ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

له‌ په‌راۆێزی ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانی كورد به‌ داگیركه‌ران

Thursday, 04.16.2020, 16:01

2417 بینراوە


دوو بنه‌ماڵه‌ی خائین و خۆفرۆش له‌ناو به‌رگی شۆڕشگێڕیدا

  بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی به‌ درێژایی ده‌سه‌ڵاتی خیانه‌تكارانه‌ی خۆیان بۆ له‌لاوازكردنی هه‌ستی وڵاتپارێزی و ڕۆحی شۆڕشگێڕی، بۆ زیاتر پارچه‌ پارچه‌كردنی خه‌ڵكی كوردستان و بۆ‌ ئه‌وه‌ی پیشانی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان بده‌ن كه‌ سه‌ربازی دڵسۆزی ئه‌وانن و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی خۆیان له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ به‌رده‌وام هه‌موو جۆره‌ ئامرازێكی خیانه‌ت و جاشایه‌تیان تاقیكردوته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستیان نه‌پاراستووه‌ له‌وه‌ی به‌ چ ڕێگایه‌ك، خه‌ڵكی كوردستان ته‌سلیم به‌ ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی ساواك و ئیتلاعاتی ئێران و مخابراتی عێراق و میتی توركیا بكه‌ن.
هه‌ر میله‌تێك وڵاته‌كه‌ی داگیركرا، وه‌كوو هاووڵاتیبوون بوو به‌ پله‌ دوو، مافه‌ جڤاكی و سیاسییه‌‌كانی لێ زه‌وتكرا، به‌رده‌وام و به‌ درێژایی ده‌یان و سه‌‌دان ساڵ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ و زمان و كه‌لتووری درا، كوشتن و له‌سێداره‌دان و له‌ناوبردنی بوو به‌ سیاسه‌تی ڕۆژانه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی داگیریانكردووه‌، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایی ئه‌و گه‌له‌ شۆڕش به‌رپاده‌كات و هه‌وڵی ڕزگاربوونی خاك و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌دات و له‌ پێناوی پاراستنی ناسنامه‌ و دژی زوڵم و ئه‌و سته‌مه‌ی به‌سه‌ریدا ده‌سپێنرێت، خه‌باتده‌كات.
داگیركه‌را‌نی كوردستانیش ده‌یانزانی ڕۆژێ له‌ ڕۆژان له‌ناو ئه‌و گه‌له‌دا هه‌ستی به‌رخۆدان په‌ره‌ده‌سێنێ، شۆڕش هه‌ڵده‌گیرسێ و كه‌سانێك ده‌بن به‌ پێشه‌نگ و ڕابه‌رایه‌تی ئه‌و گه‌له‌ ده‌كه‌ن بۆ ڕزگاربوونی دژی ئه‌و سته‌م و زۆردارییه‌ وئه‌و نادادپه‌روه‌ری و جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌ی لێیده‌كرێت …‌
بۆیه‌ به‌زانابوون كه‌وتنه‌ خۆیان و به‌ پیلانی داڕێژراو و ورد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ دژ به‌ به‌رخۆدانی گه‌ل به‌كار بهێننه‌وه‌ و درێژه‌ بده‌ن به‌ داگیركاری و له‌ناوبردنیان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و ئاخه‌ به‌پیت و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ پاتڕۆڵ و كانگاكانی سه‌ر زه‌ووی و ژێرزه‌ووییه‌وه‌ تاڵان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لیش هه‌میشه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سه‌ركرده‌كانی بێمتمانه‌ بن و باوڕیان پێیان نه‌مێنێ، كه‌وتنه‌ هاوكاریكردنی ئه‌و شۆڕشه‌ی كه‌ له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ مسته‌فا بارزانی سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد و به‌ پیلانی شای ئێران، توانییان ئه‌و شۆڕشه‌ و سه‌ركردایه‌‌تیه‌كه‌ی ده‌سته‌مۆ بكه‌ن و بیانخه‌نه‌‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیانه‌وه‌ و‌ بۆ هه‌میشه‌ هه‌وساری سه‌ركرده‌كانی‌ له‌ده‌ستی خۆیاندا‌ بهێڵنه‌وه‌ (وه‌كوو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین) و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاودا شای ئێران به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو داگییركه‌ران به‌ چه‌ندین هه‌زار تفه‌نگی بڕنه‌وی ژه‌نگاوییه‌وه‌ و به‌ چه‌ند ملیۆن تمه‌نێك پشتیوانی شۆڕشه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فای كرد دژی ئێراق و پاشان هه‌ر خۆیشی له‌ساڵی حه‌فتاو چواردا ئاشبه‌تاڵی پێكرد، (ساڵێ حه‌فتاو چوار شای ئێران به‌ مه‌لا مسته‌فا گووت، (كار تۆ تمام شد) و ئاشبه‌تاڵی پێكرد.
داگیركه‌ران هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و له‌ شه‌سته‌كانی ڕابردوودا و له‌ناو منداڵدانی پارتی دیموكڕاتدا جه‌لال تاڵه‌بانیان درووستكرد و هه‌ر خۆیان هانیاندا بۆ جیابوونه‌وه‌، بۆیه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی یه‌كسه‌ر چووه‌ پاڵ ده‌وڵتی ئێراق و بۆ نیشاندانی نیتپاكی خۆی، به‌ جاشایه‌تی ده‌ستیپێكرد و بوو به‌ جاش و دژایه‌تی پارتی و مه‌لا مسته‌فای كرد كه‌ به‌ شاخه‌وه‌ دژی ده‌وڵه‌ت ده‌جنگان..!!‌ (شه‌ست و شه‌ش، جا‌ش جه‌لالی).
ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م حزب و هه‌م شۆڕشه‌كه‌یان‌ دابه‌شبكه‌ن به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی به‌ناو شۆڕشگێڕ، به‌ڵام دژ به‌یه‌ك، جارێك ئه‌میان ڕۆڵی شۆڕشگێڕی و له‌پاڵ میله‌تدا، جارێك ئه‌ویتریان له‌گه‌ڵ میله‌ت و شۆڕشگێڕ، جارێك ئه‌ویان خائین و له‌پاڵ ئێراق و وڵاتانیتری داگیركه‌ردا، جارێكتر ئه‌میتریان خائین له‌پاڵ ئێران و ‌دارده‌ستی وڵاتانی تردا، وه‌كوو ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌م په‌نجا ساڵه‌دا له‌م دوو حزبه‌ و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌‌ بینومانه‌ و به‌ خیانه‌ته‌كانیان ئاشناین و له‌گه‌ڵیان ژیاوین..!
ئه‌م جووت بنه‌ماڵه‌ خیانه‌تكاره‌ یكێكیان له‌ژێر ناوی شۆڕش خزمه‌تی داگیركه‌رانی سه‌فوی و به‌ره‌ی شیعه‌ ده‌كات و ئه‌ویتریان نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌ی عوسمانلی و به‌ره‌ی سونه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستییدا هه‌ردوولایان‌ دووڕووی یه‌ك دراون و هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ به‌ شێوازی جیاواز و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی خێزانی بنه‌ماڵه‌یی خۆیان به‌ فیتی داگیركه‌ران ڕۆڵی دژایه‌تیكردنی یه‌كتر ده‌بینن و په‌نجا ساڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵكی كوردستانیان به‌ دژایه‌تیكردنی یه‌كترییه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌، یان له‌ شه‌ڕی براكوژیدا به‌ كوڕی كوردیان به‌ كوشتداوه‌،‌ نیوئه‌وه‌نده‌ دژایه‌تی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ریان نه‌كردووه‌ و به‌رانبه‌ریان نه‌جه‌نگاون‌.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ داگیركه‌رانیش نه‌یاری یه‌كترن و له‌ ڕاستییدا دوژمنایه‌تی قه‌ومی و جیاوازی دینی و سیاسی یه‌كتر‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد یه‌ك ده‌گرن و ناكۆكی خۆیان ده‌خه‌نه‌ لاوه‌ و به‌ ئاشكرا و یان به‌ نهێنی هاوپه‌یمان و هاوكاری یكه‌تر‌ی ده‌كه‌ن بۆ تێكشكاندنی شۆڕش كورد و له‌ناوبردنی تێكۆشه‌ر و خه‌باتكارانی..!
بۆیه‌ ده‌بێت تاكی كورد له‌وه‌ تێبگات كه‌ ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ خائین و خۆفرۆشن و له‌ بنئاخه‌وه‌‌ درووستكراوی ده‌ستی شای ئێران و عه‌تا توركی گۆڕبه‌گۆڕ و جه‌مال عه‌بدولناسری ئومه‌ی عه‌ربین و به‌ده‌ستی ئه‌وان بۆ خیانه‌ت به‌رانبه‌ر میله‌ته‌كه‌یان و شۆڕشی خه‌ڵكی كوردستان گۆجكراون و به‌ جلوبه‌رگی شۆڕشگێڕییه‌وه‌ كاریان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌هێڵن هیچكاتێك ئه‌و شۆڕشه‌ سه‌ربكه‌وێ و له‌ شوێنی خۆیدا‌ به‌گسووڕان (فه‌رته‌ناش) بكات و خۆری ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی تێدا‌ هه‌ڵبێ..!
ئێستاش ئه‌م جووت بنه‌ماڵه‌یه‌ هه‌ر بۆ ڕازیكردنی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ژێر ناوی پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ باشوور هه‌موو پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیان كه‌مپنشین كردووه،‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی نه‌وه‌دویه‌كه‌وه‌ سه‌دان كه‌سی تێكۆشه‌ر و خه‌باتكاری ئه‌و حزبانه‌ و ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستانیان تیرۆر كردووه‌‌، ئه‌وان به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون هه‌ر به‌ فیتی دووژمنان ده‌ستیان خستوه‌ته‌ ناو پارته‌كانه‌ی ڕۆهه‌ڵاته‌وه‌ و ئه‌و پارتانه‌یان پارچه‌ پارچه و بێ هێز، له‌ چالاكی خستووه و به‌رانبه‌ر به‌ دووژمن بێكاریگه‌ریان كردوون و سه‌ركرده‌كانی ئه‌وانیشیان خه‌ستوه‌ته‌ خزمه‌تی سیاسه‌تی خۆفرۆشانه‌ی خۆیانه‌وه‌‌‌‌.
ئه‌م جووت بنه‌ماڵه‌ خائینه‌ هه‌ر بۆ ڕازیكردنی ئێران و توركیا به‌رده‌وام ده‌ستی خیانتكارانه‌ی خۆیان بۆ شۆڕشی باكوور و ڕۆژئاواش درێژده‌كه‌ن به‌ پیلانی گڵاو و خیانه‌تكردن ده‌یانهه‌وێ، به‌ده‌ردی پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیان به‌رن و ئه‌وانیش پاسیڤ و ناچالاك بكه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕۆژانه‌ خه‌ریكی پیلانی چه‌په‌ڵ و قڕێژن له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا، هه‌ر له‌ كاتی نوسینی ئه‌م بابه‌تدا له‌ هه‌واڵه‌كانه‌وه‌ ده‌بینین و ده‌بیستین، كه‌ له‌ ژێر حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا و به‌ چاوساغی و ئاژانیكردنی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا خه‌ڵكی بێده‌ره‌تانی كه‌مپی شه‌هید ڕۆسته‌م جودی بۆمباران ده‌كه‌ن و چه‌ندین كه‌سیان لێ شه‌هید و بریندار كردوون ..!
ئێستاش ته‌سلیمكردنی مسته‌فا سه‌لیمیش كه‌ زیندانییه‌كی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاته‌ و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی به‌ ئومێدی گه‌یشتن به‌ په‌ناگایه‌كی ئارام و بۆ ئه‌وه‌ی براكانی له‌ باشوور په‌نای بده‌ن و ژیانی بپارێزن له‌ زیندان خۆی ده‌ربازكرد، كه‌چی بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی خۆی ده‌خاته‌‌‌ به‌رده‌ستی ئه‌و گورگانه‌ی كه‌ له‌ پێستی مه‌ڕدان و وه‌كوو پپئشمه‌رگه‌ موسڵمانه‌كانی جمهوری ئیسلامی (جاش) له‌ كه‌میندان بۆ ئه‌وه‌ی زوو بیگرن و ڕاده‌ستی ئه‌وانی بكه‌نه‌وه‌.
پارتی و یه‌كێتی یان باشتر بڵێن حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی مسته‌فای سه‌لیمی به‌ وڵاتی ئێران و‌ بێده‌نگیان به‌رانبه‌ر ده‌سدرێژیه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا جارێكتر دڵسۆزی خۆیانیان بۆ ویلایه‌تی فه‌قێ و گۆڕه‌كه‌ی ئه‌تاتورك دووپاتكرده‌وه‌ و پێیان گووتن كه‌ ئه‌وان له‌خۆیان باشتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌پارێزن و نه‌یاره‌كانیان ته‌سلیم ده‌كه‌ن یان له‌ناویان ده‌به‌ن.
مسته‌فای سه‌لیمی بوو به‌ قوربانی جاشایه‌تی دوو بنه‌ماڵه‌ و بێخه‌به‌ر بوو له‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی زۆر ده‌مێكه‌‌ بووه‌‌ به‌ شوێنی خیانه‌تكردن و جاسووسی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و پارتی و یه‌كێتی بوون به‌ به‌شێك له‌ ده‌زگا مخابراتییه‌كانی ئیتلاعاتی ئێران و میتی تورك..!
به‌داخه‌وه‌ مسته‌فای سه‌لیمی یه‌كم كه‌س نییه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی سه‌رانی ناپاکی پارته‌كانی باشووری كوردستان ڕاده‌ستی جمهوری ئیسلامی ئێران و میتی توركیا كرابێ، به‌ڵكوو به‌ درێژای ئه‌م سی بۆ چل ساڵه‌ی ڕابردوو به‌ ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی تری حزبی دموکرات و سازمانی خه‌بات له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ته‌سلیمی جمهوری ئیسلامی ئێران كراون و له‌ سیاچاڵه‌كانی ئه‌و ڕژێمه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تیدا له ‌سێداره‌دران و گیانیان به‌ختكردوه‌، هه‌ر له‌م ساڵانه‌ی دوایشدا به‌ ده‌یان گریلای پارتی كرێكارانی كوردستان له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه‌‌ ته‌سلیم‌ به‌ میتی توركیا كرا و له‌ناوبران، یان چاره‌نووسیان نادیاره‌‌..!




(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 3/5)