرەکی ئەوەی کردویانە بۆیان دەچێتە سەر، تا هەتایێ بۆیان دەلوێت و گیرفان پڕدەکەن.
لەدوای ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٣وە هەرچی حکومەتێک پێکهێنرابێت بەهمان پرۆسە ڕەتبووە، تەزویر لەسەرتانسەری عیراق ئامرازێکی کارا بووە لە سەرکەوتنی حزب و کەسەکان بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات، دواتریش گەندەڵی و دزی هەموو جومگە سەرەکییەکانی دامودەزگە حکومیەکانی گرتۆتەوە. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عیراق چاوەڕوان کراو بوو، ئەگەر ئەم جارەش ئەو خۆپیشاندانانە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە سەرکوت بکرێت بە دڵنیاییەوە جارێکی دی دووبارە سەرهەڵدەداتەوە.
ناکۆکیی نێوان ئیران و ئەمریکا ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆخی سیاسیی و ئابووری عیراق هەیە. ئەمریکا بێئاگا نییە لەوەی دەسەڵاتدارانی عیراق لەژێر هەژموونی دەسەڵاتدارانی تارانن. ئەگەر ئەمریکا ئەوەی لە قۆناغێکی دیاریکراودا پێ باش بووبێت بە تایبەتی لەکاتی جەنگی دژ بە داعشدا بێگومان بۆ ئەمڕۆ یان بۆ قۆناغەکانی دی ئەوەی ناوێت، دەیەوێت خۆی دەسەڵاتداری یەکەم بێت، بە تایبەتی هەنووکە کە ڕوسیاش لە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیتی لە عیراق. لە ئاکامدا ئەمریکا ئەگەر نەتوانێت ئەوانەی هەنووکە لە عیراق لە دەسەڵاتدان لەژێر هەژموونی ئیران دەرنەهێنێت، ئەوا بێ گومان بەدوای بەدیل دەگەڕێت.
عیراق هیچ کاتێک لەنێو خۆیدا وڵاتێکی یەکگرتوو نەبووە، هەمیشە ناکۆکی تایفی، مەزهەبی و نەتەوەیی و نەبوونی سیستەمی دیموکراتی هەبووە و هەیە، کە لە ئەنجامدا زەمینەیەکی دروستکردوە بە سەدان حزب و لایەنی دژ بە یەک لەنێو سنووری جوگرافی و چوارچێوەی حوکمرانی ئەو وڵاتە دژ بەیەک کاردەکەن، واتە ئەمریکا هەڵبژاردەی زۆری لەبەردەمەدا هەیە بۆ بەدیلی ئەوانەی کە لەژێر هەژموونی ئیرانن.

خۆپیشاندانەکانی باشووری عیراق، دوای ئەوە هات کۆمەڵیک کەسایەتی عیراقی لە نێوان خۆیاندا ڕێککەوتوون بۆ پێکهێنانی حکومەتی نیشتمانی لە عیراق دژ بە حکومەتی عەبدولمەهدی. ئەو لایەن وکەسانەش زۆربەیان لەنێو ئەو دەسەڵاتەدا واتە لە پەرلەمان و دامودەزگە حکومییەکان بەشدارن، بە ڕاشکاوانە ئەحمەد حلو لەو گرتەڤیدیۆیدا ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە بۆ پۆستەکان ئامادەکراون بۆ "پێکهێنانی ڕزگارکردنی حکومەتی نیشتمانی عیراق" کە کوردیش بەشدارە و لە ٢:٤٨دا دەڵێت "مەسرور بارزانی" لێپرسراوی کاروباری هەرێمەکانە لەو حکومەت تازەیەدا.
لە ڕابردوویەکی نزیکدا لە میدیای عەرەبی باسی ئەو گروپە کرا، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە لە ١/١٠/٢٠١٩دا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، شەقامی عیراقی دەجوڵێنن، حکومەتی عەبدولمەهدی دەڕوخێنن. بۆ ئەو مەبەستە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیان کرد بە مەیدانی بانگەواز بۆ ئەوەی تا بۆیان دەکرێت لە ١/١٠/٢٠١٩دا زۆرترین خەڵک بهێنە سەرشەقام، بۆ ئەوەی پێگەی جەماوەریان پێشانی هێزە دەرەکییەکان بدەن، هەروها شەقامی عیراقی دژ بەو حکومەتە بجوڵێنن. تێبینی دەکرێت کە ئەوجارە هێزە ئەمنیەکانی عیراق لە جاران زووتر دژ بە خۆپیشاندەران پەنایان بۆ چەک برد. ئەوان هێڵی ئەنتەرنێتیان بڕی، هاتوچۆیان لە شارەکان قەدەغەکرد، سوپای عیراقیان خستە ئامادەباشی و باری نائاسایان ڕاگەیاند. عەبدولمەهدی پەیامی دەربارەی دۆخەکە ڕاگەیاند. لەبەرئەوەی ئەو جارە ئەو گروپە کۆمەڵێک ئەفسەری عیراقیان لەگەڵدایە کە پێگەی جەماوەرییان لە ناوچە سونیەکان، لەنێو کۆنە بەعسیەکان و نێو سوپای عیراقیدا بەهێزە، هەروها مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەمریکا پشتیوانیان لێ بکات و حکومەتی عەبدولمەهدی بروخێنێت.




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 5/5)