پارتي و ئه‌خلاقيه‌تى له ‌سياسه‌تدا

Saturday, 10.17.2020, 18:25

1201 بینراوە


به‌درێژايى نزيكه‌ى سه‌ده‌يه‌ك له‌ته‌مه‌نى جولانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌يى كورد له‌كوردستاندا ، هيچ حزبێك به‌قه‌ده‌ر پارتى زۆرزان وسه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌سياسه‌تكردندا . زۆر هه‌ڵه‌ن ئه‌وانه‌ى پارتى به‌ حزبێكى سياسى دواكه‌وتووى‌ عه‌شايه‌رى له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ، چونكه‌ پارتى تاكه‌ حزبێكه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستاندا سياسه‌ت به‌ هه‌موو ماناى وشه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌ڕێوه‌ ئه‌بات ، له‌هه‌موو حزب و كه‌سايه‌تيه‌كانى ترى سه‌ر ساحه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووتر بووه‌ . ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر سياسه‌ت وه‌كو (ماكيافيلي) ته‌عريفى بۆ كردووه‌ كه‌ به‌ده‌ره‌ له‌ئه‌خلاق و، ئامانجى سه‌ره‌كى سياسه‌تيش به‌ پێى ته‌عريفى ئه‌و (الغايه‌ تبرر الوسيله‌) ، واتا ( له‌پێناو گه‌يشتن به‌ ئامانج هه‌موو شتێك ره‌وايه‌) ئه‌مه‌ش رێك ئه‌و سياسه‌ته‌يه‌ كه‌ به‌درێژايى ته‌مه‌نى پارتى له‌لايه‌ن سه‌ركردايه‌تى بنه‌ماڵه‌ى بارزانييه‌وه‌ په‌يڕه‌و ئه‌كرێ .
سياسه‌ت به‌تايبه‌تيش له‌م سه‌رده‌مه‌دا هيچ ئه‌خلاقييه‌تى تێدا نه‌ماوه‌‌ ، ئه‌گه‌ر پێشتر هه‌ندێ پره‌نسيبى جێگيير له‌ سياسه‌تدا هه‌بووبێ ، ئێستا به‌رژه‌وه‌ندى تايبه‌ت شوێنى گرتۆته‌وه‌ . كاتێك سه‌ركردايه‌تى حزب ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست ديكتاتۆرێك يان كه‌سايه‌تيه‌كى ئايينى ياخود مه‌زهه‌بى يا هه‌ر ئايديايه‌ك ، هه‌ڵبه‌ت سياسه‌ت به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و سه‌ركرده‌يه‌ ئه‌كرێ ، پارتيش باشترين نموونه‌يه‌ له‌م بواره‌دا .
بۆيه‌ هيچ به‌لامه‌وه‌ سه‌ير نيه‌ كه‌ سياسه‌ته‌كانى پارتى و هه‌ڵوێستى سه‌ركردايه‌تييه‌كه‌ى ئه‌خوێنمه‌وه‌ له‌باره‌ى روداوه‌كان ، كاتێ ئه‌بينم هه‌ڵوێسته‌كانى له‌ماوه‌ى شه‌و رۆژێكدا به‌ 180 پله‌ ئه‌گۆڕێن ، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى وا ئه‌خوازێ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پارتيش بنه‌ماڵه‌يه‌كى‌ ده‌سه‌ڵاتدارى عه‌شايه‌رى به‌ڕێوه‌ى ئه‌بات ، كه‌واته‌ هه‌موو هه‌ڵوێست وئه‌دايه‌كى ئه‌م حزبه‌ ئه‌بێ له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌م بنه‌ماڵه‌يه‌دا بێت و ئه‌وان بڕيارى كۆتايى له‌هه‌موو مه‌سه‌له‌كاندا بده‌ن .
مێژووى درێژى پارتى سه‌لمێنه‌رى ئه‌و راستيه‌ن كه‌ له‌وه‌ته‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌ستيان به‌سه‌ر ئه‌م حزبه‌دا گرتووه‌ ، تاكو ئه‌مڕۆش هه‌ميشه‌ حزب وه‌كو ئامرازێك به‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌كه‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ ، جا ئه‌م حزبه‌‌ مۆركێكى عه‌شايه‌رى وه‌رگرتووه‌ ياخود حزبێكى نه‌ته‌وه‌ييه ئه‌وه‌ شتێكى تره‌ . گرنگ ئه‌وه‌يه‌ ئه‌م بنه‌ماڵه‌يه‌ حه‌فتا ساڵه‌ ئه‌م حزبه‌ى خستۆته‌ ژێر ركێفى خۆى و خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى پێوه‌ ئه‌كات ، به‌ده‌ر له‌وه‌ هيچ وه‌سفێك و ناسنامه‌يه‌ك نيه‌ بۆ ئه‌م حزبه‌ غه‌يرى خزمه‌تكارى وكۆيلايه‌تى بۆ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى .
له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م حزبه‌ به‌ته‌واوى كه‌وتۆته‌ بنده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانييه‌وه ، هه‌موو سياسه‌ته‌كانى له‌خزمه‌تى ئه‌و بنه‌ماڵه‌يه‌دا بووه‌‌ . با ئه‌وه‌شمان له‌بير نه‌چێ كه‌ به‌شێكى زۆر له‌سياسه‌تمه‌داره‌ رۆشنفكره‌كانى سه‌رده‌مى زوو به‌رپرسياريه‌تى ئه‌م پاشاگه‌ردانييه‌ى پارتى وه‌كو حزبێكى سه‌ره‌تا نه‌ته‌وه‌يى و دواتر بوونى به‌ حيزبى بنه‌ماڵه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆيان ، چونكى هه‌ر ئه‌وان بوون مه‌لا مسته‌فايان كرده‌ (خودان) ى خۆيان . به‌ ده‌يان وسه‌دان سياسه‌تمه‌‌‌دارى رۆشنبيرو شاره‌زاو قاڵبووى ناو جيهانى سياسه‌ت نه‌يانتوانى به‌رامبه‌ر يه‌ك كه‌سايه‌تى عه‌شايه‌رى بوه‌ستن و خۆيان وگه‌له‌كه‌شيان كرده‌ كۆيله‌ى ده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى !. بڕۆن مێژووى جولانه‌وه‌ى كورد بخوێننه‌وه‌ ئه‌بينن چۆن له‌به‌رامبه‌ر ويسته‌كانى مه‌لا مسته‌فا ده‌سته‌وه‌ستان بوونه و هه‌ر خۆشيان داهێنه‌رى دروشمى حزبه‌كه‌يان بوون (پێشره‌وى كورد پارتيه‌ ، سه‌رۆكمان بارزانييه‌) .
بۆيه‌ هيچ به‌لامه‌وه‌ سه‌ير نيه‌ له‌يه‌كێك له‌قۆناغه‌كاندا پارتى بووبێته‌ به‌كرێگيراوى رژێمى‌ ئێران و پێشره‌وى بۆ سوپاى پاسداران بكات و شه‌ڕى له‌ناوبردنى پێشمه‌رگه‌كانى حزبي ديموكراتى كوردستان بۆ ئێران بكات ، دواييش هانا بۆ رژێمى ئه‌نفالى بارزانيه‌كان ببات له‌دژى يه‌كێتى ، ئه‌مڕۆش ببێته‌ به‌شێك له‌ شه‌ڕى توركيا دژى په‌كه‌كه‌و په‌يه‌ده‌ ، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندى بنه‌ماڵه‌كه‌يان وا ده‌خوازێ . زۆر ئاساييه‌ ئه‌م حزبه‌ له‌پێناو مانه‌وه‌ى خۆيدا جاشايه‌تى بۆ هه‌ر هێزيكى له‌خۆى گه‌وره‌تر بكات ته‌نها بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى .
زۆر ئاساييه‌ به‌فييتى توركيا ريفراندۆمێك رابگه‌يه‌نێت بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان و به‌غدا ته‌ڵاق بدات وسنوورى خوێن رابكێشى له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تى به‌غدا ، له‌ويش ئاساييتره‌ پاش شكستى ريفراندۆمه‌كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر سينگ له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆك وه‌زيرانى عيراقدا كرنووش به‌رن و بڵێن (كوردستان به‌شێكى دانه‌بڕاوه‌ له‌عيراق) !.
ئه‌مانه‌ به‌گشتى رووى راسته‌قيينه‌ى ئه‌و سياسه‌ته‌يه‌ كه‌ ماكيافيلى له‌كتێبه‌كه‌يدا باسى كردووه‌و ، سياسه‌تى وه‌كو چه‌مكێكى بێ ئه‌خلاقى ناساندووه‌ به‌وه‌ى ‌ (له‌پێناو ئامانجدا هه‌موو شتێك ره‌وايه‌) ! .
كه‌واته‌ هيچ گله‌ييه‌ك له‌پارتى وبنه‌ماڵه‌ى بارزانى ناكرێ ئه‌گه‌ر هه‌ڵويست وسياسه‌ته‌كانى به‌مشێوه‌يه‌ به‌ ده‌قه‌و سانييه‌ بگۆڕێن و له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌س و لايه‌نێك بوه‌ه‌ستن كه‌ له‌دژيان كار بكات ، هيچ گومانم له‌وه‌دا نيه‌ ئه‌گه‌ر پارتى چه‌كى كيمياويشى هه‌بايه‌ هه‌ر له‌شه‌ڕى براكوژى شاخ وشاريشدا له‌دژى يه‌كێتى و حزبه‌كانى ترى به‌كار ئه‌هێنا .
ئێستا كه‌ كۆيله‌كانى پارتى له‌سه‌ر شاشه‌كان ئه‌بينم ئه‌م هه‌موو درۆيه‌ شاخدارو بێ ئابرووانه‌ ده‌كه‌ن بۆ چه‌واشه‌كردنى خه‌ڵك ، ئه‌و هه‌موو زوڵموزۆرداريه‌ى پاراستن و ده‌زگا ئه‌منيه‌كانى پارتى به‌رامبه‌ر خه‌ڵكى مه‌ده‌نى ده‌يكه‌ن ، ئه‌م هه‌موو شاڵاوى گرتن وكوشتنى رۆژنامه‌نوسان ، ئه‌م هه‌موو نانبڕينى رۆشنبيران وهه‌ڵڕشتنى ده‌يان ده‌فته‌ر دۆلار بۆ كۆيله‌كان ، ئه‌مانه‌ هه‌مووى له‌پێناو مانه‌وه‌ى پارتييه‌ له‌سه‌ر حوكم و بێده‌نگ كردن وكپكردنى ده‌نگه‌ ناڕازييه‌كانيه‌تى . كاتێك ئه‌خلاقيش له‌ناو سياسه‌تدا لاى پارتى هيچ به‌هايه‌كى نامێنێ ، ئيدى زۆر ئاساييه‌ درۆى رۆژانه‌ بكات ، خيانه‌تى وه‌رزى بكات ، داروبه‌ردى كوردستانيش بسوتێنێ ته‌نها بۆ مانه‌وى خۆى كه‌ ئه‌مه‌ش تاكه‌ ئامانجيه‌تى ..

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 5/5)