ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

ئەمە ئەو خائینەیە، کە هێشتا گەل لێی نەپرسیوەتەوە، مێژووش دادگایی نەکردووە

Friday, 09.25.2020, 22:52

2318 بینراوە


زۆر جار کەسێک درۆ، یان کارێکی ناشیاو و کەتنێک دەکات، دەبینرێت چۆن شەرم دایدەگرێت، لە تەریقییدا جەستە و ئەندامانی لەشی دەگۆڕێت و تێک دەچێت. پەشیمان دەبێتەوە، سەری خۆی شۆڕ دەکات و متق ناکات، چونکە هەست بە تێکشکانی کەسێتیی و بچوکی خۆی دەکات.
ئێمە گەلێکین کەلتوری (داوای لێبوردن دەکەم، یان من هەڵەم کرد)مان نییە، چونکە لە منداڵیی و پەروەردەی خێزان و کۆمەڵایتیی و سیاسییەوە فێرنەکراوین، بۆیە کەسانی دروزن و بێشەرممان زۆرە، بەتایبەت لەناو سیاسیی و روناکبیرەکاندا. کەسی بچوک دەسەڵاتداری زاڵم و دیکتاتۆر و خوێنمژ دروست دەکات. سەرەتای ئەمەش بۆ نێو ئەو خێزانە دەگەڕێتەوە کە تێیدا پەروەردە کراوین، کە باوک لە ناو ماڵی خۆیدا باڵادەست و لوتبەرزە، لە بەرامبەر بە ئەندامانی ناو خێزانەکەی خۆی هەڵەیەک بکات، داوای لێبوردن ناکات. کەسیان فێرناکرێن ئەگەر هەڵەیەکیان کرد داوای لێبوردن بکەن.
ئەرکی دەسەلاتی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و شێوازی پەروەردەکردن، ئەوەیە کە هەوڵی بنبڕکردنی ئەو نەخۆشیی و گرێدەرونییەی تاک بە تاکی ناو کۆمەڵگا بدات. سەرکردە و رابەرە سیاسییەکان لە خۆیانەوە دەست پێبکەن، هەر هەڵە و تاوانێک کردوویانە، داوای لێبوردن لە گەلی خۆیان بکەن، پەیامی دووبارەنەکردنەوەی بدەن، واز لە پۆست و پیشە ئیداریی و سیاسییەکەی خۆیان بهێنن، لەو ئەرکە نیشتیمانیی و نەتەوەییەی پێیان سپێردراوە، دووربکەونەوە. ئەمەش وەک دەبینین لە یادەوەریی و یاداشت و بیرەوەرییەکانی ئەم بەرپرسانەی کورددا هیچیان تێدا نابینیت، کە بە یەک وشە داوای لێبوردنیان لە مێژووی خۆیان کردبێت، هەموو خۆیان بە پاڵەوان و راستگۆ و قارەمان و ئازا زانیوە.
چی دەڵێیت کاتێک سەرکردە و بەرپرسەکانی کورد، لەگەڵ ئەوەی نیشتیمان و نەتەوەی خۆی بەرەو نەهامەتی و کارەسات بردووە، رووناکی و تروسکاییان لە دڵ و دەروونی خەڵکدا نەهێشتووە، هەموو خۆشییەکی ژیانیان لێسەندوونەتەوە، موچەیان بڕیوە و گیرفانی هاوڵاتیانیان تاڵانکردووە، نیشتیمانیان تەسلیم بە دوژمن کردووە، لەگەڵ ئەو هەموو ئەو تاوانانەی کردوویانە، هێشتا خۆیان بە براوە دەزانن، یەکێکی وەکو مەسعود بارزانی قیت دەبێتەوە، خۆی بە سەرکەوتوو پیشان دەدات و دەڵێت: (خۆناچەمێنین)
ئەمڕۆ لە یادی سێ ساڵەی ریفراندۆمە شومەکەی بنەماڵەی بارزانی، بە بۆنەی تەسلیمکردنی کەرکوک و ناوچە وازلێهێنراوەکان لەلایەن کوڕ و برازاکانی تالەبانیی، پاش سێ ساڵ، مەسعود بارزانی دەڵێت: ئێمە خۆمان نەچەماندۆتەوە.
مەسعود بارزانی، کە هەمیشە بەرامبەر بە داگیرکەر و دوژمانی کورد بە ئەژنۆکانی رۆیشتۆتە، هێشتا دوای ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتییە، خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت، دەڵێت ئێمە (خۆ ناچەمێنین!)
ئەوەی ئەو هەموو خیانەت و کەتنانەی کردبێت، هەست بە چەمینەوە نەکات، تەنیا یەک پێناسە دەیگرێتەوە، ئەویش بە ناوچەوانی خۆی و مێژووەکەیەوە بنێیت، پێی بڵێیت: ئەمە ئەو خائینە بێشەرمەیە، کە هێشتا گەل لێی نەپرسیوەتەوە، مێژووش دادگایی نەکردووە.
بەو بۆنەیەوە بۆ جارێکی تر و لە یادی سێ ساڵ بەسەر ریفراندۆمەکەدا، ئەو نووسینەی پێشووم دەهێنمەوە پێش چاوتان.




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 4/5)