کوردستانپۆست قوتابخانەیەک بۆ فێربوون، پەروەردەیەک بۆ یاخیبوون


ئیمپڕاتۆریەتی کۆڕۆنا

Thursday, 03.05.2020, 16:39

2049 بینراوە


ئەو ڤایرۆسە بچوکە بێ چەک و تەکنەلۆجیایە، ڕووبەری ئیمپڕاتۆریەتەکەی زۆر فراوانترە لە ڕووبەری ئیمپڕاتۆریەتەکەی ئەسکەندەری مەقدۆنی و جەنگیزخان. ئەو ڤایرۆسە بێ چەک و تەکنەلۆجیایە، خۆی چەکی بایەلۆژی ئەمریکا و چینە. ئەمریکا لە چیندا بڵاویکردەوە تا زەبرێکی کوشندە لە ئابوری چین بدات و بە جەمسەر بوونی چین دوا بخات، چین لە دنیادا بڵاوی دەکاتەوە تا ئابوریەکەی هەڵسێنێتەوە و ململانێی بوون بە جەمسەری ئەمریکا بکات.

ئێمە قەیران و چاڵی گەورە لە هۆشیار ئاینی و زانستیماندا هەیە. ئەو کاتەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە چین دا بڵاوبویەوە، هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەتێگەیشتنی بەشێكی زۆری ئاینیدا پەیوەست کرا بەغەشم‌ و غەزەبی خوای گەورە لەوڵاتی چین، لەبەرئەوەی كەمینەی مسوڵمانانی هەرێمی ئیغور دەچەوسێنێتەوە‌. بەڵام كەمتر ئاماژە بەهۆكارەكانیتر كرا.
بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە، دیندارەکان پەیوەستیان کرد بە غەزابی خواوە لە چین، بێ ئەوەی شارەزاییەکیان هەبێت لەسەر مێژووی بڵاوبونەوەی ئیسلام لە چین، جیوگرافیای مسوڵمانان لە چین و ئازادی ئاینی و ژینگەی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان لە چین. کوشتنی هەر مرۆڤێک و چەوساندنەوەی هەر نەتەوە و ئاینزایەک بە دەستی لایەنێکی دیکە لە ژێر هەر ناوێکدا بێت تیرۆر و جینۆسایدا، بەڵام خودا غەزب لە تەڕ و وشکی لایەنی چەوسێنەر ناگرێت!

ئەگەر هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە زوڵم بوو، بۆچی خودا تەنیا ئەوانەی لە ناو نەبرد کە ڕاستەخۆ هۆکاری چەوساندنەوەکە بوون؟ بۆچی تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت؟ بۆچی خەڵکانێک لە چین بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە مردن کە ڕەنگە دڵی لەگەڵ دڵی مسوڵمانانی ئیگوار دا بێت و دژی ئەو چەوساندنەوەیە بێت؟ بۆچی منداڵ و پیر و پەککەوتە مردن کە توانای بەشداریکردنیان لە چەوساندنەوەی ئیگوار دا نییە؟ بۆچی خەڵکانێک دەمرن کە ڕەنگە نەک دەستی لەو جینۆسایدەدا نەبێت بەڵکو لە شار و گوندێکی دوورە دەستی چین دا بێت، کە ئەگەر سەد ساڵ تەمەنیش بێت نەتوانێت یەکجاریش سەردانی ئیگوار بکات نەک بۆ کوشتار بەڵکو بۆ گەشتیش؟ وەکو چۆن ئێمە خەڵکانێکمان هەیە لەم مەملەکەتە بچکۆلەیەدا تەمەنیان زۆرە و هێشتا سەردانی شارەکانی دیکەیان نەکردووە.

کاتێک ئەو ڤایرۆسە لە چین بڵاوبویەوە تایپێک لە مەلا و مسوڵمانان بە غەشم و غەزەبی خودا لە چین لێکیان دایەوە، بەڵام ئێستا کە لە ناو وڵات و ماڵی مسوڵمانان دا بڵاوبۆتەوە و دەبێتەوە، ئایا بە غەشم و غەزەبی خودا لە مسوڵمانان لێکیدەدەنەوە، و دەڵێن لەبەرئەوەی:
ئێمەی مسوڵمان ژن و منداڵمان پێکەوە سوتاند، دایک کۆرپەی خۆی خنکاند، برا خوشکی خۆی دوو گیان کرد، باوک کچی خۆی دوو گیان کرد، هاوسەرەکان خیانەت لە یەکتری دەکەن، بەچوا زەلام دەستدرێژی سێکسییان کردە سەر منداڵێکی حەوت ساڵان! دەستدرێژیکرایە سەر چەندین منداڵ و دواتر کوژران و ئاسایی وەرگیرا. برا و برا، کوڕ و باوک یەکتریان کوشت، کڕیار و فرۆشیار قۆڵی یەکتری دەبڕن، هاوڵاتی و حکومەت پێکەوە دز و گەندەڵن، مەلا و نوێژخوێن دزی و درۆ دەکەن، مامۆستا و خوێندکار غەش لە یەکتری دەکەن، سو و ڕیبا دەخۆین، زینا و داوێن پیسی دەکەین، سەرکردە نادادپەروە و ناپاکە، بازرگان و سیاسییەکان دەرزی و دەرمان و خواردن و خواردنەوەی بەسەرچوو دەکەن بە قوڕگری خەڵکی دا، جوتیار و بەقاڵ دزی لەیەکتری دەکەن، شار و گوندی یەکتری کاول دەکەین، لە پێناو پارە دا خوێنی یەک دەڕێژین، حیزب و حکومەت ئابوری ووڵاتیان تاڵانکرد، سونە شیعە سەر دەبڕێت، شیعە سونە دەسوتنێنێت، سۆفی سەلەفی مولحید دەکات بەپێچەوانەشەوە، ئیخوان هەر دووکیان ڕەتدەکاتەوە، مەلا ڕیبا دەخوات، یەکتری بە بلۆک دەکوژین، مسوڵمان منداڵ سەردەبڕێت و سوری دەکاتەوە و کۆشتەکەی دەرخواردی دایک و باوکی دەدات، دونیایە مسوڵمان حەپ و تلیاک و کحول خۆرە، چەقۆکێش و پیاو کوژە، مسوڵمان ژن بێوەژن و منداڵ هەتیوە دەکات، چوار ژنی هەیە و وەکو کۆیلەی سێکسی تەماشایان دەکات و لەگەڵیان نادادپەروەرە و دەڵێت شەرعم جێبەجێکردووە! هەزار و یەک هەڵە و تاوانی دیکە.

نەک ناڵێن لەبەر ئەم هەموو تاوانکارییە خودا غەزەبی لێگرتین و ئەم ڤایرۆسەی تێدا بڵاوکردینەوە، بەڵکو دەبێت دەرگای مزگەوت دابخەن و نوێژی بە کۆمەڵیش قەدەغە بکەن...! گەورەترین تاوانی مسوڵمانان ئەوەیە لەم سەردەمی عەقڵ و تەکنەلۆژیا و تیرۆر و ململانێی سیاسی - ئابورییە ناشەریفەدا تەداخول بە خودا دەکات و دایدەبەزێنێتە ناو مێژووەوە.! لە کاتێکدا خودا مرۆڤدۆستە و هەمووانی خۆشدەوێ

ئەمجۆرە لێكدانەوە ئاینیانە نەیتوانیوە نهێنی ململانێ سیاسی‌ و ئابوورییە نێودەوڵەتی‌ و جیهانییەكان بزانێت، بەتایبەت لەئێستادا، كە چین رۆڵی ئابوری ئەمەریكای تەنگەتاو كردووە، جگە لەوەی لە ململانێی سیاسی جیهانیشدا لەبەرەی نەیاری ئەمەریكایە، لەبەرئەوە ئەمریکا هێرشی سەربازی لە دژی چین ئەنجامنادات کە سەر ئەنجامەکەی لاوازبوونی خۆیەتی، بەڵکو تاکتیکێکی دیکەی لەگەڵ بەکاردێنێت کە بڵاوکردنەوەی (ڤایرۆسی کۆڕۆنا)یە، دووچاری قەیرانێکی گەورەی ئابوری دەکات و چەندین ساڵ دوای دەخات.
بڵاوبوونەوەی ئەمجۆرە ڤایرۆسانە بەشێكن لەگەمەی نەگریسی ڕكابەری مادی‌ و قازانجی دونیای سەرمایەداری‌ و كۆمپانیاكانی دەرمان لەجیهاندا، کە ئەمریکا ڕازی نییە بە هاوبەش لە سەردارێتی دنیادا، کە چین هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕووی ئابوری و سەربازی و پیشەساز و تەکنەلۆژیاوە.

ئەو ڤایرۆسە بێ چەک و تەکنەلۆجیایە، خۆی چەکی بایەلۆژی ئەمریکا و چینە. ئەمریکا لە چیندا بڵاویکردەوە تا زەبرێکی کوشندە لە ئابوری چین بدات و بە جەمسەر بوونی چین دوا بخات، چین لە دنیادا بڵاوی دەکاتەوە تا ئابوریەکەی هەڵسێنێتەوە و ململانێی بوون بە جەمسەری ئەمریکا بکات.

ئەو کاتەی لە چین دا بڵاوبویەوە زۆربەی وڵاتانی دنیا گەشتە ئاسمانییەکان و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین دا وەستان، چین بە سەدان ملیارد دۆلار زیان بەرکەوت، لەبەرئەوە چین بە دنیای گوت "یان هیچ یان هەموومان"، واتە یان دەبێت هاوکارم بن و ئەم ڤایرۆسە کۆنتڕۆڵ بکرێت، یان لە تەواوی دنیا بڵاویدەکمەوە، چین بەو تیۆرە لە دنیادا بڵاویکردەوە تا ئابورییەکەی ڕاست بێتەوە، ئەمە چۆن بوو؟
کاتێک تەنیا لە چین دا بڵاوبویەوە زۆربەی وڵاتانی دنیا گەشتە ئاسمانییەکان و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین دا وەستان، بەڵام چین هەناردەی دنیای کرد، بۆ نمونە کاتێک لە ناو هەر یەک لە وڵاتانی (ڕوسیا، مەنگۆلیا، کۆریایی باکور و باشور، ڤێتنام، میانمار، بۆتان، نیپاڵ، هیندستان، پاکستان، تاجیکستان، قرقیزستان، کازاخستان)ی دراوسێی چین دا بڵاوبویەوە ئیدی ئەو وڵاتانە ناتوانن سنوریان بە ڕووی چین دا دابخەن و پەیوەندییە ئاسمانی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین دابوەستێنن، بەڵکو دەبێت دەست بە پەیوەندییەکانیان بکەنەوە، چونکە هەم لە ناو چین، هەم لە ناو ئەو ووڵاتانەدا بڵاوبۆتەوە، ئیدی سنور داخست هیچ کەڵکێکی نییە.

لە ڕاستیدا ئێرانیش هەر بە هەمان شێوە مامەڵەی کرد، کاتێک لە ئێران بڵاوبویەوە هەریەک لە (هەرێمی باشوری کوردستان، عێراق، ئەفغانستان، ئازربایجان، تورکمانستان، پاکستان، تورکیا)ی دراوسێی ئێران سنوریان بە ڕووی ئێران دا داخست، جگە لە گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەم ڤایرۆسەش زەبرێکی کوشندە لە ئابوری ئێران دەدات، لەبەرئەوە ئێرانیش بە هەمان شێوەی چین هەوڵی دا لە ووڵاتانی دراوسێی دا بڵاوبێتەوە، کاتێک لە ئێران و ووڵاتانی دراوسێی ئێران دا بڵاوبویەوە، کە ئێستا لە عێراق و کوێت و سعودیا و هەرێمی باشوری کوردستان دا بڵاوبۆتەوە، ئیدی سنور داخستنی ئەم ووڵاتانە بە ڕووی ئێران دا هیچ سودێکی نییە، چونکە لە ناو هەر دوو لا دا بڵاوبۆتەوە. بۆ کوردیش کە تورک و فارس و عارەب بەردەوام ڕێگەی جیاوازیان بەکارهێناوە بۆ جینۆساید کردنی کورد، ئێستا کە ئەم ڕێگەیەش هەیە و لە ناو خۆیاندا بڵاوبۆتەوە بە دڵنیاییەوە هەناردەی دەکەن وەکو ڕێگەیەکی قڕکردن.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)