شێوازی مامەڵەی هندییەکان لەگەڵ ژنان

Wednesday, 12.04.2019, 7:25

3555 بینراوە


-----------------------
لە وڵاتانی G20 هندستان دانراوە بە خراپترین شوێن بۆ ژنان. بەڵام ئەمە چۆن دەگونجێت بۆ وڵاتێک کە خۆی بە گەورەترین نمونەی دیموکراسی دابنێت. 
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە تیایدا ژنێک ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە لە گواهاتی لە ویلایەتی ئەسام لە هندستان توڕەییەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. لە خەڵوەتگەیەک کە دەکەوێتە سەر لوتکەی تەپۆڵکەیەکی پڕ حەشیمەتی شاری گواهاتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هندستان، پیشانگایەک هەیە وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ خستنەڕووی ژیانی تاقە ڕۆڵە بەناوبانگەکەی هندستان. لە تەنیشتەوە شوێنێکی ناخۆش هەیە کە مەهاتما گاندی بۆ جارێک تیایدا نووستووە، ئەوە بیری زیارەتکاران دەهێنێتەوە کە گاندی لە ساڵی 1921 ئاماژەی پێ داوە "هەموو ئەو کارە شەڕانگێزانەی کە پیاوان لێی بەرپرسیارن هەرگیز بەقەد ئەو کارانە مایەی ڕسوایی و شەرمەزاری نین، کە لە شێوەی مامەڵەی خراپدا پیاوان بەرامبەر بە نیوەکەی تری کۆمەڵگا ئەنجامی دەدەن کە ئەویش ڕەگەزی مێینەیە (نەک ڕەگەزی لاواز وەک هەندێک وای بۆ دەچن).
------------------------------------
چەند هەفتەیەک لە مەوبەر، دەمەوئێوارەیەک بوو ڕێک چەند میلێکی کەم لە خوار ئێرەوە، کچە قوتابییەکی گەنج لە باڕەکە هاتەدەرێ و ڕووبەڕووی باندێکی 18 پیاوی بووەوە. تا سەر ڕێگاکە بە قژ ڕایانکێشا، هەوڵیان دەدا جلەکانی بدڕێنن، سەیری ئەو کامێرایەیشیان دەکرد کە وێنەی دەگرتن و قاقا پێدەکەنین. دەوروبەری کاژێر 9.30 سەر لەئێوارە بوو، لە یەکێک لە شەقامە هەرە قەرەباڵغەکانی گواهاتی پڕ لە ژاوەژاوو هۆڕن لێدان. بەڵام تا ماوەی 20 خولەک کەس پەیوەندی بە دەزگای پۆلیسەوە نەکرد. بە ئاسانیش دەیانتوانی پەیوەندی بکەن، هەندێک لەو ئامادەبووانە تەلەفونیان لە بەردەست بوو کەچی بە کاریان دەهێنا بۆ وێنەگرتنی دیمەنەکە ئەو کاتەی کە هەندێک لە پیاوەکان کراسی کچەکەیان ڕادەتەکاند و سوخمەکەیان ڕادەکێشا و دەستیان بۆ مەمکەکانی دەبرد لە کاتێکدا ئەویش لە تاوا هانای بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبرد کە بەوێدا ڕەت دەبوون. ئێمە ئەمەمان بەهۆی کامێرامانی یەکێک لە کەناڵە ناوخۆییەکانەوە زانی کە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوو، وێنەی ڕووداوەکەی گرتبوو تا بینەران چێژی لێوەربگرن. ژنەکە بۆ ماوەی 45 خولەک ئازار درا تا ئەو کاتەی پۆلیس گەیشتنە سەر ڕووداوەکە. 
لە ماوەی نیو کاژێردا چەندین گرتە لە ڕێگای کەناڵی هەواڵی ئەسامەوە پەخش کرا کە لە سەرتاسەری وڵاتدا دەبینرا. ئەمە ئەو ڕووداوە قێزەونە بوو کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن پیشان درا، بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانی و مایەی شەرمەزارییە سەرباری هەموو ئەوانەیش هێشتا ژنەکە تاوانبار دەکرا، بەو پێیەی ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بۆ دەکرد، گوایە سەرخۆش بووە هەروەک شەرمە یەکێک لە ژنە فێمینیستە چالاکوانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات لە تۆڕی ڕێکخراوی مافەکانی ژنان لە گواهاتی ئاماژەی بۆ کرد. بە بۆچوونی یەکێک لە کیژە هاوەڵەکانی ئەو شێوازەی ئەو کیژە تیایدا وێنەی گیراوە بە جۆرێکە کە کامێراکە بە سەر و خواری لەشیدا دەگەڕێت تا وێنەی بگرێت، زیاتر گرنگی دەدات بە وێنەگرتنی مەمک و هەندێ لە شوێنەکانی دیکەی. 
ئەو کاتەی کە دواجار پۆلیس دەستگیریان کرد دەرکەوت تەمەنی کیژەکە 20-21 ساڵە، ئەوەی جێگای سەرسامییە پۆلیسی گواهاتی دەیانوت بە تەواوەتی نازانین تەمەنی چەندە. بە درێژایی ئەو شەوە کەناڵی نیوزلیڤ دیمەنی پەلاماردانەکەی بەردەوام پیشان دەدایەوە، پرسیاری لێ دەکرا و پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرا. هیچ هەوڵێک لە ئارادا نەبوو بۆ دەستگیرکردنی ئەو پیاوانەی کە ڕووخساریان جوان لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دیاربوو، هێرشیان دەکردە سەری و پێدەکەنین. ڕێک پاش ئەوە بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی نیوزلیڤ (کە تازە دەستیشی لە کار کێشابووەوە) لە ڕێگای تویتەرەوە بڵاوی کردەوە: ژنانی لەشفرۆش زۆرینەی ئەو ژنانە پێک دێن کە سەردانی باڕ و یانەکانی شەوانە دەکەن. 
چەند ڕۆژێک دواتر گرتە ڤێدیۆییەکە گەیشتە دەست کەناڵێکی نیشتیمانی لە نیودەلهی کە بووە مایەی شەرمەزارکردنی پۆلیس. لەو کاتەدا دانیشتوانی گواهاتی ئەرکەکەیان خستبووە ئەستۆی خۆیان، ئیدی لافیتەیەکی زۆر گەورەیان هەڵواسی بە تەنیشتی یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی شارەکەوە لەگەڵ دانانی شاشەیەک کە وێنەی هەموو تۆمەتبارە سەرەکییانەی لە خۆ گرتبوو. شەش ڕۆژ پاش هێرشەکە سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی ئەسام کە شاری گواهاتی بەشێکە لەوێ، فەرمانیدا بە پۆلیس تا هەندێک لە گومانلێکراوە سەرەکییەکان دەستگیر بکەن. چاوی بە قوربانیەکە کەوت و بڕیاری پێدا بە بڕی 50000 ڕووپیە (واتە 580 پاوەند) قەرەبووی بکاتەوە. 
زۆربەی هندییەکان شایەتی ئەو ژیانە سەختەن کە ژنان تیایدان لە مەزنترین وڵاتی دیموکراسیدا لەسەر ئاستی جیهان دەیگوزەرێنن، تەنانەت پاش تێپەڕبوونی 46 ساڵ بەسەر بوونی ئیندیرا گاندی بە یەکەم سەرۆکوەزیری ژن لە ساڵی 1966. بەڵام لێرە گرتە ڤیدیۆییەکان زمانحاڵی ئەو ڕاستییەن کە ژنان هێشتایش چەوساوەن. لە ئەسام ئەو ویلایەتەی کە بە هاوڕێیەتی بۆ ژنان ناسراوە، دەبێت سوپاسی خێڵی خاسی دایکسالار و توڕەبوونی ئەو خەڵکە بکەین. 
یەکێک لە ژنە بینەرەکانی NDTV دەڵێت "سەرۆکەکەمان ژنە، لە ڕابردوودا یەکێک لە سەرۆکوەزیرەکانیشمان ژن بووە کەچی ئەمڕۆ لە ساڵی 2012 ژنان دەبێت خۆیان پارێزگاری لە ئاسایشی خۆیان بکەن." ئەو ژنە بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی ئاماژەی بە ڕووداوێکی هاوشێوە دا کە دوو هەفتە لەوەوبەر ڕووی دابوو: کۆمەڵێک لە پیاوە بەتەمەنەکانی گوندێکی باگپات لە ناوەڕاستی هندستان کە ڕێگە نادەن ژنان مۆبایل هەڵبگرن، ئەو ئەگەرەیان خستووەتە بەردەمیان یان دەبێت مێردەکانیان هەڵبژێرن یان ماڵ بە جێ بهێڵن. چیرۆکەکە هەمان چیرۆکە وەک بێژەری هەواڵەکە ئاماژەی پێ دەدا "هیچ ڕێزێک نییە بۆ ژنان. هیچ ڕێزێک نییە بۆ کەلتورمان. سەبارەت بە یاسایش هیچ کەس گرنگی پێ نادات."
ئێستاکە لە یاساکانی هندستاندا هیچ یاسایەکی تایبەت نییە بۆ دژایەتیکردنی دەستدرێژی یاخود هەراسانکردنی سێکسی. ئەوانەی کە دەستدرێژییان کردە سەر ئەو ژنە لە گواهاتی بە تۆمەتی سوکایەتی پێکردن و لێدان لە کەسایەتی ئەو ژنە و ڕەچاونەکردنی تایبەتمەندییەکانی بەند دەکرێن بەرزترین ڕادەی سزاکەیش ساڵێک زیندانی یاخود غەرامەکردن یاخود هەر دووکیان دەبێت.               
ستوننوسێک لە ناشنالڕ هندوستان تایمز لە بارەی هێرشەکەوە دەنوسێت "ئەم چیرۆکە دەربڕی بوونی پاشەکشەیەکی ترسناکە لای گەلی هند و وڵاتی هندستان بە گشتی، ئەمە تەنیا مانای شکستی ئاکاری ناگەیەنێت، بەڵکو مانای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە لە پەیوەست بە مافەکانی ژنانەوە". ئەو ستوننووسە کە ناوی سامار هاڵارنکارە زیاتر دەنووسێت و دەڵێـت "خراپ مامەڵەکردنی پیاوان لەگەڵ ژنان لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بوونی هەیە، بەڵام کەمتر پیاوانی دیکە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن بە بەراورد لەگەڵ پیاوانی هندی کە لە سیستەمێکی پڕ توندوتیژی و پارێزگاریکەر لە تاوانباراندان."
پاشان هاڵارنکار بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی ڕووپێوییەک دەخاتە ڕوو کە مانگی پێشوو [حوزەیرانی 2012] ئەنجام دراوە، تیایدا ڕاپرسی لەگەڵ 370 پسپۆڕی بواری جێندەر لە سەرانسەری جیهان کراوە و ئەوانیش دەنگیان بۆ ئەوە داوە کە هندستان خراپترین جێگایە بۆ ژنان و لە دەرەوەی هەر 20 وڵاتە گەشەکردووەکەی جیهان G20ەوەیە کە هندستان یەکێکە لە ئەندامانی ئەو گروپە. هندستان بەخراپترین وڵات و سعودیە لە پلەی دووەمدا دێت. وەک گوڵشون ڕەحمان، ڕاوێژکاری پەرەپێدانی پڕۆگرامی تەندروستی لە ناوەندی پاراستنی منداڵانی بەریتانیاو یەکێک لەو کەسانەی ڕاپرسییەکەی لەگەڵ ئەنجام دراوە ئاماژەی بۆ دەکات "تا ئێستایش ژنان لە هندستان وەک شمەکی ناوماڵ کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، لە 10 ساڵییەوە دەدرێن بە شوو، لەسەر مەسەلەی مارەیی بە زیندوویی دەسوتێنرێن و کچە بچوکەکانیش ئیستیغلال دەکرێن و وەک کۆیلەی کار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت." 
  
ژنان کە بە شێوەی کۆمەڵ لە ڕێگای پاسەوە هاتوچۆ دەکەن لە باشوری هندستان

بە سەرنجدان لە هەندێک لەو ئامار و ڕووپێوییانە دەگەینە هەندێک لە ڕاستییەکان. ئەگەرچی هندستان لەوانەیە خراپترین جێگە نەبێت بۆ ژنان لەسەر ئەم هەسارەیە، بۆ نمونە تۆمارەکانی دەستدرێژی بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی وەک کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی لە ئاستێکی باشتردایە، کە بە پێی ئامارەکان ساڵانە نزیکەی 400000 ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە، هەروەها لە هندستان خەتەنەکردنی ژنان بەو ڕادە بەربڵاوە نییە وەک ئەوەی لە سۆماڵ دەبینرێت. بەڵام 45 لە سەدی ژنانی هندستان پێش تەمەنی 18 ساڵی دەدرێن بەشوو، ئەویش بەپێی توێژینەوەیەکی نیشتیمانی بۆ ژنان لە ساڵی 2010 نزیکەی 56000 حاڵەتی مردنی دایکان تۆمار کراوە لەو ساڵەدا. هەروەها توێژینەوەیەکی یونسیف لە ساڵی 2012 ئەوە دەخاتەڕوو کە 52 لە سەدی کچانی هەرزەکار و 57 لە سەدی کوڕانی هەرزەکار پێیانوایە کارێکی ڕەوایە پیاوان لە ژنەکانی خۆیان بدەن. بە پێی تۆماری ئەنجومەنی نیشتیمانی بۆ بواری تاوان ڕێژەی تاوانی دژی ژنان لە بەرزبوونەوەدایە، بە جۆرێک لە ماوەی نێوان ساڵانی 2010-2011 ڕێژەکە %7.1 بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە کە ڕێژەکە بە شێوەیەکی گشتی 228650 حاڵەت بووە. بەرزترین حاڵەتیان ئەوانە بوون کە پەیوەست بوون بە پڕۆژە یاسای قەدەغەکردنی مارەییەوە (27.7 لە سەدی پێک دەهێنا)، پاشان ڕفاندن (19.4 لە سەدی پێک دەهینا) و تاوانی دەستدرێژییش (9.2 لە سەدی پێک دەهێنا). پەسەندکردنی بوونی منداڵی کوڕ و ترس لە پێدانی مارەیی بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 15 ملیۆن کچ لە بار ببرێن لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ئەوەیش بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە دەزگای لانسێت ئەنجامی داوە. 
بە سەرنجدانێک لە میدیای هندستان ئەوە دەردەکەوێت کە ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ دەبنەوە. ئەمڕۆ ڕاپۆرتێک ئاماژەی بەوە دەدا کە ژنێک بێبەری کراوە لە لایەن دانیشتوانی گوندەکەیەوە کە دەکەوێتە نزیکی ئودایپور. سەریان تاشیوە بەهۆی بوونی پەیوەندیی سۆزدارییەوە لە دەرەوەی هاوسەرگیری. کاتێکیش پۆلیس چوون بە دەم ڕووداوەکەوە، لە لایەن خەڵکانی گوندەکەوە ڕووبەڕووی بەردبارانکردن بوونەتەوە. لە ویلایەتی ئوتار برادیش ژنێک ئاماژەی بەوە دەکرد کە ئەو ڕووبەڕووی دەستدرێژی بەکۆمەڵ بووەتەوە لە دەزگای پۆلیس، باسی لەوەکرد کە چۆن لە لایەن ئەفسەرەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر پاش ئەوەی بە ناوی پێدانی کارەوە هێناویانە بۆ بنکەی کۆشیناگار.  
چوار شەمەی ڕابردوو پیاوێک لە شاری ئیندۆر دەستگیر کرا بە تۆمەتی داخستنی ئەندامی زاووزێی ژنەکەی. سۆهانلال چۆوهانی تەمەن 38 ساڵ، جەستەی ژنەکەی کون کردبوو ڕۆژانە بەرلەوەی بچێتە سەر کارەکەی قوفڵێکی بچکۆلەی لەسەر شوێنەکەی دەدا و کلیلەکەی لەنێو گۆرەویەکانیدا دەشاردەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، چەند منداڵێک لە شاری پوپاڵ کۆرپەلەیەکی کچیان دۆزیبووەوە لەنێو سەبەتەیەکی خۆڵدا بە هەڵە وایان زانیبوو بوکە شوشەیە. لە بەری باشووری کارناتاکا دکتورێکی دان دەستگیر کرا، پاش ئەوەی خێزانی سکاڵای لەسەر تۆمار کردبوو بە تۆمەتی ئەوەی زۆری لێ کردووە تا میزەکەی بخواتەوە تەنیا بەهۆی ڕەتکردنەوەی داخوازییەکانی مارەییەوە. 
لە مانگی حوزەیران [ی 2012] باوکێک لە ڕاجستان لە ڕۆژهەڵاتی هندستان بە شمشێر سەری کچە 20 ساڵانەکەی خۆی بڕی ، بە ئاشکرا سوکایەتیشی بە سەرە خوێناویەکەی کرد، تا ببێتە پەند بۆ هەموو ئەو کچانەی دەکەونە داوی خۆشەویستی کوڕانی چینە نزمەکانەوە. 
لە مانگی تەموزدا حکومەتی نیودەلهی بانگهێشتی دادگای باڵا کرا پاش ئەوەی شکستی هێنا لە چاکسازیکردن لەو یاسا کۆنەی کە ڕێگەی نەدەدا بە ژنان یان (ئەو پیاوانەی کە کڵاوی سیخیان دەکردە سەر) بە لەسەر کردنی کڵاو لە کاتی سواربوونی پاسکیلدا، ئەمەیش جیاکارییەکی ڕوون و ئاشکرابوو، بەڵگە بوو لەسەر نەبوونی ڕێز و گرنگیپێدان لەسەر ژیانی ژنان.
بەڵام ئەو چیرۆکەی کە بووە مایەی توڕەبوونی ژنان لە هەفتەی ڕابردودا، چاوپێکەوتنێک بوو لەگەڵ ئیندیان ئێکسپرێس ئەنجام درا لە لایەن مامتا شەرمە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ژنان (NCW) کە ناوەندێکی حکومییە و کار دەکات لەپێناو پاراستن و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان. لە لایەن یەکێک لە پەیامنێرەکانەوە پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە ئایا هیچ کۆدێک هەیە بۆ پۆشینی جلوبەرگ بۆ ژنان لەپێناو پارێزگاریکردن لە سەلامەتییان، شەرمە بەو جۆرە وەڵامی دایەوە "پاش 64 ساڵ لە بەدیهێنانی ئازادی، شتێکی ڕاست نییە ڕێنمایی پۆشینمان بەسەردا بسەپێنرێت و پێمان بوترێت ئەمە لە بەر مەکە و ئەوە لە بەر مەکە. ئاسودەبە، بەڵام ئاگاداربە بزانە چی دەپۆشیت. لاساییکردنەوەی خۆرئاوا بە شێوەیەکی کوێرانە و سڕینەوەی کەلتوری خۆمان لێکەوتەی لەو جۆرەی لێ دەکەوێتەوە." 
هەروەها وتی "بەخۆرئاواییبوون کەلتوری شارەکانمانی تێک داوە. هیچ بەهایەک وەک خۆی نەماوە، لە شوێنێکی وەک دلهی کەلتوری دەستبەرداربوونی کورسی بۆ ژنان بوونی نەماوە. مایەی نیگەرانییە کە لە کاتێکدا خۆرئاوا لە کەلتوری ئێمەوە فێر دەبن کەچی ئێمە دەستبەرداری ئەو شێوازەی خۆمان دەبین لەپێناو گرتنەبەری شێوازێکی خۆرئاواییانەدا. 
بۆچوونەکانی هەرایەکی گەورەیان نایەوە. وەک ئەو وتارەی ساگاریکا گۆوس لە گۆڤاری فێرست پۆستی ئەلیکترۆنیدا بڵاوی کردەوە "بەڕێز خاتوو شەرمە، مەسەلەکە تەنیا پەیوەست نییە بە لاساییکردنەوەی کوێرانەی خۆرئاواوە، بەڵکو پەیوەستە بە بوونی بۆشاییەکی یاساییەوە -نەبوونی دەستەبەرکردنی ئاسایش لە شوێنەکانی ڕابواردن، نەبوونی یەکسانی جێندەری، نەترسان لە سزای یاسایی، بێدەربەستی پۆلیس و دادگا، هەروەها بێئاگاییەکی تەواو لەوەی کە ژنان و پیاوان وەک یەک مافی ئەنجامدانی هەر چالاکییەکیان هەیە." 
گاردیان پەیوەندی کرد بە شەرمەوە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵی لەپێناو ڕوونکردنەوەی بیروبۆچوونەکانی بەڵام ئەو هیچ وەڵامێکی نەداینەوە. 
ماینی ماهانتا سەرنوسەری گۆڤاری ژنانەی ئاسام ناندینی پێیوایە بۆچوونەکانی سەرۆکی (NCW) گوزارشتە لە بوونی ئەوەی کە ئەو ناوی دەبات بە عەقڵیەتێکی "تاڵیبانییانە" کە خۆی خزاندووەتە نێو کۆمەڵگای هندییەوە. ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "لەم شوێنەی جیهاندا، بارودۆخەکە خراپترە وەک لەوەی لەژێر سایەی تاڵیبان دەبینرا -لانیکەم تاڵیبان ڕاشکاو بوو دەربارەی ئەو شتانەی پەسەندی دەکرد یاخود ڕەتی دەکردنەوە. لێرە کۆمەڵگا گەلێک دووڕووە -لە لایەک خواوەندی ژن دەپەرستین و لە لایەکەی تریشەوە ناتوانین پارێزگاری لە ژنان بکەین لەو جۆرە تاوانانە، بگرە هەندێکجار تاوانباریشیان دەکەین." 

ژنانی هندستان لەنێویشیاندا ئەو سێ ژنەی لە وێنەکەدا دیارن کە لە شاری باوانای نزیک نیودەلهین، بەردەوام ناچار دەکرین کۆرپەلەکانیان لە بار ببەن لە بارێکدا ئەگەر بۆیان دەرکەوت کچە

ماهانتا ئەوەی ڕوونکردەوە چۆن نەریت وا لە ژنان دەکات کە وەک قوربانییەکی بێدەرەتان دەربکەون نەک وەک کەسانێک کە ئازادانە بیر بکەنەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا. تا هەنوکەیش ژنان "ڕاکشا باندان" یاخود "پەیوەستی سەلامەتی" لەمەچەکی براکانیان دادەنێن وەک هێمایەک بۆ مەبەستی پارێزگاریلێکردنیان. هەروەها ئەو نووسەرە سەرزەنشتی "مانو سانگیتا" ئەو کتێبە کۆنەی هندییەکان دەکات کە گوایە کتێبێکە ئامۆژگاری خەڵکی دەکات "لە کاتی هەرزەکاریدا، کچان لە لایەن باوکیانەوە چاودێری دەکرێن، کە زیاتر گەورە بوون لە لایەن مێردەکانیانەوە، کە لەوەیش زیاتر چوونە تەمەنەوە لە لایەن کوڕەکانیانەوە." ماهانتا بێئومێدە لە نەریتی "کچی باش" کە تیایدا کچان وا ڕام دەکرێن بەهێواشی هەنگاو بنێن هاوشێوەی فیل و لە کاتی پێکەنینیشدا دەنگیان بەرز نەکەنەوە."
شیتال شەرمە و بیتۆپی دوتا کە دوو چالاکوانی فێمینیستی لاون لە تۆڕی باکووری ڕۆژهەڵات ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان دابەش کراون بەسەر باش و خراپدا بە پێی ئەو پۆشاکەی لە بەری دەکەن، یاخود بە پێی ئەوەی ئایا ئەوان شەوان دەچنە دەر لە ماڵ یاخود نا. شەرمە دەڵێت "گوێمان لە دەنگی ناڕەزایی پۆلیسی ڕەوشت دەبێت بە ئاڕاستەی ئەو کچانەی کە لە دیدی ئەوانەوە کەسێکی باش نین." دوتایش پشتگیری بۆچوونەکانی دەکات و درێژەی پێ دەدات "هەربۆیە ئەو دەمەی ئەوان ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی ناشیاو دەبنەوە لە یانەیەکدا، ئەوە کارێکی باشە بۆ ئەوەی تەمبێ ببن." دوتای تەمەن 22ساڵ سکاڵای لە دەست ئەوە بوو کە کچانی هەرزەکاری وەک ئەو ناتوانن دەست بخەنە ناو دەستی کوڕە هاوڕێکەیان لەنێو پارکەکانی گواهاتی بێ ڕووبەڕوبوونەوەی کێشە لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە. 
زۆرێک لە ژنان ڕازین بەو شێوازە وەڵامدانەوەیەی کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی گواهاتییەوە پیشانیان دەدرێت، خۆیان لە هۆکارە ڕیشەییەکە دەدزنەوە کە بریتیە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ بەهایەک بۆ ژنان دانانێت. لەبری ئەوە داوا لە دایک و باوک دەکەن لە نزیکەوە چاودێری کچەکانیان بکەن. زابین ئەحمەد، تەمەن 50 ساڵ بەرپرسی کتێبخانەیە لە زانکۆ کۆتۆن لە گواهاتی، باس لەوە دەکات چۆن ئێوارەیەک بۆ پیاسەکردن چووەتە دەرەوە لەگەڵ ئەوەی ئەوەندەیش دوور نەکەوتووەتەوە کەچی لە لایەن پۆلیسەوە ڕاگیراوە و پێیانوتوە لەم کاتەدا چی دەکەیت لە دەرەوە (بە وتەی خۆی دەوروبەری کاژێر 10.30 شەو بووە)، هەروەها لێیان پرسیوە پیاوەکەی لە کوێیە؟
بە پێی بۆچوونی مۆنیشا بێهال، سەرۆکی تۆڕی باکووری ڕۆژهەڵات بوونی پراتیبا پاتیل وەک سەرۆکێکی ژن لە ئێستادا لە هندستان، هەروەها سۆنیا گاندی وەک ڕێبەری پارتی کۆنگرێسی نیشتیمانی لە هندستان هیچ مانایەک نابەخشێت، ئەو درێژەی پێ دەدات و دەڵێت "ئێوە لە بەریتانیا مارگرێت تاچەرتان هەبوو کە سەرۆک وەزیرانتان بوو، ئەگەر لەسەر شەقامەکان ڕووبەڕووی دەستدرێژی بووبوونایەتەوە، دەتانپرسی چۆن دەبێت ئەوە ڕووبدات لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران ژنە؟"  
هەموو ئەو ژنە هندییانەی کە بۆ ڕۆژنامەی گاردیان دواون لەسەر ئەوە کۆکن کە هەراسانکردنی سێکسی بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیان. ماهانتا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو  هەمیشە بڕێک تۆزی بیبەر لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت لەنێو جانتا دەستییەکەیدا لە کاتی بەکارهێنانی هۆکاری گواستنەوەدا، هەرکات پێویستی کرد دەیڕژێنێت بە ڕووی هەر کەسێکدا کە بیەوێت دەستی بۆ ببات. دیپیکا پاتار ڕۆژنامەنووسی تەمەن 24 ساڵ لە ڕۆژنامەی سێڤن سستەر لە ویلایەتی ئەسام ئاماژە بەوە دەکات کە پاسی نێو شارەکان خراپترین شوێنن "ئەگەر ژنان لەنێو پاسەکاندا لەبەر نەبوونی جێگە بە پێوە بوەستن، ئەوا پیاوان بە شێویەک لە شێوەکان دەستیان بۆ درێژ دەکەن. 
لە مانگی حوزەیراندا ژنێکی نەناسراو یاداشتێکی کاریگەری بڵاو کردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو نەیویستووە لە میترۆی هاوچەرخی دەلهیدا لە بەشی تایبەت بە ژنان سەفەر بکات. پاشتر داوای لە یەکێک لە پیاوەکان کردبوو تا ئەوەندە لێی نزیک نەبێتەوە، ئیدی بەو هۆیەوە بارودۆخەکە تێک چووبوو. پیاوێکی دی لەو لاوە هەڵی دابوویە و داوای لە پیاوی یەکەم کردبوو تا لێی دوور بکەوێتەوە، لەوەوە هەردوو پیاوەکە دەستیان دابووە یەخەی یەکتر لەنێو شەمەندەفەرەکەدا. دواتریش لەبری جیاکردنەوەی ئەو دوانە، سەرنشینەکانی دیکە بە ژنەکەدا هەڵشاخابوون، قیژاندبوویان بەسەریدا "ئەمە هەمووی بەهۆی تۆوەیە، تۆ ئەم جەنگەت هەڵگیرساند. هەمووی بەهۆی ئەوەوەیە کە تۆ هاتیتە نێو ئەم فارگۆنەوە! ئێوەی ژنان هەمیشە ئەوە پیشەتانە. تۆ ئەم جەنگەت هەڵگیرساند، کە وابوو بۆ هێشتا لێرەیت؟ هەستە بڕۆ بۆ فارگۆنی تایبەت بە ژنان". 
ئەو کەسەی کە ئامادە نەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، تەمەنی 35 ساڵە و دەڵێت "من ڕاهاتووم لەگەڵ هەراسانکردنی سێکسی، ڕقم لە بەکارهێنانی ئەو وشەیەیە، بەڵام لەوە دەترسم کە ببێتە شتێکی ئاسایی. وەک ئەوەی تۆ لەنێو ئەسانسۆرێکدا بیت، پیاوێک دەستت بۆ ببات یان باوەشت پیادا بکات یاخود شتێک لە بارەی ڕووخسارتەوە بڵێت. هەر لەبەرئەوەیشە کە من چیدی بە پاس هاتووچۆ ناکەم، بەڵکو ئۆتۆمبێلێکم بۆ خۆم دەستەبەر کردووە بۆ خۆ دوورخستنەوە لەو تەنگوچەڵەمانە. کاتێک سەرەتا میترۆ دانرا من زۆر خۆشحاڵ بووم، پێموابوو ئەوە سەرەتایەکە بۆ باشبوونی هۆکارەکانی گواستنەوە کە تیایدا مرۆڤ زیاتر هەست بە سەلامەتی دەکات. پاشتر ئەو حاڵەتە ڕوویداو ئیدی من هەستم بە شەرمەزاری کرد."
پێنج شەمەی ڕابردوو کێشەی دەستبۆبردن لە ویلایەتی گواهاتی زیاتر ئاڵۆزی بە خۆوە بینی. پۆلیس 12 پیاوی دەستگیر کرد بە تۆمەتی "لەکەدارکردنی ئابڕووی ژنان". ڕۆژی هەینییش ڕۆژنامەنووس گەوراڤ جیۆتی نیوگ لە ڕۆژنامەی نیوز لیڤ بەوە تاوانبار کرا کە ڕێگەی خۆش کردووە بۆ ئەنجامدانی پەلامارێک کە خۆی بە کامێراکەی وێنەی گرتووە. نیۆگ نکوڵی لە سازدانی ئەو هێرشە یاخود بەشداریکردن تیایدا دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات گرتنی وێنەی ئەو ڕووداوە تەنیا بە مەبەستی ئەوە بووە تا ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەستگیر بکرێن. بەڵام پۆلیس ئەوی ناچار کردووە تا تۆمارێکی دەنگی خۆی بدات کە ڕەوانەی تاقیگە و پزیشکیی دادوەری کراوە تا لەگەڵ دەنگی نێو گرتەکەدا بەراورد بکرێت. بڕیاری دادگا لە دەرەوەی ئەم کەیسەوەیە، بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، 91 ساڵ پاش ئەوەی گاندی ئامۆژگاری پیاوانی دەکرد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ ژناندا بکەن، هێشتایش پێویستمان بەو وانەیەیە. 
دووشەمە 23/تەموز/ 2012 

-----------------------------
• ئەم وتارە لە سایتی ڕەسمی ڕۆژنامەی گاردیان وەرگیراوە کە ڕێکەوتی 23/تەموز/ 2012 بڵاو کراوەتەوە. منیش هەمان ڕۆژ وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. گوزارشتە لە بارودۆخی ژنان لە وڵاتی هندستان. ناونیشانەکەی لە بنەڕەتەوە بەم جۆرەیە: بۆچی شێوازی مامەڵەی هندییەکان لەگەڵ ژنان بەو ڕادەیە خراپە؟ 

سەرچاوە/ 




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)