مەسعود بارزانی زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی سڕکرد


باڵندە گوولەکانی کوردستان، تاکەی عاشقی داری ژەقنەبووتی داگیرکەرانن؟! عێراق بە نموونە!

Wednesday, 10.09.2019, 20:56

3156 بینراوە


لە ڕاستی و بابەتێتی دوور ناکەوینەوە، گەر بێت سەرەتا ئاماژە بەوە بکەین، عێراق دەوڵەتێکی دەستکردی زۆڵەکە و ئیمپریالیزمی ئینگلیزییە و لەسەردەمی کۆلۆنیالیزم دا، لەسەر دەستی ونستن چەرچلی وەزیری کۆلۆنیالیست و سیر پیرسی گوکس و مس بیل و لۆڕانسی عەرەب دروست کرا و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییە دوور و نزیکەکانی خۆی دروستی کرد - وەک دابەشکردنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و لاوازکردنی تورک، دۆزینەوەی نەوت و بەجێھێشتنی چەند گەرایەک بۆ ئەو پێشھاتانەی لە ئایندەدا لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرا- ...
دروستکردنەکەش ئەوەمان پێدەڵێ: عێراق ڕاستەوخۆ بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی ھیچ میللەتێک نییە!. بەپێی سەرچاوە مێژوویی و دیکۆمێنتەکان، کورد وەک میللەتێک تا دوا ھەناسە بەرگری لە دروستکردنی ئەم دەوڵەتە کردووە و چ وابەستەییەکی بەرامبەری نیشان نەداوە... لە ئەنجامی بەربەرەکانی توندی کورد بۆ لکاندنی کوردستان بە عێراقی تازە دروستکراوەوە. ئەم حاڵەتی نەبوونی ھەست بۆ پێوەندارێتی عێراق و ھیچ خۆ بە عێراقی نەزانینە بەدەوام دەبێت. پاشان ئینگلیز لە گەلێ ھەوڵی سیاسیدا بۆ چەسپاندنی کوردستاب بە عێراقەوە بەھۆی شۆڕشەکانی شێخی نەمرە سەرکەوتوو نابێت. ئەوسا بیری بۆ بواری دیکە دەچێ. لەوانە لە ساڵی ١٩٢٦ دا، پێشنیاز بۆ مەلیک فیصل دەکات رێکخراوێک لە بەغدا دروست بکات بۆ یەکێتی و کۆکردنەوەی ئەندامانی نێوان کورد و عەرەب... تا کورد لە عەرەب نزیک ببنەوە و ھێدی ھێدی ناسنامەی عێراقیبوونیان لا شیرین بێت.
ئەوە بوو یانەی سەرکەوتن دروست کرا... پاشان نامیلکەی «عرب والاکراد» بڵاوکرایەوە. ھەموو ئەم ھەوڵانە بۆ سازدانی ژینگەیەکی لەبار بوو بۆ عێراقچێتی و بەتایبەت کورد سۆز و وابەستەیی بۆ ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوە نیشان بدات و لەژێر تاجی پادشایەتی فەیسەڵ دا، ئۆقرە بگرێت و پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەب دا پەسەند بکات!. مامە ئینگلیز مەرامەکانی بێ قڕە و بڕە جێبەجێ بکات .
:لە کۆنگرەی قاھیرە١٩٢١ دا بڕیار دەدرێ: »» کوردستان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە لایەن ماندات/ مندوبی سامی بەڕێوە دەبرێ و بە سەربەخۆیی لەعێراق دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی بیروڕایەکی گشتی کوردی باوەڕپێکراو ساز دەبێت، بلکێن بە عێراقەوە»»+
ئینگلیز عێراقێکی دروست کرد، لە ڕێگای کەمینەیەکی شەڕانگێزی خوێناوییەوە، بە کولتوورێکی دواکەوتووی شوومەوە ، بە ئاگر و ئاسن حوکمی کردووە. ھیچ مافی نەتەوەیی و ئازادییەکی کەسی تێدا نەبووە. یەک ناسنامەی عەرەبی بەسەر تەواوی پێکھاتەکاندا سەپێندرا.. گەر بھاتایە، میللەتان و ئەقڵ و کولتوور و دەستوورێکی وەک ئەوەی سویسرایان بھێنایە و عێراقێکی چەشنی سویسرایان پێ قووت بکردایەوە، ئەوە ڕەنگە ھەستی خۆ بەھاوڵاتی زانین بەرامبەر بەم عێراقە دروست بوایە!؟، بە ساردی وکزیش بوایە سەری ھەڵدەدا..
ئەودەم ستراکچەری ئەقڵ و ستراتیژی کوردیش لەسەر بنەمایەکی تر دادەڕێژرا. بەڵام ئینگلیز عێراقێکی بە مێژوو ھەڵکشاو لە خوێن و بە سیستەم دیکتاتۆری کودەتاچی تەواو سەربازی قووتکردەوە و ھەموو پشتیوانییەکی لۆگیستی لێ کرد،تا توانی لەسەر پێی ڕاگرێ.

عێراقچێتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە:
لە ئاینی ئیسلام دا جێگای حیزب و دەوڵەت و نیشتمان نابێتەوە... ھەموو لەسەر زەوی لەژێر چەتری « ئوممەی ئیسلام دا» کۆبووینەتەوە و کەس خاوەنی ھیچ نییە بەڵکو ھەموو شتێ لە ڕێی خوا و پێغەمبەرەکەی محەمەد دا دەکرێ و جیاوازی نێوان کەس و ڕەنگەکان نییە. نەتەوە و نەتەوایەتی و دەوڵەت و حیزب داھێنانی رۆژئاواییە کافرەکانن بۆ پارچەپارچەکردنی ئوممە و سەرزەمینی موسڵمان . بەس بۆ فەلەستینییەکان ھەموو شتێ ڕەوا بوو. حیزب و دەوڵەت دروستکردن و فەلەستینچێتی، تەناتەت وەک موسڵمانێکی کورد خۆیشی بچێ بۆ غەزای جولەکە پێی ڕەوایە، بەبیانووی شەڕی زایۆنیزم!.
وەک زانیمان عێراق دروستکراوە بەم میکانیزمە و بۆ ئەو ئامانجە . کەواتە باوەڕ و خەبات و شەڕی پاراستنی ئەم کیانە دەستکردەی کۆلۆنیالیزمی گڵاوی دوژمنی باوەکوشتەی ئیسلام، ئامانج لێی پارچەپارچەکردنی جیھانی ئیسلامییە، چ مانایەک دەبەخشێ؟!. ئاخر ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی داھێنانێکی رۆژئاوایە، بۆ ھەڵتەکاندنی جیھانی یەگکرتوو و بەھێز و پیرۆزی ئیسلام ... چۆن پەسەنددی دەکەن.. کە کراوە واتە بۆ خۆت رحمان الرحیم و بۆ خەڵکی تر شیطان لعین. دەمێنێتەوە بڵێم گەلێ ڕۆڵەی زانا و تێکۆشەری کوردی موسڵمانمان ھەبوون و ھەن، بۆ کورد و کورجستان گیانی خۆیان بەخشیوە.مەلا مەعشوق خەزنەوی بە نموونە...

عێراقچێتی لە ڕوانگەی مارکسایەتی و ماوێتی « چەپ و کۆمۆنیستەکان» ەوە:
ئیمپریالیزم دوا پلەی گەشەسەندنی سەرایەدارییە و دەوڵەتە کۆلۆنیالیستە رۆئاواییەکان، چەوسێنەر و خوێنمژ و دکتاتۆر و دژی ئازادی و چینی کرێکار و سۆسیالیزمن .
مارکسییەکی کورد نیە نەزانێ ، پەیمانی سایکس پیکۆ یەکەم مۆری ھەردوو دەسەڵاتی کۆلۆنیالی ئینگلیزی و فەرەنسی پێوە دیارە. ئەم پەیمانە ھێڵە گشتییەکانی ستراتیژی ئینگلیز و فەرەنسای تێدا بەرجەستە بووە و پاشانیش ئەمەریکا بەری رەنجی ئەوانی چنییەوە و بووە خاوەنی زۆری سیاسەتەکانی دوو دەوڵەتی ناوبراو، کە بەنموونە بە مامانی عێراق و زۆر دەوڵەتۆکەی تری دەڤەرەکە دادەنرێن...
بەم شێوەیە پرسیارێ خۆی دەسەپێنێ و لە مێشکمان دا دەزرنگێتەوە: بۆچی داکۆکی لە سنوورەکانی ئەم دەوڵەت و چوارچێوەی یاساییەی ناونراوە عێراق، بەلای مارکسییەکانەوە ستراتیژی خەبات بوو؟؟. بۆ دەیانویست کورد بکەنە کرێکار و لەگەڵ ھی عەرەبدا یەکی پێبگرن و خەباتی سەرتاسەری لە عێراق دا بکەن ؟ بۆ کوردستانی بوون تاوان و دواکەوتوویی بوو؟ئاخر نەیاندەزانی ھەر سیاسەتێ لە پێناوی پاراستنی ئەم قەوارە دەستکردەدا دەکاتە خزمەتی بێ چەندوچوونی ھێزە جیھانخۆرەکان. ئەم دەستەیە لەگەڵ خەباتی گەلانی ھەموو دنیادا بوون لەدژی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و سەرمایەداری و زایۆنیزم، جگە لەخەباتی ڕەوای کوردستانی کورد.
شایانی ئاماژە پێدانە لەم دەستە و تاقمەش دا، کەسانی کوردستانی زۆرمان ھەبووەو ھەیە، کە بە ڕێبازی خۆیان تێکۆشاون بۆ سەربەخۆیی کوردستان و تا ئێستاش زۆریان ھەر لە سەنگەردان.شێخ شەھاب و مەزڵوم دۆغان وەک نموونە.
عێراقچێتی لەڕوانگەی مۆدێرنێتییەوە.
مۆدێرنێتی کە زرینگەی لەگوێی گەلێ کەسدا خۆش دێت، یەکێکی ترە لەئامڕازەکانی دەستی ھێزە کۆلۆنیالتستەکانی جیھان، بۆ گەیشتنە مەرامە گڵاوە نامرۆڤایەتییەکانیان...لە ڕێی مۆدێنێتەوە بۆ دروستکردنی نەتەوە و کولتوور و دەوڵەتی نەتەوەیی یەکشوناس لەسەر ھەژماری زمان و کولتوور و نیشتمان و جەستەی نەتەوە و کولتوور و خاکی تر داھێنا و پەیڕەو کرد.
عێراق لەڕێی زاڵبوون و سەپاندنی ناسنامەی عەرەبی بەسەریدا، یەک پارچە بۆتە بەشێکی نیشتمانی عەرەبی و لە نێو چوارچێوەی نەخشەی سیاسی عەرەبدایە. ئەودەسەڵات و ھێزە چاوچنۆکانەی لە پشت مۆدێرنێتەوە وەستاون، بە ھەموو توانایەکیان داکۆکی لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن وەک بازاڕ و جێ نفوزی سەربازی و سیاسی خۆیان ، ڕێگە نادەن پارچە پارچەبێت. ھەر دوێنێ نزیک بوو ھەموو لە بیرمانە ، بە کورد و کێشە ڕەواکەی دەووترا دۆزەکەتان «کێشەی ناوخۆیی» ییە . لە کاتێکدا چ رۆژئاوا و چ رۆژھەڵات بە دوا چەکی قڕکەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو یارمەتی حکومەتی ناوەندیان دەدا.
کەواتە ئەو داوایە لە ژێر ناوی مۆدێرنێتیدا لە کورد دەکرێ، خۆی بدات بەدەستەوە چونکە کار لە کار ترازاوە و ھێزە زەبەلاحەکان لەسەر شێواز و فۆڕمی سیستەمی سیاسی جیھانی پێکھاتوون، ئیدی نەخشەی جیھان ناگۆڕێ و پێویستە ئێوەش مل بدەن .، چونکە چ دەرەتانێ بۆ کورد نەماوە، ھەردەبێت بێتە عێراقی و دەستبەرداری مافەنەتەوەیی و مێژووییەکانی خۆی بێت.
ھەر داکۆکییەک لە عێراق لەژێر ناوی مۆدێرنێتیدا ، دەکاتە عێراقچێتی و ئاماژەمان بەوە داوە، کەعێراقچێتیکردن خزمەتە بە ھێزی بێگانەی ئەھریمەنی و ئەوەی پێی دەوترێ ئیمپریالیزم و سەرمایەداری و کۆلۆنیالیزم.

عێراقچێتی لە ڕوانگەی کوردایەتیشەوە:
ئەوە جگە لەوەی عێراچێتی بەتاوان و ناپاکی دادەنرێ، لە نموونەدا ڕێک دەکاتە ئەوەی کەسێک بیەوێ باوک و دایکی خۆی بکوژێ و بسڕێتەوە و باوەپیارە و باوەژنی بخاتە جێی ئەوان.. تۆ لەبری ھەڵگری ھەموو بنەما و مۆرک و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆت بیت و ناسنامەی کوردستانیت لە باخەڵدا بێت، دەبێت واز لە ھەموویان بھێنیت و خۆت بکەیتە عێراقی و تورکیایی و ئێرانی و سووری. خۆت لە ھەموو بەھایەکی کوردبوون داماڵەخاس بکەیت و خۆت بدەیت بەدەم شەپۆلی نێرجسێتی ئایین و ئایدۆلۆژیا و کۆسمۆپۆلێتییەوە...دەنا داگیرکەرچێتی بە کەس ھەرس ناکرێ..
کەواتە لۆمەی توند و گەورەی ئێمە ، بە پلەی سەرەکی ئەو ھێز و کەسانە دەگرێتەوە، کە بانگاشە بۆ عێراقی بوون دەکەن و بەغدای تاوان دەکەنە، قیبلەی ئاواتەکانیان و سەرسەختانە داکۆکی لە سنوورە دەستکردەکانی مامە ئینگلیزی گڵاو و ئیمپریالیزمی جیھانی دەکەن...

دەرئەنجام گەشتینە ئەوەی بڵێین، ھەر چوار ئاڕاستەکە، بە عێراقچێتییەکەیانەوە، جۆگەلەی بیر و خەبات و ھەوڵیان، دەڕژێتە ناو ئەستێڵکی عێراقەوە. ئەمەش گەورەترین تاوان و ناھەقییە بە شێوازی جیاواز جیاواز ، بەرامبەر بە پرسی کورد لەژێر دەمامکی ناکوردستانی دەکرێت.
ئۆباڵی بە لاڕێدا بردنی ویست و خواستەکانی نەتەوەی کورد و شێواندنی ڕاستییە مێژوویی و نەتەوەییەکان و بە فیڕۆدانی وزە و توانا و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی بۆ عێراقچێتی ، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو قوتابخانە و مامۆستا و حیزب و سەرکردانەوە، کە ڕۆڵیان لە برەودان بەم ڕێبازە چڵکن و نەگریسەی داگیرکەرچێتییەدا ھەبووە و تا ئێستاش ھەیە.
ئاخر ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستانەیە، وامان لێ دەکات ، بڵێین : عێراقچێتی/ داگیرکەرچێتی سیفەتێکی نیمچە ناپاکییە بەرامبەر بە کوردستانچێتی و مێژووی قوربانی و تێکۆشانی کورد، بەردەوام نەفرەتی خەستی لێ دەکات.
دیارە تورکیاچێتی و ئێرانچێتی و سووریاچێتی، بە ھەمان خوێندنەوە و پێوانە ڕوو ڕەشترو بێ ماناترن لە عێراقچێتیی.
—————————
+ کرکوک وتوابعھا حکم التاریخ والضمیر د. کمال .مطھر احمد



(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)