دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە ٢٠٢٠دا


سیاسەتی کلاون و شیکاری دکتۆرەکانی کوردستان

Sunday, 10.13.2019, 15:38

3474 بینراوە


کلاون شەخسیەتێکی ترسنۆک و درۆزن و بێ مێشکە، هەموو هەڵسوکەوت و جولوبەرگی ئەو، درۆن؛ کەوشەکانی، بازدانی، فرمێسکەکانی، جلوبەرگی، کاتێکیش هەڵەیەک دەکات خۆی شەق لە خۆی هەڵئەدات، نەک لەبەر ئەوەی، کە پەشیمان بووبێتەوە، نەخێر هەر بۆ درێژەدان بە شانۆکەی، کاتێکیش، دەیەوێت کارێکی نەشیاو بکات داوا لە خەڵکی دەکات، کە ئایا دەبێت بیکات یان نا، هەندێک جار بەگوێیان دەکات و هەندێک جار گوێ بە بینەرانی نادات، بە پێچەوانەی پێشبینەکانی ئەوانەوە دەیکات. کارەکتەرە سەرەکیەکەی ئەوەیە کە کەسێکی بێ مێشکە و بۆ ئەوتەنیا گرنگ ئەوەیە، کە سەرنجی تۆ بەلای خۆیدا ڕابکێشیت و تۆ پێی پێبکەنیت، ئیتر ئەو گەش گەش باڵا دەکات.

کاتێک ترەمپ وتی، کە کوردان یارمەتی ئەمەریکایان نەداوە لە شەڕی نۆرماندیدا، من زۆر پێکەنینم هات، وتم بەڕاستی نوکتەیەکی جوانیان بۆ هەڵبەستووە، بەڵام نەخێر نوکتە نەبوو، قسەی تەرەمپ خۆی بوو. ئەم قسەیەش پێکەنین و گاڵتەپێکردنی بەدوای خۆیدا هێنا لە هەموو جیهاندا، لەبەر ئەوەی کە گەنجێکی کۆلێج کە زانیاریەکی سەرەتایی هەیە لە مێژوودا، قسەی وەها بێ مانا ناکات، جگە لە پێکەنینیش لە هیچ ڕۆژنامەیک و بەرنامەیەکدا کەس شیکاری بۆ نەکرد. ئەم وتەیەش قەبارەی مێشکۆڵەی ئەو پیاوەمان بۆ دیاری دەکات. وەک ڕۆژنامەوانێك لە فەرەنسا بە پێکەنینەوە وتی: لەوەتەی ترەمپ بۆتە سەرەککۆمار دەمانەوێت لە وتەکانی تێبگەین، بەلام هیچ مانایەکیان نییە لەم بەری دەریای ئەتڵەنتیکەوە، پێ دەچێت بۆ ئەو ئەمەریکیانەی، کە نازانن کوردستان لەسەر نەخشەیەک دیاری بکەن شتێکی لێ تێبگەن . هەر بۆیەش رۆبێرت دونیرۆ هیچی بۆ نەمایەوە و وتی: فەک ترەمپ. لەبەر ئەوەی بەرامبەر بە کەسێکی وەها بێ مێشک، ئیتر زمانی شیکاریی و زمانی ڕێز و دیبلۆماسی، نامێنێت.


شتێکی ئاشکرایە، کە ئاستی ڕۆشنبیریی ئەمەریکی بە گوێرەی تاکی ئەوروپی نزمە، تەنانەت هەندێک لە ئەمەریکیەکانی ئەمەریکای قوڵ، کە دێنە فەرەنسا، دەرمانی دان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، وا دەزانن فەرەنسا وەک سەردەمی سەدەی هەژدە خەڵکی بە گالیسکە و ئەسپەوە لە جادەکاندا دێین و دەچن. وتەکانی ترەمپ راستەوخۆ بۆ نزمترین ئاستی ڕۆشبیریی ئەمەریکیە، لەبەر ئەوەی، کە خۆی لەو ئاستەدایە و پێ دەچێت لە ژیانیدا کتێبێکی نەخوێندبێتەوە، بۆیە تەنیا دەزانێت بەو زمانە بدوێت. بێگومان کاتێک پاشایەک تڕێک لێ ئەدات، خەڵکی پرسیار دەکەن، کە بۆچی ئەم تڕەی لێداوە، پێدەچیت کە مەبەستێکی لە پشتەوە بێت، لەبەر ئەوەی هەموو کارێک کە لەسەر شانۆ دەکرێت؛ هەمو جوڵاندنەوەیەک و قسەیەک بەبێ مەبەست ناکرێت، بەڵام کارێکی هەڵەیە شیکاری سیاسی بۆ ئەم وتەیەی ترامپ بکەین، ئەتوانین شیکاری نەخۆشی دەرونی و گێلی بۆ بکەین، وەک چۆن زۆر لە دکتۆرە دەرونییەکانی ئەمەریکا دەیسەلمێنن، کە ترەمپ کەسێکی تەواو نییە، لەبەر ئەوەی قسەکانی ترەمپ وەک کەسێکی بەرپرس نییە، وتەکانی بە هۆشدا تێپەڕ نابن، هۆش بەمانای زیرەکی دێت، کە خەسڵەتی تایبەتی مرۆڤە، ئەوەی کە ئاژەل و مرۆڤ لەیەک جیا دەکاتەوە هۆشە، هۆشیش مرۆڤ دەخاتە گومانەوە. گومان واتە کاتێک کە کەسێک پێش ئەوەی هەنگاوێک بنێت، یان قسەیەک بکات بیر دەکاتەوە، کاتێکیش خواردنێکی زۆریش دەخوات هەوڵ ئەدات قونی بگوشێت و لە مەجلیسێکدا تڕێکی بۆگەن لێ نەدات.
ئەی کەواتە بۆچی ترەمپ هەڵبژێرا وەک سەرەک کۆمار؟
کابرایەکی ئەمەریکی دەیوت، کە بیستم ترەمپ بۆتە سەرۆک کۆمار وامزانی نوکتەیە، ئەو شەوە سەرم سوڕما و توشی شۆک بووم. ئەگەر ئەمەریکییەکان ترەمپیان هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی ترەمپ کارەکتەرێکی ئاژەڵیی هەیە. ئاژەل ڕۆحێکی بڕیاردەرە و گومان نازانێت چییە، هەر لە دێر زەمانەوە لە شارستانیەتە کۆنەکاندا سەری پاشاکانیان بە ئاژەڵ چواندوە، زیاتر بە ئاژەڵی بەهێزی وەک شێر، لە بەر ئەوەی کە لە نەستی مرۆڤدا ئەو ئاژەلە بڕیار دەدات و ناترسێت.

ترس بەرهەمی هۆشە، هۆشیش گومان بەرهەم دەهێنێت. لە سەردەمی مۆدێرندا، گومان وەک زیرەکی ئاماژەی پێ دەکرێت نەک سوربون لە خۆ. هەموو ئەو کەسانەش، کە لەهەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون مەرج نییە کەسانێکی زیرەک بن، نەخێر پێش هەمو شتێک کەسانێکی بڕیاردەرن، بە خراپ بێت یان بە باش، بڕیاردەریشن لەوەی، کە دەیانەویت ببنە سەرکردە و سەرۆک. ماوتسی تونگ کە هەموو جیهان دوای کەوتبو کەسێکی بێ مێشک و گێل بوو. لەم سەردەمەشدا، کە شتەکان زۆر ئاڵۆز بوون و گیریان خواردوە و قوفڵدراون، بڕیاردان کارێکی ئاسان نییە ، پێوسیتمان بە کەسێکە بە خراپ و بە باش بڕیار بدات ، هەتاوەکو ماشینەکە بخولێنێتەوە، جگە لەوەی هەموو کەندیدێک، کە لە بازرگانیدا کاری کردبێت شانسی زیاترە، ئەوەش لەنەستی تاکەکاندا جۆرێکە لە ئاسودەیی، باوەڕی وایە کە ئەو کەسە لە گیروگرفتی ئابوریی ڕزگاریان دەکات، ماکرۆنیش بەهەمان شیوە؛ لەبەر ئەوەی لە بانکدا کاری دەکرد، لەکەندیدەکانی تر شانسی زیاتر بوو، لەم سەردەمەدا کە خەڵکی لە تەنگژی ئابوریدا دەژین.

هەندێک لە دکتۆرەکانی کوردستان بەزمانی دیپلپۆسی لەمەگەزینی دیپلۆماسیدا دوای ئەوەی کە ترەمپیان بە پیاو چواند، ئێستاکە شیکار بۆ ئەم وتەیەی ترەمپ دەکەن. بە وتەیەکی سیاسیی دەیچوێنن، دەلێن گوایە ترەمپ سیاسەت دەکات. خۆ ئەوە ئەگەر ناوی مەگەزینی دیپلۆماتیک نەبوایە! کە جارە جارەش بەزامنی فەقێکانیش قسەی تێدا دەکرێت. یان هەندێک برادەری ئازیز چاوەڕێی ئەوەبون، کە ئەمەریکا ئۆردوگان بەهەمان دەردی سەدامدا ببات و لەشکرەکەی وێران بکات، جگە لەوەی کە لە مێژوودا هەرگیز دوو ڕووداو وەک خۆیان دووبارە نابنەوە، لەهەمان کاتدا ئەمە هەر ڕێی تێناچیت، چونکە تورکیا و عێراق هەمان پێگەیان نییە لە جیهاندا. یان کەسانێک ڕەخنە لە یەپەگە دەگرن کە نەدەبوا وێنەی ئاپۆ هەڵواسن و خۆیان نزیک بکەنەوە لە پەکەکە، وەک ئەوەی، کە تورکیا هەر دژی پەکەکە بێت، نازانن تورکیا تەنیا کوردی وەک جاشێک پێ قبولە وەک ئەنەکەسە و بارزانی. هەندێک لە کەسانی دڵسۆزیش داوای بە پەلەیان لە ڕۆژاڤا دەکرد کە خێرا بچنەوە باوەشی ئەسەد وەک چارەسەرێک. گریمان ئەوا ڕێک کەوتن، هەر خێرا سوریا بە ئاشتی بێت یان بە شەڕ خاکی سوریا بەعەفرینەوە وەردەگرێتەوە، تورکیا ئاودیو دەکرێت، بەڵام دوایی سوریا چی ئەدات بەکوردان؟ ئایا یەپەگە ئامادەیە ئاشبەتاڵ بکات؟ ئامادەیە واز لەو شۆڕشە بهێنێت، کە دەستی پێکردوە ؟ جگە لەوەی، کە لە ڕابوردوودا هەوڵێکی وا دراوە، بەلام یەپەگە ڕازی نەبووە بە داواکاریەکانی سوریا .

جا ئەگەر دکتۆرەکان و پیاوە ڕۆشنبیرەکان دەیانەوێت شیکاری سیاسی بۆ سیاسەت بکەن، ئەوا باشتر وایە لەوە بکۆڵنەوە، کە:
- بۆچی بارزانی بێ دەنگە؟
- بۆچی عەلی قەرەداخی هیچی نەوت؟
-بۆچی پەرلەمانی کوردستان بە وشەیەکیش باسی ڕۆژاڤایان نەکرد؟
- بۆچی ئەندامەکانی گۆڕان رەخنەبارانی پەکەکە و ئەوروپا دەکەن بەڵام بەیەک وشەش رەخنە لە پیاوەکانی بارزانی ناگرن کە پێشڕەوی سوپای تورک دەکەن لە قەندیل؟
- یان بۆچی ئەنەکەسە، پێشرەوی لەشکری تورکیایە و لەهەمان کاتا بارزانی دەڵێت کە هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ یارمەتیدانی ڕۆژاڤا ؟
شیکاری ئەوەمان بۆ بکەن، کە بۆچی دەڵێن گوایە پێشمەرگەکانی پارتی خۆیان ئامادە کردوە بۆ یارمەتی دانی ڕۆژاڤا و چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکن؟ ئایا ئەمە جێگای پێکەنین و گاڵتە جاڕی نییە ؟
- با دختۆرەکان لەم قسانە بکۆڵنەوە، بەڵام وادایرە کە ئەم باسانە بڤەنو نانبڕاویان دەکەن. بەتایبەتی بە گۆترە قسە نەکەن، چونکە زانستی لێکۆلێنەوەی سیاسی، بریتیە لە زانیاری لەسەر زانستی ئابوری و سیاسی و جوگرافیا و زۆر زانستی تر، کە دەبێت مرۆڤ کاری بۆ بکات هەتاوەکو بتوانێت ڕایەک بدات بەدەستەوە، بۆ نمونە ئابوریناسی فەرەنسی (ژاک ئەتالی) ساڵێک لەمەو بەر باسی کشانەوەی ئەمەریکای دەکرد لە پانزەساڵی داهاتودا پیش ئەم ڕووداوانە. بڕیاردانی ترەمپیش بەشێکە لەم پرۆسەیە.
ژاک ئەتالی دەڵێت ؛
پانزە سالی داهاتوو ئەمەریکا دەکشیتەوە لە خۆ سەپاندن بەسەر کاروباری جیهاندا، ئەو وەک هێزێکی بالادەست دەمێنێتەوە بەڵام وەک هێزێکی زاڵ نامینێتەوە، کەمتر توانا یان ئارەزویان ئەبیت کە کۆنترۆلی جیهان بکەن.............. بۆیە لە ئێستاوە تا سی ساڵی تر دانیشتوانی جیهان ستایلی مۆدێرنیتێی ئۆکسیدەنت وەردەگرن، مۆدێلی ئۆکسیدەنت بڵاودەبێتەوە بە جیهاندا. ........... ئەو پرۆسەیە لە ئێستاوە دەست پێدەکات........ لەبەر ئەوەی هێزێک بەتەنیا ناتوانێت جێگای ئەمەریکا بگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانرێت سوپایەکی جیهانی دروست بکرێت وەک ئەوەی ئێستاکە دەیبینین، کاتێک گیروگرفتی سوریا هەیە کەس نایەوێت و نایەتە پێشەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، بۆیە جیهانێک دروست دەبێت کە بازاڕ کۆنترۆلی دەکات، کۆمپانیا گەورەکان حوکم دەکەن و قانون دەسەپێنن، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایەی کە داواکاریە سەرەکیەکانی مرۆڤ جێبەجێ دەکەن، لە جیهانی ئازادایشدا ئەوەی گرنگە، سیکیوریتێ و رابواردنە، هەروەها ئاسیۆرانسو و ڕێ پیشاندەر، نمونەی ئەو کۆمپانیایانەش گوگلە کە هەر لەئێستاوە دەوری هەیە، ئەمانە هەموویان دەسەڵات دەگرنە دەست، لەهەمان کاتدا نایەکسانییەکی بێ هاوتا بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و کەسیش باسی گیروگرفتی ئێکۆلۆژیستی ناکات. بازاڕ دەبێتە ئێسپاسیکی بێ سەروبەر، کە بەم هۆیەوە دژواری و نایەکسانیەکی بەهێز لە ناو کۆمەڵگەدا دروست دەبێت ........تاد.
بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو ئەم رووداوانەدا دەبێت بڵیین، کە شۆڕشی ڕۆژاڤا ئیرادەیەکی بەهێزە، وەک فەرەنسیەکانیش دەڵێن ؛ ئیرادە شاخ بەرز دەکاتەوە. لە مێژوشدا هەمیشە ئیرادەی بەهیز گۆڕانکاری گرنگ و گەورەیان خولقاندوە، بە لۆژیکیش، ئیرادەی بەهێز دەکەوێتە کاتی گونجاوەوە؛ ئا لەم کاتەدا کە ئەوروپا بەدەست ئیسلامی رادیکالەوە دەناڵێنێت، پێوستیان بە ئیرادەیەی ڕۆژاڤایە. بۆیە ئەوان دەتوانن ئەوروپا و جیهان وەک شاخ بەرزبکەنەوە و رەوتی مێژوو بە ئەراستەیەکی تردا بەرن.




(دەنگدراوە: 11 . زۆرباشە: 4.5/5)